من ژیانێکی رۆحیم لەبری مەی هەڵبژاردووە
دیدارێکی فراوان لەگەڵ یۆن فۆسە,
دانا ڕەئووف لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و پەراوێزی بۆ داناوە
یۆن فۆسە ترسێکی گەورەی لە ئامادەبوون و ڕاوەستان لەبەر تیشکی رووناکی سەر شانۆکان هەیە و بە هەموو شێوەیەک خۆی لە هەموو جۆرە دیدارێکی ڕۆژنامەوانی دەدزێتەوە، بەڵام لە وڵاتی نەمسا ڕەخنەگری شانۆی سوێدی (لاش ڕین) دەبینێت و لە دیدارێکی ناوازەدا باسی ژیانە نوێیەکەی خۆی، بەبێ مەی خواردنەوە، هاوکات ئهو گۆڕانکارییهی کاتۆلیزم بەسەر ژیان و هونەرەکەی دا هێناوە، دەکات.<١>
مرۆڤ لە بانیژەکەی کۆشکی (بیلڤیدێر)ەوە شاری ڤێنا وەک دەریابەردینەیەکی قۆناغی بارۆک دەبینێت. لەنێو ئەو جوانییە سیزەری و پادشایەتییەی سەدەی ڕابردووەوە، کاتیدراڵی ستیڤان، وەک شاخێکی بە باوەڕ ڕازاوە، بە سەوڵەجانێکەوە، کە لە ڕۆژێکی باراناوییدا ئاسمان بڕووشێنێت، خۆی بەرز کردۆتەوە. زێدەڕۆیی و مێژوو، نەریت و ترادیشون بە چەندان توێژاڵ کەڵەکە بوون. ئێستا (بیلڤیدێر) مۆزەخانەیە و بە چەندان تابلۆی نایابی (گوستاڤ کلیمت)ەوە، کە لێوانلێوە لە زێڕ و ستایلە بوێرانەکەی (یوگیند) لە هونەری وێنەکێشان، ڕازاوەتەوە.<٢> ئەوەی جێگای پێکەنینە، من هاتووم بۆ نەمسا، تا نەرویژییەکی مینیمالیست ببینم، کە دەقەکانی لە هەموو دنیادا دهخوێندرێنهوه و لەسەر شانۆکان نەمایش دهکرێن، لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو دوورەوپەرێزە و نایەوێت تێکەڵاوی خەڵکی بێت.
فۆسە حەزی بە ژیانێکی قەرەباڵغ و فەرمی نییە، لە ئامادەبوون و چوونە سەر شانۆکان دەترسێت، وەک خۆی دەڵێت. هەرگیز وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسەکان ناداتەوە و بە هیچ دیدارێک قایل نابێت و نایەوێت بە هیچ شێوەیەک باسی ژیانی تایبەتی خۆی بکات. ئێستا ئەو بەدەر لەم ڕێسایانە، ئامادەی ئەم دیدارە دەبێت.
شانۆنامەنووس یۆن ئۆلاڤ فۆسە، تەمەنی ٥٩ ساڵە و کەسایەتییەکی گەورە و زۆر ناسراو و دیارە، دەقەکانی لەسەر هەموو شانۆکانی دنیا نەمایش دهکرێن، هەروەها لەسەر شانۆکانی وڵاتانی ئاسیا-یش. دەقەکان بە پلەی یەکەم بە دەوری تەوەرەی گۆشەگیری، کەمدوویی و هەستکردنی چڕ بە سروشت دەسوڕێنەوە، کە لە ئیرلەندەوە بە باکووردا تێدەپەڕێت، تا دەگاتە ڕووسیا.
فۆسە بە نەرویژی نوێ دەنووسێت، جۆرێک لە زمانێکی نەرویژی، کە سەرلەنوێ داڕێژراوەتەوە و لە ناوەڕستی ١٨٠٠ەکانەوە ڕێچکەی خۆی وەرگرتووە و لەسەر چەندان دیالێکت ڕۆنراوە. پرۆژەیەکی نەتەوایەتی، یان ڕاستر پرۆژەیەکی ناسیۆنالیزمانەیە، کە لە ویستێکی بەهێزەوە هەنگاو دەنێت بۆ دوورخستنەوەی هەژموون و کاریگەرییەکانی زیاد لە سەد ساڵی زمانی دانیمارکی بەسەر زمانی نەرویژییەوە. زمانی نەرویژی نوێ بە چەند شێوازێک بەکاردەهێنرێت – ڕادیکاڵ، یان زیاتر مۆدێرن. زمانی نەرویژی نوێ وەک لاستیک وایە، بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو لایەکدا دەنوشتێتەوە و دەکشێت. لیریکییە و دەوڵەمەندە و بە چەندان شێوە لێک دەرێتەوە و مانای جودا لەخۆ دەگرێت.
