دەقێکی شانۆیی زۆر کورت

نووسینی: دانا ڕەئووف

شانۆ نیمچە ڕووناک بوونەوەیەک ڕووناک دەبێتەوە، لەگەڵ دەنگی مۆسیقادا هەناسەیەکی قووڵ، به‌ڵام نیمچه‌ خنکێنراوی مرۆڤێک پانتایی شانۆ دەگرێتەوە. شانۆ زیاتر ڕووناک دەبێتەوە. چرکە چرکی کاتژمێرێک لەگەڵ دەنگی شەمەندەفەرێک هێدی هێدی بەرز دەبێتەوە. سەرلەنوێ، دەنگی هەناسە خنکێنراوەکە لەگەڵ مۆسیقاکە بەرز دەبێتەوە.

سەرتەختەی شانۆ بە تەواوی ڕووناک دەبێتەوە. هۆڵێکی دادگا دەردەکەوێت، لە قووڵاویی ناوەڕاستی پانتایی شانۆکەدا و لەسەر شوێنێکی بەرز جێگای دادوه‌ر ئامادەکراوە. لە لایەکی تریشەوە، قەفەزی تاوانبار دانراوە و لاوێکی بە جل و بەرگی سەربازییەوە تیا بەندکراوە، لاوەکە وەک درەختێکی بێ گیان، بێ جووڵە ڕاوەستاوە.

دادوەر

بە دەموو چاوێکی پڕ لە زەردەخەنەوە دێتە ژوورەوە، وا دیاره‌ بیری په‌رت و بڵاوه‌. کابرایەکی قزمی کورتەباڵا بە دواوه‌یه‌تی. پیاوە کورته‌باڵاکه‌ فایلێکی زلی بە دەستەوەیە؛ فایلەکە لە باڵای خۆی گەورەترە. دادوەر بەرەو مێز و جێگه‌ی دیاریکراوی خۆی دەڕوات و دەست بۆ مێزەکەی ڕادەکێشێت و ڕوودەکاتە بینەران.

دادوەر

بەیانیتان باش. ئەوە جێگای منە، وانییە؟

ڕوودەکاتە کورته‌باڵاکه‌ی تەنیشتی، قزمە کورتەباڵا بەسەر ڕاوەشاندنێک وەڵامی دەداتەوە، دادوه‌ر سەیرێکی ئه‌ملا و ئەولا دەکات و دەداتە قاقای پێکەنین. قزمەکە لەناو فایلە گەورەکەدا، فایلێکی بچووک دەردەهێنێت و دەیخاتە سەر مێزەکەی دادوه‌ر. دادوه‌ر فایلەکە دەکاتەوە و بەخێرایی چاوێکی پیا دەخشێنێت، زۆر بەبێ باکی فایلەکە فرێ دەداتە سەرمێزەکە، دەڕوانێتە ساپیتەی ژوورەکە و دوور دەڕوات، خەیاڵ دەیباتەوە، هیچ وشەیەک نابیسترێت.

(بێدەنگی)

دەنگ و چرکە چرکی کاتژمێرەکە بەرز دەبێتەوە.

تاوانبار

تاوانبار قسە دەکات، بەڵام وشەکانی نابیسترێن. لە تەقەلایەکی بەردەوام دایە، دەیەوێت تاوانەکەی خۆی بۆ دادوه‌ره‌ نائاساییه‌که‌ ڕوون بکاتەوە، بەڵام دەنگی ناگاتە دادوەر. هیچ نابیسترێت.

دادوەر پشتی لە تاوانبارەکەیە.

تاوانبار ماندووە، وەک سەرەتای دیمەنەکە، بێ جووڵە وەستاوە و دەڕوانێتە دادوه‌ر.

دادوەر وەک ئەوەی لە خەونێکی قووڵ بە ئاگا هاتبێتەوە، ڕادەپەڕێت. هه‌ڵده‌ستێته‌ سەرپێ، فایلەکە دەداتە دەست قزمە کورتەباڵاکە و بەبێ ئەوەی بڕوانێتە تاوانبارەکە، دەڕواتە دەرەوە. لە پڕ وەک ئەوەی شتێکی لەیاد چوبێت، پێدەکەنێت. قاقاکەی بە شێوەیەکی نائاسایی بەرز دەبێتەوە و لە پڕ بێدەنگ دەبێت، سیمای دەمو چاوی دەگۆڕدرێت. ڕوو ده‌کاته‌ بینەران

دادوەر

هیوادارم بێزارم نەکردبن!

زۆر بە خێرایی دەڕواتە دەرەوە.

مرۆڤە قزمەکە، فایلە گەورەکەی بەبن باڵەوەیە، بە خێرایی بە دوای دادوەرەکەیەوە، ڕادەکاتە دەرەوە، بە دەم ڕاکردنەوە فایلی تاوانبارەکەی لێ دەکەوێتە خوارەوە.

تاوانبار

دەڕوانێتە شوێنی دادوەرەکە، دەیەوێت بدوێت.

ئا… م… ئ… ئ…

بەڵام هیچ لە وشەکانی نابسترێن.

هێدی هێدی شوێنی دادوەر تاریک دەبێت، لەگەڵ تاریکبوونی شوێنی دادوەرەکەدا، دەنگی سەگڕەوێکی زۆر بەرز دەبێتەوە، تا بە تەواوی جێگای دادوەرەکە دیار نامێنێت. چەردە تیشکێکی سوور لەسەر قەفەزی تاوانبارەکەیە، دەیەوێت بدوێت، بەڵام هیچ لە وشەکانی نابیسترێت، وەک ڵاڵ وایە، وردە وردە ماندوو دەبێت و لە ناو قەفەزەکەدا دەکەوێتە سەر چۆک.

کورته‌باڵاکه‌ لە پشتەوە، بە بەرگی لێبوکئاسایەکەوە، وەک دڕندە دێتە ناو قەفەزەکەوە و دەست دەنێتە بنباڵی تاوانبارەکە و بەرزی دەکاتەوە، دوای ئه‌وه‌ لە دووتوێی هەندێک جووڵەی پانتۆمایمەوە، گوزارشت لە پارچەپارچەکردنی جەستەی تاوانبارەکە دەکات.

کورته‌باڵا

تاوانبار، تاوانبار، تاوانبار.

تاوانبارەکە دەکەوێتە سەر ئەژنۆ، کورتەباڵاکە پەتێک دەکاتە ملی و دەبێتە سێرکەوان و گەمە بە تاوانبارەکە دەکات، تاوانبارەکە دەبێتە سەگێک و کورتەباڵاکە لە قەزەکەدا ڕایدەکێشێت.

تاوانبارەکە لە هه‌وڵی به‌رزبوونه‌وه‌ و قسەکردندایە.

ب… ب… ژ… د… اد… و… ە… ر

لە پڕ زمانی دەکرێتەوە و هاوار دەکات

تاوانبار

بژی دادپەروەری… وەری… وەری.

 

مۆسیقا

تاریکی


تێبینی: ئەم کورتە دەقەم ساڵی ١٩٩٢ دا، لەگەڵ پێنچ کورتە دەقی تری لەم شێوەیە، بەڵام هەریەکەیان باسی شتێکی جیاواز دەکات، نووسیوە. هەر هەموویان بزر بوون و لەم ماوەیەدا، ئەمەیانم بە ڕێکەوت دۆزییەوە. پێمخۆش بوو لێرەدا بڵاوی بکەمەوە.

ئەم کورتە دەقە لە ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە ١٤ ساڵی ١٩٩٢دا بڵاو کراوەتەوە.