Beckett_109550068

ساموێڵ بوکێت

شتێکی ئاشکرایە کە بڵاوکردنەوەی نامەکانی سامۆێیل بێکێت تا ئاستێکی بەرز ڕووداوێکی گرینگەو شتێکی بە بەهاو گەورەیە. مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوەی دەکردو لەو بڕوایەدا بوو، کە ئەو شتانەی زیاتر لە هەموو شتێکی تری نووسەر خۆیین، بە تایبەتی، کە نامەکانی بەوپەری تواناوە، هەموو جۆرە پێشنیارێک سەبارەت بە بڵاوکردنەوەیان ڕەت بکرێتەوە. بەڵام بێکێت تا ئاستێکی باڵای سنووردار و بەوپەڕی پارێزییەوە، ئەو ڕەزامەندییەی دەربڕیووە: تەنها ئەو نامانە بڵاوبکرێنەوە، کە وەکوو نووسەرێک گوزارشت لەو دەکەن و پەیوەندی بەوەوە هەیە. ئەم مەرجەش یەکڕاست ئەم پرسیارە دەخوڵقێنێت، ئایا چ جیاوازییەک، چ سنوورێک لە نێوان کەسایەتی نووسەر و کارە ئەدەبیەکانیدا هەیە؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش ، بەشێوەیەکی بێ لایەنانە و دەست نیشان کردنی جیاوازییەکانیان، زۆر سەختە؛ هەمیشەو بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ، سنووردانان لە نێوان کەسایەتی نووسەر و بەرهەمە ئەدەبیەکانیدا، جۆرە نابابەتیبوونێک لەخۆدەگرێت. بێگومان لە کۆتایشدا، تا ئاستێکی بەرز بەرپرسیاریەتی و هەڵبژاردنی نامەکان و بڕیارەکە دەکەوێتە سەر شانی ئەو کەسەی/کەسانەی نامەکان هەڵدەبژێرن.<١>

 رێکخەر و سەرپەرشتیاری کۆکردنەوەی ئەم نامانەی بێکێت، دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، بێکێت لەو نامانەیدا کە باسی ڕەوشی تەندروستی خۆی دەکات، بۆ نموونە ئازاری قاچەکانی، ئاستی ترپەی دڵی، هەڵئاوساویی و سووربوونەوەی پێستی، لەسەر ئاستێکی گەورە و گرینگی پێ دان هەڵگری ئاماژەکانی ئەون، وەک نووسەرێک.  ئەو کەسانەشی، کە مافی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی نووسەریان هەیە، بیروبۆچوونێکی تریان هەیە، بە ڕای ئەوان ئێمە بۆمان نییە سەبارەت بە تەندروستی و گرژییەکانی جەستەی نووسەر، هیچ شتێک بخوێنینەوە. هەروەها بۆشمان نییە هیچ شتێک سەبارەت بە نهێنی و پەیوەندییە دڵدارییەکانی و دونیای ئافرەتەوە بزانیین. ئەمەش شتێکی سەیرە، بەتایبەتی یەکێک لە بنەماڵەی بێکێت، بە ئارەزوی خۆی و بەبێ مۆڵەت بەوپەری سەربەستییەوە نموونە لە نامەکانی دەهێنێتەوە، بەکارییان دەهێنێت و بڵاویان دەکاتەوە. بۆ نموونە نابێت سەبارەت بەو پەیوەندییە دژوار و پڕ لە کێشەو دەردی سەرییەی بێکێت لەگەڵ “لویسا” کچەکەی جێمس جۆیس هەی بووە، لەوە زیاتر بزانیین کە بێکێت هەستی بە ئازاری ویژدان کردووە، لەبەر ئەوەی هەرگیز سەردانی نەکردووە، ئەو لەو بڕوایەدا بووە، کە سەردانی کردنی “لویسا” زیاتر بۆتە هۆی توڕەیی و بێزارکردنی.<٢>

بەڵام چیتر قسەکردن لەسەر (نامەکانی سامۆێیل بێکێت ١٩٤١-١٩٥٦ لە ئامادەکردنی: جۆرج کرەیگ، ماتا داو فەیسن فێلد، دان جوون و لۆویس مۆر ئۆڤەێیک، لە بڵاوکراوەکانی زانکۆی کەیمبریج یونیڤێرستیی پرێس، ٨٨٤ لاپەرە) کەڵکی نییە. <٣>

ئێمە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر، نزیکەی پانزە هەزار نامەی ترمان دۆزیووەتەوە، کە لەلایەن سەرپەرشتییار و دەستەی نووسەرانێکی تایبەتمەندەوە، بە ڕەنج و تەقەلایەکی زۆر دەبێت سەرلەنوێ بنووسرێنەوە. ئەم دەستەیە دووپاتی ئەوە دەکەنەوە، کە لەگەڵ رۆژگاردا دەست و خەتی بێکێت گۆرانکارییەکی وەهای بەسەردا هاتووە، کە زۆر زەحمەتە بخوێندرێتەوە. لەم چاپەدا هەڵبژاردەیەک لە نامەکانی، کە نزیکەی دوو هەزار و پێنج سەد نامەو ڕستەی کورت لە خۆدەگرێت، بڵاودەکرێنەوە.

نامەکان، لێک دانەوە، ڕەوانبێژی و ڕوون کردنەوەیەکی تەواوی، وردو هەمەلایەنەش لە خۆدەگرێت، بۆ نموونە: کە بێکێت دەنووسێت ئەو دڵی زۆر بەوە خۆشە “شوگە ڕێی” بردوویەتییەوە، خوێنەر خێرا دەزانێت مەبەستی بێکێت لەم دڵ خۆشییەی چییە، کە ئەو یاریزانە، مەبەست “شوگە ڕێی”یە لە نۆی مانگی دوانزەی ساڵی ١٩٥٥دا، لە پێشبڕکێیەکدا دەبێتە پاڵەوانی جیهانی لە کێشی ناوەند، بەوەی بە پۆکسێک “کارل بۆب ئۆڵسن” دەبەزێنێت.<٤> بەشێکی زۆری نامەکانی ئەم قۆناخە بە زمانی فەڕەنسی نووسراون؛ لەم چاپەدا ئەو نامانەی کە لە بنچینەدا بە فەڕەنسی نووسراون، وەرگێردراویشن بۆ سەر زمانی ئینگلیزی و پێکەوە بە فەڕەنسی/ئینگلیزی بڵاودەکرێنەوە.