– نەرویژی نوێ زمانێکە، کە زۆر گونجاوە شیعری پێ بنووسیت، جا منیش دەقێکی شانۆیی یان ڕۆمانێکیش بنووسم هەمیشە هەر شیعر دەنووسم. یۆن فۆسە بەوپەری دڵنییاییەوە، بە دیالێکتی (بێرگن) وا دەڵێت.<٣>
– زمانێکی مۆسیقییە، زۆر گونجاوە بۆ ئەو هەموو بێدەنگییەی من لەنێو وشەکاندا دەیاننووسم. ئەوەی دەقەکانی من دەخوێندێتەوە، دەبینێت، کە من لەنێو ڕێنماییەکاندا (وچان) بەکاردەهێنم. ئەمەیش بۆ ئەوەیە تا وشەکان زایەڵەی خۆیان بدۆزنەوە، هاوکات بۆ ئەوەیش، کە هەموو بێدەنگی و فاریزەیەک (وشە)یە و مانایەکی تایبەتی لەخۆ دەگرن. شانۆی ئینگلیزی بە شێوەیەکی توند، بۆ دۆزینەوە و پێناسەکردنی کارەکتەر و ڕۆڵەکان، پابەندی بنەما سیکۆلۆژییەکانە. من شیعری خودگەرایی دەنووسم: “زمانێکی پاک و بێ گرێ”. ئەمەیش بە شێوەیەکی باش لەگەڵ زمانی ئەڵمانی دەگونجێت، هەروەها لەسەر شانۆکانی فەڕەنسا و وڵاتانی باکووری ئەوروپا. من کارەکتەرەکان دەبینم، دهنگدانهوهی وشەکان، کە دەجووڵێنەوە و دێن و دەڕۆن، لەناو یەکتریدا و لەگەڵ یەک دەنگ دەدەنەوە.<٤>
بە ڕێکەوت – و بە یارمەتی (بێریت گولبێرگ-ی دەزگای دەقی شانۆیی – ساڵی ١٩٩٦ یۆن فۆسە-یەکی گەنج دەبینم. لە دوای ئەوەوە، ئێمە جاروبار یەکترمان بینیوە و بیست و دوو ساڵیش بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێپەڕیوە، کە بۆ یەکەمجار لە قاوەخانەی شانۆی ئۆسلۆ یەکترمان بینی. ئەو ڕۆژە یۆن فۆسە هەشت بیرەی بەهێزی خواردەوە. ئەوە دیدارێک بوو، کە من هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە، هەروەها ئەو دەرگایەکی بۆ کردمەوە، کە لەو تێبگەم و بزانم ئەو لەو دەمەدا کێیە. کورێکی گەنجی جوانی کولتووری wonder-boy، کە زۆری دەخواردەوە، بەبێ ئەوەی وا دەربکەوێت مەست و سەرخۆشە. ئەم گەنجە جۆرە نامۆبوونێکی هاوچەرخانە لە دەقەکانیدا ڕەنگ دەداتەوە، کە لەوێدا مرۆڤەکان لە زەلکاودان، ئەگەر بمانەوێت نموونە لە ئیپسن و گۆرکی بهێنینەوە – بە شێوەیەکی نائومێدانە بە دوای مانایەک لە ژیانیاندا دەگەڕێن. هەندێک جار بە شێوەیەکی تەواو کارەکتەرەکانی بێ هیوان، خودگەرای تەنیان، کە هەرگیز لە یەکتری نزیک نابنەوە. گەمەیەک تەژی لە ژان و ئازار، کە لەوێدا مرۆڤەکان، وەک ئەوەی تووشی نەخۆشی ئافاسیا بووبن، بە دوای وشەدا دەگەڕێن.<٥>
فۆسە بە شێوەیەکی ڕێکەوت بۆ شانۆی نووسی. شانۆی نەتەوایەتی داوای لێ دەکەن دەقێکیان بۆ بنووسێت، ئەنجامەکەیش درامای (هەرگیز لە یەکتری جیانابینەوە) دەبێت. فۆسە، یەکسەر لە نووسینی دەقی شانۆیدا ئامڕازێکی سروشتی دەربڕین بۆ خۆی دەدۆزێتەوە. ئەو فۆرمەی زمان، کە هەر لەسەرەتاوە بەکاری دەهێنێت – دووبارەبوونەوەکان، دەنگدانەوە و بێدەنگی درێژخایەن – لەسەر شانۆکان، بە شێوەیەکی باش دەگونجێن. فۆسە بە شێوازێکی نوێ دەستی کرد بە نووسین، کە سرووشی لە سامۆئل بێکێت-ەوە وهرگرت، بەڵام شتێکی تایبەت به خۆی و جیاوازیش، وەک ڕاپۆرتێکی ڕووت سەبارەت بە تەنیاییەکی مۆدێرن، لە دەستدانی زمان و بێلانەیی وهردهگرێت.
– ئێستا وا هەست دەکەم، زۆربەی ئەو شتانەی من نووسیومن، جۆرە وهڵامێکن بۆ “گۆدۆ” – شتێکی دژە نووسراو بۆ دید و هزری بێکێت، کە خودا مردووە. من سرووشم لە کۆمەڵێک نووسەری بەهرەمەندەوە وەرگرتووە: دوراس، فەیلەسوفە ئەڵمانییەکانی وەک هایدگەر و ڤیتگێنستێن، هەروەها سوێدییەکی وەک تۆرگنی لیندگرێن – بە تایبەتی لە شێوازی خوڵقاندنی جوگرافیادا، جۆرە زمانێکی دیالێکتیکی، کە لەیەک کاتدا گاڵتهئامێز و شیعرییه، ههروهها تۆنێکی ئینجیلئاسایش لەخۆ دەگرێت. یۆن وا دەڵێت، کە من سەبارەت بە نموونە باڵاکانی ئەو، پرسیاری لێ دەکەم، ئەو کەسانەی کاریگەری بە سەریانەوە هەبووە و سرووشی پێ بەخشیوون.<٦>
وا جارێکی تر، لە قاوەخانە کۆنەکەی پروکیل، من و یۆن و ستاڤان لۆڤستێدت-ی وێنەگر، یەکتری دەبینینەوە. فۆسە خۆی شوێنەکەی دهستنیشان کردووە. ئێستا بەشێکی زۆر لەساڵ لە (هاینبۆرگ ئەن دێر دۆناو)، کە شارۆچکەیەکی بچووکە، لە دەرەوەی شاری ڤێنا-وە دەژی، بەڵام قایلە بەوەی، کە لە یەکێک لەو شوێنانهی، کە ئەو هەمیشە سەردانی دەکات، ئەم دیدارەی لەگەڵ ساز بکەین. قاوەخانەکە، تێکەڵەیەکی سەیرە لە شاگردی پۆشتەی ڕێکوپێک، بە بۆیمباخی نهخشێنراو به پەپوولەی ڕەشەوە، هاوکات نەمساوییەکان (ئوتریشی)، کە جۆرە ڕێزێکی تایبەتی دەنوێنن بۆ خەڵکی و هەندێک نموونە لە خەڵکی دەڤرەکە، لەگەڵ هوروژمێکی زۆر لە میوانە هەمیشەییەکان و ئەو گەشتیارانەی بۆ گەشت و گوزار ڕوویان کردۆتە ئەم شوێنە.
هەروەها یۆن فۆسە سرووشی لە هەردوو نووسەری نەرویژی هێنریک ڤارگەلاند و تاریا ڤێسۆس وەرگرتووە، کە یەکەمیان خاوەن کۆمەڵە شیعرێکە تیایدا هەر شیعرێکی وێنەیەکی نزیکە، نزیک لە توێکاری وێنەیەکی بێ جووڵەی بەستوو، دووەمیشیان دەقە لیریکییەکەی (باڵندەکان)، کە لەم ماوەیەدا، لە دراماتن نەمایش کرا.<٧> فۆسە کەسێکی خوێندەوارە و کەم کەس هەن بەو شێوەیەی ئەو ئاگاداری ئەدەب و فەلسەفە و شانۆی جیهان بێت، نموونە بۆ دیدی خۆی سەبارەت به شیعر لە شیعرێکی شاعیری ئەمەریکی ئارچیبلد ماکلیش دەهێنێتەوە: (A poem should not mean. But b (ئەو مەبەستییەتی بڵێت، کە ئەو نازانێت دەقەکانی دەڵێن چی و چ مانایەک دەگەیەنن و هیچ مەبەستێکی نییە و تەنها دەنووسێت. دەقەکانی ئەو چەند ڕەهەندێک لەخۆ دەگرن، کە دەکەونە دەرەوەی خودی خۆی، وەکو مرۆڤ.
