دیداری هێما نەبی بۆ هەفتەنامەی (وشە)

 

زۆرجار دەگوترێت شانۆی كوردی تا ئێستایش لەناو پایەكانی كەلەپوور دایە و نەیتوانیووە بە شێوەیەكی مۆدێرن مانفێستی خۆی بكات، ئایا ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە، كە ئێمە نەمانتوانیوە فەلسەفەیەكی شانۆیی خۆماڵیمان هەبێت؟

من بە پێچەوانەوە مەسەلەکە دەبینم. شانۆی کوردی تا ئێستا نەیتوانیوە بە شێوەیەکی دروست کار لەسەر کلتوور و کەلەپوور و مێژووی خۆی بکات، سەرلەنوێ خوێندنەوەی بۆ بکات و لە دیدێکی نوێوە چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە. کێشەی شانۆی کوردی نەبوونی کادری سەرکەوتووی شانۆیە، کێشەی دید و دونیابینی شانۆکاری کوردە. شانۆ هونەرێکی کوردی نییە و سەرەتاکانی دەگەڕێتەوە بۆ دوو هەزار ساڵێک بەر لە دایک بوونی مەسیح، لە یۆنان سەری هەڵداوە و هەر لەوێوە گەشەی کردووە و بە هەموو ئەوروپادا بڵاو بۆتەوە، لەوێشەوە بە هەموو دونیادا. مێژووی شانۆی کوردیش هێندە دێرین نییە و خاوەنی کلتوورێکی دەوڵەمەندی شانۆیی نییە، ئەوەی هەیە تەنها هەوڵێکی پەرش و بڵاوی چەند تیپ و کەسانێکن، کە بە درێژایی ئەو مێژووە کورتە بە جدی هەوڵیان داوە. من نازانم مەبەستی ئێوە لە شانۆی خۆماڵی چییە؟ شانۆ هەر شانۆیە و گەر مەبەستی ئێوەیش دەقی کوردی و خۆماڵی خۆمان بڵێت، ئەوە لەویشدا هێشتا شتێکی ئەو تۆمان نەکردووە. شانۆی کوردی بە ڕێژەیەکی زۆر کاری لەسەر دەقی شانۆی کلاسیکی و جیهانی کردووە. بێگومان مەبەستمان ئەوە نییە، کە بڵێن دەقی خۆماڵی و شانۆنامەنووسی کوردمان نییە و نەبووە، هەمیشە شانۆنامەنووسێکی کورد هەر هەبووە؛ پیرەمێر و ئەبوبەکر هەوری یەکم دەقە شانۆییەکانیان لەم دەڤرەی خۆمان نووسیوە، لە حەفتاکانیشەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ، دەقی تری شانۆیی نوسراوە و لەم چەند ساڵەی دوایشدا هەندێک لە گروپە شانۆییەکانی کوردستان پەنایان بردۆتە بەر کاری ڕاگوزاری و نووسینی هەرەوەزی. بەڵام ئەم هەوڵانە نەیانتوانییوە بۆشاییە گەورەکە پربکەنەوە و بەردەوامی بە بزوتنەوەکە ببەخشن و گەشە بە پرۆسە شانۆییەکە بدەن.

شانۆ وەك فەزایەكی هونەری بۆ مومارەسەكردن و پڕاكتیزەكردن، پێویستی بەشوناس و ناسینەوە هەیە، چۆن بتوانین شانۆ لە ناشانۆ جیا بكەینەوە­؟

