ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە سوێدییەوە: دانا ڕەئووف

هەر لەسەرەتاوە بە چ شێوەیەک دەتوانین، ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە شانۆنامە ڤۆدڤێل١ و یه‌کپه‌رده‌ییه‌کانی چێخەف هه‌نگاوێکن به‌ره‌و درامایاکی نوێ؟ ئەم دەقانە لە سەرەتادا زۆر بە ئاسانی، وەک نەمایشێکی سەرکەوتووی (شانۆی گاڵتەئامێز) ناوزەد دەکران، کە بە خێرایی جێگه‌یه‌کیان بۆ خۆیان لەسەر شانۆ پیشەیی و ئەماتۆرەکانیشدا کردەوە و تا ئاستێکیش دارایی و پارەیەکی باشیان بۆ چێخەف دابین کردووە. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەم دەقە یەکپەردەییانەی چێخەف دوو پەیامیان هەبووە؛ بە لاسایی کردنەوەیەکی مەسخەرەئامێز و هەروەها ئاماژە بە تەنز و گاڵتەجاڕییە گەورەکان کراوە، وەک دەستنیشانکردنی بوارێک و دوورکەوتنەوەیەک لە داب و نەریتە کۆنەکانی شانۆ. چێخەف فۆرمەکەی دژی مەبەستەکەی خۆی بەکار دەهێنا. ئەو ژانرێکی لە نووسیندا بەکار دەهێنا، کە لە کۆتایدا کردارەکان بە تەواوی و بە ویستی خۆی دەبنە دیکۆر و شتگەلێکی ڕازاندنەوە، بەمە دەیتوانی خۆی لە بنەما داب و نەریتییە باوەکان، وەک ناوەڕۆک و کارەکتەر ڕزگار بکات و توخمە ناڕاستەوخۆ و نێگەتیڤە دراماتۆرگییەکانی خۆی گەشە پێبدات.

 

شانۆنامە یەک پەردەییەکانی چێخەف سەرنجی بینەران لە هێڵی ناوەڕۆکەوە دەگوێزێتەوە- ئه‌وه‌ ته‌نیا شانۆنامەی “ورچه‌”ە‌، که‌ ساتە چاوەڕوانەکراوەکان لەخۆ دەگرێت- تا دەگاتە دووباره‌کردنه‌وه‌ تەواو کۆمیدییەکان. بەپێی لێکۆڵینەوە کلاسیکییەکەی بێرگسۆنی فەیلەسوف، سەبارەت بە پێکەنین، دووبارەبوونەوەیەکی میکانیکی مەرجی کۆمیدیایە. جەستەی مرۆڤ، ئاماژه‌ جه‌سته‌ییه‌کانی مرۆڤ یان زمان، لە کاتێکدا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی- میکانیکی دووبارە ده‌بنه‌وه‌، ئامێرئاسا یان لە ماریۆنێت چوو – پێکەنین دروست دەکات، بەمەیش توانای چوونە ناو ڕۆڵەکانمان نامێنێت. کەسێک لەسەر شەقامێک سەرسم لێ بدات و بکەوێت هیچ کۆمیدیایەکی تیا نییە، بەڵام چەندان جار سەرسم لێ بدات و بکەوێت و بکەوێتەوە، ئەوە ئێمەیش دەکەوینە پێکەنین و خودی ڕەوشەکە دەبێتە جێگای پێکەنین. فیگورێکی کۆمیدی وەک دۆن کیشوەت لەنێو ئۆتۆماتیزمی خۆیدا بەند بووە یان وەک بێرگسۆن دەڵێت “بیربڵاوی”: بەبێ ئاگا لەخۆنەبوون ئەو شتە دووبارە دەکاتەوە (کە لە ڕابردودا یان لە ڕەوشێکی خۆ خەڵەتاندن و به‌ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتندا، لە بری ئەوەی خۆی لە واقیع و ئەو ساتەوەختەدا بگونجێنێت).

بەشێکی زۆر لە کارەکتەرەکانی چێخەف هەڵگری لەم جۆرە کۆمیدیایەن، کە بێرگسۆن باسیان دەکات، بەڵام لە شانۆنامە یەکپەردەییەکانیدا زیاتر لە جەستە ئۆتۆماتیزمییەکاندا چەقیان بەستووە، نەک لە دیدە دروستکراوە دۆن کیشوەتییەکەدا. بەمەیش لە داب و نەریتێکی بەدەر لە ڕیالیزمەوە نزیک دەبنەوە، بۆ نموونە فۆرمە گاڵتەئامێزەکانی چاخەکانی ناوەڕاست و شانۆی بووکەڵە، هەروەها لە درامای ئەبسێرد و بە تایبەتیش لە گرۆتیسکە دژە پاڵەوانەکانەوە، کە لای بێکێت بە ئاشکرا دەردەکەوێت، نزیکمان دەخاتەوە.