بەرگی یەکەم، کە نامەکانی نێوان ساڵانی ١٩٢٩-١٩٤٠ لە خۆدەگرێت، لە مانگی دوانزەی ساڵی ٢٠٠٩ دا بڵاوکراونەتەوە، ئێستاش کاتی بڵاوکردنەوەی بەرگی دووهەمە، کۆی نامەکانیش لە چوار بەرگدا کۆکراونەتەوە. بەرگی دووهەمی نامەکان لە ساڵی ١٩٤٠ەوە دەست پێ دەکات و لە ساڵی ١٩٥٦دا کۆتاییان پێ دێت – ئەو ساڵەی، کە بێکێت پەنجا ساڵەی تەمەنی پڕ دەکاتەوە. بێکێت بەم شێوە کورتە گوزارشتی لە پەنجا ساڵەی تەمەنی خۆی کردووە: “هەژدە هەزار رۆژ، بەڵام هیچ شتێکی ئەوتۆم نییە پێشانی بدەم.”

ئەم بەرگەی نامەکان تەنها لە ڕووی تێئورییەوە لە ساڵی ١٩٤٠ەوە دەست پێ دەکات، لەبەر ئەوەی لە کاتی ساڵانی شەڕی جیهانی دووەمدا، بێکێت پەیوەندی لەگەڵ جووڵانەوەی رزگاری خوازی فەڕەنسی، دژی نازییەکان هەبووە؛ بۆیە هیچ نامەیەک لەم قۆناخەو لەو ڕۆژگارەی ژیانیدا بەردەست نەکەوتووە، ئەوەی هەش بووە لە ناوچووە. لەبەر ئەوە بە ڕاستی کتێبەکە، لە دەوروبەری ١٧ی مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٥ەوە دەست پێ دەکات، ئەو دەمەی بێکێت گەڕاوەتەوە بۆ ئەپارتمانەکەی خۆی لە پاریس، لە ناوچەی rue des Favorites.<٥>

بێکێت لە ساڵی ١٩٤٥دا تا ئاستێکی سنووردارو لە ناو گروپێکی بچوکی ئەدەبی، کە تەنها چەند کەسێکی دەستەبژێر “نوخبە” دەبن، ناسرابوو. لەو دەمەدا بێکێت دوو رۆمانی نووسی بوو: “وات” Watt و “مۆرفی” Murphy، هەروەها چەند پارچە شیعرێک و باسێکی کورت سەبارەت بە “مارسێل پرۆست” گەرنا لە ناوەندە ئەدەبی و هونەرییەکەدا، بەشێوەیەکی گشتی کەسێکی نەناسراو بووە.<٦> بەڵام لە پڕ لە ساڵی ١٩٥٦دا دەبێتە شانۆنامەنووسێکی بەناوبانگ و جیهانی؛ هەر لەم کاتانەشدا بڕوانامەیەکی ئەکادیمی لەسەر کارەکانی نووسرا بوون. هەر لێرەوە بێکێت کتووپڕ بانگهێشتی ئەکادیمیەو ئاهەنگە فەرمییە گەورەکان، لە هەموو جیهانەوە دەکرا. لەم قۆناخەدا، بەشێوەیەکی گشتی ئەوەی هەبووە، ئەوەی کە بێکێت-ی پێ ناسرابوو، تەنها بێکێتی شانۆنامەنووس بووە، بێکێت وەکوو نووسەری دەقە شانۆییەکانی “بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ” و “کۆتایی گەمە” و “ڕۆژە بەختیارەکان” ناوبانگی بڵاوبووبووەوە.<٧>

لەگەڵ ئەوەشدا، من دەمەوێت لێرەداو بەوپەڕی دڵنییاییەوە دووپاتی ئەوە بکەمەوە، کە ناوبانگە گەورە پرشنگدارەکەی بێکێت، وەکوو بلیمەتێکی مەزنی ئەدەبی سەدەی ڕابردوو، بە پلەی یەکەم ناگەڕێتەوە بۆ دەقە شانۆییەکانی، بەڵکو بۆ ڕۆمانەکانی یان بۆ ئەوەی، کە دەکرێت ئەمرۆ بە سێینە ئاماژەی بۆ بکرێت، دەگەڕێتەوە. ئەو دەقە لیریکییانەی، کە بێکێت لە ماوەی ئەو ساڵانەدا بڵاوی کردبوونەوە، بریتی بوون لە: “مۆلۆی” ، “مالۆن دەمرێت” و “ئەوەی ناو نانرێت”. <٨> بێکێت لەم سێینەیەدا قۆناخ بە قۆناخ، پلە پلە هەموو جۆرە کەل و پەلە دەرەکی و ئێکسسوارەکانی هونەری ڕۆمان، کە بە تەکنیک ئاماژەی بۆ دەکرێت، وەلاوە ناوە، لە کۆتایدا تەنها دەنگێک ماوەتەوە کە زیاتر بەرەو تاریکی ڕۆیشتووە و لەناو بێ دەنگیدا منگە منگی کردووە تا بەتەواوی بزر بووە. ئەم نووسەرە، لە ساڵی ١٩٦١ بە شاکارێکی پەخشان ئامێزی گەورە، بەناوی “ئەوە چۆنە” زیاتر لەم جۆرە تەکنیکەو فۆرمەکانی سێینەکەی نزیک دەبێتەوە. بە بۆچونی من و لەو مێژووی ئەدەبە تایبەتییەی، کە من خۆم ڕێکم خستووە، بێکێت و خۆرخێ لویس بۆرخێس دوو نووسەری دانسقەو بێ هاوتان. <٩>

هەر لەم قۆناخەدا بێکێت سەرپەرشتیار و خاوەنی دەزگای چاپەمەنییە فەڕەنسییەکەی “ژیرۆم لیندۆن” لە “ئێدیتیون دێ مینوی” Editions de Minuit  دەبینێت، لیندۆن دەست بەجێ هەست بە گەورەیی بێکێت دەکات، هەر لیندۆن خۆشی هەموو پەیوەندییەکانی دەرەوەی بۆ دەبات بەڕێوە، هەوڵی ئەوەش ئەدات، کە بەرهەمەکانی بەشێوەیەکی بەربڵاو، بەهەموو ئامرازە بەکارهێنراوەکان بڵاوبکاتەوە. لەهەمان کاتدا ئەم دەزگایە بێکێت لە هەموو جۆرە کەناڵە دەرەکییەکان بە دونیای دەرەوە دەپاڕێزێت، کە بێکێت بە هیچ شێوەیەک نەی دەوویست هیچ لە بارەیانەوە بزانێت، لەوانەشە کە بێکێت هەر نەشی توانیبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکات و ڕێکیان بخات.

