لە شانۆ ئینتیمەکەی ستریندبێری، “ئانا پێتەرشۆن” لە نمایشێکی باڵاو ناوازەدا، بە تەنها ئەکتەر و ریژیسۆرە، رۆڵی هەر سێ کارەکتەرەکە “ژولیا”، “ژان” و “کریستین” لە شانۆنامەی خاتوو ژولیادا دەگێڕێت و لە دیمەنی کۆتاییدا، بەوپەری تووڕەییەوە ناڕەزایی دەردەبڕێت. <١> بۆ چی پێویستە “ژولیا” کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت و خۆی بکوژێت؟ <٢> بۆ چی “ژان” ئەو هەنگاوە نەنێت؟ ئەویش وەک “ژولیا” سێکسی کردووە، دەبووایە ئەویش بەهەمان شێوە بارێکی گران بووایە بەسەر شانییەوە؛ ئانا پێتەرشۆن، بەم شێوەیە گفتوگۆ لەگەڵ دەقەکە دەکات.<٣> ئەو وەک هاوگفتوگۆیەکی ئەمرۆ مامەڵە لەگەڵ شانۆنامە گرینگ و بەبایەخەکەی “ستریندبێری” دەکات، کە لە ساڵی ١٨٨٨دا نووسیویەتی. “پێتەرشۆن” دەقەکەی بە شێوەی کتێب بە دەستەوەیە،لەگەڵ خۆی تاوتوێی دەکات و بە بەردەوامی ئاماژەی بۆ دەکات.<٤> هەندێک لەبەشەکانی دەخوێندێتەوەو دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، دیمەنەکان پێشکەش دەکات و کارەکتەرەکان تاقی دەکاتەوە و لە هەمانکاتدا لەگەڵ بینەرەکانیدا لە پەیوەندییەکی چاپووک و خێراشدایە. <٥> کە دەقەکە بەم شێوەیە لەسەر شانۆ بەرجەستە بکرێت، لەهەمانکاتدا پەیام و هێزە بنەڕەتی و گەورەکانی دراماکەش، وەکوو خۆی بگەیەنێت، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئاوگۆست ستریندبێری “خاتوو ژولیا”ی وەک زنجیرە رووداوێک نووسیوە، کە تێدا فیگور و کارەکتەرەکان، بەشێوەیەکی سروشتی کاردانەوەیان بۆ ململانێکانی ئەمرۆمان دەبێت. <٦> ستریندبێری بۆ خوڵقاندنی کارەکتەرەکانی، بە ئاگاییەوە لە شێواز و فۆرمە کلێشەیی و تەقلیدییەکانی ئەو رۆژگارە دوور کەوتۆتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەکرێت بەسانایی “خاتوو ژولیا” بەوپەری ئازادییەوە بگوێزرێتەوە بۆ ناو ژوورە مۆدێرنەکان و خۆی لە هەموو جۆرە بنەما کۆمەڵایەتییەکاندا دابڕێنێت و جیابکاتەوە.
هەموو نەمایشێکی نوێی “خاتوو ژولیا” ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە نوێیەکان، شوناس و سیستەمی داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانە، هەر لەبەر ئەوەشە هەموو ئەو نەمایشانەی، کە لە وڵاتانی جیاوازی ترەوە پێشکەش دەکرێن، جێگای سەرنجن و پێویستە خوێندنەوە و لێکدانەوەیان بۆ بکرێت.
ئێستا دەتوانین “خاتوو ژولیا” لەسەر شانۆکانی ئەوروپا ببینین، بۆ نموونە لە خوێندنەوەیەکی رووسیدا، کە بەرێوبەری شانۆی شاوبینەی ئەڵمانی تۆماس ئۆستەرمایەر کاری ریژی بۆکردووە، لە بەریتانیا و لە وەرگێرانێکی تازەی پاتریک مابەر و ریژی ناتالی ئەبرەهامی، لە ئەڵمانیا بە شێوازێکی مۆڵتی-مێدیا و لە ریژی هونەرمەندی بەریتانی کاتچی میتچڵ و لیۆ وۆرنەر، هەروەها نەمایشێکی فەرەنسی، لە نواندنی ئەستێرەی سینەما (جولیا بێنۆچە) لە یەکێک لە رۆڵ و کارە دەگمەنەکانیدا لە سەر شانۆ. تۆماس ئۆستەرمایەر (کە ئێستا لە فیستیڤاڵی دووەمی بێرگماندا، بە شانۆنامەی “شەیتانەکان” ی لاش نۆرێن بەشدارە) لە سەرەتای ساڵەکانی ٢٠٠٠ ەوە سەرکەوتنێکی گەورەی نێونەتەوەیی بە خوێندنەوە نوێ و هاوچەرخەکانی بە شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە) و (هێدا گابلەر) ی هێنریک ئیبسن بەدەست هێناوە. ئەم ریژیسۆرە ڕووداوەکانی ئەم شانۆنامە کلاسیکیانەی هێناوەتە پێشەوەو رەنگدانەوەی رۆژگاری ئەمرۆیان بە ڕوونی پێوە دیارە. لەوێدا پاڵەوانە ئافرەتەکان ؛ هێدا بەنموونە لە نێو تەڵەی زێدە ڕازاوەی دیزاینێکی مۆدێرن و دەستبڵاوییەکی زۆر و بێپایان و خۆشگوزەرانییەکی بێ گیان و ژینگەیەکی سارددا بەندکراون و بە تەواوی تاساون. <٧>
“خاتوو ژولیا” کەی تۆماس ئۆستەرمایەر لەسەر شانۆی نەتەوایەتی لە مۆسکۆ پێشکەش کراوە. شانۆنامەنووس میتچێڵ دێرنێنکۆڤ دەقەکەی ئامادەکردووە و رووداوەکانی هێناوەتە پێشەوەو لە شەوی سەری ساڵی ئەمرۆی مۆسکۆدا دایرشتۆتەوە. “ژولیا” کچێکی نازدار و بە دەمەوەدراوی ژەنەڕاڵێکی پێشووی دەزگای کۆ، گێ، بێ KGB یە <٨> ئێستاش کەسێکی تازە دەوڵەمەندی گەندەڵەو لە ژیانێکی ماتەریالی و بێبایەخدا دەسوڕێتەوە و لە دەریای پارەدا مەلە دەکات. تۆماس ئۆستەرمایەر و سینۆگرافەکەی هونەرمەند ژان پاپێڵبۆم مەتبەخێکی سوپەر مۆدێرنیان دروستکردووە، لەو مەتبەخەدا کامێرایەکی فیدیۆ ڕووداوەکان بە شێوەیەکی زیندوو لەسەر شاشەیەک دەهێنێتە پێشەوە، هەر وەک ئەوەی کە ئەمە پرۆگرامێکی تیڤی چێشت لێنان و خواردن ئامدەکردن بێت، ووردەکارییەکان دەخاتە ڕوو.