شانۆ هونەرێکە لە (ئێستا)دا دەژی، هونەرێکە لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە بە سەردەمەکەی و بە بینەرەکانییەوە، ئەگەر ئەو هەستی هەنووکەییەیش لە دەست بدات، دەبێتە هونەرێکی خاڵی، بێ گیان و مردوو، بێگومان پەیوەندییەکانی بە بینەرانیشەوە لە دەست دەدات. شانۆ چەندە تەکنیکی بەرز، رووناکی سەرسوڕهێنەر، فێڵی هونەری، شانۆی گەورە و هۆڵی ڕازاوە بەکاربهێنێت و بیەوێت بەو شتانە بینەرەکانی سەرسام بکات، بەڵام نەتوانێت لەو ساتەدا بژی، مردووە و هیچ پەیوەندییەک و دیالۆگێک لەگەڵ بینەرەکانی دروست ناکات و تەنها دەبێتە هونەرێکی بێ گیان و ئەبستراکت. شانۆکار، ئەگەر دیدێکی مۆدێرن و خوێندنەوەیەکی سەردەمیانەی بۆ شاکارێکی کلاسیکی، بۆ نموونە شەکسپیر، مۆلییر، ستریندبێرگ، ئیبسن، چێخەف… هتد نەبێت، ئەوە نەمایشەکە نەک ناشانۆیە، بەڵکو هەموو بنەما مرۆییەکانیشی لە دەست دەدات. جا ئەو نەمایشەی ڕووبەرووی بینەران دەبێتەوە، کارێکی کلاسیکی، مۆدێرن یان شانۆنامەیەکی خۆماڵی بێت، ئەگەر بە هەوای ئەو ڕۆژە هەناسە نەدات و نەژی، بێگومان ئەو نەمایشە و لەسەر هەموو ئاستەکان، هەر لەسەرەتاوە دەبێتە پرۆژەیەکی مردوو. کەواتە شانۆ و ناشانۆ بەوە جیا دەکرێنەوە، کە شانۆ لە پەیوەندییەکی  ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بینەرەکانی و بینەران بەشێوەیەک لە شێوەکان خۆیانی تیا دەناسنەوە، نەک تەکنیکی بەرز و هۆڵی گەورە و فۆرمێکی سەرسوڕهێنەر، بەڵام دوور لە هەموو ڕۆحێکی زیندوو.

هەر لەم ڕووەوە، ئایا شانۆی کوردی تا چەند خاوەندارێتی کوردی پێوە دیارە، بۆ ئەوەی شانۆ بە کوردی بکرێت، دەبێت دەق و نەمایش بە کوردی بکرێت، واتا لە دوای دەقی خۆماڵییەوە دەکرێت شانۆی کوردی مۆرکی کوردی پێوە دیار بێت؟

شانۆی کوردی بۆ ئەوەی شانۆیەکی کوردی بێت، پێویستە بە (زمانی) کوردی نەمایش بکرێت، ئەمەیش شتێکی بەڵگەنەویستە، هەرچۆن شانۆی سوێدی بە سوێدی و شانۆی ئینگلیزی بە ئینگلیزی و شانۆی عەرەبی بە عەرەبی… هتد نەمایش دەکرێن. زمانیش تەنها بۆ ڕەوتە شانۆییەکە گرینگ نییە، بەڵکو ئامڕازێکی ڕاستەوخۆی گەیاندن و پەیوەندیکردنە بە بینەرەکانییەوە، شانۆ بەبێ بینەر ناژی و بۆ ئەوەی بژی دەبێت بەشێوەیەکی سەرەکی بەزمانی بینەرەکانی نەمایش بکرێت. کە دەشڵێن شانۆی کوردی، مەبەست ئەوەنییە ئەم شانۆیە تەنها و تەنها دەقی خۆماڵی و شانۆنامەنووسە کوردەکان، کە (نیمانە) پێشکەش بکات. شانۆی ئەمەریکی تەنها یۆژین ئۆنێل و تینسی ولیامز و ئارسەر میللەر نییە، بەڵکو شانۆی ئەمەریکی چێخەف و ئیبسن و ستریندبێرگ… هتد نەمایش دەکەن، کە ئەمەریکی نین، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی ئەمەریکی نەمایش دەکرێن. هاوکات شانۆی سوێدی تەنها ستریندبێرگ نییە و تەنها باسی پادشاکانی سوێد و مێژووی سوێد ناکات، چەندە ستریندبێرگ و لاش نۆرێن نەمایش دەکەن، هێندەیش شەکسپیر، برێشت، پینتەر، چێخەف، میللەر، بێکێت… هتد نەمایش دەکەن و بە هەموویشی دەوترێت شانۆی سوێدی، چونکە بە زمانی سوێدی نەمایش دەکرێن.

شانۆ چەندە هونەرێکە لە ڕۆژئاوا لە دایک بووە، چەندە ئەو فۆرمە دێرینەی خۆی پاراستووە و زۆربەی شانۆنووسەکان لە ئەوروپاوە هاتوون، هێندەیش هونەرێکی جیهانییە و دیاردەیەکی شارستانییە و هونەرێکە وابەستەی خەون و ئازارەکانی هەموو مرۆڤایەتییە. هەموو کەس و میللەتێکیش ئەو فۆرمە بۆ مەبەستەکانی خۆی، جا ئەو مەبەستانە هونەری، سیاسیی یان تەنها مەسەلەیەکی چێژ و کات بەسەربردن بێت، بەکاردەهێنێت.