ئەو بوونەوەرانەی لەم نامانەدا دەردەکەون و ئەو کەسانەشی، کە نامەکانی بۆ نووسیون، کەسانێکی تایبەتمەندو نزیکی بوون، دەرگاکانی ژیانی بۆ چەند کەسێکی نزیک و خۆشەویستی خۆی کردۆتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە هەموو شێوەیەک کەسانێکی تری لە دەرەوەی ئەو پەیوەندییانەوە هێشتۆتەوە.

لەم بەرگەدا سنووری هاوڕێیەتییەکەی لەگەڵ لیندۆن و بەرپرسی دەزگای چاپەمەنییە ئەمەریکییەکەی “بارنێ ڕوسێ” گەورەو بەربڵاو دەبێت، هەروەها چەند کەسێک لە شانۆکاران و جیهانی هونەرو چەند هاوڕێیەکی دێرینی ڕۆژانی دبلن، تا ئەوکاتەش پەیوەندی پێیانەوە ماوە. هەر لەم ساڵانەدا بێکێت بە تەواوی هەموو پەیوەندییەکانی خۆی بە زێدی باو و باپیرانییەوە “ئێرلەندە” دەپچڕێنێت. بێکێت هەر بەر لەم پەیوەندی پچڕانەوە، بە وڵاتەکە خۆیەوە دەست بەرداری زمانەکەی دەبێت، کە زمانی ئینگلیزی بووە، بۆ ئەوەی لەبری ئەوە زمانی فەڕەنسی بکاتە زمانی پەیڤ و نووسینەکانی.<١٠>

هەر لەم کاتەشدا، براکەی لەسەرەمەرگدا دەبێت، بێکێت لە دبلنەوە نامەیەکی ناردووەو دەڵێت: “بەم زوانە من تەنها کەسێک دەبم لە خێزانەکەمان، کە لە ژیاندا مابێت، هیوادارم هەرگیز پێویست نەکات جارێکی تر بگەڕێمەوە.”<١١> بێکێت تێگەیشتنی بۆ بەرهەمەکانی فرە واتاو پەرش و بڵاوە، خۆی دووپاتی ئەوە دەکاتەوە، کە قێزی لێیان دەبێتەوە، بەمەش مەبەستی ئەوەیە، کە لەدوای پەنجا ساڵ تەمەنییەوە لەسەر ئەم گۆی زەوییەمان، هیچ شتێکی ئەوتۆی نەنووسیوە، کە شایانی پێشان دان بێت. خودا لەو کەسانە خۆشبێت، کە بەبێ ئەوەی داوای مۆڵەت بکەن پەنجەیان لە کارەکانییەوە ژندووەو گۆڕیویانە. بەڵام لە کاتێکدا “سیمۆن دی بۆڤوار” و دەزگای “لێی دۆ مۆدێغنا” –واتە زەمەنی سەردەم- کە دەزگایەکی فەرەنسییە، دەیانەوێت تەنها نیوەی یەکەمی “سویت” Suite بڵاوبکەنەوە، بێکێت نائومێدو بێزار دەبێت؛ جارێکی تر بە تەواوی توڕە و شێتگیر دەبێت، کە دەزگایەک بەبێ مۆڵەتی ئەو گۆڕانکارییان لە تێکستەکەیدا کردووە. بێکێت دەیەوێت ئەو دەزگایە بدات بە دادگا، لەم بارەشدا، هەر دەبێت “لیندۆن” بە هەموو شێوەیەک ئارامی بکاتەوە.  ئەم دوو جارە، تەنها ڕووداوێکە، بە لایەنی کەمەوە کە بێکێت لەم ساڵانەدا، بە تەواوی لە نامەکانیدا توڕە و بێزاری دەردەبڕێت، گەرنا لە زۆربەی نامەکاندا، وەکوو کەسێکی نەرم و ڕەشبین دەردەکەوێت. دەبێت مرۆڤ هیچ چاوەڕوانییەکی سەبارەت بەم نامانە نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا تووشی نائومێدی دەبین، لە کاتێکدا “روبێرت پینییەت” کە نووسەرێکی هاوڕێ و هاوکاری بووە، دەیەوێت ڕاوێژی پێ بکات، بێکێت بەم شێوەیە وەڵامی ئەداتەوە: “خۆت بڕیار بدە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانیت، کە هەر چارەسەرێک هەڵبژێریت و هەر بڕیارێک بدەیت، لە کۆتایدا هەر پەشیمان دەبیتەوە.”  سەرکەوتن و نەهاتیی لەسەر ئاستی جیهان، بەهیچ جۆرێک کاری لە کەسایەتی بێکێت نەکردووە. ئەوەی ڕاستیش بێت، ئەو زیاتر لە ناو ئەو کەسانەدا هەستی بە ئارامی کردووە، کە تووشی نە هامەتی هاتوون و لە خوارەوەی هەرەم و ئاستەکانی کۆمەڵگادا بوون؛ سەرکەوتنەکانی “بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆ” وەش، بەڕای ئەو تەنها ڕەوشێکی هەڵەو بە هەڵە حاڵی بوونە. یەکێک لە هاوڕێکانی پێی دەڵێت “تۆ هەرگیز وشەیەکی خۆش و باشت نییە، کە بە کەسانی تری بڵێت، جگە لەوانە نەبێت کە کەسانی سەرکەوتوونین.”