لە رووسیایەکدا، کە ئەمرۆ مرۆڤ ئاژەڵەکانیان بۆ ڕازاندنەوەو جوانی، بە ڕەنگی زەق و جیاواز خاڵ کوتی دەکەن، لەم نەمایشەدا بەباشی جێگای بۆتەوە. “ژولیا” خواردن دەکات بەدەمی سەگەکەیەوە، کە پەتێکی زیووینی لەملدایەو لە جانتایەکی قەشەنگی مۆدێرنی دیزاینی فەڕەنسیدا، گرتوویەتی بە بەر سنگییەوە، تا بە شێوەیەکی توندوتیژی دراماتیکی، لە دوا دیمەنی شانۆنامەکەدا سەری لێبکرێتەوە. <٩> “ژان” کە لەوەوبەر لە “شێشان” سەرباز بووە، ئێستا یەکێکە لەو سەدەها شۆفێرە رووسییە تایبەت و شەخسیانەی، کە ئەمرۆ لە پشت سووکانی لانگرۆزەرەکانیانەوە، بە درێژایی چەندین کاتژمێر، بەبێ ئەوەی ماتۆڕی ماشێنەکانیان بکوژێننەوە، لە چاوەروانی ئاغاکانیاندان. “ژان” لێرەدا مڕەمڕی ئەوە دەکات و خەون بەوەوە دەبینێت کە لە هندستان، ئەو شوێنەی ڕووسییە دەوڵەمەندەکان بە لێشاو گەشتی بۆ دەکەن، هوتێل بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە بە دوای هاوکار و شەریکێکدا دەگەڕێت، شەوی سەری ساڵیش ئەو شانسەی لەگەڵ “ژولیا” بۆ دەرەخسێت تا سەمایەکی بەهێزی لەگەڵدا بکات. ئاهەنگەکە بە مۆسیقای جازی دونکە دونکە دەست پێ دەکات و لە دیمەنە پانتۆمایمە ناوازەکەی نێوان پەردەکانی تێکستەکەشدا، لە کاتێکدا خەڵکە مەست و سەرخۆشەکان ئاهەنگ دەگێڕن و مەتبەخەکە بە تەواوەتی بە بوتڵی فۆدگا، کاغەزی رەنگاو ڕەنگی ئاهەنگگێران و پاشماوەی خواردن دەکەن بە تەویلە، مۆسیقاکەش بەردەوام دەبێت. ئێڤگینی میرۆنۆف-یش بە پۆترێتە کزو هێمنەکەی خۆی بۆ “ژان”، وێنەی پیاوێکی دوای جەنگمان بۆ بەرجەستە دەکات، کە توندوتیژی و سەرکوتکردن و ئازارەکانی ئەو جەنگەی هەڵگرتووە. بەڵام ئێستا دەیەوێت لە دوای ئاشتییەوە لە دیاردە ناشارستانیی و ناشرینە شەڕانییەکانی هاوڕێ و هاوشانەکانی خۆی دوور بکەوێتەوە. چۆوپن کاماتۆڤا وەک “ژولیا” بەرهەمی چینێکی ئەرەستۆکرات، ئیمتیازپێدراو و ئەنانی وایە، کە هیچ شتێک لەبەرچاو ناگرێت. “ژولیا” هەرگیز فێری ئەوە نەبووە ڕەچاوی پێداویستییەکانی کەسانی تر بکات، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو لەم بارودۆخەدا، پێویستی بەوە نەبووە، کە پێناسەی کەسێتی خۆی دەست نیشان بکات. “ژولیا” تا ئەم کاتە چارەنووسسازەی شەوی سەری ساڵ، بە ئازادییەوە، بەبێ ئەوەی خۆی هیچ هەڵبژاردنێکی بۆ بوونی خۆی هەبێت، لە نێو ژیانێکی زێدە ڕازاوەو خۆشگوزەرانی لوکس ئاسادا، بەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک و ئامانجێک سوراوەتەوە. “ژان” بە “ژولیا” دەڵێت کە، لێرەدا مەسەلەکە سەبارەت بە سێکس نییە، بەڵکو سەبارەت بە دەسەڵاتە.