کە ئێمە لە نەوەدەکاندا لێک نزیک بووینەوە و تێگەیشتنێکی بەرچاو لەنێوانماندا دروست بوو، لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت، کە من وای بۆ چووم ئەو کەسێکی “گنۆستیکەر” بێت. کە ئەو بوون و ژیان، وەک سزایەک وێنا دەکات، وێنایەکی گران و بێڕەحمانەی ژیان، ژیان بەو شێوەیەی دەبێت.<٨>
“گنۆستیکەر – بەڵێ، ئەوە ڕێک منم، وایە”، هاوارێکی بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە بەسەر بوتڵە بیرە بەتاڵەکاندا کرد.
ئێستا ئەو ناخواتەوە. بە هیچ شێوەیەک مەی ناخواتەوە، بەڵام ددان بەوەدا دەنێت، کە سنوس بەکاردەهێنێت، سنوسی گێنێڕاڵی سوێدی<٩> لە دانیشتنی ئەمجارەمان دا تەنها قاوە، بە شێوەی داب و نەریتی خەڵکی ڤێنا دەخواتەوە. مەی خواردنەوە بۆ ئەو دەبێتە شتێکی روخێنەر، شتێک بۆ خۆپارێزی لە شەرمنی.
ئێمە ڕێک کاتژمێری هەشت و چل و پێنچ دەقەی بەیانی یەکتر دەبینین و پێکەوە بەرچایی دەخۆین. فۆسە هەروەک خۆیەتی، هەرچەندە ئەو ژیانەی ئێستای بە تەواوی و بەشێوەیەکی ڕادیکاڵ گۆڕاوە و جیاوازە. ئەو دەستگیرۆییەکی دارایی درێژخایەنی لە دەوڵەتی نەرویژەوە وەرگرتوە، هەروەها ئەو ڕێزلێنانە گەورەیەیش، کە بگوێزێتەوە بۆ خانووبەرەی شاعیران (گرۆتن) خانوویەکی جوانی تازە نۆژەن کراوە، بە تەنیشت کۆشکی پادشاییەوە لە ئۆسلۆ، تا تێیدا بژی. ئەوەی زیاتر ئەوی گۆڕیوە، ئەوەیە بۆتە کاتۆلیک، کە ئەمەیش بەشێکی پەیوەستی بەوەوە هەیە، کە ئێستا زۆربەی ساڵەکە، لەم شارۆچکە بچووکە لە دەرەوەی شاری ڤێنا-وە دەژی.
فۆسە ئێستا وازی لە نووسینی دەقی شانۆیش هێناوە. لەم کاتەدا، ئەو دەیەوێت دووپاتی ئەوە بکاتەوە.
– هەرگیز نەمگوتوە، کە من چیتر بۆ شانۆ نانووسم، هەروەها من چەندان کاری تازەم کردووە بە دراما، دوا کاریشم لە داستانی (ئێددە)ەوە بووە.<١٠> ئەو هەموو نەمایشانەی دەقەکانم لەسەر شانۆکانی دنیا کات و وزەیەکی زۆری بردووم. لەوانەیە من لە ڕوانگەی ئەوەوە کار لەسەر ستایلێکی تر بکەم، بە دوای بەرهەڵستییەکی تەواودا بگەڕێم، بەڵام ئەگەر دەقێک “بێت بۆ لای من”، ئەوە بیر لەوە ناکەمەوە، کە دوو دڵ بم لە نووسینی. فۆسە وای گوت.
– من نەمایشی دەقەکانی خۆمم دیووە، هەر زۆر ئەفسونی بوون، لەوێدا پانتایی شانۆ، وەک فەزایەک وابووە، کە لە پەیڤێکدا بووە لەگەڵ زمانەکەم و لەویش باشتر بووە. شانۆ کارێکی کۆلێکتیڤە، هەمیشە جێگای سەرنجە بزانیت ریژیسۆرەکان چۆن چۆنی مامەڵە لەگەڵ “تراجیکۆمیدی”یەکانی مندا دەکەن – ئا، چونکە من هەندێک لە دەقەکانم ڕەوشێکی کۆمیدی لەخۆ دەگرن، یان بە شێکیان کراوەن بۆ خوێندنەوەیەکی کۆمیدی.
بە تایبەتی ئەو باوەڕ و هەستە دینییەی ئێستای، هۆکارێکە وای لە من کردووە، کە دەمەوێت سەرلەنوێ ئەو ببینمەوە. ئێستا، کە من بۆ جارێکی تر، بەم زانیارییانەوە سەبارەت بەم باوەڕە بەهێزە، دەقەکانی دەخوێنمەوە، دیالۆگەکان بە گۆڕانکارییەک دا دەڕۆن، هەڵدەکشێن. دەقەکان مانایەکی نوێ لەخۆ دەگرن، لە ناوەندگەڕایەکەوە بۆ گەمەیەکی پڕ لە ڕاز و نیازئامێز. ناونیشانی ئەو دەقە بەراییەی “کەسێک هەر دێت” جۆرە پەیامهێنەرێکە. ئەوەی دێت تێگەیشتنە لە ئامادەبوونێک، کە تیشکێکی تازە دەخاتە سەر تێکستەکە.