زۆرجار، لە دەقە گەورەکانیشیدا، کارەکتەرە کۆمیدییە لاوەکییەکان، هەمان نیشانەیان پێوە دیارە و لە ڕووی فیزیکییەوە که‌مئه‌ندامن. بەردەستە کەڕەکەی سێ خوشک (فێڕاپۆنت)، یان (یچیخۆدەف) چارەڕەشەکەی باخی گێلاس، چارەڕەشەکانی دەقە یەکپەردەییەکانمان دەهێنێتەوە یاد، بەڵام- وەک گوزارشتێک، کارەکتەرە سەرەکییەکان- دووپاتی هێستریایەکی کۆمیدی بوون.

ڕەوش و مامەڵە و هەل و مەرجی جەستە لای چێخەف دەبێتە جێگای سەرنجی ڤیسیڤۆڵد مایرهۆڵد، گەورە ریژیسۆری مۆدێرنی ڕووسیا، ئەو دژە گەورەیەی ڕووبەرووی ڕیالیزمی سایکۆلۆژی ستانیسلاڤسکی بووەوە. ئەم ریژیسۆرە، ئەو چڕی و دابەستنە تووندەی لەنێوان وشە و کردار، رۆح و جەستە، هۆش و فیسیۆلۆگی و شیکارییه‌ کۆمیدییەکەی چێخەفدا هەبوون، سەرنجی ڕاکێشاوە.

مایرهۆڵد لە ساڵی ١٨٩٨ دا ڕۆڵی کستەنتین لە نەمایشی (نەورەس)ی شانۆی هونەری مۆسکۆ دەبینێت، هەروەها لە ساڵی ١٩٠١ لە نەمایشی (سێ خوشک)دا ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. مایرهۆڵد لەم ماڵە باوکەی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە و واز لە شانۆی هونەری مۆسکۆ دەهێنێت، گەشە بە دیدێکی مۆدێرنی ڕادیکاڵتری هونەری ریژی دەدات. دواتر مایرهۆڵد، هەرگیز وەک ریژیسۆرێکی پێگەیشتو کاری لە دەقەکانی چێخەف-دا نەکردوە، ئەمەیش پەرچەکردار و پرۆتێستێک بووە دژ بەو مۆنۆپۆلەی شانۆی هونەری مۆسکۆ، سەبارەت بە چۆنییەتی نه‌مایشکردن و خوێندنەوەی دەقەکانی چێخەف، هەیان بووە. مایرهۆڵد لە ساڵی ١٩٣٥ – بە یادی ٧٥ ساڵەی نووسەرەوە – لەم بڕیارەی خۆی لادەدات و نەمایشی ٣٣ جار هێستریای لە هۆشخۆچوون/بوورانەوە، کە لە دەقە یەکپەردەییە کورتەکانی؛ ساڵئاهەنگ، ورچ، خوازبێنی-ەوە ئامادەی کردبوو، پێشکەش دەکات.

مایرهۆڵد لە ڕاڤەکردنی ئەم دەقە ڤۆدڤێلە کورتە یەک پەردەییانەدا، دیقەتی خستۆتە سەر ئەو بابەت و چەمکە کۆمیدییە میللیی و داب و نەریتانەی، کە هەر لە کۆمیدیای دیلارتییەوە مامەڵەی لەگەڵ کراوە – هۆشیاری لە بەرامبەر هێزە بنچینەییەکانی جەستەدا کورتی هێناوە. مایرهۆڵد ئەوەمان بیر دەخاتەوە، کە چێخەف پزیشک بووە و نەخۆشییە بڵاوەکانی ئەو دەمە، جێگای سەرنجی ئەو بوون، بۆ نموونە جۆرەکانی هێستریا، ئەمەیش لە بوورانەوە و لە هۆشچوونی زۆر و بەردەوامەکانی کارەکتەرەکاندا دەردەکەوێت (مایرهۆڵد هەژماری ٣٣ جار هیستریای بوورانەوەی کارەکتەرەکانی لەو سێ دەقە کورتانەدا کردووە).