“ژولیا” لەگەڵ “ژان” ئەو دەرفەتەی بۆ دەڕەخسێت، کە دەسەڵاتی بەسەر ژیانی خۆیدا هەبێت، بەڵام مانای ئەم هەست بەلێپرسیارێتی کردنە تووشی شڵەژان و پەشۆکانێکی تەواو و هەڵچوونێکی شێتانەی دەکات. “ژولیا” لە سەربەستی خۆی دەترسێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کریستین لە بارودۆخێکی نایەکسانی سترکتوری دەسەڵات و هەژاری و هەروەها جاروبار دزیکردنێکی بچووک و بێبایەخیشدا لە خانەخۆیەکەی، هەست زیاتر بە ئاسودەیی و دڵنیایی دەکات. تۆماس ئۆستەرمایەر بە شێوەیەکی تەواو هەر وەک “نورە” و “هێدا گابلەر” لەوە دەکۆڵێتەوە، کە چۆن چینی مامناوەندی لە بێتوانایی و دەستەوەستانیی خۆیاندا بەندبوون و توانای ئەوەیان نییە خۆیان لەو ئاکار و ڕەفتارە کۆمەڵایەتیانەوە دابرێنن، کە لە باو و باپیرانەوە بۆیان ماوەتەوە. “ژولیا” دەبێتە (بیمبۆ) یەکی بێکرداری ئیفلیج، <١٠> کە تەنها بە پێڵاوە بەرزەکانییەوە سەرسم لێ ئەدات و ناتوانێت بڕوات بەڕێوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو لەسەر پێگەی دەسەڵاتە لەرزۆک و نادروستەکەشییەوە دەکەوێتە خوارەوە. هەر لەبەر ئەوەشە کە لەکاتێکدا بە نائومێدییەوە یاری بە دەمانچەکەی دەستی دەکات، دەبێتە جێگای مەترسی. “نورە” ی تۆماس ئۆستەرمایەر لە دوا دیمەندا، بە شێوەیەکی دڕندە و خوێناوی (تۆرفاڵد) ی مێردی دەکوژێت، <١١> بەڵام لێرەدا “ژولیا” بە چەکەکەی دەستییەوە ڕواوڕوو لە “ژان” دەچێتە پێشەوە، بەمەش رووبەرووی ئەو ڕووخان و کەوتنە دەبێتەوە، کە بە شێوەیەکی ڕاستی و ترسناک هەردووکیان دەگرێتەوە.
شانۆنامەنووسی ئینگلیزی پاتریک مابەر لە ستریندبێرییەوە ئەو هەست و هێزەی بۆ ماوەتەوە، کە چۆن بتوانێت زمانێکی توندوتیژ و درێژ و دەیالۆگێکی بەهێز و خاوەن کردار بەکاربهێنێت. ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٩٥ دا شانۆنامەی (دوای خاتوو ژولیا) دەنووسێت، کە بە تەواوەی شوێن پێی ستریندبێریی هەڵگرتووە، بەڵام ڕووداوەکانی هێناوەتە دوا ساڵەکانی جەنگی جیهانی دووەمەوە، واتە ساڵی ١٩٤٥، بە تایبەتی شەوی سەرکەوتنە گەورەکەی پارتی کرێکاران. لەم شانۆنامەیەدا باوکی “ژولیا” سەر بە پارتی کرێکارانە، ئەو سەمایەی لەگەڵ خەڵکیدا دەیکات بەرەو بیرکردنەوەیەکی نوێمان دەبات، بیرکردنەوەیەک سەبارەت بە یەکسانی نێوان چینەکانی کۆمەڵ. نەمایشەکەی ناتالی ئەبرەهامی لە بەهاری ئەم ساڵدا و لەسەر شانۆی Young Vic لە لەندەن، وەک درامایەکی سیاسی لە ڕوانگەی ڕیالیزمی دەست شۆرەوە، بە هاوشانی گۆرانییە باو و میللیەکانی ساڵانی چلەکانی ئەوروپاوە پێشکەش دەکرێت. <١٢> قژە زەرد و لولەکەی ناتالیا دۆرمێش و جگەرەکێشانەکەی بە چەشنی خانمی دیوەخانەکان لە بەرجەستەکردنی رۆڵی “ژولیا”دا، هەروەها بە جلە گوڵ گوڵییە درێژ و ئاودامانییەکەیەوە، وەک ئەوە وایە لە “خێزانی ئاشتۆن” ەوە وەرگیرابێت.<١٣> لە کاتێکدا ئەو بە خۆشی وێنەیەکی ڕۆمانسییانەی سۆسیالیزم و کرێکاران و ئاشتی پێکی هەڵدەدا، کەچی بەکردەوە بە شێوەیەکی بێباك و لە خۆبایی مامەڵەی کریستین-ی کارەکەری دەکرد. کاتێ یۆهان گاڵتەی بە جووتبوونی ئەوان (کرێکاران) دەکرد و ڕووی لە میش، وەک سوزانییەک، وەردەگێرا، ئەو خۆی بە خانمێکی بە ئەسڵ و فەسڵ دەزانی.
یۆهان لای خۆیەوە پەرۆشی ژیان بوو لە نیویۆرک. حەزی دەکرد لەوێ یانەیەکی شەوانە بکاتەوەو لە کۆمەڵگەیەکی یەکسانی ڕاستەقیینەدا بژی. بەریتانییەکان لەکاتی شەڕدا لە بۆتەی یەکێتییەکی نەتەوایەتیدا دەژیان، پارتی کرێکارانیش لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئەم یەکێتییە بقۆزێتەوەو بیکاتە ئامانجێکی سیاسی و ئەمەش هیوای لەلای خەڵکی دروست کرد. بەڵام ئەمە بەشێوەیەکی کۆنکرێتی رووبەرووی چەندین کێشە بووەوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا تاکی بەریتانی (ئیندڤید) لە نێو مێژووی سیستەمی چینایەتیدا مابوونەوە، دڵنیا نەبوون بە چ شێوەیەک و چۆن بەرجەستەی رۆڵە نوێیەکانی خۆیان، لەگەڵ یەکتردا بکەن. خوێندنەوەکەی ناتالیا ئەبراهام لە ناوەڕاستی زەمەنی گۆرانکارییەکاندا دووپاتی ئەم بارودۆخە نائارامە کۆمەڵایەتییە دەکاتەوە.
