ژنی سەر جۆلانەکە (دەقێکی شانۆییە لە نۆ دیمەندا)
کارەکتەرەکان:
پیاو، تەمەنی لە سەروو پەنجا ساڵەوەیە
ژن، تەمەنی بیستوپێنج ساڵە
کچ، تەمەنی دە ساڵە
پیاوێکی گیتارژەن، تەمەنی سی ساڵە
دیمەنی یەکەم
پیاو
سبەینێ. هەست دەکەم سبەینێ ئەو ڕۆژەیە کە چاوەڕوانم دەکرد!
ژن
سبەینێ؟
پیاو
سبەینێ.
ژن
بۆچی؟
پیاو
چی، بۆچی؟
ژن
سبەینێ؟
پیاو
(بێدەنگی)
ژن
بۆچی سبەینێ؟
پیاو
(بە ڕوویەکی خۆشەوە)
سبەینێ ئەو ڕۆژەیە، دەمێکە چاوەڕوانی دەکەم.
(وچان)
ئەو ڕۆژەیە، من دەمەوێت.
(ژنهکه غەمبار دیارە)
ژن
بەڵام، بۆچی؟
(بێدەنگی)
بۆچی سبەینێ؟
پیاو
سبەینێ، ئەو ڕۆژەیە من دەمەوێت.
(دوور دەڕوانێت)
ئەو ڕۆژەیە من دەمەوێت. ئەو ڕۆژەی دەمێکە چاوەڕوانیم.
ژن
تێناگەم! بۆ؟
(وچانێکی کورت)
تێناگەم بۆ سبەینێ؟ دەتوانیت تێم بگەیەنیت؟ من ماوەیەکە هیچ لە تۆ تێناگەم؟
پیاو
لەبەر ئەوەی بژاردەی منە. شتێکە من بڕیار دەدەم.
ژن
(سەیری پیاوەکە دەکات و دەیەوێت شتێک بڵێت)
پیاو
ئەمجارە بڕیار لای منە.
ژن
بەڵام بۆچی، من تێناگەم؟
(بێدەنگی)
پیاو
بەیانی هەموو شتێک باش دەبێت.
(وچانێکی کورت)
بۆ من باش دهبێت. ڕۆژێکی خۆشیش دەبێت و باران نابارێت. تۆ دەزانی من چەند ڕقم لە بارانە. هەموو جارێک دەچمە دەرەوە، ئیتر باران دهبارێت. سبەی باران نابارێت. هەتاوێکی خۆش، هەوایەکی فێنک، ئاسمانێکی شینی پاک.
(وچان)
(وەک ئەوەی بیر لە شتێک بکاتەوە)
دەمێکە بیرم لەمە کردۆتەوە. ئەوەی لەسەر من بوو، کردم. بە زیادیشەوە.
ژن
چیت کردووە؟ چییە ئەو شتەی لەسەر تۆ بووە و کردووتە؟ دەتوانیت پێم بڵێیت؟
پیاو
ئیتر نۆرەی کەسێکی ترە تەواوی بکات.
ژن
کێ؟
(بێدەنگی)
چی تەواو بکات؟
پیاو
ئەوەی من دەستم پێکرد. ئەوەی من تا ئێرەم هێناوە، نۆرەی کەسێکی ترە تەواوی بکات.
ژن
(غەمبارە)
من لە هیچ تێناگەم!
(وچانێکی کورت)
بەڵام
(پیاوەکە قسە بە ژنەکە دەبڕێت)
پیاو
کاتی ئەوە هاتووە گرینگی بە خۆم بدەم، ئەوانیش بە خۆیان.
(بێدەنگی)
تۆیش بە خۆت.
(وچان)
کاتی ئەوە هاتووە بڕۆم و نەگەڕێمەوە. دەمەوێت سەیری خەڵک بکەم و پێبکەنم.
ژن
بە خەڵک؟
پیاو
چی بە خەڵک؟
ژن
بە خەڵک پێبکەنیت؟
پیاو
کە هەڵدەخلیسکێن، دەڕۆن و لەسەر بهستهڵهکهکه هەڵدەخلیسکێن. من سەیریان دەکەم و پێدەکەنم.
ژن
من لە تۆ تێناگەم. بە خەڵک پێدەکەنیت، کە دەکەون؟ تۆ خۆت چەند جار لەسەر بەفرەکە کەوتوویت! بیرت چۆتەوە؟
(بێدەنگی)
پار، کە کەوتی قاچت نەشکا! کەس پێت پێکەنی؟
ماوەیەکە هیچ لە تۆ تێناگەم!
پیاو
دەمەوێت ژنەکەم ببینمەوە، ژنەکەم. ئەو ژنەی دەمێکە نەمدیوە.
(وچانێکی کورت)
(وەک ئەوەی لە پڕ شتێکی بیرکەوتبێتەوە)
دەمەوێت سەربەست بم، دوور بم لە هەموو شتێک، کەس نەزانێت لە کوێم.
(بیر دەکاتەوە)
دەمەوێت…
(قسەکە بە خۆی دەبڕێت)
(بێدەنگی)
هەموو شتێک کۆتاییەکی هەیە. هەموو شتێک دەبێت تەواو ببێت.
ژن
(پێدەکەنێت)
هەموو شتێک کۆتایی نییە. هەندێک شت هەن تەواو نابن.
پیاو
(سەیری ژنەکە دەکات)
هەموو شتێک کۆتاییەکی هەر هەیە.
ژن
بازنەیەک کۆتایی نییە و هەر دەسووڕێتەوە.
پیاو
بازنە؟
ژن
ئا، بازنە!
پیاو
بە ڕاستتە؟
ژن
(پێدەکەنێت)
پیاو
نەخێر، بازنەیش نا. بازنە هیچ سەرەتایەکی نییە تا کۆتایی هەبێت.