(لێرەدا لە ڤۆدڤێلەکاندا هێستریا باڵ دەکێشێت، مەسەلە تەنها شاڵاوی هێستریای ژنانە نییە، بەڵکوو “سمیرنۆڤ”یش، بۆ ئەوەی بەو ژنە بگات و وای پێشان بدات، کە تەندروستی باش نییە، تووشی هێستریا دەبێت. لۆمۆڤ شەڕ دەکات و گێچەڵ دەنێتەوە – ئەمە بۆ ئه‌کته‌ر له‌ کاری شانۆییدا، هێستریایه‌کی ڕاسته‌قینه‌یه‌، بۆیه‌، لۆمۆڤ،، ،  وەک هەموو ئەکتەرێک پێویستە ژێستی خۆی ڕا بگرێت: ئەوە شتێکی خۆش و ئاسووده‌به‌خشتره‌، کە لە سەر باسکێکی گۆشتن و نەرم و شل ڕاکشێیت، لە بری ئەوەی بە دانیشتنەوە ڕووەو دیوارەکە گیر بووبیت. ئەم جۆرە لە هۆشخۆچوونانە دەبێتە جێگەی سەرنجی بینەرانیش. لە زۆر ڕووەوە هێستریا بەشێکە لە ئیرۆتیک. ئەمەیش دەبێت به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، لەبەر ئەوەی بینەران حەزی پێ دەکەن!)

نیشانەکانی هێستریا لە ڕوودانی لەپری بوورانەوە، گریان، پێکەنین و ڕەگگیران، لە کۆتایی ساڵانی ١٨٠٠ دەکان تەنها، وەک گەشەی زانستەکانی پزیشکی باسی لێوە نەدەکرا، بەڵکوو بووە باسێک بۆ تێکه‌ڵکردنی میتۆلۆژیا له‌گه‌ڵ ئەدەب، هەروەها بۆ میدیای تەنزئامێز و گاڵتە و گەپیش. ئەو جۆرە ماشێنئاسا و بووکەڵەییەی لە ڕەفتاری کەسایەتییە هێسترییەکاندا هەبوون، سنوری نێوان مرۆڤ و ماشینی سڕییەوە و لە ڕۆمانە ترسناک و ستایلی میلۆدراماکاندا، بە شێوەیەکی دڵەڕاوکێ و ترسناک بەرجەستە بووبوون، بەڵام لە کۆمیدیا دا، بەپێی پرنسیپەکانی بە ئۆتۆماتیک کردنەوە، پێکەنینی دروست دەکرد. بە شێکی زۆری کۆمیدیا دوودڵییەکەی چاپلن، بە تایبەتی لە فیلمە بەراییەکانیدا، لەسەر بەکارهێنانی جۆرەکانی هێستریا و نیشانەکانی ڕۆنراوە، ئەمەیش بە ئاوێته‌بوونێکی زێدە ناسک و تەژی لە هەست و سۆز. لای چێخەف، ئافرەت هەڵگری نیشانەکانی هێستریایە و ئەمەیش شتێکی دیار و ئاساییە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، کە بە هەمان شێوە، لای پیاویش دیار و ئاساییە، ئەمەیش هەمیشە لە کۆنتێکستی ڕەوشە کۆمیدییەکاندان بەرجەستە بوون. کاره‌کته‌رێکی وەک سمیرنۆڤ لە شانۆنامەی (ورچ) و لۆمۆڤ-ی خوازبێنیکار و ناتالیا لە (خوازبێنی) و چیرین و خاتوو مارتیوتێنکانیا لە (ساڵئاهەنگ) دا، کارەکتەری “هێستریا و کۆمیدین”.

مایرهۆڵد، جیاواز لە هەمووان، ریژیسۆرێک بووە، کە بە شێوەیەکی فیزیکی کاری کردووە. ئەو لە ساڵەکانی ١٩٢٠ دا سیستێمێکی تایبەت بەخۆی، بۆ پێگەیانی ئەکتەر گەشە پێدا، کە بە بیومیکانیک ناوزەردی کرد. ئەم سیستێمە لەسەر بنەماکانی ئەکرۆپاتیکی لێبوک، ریتمئامێز و توانای کاردانەوەیەکی ئێجگار خێرا، ڕۆنا. ئەو وەک ریژیسۆر پارسەنگی نێوان گرۆتیسک، پەشێوی و دڵەڕاوکێ و پێکەنینێکی گەورە، سەرنجی ڕادەکێشا. نەمایشی ٣٣ جار نۆبەی هێستریا بە تەواوی جیاواز بوو لە پرۆسە سایکۆلۆژیەکانەوە، هاوکات وردەکاری ڕیالیزم و ئەو فۆرمە هونەرییەی شانۆی هونەری مۆسکۆ کاری پێ دەکرد، لەبری ئەوە، دووپاتی چەمکە توندوتیژەکەی لە کۆمیدیای چێخەف-دا کردۆتەوە. مایرهۆڵد لە ٣٣ جار بوورانەوەدا، دووپاتی توندوتیژی ئۆتۆماتیزمی کۆمیدی دەکاتەوە؛ گرژییەکان بە مۆسیقا بەرز دەبنەوە، هەروەها بەکارهێنانی کەلوپەلێکی زۆری شانۆیی. گەمەی نەمایشەکە باری سەرنجی بینەران بۆ ململانێ گرۆتیسکەی نێوان وشە و کردار، رۆح و جەستە، هۆش و فیسیۆلۆگی ڕاکێشاوە: کارەکتەرەکان بە شێوەیەکی بێدەسەڵات لە خۆڕاتەکاندندا بوون، بەندی ئازارەکانی جەستە دەبوون- سەکتەی دڵ، ئیفلیجی، بوورانەوە.