– تێدەگەم، کە دەوروبەرەکەم بەلایانەوە سەیرە، گۆڕانکاری بەسەر بروامدا هاتووە. کە من لە مینیمالیزمەوە بڕۆم بۆ ماکزیمالیزم، هەروەک کڵێسای کاتۆلیزم، بە ڕیتواڵەکانی و دنیای وێنەکانی و ئەو شووناسە ئیدیالیزمەی کردوویەتی بە هی خۆی، لەو پەڕی بڵندیدایە. من لە خێزانە قیڕەقیڕکەرە بۆقئاساکانهوه هاتووم، له دونیایهکی تا سهرئێسقان ئایینییهوه، کە لەوێدا مرۆڤ کۆ دهبنهوه تا بپاڕێنهوه یا بێدهنگ بن– چ شامێکی عیسایی ڕوونادات. کە من گەنج بووم، مەسیحییەتەکەی لوتەر، بە هۆی گوتاری قشەکان و خوێندنەوە خودگەراکانیان و زۆر جاریش بە باسوخواستە مورالییەکانیان شێوێنرا.<١١>
– دواتر من لە ڕێگای خوێندنەوەکانی خۆمەوە بۆ مامۆستا (ئێکارت)ەوە دەگەم بە کاتۆلیزم، ئەو جیاوازی دەکات لەنێوان خوداوەندی (خوایەتی)، کە تەواو جیاواز ترە لەگەڵ خودا، بە شێوەیەک مرۆڤ تێناگات و دیدێکی دینامیکی و لێوەشاوەی بۆ خودایەتی هەیە. من هەمیشە ڕێزم بۆ جۆرە ڕاز و نیازێک هەبووە و لێرەیشدا، لە ڕوانگەی ڕیتواڵەکانی کاتۆلیکەوە ئەوەم دۆزییەوە. ئامادەبوونێک. لە پڕ هەستم بە خواوەند کرد، هەستێکی بەهێزی مانای خواوەندی.<١٢>
“ڕاز و نیاز لە باوەڕدا” کتێبێکە، کە لەوێدا نووسەری نەرویژی (ئێسکیل شەیدەداڵ) گفتوگۆ لەگەڵ یۆن فۆسە دەکات. ئەم کتێبە لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاو کراوەتەوە و وەرنەگێڕدراوەتە سەر زمانی سوێدی، بەڵام دەوڵەمەندە و بە شێوەیەکی بەرز و جوان داڕێژراوە و کتێبێکی کراوەیە، کە لەوێدا گفتوگۆکان باسی مەسەلەکانی باوەڕ و باوەڕهێنان چی دەگەیەنێت، دەکات. فۆسە لەوێدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە باوەڕێکی لۆتەری شتێکە بۆ گوێچکە، واتە بۆ بیستن، بەڵام کاتۆلیکی بۆ بینیین و بۆ هەموو هەستەکانە و زکر و سەرمۆنییەکانییان ڕیتواڵێکی ئێجگار جوانە.
(شەیدەداڵ) کار لەسەر ئەو تێزە دەکات، کە دیدە نێگەتیڤە ئایندەخوازییەکەی فۆسە، شتێکی بۆ گوزارشت و دەربڕین دۆزیووەتەوە، هاوکات حەزکردن و پەرۆشییەک بۆ لێبووردەیی. کتێبەکە بە گوتەیەکی (سێسەنێوس) هومانیزمێکی سەردەمی ڕێنسانس دەست پێ دەکات، کە لەوێدا کەسێکی بێ بڕوا لە مەسیحییەک دەپرسێت: “تۆ نوێژ بۆ کێ دەکەیت” ئەویش وەڵام دەداتەوە “من نوێژ بۆ ئەوە دەکەم، کە هیچ شتێکی لهبارهوه نازانم”.<١٣>
فۆسە ئەو بە شانۆکردنەی ڕیتواڵەکانی کاتۆلیزمی پێ پەسەندە، بەڵام حەزی بە فەنتەمەنتالیزم و بڕوایەکی چەقبەستو نییە و ئینجیل-یش وەک کۆکردنەوەی چەندان میتافۆر دەبینێت، کە لە دەوری ڕاز و نیازە نهێنیئامێزە گەورەکەدا دەسوڕێنەوە: کەسی تاک و خودگەرا بوونی هەیە و دەتوانێت لە ڕەهەندەکانی خودی خۆی، ژیانی و بە تایبەتیش لە مەرگی خۆی و مردنی بڕوانێت و لە ڕەهەندەکانی ورد بێتەوە.
ئەو جۆرە گوتەیەکی ڤیتگینی دەهێنێتەوە، جۆرە گوتەیەکی دیار و ناسراو: (ئەوەی نهتوانرێت ببینرێت، دەکرێت پیشان بدرێت، وای لێبکرێت ببینرێت.)<١٤> هەڵوێستی فۆسە سەبارەت بە خودا بنکە یان شتێک نییە، ناکرێت سنورێکی جێگیر نە لەنێوان مرۆڤ و نە لەنێوان بووندا هەبێت. خوا بەشێکە لە ئێمە، هەروەک چۆن باخ بەشێکە لە ئێمە هەموومان، چونکە ئەو مرۆڤ بوو، ئێمەیش هەموومان مرۆڤین. وێنەیەکی جوانە. هەروەک ئەوەی ئەو سەبارەت بە خوداکەی “خۆی” دەیڵێت: (ئێمە هەست بەو ناکەین، لەبەر ئەوەی ئەو زۆر دوورە لێمانەوە، لە هەمان کاتیشدا زۆر نزیکە”.)
ستافان لۆڤستێدت-ی فۆتۆگرافەر لە کاتی گفتوگۆ و دیدارەکەماندا وێنەی گرتووین، بەڵام وێنەی زیاتری دەوێت. لەوانەیە وێنەیەکی وەها، کە گوزارشت لە بڕوا تازەکەی فۆسە بکات؟ یۆن خۆی پێشنیاری ئەوە دەکات، کە بچین بۆ کڵێساکە، بەشێک لەو دێرە، کە تەنیا چەند گەرەکێک لێرەوە دوورە. کڵێسایەکە، کە ئەو خۆی زۆر بەرز دەینرخێندێت.
کە، ئێمە دەگەینە کڵێسا بارۆکییەکەی سانکتە ماریە ڕۆتێندە، چۆڵ و هۆڵە و کەسی لێ نییە. ئەم کڵێسایە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٦٣٤ خانووبەرەیەکی جیاواز و سەیری هەیە، پڕە لە تابلۆ پیرۆزەکان و وێنە: مریەمی پاکیزە، هەروەها چەندان کەسی پیرۆزی تر، کە من هەرگیز ناویانم نەبیستووە: کاتەرینا-ی خەڵکی سیەنا، سانکتە رۆسە-ی لیمە و چەندانی تر.<١٥>
تابلۆکان لەگەڵ ڕۆژگاردا ڕەنگێکی کۆنی زەردباویان گرتووە، کە لە پشت هێڵەکانییەوە چەندان موجیزە خۆیان حەشارداوە. ئەمە ئەو کڵێسایەیە، کە یۆن فۆسە بەرز دەینرخێنێت و ئارامی خۆی تیا دۆزیووەتەوە، هەرجارێک بە ڤێنا دا ڕەت بێت، سەردانی ئێرە دەکات. مرۆڤ بە ئاسانی دەزانێت بۆچی؟ لێرەدا بێدەنگییەکی سەد ساڵەیی چین بە چین کەڵەکەی بە ستووە.
– بڕوا بۆ من پێگەیە، وەک هەڵوێستێکی بەهێز و ناڕەزاییەک دژ بە هەموو جۆرە بازرگانیپێوەکردنێک، بە سێکسیکردن و هەموو جۆرە توندوتیژییەک، کە ئەم سەردەمەمانی تەنیوە. یۆن بە بێدەنگی وا دەڵێت، تا ئارامی و هێمنییەکەی ناو کڵێساکە نەشێوێنێت.