(بێدەنگی)
ژن
(دەیەوێت شتێک بڵێت)
(وچان)
پیاو
(پێدەکەنێت)
بازنە!
ژن
بەڵێ بازنە! بۆ پێدەکەنیت؟ تۆ دەکرێت وەک بازنەیەک وا بیت.
پیاو
مەبەستت چییە؟
ژن
تۆ دەتوانیت هەر لێرە بیت.
(وچانێکی کورت)
پیاو
لێرە؟
ژن
بەڵێ، لێرە. بێ هیچ دەستپێکردن و تەواوبوونێک. وەک بازنەیەک.
پیاو
ئەگەر من هیچ سەرەتا و کۆتاییەکم نەبوایە، ئێستا لێرە نەدەبووم.
(پێدەکەنێت)
(بێدەنگی)
ژن
سبەینێ دەڕۆیت؟
(وچان)
بیر لە چی دەکەیتەوە؟
پیاو
بیر دەکەمەوە و خۆیشم بڕیار دەدەم.
(بێدەنگی)
سبەینێ.
ژن
سبەینێ چی دەبێت؟
پیاو
ئەو بڕیارەی داومە.
ژن
بازنەکان بڕیار نادەن؟
پیاو
(سەیرێکی ژنەکە دەکات، هەندێک تووڕە دیارە)
ژن
(لەبەرخۆیەوە)
ئەگەر تۆ بڕۆیت، من چاوەڕوان نابم.
پیاو
گوتت چی؟
ژن
(سەیرێکی پیاوەکە دەکات)
هیچ
پیاو
(پێدەکەنێت)
ژن
بە چی پێدەکەنیت؟
(وچانێکی کورت)
چیی تر نامەوێت لە چاوەڕوانیدا بژیم!
(بێدەنگی)
پیاو
سبەینێ.
ژن
(سەیری پیاوەکە دەکات، تووڕە دیارە)
سبەینێ. لەوانەیە سبەینێ تۆیش ببیت بە بازنەیەک، بێ سەرەتا و کۆتایی.
پیاو
تۆ هەڵەیت.
ژن
بۆ هەڵەم؟
پیاو
(بە بزەیەکی نائارامەوە)
سبەینێ بۆ من ئەو سەرەتایەیە، کە هیچ کۆتاییەکی نییە.
ژن
چۆن چۆنی؟
پیاو
(بێدەنگە)
ژن
من نەمدەویست بێم بۆ لات.
پیاو
چیت نهدهویست؟
ژن
بێم بۆ ماڵەوە بۆ لات، کە هاتیشم چیی تر بوار بۆ هیچ شتێک نەمایەوە.
(پێدەکەنێت)
ئهو ڕۆژه، که هاتم بۆ لات، بوارمان بۆ هیچ شتێك نههێشتهوه.
(وچان)
هیچ شتێک وەک خۆی لێ نەهاتەوە!
(بە نائارامییهوه)
دەبوایە نەهاتمایە بۆ لات.
پیاو
(سەیری ژنەکە دەکات، بە دوودڵی و نائارامییەوە)
ئەگەر ئەو ڕۆژە نەهاتیتایە بۆ لام، هیچ ڕووی نەدەدا.
(بێدەنگی)
ئەو ڕۆژە نەهاتیتایە!
ژن
باشتر وایە هەندێک شت هەرگیز ڕوو نهدهن.
(وچان)
دەبوایە چاوەڕوان بوومایە.
پیاو
چاوەڕوانیش دادت نادات!
(پێدەکەنێت)
ژن
بە چی پێدەکەنیت؟
پیاو
نازانم.
(بێدەنگی)
ژیان لە چاوەڕوانیدا باش نییە.
ژن
وایە.
پیاو
ژیان دەڕوات و ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنها چاوەڕوانییەکەیە.
ژن
تۆ لەو ئاسمانە دەچیت، کە پڕە لە ئەستێرە. ئاسمانێکی تاریک و کۆمەڵێکی زۆر ئەستێرە.
پیاو
(سەیری ژنەکە دەکات و نائارامە)
من؟
ژن
ههزاران ئەستێرە دەبینین، چەندیش هەوڵ بدەین لەو ئەستێرانە ورد بینەوە، هیچ شتێکی تر نابینین.
پیاو
شتی وەک چی؟
ژن
لە دوای ئەستێرەکانەوە.
(وچانێکی کورت)
شتی وهك ئهوانهی له پشت ئهستێرهکانهوهن.
پیاو
من هیچ تێناگەم!
ژن
منیش هیچ شتێک سەبارەت بە سبەینێ تێناگەم! بۆچی سبەینێ؟
(وچان)
چ شتێکی تایبەتی لە سبەینێ دا هەیە؟
پیاو
ئێ پێم گوتی، سبەینێ ئاووهەوا خۆشە، باران نابارێت و ئاسمان شین و جوانە.
ژن
ئەی ئەگەر باران باری؟
پیاو
بارانیش ببارێت.
(بێدەنگی)
من بڕیاری خۆمم داوە.
ژن
(پێدەکەنێت)
ئێ خۆ تۆ گوتت، من ئاسمانێکی شین و پاکم دەوێت، ڕقم لە بارانە و سبەینێ هەموو شت بە دڵی خۆمە؟
پیاو
من دەزانم، کە نابارێت و خۆرهتاویش دهبێت. بەیانی ڕۆژێکی ئاساییە بۆ ڕووداوێکی ئاساییش، ئەگەر ئاسمان شینیش نەبێت، دوایی هەر پاک دەبێتەوە و ڕەنگە شینەکەی دەردەکەوێت.
ژن
ئەی ناکرێت، هەفتەی داهاتوو یان مانگی داهاتوو؟
پیاو
نەخێر، سبەینێ.