ریژیسۆری بەریتانی کاتچی میتچڵ، بە هاوکاری هونەرمەندی ڤیدیۆ و وێنەگر لیۆ وۆرنەر، یەکێک لە خوێندنەوە هەرە ڕادیکاڵە نوێیەکانیان بۆ خاتوو ژولیا کردووە. ئەم نەمایشە تاکوو ئێستا چەندین پاداشتی گرینگی بەدەست هێناوە. ئەم دوو هونەرمەدە ئینگلیزە لە بەرلین، خاتوو ژولیاکەی خۆیان بە ئەڵمانی بۆ شانۆی شاوبینە بەرهەمهێناوە، ئەمساڵیش لە ستۆکهۆڵم بەشداری فیستیڤاڵی بێرگمان دەکات.<١٤>
کاتچی میتچڵ ڕەهەند و دیدی دەقە شانۆییەکەی هەڵگێراوەتەوە و لەبری “ژولیا” و “ژان”، ڕووداوەکانی لە مەتبەخەکەی کریستین و کارەکتەری کریستیناوە، کە رۆڵێکی لاوەکییە بەرجەستە کردووە. هونەرمەندی ئەڵمانی خاتوو چۆڵ بێو رۆڵی کریستین دەبینێت. ئەم ئافرەتە بێدەنگە کارەکەرە لە هونەر، دراما و تۆژینەوەو نووسینی مێژوودا بە تەواوەتی پەراوێز خراوە، بەڵام لێرەو لەم نەمایشەدا لە چەقی ڕووداوەکاندایە. کریستین بەسۆز و خۆپێچاوە، وەکوو فیگورێکی ڤێرمەر،<١٥> بە پەرۆشییەکی زۆر و گەرمەوە، گوڵە هاوینەییەکان بۆ بەرگە سەرینەکانی لێ دەکاتەوە، لە گەمە بێشەرمەکەی نێوان دەزگیرانەکەی و خانمی خاوەن زەوییەکە دەڕوانێت و لە ژوورە تەنیاکەی کارەکەرییەکەیەوە، لە مەتبەخەکەوە گوێی لە شەڕ و دەمە دەمی نێوانیان دەبێت. ئەوە دونیا بچووکەکەی ئەوە کە کار و فرمانەکانی بەوپەری رێزو دڵسۆزییەوە جێبەجێ دەکات و ژیانی خۆی بۆ تەرخان کردووە، کە ئەوان بەوپەری بێ ڕێزییەوە پێی پیا دەنێن. کریستین هەست بەم بێڕزییە دەکات و بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە، بە تەواوەتی بێدەنگ دەبێت. ناوازەیی ئەم کارەی کاتچی میتچڵ لەوەدایە ڕێگای بۆ گروپەکەی خۆشکردووە، کە ڕاستەوخۆ بەکامێرای سینەمایی وێنەی نەمایشەکە بگرن، کە بە شێوەیەکی زیندوو، هاوتەریب لەگەڵ نەمایشەکەدا لە سەر شاشەیەکی گەورە پێشان ئەدرێت. ئەمەش چەمکێکی مۆدێرنی هونەری ریژییە، کە ئەم هونەرمەندە لەوەوبەر لەگەڵ لیۆ وۆرنەر لە پرۆژەی (شەپۆلەکان) ی ڤیرگینیا ۆلف و (گەمژە) ی دەستەیۆڤسکی لە لەندەن لەسەر شانۆی نەتەوایەتی بەکاری هێناوە. <١٦>
کاتچی میتچڵ و لیۆ وۆرنەر پانتایی شانۆکەیان کردووە بە ستۆدیۆی فیلم، چەند ئەکتەرێک لەم ستۆدیۆیەدا لە بەشی پێشەوەی شانۆکەدا، بەرامبەر بە مێزێک ڕاوەستاون، کاریگەرییە دەنگییەکان دەخوڵقێنن یان وێنەی دیمەنەکان لە نزیکەوە دەگرن. لەپشت ئەوانیشەوە دیکۆری مەتبەخێک هەیە، کە بە شێوەیەکی کلاسیکی و بە چەشنی مەتبەخەکانی ساڵانی ١٨٠٠ ەکان رۆنراوە، لەگەڵ خوڵقاندنی ژینگەیەکی “هامەشهەی” یانەی هونەری ڕووناکی.<١٧>
بینەران لەلایەکەوە، بە شێوەیەک لە شێوەکان لە بارودۆخێکی دوورەو پەرێزیدان و بەهۆی هەموو بەکارهێنانی جۆرەکانی تەکنیک و کامێراوە خۆیان دەبیننەوە، میکرۆڤۆن و ئێکسسۆارەکان بە بەردەوامی لەگەڵ نەمایشەکەدا بەکار دەهێنرێت – لە هەمانکاتدا وەک لە بەشەکانی فیلمێکدا زۆر بە چڕی ڕووبەرووی هەموو ژیانی کریستین دەبینەوە. وێنە نزیکەکانی دەستە سوورهەڵگەڕاوە قلیشاوە کارەکەرییەکەی، کە جگەری گوێرەکە چاک دەکات، لوتە چەورە بریسکاوییەکەی، تێروانیینە ماندووەکەی و هەستە تێکشکاوەکەی، کە ئەو دەبینێت و دەزانێت “ژان” ی دەزگیرانی ناپاک بووە – هەموو ئەمانە بە خۆدا چوونەوەیەکی چڕ لەلای ئەم کارەکتەرە دروست دەکەن، کە دەروازەی چەندین بنەمای قووڵ بە ڕووی دەقەکەدا دەکاتەوە. سێ ئەکتەری جیاواز هەڵسوکەوت و جوڵە و سینارێوکانی کریستین جێبە جێ دەکەن – یەکێکیان هەندێک جار لە بەردەمی میکرۆفۆنێکی هەستیاردا دادەنیشێت و وەکوو مۆنۆلۆگێکی ناوەوەی کریستین، شیعرەکانی ئینگەر کریستنسەن