– من لە ژیاندا تاڵیم زۆرم دیووە و تووشی دڵەڕاوکێ بووم و ژیانم بە مەی خواردنەوە بەسەر بردووە- ئێستا لەبری ئەوانە ژیانێکی ڕۆحیم هەڵبژاردووە. بۆ من بڕوا بوون زۆر لە مارکس و فرۆید بە کەڵک ترە. بەڵی، هەردووکیان نزیک دەبنەوە و پێناسەی میکانیزمی جیاواز دەکەن، بەڵام بە تەواوی نا، دید و مەبەستەکانی ژیان خۆی. کڵێسا بۆ من بووە ئەو شوێنەی لە بێهیوایی خۆمدا، بە دوای دڵنەوایدا بگەڕێم.
لە ڕێگای چەندان کۆڵانی تەنگەبەرەوە دەگەڕێینەوە بۆ قاوەخانەی پریۆکیل. کاتی نانخواردنی نیوەڕۆیە.
دوو نووسەری هاوچەرخی نەرویژی: کارل ئۆڤە کناوسگۆرد و یۆن فۆسە. هەردووکیان لە ناوچە بچووکەکانی ڕۆژئاوای نەرویژەوە دێن، هەردووکیان ئەندامی گروپی بچووکی سەیری مۆسیقای ڕۆک بوون و هەردووکیان لە کاتی هەرزەیدا زۆریان خواردۆتەوە و هەر لە زووەوە دەستییان کردووە بە نووسین.<١٦> لێرەدا لێکچوونەکان کۆتاییان دێت. کارل ئۆڤە کناوسگۆرد بە تەواوی پێچەوانەی فۆسە-یە. ئەوەی لەسەرەتادا ناومان هێنا، هروژمی پرۆسەکەی هەموو وردەکارییەکان دەگرێتە خۆ، ئەو تابلۆ بە ژیانی خۆی دەکات و هەموو شتێک و هەموو کەسێک دەردەخات و پەردە لەسەر هەموو شتێک هەڵدەماڵێت- وەک لاش نۆرێن-ێکی زۆر بڵێ. ئێتیکی فۆسە ڕاستە و ئەملاو ئەولای نییە. ئەو بە هیچ شێوەیەک قایل نابێت بیۆگرافیای خۆی بنووسێت، ژیانی تایبەتی خۆی ئاشکرا بکات، یان کەسانێک ئەو دەیانناسێت. ئەو هەرگیز تەنیا یەک وشەی سەبارەت بە ژنەکەی نەنووسیوە، یان منداڵەکانی. فۆسە پارێزگاریی لە خۆی و ژیانی تایبەتی خۆی دەکات.
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر، کە من زۆرم لێکرد و گوتم و گوتمەوە، کە بۆچی نەمسای هەڵبژاردووە، بە تایبەتیش هاینبێرگ ئەن دۆناوی بچکۆلە- ئەگەر مەسەلە نووسەران و ئەدەبی هاوچەرخی نەمساویی، وەک پێتەر هاندکە، تۆماس بێرنهارد یان ئەلفریدە لێلینیکە-یە، کە جێگای سەرنج و ستایشی ئەون، یاخود شوێنەکە کاتۆلیزم بە شێوەیەکی هەراوزەنا باڵادەستە و دەبینرێت- ئەو کۆڵ دەدات و دەڵێت: ئا، بەڵام ژنەکەم، ئاننا، خەڵکی ئێرەیە و لێرە خانوویەکی هەیە، ئەوەی ڕاستی بێت، لەمە زیاتر هیچ شتێکی تر نییە. ئیتر ئاوای لێ هات. بە شێوەیەکی ساکار، شوێنەکە بۆ ئێمە پراکتیکییە. تەواو.
فۆسە چوار ماڵی بۆ ژیان هەیە. گرۆتن، هاوکات خانوویەک نزیک باکووری بێرگن، کە خێزانەکەی تیا دەژی، هەروەها-وەک دەزانین- خانووە هاوینەکەی نزیک سۆنگەشوێن.<١٧> ئەم خانووانە هەر هەموویان لە نزیک دەریاوەن، هەروەها ئاسمانیش، ئائەوە، هەروەک بەشێکی گەورە لەو شیعرانەی ئەو دەیانووسێت. دەقەکانی یۆن فۆسە هەروەک نزیک ئەو هێڵە نادیارەی لەنێوان دەریا شینەڕەساسیی و ڕەساسییەشینەکەی ئاسمان وایە: تەنک و داماڵڕاو لە زیادە ڕۆیی، وشەی ڕۆچووە خوار، هەروەک ئەوەی گومان لە بەرز بوونەوە یان مانەوە بکات.
زۆر کەس سەبارەت بە کار و نووسینەکانی فۆسە-یان نووسیوە، بڕوانامەیەک، لە ژێر ناونیشانی (بەختیاری جێگای فاریزەیەک دەگرێتەوە)، کە لەسەرەتای کارەکانییەوە، لەسەر دەقە شانۆییەکانی نووسراوە- ناونیشانێک پیشانی دەدات، کە ئەم دەقانە چەندە ڕوون و بەربڵاو و شەفافن، بەبێ هیچ جۆرە هات و هاوار و جووڵەیەکی گەورە، گوزارشت لە هەستەکانمان، بەوپەڕی ئاگایی و بەبێ هیچ جۆرە نیشانەیەکی سەرسوڕمانەوە، دەکات.
کە تۆ لە گوێ دەریاکان گەورەبوویت و ئارامی و پشوو، بەشێکە لەوەی دەینووسیت، ئەم هەموو ماڵ و حەشارگایانە بۆچی؟
– من هەمیشە بە دوای خۆدوورگرتن و دابڕان لەخەڵکیدا دەگەڕێم، بۆ ئەوەی هێمنی و ئارامی بدۆزمەوە – لە هەمان کاتدا، من کەسێکی نائارام و بێ ئۆقرەم و لە هیچ شوێنێک جێگا بەخۆم ناگرم، من ددان بەمەدا دەنێم. فۆسە وا دەڵێت.