ژن
هەفتەی داهاتوو، زۆر گەرم دەبێت.
پیاو
لەوانەیە وابێت، بەڵام من هەر بەیانیم دەوێت.
ژن
دڵنیایت؟
پیاو
لە ژیانمدا، هەرگیز ئاوا دڵنیا نەبووم. من دەزانم چیم دەوێت.
ژن
(وچانێکی کورت)
منیش سبەینێ دێم.
پیاو
چ کاتێک؟
ژن
نازانم، من تەنها دێم و ماڵئاواییت لێ دەکەم.
(پێدەکەنێت)
لەوانەیە به گوێیشتدا بچرپێنم: سەیرکە ئاسمان چەندە شینە، ئەستێرەکان چەندە جوان دیارن.
پیاو
هەروەک ئەو کاتەی پێکەوە سەیرمان کرد.
ژن
هەروەک ئەو کاتەی پێکەوە سەیرمان کرد.
(هەردووکیان پێدەکەنن)
پیاو
هەندێک جار ئەستێرەکان لە کازیوەدا جوانتر دیارن.
ژن
ژیان زۆر کورتە، لەوانەیە، که کاتهکه دهڕوا، زۆر درێژ بێت.
پیاو
ژیان کورتە؟
ژن
بەڵێ، کورتە، زۆریش. بەڵام ئهو کاتهی به ژیانهوه خهریکین، درێژە.
پیاو
هەرگیز بیرم لە ژیانی خۆم نەکردۆتەوە.
(وچان)
ژن
(سەیرێکی پیاوەکە دەکات)
ئێستایش دەڵێم بۆچی سبەینێ؟
(بێدەنگی)
دەبێت چ نهێنییەک لەوەدا هەبێت؟
پیاو
لەبەر ئەوەی سبەینێ کاتێکی گونجاوه بۆ سهرهتای ههموو شتێك.
ژن
وازم لێ دەهێنیت؟
پیاو
نەخێر.
تاریکی
دیمەنی دووەم
(ژنەکە لەسەر جۆلانەیەک دانیشتووە، وەک منداڵێک سەیری ئاسمان دەکات و جۆلانێ دەکات)
ژن
(پێدەکەنێت)
هەست دەکەم براوەم.
(دەنگی ئاوازی گیتارێک لە دوورەوە دێت)
(بیردەکاتەوە)
هەرگیز کەسێکت هێندە خۆش نەوێت بە تەواوی دڵی خۆتی بدەیتێ، گەر وا بکەی، ئەوە دڵت ناگەڕێتەوە جێگای خۆی.
(بێدەنگی)
ئەم زستانەیش هەروەک زستانی ساڵی پار دەبێت.
پیاو
(بە گیتارێکەوە دێتە سەر شانۆ، مۆسیقایەکی هێمن دەژەنێت و لە نزیک ژنەکەوە دادەنیشێت)
ژن
(پێدەکەنێت)
ئەو گیتارەت لە کوێ بوو؟
پیاو
(دوور دەڕوانێت، وەک ئەوەی لە جێگایەکی تر بێت)
(گۆرانیی دەڵێت)
هەمیشە لەگەڵ تۆ باران دەباری
هەمیشە لەگەڵ تۆ ڕەشەبا هەڵی دەکرد
لەگەڵ تۆ دهڕۆیشتم بۆ شوێنێکی نەناسراو
لەگەڵ تۆ ون و بێ ئارام
لەگەڵ تۆ
هەمیشە
لەگەڵ تۆ…
ژن
لەگەڵ تۆ هەمیشە لە شەڕ دام.
(پێدەکەنێت)
نە رۆیشتیت؟
پیاو
نا، هێشتا.
(وچان)
سبەینێ. گوتم سبەینێ دەڕۆم.
ژن
(جۆلانەکە دەوەستێنێت، سەیری پیاوەکە دەکات)
نەمدەزانی گۆرانییش دەزانیت!
پیاو
لەو بڕوایەدا بووم هەمیشە تۆ هاوڕێم دەبیت و بۆ ههتاههتایه دەتناسم. تۆ وات لە من کرد هەست بکەم کەسێکی ڕاستەقینەم.
ژن
من؟ من هیچم نەکردووە! تۆ خۆت دەتەوێت دوور بکەویتەوە لێم. بڕۆیت.
(وچان)
خۆیشت نازانیت بۆ کوێ.
پیاو
تۆ واتلێکردم، خۆم بدۆزمەوە و هەستێکت لا دروست کردم، کە خۆم زیاتر لەوەی هەم، ببینم. هەندێک جار وەک کوێرێک دێیت و دەڕۆیت، هەندێک جاریش زۆر گرانە ئەوەی دەیڵێیت، بیڵێیت و وشەکان نابیستم، دەنگت لێوە نایەت و هەر گۆرانیی دەڵێیت. پێ دەکەنیت.
ژن
(گۆرانی دەڵێت)
هەمیشە لەگەڵ تۆ باران دەباری
هەمیشە لەگەڵ تۆ ڕەشەبا هەڵی دەکرد
لەگەڵ تۆ دهڕۆیشتم بۆ شوێنێکی نادیار
لەگەڵ تۆ ون و بێ ئارام
لەگەڵ تۆ
هەمیشە
لەگەڵ تۆ…
(وچانێکی کورت)
بیرتە ئەم گۆرانییەمان پێکەوە دەگوت؟
پیاو
(بە نائارامییەوە سەیری ژنەکە دەکات)
جارێکی تر، بۆ من گرانە کەسێکی وەک تۆ بدۆزمەوە.
(پێدەکەنێت)
بیشیدۆزمهوه، هەر زوو دەستبەردارم دەبن. من خۆم باش دەناسم.
