چێخەف-ێکی مۆدێرن

Chixof_389684054

Anton Pavlovich Chekhov

مەکسیم گۆرکی لە یەکێک لە نامەکانیدا کە بۆ چێخەفی ناردووە دەڵێت (ئەزانی ئێوە چی دەکەن؟ ئێوە خەریکی ئەوەن ریالیزم لەت و پەت دەکەن. باوابێت! بەدۆزەخ!)
مەکسیم گۆرکی هەست بە ریالیزمە تایبەتمەندەکەی چێخەف دەکات و دەزانێت شانۆنامەکانی رووە راستەقینەکەی ژیانی رۆژانە، بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، لە ئاستێکی تری واقیعدا بەرجەستە دەکات. پیتەر بروکیش لە شەستەکاندا دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە ناوزەدکردنی چێخەف وەک نووسەرێکی ناتورالیزم بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە. لەلای چێخەف وشەیەک، دەنگی مۆسیقایەک لە دوورەوە، هاتنە ژوورەوەیەکی لە پر و چاوەڕواننەکراوی کارەکتەرێک، بێزارییەکی کتوپر، دەنگێک لە پشت پەردەکانەوە، ماڵئاوایکردنێک، تاسە و ئارەزوی کەسێک،خۆشەویستییەکی بێ هیوا، هەنگاو لە دوای هەنگاو لە دەروازەکانی وەهمەوە زمانێکی تایبەت بەخۆی دەخوڵقێنێت کە بە تەواوەتی پریشکێکە لە وەهمەکانی ژیان.
کە لە شانۆی نەتەوایەتی دانیمارک، لە کۆپنهاگنی پایتەختی ئەم وڵاتە و دوای بینینی شانۆنامەی (نەورەس) ی چێخەف هاتمە دەرەوە، زیاتر لەم وتەیەی مەکسیم گۆرکی گەیشتم (ئێوە خەریکی ئەوەن ریالیزم لەت و پەت دەکەن.) نمایشەکە لە ئەتمۆسفێرکی مۆدێرندا دەسورایەوە و بە هەوای ئەم رۆ هەناسەی ئەدا.
خوێندنەوەی ئەم ریژیسۆرە گەنجە بە تەواوەتی پێچەوانەی خوێندنەوەکانی لەوەوبەر و دونیای چێخەفە. کارەکتەرەکان لە ریتمێکی خێراو لە ماوەی سەعات و چارەکێکدا بە نێو رۆڵەکانیاندا رادەکەن. سینۆگرافیای نەمایشەکە، نزیکە لە ئەتمۆسفێر و جیهانە کلاسیکییەکەی چێخەفەوە، بەڵام دیدی ریژی، سترکتوری کارەکتەرو بەرجەستەکردنی شانۆنامەکە لە ساتەوەختەکانی ئەم رۆژگارەماندا، چێخەف دەکاتە نووسەرێکی مۆدێرنی ئەمرۆی شانۆی جیهانی.
ڕووناکی لە پەنجەرە بەرزەکانی دیوارەکان و دەرگا شووشەییەکانەوە، بە شێوەیەکی شاقووڵی، راستەوخۆ و هەندێک جار لە تونێلێکی تەموومژاویدا دێتە ژوورەوە. بەڵام لەم ژوورانەدا هەست و سۆزی کەسایەتییەکان لە نائارامییەکی بەردەوامدایەو دڵەراوکێیەکی تۆقێنەر سیمای کارەکتەرەکانی گرتۆتەوە. دەست و پێوەند و کارەکتەری بەردەستەکان بوونێکی بەهێزیان هەیەو بە بەردەوامی بە نێو ماڵەکەدا، بەناو ژوورەکاندا و بە نێو رووداوەکاندا رادەکەن و بارودۆخێکی شپرزە و پشێوویی دەخوڵقێنن. کەنستەنتین وەک نووسەرێکی گەنج لە بزاڤێکی نەسرەوتدا گوێ لە مۆسیقا دەگرێت و دەیەوێت بیروبۆچوونە مۆدێرنەکانی بۆ کارەکتەرەکانی تر روون بکاتەوە و بانگەشەی هونەرێکی نوێ و جیاواز دەکات. ئەرکادینای دایکی کە ئەکتەرێکی دیارە، جگە لەوەی لە كێشەیەکی بەردەوامدایە لەگەڵ کەنستەنتینی کوری، بە بەردەوامی شەر لەگەڵ جانتاکانیدا دەکات و تورەیە، شپرزەیە، بەرەو شار و شانۆکان یان کێڵگەو باخەکەی دەرەوەی شار رادەکات. هەموو هەوڵێکی لەیەکتری نزیک بوونەوە و پەیوەندییە خۆشەویستییەکان لەلایەن خەڵکی راگوزار و دەست و پێوەندەکانەوە دەپچرێت و لە نێو شپرزەیی و راکەراکەو پشیویدا بزر دەبێت.
ژیان لەم نەمایشەدا بارێکی نائارامەو لە روانگەی کۆمەڵگایەکدا بەرجەستە دەبێت کە هەموویان زۆریان پەلەیە بژین، بەشێوەیەک فریای ئەوە ناکەون لەگەڵ یەکتری بدوێن و پێکەوە بژین. کەنستەنتین، ئەرکادینا، تریگۆرین، نینا، ماشا… هتد لە دووڕیانێکی تەنهادا و هەریەکەی لە دوورگەیەکی دابراوی خۆیاندا دەژین. ئەم کارەکتەرانە هەست و سۆزی خۆیان، پرۆژەکانیان، جیهانە تەنهاکەیان راویان دەنێت، بەشێوەیەک هەرگیز ئەم وزە تەنهایانە رووبەرووی ئەوانیتر نابێتەوە و هیچ بەرکەوتنێکیان لەگەڵ یەکتریدا نییە. هەر لەبەر ئەوەشە لەیەک حاڵی نەبوون تووشی کێشە، توورەبوون و لەیەکتر دابڕانیان دەکات.
هەرگیز چێخەف لە هیچ نەمایشێکی تریدا بەم شێوەیە لە ساتەوەختەکانی ژیاندا، لە چاوتروکانەکانی ئێستا و لێرەدا نەژیاوە و بە هەوای ئەمرۆ هەناسەی نەداوە.
بۆ ئەوەی چێخەف نەمایش بکرێت تەنها ئاستێکی بەرزی تەکنیکی پێویست نییە، بەڵکو دەبێت لەپاڵ ئەوەدا ئەکتەرەکانیش جۆرە قووڵییەکی خودی و تایبەتمەندی خۆیان هەبێت، ئەزموونێکی قووڵی راستەقینەو رۆحێکی راستەقینەش. ئەکتەرەکانی ئەم نەمایشە بەهەستێکی قووڵەوە، بە دڵ و ئەزموونێکی راستەقینەو تەکنیکێکی باڵاوە بەناو رارەوەکانی دونیاکەی چێخەفدا گوزەریان دەکرد.
ئێمەش ئەم ساڵ شانۆنامەی (خاڵە ڤانیا) لە وەرگێرانی (شیروان مەحموود محەمەد) لە زنجیرەی شانۆی بیانیدا بڵاودەکەینەوە. بە بڵاوکردنەوەی خاڵە ڤانیاش هەر چوار شانۆنامەکەی چێخەف: خاڵە ڤانیا، نەورەس، سێ خوشک و باخی گێلاسەکە کە راستەوخۆ لە زمانی رووسییەوە کراون بە کوردی بڵاودەکەینەوە.
بەڵێ راستە،ئێستا چێخەف لەهەموو کاتێک زیاتر ریالیزمی لەت و پەت کردووە!