– پارادۆکسێکی تریش، گەر حەز دەکەیت بیزانیت، ئەم خانووەی ئێرە زۆر دوورە لە هەموو شتێکی نەرویژییەوە و هیچ شتێکی تیا نییە نەرویژت بهێنێتەوە بیر، دوورە لە دەزگای بڵاو کردنەوە و ئەو پرسیارە بەردەوامەوە، کە ئامادەی شەوی یەکەمی نەمایشە جیاوازەکانم ببم. ئێستا من دەمەوێت کورت و چر بنووسم. یادی ئاو بکەم، ئەوە دەریای (دوونا) بە بەردەممدا دەڕوات. ڕووبارێکی ئێجگار درێژە، وەک دەریایەک، بەڵام هەروەک ئەوەی لەسەر باری درێژی ڕاکێشرابێت. شەپۆلی ئاوێک، کە بەنێو هەموو میراتی کولتووری ناوەندی ئەوروپادا درێژ دەبێتەوە. دەریا مانایەکی ئێجگار گەورەی بۆ من هەیە – هەندێک جار من لەو بڕوایەدام، ئەگەر لە قووڵایی مندا بگەڕێن، ئەوە بە دڵنییاییەوە پیرەمێردێکی دەریاوان دەدۆزنەوە.
کارەکان پێکەوە و بەیەکەوە دیمەنێکی تایبەت بە خۆیان دروست دەکەن. من بیر لە هونەرمەند (ئۆدد نێردەروو) دەکەمەوە، کە چۆن وێنەی سرووشتێکی دێرین و بێ پیت دەکێشێت، هەروەک ئەوەی خرابێتە سەردەمێکی دێرین و کۆنەوە – ئەگەر ئێستا بکرێت تابلۆکان ببەسترێنەوە بە کات و سەردەمێکی دیاریکراوەوە. بەشێکی زۆریش لە دەقەکانی فۆسە-یش بەو شێوەیەن.<١٨>
(سێینەیەک)، کە بە سوێدی لە ساڵی ٢٠١٥ دا بڵاو کراوەتەوە، بریتییە لە چەندا کورتە ڕۆمان، ڕووداوەکانی وەک بڵێیت لە چاخەکانی ناوەڕاستدا ڕوو بدهن، وان و بە شێکی لەسەر (مزگێنی)، بەشی یەکەمی ئینجیل-ەوە ڕۆنراوە و باسی مۆسیقاژەنێکی هەژار دەکات، کە بە ژنێکی زەیستانەوە بە دوای ژوورێکدا دەگەڕێن، تا شەوی تیابکەنەوە. ئایا ئەو، ئەم بەراوردکارییەی منی لەگەڵ نێرەڕووم پێ ناخۆش نابێت، کە نێردریوم هەرا و ئابروچونێکی بە وێنەکردنی تابلۆیەکی خۆی، بە چووکی ڕەپەوە کێشا بوو؟<١٩>
– نەخێر، من بە تەواوی لە مەبەستی تۆ دەگەم، منیش وای دەبینم. لەسەر ئاستێک دەقەکانی من بەشێکە لە فەزایەکی مۆدێرن، بەڵام من نامەوێت لەناو کاتێکی دیاریکراودا بیانچەسپێنم و بیانخەمە چوارچێوەی کاتێکی دیاریکراوەوە. مرۆڤەکان بۆ من جێگای سەرنجن، نەک کات. مرۆڤەکان بە دوای چی یەکتریدا دەگەڕێن و دەیدۆزنەوە – یان نایدۆزنەوە. لەوانەیە هەموو دەقەکانی من لە یەکتری بچن، هەمان تۆن لەخۆ دەگرن، هەموو دووبارهبوونهوهکان و شەیدایشم بۆ دانانی فاریزهکان. من بە هەوڵ و تەقەلایەکی زۆرەوە دەقەکانم دەنووسم و هەروەها سەرلەنوێ نووسینەوەی.
– من لەو بڕوایەدام گرینگە، کە لەسەرەخۆ بە دەقەکانم بگەم. مرۆڤ دەبێت لە چاوەڕوانی ئەوەدا بێت بابەتەکە خۆی بدۆزێتەوە، بەڵام هەمیشە کە من دەست دەکەم بە نووسین، هەموو دەقەکە ڕوون و ئاشکرا لە بەردەممدایە. من خودی پرۆسێسەکەم خۆش دەوێت، نووسین مهستبوونه – هەروەک مەی، یان باوەڕ. فۆرمێکە لە چارهسهری دهروونی، جۆرە چارەسەر و دەرمانێکە بۆ خود، ئەمە ئەو شتەیە، کە من تەواو دەیزانم و دڵنیام لێی. هەروەها قووتار بوونیشە لە خود.
– ئەگەر من ڕاشکاو تر بدوێم، ئەگەر بمانەوێت لە دەرەوەی (من)ێکی سادەوە، شتێکی نوێ و جیاواز بخوڵقێنین، ئەوکات مرۆڤ ناچار دەبێت، کە خۆی “بکوژێت”، کە خۆی بە تەواوی تەفروتونا بکات. من بهبێ گومان مەبەستم ئەوەیە، کە تەنیا فیکشن، شتە ئەندێشەئامێزەکان، ئەوانەی خەیاڵ خوڵقاندونی، بێ خاوەنێکی دیاریکراون و نازانرێت کێ نووسیونی، تەنیا بریتییە لە فیکشن- ئەویش بە قووڵی دەبێتە تەنیا ئەو شتە زۆر ڕاستە.
(سێینەیەک)، کە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن ئەنجوومەنی باکوورەوە، خەڵات کراوە، خەسڵەتێکی چڕ و کورتەئامێز لەخۆ دەگرێت. جۆرێکە لە مێژووی بنەماڵە، کە لەوێدا “یۆن” خۆی لە کۆتایدا وەک مۆسیقاژەنێکی تر ناوی دەهێنرێت – کەسێک هەڵبژێردراوە تا مۆسیقا بڵاو بکاتەوە، کە بتوانێت خەم و ئازارەکانی مرۆڤ نەهێڵێت، هەڵبژاردنێک، یان ڕاستر دەستنیشانکردنێک، کە ئەویش لایەنێکی تاریک و گرانی هەیە. دەقەکە ڕیتمێکی سرووشئامێز لەخۆ دەگرێت، ڕەوانبێژێکی بە توانای تەژی لە وزە، کە لەوێدا ڕەوتی ڕووداوەکان زۆر ئاستەمە بووەستێنرێت. شتێکی سەخت، هەروەک ئەفسانەیەک. خانەوادە لە دوای خانەوادە خۆیان لە ڕاکردندا دەبیننەوە. مەسەلەیەک، کە تا ئەمرۆیش جێگای سەرنجە و خانەوادە و مرۆڤەکان لە ڕاکردن نهکهوتوون. بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت خۆ لەو وێنانەی، کە لەناو ئەو هەموو وێنانەدا سەرهەڵ دەدەن، بپارێزیت؛ مرۆڤی ئەم دەمە، هاوچەرخەکانمان، لە هەوڵی ئەوەدان ژیانێکی نوێ بنیات بنێن. لەوانەیە گەڕان بە دوای ئارامیی و ئاسودەیدا، پڕ بێت لە ژان و ئازار.