(بێدەنگی)
(ژنەکە جۆلانێ دەکات)
پیاو
تۆ چیی تر ناتوانیت گوێشم لێ بگریت. ناتوانیت وەک جاران خۆشت بووێم. وەک جاران گۆرانیم بۆ بڵێیت.
(وچان)
(پیاوەکە گیتارەکەی دەژەنێت)
ژن
کە سبەی رۆیشتیت، ئیتر مەگەڕێرەوە. دەزانم دەڕۆیت و بە جێم دەهێڵیت. منیش خۆم بەم جۆلانەیە ڕادەژەنم و گۆرانیی بۆ چاوەڕوانیی تۆ دەڵێم.
پیاو
کات هەموو برینێک ساڕێژ دەکات. باڵندەکان دەگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، منیش تا بتوانم دەڕۆم.
ژن
(قسەکەی پێ دەبڕێت)
حەز دەکەم باران ببارێت، گێژەڵووکە هەڵبکات و بوومەلەرزەیش بێت. هەموو شتێک ڕوو بدات.
پیاو
چی ڕوو بدات؟
ژن
هەموو شتێک. زۆر بە خێراییش. دەزانم ڕاستییەکان چەندە لە ڕۆحدا قووڵن.
(وچانێکی کورت)
چەندە لە ڕاستییەکان دەترسم.
(بێدەنگییەکی کورت)
ڕاستییەکان دڵم تهنگ دهکهن.
(وچانێکی زۆر کورت)
ڕاستییەکان یادەوەرییەکانم لەتوپەت دەکەن.
پیاو
ڕاستییەکان؟
ژن
بەڵێ ڕاستییەکان. زۆر جار…
(بێدەنگ دەبێت)
پیاو
زۆر جار چی؟ بۆ بێدەنگ بوویت؟
ژن
زۆر جار ڕقم لە ڕاستییەکانە و دەمەوێت لە درۆدا بژیم. ئازاری ڕۆح لە هەموو ئازارێک سهختتره.
پیاو
کە ئەمجارە ڕۆیشتم، ناگەڕێمەوە.
ژن
کات هەموو برینێک ساڕێژ دەکات.
پیاو
کێ وا دەڵێت؟
ژن
تۆ. تۆ واتگوت!
(بێدەنگی)
دەترسم. لە هەموو شوێنێک و لە هەموو شتێک دەترسم. لە ژووری دانیشتنەکە، لە ژووری نووستن. لە باخچەکەمان، لەسەر شەقامەکان. لە هەموو شتێک دەترسم.
پیاو
لە چی دەترسیت؟
ژن
لەوەی چیی تر تۆ نەبینمەوە.
پیاو
(بێدەنگی)
حەزم لەو شارانەیە کە هیچ کهسێك به شهو و به ڕۆژ تیایاندا نانوێت. بە شەو و بە ڕۆژ خەڵکی لە جووڵەدان، دێن و دەچن.
ژن
(پێدەکەنێت)
ژیانی خۆم دەبینم. ئەو ڕۆژانەی تەنیام و دەترسم.
پیاو
لە چی دەترسیت؟
ژن
لە ژیانی خۆم و مەرگی تۆ.
(ڕووی خۆی وەردەگێڕێت و گوژمێکی بەهێز لە جۆلانەکە دەدات)
ژیانی من بێ تۆ بەردەوام دەبێت.
(بە نائومێدییەوە)
مەرگی تۆیش.
(ڕووی خۆی وەردەگێڕێت)
لە شوێنێکی تر بەردەوام دەبێت.
(وچان)
هەموو شتێک دەبینم. من دەمێکە لەوە گەیشتووم، کە تەنیایی تاکە وچانی ڕاستەقینەی ژیانی منە.
(پیاوەکە گیتارەکەی دەژەنێت، ژنەکە جۆلانێ دەکات)
ژن
ئەم زستانەیش هەروەک زستانی پار دەبێت.
(وچانێکی کورت)
بەفر، باران، ڕەشەبا، سەرما و کڕێوە.
تاریکی
دیمەنی سێیەم
(پیاوێکی گەنج لە سووچێکی شانۆکەدا دانیشتووە و گیتار دەژەنێت و گۆرانیی دەڵێت)
گەنجە گیتارژەنەکە
هەمیشە لەگەڵ تۆ باران دەباری
هەمیشە لەگەڵ تۆ ڕەشەبا هەڵی دەکرد
لەگەڵ تۆ دهڕۆیشتم بۆ شوێنێکی نادیار
لەگەڵ تۆ ون و بێ ئارام
لەگەڵ تۆ
هەمیشە
لەگەڵ تۆ…
(پیاوەکە لەگەڵ کچێکی بچووکی دە ساڵان دێنە سەر شانۆ و چەپکێک گوڵەنێرگزی بە دەستەوەیە)
پیاو
دەمەوێت تەنها لە یەک شوێن بم، بەڵام هەمیشە لە شوێنێکی ترم. بۆ هەر شوێنێکیش دەڕۆم، شوێنێکە هەر لەو شوێنە دەچێت، کە هەر ئێستا لە دوای خۆمەوە بە جێم هێشتووە.
کچە بچووکەکە
(دەستی پیاوەکە ڕادەکێشێت)
بابە، بابە!
پیاو
هەندێک جار لە یادەوەرییەکانمدا، زۆر زیاتر و بەهێزتر دەژیم وەک لە ئێستادا.
(بێدەنگی)
کچە بچووکەکە
بابە، بۆ کوێ دەڕۆین؟ با بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە.
پیاو
ئەو ڕاستی کرد. گوێم لە دەنگی بوو.
(وچانێکی کورت)
(سەیری ئاسمان دەکات)
مەڕۆ، بۆ کوێ دەڕۆیت؟
کچە بچووکەکە
بابە!
