ریچاردی سێیەم
ریچاردی سێیەم:
کە دەنگی تۆپەکان لە دوا دیمەنی شانۆنامەی ریچاردی سێیەمدا، کپ دەبێت، شەڕی سیی ساڵەی گوڵەکانیش کۆتاییان پێ دێت. مەبەست لە شەڕی گوڵەکانیش؛ گوڵی سپی و گوڵی سوور، کە دروشمی هەردوو بنەماڵەی یورک و لانگستەر دەبێت، کە لەسەر دەسەڵاتی ئینگلتەرا شەڕیان بوو. دوای ئەم شەڕەیش، کە بە رووخانی دەسەڵاتی ریچاردی سێیەم کۆتایی دێت، بنەماڵەیەکی نوێی ئینگلتەرا، تیۆدۆر، کە هێنریکی حەوتەم دەبێت بە پادشایان، دەسەڵات دەگرێتە دەست. جەستەی تێکشکاو و هەلاهەلای ریچاردی پادشایش لە بەرەکانی جەنگدا، وەک فیگورێکی شەڕخواز و شەیتانێکی قێزەوەن، کە ڕووداوەکانی ئەم شانۆنامە مێژووییە بەرجەستە دەکات، لەگەڵ هەزارەها سەربازی تری کوژراودا، دەکەوێت.
ئەم شانۆنامەیەیش وەک هەموو شانۆنامە مێژوویی و پادشاییەکانی تری شەکسپیر، بەرداشی دەسەڵات دەگێڕێت و ئەوەی خاوەن دەسەڵاتە، لەپڕ نەک هەر دەسەڵات لەدەست دەدات، بەڵکو تێکیش دەشکێنرێت. هەرچەندە ریچارد کەسێکی ناشرین، شەل و پشتکۆم بووە و زیاتر لەجانەوەر و پیاوکوژ و بەدمرۆڤ چووە، نەک کەسێکی عاشق و میهرەبان، بەڵام چ بۆ ژنان و چ بۆ ئەو پیاوانەیشی لەچوار دەوری بوون، دەبێتە کارەکتەرێکی سەرسووڕهێنەر و هێزێکی گەورەی سەرنجڕاکێش. ریچاردی سێیەم بەخیانەت، کوشتنی برا و ژنەکانی و منداڵ، تیرۆر، پاشقول، هەروەها فێڵ و گەمەیەکی دەروونی چەپەڵانە، جێی خۆی دەکاتەوە و دەچێتە سەر تەختی پادشایەتی و دەسەڵات دەگرێتە دەست. ئەم پادشا توندوتیژە تەنها دوو ساڵ، لەنێوان ساڵانی ١٤٨٣ بۆ ١٤٨٥ حوکمڕانی کردووە و لە دوا شەڕدا دەکوژرێت.
ڕووداوەکانی شانۆنامەی ریچاردی سێیەم لە کۆتایی ١٤٠٠ەکانی بەریتانیادا روودەدات، سەد ساڵ بەر لەدایک بوونی شەکسپیر خۆی. ئەوروپایش لەو ڕۆژگارەدا بە دووڕیانێکی پڕ لە هەڵکشان و داکشاندا دەڕوات و چارەنووسی مرۆڤ نادیار و پێگەی چینە بەرزەکانی کۆمەڵ و ئاغاکانیش لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدا دەبێت، خەڵکی دەیانتوانی بەئاسانی بە پایەکانی کۆمەڵگادا سەربکەون.
زۆربەی پسپۆرانی بواری شەکسپیر ئەوە دووپات دەکەنەوە، کە دەکرێت سەیری ریچاردی سێیەم ، وەک دەروازە و بنەماکانی لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن لە ماکبێس و هاملێت بکرێت، بەڵام هاوکات شانۆنامەیەکی مۆدێرنیشە، کە باسی دەسەڵاتێکی شەرخواز دەکات و پۆترێتی کەسێکی تینووی خوێن و دەسەڵات و حوکمڕانییەکی ڕەهای تاکڕەوانەیە. هەموو شانۆنامەکە، وەک خولانەوەی بازنەیەک وایە، کارەکتەرەکان لەم خولانەوەیەدا، کە هەندێکیان بەرەو خوارەوە دەخولێنەوە، هەندێکی تریان بەرەو سەرەوە بەرز دەبنەوە. لەم باروودۆخەیشدا ڕووبەرووی یەکتری دەبنەوە و جێگاکانی یەکتری دەگرنەوە. ئەم خولانەوەیەش دووپاتکردنەوەیەکی ئەو لۆژیکەیە، کە دەڵێت: من دەسەڵاتم دەوێت، من خاون دەسەڵاتم، من دەسەڵاتم هەبوو، من لە دەرەوەی دەسەڵاتم.
ریچاردی سێیەم تەنها شانۆنامەیەکی گەمەی دەسەڵات نییە، بەڵکو دراما و تراجیدیایەکی بەهێزیشە، سەبارەت بە مرۆڤێک، کە بەشێوەیەکی توندوتیژ و بێ پەروا، لە هەڵپەی دەسەڵاتدا دەکەوێت و هەموو شتێک، بە گیانی خۆشییەوە لەدەست دەدات.