ڕەنگە خوێندنەوەی نامەکانی نووسەرێک، جێگای بیۆگرافیاکەیمان بۆ نەگرێتەوە، بەڵام ئەو نامانە هەستێکی بەهێزی ئامادەبوونمان پێ دەبەخشن، کە زۆر کەم یان ستەمە، بیۆگرافیاکان بتوانێت ئەو بەرئەنجامە بەدەست بهێنێت. ئێمە نامەکان بە دزی بێکێتەوە، تا ڕادەیەک لە زەمەنی ڕاستەقینەی خۆیاندا دەخوێنینەوە، بەم شێوەیەش مرۆڤ ڕاستەوخۆ دەچێتە ژیانی بێکێتەوە، کە هەرگیز ئەو بوارەمان بۆ نارەخسێت.

وەک لەوەوبەر گووتمان بێکێت هەموو چاوەڕونییەکانی دونیای دەرەوە کپ دەکات و دەیەوێت بەوپەری تواناوە، دونیای دەرەوە بە ڕووی خۆیدا، بەبێ ئەوەی بە تەواوی دوور بکەوێتەوە لە هەندێک لە پەیوەندییە نزیکە کۆمەڵایەتییەکانییەوە دابخات؛ هەر لەم ڕووەوە بەم شێوەیە باسی خۆی دەکات: “زۆر ماندوو، گێل، پیس، پیرو بێ ویست.” جار لە دوای جار، لە کۆتایی ئەم قۆناخەی، کە نامەکانی دەگرێتەخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە ئەو بۆ چەندین ساڵە هیچ شتێکی نەنووسیووە، بیریش لەوە دەکاتەوە، کە نازانێت ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرلەنوێ توانای نووسینی دەبێت. کە ئەو دەنووسێت، بۆ ئەوە نییە مەبەستی شتێک بووە: “مەبەست لەو وشانەیە، کە ئەرکی سەرەکییان گەیاندنی مانایەک نییە، بەڵکو –بەد هیواخوازم- شەڕ کردنێکی بێ ئاکامە دژی ئەو بێ دەنگییە.”

لە کارو بەرهەمەکانی بێکێت دا، هیچ جۆرە هێماگەلییەک نییە؛ ئەو ئەوە دەڵێت کە مەبەستییەتی، نە زیاد و نە کەم.<١٢>  ئەو کورتبینییەی، کە بۆ توانای زمانەکەی و ئێستاتیکا خەڵوەتگەرانەکەی هەیەتی، یەکێکن لەو هۆکارانەی کە ئەو بە هیچ شێوەیەک مل بۆ ئاوازدانان و ئاوازاندنی دراماکانی نەدا. بێکێت بۆ چەندین جار گوزارشتی لەوە کردووە، کە ئەو بە هەموو شێوەیەک دوورەوپەڕێزە لە هەموو جۆرە هەوڵێکی تێکەڵاوکردن یان پێکەوە بەستنی هونەرە جۆراوجۆرەکان. بۆ ئەو دراما تەنهاو تەنها وشەو کردارە. جارێکیان بێکێت، کە بە ڕادیۆ گوێی لە “ئەندرۆماک”ی ڕاسین دەبێت، دەڵێت تەنها وشەیە، بەڵام چ وشەیەک! دەکرێت بەم شێوەیەش، لەسەر ئاستێکی بەرز ئاماژە بۆ تێکستەکانی بێکێت خۆشی بکرێت،زۆرجار بۆ ئەوەی چەمکێک بەکاربهێنین، کە زۆر کەم پابەندە بە بەرهەمەکانییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بێ کۆتا و تا ئاستێکی باڵا جوانە. ئەمە بەشێک لە نامەکانیشی دەگرێتەوە،کە لە فۆرمێکی سادەی پەیڤی رۆژانەوە، سەبارەت بە کاروباری ژیانی ڕۆژانەوە، دەپەڕێتەوە بۆ سەر جۆرێک لە ئاخاوتنێکی فرە نایابی، فرە مانای مینیماڵی. بەشێکی گرینگی نامەکان سەبارەت بە نەمایشە جۆراوجۆرەکانی شانۆنامەی “بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆ” و چۆنییەتی دابەش کردنی ڕۆڵەکانییەتی، هەروەها لە هەندێک لە نامەکاندا باسی پلانی نەمایشەکەی “باستەر کیتین” و “مارلۆن براندۆ”  دەکرێت کە لە نیویۆرک دەبوایە نەمایش بکرایە، بەڵام ناگەنە هیچ ئەنجامێک و نەمایشەکەش پێشکەش ناکرێت. لە لەندەنیش هەمان چارەنووس رووبەرووی پلانەکانی “ئاڵێک گینیس” یش دەبێتەوە، بەڵام لە نێو ئەم نامانەدا باسی نەمایشێکی ئەڵمانی “بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆ”ەوە دەکات، کە لە یەکێک لە بەندیخانەکاندا و لەلایەن بەندەکانەوە بینراوە، دڵ خۆشییەکی ئێجگار گەورە بە بێکێت دەبەخشێت.<١٣>  لەم نمایشەدا ئەکتەرە گەورەو بە نازەکان رۆڵی پۆزۆ و لەکی و ئێستراگۆن و ڤلادیمیر نابینن، بەڵکو لە زۆر ڕووەوە، بە تایبەتی ئەو کەسانە رۆڵەکانییان بینییووە، کە خەڵکانی خواری خوارەوەی کۆمەڵگاو کەسە پەراوێزخراوەکان بوون، کە بێکێت بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە خۆی لە واندا بینییوەتەوە. هەروەها بێکێت نەمایشێکی تر لە نیۆیۆرک زۆر سەرنجی ڕادەکێشێت، کە هەموو رۆڵەکان لەلایەن ئەکتەری ڕەش پێستەوە بینراون: “پیاوی گەورەی ڕەش… تەماشاکەن (لەکی)یەکی دوو مەتر و دوانزە سانتیمەتری!”