پیاو
تۆ دەبێت ئەوە باش بزانیت!
(سەیرێکی کچەکەی دەکات)
ئەو وای بە من گوت.
(وچانێکی کورت)
لهوهتهی تۆ هاتیتە ژیانی منەوە، هەموو شتێک سەرلەبەری گۆڕا.
کچە بچووکەکە
بابە، هیلاک بووم، با بگەڕێینەوە بۆ ماڵەوە.
گەنجە گیتارژەنەکە
(گۆرانی دەڵێت)
هەمیشە لەگەڵ تۆ باران دەباری
هەمیشە لەگەڵ تۆ ڕەشەبا هەڵی دەکرد
لەگەڵ تۆ دهڕۆیشتم بۆ شوێنێکی نادیار
لەگەڵ تۆ ون و بێ ئارام
لەگەڵ تۆ
هەمیشە
لەگەڵ تۆ…
پیاو
ژیان لەگەڵ کەسێکی تردا و بۆ کەسێکی تر بژیت، ترسناکە. مرۆڤ دەبێت ئاگای لە تواناکانی خۆی بێت. من ئێستا، کە زیاتر چوومەتە تەمەنەوە، لەمە تێگەیشتووم.
(بێدەنگی)
سەیرە، کە لەگەڵ ئەو قسە دەکەم، وا هەست دەکەم قسە لەگەڵ ڕابردووی خۆمدا دەکەم. زۆر لە یەک دەچین.
کچە بچووکەکە
بابە، دەبێت بگەڕێنەوە. دایکم چاوەڕوانمانە و من لەگەڵ تۆ نایەم.
پیاو
جۆلانە ناکەیت؟
کچە بچووکەکە
جۆلانە! لە کوێ؟ کوا ئێرە جۆلانەی لێیە؟
پیاو
(ڕوو دەکاتە پیاوە گەنجەکە)
ئەرێ ژنێکتان نەدیوە لێرەوە بڕوات؟
گەنجە گیتارژەنەکە
ژن؟
(وچان)
(سەیری پیاوەکە دەکات)
نەخێر، هیچ کەسێکم نەدیوە!
پیاو
چاوەڕێی ژنێک دەکەم، پێی گوتم لێرە چاوەڕێی بکەم، تۆزێک درەنگ کەوتم، لەوانەیە ڕۆیشتبێت و چاوەڕێی نەکردبم؟
(وچانێکی کورت)
دەمێکە لێرەیت؟
گەنجە گیتارژەنەکە
من؟
پیاو
بەڵێ.
گەنجە گیتارژەنەکە
لە کوێ؟
پیاو
لێرە، لەم شوێنە؟
گەنجە گیتارژەنەکە
هێندە نابێت.
(سەیری پیاوەکە دەکات)
بۆ پرسیار دەکەیت؟
پیاو
گوتم لەوانەیە ژنەکەت دیبێت؟
گەنجە گیتارژەنەکە
ژن، چ ژنێک؟
پیاو
ژنەکەی هاوڕێم. بڕیار بوو لێرە یەکتری ببینین!
گەنجە گیتارژەنەکە
نا، کەسم لێرە نەدیووە.
کچە بچووکەکە
بابە، نەڕۆینەوە؟
پیاو
با، دەڕۆین.
(وچان)
تۆزێکی تر چاوەڕێ دەکەین.
گەنجە گیتارژەنەکە
ئەوە کچی تۆیە؟
پیاو
بەڵێ! ئەی تۆ منداڵت هەیە؟
گەنجە گیتارژەنەکە
(پێدەکەنێت)
نەخێر، منداڵم نییە.
(وچان)
من هەر ڕۆژەی لە شوێنێکم و منداڵدروستکردن بە کەڵکی من نایەت.
(وچانێکی کورت)
پیاو
بۆ؟
گەنجە گیتارژەنەکە
مۆسیقاژەنم و گۆرانی دەڵێم.
پیاو
گۆرانیبێژ نابێت منداڵی هەبێت؟
گەنجە گیتارژەنەکە
(پێدەکەنێت)
کچە بچووکەکە
بابە، دەی با بڕۆین.
پیاو
دەڕۆین.
(وچانێکی کورت)
من ئەمڕۆ هەر دەڕۆیشتم.
(بەبێزارییەوە)
هەست دەکەم خۆمم لە شوێنێک لێ ون بووە و بۆم نادۆزرێتەوە.
گەنجە گیتارژەنەکە
گوتت چی؟
پیاو
هیچ، لەگەڵ تۆم نەبوو!
(چەپکە نێرگزەکە لەسەر زەوییەکە دادهنێت)
(ڕووناکییهکه کز دەبێت، کچە بچووکەکە و پیاوەکە دەڕۆنە دەرەوە)
گەنجە گیتارژەنەکە
کابرایەکی سەیرە، لە هیچ حاڵی نەبووم!
(گیتار دەژەنێت و گۆرانیی دەڵێت)
هەمیشە لەگەڵ تۆ باران دەباری
هەمیشە لەگەڵ تۆ ڕەشەبا هەڵی دەکرد
لەگەڵ تۆ دهڕۆیشتم بۆ شوێنێکی نادیار
لەگەڵ تۆ ون و بێ ئارام
لەگەڵ تۆ
هەمیشە
لەگەڵ تۆ…
(سەر شانۆ بە تەواویی تاریک دەبێت)
دیمەنی چوارەم
ژن
(ژنەکە لەسەر جۆلانەکە دانیشتووە و خۆی ڕادەژەنێت)
من هەمیشە تەنیا بووم. لەگەڵ ئەو تەنیاییەشمدا گونجا بووم و حەزم بە تەنیایی دەکرد. زۆربەی کاتەکان لای نەنکم بووم.
