تایبەتمەندێتی شانۆنامەنووسی فەرەنسی (مۆلییر) لەوە دایە، کە له‌ یه‌ک کاتدا خاوه‌نی شانۆ، ریژیسۆر و ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کی هه‌موو نه‌مایشه‌کانیان بووه‌، به‌تایبه‌تی کاره‌کته‌ر و فیگوره‌ کۆمیدییه‌کان، هەروەها نووسه‌ری ئه‌و شانۆنامانه‌یش بووه،‌ که‌ گروپه‌که‌ی پێشکه‌شی کردوون.

لە سەدەکانی شانزەدا، شانۆنامەی کۆمیدی، کە مۆلییر تێدا لێهاتوو بووە، وەکوو بەرهەمێکی ئەدەبی سەیر نەکراوە، چونکە لە نەمایشێکی کەمخایەندا گوزارشتی لە هەلومەرجێکی کاتی کردووە، مۆلییریش بە پلەی یەکەم شانۆنامەکانی، بە کاتێکی کەم و لە کاتی نەمایشەکاندا بۆ شانۆکەی نووسیوە. مۆلییر هەمیشە پێویستی بە شانۆنامەی نوێ بووە، بۆ ئەوەی گروپەکەی بێ کار نەبن و نەمایشی بەردەوامیان هەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، شانۆنامەکانی هەر لەسەر ئاستی نواندندا نەوەستان، بەڵکو چاپیش کران و لەم ڕێگایەیشەوە شوێن و پێگەی خۆیان لەلایەن خوێنەرانیش کردووە و وەکوو بەرهەمی ئەدەبی نووسراویش نرخ و بەهای خۆیانیان سەلماند. مۆلییر، بەوپێیەی شانۆکار بووە و زۆربەی ژیانی لەنێو دونیای ئەم هونەرە و مەشق و ڕاهێنانی شانۆیی و گەشتکردن بە مەبەستی نەمایشکردنی بەرهەمە شانۆییەکاندا بەسەر بردووە، بۆیە شانۆنامەکانی خۆی لە ژێر ئەم ڕەوشەدا نووسیون، نەک لە ژووری ڕازاوە و لەسەر کورسی و مێزی نووسین. مێژوونوسانی ئەدەب، کۆمیدیاکانی مۆلییر بە جۆرێکی نوێ و بە هێزی لە بننەهاتووی ئەدەب ناوزەد دەکەن و پێیان وایە کۆمیدیا وەک ئەدەبێکی باوەڕپێکراو لە مۆلییرەوە لە دایک دەبێت. لەم ئەدەبە کۆمیدیایەدا، لەم شانۆ گاڵتەئامێزە ڕەخنەییە دید فراوانەدا، چەندین بار و دۆخ و ژینگە و ئەتمۆسفێری وا خوڵقاوە، کە لەوەوبەر بەم شێوەیە نەبووە؛ ئەمەیش لە ڕێگای تێکەڵکردنی زمانێکی شیعریی بەرز لەگەڵ زمانی میللییەوە دێت و ئەنجامەکەیشی دروستکردنی زمانێکی تازەیە. ئەم زمانە تازەیە لە سەرێکەوە نزیکە لە زمانی ڕۆژانەی خەڵک بە هەموو پانتاییە گاڵتەئامێزەکانییەوە، لە سەرێکی تریشەوە خوڵقاندنی پانتاییەکی تری زمانێکی ئەدەبی بەرزە بە هەموو چەمکەکانی دەڕبڕین و ڕێز و ستایشکردن، کە لە خۆی گرتوون. بەمەیش زمانێکی زیندووی میللیی دروستکردووە، کە ئەدەبە بەرزەکانی تر هەرگیز نەیانتوانیووە ئەو جۆرە زمانە بخوڵقێنن.
