شانۆی نه‌رویژی: له‌دوای ئیبسنه‌وه
هێنریك ئیبسن یه‌كێكه له‌و شانۆنامه‌نووسانه‌ی، كه تا ئێستا به به‌رده‌وامی ده‌قه‌كانی له‌سه‌ر شانۆكانی جیهان نمایش ده‌كرێن و زۆرجار ئاماژه بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كرێت، كه ئیبسن له‌پێشكه‌شكردنی شانۆنامه‌كانیدا، له‌دوای شه‌كسپیره‌وه یه‌كه‌مه. به‌ڵام له‌م بیست ساڵه‌ی دوایدا، شانۆی نه‌رویژی هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه‌و له‌سه‌ر ئه‌و ترادیشۆنه‌ی ئیبسنه‌وه شانۆیه‌كی تریان ڕۆناوه، كه به‌چه‌شنی ئیبسن له‌سه‌ر شانۆكانی جیهان به به‌رده‌وامی پێشكه‌ش ده‌كرێن. یۆن فۆسه یه‌كێكه له‌و شانۆنامه‌نووسانه‌ی، كه من شتم له‌سه‌ر نووسیوه‌و به‌شانۆكاری كوردم ناساندووه، له‌م گۆشه‌یه‌دا شانۆنامه‌نووسێكی تر (ئاڕنه لینگه‌ر)و یه‌كێك له‌ده‌قه‌كانی (هیچ شتێك له من نا)، كه ئێستا له‌سه‌ر شانۆی شار پێشكه‌ش ده‌كرێت، ده‌دوێم.لینگه‌ر له‌سه‌ره‌تای كاره‌كانیدا زیاتر له فۆرمێكی كلاسیكیدا؛ دابه‌شكردنی شانۆنامه‌كه له‌چه‌ند په‌رده‌یه‌كدا، كاره‌كته‌ری تقلیدی و ڕێنماییه شانۆییه‌كان، هه‌ڵسوكه‌وتی كاره‌كته‌ره‌كان و چۆنییه‌تی هاتنه ژووره‌وه و چوونه ده‌ره‌وه، نووسیویه‌تی، به‌ڵام دواتر ئه‌م فۆرمه كلاسیكییه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌و ڕه‌وش و ڕووداو و كه‌سایه‌تییه‌كان له‌فۆرمێكی شیعری، ساكار، خه‌ونه‌ئامێز، تێكه‌ڵاوكردنی ستایله‌كان و مۆنتاژێكی مۆدێرندا به‌رجه‌سته ده‌بن. له‌زۆربه‌ی شانۆنامه‌كانیشیدا، كه له ئه‌تمۆسفێرێكی بێ جووڵه‌دان و (من)ه‌كان بزر ده‌بن و ڕووداو و كرداره‌كان له‌زمانه‌كه‌یدا ده‌توێنه‌وه. كاره‌كته‌ره‌كان له‌دووتوێی كرداری ڕووداوه‌كانداو تێپه‌ربوونی زه‌مه‌نی ده‌قه‌كه‌دا، شرۆڤه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، به‌م شێوه‌یه‌یش جۆره به‌ربه‌ستێك یان بوارێك له‌نێوان ئه‌وان و ئێمه‌ی بینه‌ردا دروست ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها له‌نێوان تۆێژه جیاوازه‌كانی ده‌قه‌كه‌یشدا.
لیگه‌ر زانیاری ته‌واو سه‌باره‌ت به‌كاره‌كته‌ره‌كانی ناخاته ڕوو، ئه‌وان به: ئه‌وی مێ، ئه‌وی نێر یان من، ناوزه‌د ده‌كات و ده‌كرێت هه‌ر كه‌سێك بن، كه ئاماژه‌یان بۆ بكرێت. كاره‌كته‌ره‌كان، له‌كاتێكدا كردار‌و ڕووداوه‌كان، له‌دیالۆگه‌كانیاندا به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌به‌ن، ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌وانی تێدایه‌و ئه‌و ڕه‌وته‌ی ئه‌وان گرتوویانه‌ته به‌ر ئاشكرا ده‌كه‌ن و به‌مه‌یش پێوه‌دانگه درامییه‌كه‌ی ده‌قه‌كان ڕێچكه‌یه‌كی تر له‌خۆده‌گرن. ڕێچكه‌یه‌ك، كه زیاتر له‌ستراكتوری زمانه شیعرییه‌كه‌یدا ڕووداوه‌كان ده‌خوڵقێنێت.