زۆر بڵێییەک لە نامەکاندا هەیە، بە تایبەتی کە باس دێتە سەر گفتوگۆی یەکەم هەنگاو و یەکەم نەمایشەکانی “گۆدۆ” لە سەر شانۆکانی جیهان. لەلایەکی ترەوە ئەم زیادە رۆییە ئەو هەستە بە خوێنەران دەبەخشێت، کە ئامادەی خوڵقاندنی مێژووی شانۆ-و ئەدەب ببن.<١٤>

 بێکێت لەگەڵ “سوزان دیشۆڤۆ دومینیل” دەژیا، کە لە هەفتاکاندا، لە کاتە سەختەکانی ژیانی دا بە کاری بەرگ درویی یارمەتی بژێویی ژیانی دەدا، کە بێکێت چەند ساڵێک دوای بەرگی دووەمی نامەکان، بە تەواوی هاوسەرگیری لەگەڵ دا دەکات. هەروەها ئەم ئافرەتە هەمیشە لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو جەنگەدا بووە، کە بێکێت ڕەزامەندی بۆ هیچ جۆرە چاوپێکەوتنێک دەرنەبریووە. دواتر “سوزان دیشۆڤۆ دومینیل” پاداشتی نۆبڵی ئەدەبی، کە بێکێت لە ساڵی ١٩٦٩دا وەری گرت، بە “کارەسات” ناوزەد دەکات، چونکە ئەو پاداشتە بێکێت-ی کردە کەسێکی ناودار و جۆرە فەرمییەکی جیهانی پێ بەخشی، ڕۆڵێک کە بێکێت بە هەموو توانایەکییەوە ڕەتی دەکردەوەو هەرگیز ئامادە نەبوو ئەو ڕۆڵە ببینێت.<١٥>

هەروەها هەر لەم ساڵانەدا، کە هێشتا ناو و ناوبانگە گەورەکەی بە تەواوی ئەوی بێزار نەکردبوو، بەوپەری تواناوە خۆی لە چاوی میدیاو ناوەندە رۆشنبیرییەکان دەشارێتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش خانوویەکی بچوک و ساکار، چەند میلێک لە دەرەوەی پاریس بە کرێ دەگرێت. لە “قوڕاوی کەنار ڕووباری مارن”دا، کە لەوێ هەموو کاتەکانی خۆی بۆ کێلانی زەوی و چاڵ هەڵکەنن تەرخان کردبوو، بە درێژایی ڕۆژ و بەوپەری خۆشحاڵییەوە، لەبری ئەوەی باسی پرۆسە و دەقە شانۆییەکانی بکات، کە رۆژ بە رۆژ ناوبانگیان بە هەموو جیهاندا بڵاودەبووەوە، باسی ئەو چاڵانە دەکات کە هەڵی کەندوون و باسی ئەو زەویانە دەکات کە کێلاونی.<١٦>

بێکێت لە نامەیەکی دا بۆ هونەرمەند “برام فان فیڵدا” بە تایبەتی کە زۆر ستایشتی کارەکانی ئەوی کردووە، دەڵێت: “من بە دوای ڕێگایەکدا دەگەرێم تا کۆڵ بدەم، بەبێ ئەوەی بە تەواوی بێ دەنگ بم.” لەوانەیە ئەمە گوزارشتێکی تەواو بێت لە پڕۆژە ئەدەبییەکەی بێکێت.<١٧>

گەر مرۆڤ نەیزانییایە بێکێت بەردەوامە لە نووسیندا، بە تایبەتی لەو فۆرمە چڕو کورت و داماڵڕاوەدا، ئەوە لەو بڕوایەدا دەبووین، کە هەر لە ناوەڕاستی پەنجاکاندا کۆتایی بە کاری نووسین هاتبوو، بێکێت هەر لەم ڕۆژگارانەدا، سەبارەت بە خۆی گوتوویەتی: “هیلاکییەکی زۆر و پێویستی بە تاریکی و تەختە نووستنێکی باریک و هێدی هێدی دەست بەردار بوونی هەموو شتێک.” یان تاکە ئاواتی ئەوەیە لە دەرەوە خۆی بخاتە ناو قوروچڵپاوەکانەوەو ڕوو لە مانگ بلوورێنێت. هەندێک جار هەر لە فیگورێکی بەرجەستەکراوی ناو ڕۆمانێک دەچێت. “وات” و “مۆرفی” دەکرێت زۆر بە ئاسانی، شتێک لەم ستایلە بڵێن: “من بەشێوەیەکی ترسناک ماندوو و سڕم، بەڵام هێشتا بە تەواوی ماندوو و سڕ نەبووم. نووسین شتێکی هەر زۆر نەشیاوە، بەڵام هێشتا هێندە نەشیاو نییە.” مرۆڤ لێرەدا تا ئاستێکی باڵا، هەست بە دوا وشەکانی لە “ئەوەی ناو نانرێت” دەکات: ” من ناتوانم بەردەوام بم، من بەردەوام دەبم.”

لەوانەیە هەندێک کەس وا بیر بکەنەوە، کە خوێندنەوەی ئەم نامانە هەست و سۆزێکی پڕ لە دڵە ڕاوکێ و ڕەش بینی دروست دەکات، هیچ شتێک هێندەی ئەم بیرو بۆچوونە هەڵە نییە، لەلای بێکێت جۆرە مەوداو دوورە پەرێزییەک و جۆرە تیژبینی و هۆشمەندییەک هەیە، کە ئاسوودەیی دەبەخشێت و ئارام گیرە. ئەدەبێکی گەورەو مەزن هەرگیز دڵ پەشێوو خەمگیین نییە، با چەندە ڕەش بینیش بێت.

شتێکی ئاشکرایە بێکێت جیهان وەکوو جۆرە گەمەی مەیمون-ێک دەبینێت، کە بەبێ ویستی خۆی ناچار دەکرێت بەشداری تیا بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست بە هەموو ئەو کەسە داماوو بێ ویستانە دەکات و بەرگریشیان لێ دەکات، کە ناچار دەکرێن بە شداری بکەن، هەر وەک بەزەیی بەو کرمانەشدا دێتەوە، کە لە کاتی چاڵ هەڵکەندندا، بە هەموو شێوەیەک هەوڵ ئەدات ئازاریان پێ نەگەیەنێت. بێکێت ئازارو پەژارەکانی مرۆڤی ئەدی.