دەخوێندێتەوە. <١٨> کاتچی میتچڵ و لیۆ وۆرنەر بەم کارەیانەوە بنەماکانی سینەماتۆگرافی و کۆمپۆسیشون بەباشی شیدەکەنەوە و چەندین دیدو تێروانینی نوێ بە ڕووی شانۆدا دەکەنەوە، ئەم دوو هونەرمەدە لەم ڕووەوە کەوتوونەتە ژێر کاریگەری هونەری سینەمای ئینگمار بێرگمانەوە. <١٩> لە سەرەتادا “ژولیا” لە وێنەکەدا، لە نێوان “ژان” و کریستین، هەر وەک تەلیزمێک دەردەکەوێت. لە دیمەنێکی تردا کریستین بە تەنها لە پێشەوە، لە پشت چوارچێوەی شووشەی پەنجەرەکەیەوە ڕاوەستاوە و سەیری دەرەوە دەکات، بەڵام “ژان” و “ژولیا” لە پشتەوە لە نێو حەزی یەکتریدا تواونەتەوە. کە کریستین دەنووێت، گروپەکە لە سەر شانۆ، بە ئاو و کاریگەرییەکانی هونەری رووناکی، لە دۆخێکی سرووشتیدا، زنجیرە وێنەیەکی فیلمی خەونە ئامێز دەخوڵقێنن. دەنگی سەر وێنەکان کە هونەرمەند گارێث فرای ئامادەی کردووە، <٢٠> بە هاوشانی مۆسیقایەکی چەلۆی زیندوو، کە هونەرمەندی مۆسیقی کڵاوی میڵەر لە سەر شانۆکە و لە شوێنی تایبەتمەند و جیا جیادا پێشکەشی دەکات، بە درێژایی نەمایشەکە ئامادەبوونیان هەیە، یەکەیەکی دینامیکیان دروست کردووە و کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانەوە هەیە. کاتچی میتچڵ بەم شێوەیە لە بەرجەستەکردنێکی نێزێک و ئینتیمی لێکۆڵینەوەیەکی وردی سیکۆلۆژیای ئافرەتاندا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە، ئەم ریژیسۆرە لێرەدا کارەکتەرەکانی دەقە شانۆییەکە بە چاوی ئەمرۆمانەوە دەخوێندێتەوە، لە هەمانکاتدا بەو تەکنیکە مەودا دوورەوە، بە شێوەیەکی لۆژیکی و بابەتییانە و فاکتە ئاسا هەموو شتە دەستکرد و نا سرووشتییە دراماییەکان بەرجەستە دەکات. ئەم نەمایشە فرە میدیایەی کاتچی میتچڵ ئەکتەرەکانی لەو ساتەوەختەدا ڕادەکێشێتە ناو چالاکییەکی بە دەستوبردی ئەکتیفەوە، لە وێدا کارەکتەرەکانی بە هیچ شێوەیەک پشوو نادەن، بەڵکو بەردەوام ناچاردەکرێن خەریکی کامێراکان بن، رووناکی و دەنگ بۆ بە شەکان ئامادە بکەن یان کورتە حیواری ئاڵوگۆڕ پێکراو بۆ دیمەنەکان تۆمار بکەن.
هەروەها ریژیسۆری فەرەنسی فرەیدێرک فیزباچ لە نەمایشی خاتوو ژولیاکەی خۆیدا ئەتمۆسفێرێکی لێوانڕێژ لە بێتەنایی و نائارامی لە ئێستا و لەم چرکەساتەدا دەخوڵقێنێت. لەم ئەتمۆسفێرەدا ژیان دەگوزەرێنرێت، خۆشەویستی و خەونەکان دێنەدی و دەبنە بەشێکی ئەو ژیانەی دەگوزەرێت. هەموو ئەمانە پێکەوە، بەوپەری خۆشییەوە لە شەوێکی درێژی بێ خەودا بەرجەستە دەبن. “ژولیا”ی جولیا بێنێوچە، “ژان” ی نێکٶڵاس باچوۆد و “کریستین” ی بێینێیدیکت سێڕاتی نوێنەری گەنجە فەرەنسییەکانی ئەمرۆن، بەرهەمێکی بێ ڕەگ و ریشەی میدیا کلتوری و بازرگانی شوێنە چێژ بەخشەکانی ئەم ئان و ساتەن، لەو شوێنانەدا، کە مرۆڤ بە هەموو رێگاو ستراتیژیەتێک لە هەوڵی ئەوەدایە جێگا پێی خۆی بکاتەوە، خۆی پێشان بدات و ببینرێت. خانەوادە و فەرزەندەکانی ئەم کارەکتەرانە سەر بەنەوەی ساڵانی ١٩٦٨-ن، ئەو نەوەیەی کە فێری ژیانی کۆمەڵگایەکی یەکسان بوون. “ژولیا” لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج بەوپەری بەختیارییەوە سەمایەکی دیسکۆ ئاسا لەناو دارستانێکی سپیداری رووناک و پاکدا دەکات. دەیەوێت پەیوەندییەکی سێکسی لەگەڵ “ژان” دروست بکات، بۆ ئەوەی خەمی هەڵوەشاندنەوەی مارەبڕییەکەی، کە لەماوەیەکی کورتی لەمەوبەردا ڕوویداوە، لەبیر خۆی بەرێتەوە. قۆڵی کراسە رووتە هەڵقلیشاوە ئاهەنگییەکەی، بەوپەری بێدەربەستییەوە دێتە خوارەوە، لە کاتێکدا زیاتر و زیاتر “ژان” دەبێتە جێگای سەرنجی و بەوپەری ئاڵۆشەوە، بە تێکەڵ بوونەوە گوێ لە چیرۆکە