یۆن فۆسە ساڵی داهاتوو، ٢٠١٩ شەست ساڵەی تەمەنی پڕ دەکاتەوە. هاوکات بیست و پێنج ساڵی کارکردن و دەرکەوتنی، وەک نووسەر تەواو دەکات. یادی ئەم ساڵئاهەنگە بە شێوەیەکی گەورە دەکرێتەوە. لە مانگی نۆدا، پلانی فێستیڤاڵێکی گەورەی فۆسە، لە شانۆی نەرویژی داڕێژراوە، نەمایشی دەقەکانی لە هەموو دنیاوە دێن و بەشداری ئەم فێستیڤاڵە دەکەن. هەروەها بەشی یەکەم لە ڕۆمانە دوو بەشییەکەی (حەوتەوانە) بڵاو دەکرێتەوە، شاکارێک لە حەوت سەرگوزشتە پێک هاتووە. سەرەتا ئەم ڕۆمانە لە هەمان ڕۆژدا، بە نەرویژی، دانیمارکی، ئەڵمانی، ئینگلیزی و فەڕەنسی بڵاو دەکرێتەوە. تا ئێستا نازانرێت، کە بە سوێدیش بڵاو دەکرێتەوە یان نا، هەرچەندە ئەو هیواخوازە، کە بە سوێدیش بڵاو بکرێتەوە. ئەو نایەوێت باسی ئەوە بکات، کە ئەم کتێبانە باسی چی دەکەن.
– نەخێر، من هێشتا تەواو نەبووم. هەروەها، ئەوەی ڕاستی بێت چی دەنووسم، بە ڕاستی نازانم. من باش نیم لە باسکردن و ئاشکراکردنی دەقەکانی خۆمدا.
شانۆکانی سوێد لە ماوەی چەندان ساڵدا، بە شێکی زۆری لە دەقەکانی فۆسە-ی لەسەر شانۆکانی نەمایش کردووە، دوا نەمایشیش (زارۆک) بووە لە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر شانۆی پادشایەتی (دراماتن)، لە دەرهێنانی ریژیسۆرێکی گەنجی نەرویژی (یوهانس هۆڵمن داڵ)، ئەمەیش ئەوەمان پیشان دەدات، کە نەوەیەکی نوێ هەست و ڕەنگێکی جودا لە دەقەکانی فۆسە دا دەدۆزنەوە. ئەمەیش پەیمانێکە لە ساڵی فۆسە-دا، ٢٠١٩، کە وزە گەنجەکان بە خوێندنەوە جیاوازەکانییانەوە بێنە پێشەوە. بەرێوبەری هونەری شانۆی پادشایەتی لە ستۆکهۆڵم، کە خۆی نەرویژییە و چەندان دەقی فۆسە-ی خستۆتە سەر شانۆکان، بە دڵنییاییەوە دەیەوێت بەشداری ئەو ساڵەی فۆسە بێت و پیرۆزبایی خۆی لەم ساڵیادەدا بگەیەنێت.
یۆن نایەوێت سەبارەت بە ئەگەرەکانی پاداشتی ئەدەبی نۆبێل قسە بکات، بەڵام هەندێک پرسیاری هەبوو؛ کە چی لەنێو ئەکادیمیایی سوێدیدا دەگوزەرێت، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی ئەو هەندێک لە ئەندامانی ئەکادیمیای سوێدی لە بۆنەی جیاوازی خوێندنەوە، شەوی یەکەمی نەمایشەکان و پێشانگای کتێب دا بینیووە. کە منیش هەوڵ دەدەم، هەندێک لە هێڵەکانی ئەو شەڕ و ململانێیەی ڕوودەدات لە: دەستەبەندیی و باڵباڵێن و ئەو ڕووخانە کتوپڕییەی بۆ ڕوون بکەمەوە، لە پڕ لە ویستی فۆسە دەگەم، کە دەیەوێت گۆشەگیر و دوورەوپەرێز بێت، کە بە دووربێت لە هەموو ئەم جۆرە پێوەندی و دام و دەستگایانەوە، بۆ بێدەنگی.
یۆن ماندووە و دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە، بۆ (هاینبورگ ئەن دێر دۆناو)، بۆ لای کۆمپیوتەرەکەی، بۆ ژووری کارەکەی و بۆ شیعرنووسین. ئەو زۆر زیاتر لەوەی خۆی دەیەوێت باسی نووسەربوونی خۆی کرد، ئەگەر ئەمە ئەوە بێت، کە یوهان هیلییە-ی ئەڵمانی بە “ئینتیباعییەتی فێورد” باسی دەکات و هەروەها سەبارەت بە باوەڕی خۆی.<٢٠>
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی سڤێنسکە داگبلادێت، کولتوور ٢٠/٥/٢٠١٨
دیدارەکە لە لایەن ڕەخنەگری شانۆی بەناوبانگی سوێدی لاش ڕین کراوە.
پەڕاوێزەکانی وەرگێڕ
١-کاتۆلیزم گەورەترین و دێرینترین لقە لە دیانەتی مەسیحییەتدا، هەروەها بە سەرەتاکان و دەستپێکی ئەم دینە هەژمار دەکرێت. کڵێسای کاتۆلیکەکان، لەلایەن پاپ-ەوە، کە لە ڤەتیکان لە ڕۆم دادەنیشێت، بهڕێوه دهبرێت و گەورەترین دەسەڵاتی کڵێسای کاتۆلیک و کاتۆلیکەکانە لە هەموو دنیادا.
٢-گوستاڤ کلیمت یەکێکە لە بەناوبانگترین وێنەکێشەکانی وڵاتی نەمسا، لەساڵی ١٨٦٢ لە ناوچەیەکی نزیک شاری ڤێنا لە دایک بووە و لە ساڵی ١٩١٨ هەر لە ڤێنا کۆچی دوایی کردووە. هەر لەسەرەتاوە کەوتبووە ژێر کاریگەری سمبۆلیزمەکان و بەناوبانگترین نوێنەری تەوژمی ستایلی (یوگیند) بووە.
٣-بێرگن ئەو ناوچەیەیە، کە یۆن فۆسە لێی گەورە بووە و زۆربەی تەمەنی لەوێ ژیاوە.
٤- فۆسە لێرەدا مەبەستی ئەوەیە، کە ئەو زمانە شیعرییەی ئەو پێی دەنووسێت، لەکاتی وەرگێڕانیدا بۆ سەر زمانی ئەڵمانی و فەڕەنسی و وڵاتانی باکووری ئەوروپا باش دەگونجێت، بەڵام لەوانەیە بە هەمان شێوە لەگەڵ زمانی ئینگلیزی نەگونجێت.