لە ڕوانگەی ئەو تێ گەیشتنەیەوە، هەر لە ساڵی ١٩٤٩ دا، چل ساڵ بەر لە مردنی، بەرجەستەی پرۆژە موراڵی و ئێستاتیکییەکەی خۆی کردووە: “من چیتر مل بۆ هیچ کردارێک نادەم، کردارێک نەبێت بە تاڵ لە هیواو قاییل بە لەعنەتی خۆی.”

سەرچاوە:

SvD, Understrecket. Becketts brev offentliggor ensligt skapande av Carl Rudbeck. 2012

پەراوێزەکانی وەرگێر

١-سامۆێیل بێکێت لە ساڵی ١٩٠٦ لە دایک بووە، خێزانەکەی دەوڵەمەند و ناسراو بوون و ژیانییان لە ناوچەی “فۆکس ڕۆک” لە دەرەوەی شاری دبلن بەسەر بردووە، خانەوادەکەی، چ دایکی و چ باوکی سەر بە بنەماڵەیەکی ئێرلەندی پرۆتستانتی بوون. بێکێت لە باشترین قوتابخانەو زانکۆکانی ئەوکاتەی دبلن خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٢٦دا بۆ یەکمجار لە ڕێگای زانکۆکەیانەوە سەردانی پاریس دەکات. بێکێت لە زانکۆی ترینیتی لە دبلن، گرینگییەکی زۆر بە زمانە مۆدێرنەکان ئەدات و هەر لەم زانکۆیەدا زمانی فەڕەنسی و ئیتالی خوێندووە. بێکێت لەسەرەتای تەمەنیدا نووسینەکانی (دانتی) کارێکی زۆری تێ دەکەن، دواتر ئەو کاریگەرییە لە هەموو نووسینەکانیدا، بەشێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگ ئەدەنەوە. بێکێت بە نۆڤێلت، شیعر، لێکۆڵینەوەی ڕەخنەی ئەدەبی و دواتر بە ڕۆمان دەستی کردووە بە نووسین، هەرچەندە ڕۆمانەکانی گەلێک گرینگن و جێگای سەرنج و تێروانینن، بەڵام بێکێت زیاتر بە شانۆنامەکانی ناوبانگی جیهانی بە دەست دەهێنێت.

٢-لویسای کچی جێمس جۆیس هونەرمەندێکی بەهرەمەند و بەسەلیقە بووە، زۆر نزیک بووە لە رۆحی باوکییەوە و جۆیس بەهاو خۆشەویستییەکی تایبەتمەندی پێ بەخشیوە. بەڵام لویسا تەوازنی هەست و مێشک لەدەست ئەدات و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە نەخۆشخانەی دەروونی دەمێنێتەوە. ئەم بارو و رەوشەی لویسا جێمس جۆیسی توشی پەژارەو بارێکی خراپی دەروونی کردووە.

٣- بەرگی یەکەمی نامەکانی بێکێت، ئەو نامانە دەگرێتەخۆ کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤١ -١٩٥٦دا نووسیونی.

٤-مەبەست لەم پێشبڕکێییە “شەرە بۆکسێنە” کە بێکێت زۆر ئارەزووی لێ بووە. بێکێت حەزێکی زۆری بۆ یاری هەبووە و خۆی لە مەلەکردن، بۆکسێن و تێنسدا گەلێک بەتوانا بووە، ئەم بەهرەیەشی لە فرانکی برا گەورەی و باوکییەوە بۆ ماوەتەوە.

٥-کە جەنگی دووەمی جیهانی هەڵ دەگیرسێت، بێکێت و سوزان لە دبلن دەبن، بێکێت ڕاستەوخۆ بڕیاری گەڕانەوە بۆ فەڕەنسا ئەدات، دوای ئەویش بە چەند ڕۆژێک سوزانیش دەگەڕێتەوە بۆ پاریس. بێکێت لەم ڕووەوە وتویەتی (فەڕەنسام لە کاتی جەنگدا زۆر لەلا خۆشترە وەک لە ئێرلەندا لە کاتی ئاشتیدا.) دوای کەوتنی پاریس، بێکێت تێکەڵاوی هێزێکی بەرهەڵست کار دەبێت و دژی سوپای نازی کاردەکات. بێکێت لەو جەنگەدا ڕۆڵی کۆکردنەوەی زانیاری دەگێرێت، دەزگایەکی زانیاری کۆکردنەوەش دەکاتە بنکەی چالاکییەکانی خۆی. بۆ ئەم مەبەستە زۆر بە ووریایی میکرۆفیلم، بەڵگەنامەو دۆکیومێنت دەربارەی چالاکی و جووڵانەوەکانی هێزەکانی ئەڵمانیا، ڕەوانەی بەریتانیا و شوێنە باوەڕپێکراوەکانی تر دەکات. بێکێت بۆ کۆکردنەوەی ئەو زانیارییانە زۆر جار ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام سوور دەبێت لە بە ئەنجام گەیاندنی ئەو کارانە. لە ساڵی ١٩٤٢ دا کە شانەکەیان ئاشکرا دەبێت، بێکێت و سوزان ناچار دەبن ڕابکەن و خۆیان بگەیەننە ناوچە ئازادکراوەکانی فەڕەنسا و بۆ ماوەی دوو ساڵ بەنهێنی لە گوندە دوورە دەستەکانی ئەم وڵاتەدا ژیان دەبەنە سەر. بێکێت هەر لەم قۆناخەی ژیانیدا دەست دەکات بە نووسینی ڕۆمانی وات Watt، دوای جەنگیش دەگەڕێنەوە بۆ پاریس و حکومەتی فەڕەنسیش خەڵاتی جەنگ و مێدالیای ئازایەتی پێ دەبەخشێت. بێکێت دواتر ئەم قۆناخەی ژیانی دەشارێتەوە و ‌هێندە بە گرینگییەوە باسی ناکات و پۆزی پێ وە لێ نادات.