ئەم شانۆنامە مێژووییە لەکارەکتەری ریچارددا کۆدەبێتەوە و هەموو کەسایەتییەکانی تر لەودا و لە چواردەوری ئەودا کۆبوونەتەوە، لەم رووەیشەوە شانۆنامەکە وەک مەنەلۆژێکی چری درێژی پڕ لە وردەکاری ریچارد وایە و هەروەک شانۆنامەیەکی بووکەڵە، کارەکتەرەکانی تری بە دەستەوەیە و کەی بیەوێت دەیان جووڵێنێت، دەیان کوژێت، سەریان دەبڕێت و فرێیان دەداتە دەرەوە.
ئەم شانۆنامەیە، بەبۆنەی یادی ٤٥٠ ساڵەی لەدایک بوونی شەکسپیرەوە لەسەر شانۆی پادشایەتی، لەستۆکهۆڵم نەمایش دەکرێت. ئەکتەرەکان لە ژوورێکی ئێجگار گەورە، کە هەر لە ئەشکەوتێکی مۆدێرنی ئەم ڕۆژگارەمان دەچێت، دەجووڵێنەوە، دیوارەکانیش هەروەک ئەشکەوتە دێرینەکان بە قەڵەمی ڕەش وێنەی گەورەی سەرەتایی، شێوازێک لە ئێکسپرۆشیونیزمی لەسەر کێشراوە. وێنەکان گوزارشتیشە لەو مۆتەکەیەی کە یەکەیەکە و بەهێمنی کەسایەتییەکان لەدونیایەکی مۆتەکەئاسادا دەسڕنەوە. لەناوەڕاستی ئەم ژوورە ترسناکەدا، شانۆیەکی خڕ، کە لەسووڕانەوەیەکی بەردەوامدایە دانراوە؛ ئەکتەرەکانیش چەندین ڕۆڵ دەبینن، هەر لەسەرەتایشەوە هەموویان لەسەر ئەم پانتاییە بزۆزە خڕە دانیشتوون و لەکاتی پێویستدا دێنە خوارەوە، کە رۆڵەکەشیان تەواو دەبێت دەچنەوە شوێنی خۆیان. لێرەوە، لەم خولانەیەوە گەمەی مەرگ و دەسەڵات و گۆڕینەوەی ڕۆڵەکان دەست پێ دەکات. لەگەڵ کوژرانی هەر کەسایەتییەکیشدا، وێنەیەکی ئەو کەسە، بەسیما و جەستەیەکی خەڵتانی خوێنەوە، لەسەر شاشەیەک، کە بەهێواشی شۆردەکرێتەوە بۆ ناوەڕاستی ئەو شانۆ بزۆزەی کارەکتەرەکان دەجوڵێنێت، پێشان دەدرێت. شانۆ بزۆزەکەیش گوزارشت لە سزای هێزە گەورەکان و سروشت دەکات بۆ ئەو توانایەی، کە بزاڤێکی بازنەیی و سوڕاوەی بەردەوام لە مابەینی بوون و نەبوون، بەسەر گەردووندا دەسەپێنێت.
ریچارد بەجەستەیەکی گرۆتێسکانە، زۆر بەخێرایی و بەشێوەیەکی گاڵتەئامێزانە دەجووڵێتەوە، ئەم جەستە گرۆتێسکە و ڕووکاری دەرەوەی ریچارد و بەم شێوەیە، ڕەنگدانەوەیەکی سروشتە دڕەندەییەکەی ناوەوەی ئەم کارەکتەرەیە. هەرچەندە لەم نەمایشەدا ریچاردی سێیەم وەک لە شانۆنامەکەدا هاتووە، نە شەلە و نە پشتیکۆمە و تەنها بەجووڵەیەکی گرۆتێسک و شانۆیەکی فیزیکی گۆزارشت لەو جەستە ناڕێک و پێکە دەکات، بەم شێوەیەیش ریچاردێکی ترسناکترمان بۆ بەرجەستە دەکات. ریچارد لەم نەمایشەدا، بە گەمەیەکی پڕ لەسەلیقە یەکە یەکە تۆێژاڵەکانی کارەکتەرەکە دادەماڵێت، تا لەکۆتایدا دەگات بە چارەنووسی خۆیی و دەکوژرێت، بەتەواوی ڕووت دەبێتەوە. ئەم شانۆنامەیە لەلایەکەوە بەرجەستەی بنەما ترسناکەکانی دەسەڵات و شەڕمان بۆ دەکات و لەلایەکی تریشەوە ئەو شەڕەی کە لەناخی مرۆڤدا گەورە دەبێت و بەرئەنجامی ترسناکی لێدەکەوێتەوە. نەمایشەکەیش دووپاتکردنەوەیەکی ئەم هاوکێشە دووفاقەیە.
ئەم ساڵ شانۆی پادشایەتی شەکسپیر، بەبۆنەی یادی ٤٥٠ ساڵەی لەدایک بوونی شەکسپیرەوە، هەموو شانۆنامەکانی ئەم نووسەرە و لەگەشتێکی هونەریدا، لەهەموو جیهاندا پێشکەش دەکەن.