زۆرجار دەگوترێت هەموو قۆناغەكانی شانۆی ئێمەی قۆناغی سیاسین، بەڵام لەگەڵ گەشەسەندن و گۆڕانكارییە سیاسییەكان، شانۆ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ بەخۆیەوە نابینێت. لێرەدا دەتوانین بڵێین كورد فەزایەكی دروستی بۆ شانۆ نییە؟

شانۆ بەشێوەیەک لە شێوەکان هەمیشە هەر سیاسیی بووە، یەکەم دەقە شانۆییە سیاسییەکانیش لە ساڵی ٤٧٢ی پ.زدا لەلایەن ئێسخیلۆسەوە بەناوی (فارسەکان)ەوە نووسراوە، کە باسی جەنگی نێوان گرێک و فارسەکان دەکات و وێنەیەکی بەرزی تێکشکاندنی سوپای فارسەکانمان پێشکەش دەکات. (ئەرستۆفانیس)یش هەر لەسەردەمی گرێکەکاندا بە شانۆنامە کۆمیدییەکانی، شانۆیەکی سیاسیی هێناوەتە ئاراوە و چەندین شاکاری دژی جەنگ، بۆ نموونە شانۆنامەی (ئاشتی) و (لیسیستراتا) نووسیوە. لەو ڕۆژەیشەوە شانۆی سیاسیی لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە گەشەی کردووە و بەشێکی گرینگ بووە لەو ڕووداوە سیاسییانەی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕوویان داوە. پیسکاتۆ و برێشت-یش دوو ئەزموونی دەوڵەمەندی شانۆیەکی سیاسیی بوون، کە شانۆی کوردی لە ڕووی فۆرم و شێوازەوە سوودی لێیان وەرگرتووە. شتێکی ئاسایشە، کە شانۆی کوردی شانۆیەکی سیاسیی بووبێت، کورد ئەوەتەی هەیە لە بۆتەی شەڕ و سەرکۆنەکردن و داگیرکردن و ڕاوەدوونانە. بەڵام شانۆ سیاسییەکەی ئێمە چۆن بووە، ئەمەیان پرسیارەکەیە؟ شانۆی سیاسیی کوردی لە پشت کۆمەڵە هێماگەلێکەوە، لە ترسی سانسۆر و دەسەڵات خۆیان شاردۆتەوە یان شانۆیەکی کاڵ و کرچی پڕ لە هات و هاوار و شیعارات بووە و زیاتر پروپاگەندەیەکی سیاسیی بووە، نەک شانۆیەکی سیاسیی، کە ویستبێتی بەشدارییەکی کارا بە بینەرەکانی بکات و ئامانجی گۆڕانکاری و هۆشیارکردنەوە بووبێت. ئەگەر بشگەڕێنەوە بۆ گەوهەری پرسیارەکەیش دەتوانین لەم چەند دێڕەدا کورتی بکەینەوە: شانۆ بە هەموو فۆرمەکانییەوە پێویستی بە شانۆکاری پیشەیی و ژینگەیەکی سەربەست و شانۆکاری بەتوانا هەیە، کە ئێمە هەمیشە بەشێوەیەک لە شێوەکان لەم لایەنانەوە کورتمان هێناوە و نەمانتوانیووە دیدێکی ڕوونی سیاسیی، چ لە ڕووی هزر و چ لە ڕووی فۆرم و تەکنیکەوە بۆ ڕەوشە سیاسییەکەی خۆمان هەبێت. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت، کە ئێمە هیچ ئەزموونێکی سەرکەوتوومان نەبووبێت، حەفتاکان و هەشتاکان چەند ئەزموونێکی جوانی تیایە، کە گوزارشت لە ڕەوشە سیاسییەکەی ئەو ڕۆژگارە دەکەن یان دیدێکی گشتگری سیاسیی لەخۆدەگرن. نموونەیش زۆرە: جولەکەی ماڵتا، دکتۆر پاڵمی، پردی ئارتا، پۆنتێلا و ماتی، کەللەسەر، کە بەرهەمی تیپی نواندنی سلێمانی بوون، خەج و سیامەندی فوئادی مجید میسری، هونەرمەند ئەحمەد سالار بۆ تیپی زانکۆی سلیمانی کاری تیا کردبوو، مرۆڤ و شارەکەی، تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی، ئاسک- ی شێرکۆ بێ کەس، کە لە بەغدا و لە سلێمانیش نەمایش کراوە و مارا-سادی تیپی شانۆی ئەزموونگەری. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئەم ڕەوتە وەستاوە، نەتوانیوویەتی گەشە بکات و نە بەردەوامیش بووە و لەچەقی ڕێگاکەدا وەستاوە.