(وچان)
ههمیشه میهرهبان و دهمبهپێکهنین بوو.
(وەک ئەوەی بیر بکاتەوە)
نەنکم بێزاری نەدەکردم و لێ دەگەڕا لەگەڵ خەونەکانمدا بژیم. گوێم لە بێدەنگی دەگرت.
(پێدەکەنێت)
هەرگیز بڕوام بە خۆشەویستی هەتاهەتایی نەبووە. نەنکم دەیگوت کچم، خۆشەویستی جۆرێکە لە خۆویستی. ڕاستی کرد.
(وچانێکی کورت)
ئەو دەیەوێت بڕوات!
(بێدەنگی)
(بەتوندی گوژم لە جۆلانەکە دەدات. لەپڕ دەوەستێت و دادەبەزێتە خوارەوە)
من بە تۆوە ژنم. تۆ نەبیت لەگەڵ وشکەدارێک جیاوازیم نییە، من بە بوونی تۆوە ژنم، تۆ نەبیت من تەنها بووکەڵەیەکم. تۆ جوانییم پێدەدەیت و لەگەڵ تۆدا جوانم.
(وچان)
من بە تۆوە مێینەم.
(پێدەکەنێت)
نەنکم ڕاست دەکات، خۆشەویستیی مرۆڤ جۆرێکە لە خۆویستی.
(لای ڕاستی شانۆکەوە پیاوە گەنجە گیتارژەنەکە دێتە ژوورەوە)
گەنجە گیتارژەنەکە
پێویستە هەموو شتێک بسووتێنرێت. ئامێزم پڕە لە خۆڵەمێش و با-یەکەیش بە ئاسانی دەیبات، هەمووی دەبات.
ژن
من تۆ دەناسم؟
گەنجە گیتارژەنەکە
ئەوەی خەمباری کردووم، با-کەیە، با.
(وچانێکی کورت)
با-کە، خۆڵهمێشه ڕەشەکە لەگەڵ خۆی دەبات و نازانم لە کوێ بڵاوی دەکاتەوە.
(بێدەنگی)
(ژنەکە گوژم لە جۆلانەکە دەدات)
(پیاوە گەنجە گیتارژەنەکە لە ژنەکە دەچێتە پێشەوە و جۆلانەکە دەوەستێنێت)
گەنجە گیتارژەنەکە
بە دوای پیاوێکدا دەگەڕێم. پیاوێکت دیوە بێرەدا بڕوات.
(سەیری ژنەکە دەکات)
تۆ دەناسمەوە!
(ژنەکە ڕووی خۆی وەردەگێڕێت)
ئێمە جارێکیان پێکەوە گۆرانیمان گوت.
(وچانێکی کورت)
ئەی، کە من گرفتاری تۆم
شەیدای چاوی جوانی تۆم
لەو ڕۆژەوەی تۆم دیوە
(گۆرانییەکە بە خۆی دەبڕێت)
لەبیرتە؟
ژن
چی؟
گەنجە گیتارژەنەکە
کە پێکەوە گۆرانیمان گوت؟
(دەست دەکات بە گۆرانیگوتن)
ئەی، کە من گرفتاری تۆم
شەیدای چاوی جوانی تۆم
لەو ڕۆژەوەی تۆم دیوە
(وچانێکی کورت)
ئەو گۆرانییەی تۆ حەزت لێی بوو.
(پیاوە گەنجەکە، بەدەم ژەنینی گیتارەکەیەوە گۆرانیی دەڵێت)
تۆ ئاواتت چییە؟
چی دەخوازی لە بەهاردا
کێ گۆرانیت بۆ بڵێت
لە هاویندا
تۆیش گوتت
لە ژێر باراندا ماچم بکەیت
گوتی
ئەی تۆ ئاواتت چییە
لە بەهاردا
لە هاویندا
لە پایزدا
گوتم
کە، زوو باران ببارێت…
(بێدەنگی)
(ژنەکە لە جۆلانەکە دێتە خوارەوە، سەیری پیاوە گەنجە گیتارژەنەکە دەکات و دەچێتە دەرەوە)
گەنجە گیتارژەنەکە
مەڕۆ.
(وچانێکی کورت)
(گۆرانیی دەڵێت)
ئەی، کە من گرفتاری تۆم
شەیدای چاوی جوانی تۆم
لەو ڕۆژەوە تۆم دیوە…
(لە گۆرانیگوتن دەوەستێت و سەیری ئەو شوێنە دەکات، کە ژنەکەی لێوە چووە دەرێ)
(پێدەکەنێت)
بیست ساڵە چاوەڕوانی ساڵی داهاتوو دەکەم.
(سەیرێکی جۆلانەکە دەکات)
ئەمساڵ دووبارەبوونەوەی ساڵی پارە!
هەروەها پێرار!
(پێدەکەنێت)
هەروەها سێ ساڵ لەمەوبەر!
هەروەها چوار ساڵ لەمەوبەر!
تاریکی
(گوێمان لە دەنگی بارانبارینه)
دیمەنی پێنجەم
پیاو
من هەمیشە بە ڕێگای شوێنێکەوەم، ناتوانم چاوەڕێ بکەم و ناشتوانم بوهستم!
(بێدەنگی)
(سەیری چواردەوەری خۆی دەکات)
ڕاستی و درۆم بۆ لە یەک جیا ناکرێتەوە.
(پێدەکەنێت)
ڕاستی لە هەوادا ون بوو، نهمتوانی بیدۆزمەوە، یان لەنێو درۆکانی ڕۆژگاردا جیای بکەمەوە. هەموو ڕاستییەکان بۆ من درۆ بوون، نادیار بوون و لە هیچ حاڵی نەدەبووم. ئەو ڕێگایەش پێیدا دەڕۆیشتم، تۆزاوی، گەرم، گێژەڵووکە و ناخۆش بوو. ئەو ڕاستییانە چی بوون من بە دوایاندا دەگەڕام و وەک ئاو بەنێو پەنجەکانمدا هاتنە خوارەوە؟ ئەو ڕاستییە چی بوو، کە لەپڕ لەگەڵ خۆمدا ون بوو؟
(وچان)
هەموو شتێک تاریک و بێدەنگ.
