دانا ڕەئووف: ئەدەب و کولتووری ڕووداو

ئامادەکردنی: ئەدەب و کولتووری ڕووداو

ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، هاوکات بەردەوام بە دوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری زۆر ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بەدوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم ڕووئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.

ئەم هەوڵەی ئێمەش، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنەوەیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.

لە نۆیەم گفتوگۆماندا، دانا ڕەئووف، نووسەر و شانۆکار وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

رووداو: ئێستا لەم کاتەدا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟

دانا ڕەئووف: من زۆربەی جار و لە یەک کاتدا چەند کتێبێک دەخوێنمەوە، بۆ نموونە کتێبێکی لێکۆڵینەوە، دیوانی شیعرێک و ڕۆمانێک. لەم ساتەدا دوو کتێبم بەدەستەوەیە، یەکەمیان کتێبێکی لێکۆڵینەوەیە (پریشکەکانی ئارتۆ)، ئەم کتێبەم تا ئێستا دوو جار یان سێ جار خوێندووەتەوە؛ کتێبێکی زۆر باشە و باسی گرینگترین تەوژمە شانۆییەکانی دوای جەنگی جیهانیی دووەم دەکات لە فەڕەنسا کە لەژێر کاریگەریی ئەنتوان ئارتۆدا کاریان کردووە. هاوکات ڕۆمانی (سولێنۆید) لە نووسینی “میرکییە کارتەرێسکۆ” کە تازە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی سویدی و ڕۆمانێکی ئێجگار دانسقە و جوانە. کارتەرێسکۆ یەکێکە لە نووسەرە گەورەکانی ئەورووپا و دەنگێکی تایبەتە لە ئەورووپای ڕۆژهەڵاتی جارانەوە. ڕووداوەکانی لە شاری بوخارێست ڕوودەدەن و ئەم نووسەرە گەنجە بە شێوازێکی هوشیارانە و تەکنیکێکی باڵا و دیدێکی سوریالیانە خەون و واقیع، ئێستا و ڕابردوو تێکەڵ دەکات. ڕۆمانەکە زیاد لە 800 لاپەڕەیە و هێندە نابێت کەوتووەتە بازاڕەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر زوو لە کتێبخانەکاندا تەواو بوو، مانگی داهاتوو چاپی دووەمی بڵاو دەکرێتەوە.

ڕووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟

دانا ڕەئووف: کتێبخوێندنەوە و کاریگەرییەکانی وەک گەڕانی مرۆڤ بە دوای شوناسدا وایە و هەمیشە لە گۆڕان و جووڵەیەکی بەردەوامدایە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێک کتێب کاریگەریی قووڵیان هەیە و دابڕانێکی گەورە لەگەڵ ڕابردووی مرۆڤ درووست دەکەن. یەکێک لەو کتێبانەی بە گەنجی کاریگەرییەکی زۆری بەسەر منەوە هەبوو، ڕۆمانی (زۆربا) بوو. من لە هونەری وێنەکێشانەوە، لە هێڵ و ڕەنگ و فڵچە و قەڵەمی خەڵووزەوە بە دونیای وشەکان ئاشنا بووم. تابلۆی شاخ و باخچەکانی کوردستان کە لەسەر پارچە قوماشێک یان پارچە مقەبایەک دەمکێشان، منیان بردە ناو کتێبخانەکانەوە.