زۆرجار دەگوترێت شانۆی ئێمە نە چێژی جوانی بەرهەم دێنێت، نە عەقڵ دەدوێنێت و نە توانای گومان و پرسیاری هەیە، بەڵكو سۆز و ئارەزووەكانمان دەورووژێنێت. ئایا لەنیوان بینەر و شانۆدا چێژ دەورێكی باڵای هەیە، یاخود دەبێت بیركردنەوە و تێڕامان بەشێوەیەكی كردەیی بوونی هەبێت؟

هیچ شتێک بەبێ چێژ ناتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەری هەبێت. بەتایبەتیش شانۆ. شانۆ بەبێ بەکارهێنانی چێژ، وەک ئامڕازێکی هونەری، دیدێکی ئێستاتیکی و شێوازێکی هونەری، ناتوانێت بینەرەکانی قایل بکات و کاریان تێ بکات و شتێکییان لا بەجێ بهێڵێت. ئەم چەمکەیش چەندین سەدەیە شانۆکارانی لە هەموو بوارەکاندا: ریژیسۆر، شانۆنامەنووس و تۆێژەرەوەکانی شانۆی سەرقاڵ کردووە. نووسەری ئەڵمانی (شیلەر) لە سەدەی حەڤدەدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات چێژ لە کارە هونەرییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە و کارە هونەرییەکە بە ئاڕاستەیەکدا دەبات، کە زیاتر بینەر و کارە هونەرییەکە لەیەکتر نزیک دەکاتەوە و دەسەڵاتێکی زیاتر بە بینەران دەبەخشێت. شیلەر باسی ئەوە دەکات کە  (هیچ هۆکارێک نییە، کە گرینگیدان بە ئاکار چێژ لەخۆنەگرێت) برێشت هەر لەسەر بنەما هزرییەکانی شیلەرەوە چەمکەکانی چێژ لە شانۆ داستانئامێز و فێرگەیی و سیاسییەکەی خۆیدا پەیڕەو دەکات و لە دیدێکی هونەری و فەلسەفەی دیالێکتیکییەوە گەشەی پێ دەدات. شانۆ دیدێکی ڕەخنەئامێزی بۆ کۆمەڵ هەیە و ئەو ڕەخنەیەیش، کە زۆرجار بنەمایەکی هزری و فەلسەفی لەخۆدەگرێت، لە ڕێگای چێژەوە، وەکوو دیدێکی ئێستاتیکی لە فۆرمە شانۆییەکەدا بەرجەستە دەبێت.

ریژیسۆرە شانۆییەکان، چ ئەوانەی ویستوویانە لە ڕێگای شانۆوە مرۆڤ و کۆمەڵگا بگۆڕن و بەرەو ژیانێکی باشتریان بەرن، ئەوانەیشی زیاتر لە فەزایەکی ئەزموونگەری و ئەبستراکتا کاریان کردووە تا دەگاتە شانۆی کۆمیدی، بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان و بۆ پەیوەندییەکی دینامیکی بە بینەرەکانییانەوە، بیریان لە چۆنییەتی بەکارهێنانی چێژ کردۆتەوە، گرانە بەبێ چێژ کارێکی شانۆیی بتوانێت یەیوەندییەکی زیندوو بە بینەرەکانییەوە دروست بکات. تەنانەت، ئەگەر ئەو شانۆیە تەنها سۆز و ئارەزووەکانیش بوورووژێنێت، بەبێ چێژ ناتوانێت ئەو هەست و سۆزەی بینەران بوورووژێنێت.