ده‌قه‌كانی لیگه‌ر باسی ڕابردوو له‌ئێستادا ده‌كات. هه‌موو چركه‌یه‌كی ژیانی مرۆڤ له‌هه‌زاره‌ها به‌ش له یاده‌وه‌رییه‌كانی كاته به‌سه‌رچووه‌كان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام له‌داهاتوو پێكهاتووه، هیچ ڕابردوویه‌كی پاك و بێگه‌ردیش له‌لای هیچ كه‌سێك بوونی بۆ نییه‌و هه‌ر لێره‌یشه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له نێوان كات و ڕه‌وشه‌كاندا دروست ده‌بێت. هه‌روه‌ها باسی ئه‌و ساتانه ده‌كات، كه مرۆڤ به‌رامبه‌ر خۆی هه‌ست به‌نامۆیی ده‌كات و مرۆڤی مۆدێرنی ئه‌وروپی له‌ستراكتورێكی ته‌نهایدا ده‌جوڵێته‌وه‌و له‌نێو ته‌نهاییه‌كی ڕه‌هادا ده‌ژی و به به‌رده‌وامی له‌مه‌رگی خۆیان ڕاده‌كه‌ن.
(هیچ شتێك له من نا) نموونه‌یه‌كی ئه‌م ژیانه مۆدێرنه‌ی مرۆڤه خودگه‌راییه‌كانه و له‌مۆنۆدرامایه‌كی چڕی كورتدا، تراجیدیای مرۆڤه ته‌نهاو به‌جێهێڵراوه‌كانمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات. ئافره‌تێك مێرده‌كه‌ی و كوڕه‌كه‌ی، دوای كاره‌ساتێك، كه كچه‌كه‌یان تیایدا ده‌مرێت، به‌جێ ده‌هێڵێت. ئه‌م ئافره‌ته ده‌یه‌وێت پێناسێكی تر بۆ خۆی دروست بكات، سه‌رله‌نوێ له‌دایك ببێته‌وه و (من)ێكی تێكشكاو، به‌بێ هه‌ستكردن به‌هیچ گوناهێك، بخوڵقێنێته‌وه. به‌ڵام ژیانی ڕابردوو و هیواو ئاینده له‌بارودۆخێكی ته‌مومژاویدا، كاره‌ساته‌كه‌ی بۆ زیندوو ده‌كاته‌وه و ناتوانێت لێی ڕابكات. هه‌موو ده‌قه‌كه ڕه‌هه‌ندێكی قووڵه سه‌باره‌ت به كات، چی، كێ و چ جۆره ڕووداوێك مرۆڤی تاك دروست ده‌كات.
پانتایی شانۆكه، له‌چه‌ند كورسییه‌ك زیاتر هیچیتری له‌سه‌ر نییه، ئه‌كته‌ره‌كان میكرۆفۆنێكی بچووك، كه به چاو نابینرێت به ڕوومه‌تییانه‌وه به‌ستراوه، به‌مه‌یش ده‌نگی ئه‌كته‌ره‌كان، به شێوه‌یه‌كی به‌رجه‌سته‌كراو هه‌موو ئاسته‌كان، هه‌ناسه هه‌ڵكێشان، تف قووتدان، به‌رز و نزمییه‌كانی ده‌نگ ده‌گه‌یه‌نێته بینه‌ران و هه‌موو شته‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك له‌بینه‌رانه‌وه نزیك ده‌كاته‌وه. ده‌قه‌كه له‌سه‌ر سێ ئاست به‌رجه‌سته ده‌بێت: مۆنۆلۆگی كاره‌كته‌ره‌كان، ئه‌و حیوارانه‌ی، كه به خێرایی هاوپێچ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كاندا له‌سه‌ر دیواری به‌رامبه‌ر بینه‌ران چاپ ده‌كرێت، ئه‌وه‌مان دێنێته‌وه بیر كه چی ڕوویداوه‌و هه‌روه‌ها ئه‌و دیالۆگه‌یشی له‌و چاوتروكانه‌دا له‌نێوان كاره‌كته‌ره‌كاندا ده‌گوترێت. دیالۆگی وه‌كوو: ئه‌و گوتی، ئه‌و ده‌ڵێت، ئه‌وی مێ بیرده‌كاته‌وه و كردار و رووداوه‌كان له‌بینه‌ران و له كاره‌كته‌ره‌كان خۆشیان دوور ده‌خاته‌وه.