رەخنەگرە سۆڤێتییە هاوچەرخەکان لەوە نەگەیشتن، یان نەیان دەویست تێ بگەن، کە مایرهۆڵد مەبەستی لە یارییە ئاگرینەکانی، کە لە فێڵی برووسکەئاسای نواندن و ئەکرۆباتی لە هۆشخۆچوون بوون، چییە. هەروەها بینەرانیش بە جیاوازی نێوان فیگورەکانی چێخەف، کە لە کاردانەوە هێستریاکاندا بەرجەستە دەبوون و کۆنترۆلی تەواوی ئەکتەرەکان بەسەر جەستە و دەنگی خۆیاندا، پێنەدەکەنین. بە پێی بۆچوونی ڕەخنەگر، ڤادیم گەیڤێسکی، کە لە ساڵی ١٩٣٠دا نەمایشەکانی سەردەمی چێخەف-ی بەسەر کردۆتەوە، سەبارەت بەم کارەی مایرهۆڵد گوتویەتی میتافۆرێکی لە پشتەوە بووە، لە پشت یان بە تەنیشت دەقەکەوە: ئەو لەگەڵ کۆمەلگەیەکدا قسەی دەکرد، کە پێشوەخت هەستیان بەو تیرۆرە دەکرد، کە بە ڕێگاوەیە (وڵاتێک لە رەوشی بوورانەوەدا، وڵاتێک بووراوەتەوە یان ئەوەتا خەو دەبینێت، کە بە شازادەی چیرۆکەکان بەخەبەر نایەتەوە، بەڵکوو تەنها بەو ئەکتەرە ئەکرۆپاتە زۆر باش ڕاهێنراوەنە نەبێت). لەم گۆشەنیگایەوە، ٣٣ جار بوورانەوە، شاکارە گەورەکەی مایرهۆڵدمان دەهێنێتەوە یاد، (پشکنەر)ی گۆگۆل، کە لە ساڵی ١٩٢٦ دا نەمایشی کردبوو.

ئەوەی جێگای تێڕامانە، ریژیسۆرە گەورە مۆدێرنەکەی تریش، ێڤگێنی ڤاختانکۆڤ، کە لە شانۆکەی ستانیسلاڤسکی-یەوە دەست پێ دەکات، هیچ یەکێک لە دەقە گەورەکانی چێخەف ناخاتە سەر شانۆ. ڤاختانکۆڤ وەک مایرهۆڵد زمانحاڵی تەکنیکی دەرەکی ئەکتەر نابێت، بەڵکوو زیاتر لە میتودە سایکۆلۆژییەکەی ستانیسلاڤسکی-یەوە کاری دەکرد. بەڵام ڤاختانکۆڤ زیاتر لە مامۆستاکەی میتودەکەی بەکار دەهێنا، لە مەسەلەکانی نەستدا و تواناکانی نەستدا بۆ بەدەستهێنانی پەرچەکرداری نەستی بینەراندا قووڵ بووەوە. لەگەڵ ئەوەیشدا، توانی لە جێگای خۆیەوە، لە تەکنیکە گەمە ئامێزەکەی کۆمیدیای دیلارتی و گرۆتیسکی فیلمە بێدەنگەکان، کە لەوەوبەر مایرهۆڵد گەشەی پێدابوو، نزیک بێتەوە. “بینەران” ڤاختانکۆڤ دەیگوت، کە دواتر برێشت دووبارەی دەکردەوە، “نابێت هەرگیز تەنها بۆ چاوتروکانێکیش، ئەوەیان لە بیر بچێتەوە، کە ئەوان لە شانۆ دانیشتون”.