خودییە خەیاڵییەکانی دەگرێت. نێکۆڵاس باچوۆد “ژان” ێک بەرجەستە دەکات کە جەستەی بە هۆی فشارەوە، لە نێوان پلەو پایەیەکی نزم و هەستی ژێر دەستەیی و پەرۆشییەکی زۆر بۆ پلەو پایەیەکی بەرز، گرژ و ڕەق بووە. “من بۆ ئەوە لە دایک نەبووم تا بکەوم” یان “گرمۆڵە ببم” وەک “ژان” لە وەرگێرانە فەرەنسییە روونەکەی تێرێ سیندنیگ دا دەیڵێیت. “ژان” خۆی لە ستراتیژییەتێکی گەمەی رۆڵەکەیدا دەبینێتەوە، لەوێدا بە شێوەیەکی هۆشمەند بە دوای بنیاتنانی وێنەیەکی نوێی خۆیدا دەگەڕێت، بەڵام “ژولیا” لەم شەوەدا تا دێت زیاتر لەو وێنەیەی کە سەبارەت بەخۆی هەیەتی بەتاڵ دەبێتەوە. “ژولیا” لە پڕ لەوە تێدەگات کە هەموو بیرو بۆچوون و دیدی ئەو بۆ ژیان هی خۆی نییە، بەڵکو هی خانەوادەکەیەتی، کە ئەو هەر بەڕاستی خاوەنی هیچ پێناسێکی تایبەتمەندی خۆی نییە. هەستکردنی بە تەنهایی و لە پەراوێزدا مانەوەی، بە بەراورد لەگەڵ “ژان “و کریستین، بەتایبەتی لە دوا دیمەندا ئێجگار گەورە و ترسناکە. بەتایبەتی کە ئەوان (“ژان” و کریستین) دەتوانن بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان، کریستین جگە لە کارەکەشی بەوپەری خۆشحاڵییەوە دەچێت بۆ کلێسا تا بڕوا پتەوەکەی بە خودا ڕازی بکات، ئەمەش جیهانێکی ئارام و ئاسوودەی پێ دەبەخشێت. خوێندنەوە ڕوون و شیکارییە ئەنالیتیکییەکەی فرەیدێرک فیزباچ (کە بەرهەمی فیستیڤاڵی ئەڤینیۆنی ساڵی ٢٠١١ یە، ئەم ساڵیش بە گەشتێکی ئەوروپی لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا نەمایش دەکرێتەوە) لە هەموو ئەو نەمایشانەی کە لێرەدا ئاماژەیان بۆ کراوە نزیکە لە تێکستەکەی ستریندبێرییەوە و بەوپەری دەست پاکییەوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە. لە هەمانکاتدا بە شێوەیەکی ڕەها و تەواوەتی مۆدێرن و سەربەم رۆژگارەمانە. زمانەکەی تا ئاستێکی باش هاوشانی زمانە فەڕەنسییەکەی ئەم سەردەمەو ساڵەکانی دوو هەزارە و جۆرە وشە و دەستەواژە و ڕستەی وای بەکارهێناوە کە نزیکە لە زمانی قسە پێکردنەوە، بە شێوەیەکی سەد لە سەدیش لەگەڵ زمانەکەی ستریندبێریدا نزیک و هاوتەریبە.
بە شێوەیەکی گشتی حیوارەکانی خاتوو ژولیا هەر وەک موشەک بە نێو ژوورەکەدا گڤەی دێت. ئەمەش بە تەواوەتی لەلای کاتچی میتچڵ ڕەت دەکرێتەوە و ئەو گرینگییەی پێ نادرێت، زیاتر لە پێناوی ئەوەی بینەران بە چاوێکی فرە ڕەهەندەوە تێی بڕوانن و هەڵوێستەیەک لەمەڕ بەرجەستەبوونی کارەکتەرەکاندا بکەن. دیدی ریژی و خوێندنەوەکەی کاتچی میتچڵ بە تەواوەتی پێچەوانەی خوێندنەوەکانی ستریندبیریە و جۆرە ڕەچە شکێنییەکە، لەوانەیە هەر لەبەر ئەمەش بێت کە ئەو زیاتر دەست پاک و نزیک بێت لەوەوە.
ئەوەی کە ستریندبێری لە (خاتوو ژولیا)ی دەوێت، جگە لە بەرەنگاربووبەوەو دابڕانێک زیاتر لە بنەما تقلیدییەکان، کلێشە و کارەکتەرە جێگیر و ڕەگ داکوتراوەکان، هیچی تر نییە؟

سەرچاوە:
SvD, Understrecket. Dramatisk urkraft beddar for nytolkningar av Theresa Bener. 2012

پەراوێزەکانی وەرگێر

١-ستریندبێری و ئاوگوست فالک، کە ریژیسۆرێکی ئەوکاتەی سوێد دەبێت، لە ساڵی ١٩٠٧ دا شانۆی ئینتیم لە ستۆکهۆڵم دادەمەزرێنن. ستریندبێری شانۆنامەکانی گەمەی ژوور: باوبۆران، زەوی سوتاو، سۆناتای تارمایی، کەڵک و دەسکێشی ڕەش بە تایبەتی بۆ ئەم شانۆیە دەنووسێت. ستریندبێری لەگەڵ ئاوگوست فالک سەرپەرشتی شانۆکە دەکات، یارمەتی ریژیسۆر و ئەکتەرەکانی ئەدات و رێپۆرتواری ساڵانەی بۆ دادەنێت. شانۆی ئینتیم دوای چوار ساڵ، لە ساڵی ١٩١٠ دا بەهۆی تەنگەژەی ئابوورییەوە دادەخرێت و ناتوانێت بەردەوام بێت.