نمایشه‌كه له‌نێو ریتمێكی بێ ده‌نگ، هه‌ندێك جار خێرا، هه‌ندێك جاری تر له‌نێوان سێبه‌رو تاریكی‌دا، ڕه‌هه‌ندێكی شیعری به ده‌قه‌كه، به وشه‌و دیالۆگ و مه‌نه‌لۆگه‌كان ده‌به‌خشێت، كۆیان ده‌كاته‌وه، بڵاوه‌یان پێ ده‌كات و له‌یه‌كیان ده‌ترازێنێت.
لیگه‌ر به‌م ده‌قه‌ی له هه‌موو ده‌قه‌كانی تری زیاتر له‌بێكێت نزیك ده‌بێته‌وه، وه‌كو بێكێت توێژاڵی ڕسته‌و وشه‌كان داده‌ماڵرێن و له‌تاریكی و بێده‌نگییه‌كی ڕه‌هاو ترسناكدا، سه‌رله‌نوێ له‌دایك ده‌بنه‌وه. دیمه‌نه‌كان له‌پڕ له ئه‌تمۆسفێرێكی هێمن و دوور له‌ژاوه ژاوه‌وه، ده‌كه‌ونه نێو ڕووداوێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو یان كاره‌ساته‌وه. هه‌ر له‌تاریكییه‌وه، دوو دایك بۆ دووپاتكردنه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كان یان بۆ پێكه‌وه به‌ستنه‌وه‌ی خه‌مه گه‌وره‌كانی ڕابردوو به خه‌مه‌كانی ئێستاوه، ده‌رده‌كه‌ون.
هه‌موو نمایشه‌كه، دیدی ریژی و ته‌قه‌لای ئه‌كته‌ره‌كان بۆ ئه‌وه‌یه لایه‌نه ڕه‌شه‌كه‌ی ئه‌م كاره‌كته‌رانه، ژووره چۆڵه‌كانی ده‌روونییان، بێ ده‌سه‌ڵاتیان به‌رامبه‌ر به كاره‌ساته‌كان و ته‌نهاییه‌كه‌یانمان پێشان بدات.
ئه‌كته‌ره‌كان ئاماده‌بوونێكی ڕه‌هایان هه‌یه، له خه‌م و بێده‌سه‌ڵاتیی نامۆبووندا، به دوای ڕاستییه‌كانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن: په‌یوه‌ندییه‌كان ڕۆده‌نێن، تێكی ده‌شكێنن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مرۆڤ به‌رگه‌ی نه‌خۆی و نه ئه‌وانیتر ناگرێت. كاره‌كته‌ره‌كان له‌م ئه‌تمۆسفێره‌دا له‌چوارچێوه ڕیالیزمییه‌كه‌یدا دێنه ده‌ره‌وه، له خه‌ونه‌نمایشێكه‌وه ده‌بن به‌شانۆی سێبه‌رو سێبه‌ری ئه‌ندێشه. ئه‌م شانۆنامه‌یه، وه‌ك هه‌موو ده‌قه ئه‌ده‌بی و شانۆییه‌كانی تری لیگه‌ر، جۆره دیالۆگێكی ناوه‌كی و ده‌ره‌كی له‌خۆده‌گرێت، كاره‌كته‌ره‌كانی ڕووبه‌رووی یه‌كتری ده‌بنه‌وه و بیركردنه‌وه و كرداره‌كانیشیان بۆ یه‌كتری ده‌خه‌نه ڕوو.
(هیچ شتێك له من نا) له‌ته‌وژمی كاتدا گوزارشت له‌وێنه‌یه‌كی ڕه‌شی مرۆڤێكی ته‌نهای خودگه‌را، ده‌كات و ڕووبه‌رووی ئه‌م پرسیارانه‌ی ده‌كاته‌وه: من كێم، چی ده‌توانم و ده‌كرێت چی بم؟
گۆشه‌ی پریشکه‌کانی شانۆ: ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردستانی نوێ