بەڵام ڤاختانکۆڤ ساڵی ١٩٢٠ لە مۆسکۆ، لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکانی کار لەسەر (هاوسەرگیری) دەقە یەک پەردەییە ڤۆدڤێلەکەی چێخەف دەکات، کە لە (٣٣ جار بوورانەوەکەی مایرهۆڵد) زیاتر گرۆتیسک بووە. ئاهەنگی هاوسەرگیری بۆرژوا بچووکەکانی چێخەف، وەک بووکەڵە، بە هاوشانی مۆسیقای ئۆرکێسترایەکی توڕە و شێلگیرانە جووڵاونەتەوە. نەمایشەکە بە پێشەکییەک دەستی پێکردووە، کە ڤاختانکۆڤ بۆ دەقەکەی داناوە، لەوێدا سەمایەکی شەیداییانەی کەدریلی٢، کە پیانۆژەنێکی تەواو ماندووی رێستۆرانەکان پیانۆی بۆ دەژەنێت و لە کۆتایدا سەری دەکێشێت بە پیانۆکەدا و دەست دەکات بە گریان. سەمازانەکان، هەروەک بووکەڵە رەق دەبن. کە ئاوازە ناشازەکەی پیانۆژەنەکە بێدەنگ دەبێت، مۆسیقای سەمایەکی ڤالس، زۆر بە خاوی لێ دەدرێت، کە ریتمێکی گرینگ بە خودی دیالۆگەکە دەبەخشێت. هەر لە سەرەتاوە، وەک (لەوڕێنس سێنەلیک)، کە پسپۆرێکی ئەمەریکییە لە بواری چێخەف لەسەر شانۆ، دەڵێت، بێگومان ئەمە ڕیالیزمی ژیانی ڕۆژانە نەبووە، بەڵکوو ڕاستی و واقیع دەگۆڕێت بۆ بەندیخانەیەکی سەرسوڕهێنەر.”

نەمایشەکە، وەک ستایلێکی کاری ڤاختانکۆڤ هەموو شتێک هەر بە شێوازێکی گرۆتیسکئاسا نەبووە. کە کاپتنی دەریاوانە خانەنشینکراوەکە، وەک میوانێکی فەخری ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە دەردەکەوێت، “ژەنەراڵەکە”، هەست بەو سوکایەتی پێکردنە دەکات، کە ئەوان بەویان کردووە، به‌ سووربوونه‌وه‌، داوا لە بینەران دەکات هاوهەستی خۆیانی پیشان بدەن. دوای پشوویەکی درێژ و بە ئازار بەرەو دەرگاکە دەڕوات. دوای پشوویەکی تری درێژ، سەرلەنۆی مۆسیقاکە دەژەنرێتەوە، سەرەتا ڤاڵسێکی هێواش، دوای ئەوە هەمان سەمای کەدریلی، وەک ئەوەی پێشەکییەکە – بەڵام ئەمجارەیان بە ریتمێکی غەمگین و بە ئازار. ڤاختانکۆڤ ده‌یویست سەرەتا بینەران پێبکەنن، بەڵام دواتر ئەو پێکەنینە، بە هۆی جۆرە هەستێکی هاودەردیی تێکەڵاو بە ترس بکرێت.

 

١ . ڤۆدڤێل، بریتییە لە شانۆنامەیەکی کورتی یەک پەردەیی کۆمیدی و وشەکە لە بنەڕەتدا، لە فەرەنسییەوە هاتووە

٢ . کەدریلی، جۆرە سەمایەکە، لە ساڵەکانی ١٦٠٠ەکاندا لە فەرەنسا دەرکەوتوە، ئەم سەمایە بە شێوەی دوو دوو، (دوو کەسی) دەکرێت.

 

تێبینی:

ئەم گوتارە، لە نووسینی ڕووسی زان و شارەزا لە ئەدەب و شانۆی چێخەف (لاش کلێنباری)یە، کە دوو جار و لە دوو کتێبدا بڵاوی کردۆتەوە: یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ و لە ساڵی ٢٠١٠یشدا، لە کتێبەکەیدا لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی چێخەف، گەراوەتەوە سەری و هەندێک قووڵتر بۆتەوە و زیاتریش پەلی هاویشتوە. من لە هەردوو کتێبەکەوە ئەم گوتارەم وەرگێڕاوە و چەند توانیبێتم هەردووکیانم تێکەڵاو کردوە. لە خوارەوە، هەردوو سەرچاوەکەم داناوە.


ئەم گوتارەم لەم دوو سەرچاوەیەوە وەرگێراوە:

 

  1. Översättaren som skådespelare, Lars Kleberg, Dialoger, 2001
  2. Tjechov och friheten. En litterär biografi, av Lars Kleberg, Natur & Kultur, 2010