٥-ئافاسیا، شێوەیەک لە خراپبوونی مێشک، کە دەبێتە هۆی دژواری لە قسەکردن و تێگەیشتندا.
٦- لیودویگ ڤیتگێنستێن، فەیلەسوفێکی نەمسا/بەریتانی بووە، لەساڵی ١٨٨٩ لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٥١ دا لە بەریتانیا کۆچی دوایی کردووە. تۆرگنی لیندگرێن، شاعیرێکی گەورە و بەناوبانگی سوێدییە، ساڵی ١٩٣٨ لەدایکبووە و ساڵی ٢٠١٧ کۆچی دوایی کردووە. جگە لە شیعر ڕۆمانیشی نووسیوە و چەندان پاداشتی ئەدەبی بەدەست هێناوە. یەکێک لە ڕۆمانە باشەکانیشی (بەتشەبەع) لەلایەن خەبات عارف-ەوە کراوە بە کوردی.
٧-تاریا ڤێسۆس، نووسەرێکی نەرویژییە، لەساڵی ١٨٩٧ لەدایکبووە و لەساڵی ١٩٧٠ کۆچی دوایی کردووە.
٨-گنۆستیزم، بەشێکە لە مەسیحییەت و پێیان وایە، کە بەشێک لە مرۆڤ، واتە گنۆستیکەرەکان، توانایەکی ناوەکییان هەیە، کە دەتوانن بگەڕێن و ڕووناکییەکەی ناوەوەمان بدۆزنەوە.
٩-سنوس، جۆرێکە لە جگەرە، تووتنێکی هەندێک تەڕە، بە ڕووتی یان لەنێو زەرفێکی بچووکی تایبەتدایە و دەخرێتە ژێر زمان و پەنای ددانەکانەوە.
١٠-داستانەشیعری ئێددە، کۆکردنەوەی چەندان شیعری باکووری ئەوروپایە، کە لە تەوەرەی خواوەند و میتۆلۆژیدا دەسوڕێنەوە.
١١- مەسیحییەتەکەی لوتەر، مەبەست بە مارتین لوتەر و ریفۆرمەکەیەتی لە بواری مەسیحییەت دا.
١٢- تۆلە ئێکارت، نووسەر و دێباتۆرێکی ئەڵمانی/کەنەدی-یە، لەساڵی ١٩٤٨ لە ئەڵمانیا لەدایکبووە. ئێکارت، وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، لە یەکێک لە قۆناخەکانی ژیانیدا تووشی ڕەشبینیی و دڵەڕاوکێ دەبێت، بەڵام لە تەمەنی ٢٩ ساڵییەوە گۆڕانکارییەکی گەورەی ناوەکی لە دەروونیدا ڕوویداوە و لێرەوە بەرەو دنیایەکی ڕۆحیی ڕۆیشتووە و ئێستا مامۆستایەکی ئەو بوارەیە و ڕێگاپیشاندەری خەڵکییە بۆ دۆزینەوەی دنیایەکی رۆحی.
١٣-نیکۆلەێس سێسەنێوس، کە بە سێسانێوس یان سێوسە ناسراوە، لەساڵی ١٤٠١ لەدایکبووە و لەساڵی ١٤٦٤ لە ئیتاڵیا مردووە. سێسەنێوس کاردیناڵێکی ئەڵمانی بووە، هاوکات ئاییناس، یاساناس، فەیلەسوف، ماتماتیکناس و ئەستێرەناس بووە.
١٤-لودڤیگ ڤیتگەستەین ١٨٨٩-١٩٥١ لە نەمسا لە دایکبووە و لە بەریتانیا کۆچی دوایی کردووە، فەیلەسوف و لەنێوان ساڵانی ١٩٣٩-١٩٤٧ لە زانکۆی کەمبریج پرۆفیسۆر بووە و دادەنرێت بە یەکێک لە گەورە فەیلەسوفانی سەدەی ڕابردوو. بەشێکی زۆر لە تێکست و نووسینەکانی بوونەتە قسەی سەر زاری بەشێکی زۆر لە خوێنەوار و هزروانەکان و وەک پەند و گوتەهێنانەوە، لای بەشێکی زۆری نووسەر و فەیلەسوفەکان بەکارهاتووە و وەک نموونە هێنراونەتەوە.
١٥-سیەنا، شارێکە لە ئیتالیا و سەر بە هەرێمی تۆسکانە-یە.
١٦-ناوچەکانی ڕۆژئاوای نەرویژ خاوەنی جۆرە زاراوە و دیالێکتێکی تایبەت بە خۆیانن و فۆسە-یش بەو زاراوە و دیالێکتە دەنووسێت.
١٧-گرۆتن، Grotten ئەو خانووبەرە تایبەتەیە، کە لەلایەن پادشای نەرویژەوە دەبەخشرێت بە گەورە نووسەر و هونەرمەندانی وڵاتەکەیان. ئەم خانووبەرەیە نابێت بە مووڵکی خۆیان، بەڵکوو هەر کەسێک وەریبگرێت تا دەمرێت تیا دەژی و دواتر دەدرێت بە کەسێکی تر و بەوشێوەیە.
١٨-ئۆدد نێردەروو، هونەرمەندێکی نەرویژییە و لە مانگی چواری ساڵی ١٩٤٤ لە دایکبووە. ئەم هونەرمەندە بە مۆدێرنێکی کلاسیکی ئاماژەی بۆ دەکرێت و بەشێک لە تابلۆکانی بێزاری لای خەڵکی دروست دەکات. یەکێک لە ناسراوترین تابلۆکانی (کوشتنی ئەندریاس بادەر)ە، کە ئەمەیش تیرۆرستێکی ئەڵمانی بووە و نێردریوم، وەک قوربانی و تەنانەت، وەک شەهیدێک وێنەی کێشاوە.
١٩-من کاتی خۆی، کە ئەم ڕۆمانە سێینەیە بە سوێدی دەرچوو، ڕانانێکم لە ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێدا، بە ناوی (سێینەیەک بۆ هونەر و ئازاری نەوەکان) لەسەر بڵاو کردۆتەوە.
٢٠-فێورد، دەریایەکی قووڵ و درێژ و باریکە و تایبەتە بە سروشتی نەرویژ.
تێبینی: تا ئێستا لە زنجیرەی شانۆی جیهانی لە دەزگای ئاراس ئەم دەقانەی یۆن فۆسە (کەسێک هەر دێ) و (شەوگار گۆرانییەکانی خۆی دەڵێ) بڵاو کراونەتەوە و پلانمان بۆ بڵاو کردنەوەی هەندێک لە دەقەکانی تریشی هەیە.