بەشێك لە رەخنەگرانی بواری شانۆ دەڵێن “تیۆر كێشەی تەواوی شانۆكاری كوردە”، شانۆكاری كورد لە تیۆردا هێندە بێئاگایە تا ڕادەی ئەوەی نازانێت دەكەوێتە كوێی مەعریفەی تیۆرەوە؟

تیۆری شانۆیی چەند لقێکی لێدەبێتەوە و هەندێکیان لەسەرەتا دێرینەکانەوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی شانۆوە دروست بوون و هاوشانی گەشەی شانۆ، لە هەردوو ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە، بە نێو شانۆدا ڕۆچوونەتە خوارەوە، ستراکتور و بنەمایەکی بەهێزی تیۆرییان بۆ شانۆ دروست کردووە. تیۆری شیکردنەوەی دەق و خوێندنەوەی دەقی شانۆیی، جۆرەکانی شانۆ، هونەری نواندن، ریژی، تەکنیک و تیۆرەکانی پرۆسەی شانۆ، چەند لایەنێکی گرینگی تیۆری شانۆیین و چەندین کەڵە فەیلەسوف و تیۆریست و شانۆکارە گەورەکانی دونیا بە درێژایی مێژوو کاریان لەسەر کردووە. یەکەم کتێبی تیۆری شانۆیش لەلایەن فەیلەسوفی گرێکییەوە (ئەریستۆ)وە، بەناوی (پۆیەتیکا) یان هونەری شیعرەوە نووسراوە و لەوێدا جۆرەکانی شانۆ و کاریگەرییەکانی ڕوون دەکاتەوە. (هونەری شیعر) بە درێژایی مێژووی فەلسەفە و شانۆ دەبێتە بنەما و ستراکتورێکی گرینگ بۆ راڤەکردنی شانۆ، کتێبەکەیش هەزارەها شیکاری بۆ کراوە و وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دونیا، تەنانەت بە کوردیش هەیە. دواتر نووسەرە گەورە و فەیلەسوفەکان بەشێکی گەورەیان لە دید و بۆچوونە فەلسەفی و تیۆرییەکانییان بۆ ڕوونکردنەوە و ڕاڤەکردنی چەمکەکانی شانۆ و هونەری نواندن و ڕۆڵی شانۆ تەرخان کردووە، بۆ نموونە لێسینگ، گۆتە، دیدرۆ، بەشێکن لەو ناوانە. شانۆکارە گەورەکانیش کەوتنە نووسینی تیۆرە شانۆییەکانیان و خستنە ڕووی لایەنە کردەییەکەی کارەکانی خۆیان: ستانیسلاڤسکی یەکەم بنەما گرینگەکانی هونەری نواندن دادەرێژێت، ئاپیا، کرەیگ، مایرهۆڵد،پیسکاتۆر، ئارتۆ، برێشت و بروک دیدێکی تیۆری چڕ و پڕ سەبارەت بە لایەنە هزری و کردەییەکەی شانۆ دەخەنە ڕوو. لەم پەنجا ساڵەی دوایشدا، هەزارەها کتێبی تیۆری سەبارەت بە تەوژم و ڕێباز و قوتابخانە جیاوازەکانی شانۆ و شانۆنامەنووسە گەورەکان بڵاو کراونەتەوە. بەها و پێگەی تیۆری شانۆیی لە ئێسایشدا، نەک هەر کەمی نەکردۆتەوە، بەڵکو لەپاڵ ڕەوتە شانۆییە جیهانییەکەدا لە گەشە و هەڵکشانێکی بەردەوامدایە. بێگومان شانۆکاری کورد ئاگای لەم دونیا فراوانە تیۆرییە نییە، ئەمەیش دابڕان و دواکەوتن و کەلێنێکی گەورەی خستۆتە دیوارە شەق و شڕەکەی شانۆی کوردییەوە. هۆکارەکان زۆرن، دابڕانی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر بە دونیای دەرەوە، نەزانینی زمانی بیانی، نەبوونی فەرهەنگێکی شانۆیی، نەبوونی کلتورێکی دەوڵەمەند و لە هەموویشی گرینگتر، گرینگی نەدان بەم بوارە. من بەش بەحاڵی خۆم سی ساڵێک زیاترە، بە بەردەوامی خەریکی بڵاو کردنەوەی رۆشنبیری شانۆییم، کەسانی تریش هەوڵی زۆریان داوە، بۆ نموونە پێشڕەو حوسێن چەندین کتێبی باشی وەرگێڕاوە، بەڵام ئەمانە هەمووی دڵۆپێکە لە دەریایەک و تا شانۆی کوردی پاشخانێکی تیۆری نەبێت و تا هوشمەندییەکی شانۆیی دەرگاکانی بە ڕووی شانۆی کوردیدا نەکاتەوە، شانۆی کوردی پێش ناکەوێت.