(وچان)
تەنها چەند چرکەیەک بەسە، بۆ ئەوەی چاو لە تاریکیدا خۆی ڕابهێنێت.
تاریکی
دیمەنی شەشەم
(ژنەکە لە ناوەڕاستی شانۆکەدا وەستاوە، نائارامە و سەیری دوور دەکات)
ژن
ئێمە هیچ شتێک لەنێوانماندا نەمابوو، هیچ شتێک نەبوو باسی بکەین، لەگەڵ ئەوەیشدا حەزمان دەکرد پێکەوە بین.
(وچانێکی کورت)
ئەو بووبووە کەسێکی نامۆ و هەستی بە هیچ نەدەکرد و هەمیشە تووڕە بوو. هەمیشە دەیگوت دەڕۆم.
(وچانێکی کورت)
دەڕۆم و ناگەڕێمەوە.
(پیاوەکە و کچە بچووکە دە ساڵانەکە و پیاوە گەنجە گیتارژەنەکە دێنە ژوورەوە)
گەنجە گیتارژەنەکە
ئەوە ژنەکەیە.
(سەیری پیاوەکە دەکات)
چاوەڕوانی ئەو ژنەت دەکرد؟
ژن
(بە تووڕەییەوە سەیری پیاوەکە دەکات)
لە کاتی خۆیدا نەهاتیت، من دەمێکە چاوەڕوانت دەکەم.
(وچانێکی کورت)
تۆ هەست بە هیچ ناکەیت و هەر دێیت و دەڕۆیت.
پیاو
من!
ژن
بەڵێ تۆ! هەمیشە خۆت لە هەموو شتێک دەدزیتەوە، بەرپرسیاری هیچ شتێک هەڵناگریت، بە ئاسانی پشت دەکەیتە هەموو شتێک، دڵڕەقی و قسەکانت خەڵکی بریندار دەکهن. ژیانی تۆ تەنها بریتییە لە ڕاکردن. ڕاکردن لە هەموو کەسێک و لە هەموو شتێک.
(بێدەنگی)
لەبیرتە دەتگوت، ئەو پیاوەی لە ژیانیدا هەستی بە خۆشەویستیی ژنێک نەکردووە، خۆشەویستی و پیاوەتیشی لەکیس چووە.
پیاو
من؟
ژن
بەڵێ تۆ!
کچە بچووکەکە
بابە، کەی بڕۆین جۆلانێ بکەین؟
پیاو
دەڕۆین، ئێستا دەڕۆین.
ژن
وەرە، لەگەڵ من وەرە، پێکەوە دەڕۆین سواری جۆلانە دەبین.
(ڕوو دەکاتە پیاوە گەنجەکە)
تۆ بۆ هاتوویت بۆ ئێرە، چیت دەوێت؟
پیاو
هەروەک جاران لەسەر کورسییەک لە بەرپەنجەرەکەدا دانیشتبووم. کەس بە دەرەوە نەبوو، تۆیش هەر بەیانی زوو چوویتە دەرەوە.
(وچان)
جگە لە هەوا هیچ شتێکی تر لە دەرەوە نەدەجووڵایەوە. کات و کەژەکانی ساڵم لێ تێکچوبوو. وەرزەکانی ساڵم تێکەڵاو دەکرد. درەختەکان زۆربەی شتەکانی دەرەوەیان لە بەرچاوم دەشاردەوە.
(بێدەنگی)
گەنجە گیتارژەنەکە
جاران وامدەزانی بێ مۆسیقا دەمرم.
ژن
ئەم پیاو و کچەت لە کوێ دی؟
گەنجە گیتارژەنەکە
ئەوان چاوەڕوانی تۆیان دەکرد.
پیاو
هەستم دەکرد، دەمێ ساڵە بێ جووڵە لەسەر کورسییەکەم دانیشتوم.
(وچانێکی کورت)
تەنها هەر تەماشای دەرەوەم دەکرد و چاوەڕوانی ئەو ڕۆژەم دەکرد.
(بێدەنگی)
ڕۆژەکە هات و…
ژن
(قسەکەی پێ دەبڕێت)
هەندێک جار تۆ خۆت لە یاد دەکەیت.
کچە بچووکەکە
کەی بچین جۆلانێ بکەین؟
پیاو
وەک تۆ هەوڵم داوە شتم لە بیر نەچێتەوە. بیرم خراپە و شتم لە بیر دەچێتەوە.
(وچانێکی کورت)
حەزم دەکرد بیرتیژ بوومایە و ئەوەندەیش شتم لە بیر نەچوایەتەوە.
(پێدەکەنێت)
هەوڵێکی زۆرم داوە لەوە بگەم، بۆچی شتم بیر بکەوێتەوە، من هەمیشە شتم بیر دەچێتەوە.
گەنجە گیتارژەنەکە
ئێوە یەکتری دەناسن.
پیاو
تکایە واز لە ئێمە بێنە و ژیانمان هێندەی تر تێک مەدە.
ژن
(دەستی کچە دە ساڵییە بچووکەکە دەگرێت و دەیەوێت بڕۆنە دەرەوە)
گەنجە گیتارژەنەکە
ببوورە!