٢-ئانا پێتەرشۆن کە ژنە ئەکتەر و ریژیسۆرێکی دیاری سوێدیە، خاتوو ژولیا لە نەمایشێکی ناوازەدا، بە تەنها لەسەر شانۆی ئینتیم پێشکەش دەکات. نەمایشەکە جۆرە مانێڤێستێکی هونەرییەو هەر خۆی ئەکتەرو ریژیسۆرە، تەکنیکی فیلم بەکاردەهێنێت و بە شێوازێکی دانسقە فیلم و شانۆ تێکەڵاو دەکات. زۆرجار ڕاستەوخۆ لەگەڵ بینەران دەدوێت و دەقەکەی ستریندبێری دەخاتە ژێر پرسیارەوە.
٣-ئانا پێتەرشۆن نەمایشی خاتوو ژولیا لە زۆربەی وڵات و فیستیڤاڵە جیهانییەکاندا پێشکەش دەکات؛ تا ئێستا لە بولگاریا و مەکدۆنیا نەمایش کراوە، بەم زوانەش بەرەو ئەمەریکا،ئەفەریقای باشوور،کۆریای باشوور و روسیا دەروات.
٤-عەلی عوسمان یاقووب شانۆنامەی خاتوو ژولیای لە سوێدییەوە کردووە بە کوردی و لە ژمارە (٣٠) زنجیرەی شانۆی بیانی دا لە دەزگای ئاراس، لە ساڵی ٢٠٠٩دا بڵاوکراوەتەوە.
٥-دیدی ئەم ریژیسۆرە ئافرەتە لە دووپاتکردنەوەو ناڕەزایی دەربڕینێکی تورەدا کۆدەبێتەوە سەبارەت بە خۆکوشتنی کارەکتەری ژولیا لە کۆتایی شانۆنامەکەدا. ئانا پێتەرشۆن چەمکێکی مۆدێرن و فەمێنستی بە دەقەکە دەبەخشێت و وەک ئافرەتێک ناڕەزایی خۆی دەردەبڕێت لە ناچارکردنی ژولیا بە خۆکوشتنی، ئەو پێ وایە کە ژان-یش هێندەی ژولیا لەم گەمەیەدا تاوانبارو بەرپرسیارە و ئەوەی دەبێت بمرێت ژان-ە نەک ژولیا.
٦-ئاگوست ستریندبێری ١٨٤٩-١٩١٢ یەکێکە لە گەورەترین نووسەرەکانی سوێد و بەرهەمەکانی وەرگێردراونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیهان. ئەم نووسەرە بە شانۆنامەکانی ناوبانگێکی جیهانی و نێونەتەوەیی بە دەست هێناوە و گۆرانکاری بنەڕەتی لە پرۆسەی هونەری شانۆ و شانۆنامەنووسیندا کردووە. ستریندبێری ڕابەری شانۆی ناتورالیزم بووە، هەروەها یەکێکە لە نووسەرە ڕەچەشکێنەکان و لە بواری شانۆی گوزارشت ئامێز و مۆدێرندا رۆلێکی یەک لایکەرەوەو گرینگی گێراوە. لە گرینگترین شانۆنامەکانی: باوک، خاتوو ژولیا، بەرەو دیمەشق، خەونە نمایشێک، سۆناتای تارمایی، کەڵک، سەمای مەرگ، جەژنی هەڵسانەوە… تاد
٧-تۆماس ئۆستەرمایەر یەکێکە لە ریژیسۆرە دیار و بەتواناکانی ئەڵمانیا، لە شانۆی (شاوبینە) لە بەرلین کاردەکات و کاریگەرییەکی دیاری بەسەر شانۆی مۆدێرن و هاوچەرخی ئەوروپیەوە هەیە، وەک ریژیسۆری میوان لە زۆربەی شانۆ گەورەکانی ئەوروپادا کارەکات. ئەم ریژیسۆرە بە خوێندنەوە تازە و جیاوازەکانی بۆ شانۆی کلاسیکی، بە تایبەتیش خوێندنەوە نوێیەکانی بۆ شانۆنامەکانی هێنریک ئیپسن ناسراوە. یەکێک لە دیدی کارو پرۆگرامی ئەم ریژیسۆرە هەڵبژاردنی شانۆی کلاسیک و لە هەمانکاتدا نووسەرە نوێیەکانی ئەمرۆی ئەڵمانیاو ئەوروپایە. لەم رووەوە ئەم هونەرمەندە، چەندە کار لە سەر شانۆی کلاسیکدا دەکات، هێندەش بە گرینگییەوە دەڕوانێتە شانۆنامە نووسەکانی ئەمرۆ و دەیانخاتە سەر شانۆ.
٨-KGB دەزگای ئاسایش و سیخوریکردن و داپلۆسینی یەکێتی سۆڤێتی جارانە، ئەم دەزگایە لە ساڵی ١٩٥٤دا دامەزراوەو لە ساڵی ١٩٩٣دا بە بڕیاری سەرۆکی ئەوکاتەی رووسیا (بۆریس یەڵتسن) داخراوە. ئەم دەزگایە نزیکەی ٧٥٠٠٠٠ هەزار کارمەند (سیخور)ی هەبووە و شانەیەکی ملێون کەسیش بۆ ڕاپۆرت نووسین و سیخوریکردن بەسەر خەڵکی و تەنانەت ئەندامانی خێزانیشەوە. کۆ گێ بێ KGB بەرپرسیارە لە گرتن، ئەشکەنجەدان، کوشتن، ونکردنی هەزارەها کەس لە یەکێتی سۆڤییەتی جاران، وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات و تەنانەت ئەوروپای رۆژئاواش.