ئایا دەقی شانۆیی چ دەورێكی هەیە بۆ گەشەسەندنی شانۆ، وابەستەكردنی بوونی شانۆ بە دەق، خراپ سەیركردنی شانۆیە، یاخود هونەری شانۆ بەتەنیا لەناو دەق دروست نابێت؟

ئەم پرسیارە زۆر گرینگە و هەمیشە ناوەندێکی سەرەکی گەشەی شانۆیش بووە. بێگومان شانۆ وابەستەی دەقە و لە نووسینی دەقە شانۆییەکانەوە گەشەی کردووە و دەیکات. بەشێکی زۆری تیۆری شانۆیی لەسەر بنەماکانی شیکردنەوە و شێوازەکانی دەق و پێگە و ڕۆڵی شانۆنامەنووسە گەورەکانی دونیا بوونیاد نراوە. تەختەی شانۆ، بەمانایەکی تر هونەری شانۆ ناتوانێت ئەدەبێکی بەرز یان دەقێکی گەورەی شانۆیی دروست بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە، هەمیشە شانۆ لە ئەدەبی درامی و دەقە شانۆییەکانەوە دروست بووە. شانۆ ناتوانێت چێخەف دروست بکات، بەڵام چێخەف دەتوانێت شانۆ دروست بکات. هەمیشە شانۆنامەنووسەکان بوون فۆرمی تازە و تەکنیکی تازەی وایان خوڵقاندووە، کە شانۆی ناچاری سەرلەنوێ بیرکردنەوە، دۆزینەوەی فۆرمی تر و تێکشکاندنی فۆرمە کۆنەکان کردۆتەوە. نموونەمان ئێجگار زۆرە: سەرەتا بەراییەکانی شانۆ لە یۆنان سەری هەڵداوە، بەڵام ئەگەر ئێسخیلۆس، سۆفۆکلیس، یوربیدس و ئەرستۆڤانیس دەقە شانۆییەکانییان نەنووسییایە، ئەو شانۆیە هەرگیز بەو شێوەیە لە دایک نەدەبوو، هەروەها بەوشێوەیەیش گەشەی نەدەکرد و (ئەریستۆ)یش کتێبی (هونەری شیعر)ی نەدەنووسی. ئەگەر شەکسپیر نەبووایە، ئەو فۆرمە کراوەییەی شانۆ دروست نەدەبوو، مۆلییر بە دەقەکانی کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر شێواز و فۆرمە کۆمیدییەکانی شانۆوە هەیە، چێخەف ڕۆڵێکی بێ هاوتای لە گەشەی شانۆی هونەری مۆسکۆ، هونەری نواندن، ڕیالیزمێکی نویی شانۆییدا هەبووە و هەیە. بەهەمان شێوە مێترلینگ، ئیبسن و ستریندبێرگ چەندە هەژموونێکی گەورەیان بەسەر دروست بوونی شانۆیەکی ڕیالیزمەوە هەبووە، هێندەیش بەسەر چەمک و شێواز و فۆرمەکانی شانۆییەکی سمبولیزمەوە. برێشت بە دەقەکانی شانۆ داستانئامێزەکەی خۆی بەرەوپێشەوە برد و مانایەکی تری پێبەخشین، هەروەها هەر لە ڕێگای دەقەکانییەوە بنەما تیۆرییەکەی خۆی بۆ شانۆی فێرگەیی، داستان و دیالێکتیکی داڕشت. هەروەک ئاماژەمان بۆ کرد، زۆربەی تیۆرە شانۆییەکانیش لەسەر بنەمایەکی پتەوی دەقە شانۆییەکان دروست بووە و لە دەقە شانۆییەکانەوە قۆناخەکانی ڕەوتی گەشەی شانۆ دیاری کراوە، زۆربەی ریژیسۆرەکانیش لە خوێندنەوەی دەقەکانەوە گەیشتوونەتە ئەنجامە کردەیی و دیدە شانۆیی و پرۆسە پراکتیکییەکەی شانۆ.

ئەم دیدارە لە ڕۆژنامەی (وشە)دا بڵاو کراوەتەوە.