ژن
من دەڕۆم
(وەک ئەوەی بیر بکاتەوە)
چیی تر هیچ وشەیەکم لە دەم نەدەهاتە دەرەوە، نهمدهتوانی قسە بکەم و زمانم دەیگرت و لە تاودا کەوتمە قڕتاندنی نینۆکەکانم. ڕقم لە خۆم و لە ژیان دەبووەوە، ئەم هەستەیش هێندەی تر ماندووی کردبووم، کە دەڕۆیشتم بەڕێوە، وەک کەسێکی پەککەوتە وا بووم. جەستەم بە دوای خۆمدا ڕادەکێشا و قاچەکانم قورس بوون.
(بێدەنگی)
ئەویش متمانەی بە من نەمابوو. چەندان جار منی لە سەیارەکەی هاوڕێکەی ترمدا بینیی بوو.
(وچانێکی کورت)
ئەوەی زۆر سەیر بوو، هەرگیز بیرم لەم ژیانەی خۆم نەدەکردەوە و توانای ئەوەم نەبوو پرسیارێک لە خۆم بکەم، وامدەزانی ژیانم دەبێت وا بێت.
تاریکی
دیمەنی حەوتەم
ژن
من هەرگیز وازم لە تۆ نەهێنا، تەنانەت ئەو کاتەی ڕۆیشتیشیت. دڵنیا بووم، بەشێک لە تۆ هەرگیز نامرێت و لە مندا دەمێنێتەوە.
(وچانێکی کورت)
لەو بڕوایەدا بووم، لێم دەبووریت.
(پێدەکەنێت)
بەڵام تۆ نەتتوانی لێم ببووریت.
(وچانێکی کورت)
لێت تێدەگەم. من ئازارم زۆر بوو، ئازاری تۆیشم زۆر دا، هەروەها پهیوەندییەکانیشم، کە نەدەکرا لەبەر تۆ واز لە هیچیان بهێنم.
(بێدەنگی)
ئێمە هەریەکەمان نهێنیی خۆی هەیە، نهێنییەک کە کەس نازانێت چییە.
پیاو
تۆ منت خۆش نەدەویست!
ژن
نەخێر! بەو شێوەیە نا کە تۆ دەتویست.
پیاو
دەمزانی، من چاک ئەوەم دەزانی.
(وچانێکی کورت)
لەوە گەیشتبووم. لەو بڕوایەدا بووم کات ڕۆڵی خۆی دەبینێت و لێکمان نزیک دەکاتەوە.
ژن
تۆ لێم نەبوورایت!
پیاو
(پێدەکەنێت)
ژن
نەتتوانی لێم ببووریت!
پیاو
تۆ بۆ من مردوویت.
(بێدەنگی)
لە خودی خۆتدا!
ژن
چی؟
پیاو
لە خودی خۆتدا مردوویت. هەروەک ئەوەی هەرگیز یەکمان نەبینیبێت.
ژن
من و تۆ؟
پیاو
بەڵێ، من و تۆ!
(وچان)
ژن
تۆ دووری لە من. زۆر.
(وچانێکی کورت)
سارد و دوور.
پیاو
من هەرگیز وازم لە تۆ نەهێنا، تەنانەت ئەو کاتەی ڕۆیشتیشم.
(وچان)
من لە کەس دڵنیا نەبووم، بڕوام بە کەس نەدەکرد، کەسم خۆش نەدەویست، یادی کەسم نەدەکرد. هەمیشە دەترسام و سڵم لە هەموو شتێک دەکردەوە، لە هەموو شتێک بە گومان بووم.
(بێدەنگی)
لە تۆ بە گومان بووم، لە تۆ!
(سەیرێکی ژنەکە دەکات)
تووشی دڵەڕاوکێ بووم، لەگەڵ ئەوەیشدا هەستم دەکرد، هەموو شتێک گوناهی منە و من تاوانبارم و ئازاری ویژدان وێرانی کردبووم.
ژن
دەستت بخەرە ناو دەستمەوە.
(ژنەکە دەستی پیاوەکە دەگرێت و دەچنە دەرەوە)
تاریکی
دیمەنی هەشتەم
(ژنەکە لەسەر جۆلانەکە دانیشتووە و خۆی ڕادەژەنێت)
ژن
لە خەومدا لە شوێنێکی تر بووین، ئەو شوێنەی تۆیش دەتویست بۆی بڕۆیت. هەردووکمان بووین.
(بێدەنگی)
(ژنەکە گوژمی خێرا بە جۆلانەکە دەدات، لە پڕ جۆلانەکە دەوەستێنێت و دادەبەزێت)
ئەو شوێنەی تۆیش دەتویست بۆی بڕۆیت. لە شوێنێکی تر.
(وچانێکی کورت)
منیش دەمەوێت لەوێ بم. هەر شوێنێک بێت، تەنها ئێرە نا. نامەوێت چیی تر لێرە بم و تۆیش لە شوێنێکی تر.
(بێدەنگی)
تاریکی
دیمەنی نۆیەم
(کچە بچووکە دە ساڵییەکە لەسەر جۆلانەکە دانیشتووە و جۆلانە دەکات)
(لە دوورەوە گوێمان لە دەنگی گەنجە گیتارژەنەکەیە گۆرانیی دەڵێت)
دەنگی گەنجە گیتارژەنەکە
(بەدەم ژەنینی گیتارەکەیەوە گۆرانیی دەڵێت)
تۆ ئاواتت چییە؟
چی دەخوازی لە بەهاردا
کێ گۆرانیت بۆ بڵێت
لە هاویندا؟
تۆیش گوتت،
لە ژێر باراندا ماچم بکەی
گوتی،
ئەی تۆ ئاواتت چییە
لە بەهاردا
لە هاویندا
لە پایزدا؟
گوتم
کە، زوو باران ببارێت…
(کچە بچووکەکە خێراتر گوژم لە جۆلانەکە دەدات)
تاریکی
١٨/٤/٢٠١٨