٩-مەبەست لەم “سەگە” ئەوەیە ئەم ریژیسۆرە لەبری هوزارە (باڵندە)کەی کە لە قەفەزێکدایەو ژولیا دەیەوێت ئەوکاتەی لەگەڵ ژان رادەکات و ماڵی باوانی بەجێ دەهێڵێت، لەگەڵ خۆی بیبات، بەڵام ژان بەمە قایل نابێت و لەبری ئەوە ملی هوزارەکە لێدەکاتەوە. لەم نەمایشەدا لەبری ئەوە سەری ئەو سەگە دەبڕن.
١٠-بیمبۆ بەو ئافرەتە قژ زەردانە دەوترێت کە گێل و نەفامن وتەنها روخسار و جوانی و رازەوەیی جل وبەرگیان مەبەستە و جۆرێکن لە کاڵایەکی سێکسی،بۆ ئەم مەبەستەش تەنها بە خۆپیشاندانی جەستەیانەوە خەریکن.
١١-کارەکتەرەکانی شانۆنامەی (ماڵی بووکەڵە)ی هێنریک ئیپسنن.
١٢-نووسەری ئینگلیزی جۆن ئۆزبۆرن لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، شانۆنامەی (بە تووڕەیی ئاوڕێک لە ڕابردوو بدەرەوە) دەنووسێت، ئەم شانۆنامەیە هاوارێکی تووڕە، ڕاچڵەکینێکی توند و هەنگاوێکی نوێ بوو لە پەنجاکانی شانۆی ئینگلیزیدا. ئەم شانۆنامەیە دەرگای بە ڕووی زۆربەی شانۆنامەنووسەکانی ئەو سەردەمەدا کردەوەو جۆرە رێبازێکی شانۆیی خوڵقاند. دواتر ڕەخنەگرەکان ئەو بزوتنەوەیەی جۆن ئۆزبۆرنیان ناونا (ڕیالیزمی دەست شۆر) لەو ڕووەوەی هەموو وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەو کۆمەڵگای تیا بەرجەستە بوو بوو.
١٣-“خێزانی ئاشتۆن” زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی ئینگلیزییەو لە نێوان ساڵانی ١٩٧٠-١٩٧٢دا پەخشکراوە، ڕووداوەکانی زنجیرەکەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٣٨-١٩٤٥ لە شاری لیفەرپۆڵ.
١٤-نەمایشی خاتوو ژولیاکەی کاتچی میتچڵ لە فیستیڤاڵی دووەمی ئینگمار بێرگماندا لە ستۆکهۆڵم دەبێتە جێگای سەرنج و ستایشی ڕەخنەگر، بینەر و هونەرمەندان و لە میدیاکانی سوێددا بە هەند و گرینگیەوە مامەڵەی لەگەڵ کرا.
١٥-یۆهانس ڤێرمەر وێنەکێشێکی بەناوبانگی هۆڵەندییە و لەسەدەی شانزەدا ژیاوە.
١٦-کاتچی میتچڵ داهێنەری ئەم فۆرم و شێوازەیەو شانۆی لە بارێکی تقلیدی/ مۆدێرنەوە گوێزاوەتەوە بۆ توخمێکی فرە میدیایی و دروست کردنی شانۆیەکی تر و کردنەوەی دەروازەیەکی تر بە ڕووی هونەری شانۆدا. لەمەوبەر تەکنیکی فیلم و سینەما و فیدیۆ لە نەمایشی شانۆیدا، لێرەو لەوێ بەکار هاتوون، بەڵام هیچ کەسێک بەم شێوازە چرە و بەم تەکنیکە باڵایە سینەمای لە شانۆدا بەکارنەهێناوە. کاتچی میتچڵ شانۆ و سینەما تێکەڵاو دەکات و لە روانگەی هونەرەکانی تریشەوە، مۆسیقا، تەکنیکی دەنگ، وێنەگرتنی سینەمائی و بە شێوەیەکی زیندوو و بەبەر چاوی بینەرانەوە هونەرێکی باڵا دەخوڵقێنێت.
١٧-فیلهێلم هامەشهەی هونەرمەندێکی دانیمارکییەو لە ساڵی ١٨٦٤دا لە شۆپنهامن لە دایک بووە. ئەم هونەرمەندە زیاتر وێنەی پۆترێت، خانووبەرە، دیمەنی سروشتی و ئەندازەی ناوەوەی خانووبەرەی کێشاوە. فیلهێلم هامەشهەی لە بواری بەکارهێنانی رووناکی و دروست کردنی سێبەردا بەناوبانگە.
١٨-شاعیرێکی دانیمارکییە، لە ساڵی ١٩٣٥دا لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠٠٩دا کۆچی دوایی کردووە. جگە لە شیعر رۆمان، شانۆنامە و وتاری ئەدەبی نووسیوە. لە ساڵی ١٩٧٨ەوە ئەندامی ئەکادیمیای دانیمارکی بووە.
١٩-ئەم دوو هونەرمەندە سوودیان لە شێواز و تەکنیکە سینەماییەکەی ئەم هونەرمەندە گەورە سوێدییە وەرگرتووە و بە ئاشکرا گاریگەری ئەویان بەسەرەوەیە.
٢٠-واتە ئەو دەنگانەی کە ڕاستەوخۆ لەسەر شانۆ دەخرێتە سەر وێنەکان، هەر وەک سینەما.


دانا ڕه‌ئووف: لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و پەراوێزی بۆ نووسیوە