کۆمیدیا بەر لە مۆلییر و تەنانەت لە سەردەمی مۆلییریشدا، بەسەر دوو جۆردا دابەش بووبوون: کۆمیدیای بچووک، کە باسی خەڵکە ئاساییەکەی کردووە، کۆمیدیای گەورەیش باسی دەسەڵاتدار و دەوڵەمەند و خاوەن بڕوانامەکان کردووە. زمانی هەریەک لەو دوو جۆرە خەڵکە جیاواز بووە، بۆیە ئەم جیاوازییە لە شانۆنامە کۆمیدییەکانیشدا ڕەنگی دابووە. بەڵام مۆلییر هەردوو جۆرەکە لەیەک جۆر کۆمیدیادا کۆدەکاتەوە و زمانێکی یەکگرتوویان بۆ دروست دەکات و لە کۆمیدیاکانیدا هەموو جۆرە کەسێک؛ خەڵکی ئاسایی، دەسەڵاتدار و خاوەن بڕوانامەکان… هتد کۆدەکاتەوە.
ئامانجی مۆلییر ئەوە دەبێت، کە بینەرەکانی بخاتە پێکەنین، بەڵام لە هەمانکاتدا و لە هەندێک شوێندا تووشی نائارامی و پشێوویان بکات، بەم شێوەیەیش توانیوویەتی لە شانۆنامەکانیدا مەودایەکی قووڵ و هەمەلایەن بە کارەکتەرەکانی ببەخشێت، ئەمە جگە لەوەی جۆرە لێبوردییەکیش لە خۆدەگرێت و هەمیشە تۆڵەسەندنەوە و سزا ناکاتە ئامانج.
مۆلییر دوای سیانزە ساڵ، کە دەگەڕێتەوە بۆ پاریس، ئەو هەلەی بۆ دەرەخسێت، یەکێک لە شانۆنامە تراجیدیاکانی کۆرنی لە کۆشکی شاهانەدا، بۆ لودفیکی چواردە پێشکەش بکات، ئەم نەمایشە نابێتە جێگای سەرنجی بینەران و بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی لە ئەرکیڤی کۆشکی شاهانەدا پارێزراون، بینەران بە ناڕەزایی و لالوتییەوە چەپڵەیەکی ساردیان بۆ نەمایشەکە لێداوە. مۆلییر هەست بەم نووشوستە دەکات، یەکەو ڕاست داوایان لێ دەکات، کە وەک نەمایشێکی پاشکۆئاسا، بۆ ئەو شەوە شانۆییە، یەکێک لە نەمایشە کۆمیدیاکانی خۆی پێشکەش بکات. بۆ ئەو مەبەستە شانۆنامەی (پزیشکێکی عاشق) پێشکەش دەکات و دەبێتە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ مۆلییر و بینەرەکانی ئەو شانۆ شاهانەیە و بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بە پیر مۆلییرەوە دەچن. ئەم نەمایشە بە تەواوی ستایلی کارەکانیان دیاریدەکات و پێگەی مۆلییریش لەلای پادشا و لە کۆشکی شاهانە بەهێز دەکات.
مۆلییر کوری پیاوێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌ستڕۆیشتوو بووه‌ و له‌ زانکۆ یاسای خوێندووه‌، به‌ڵام حه‌زی کردووه‌ له‌سه‌ر شانۆ بێت و ببێته‌ ئه‌کته‌ر و بۆ شانۆ بنووسێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ پشتی کردۆته‌ هه‌موو شتێک و له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ گروپێکی گه‌ڕۆکی شانۆییدا پاریسی به‌جێهێشتووه، سیازده‌ ساڵ ئه‌م شار و ئه‌و شاری کردووه‌ و دواتر له‌ ته‌مه‌نی ٣٦ ساڵیدا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ پاریس. له‌ پاریس سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ به‌ده‌ست ده‌هێنێت و جه‌ماوه‌رێکی زۆر له‌ ده‌وری ئه‌و شانۆ کۆمیدییه‌ میللییه‌ی، که‌ دروستی کردبوو، کۆده‌بێته‌وه‌.