لەپڕ وێنەکێشان لە شیعری نزیک کردمەوە، بۆنی وشە و شیعرم لە تابلۆکانمدا دەکرد و هەستێکی بەهێز بەرەو شیعریان بردم. شیعریش بە شانۆی سپاردم و دەستم کرد بە خوێندنەوەی کتێبی گران و دواتر لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەرگیرام، لە خێزانەکەمان دابڕام و لە دەرەوەی شارەکەمانەوە، بە زمانی عەرەبی دەستم بە خوێندن کرد. یەکەم کتێبیش بە زمانی عەرەبی خوێندمەوە، ڕۆمانی (زۆربا) بوو، زۆربا شتێکی لە ناخمدا درووست کرد، شتێکی گۆڕی، بە دونیایەکی ئاشنا کردم کە لەوەوبەر بەو شێوەیە درکم پێ نەکردبوو، بەو شێوەیە هەستم پێ نەکردبوو، بەو شێوەیەیش ڕۆمانم نەخوێندبووەوە. زۆربا ئەو کارەکتەرە بوو کە هەموومان خەونمان پێوە دەدی، بەڵام بۆ من بە پێچەوانەوە بوو، من لەبری ئەوەی خەون بە زۆرباوە ببینم، خۆمم لە کارەکتەری (نووسەر)ەکە، هاوڕێکەی زۆربادا دییەوە. زۆربا کەسێکی سەربەست، کەسێکی کردە، کەسێک لە ئێستادا دەژیا و گوێی بەوە نەدەدا سبەی چی ڕوودەدات و لە هیچ سڵ ناکاتەوە. کەسێکە خاوەنی ئەزموونێکی گەورەی ژیانە و لە ژیانەوە فێر بووە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئافرەت بکات، چۆن خۆشەویستی بکات، چۆن ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە و چۆن بژی. هەر لە سەرەتای ڕۆمانەکەوە کارەکتەری (نووسەر)ەکە دەبینێت و هەموو بەسەرهاتەکانیش گەشتی ژیانی ئەو دوو کارەکتەرە، زۆربا/ نووسەرەکەیە و ستراکتووری ڕۆمانەکەی پێکهێناوە.

ڕووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟

دانا ڕەئووف: دەتوانم بڵێم کتێب بۆچوونی منی بە تەواوی گۆڕیوە. ئەگەر من کتێبم نەخوێندایەتەوە، هەڵبەتە ئێستا کەسێکی تر دەبووم، هەموو کتێبێک شتێکم لا بەجێدەهێڵێ، هەموو کتێبێک شتێکم تێدا دەگۆڕێ، بەڵام هەمیشە خۆمم. کتێبەکان منیان گۆڕیوە، تووشی سەڕسوڕمان و دڵەڕاوکێ و ئازاریان کردووم، بەڵام لەگەڵ هەر کتێبێکی تردا دونیابینینم فراوانتر بووە، گەڕانەکانم بە دوای خودی خۆمدا زیاتر و سەختتر بوون. هەندێک کتێبیش هەن بۆ من هەرگیز بیر ناچنەوە، بۆ نموونە دەقە شانۆییەکانی چێخەف، (دەرگا داخراوەکان)ی سارتەر، (تاعوون)ی کامۆ (فانۆسی ئەفسوناوی)ی بێرگمان (بەرەو دیمەشق)ی ستریندبێرگ… هتد.

ڕووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟

دانا ڕەئووف: مێشەکانی سارتەر و خەونە نمایشێکی ستریندبێرگ و ماڵی بێرناردای لۆرکا. ئەم سێ دەقە لە دونیای شانۆدا زۆر گرینگن. سارتەر لە مێشەکاندا، هەروەک دەقەکانی تری دەقێکی فەلسەفی و هاوکات شانۆیی دەنووسێت، دەقەکە چەندە فەلسەفییە هێندەیش شانۆییە. خەونەنمایشێک دیدی شانۆی گۆڕی و سەرەتایەکی پتەوی مۆدانیزمە لە شانۆی جیهانیدا. ماڵی بێرناردا دەقێکە، هەموو کارەکتەرکانی ئافرەتن و لۆرکا بە شیعرێکی بەرز نووسیویەتی.

ڕووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟

دانا ڕەئووف: من تا ئێستا حەوت دەقی شانۆییم نووسیوە. هەست دەکەم هارۆڵد پینتەر، لاش نۆرێن و یۆن فۆسە، دیدی منیان بۆ نووسینی دەقی شانۆیی گۆڕیوە و کاریگەرییەکی تەواوی ستایلی ئەم نووسەرانەم بەسەرەوەیە.

ڕووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟

دانا ڕەئووف: دڵدارە هەرە ئازیزەکەم، نامەکانی نێوان ئەنتوان چێخەف و ئۆڵگا کنیپەر. یەکەمجار ئەم کتێبەم بە سویدی خوێندەوە، دڵم تەنگ بوو، پاش هەفتەیەک بڕیارم دا و سەردانی ماڵەکەی چێخەفم لە نیمچە دوورگەی کریم کرد و پێشنیاریشم کرد بۆ کاک ڕەئووف بێگەر تا بیکات بە کوردی. کە سەرلەنوێ بە کوردیش خوێندمەوە، نەگریام، بەڵام دڵتەنگی کردم.

ڕووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟

دانا ڕەئووف: دڵدارە هەرە ئازیزەکەم، نامەکانی نێوان ئەنتوان چێخەف و ئۆڵگا کنیپەر. ئەم کتێبە، کە نامەکانی نێوان چێخەف و ئۆڵگا کنیپەرە، وێنەی خۆشەویستییەکی جوانە، کتێبەکە باسی شانۆ و عیشق و دابڕان و بیرکردن دەکات، هاوکات هونەری نامەنووسینیشە کە لای ئێمە ئەم جۆرە کتێب و ئەدەبە ئەو ڕۆڵ و ئامادەییەی نییە.

***
ساڵی ١٨٨٦ ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە تا وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.

ڕووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟

دانا ڕەئووف: ڕاستگۆیی و بڕوابەخۆبوون.

ڕووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟

دانا ڕەئووف: میهرەبانی، بڕوابەخۆبوون، لێبوردەیی و ساکاری.

ڕووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟

دانا ڕەئووف: من لەم ڕووەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان ژن و پیاودا نابینم، هەر بۆیە بۆ ژنانیش دەڵێم: میهرەبانی، بڕوابەخۆبوون، لێبوردەیی و ساکاری.

ڕووداو: بە نرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟

دانا ڕەئووف: ڕاستگۆیی، گفتوگۆ بەردەوامەکانی خۆشەویستی، ئەدەب و هزر و هونەر.

ڕووداو: حەزت لە چییە؟

دانا رەئووف: شانۆ، کتێب و سەفەر. من هەمیشە لە سەفەر و هۆڵی شانۆکانم و کتێبێکیش لە جانتاکەمدایە. بۆ هەر شوێنێک سەفەر بکەم دەچمە شانۆکان، بۆ هەر شوێنێک سەفەر بکەم دەچمە کتێبخانەکانیان.

ڕووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟

دانا ڕەئووف: نازانم. بڕوایشم بە بەختەوەریی ئایدیاڵ نییە، بڕوایش ناکەم لەم زەمەنەی ئێمەدا شتێک هەبێت بە ناوی بەختەوەریی ئایدیاڵ.

ڕووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟

دانا ڕەئووف: بیربکەرەوە چیتر مرۆڤ خەون نەبینێت؟ من لەم دەقانەی دواییمدا زۆر کارم لەسەر خەون کردووە. ئەو کاتەی مرۆڤ خەون نابینێت جوانییەکانیش نابینێ و دەمرێت. هەروەها بیری تاکڕەوانە و خۆسەپێن ڕەشترین چارەنووسی مرۆڤ و کۆمەڵگەیە.

ڕووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژی؟

دانا ڕەئووف: لەناو سروشت، گوندێکی سەوز، سەوز و تەڕ، دوور لە ئینتەرنێت و تەلەفۆن.

ڕووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟

دانا ڕەئووف: ڕەنگی سوور هەمیشە دەتبات بۆ لای گوڵ، گوڵ دەبێت ڕەنگی سوور بێت. گوڵەباخ و دالیا و بێگومان نێرگزیش.

ڕووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟

دانا رەئووف: شەکسپیر، ستریندبێرگ، چێخەف، مارسیل پروست، بێکێت، هارۆڵد پینتەر، بێگومان دۆستۆیڤسکی.

ڕووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟

دانا ڕەئووف: مایکۆڤسکی، یەسنین و شێرکۆ بێکەس و دلاوەر قەرەداغی.

ڕووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

دانا ڕەئووف: زۆربەی پاڵەوانەکانی دەقە شانۆییەکانی چێخەف.

ڕووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

دانا ڕەئووف: سۆنیا، لە “خاڵە ڤانیا”ی چێخەفدا، هەروەها ئانا کارنینا کە چەندان جار لەسەر شانۆکان بینیومە و هەرجارە بە جۆرێک دەرکەوتووە. ئەم ڕۆمانەی تۆڵستۆی پڕە لە وێنەی کاریگەر، هەر بۆیە تا ئێستا چەندان جار کراوە بە فیلم و شانۆ. بێگومان ڕۆمانەکەیش باسی خۆشەویستی دەکات کە تا مرۆڤ هەبێت، خۆشەویستیش هەر دەبێت.

ڕووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

دانا ڕەئووف: من زۆر گوێ لە مۆسیقای کلاسیکی دەگرم، مۆزارت بۆ من وزەیەکی ڕۆحییە و هەست دەکەم تێکەڵاوی خوێنم دەبێت.

ڕووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

دانا ڕەئووف: ڤان گۆگ، پیکاسۆ، پاولا مێدەشۆن، کارڵ لاشۆن.

ڕووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟

دانا ڕەئووف: مەستانە، خاوێ، شاینە و نێرگز.

ڕووداو: زیاد لە هەر شتێک ڕقت لە چییە؟

دانا ڕەئووف: درۆ، لە خشتەبردن و لەخۆباییبوون.

ڕووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟

دانا ڕەئووف: دەنگم خۆش بووایە. هههههه

ڕووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟

دانا ڕەئووف: لەپڕ و بێ ئازار. حەزدەکەم، کە مردیشم تا دوو ڕۆژ بە خاک نەسپێردرێم.

ڕووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟

دانا ڕەئووف: زۆر باش نییە. هەندێک جار ئاگام لە دڵم نییە و ئەوەیش ڕۆحم ئازار دەدات، هەندێک جاریش کەسانێک ئازاری ڕۆحم دەدەن. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ئارامم، ئارامییش دۆخی ڕۆح بە شێوەیەکی باش ڕادەگرێت.

ڕووداو: دروشمی تۆ چییە؟

دانا ڕەئووف: خۆشەویستی، دوورکەوتنەوە لە ئیرەیی و بێگومان ئازادی. ژیان بێ ئازادی دۆزەخە.

ڕووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟

دانا ڕەئووف: بەڵێ. بێگومان دەمەوێت هەر نووسەر و شانۆکار بم و لەگەڵ با بێم و لەگەڵ با بڕۆم. با سیمبولی نەوەستانە و شتێکە هەمیشە لە جووڵەدایە.

ڕووداو: سەبارەت بە دوایین بەرهەمی خۆت بۆمان بدوێ، ئیش لەسەر چ کارێک دەکەی، هەندێ وردەکاریمان لەسەری بدەرێ، ئایا بەرهەمی تازەت هەیە و لە چ قۆناغێکدایە، وردەکاری و ناوەکەی، هەر شتێک کە حەز بکەی دەربارەی بە ئێمەی بڵێیت؟

دانا ڕەئووف: ئێستا کار لەسەر سێ بەرهەمم دەکەم: یەکەمیان سێیینەیەکی تازەیە بە ناوی (وەک ئەوەی ژیان لەوێ بێت). دووەم خەریکی پێداچوونەوەی کتێبەکەمم لەسەر ستریندبێرگ کە لە ساڵی 2014 چاپ کراوە و ئێستا لە بازاڕدا نەماوە، هاوکات چاپی دووەمی کتێبی (شانۆی توندوتیژ لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا). ئەم کتێبەم لە ساڵەکانی 1980 چاپ کراوە و یەکەم کتێبمە، چاپی دووەمی بە شێوەیەکی تەواو دەوڵەمەند کراوە و لە هەموو ڕوویەکەوە تیایدا قووڵ بوومەتەوە و کارێکی زۆرم تێدا کردووە.