٦-بێکێت هەر لەسەرەتاوە بڕیاری داوە کە ببێتە نووسەر، بۆ ئەم مەبەستە هەموو ڕێگاکان تاقی دەکاتەوە، بۆ نموونە بەر لەوەی ئێرلەندە بەجێ بێڵێت کۆمەڵێک بابەتی سەنجڕاکێش دەنووسێت: باسێک دەربارەی جێمس جۆیس، شیعرێکی فەلسەفی سەبارەت بە دیکارت و بابەتێکی ڕەخنەی ئەدەبی بۆ ڕاڤەکردنی بەرهەمەکانی ڕۆمان نووسی گەورەی فەڕەنسی مارسێل پرۆست. دەبێتە مامۆستا لە زانکۆی ترینیتی، بەڵام هەر دوای ماوەیەکی کورت واز لەم زانکۆ گرینگە دەهێنێت و لەبری ئەوە گەشتێک بە ئەوروپادا دەکات و دواتر بە تەواوی لە پاریس جێگیر دەبێت. بێکێت لە پاریس تێکەڵاوی چینێکی بەرزی ڕۆشنبیر و نووسەرەکانی ئەوکاتەی پاریس دەبێت و ئەم ڕۆشنبیرانەش بەتایبەتی ڕۆمانی “مۆرفی” سەرنجیان ڕادەکێشیت. ڕۆمانی “مۆرفی” ئەتمۆسفێری کۆمیدیایەکی شێتانەی ڕەشی لەخۆگرتووە، مۆرفی کە پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە هەوڵ ئەدات لە پەیوەندییە خۆشەویستییەکانیدا دونیای ناوەوەو دەرەوەی خۆی ڕێک بخات، بەڵام مۆرفی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ژیانی واقیعی و خودی خۆی نییە، تا لەئەنجامدا لە یەکێک لە شێتخانەکاندا دەگێرسێتەوە و ژیانی لۆژیکی خۆی لە دەست ئەدات.

٧-بێکێت توانی بە شانۆنامەی “بەدەم چاوەڕوانیی گۆدۆ”وە ڕێچکە باوەکە بشکێنێت و فۆرمێکی نوێ و زمانێکی جیاواز بۆ هونەری شانۆ دابهێنێت. شانۆنامەکە هەر لەیەکەم نەمایشەوە دەبێتە هێماگەلی دەستپێکی نوێ بۆ شانۆی فەڕەنسی، شانۆی جیهانی و تەوژمی شانۆی ئەبسورد. بێکێت لەم شانۆنامەیەدا هەر لە سەرەتاوە لە هەموو سەرچاوەکانی شانۆی تەقلیدی دوور دەکەوێتەوە، زمانێکی تایبەت و ئەتمۆسفێرێکی جیاواز بۆ شانۆ دەخوڵقێنێت. لە “کۆتایی گەمە” دا کارەکتەرەکان چیرۆک و یادەوەرییەکانی خۆیان دەگێڕنەوەو بیر لە هەندێک شت دەکەنەوە، تەنها بۆ ئەوەی دەسەڵاتیان بەسەر بوونی خۆیان و دەوروبەرەکەیاندا بشکێت. هەندێک لە کارەکتەرەکانی ئەم دەقە لە ناو تەنەکەی خۆڵدا خۆیان دەشارنەوە. كارەکتەرە سەرەکییەکەی شانۆنامەی “ڕۆژە بەختیارەکان”یش لەبەشی یەکەمدا تا ناو قەدی و لە بەشی دووەمیشدا هەموو جەستەی لەناو لمدا دەنێژرێت.

٨-بێکێت لە ساڵی ١٩٥١دا ڕۆمانی “مۆلۆی” دەنووسێت، لە هەمان ساڵدا ڕۆمانی “مالۆن دەمرێت” دەنووسێت و لە ساڵی ١٩٥٣شدا ڕۆمانی “ئەوەی ناو نانرێت” بڵاودەکاتەوە. ئەو سێ ڕۆمانە پێکەوە سێینەیەکیان پێک هێناوە و یەکتری تەواو دەکەن، پسپۆڕو ڕەخنەگرەکانیش ڕۆمانی مۆلۆی بە سەرکەوتووترین بەرهەمەکانی بێکێت دادەنێن. ڕۆمانەکە بریتییە لە دوو بەش، لەبەشی یەکەمدا مۆلۆی دەگەڕێتەوە بۆ لای دایکی، هەرچەندە دوو قاچی پتەوو بەهێزی هەیە، بەڵام ناتوانێت پاسکیلەکەی بئاژوێ و لە ئەنجامدا ناچار دەبێت لەسەر سک بەرەو چاڵێک بخشێت. لەبەشی دووەمدا، مۆران دەگەڕێت بەدوای مۆلۆیدا، مۆران لە ڕێگادا ڕووت دەکرێتەوە و هەرچییەکی هەیە لە دەستی ئەدات و هەرگیز مۆلۆیش نادۆزێتەوە. لە دوا وێستگەکانی ڕۆمانەکەدا مۆران گۆڕانگاری بەسەردا دێت و وەک مۆلۆی لێ دێت.

٩-خۆرخێ لویس بۆرخێس نووسەرێکی گەورەی ئەمەریکای لاتینە، لە ئەرجەنتین لە دایک بووە و لە سویسرا کۆچی کردووە. ئەم نووسەرە گاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی بەسەر ئەدەبی جیهانییەوە هەیە و بەرهەمەکانی وەرگێرڕاونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دونیا.

١٠-دەتوانین بڵێن کە بێکێت سەر بە دوو کلتووری جیاواز بووە؛ ئینگلیزی و فەڕەنسی، زمانی هەردوو کلتوورەکەشی باش زانیووە. ئینگلیزی کە زمانی دایکی بووە، لە دبلن و قوتابخانەکانی ئەو وڵاتەدا زمانێکی ستانداری ئەدەبی بەرز فێردەبێت. ووریایی لە زمان و خوێندنەوە بەردەوامەکانی، زمانە ئەدەبییە ئینگلیزییەکەی دەگەیەنێتە ئاستێکی بەرز و سەرەتای نووسینەکانیشی هەر بەم زمانە دەبێت. بەڵام زمانی فەڕەنسی سەربەستییەکی تر و دەروازەیەکی جیاوازتری پێ دەبەخشێت، دەرگاکانی فەڕەنسا و شاری پاریسیان بۆ دەکاتەوە؛ زمانی فەڕەنسی بۆ بێکێت دەبێتە زمانی عەشق و داهێنان. كە هێدی هێدی لە زمانی ئینگلیزییش دوور دەکەوێتەوە، زمانی فەڕەنسی دەبێتە زمانی یەکەمی، بەڵام بێکێت  بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی هەردوو زمانەکە بە باشی بەکاردەهێنێت، بۆ نموونە هەر خۆی و زۆر بە سەلیقەوە بەرهەمەکانی لە فەڕەنسییەوە وەردەگێڕێتە سەر ئینگلیزی و لە ئینگلیزیشەوە بۆ سەر زمانی فەڕەنسی. ئەم زمان زانیینەو گەمەکردنە لە نێوان ئەم دوو زمانە گەورەیەدا، بەرهەمەکانی گەلێک دەوڵەمەند کردووەو ئاسۆی بیرو بۆچوونەکانیشی فراوانتر کردووە.

١١-بێکێت و فرانکی برای لە ئێرلەندە پێکەوە زۆر بە ئاسودەیی ژیاون و هەمیشە خەریکی یاریکردن بوون. فرانک بێکێت لە ساڵی ١٩٥٤دا دەمرێت و بەم شێوەیەش بێکێت هەموو پەیوەندییەکانی بە ئێرلەندەوە بە تەواوی دەپچڕێنێت.

١٢-ڕیژیسۆری بەریتانی پیتەر بروک، کە کاریگەرییەکانی بێکێت-ی بەسەرەوەیەو چ لە ڕووی تەکنیک و چ لە ڕووی خستنە سەر شانۆی دەقەکانی، کاری لەگەڵ دونیای بێکێت کردووە، سەبارەت بە هێماگەلی بێکێت دەڵێت “بێکێت دەتوانێت  وێنەیەک پێشکەش بکات، کە سەر بە تەختەی شانۆیە، هەروەها پەیوەندی و ئامرازەکانیش؛ هەمووی لە ئەزموونێکی چڕی تیژەوە سەرچاوە وەردەگرێت، لە بریسکەیەکدا کە ژیانی تێدایە، بەڵام خۆی ئاشکرا ناکات. هێماگەلی بێکێت بەهێزە لەبەر ئەوەی ناتوانین بیانگرین، زۆر دوورە لەوەی کە تەنها کۆمەڵێ جیهانی لێک چووی وەک کتێبی قوتابخانەکان یان نەخشەو وێنە دیاریکراوەکان بێت، بەڵکو شانۆنامەکانی زۆر بە ئاسانی ئەفراندنی ئەدەبییە.

١٣-لە سوێدیش بە چاودێری و ڕەزامەندی بێکێت، هونەرمەند (یان یۆنسۆن) لە بەندیخانەکاندا کاری لە سەر شانۆنامەی “بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆ”وە کردووە. لەو نەمایشەدا تێکرای ڕۆڵەکان لەلایەن بەندەکانەوە بینراون، دوای نەمایشەکەش هەموو هەڵدێن. ئەم ڕووداوە بێکێت گەلێک خۆشحاڵ دەکات. یان یۆنسۆن سەرلەنوێ لە ئەمەریکاو لە بەندیخانەکانی ئەو وڵاتەدا، لە ژێر چاودێرییەکی توندوتیژدا، لەگەڵ بەندەکان “بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆ”وە نەمایش دەکات. بۆ زیاتر شارەزابوون لە وردەکارییەکانی ئەم ئەزموونە سوێدیە بڕوانە کتێبی “شانۆی سوێدی” بە تایبەتی “هەندێک لە ساتەوەختەکانی واقیع” لە نووسینی دانا ڕەووف.

١٤-شانۆنامەی “بە دەم چاوەڕوانیی گۆدۆ”ەوە باسی دوو کەس، ڤلادیمیر و ئێستراگۆن دەکات. ئەم دوو کەسە بە دەم چاوەڕوانی کەسێکەوە کە ناوی (گۆدۆ) یە داڵدەی یەکتر ئەدەن و وتووێژەکانیان لە نێوان هەڵوێستەی کۆمێدی، بێ ئومێدی، هیوا و بێ هیواییدا دەسوڕێتەوە. گۆدۆ پێی ڕاگەیاندوون کە دێت، بەڵام هەرگیز دەرناکەوێت. هەر لەم سەرەڕێگای چاوەڕوانییەدا لەکی و پۆزۆ دەبینن، لە کۆتایی بەشەکانیشدا منداڵێک دێت و پێیان ڕادەگەیەنێت، کە گۆدۆ ئەمڕۆ نایەت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سبەی دێت. لەسەر شانۆکەش تەنها درەختێکی وشکی بێ گەڵا هەیە، بەڵام لەبەشی دووەمدا ئەم درەختە وشکە گەڵای کردووە. بێکیت دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە، کە مەبەستی لە گەڵاکردنی درەختەکە هیچ جۆرە هیوایەک نییە و تەنها مەبەست لەوەیە کە زەمەن تێ پەڕیوە.

١٥-بێکێت ئامادە نەبوو ئەو پاداشتە گەورە جیهانییە وەربگرێت، ئامادەش نەبوو سەردانی سوێد بکات و بە نامەیەک بە ئەکادیمیای سوێدی رادەگەیەنێت، کە پارەی پاداشتەکە بدەن بە هەژارەکانی دونیا.

١٦-“لە قوڕاوی کەنار ڕووباری مارن”دا ئەو تێکستەیە، کە بێکێت لەو خانووە بچوکەی دەرەوەی پاریس نووسیویەتی.

١٧-برام فان فیڵدا ١٨٩٥-١٩٨١ هونەرمەندێکی وێنەکێشی بەناوبانگی هۆڵەندییە، لە ساڵی ١٩٢٥ وە لە پاریس ژیاوە، لە ساڵی ١٩٦٥دا چووەتە سویسراو تا کۆچی دوایی دەکات لەوێی دەژی. تابلۆکانی ستایلێکی ئێکسپرێشنیزم، ئەبستراک و ئێکسنتیالیزمی لەخۆگرتووە.

لە سوێدییەوە بۆ کوردی