دیالۆگ و بێدەنگی
دەکرێت لە دەیالۆگی نووسەری شانۆنامەیەکەوە، هەموو دید و بیروبۆچوونەکانی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بخوێنینەوە، بەڵام لەنێو دێڕەکانی ئەو دەقە نووسراوەیشدا، چەندین دید و هەڵوێستی نادیار و شاراوە هەن. هەموو وشە و دەستەواژە و دێڕێک چەندین هزر و ئاماژە و جووڵانەوە لەخۆدەگرێت و دەبێتە ڕەنگدانەوەیەکی بەهێزی دەقە نووسراوەکە.
دەیالۆگ ژیان دەبەخشێت بە بەشەکانی تری دراما/شانۆنامەکە؛ ڕۆڵ، ئاماژە و بابەتی شانۆنامەکە، لە ڕوانگەی دەیالۆگەکانەوە دروست دەبن و لەگەڵ دەیالۆگ و لە ڕێگای دەیالۆگەکانەوە ڕێچکەی خۆیان وەردەگرن. وشە و ڕستەکانی هەموو دەیالۆگێک بەشەکانی دراماکە دەبەستن بە یەکترییەوە و دیمەن و بەشەکان پێک دەهێنن و لە یەکتریشیان جیا دەکەنەوە و جۆرە چەمکێکی دۆکیومێنتاریش لەخۆدەگرن. ئەگەر بمانەوێت شرۆڤەی بەشەکانی تری هەر دەقێکی شانۆیی بکەین و بگەڕێینەوە بۆ نووسەر و پەردە لەسەر چۆنییەتی بیرکردنەوە و دیدی شانۆ و بەیەکەوە بەستنی هەموو بەشەکان: کارەکتەر، ڕووداو، خاڵی وەرگێڕان، دابەشکردنی بەشەکان… هتد هەڵماڵین، هەر دەبێت لە دەیالۆگەوە دەست پێ بکەین.
بەڵام نابێت ئەوەیشمان لەبیر بچێت، کە دەیالۆگی هەموو درامایەک لە پەیڤ و بێدەنگی پێک دێت. ریژیسۆری ڕووسی (فیسفۆڵد مایرهۆڵد) پێناسەیەکی ورد و لە هەمانکاتدا قووڵی ستراکتور و بنەماکانی دەیالۆگ لەنێوان پەیڤ و بێدەنگیدا دەکات و بەم شێوەیە شرۆڤەی دەکات: (لە هەموو کارێکی دراماتیکیدا دوو جۆر دەیالۆگ هەن؛ یەکێکیان ڕووکەشە و پێویستە، وشەکان بە دوای یەکتریدا دێن و ڕووداو و کردارەکان ڕوون دەکەنەوە، ئەوی تریان دەیالۆگی شاراوە، کە بینەران نابێت لە دووتوێی وشەکانەوە تێیان بگات، بەڵکو لەنێو وچانەکاندا، لە قیژە و هات و هاواردا نا، بەڵکو لە بێدەنگیدا، لە مەنەلۆژەکاندا نا، بەڵکو لە مۆسیقای جووڵانەوە پلاستیکییەکاندا.) پەیڤ بە چەندین شێواز دەردەکەوێت: دەیالۆگ، بە مانای پەیڤی نێوان دوو یان زیاتر لە کارەکتەرەکان، مەنەلۆژ یان ئەو جۆرە پەیڤانەی گوزارشت لە جۆرێک لە بیرکردنەوە و ناوەوەی کارەکتەرەکان دەکاتەوە. بەڵام بێدەنگی، وچانی نێوان دەیالۆگ و پەیڤی کارەکتەرەکانە، هەندێک جار بێدەنگی دەبێتە دووپاتکردنەوەیەکی ئەوەی گوتراوە، هەروەها ئەو وشانەی، کە نەگوتراون. بێدەنگی و وچانەکانیش لەلای کارەکتەر، لەنێو ڕووداوەکاندا، لە دەیالۆگ و مەنەلۆژەکاندا، بەپێی شەوی نەمایشەکان بەرئەنجامی جیاواز دەدەن بەدەستەوە و بەرجەستەکردنی ڕووداوەکان لە بێدەنگی و وچانەکاندا گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
هارۆڵد پینتەر یەکێکە لەو شانۆنامەنووسانەی، کە دەیزانی چۆن بێدەنگی و وچانەکان بەکاردەهێنێت، لەم بارەیەوە گوتویەتی: (دوو جۆر بێدەنگی هەیە؛ لە کاتێکدا هیچ وشەیەک ناگوترێت یان وشە بە هروژم بەکاردەهێنرێت. ئەم پەیڤەیش باسی زمانێک دەکات، کە لە پشت وشە گوتراوەکانەوە شاراوەتەوە. ئەو پەیڤەی گوێمان لێیەتی گوزارشت لەو شتە دەکات، کە ئێمە گوێمان لێی نییە.) زۆرجار فۆرم و تەکنیک یارمەتی ئەو زمانە نادیارە، ئەو بێدەنگییەی کلیلی چارەسەرکردنی دیمەنێکی بەدەستەوەیە دەدات و ڕێگای بۆ خۆش دەکات و دەبێتە ئامڕازێکی گرینگی ئەکتەریش بۆ گەیشتنە بنەما قووڵەکانی ڕۆڵەکەی. بێدەنگی دەمانگەیەنێتە ئاستی ڕووتبوونەوە و پاکژبوونەوەی پەیڤێک، کە دەیالۆگەکان قووڵتر دەکاتەوە. هەروەها پینتەر ئاماژە بۆ ئەوەیش دەکات، کە مرۆڤ لەگەڵ یەکتردا لە ڕێگای بێدەنگییەوە لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە، ئەوەی ناگوترێت و ئەوەی شاراوەیە لە بێدەنگی و وچانەکاندا بەرجەستە دەبێت.
ئێستاتیکای بێدەنگی لە بەرجەستەکردنی شانۆدا، لە سەدەی هەژدەدا لەلایەن (مۆریس مەتەرلینگ)، کە بە نووسەرێکی سمبولیزم ئاماژەی بۆ دەکرێت و دەقە شانۆییەکانی بە هێماگەل و وێنە و ئاماژە و بێدەنگی ڕۆناوە، دەردەکەوێت. مەتەرلینگ لە نووسینەکانیدا ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە بێدەنگی شاراوە و نادیار لە وشەکان بەهێزترە و ئاماژەکانی زمانێکی پڕ لە گوزارشتئامێزیش لە بێدەنگیدا چڕ دەبێتەوە. بێگومان دەرکەوتنی ڕێبازەکانی سمبولیزم و ئایندەگەری و ئێکسپرۆشیونیزم، چەمک و مەوداکانی بێدەنگی زیاتر قووڵ دەکاتەوە و دەبێتە تەکنیک و بەشێک لە ئێستاتیکای ئەم تەوژمانەیش.
هەندێک لە دراماتۆرگەکانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە شانۆنامەکانی چێخەف، بە تایبەتیش خاڵە ڤانیا و سێ خوشک لەسەر بنەماکانی وچان و بێدەنگی، دوودڵی، وشەی نەگوتراو و ئاماژە بۆ ڕەوش و بارودۆخەکان ڕۆنراوە.
چێخەف هەروەک مەتەرلینگ و ستریندبێرگ بە قووڵی لە ئەنجامەکانی ئێستاتیکای بێدەنگی وردبۆتەوە و لە شانۆنامەکانیدا، لەنێو دێر و لەپشت دەیالۆگ و مەنەلۆژەکانەوە بەکاری هێناوە و ستراکتوری دەقەکانی پێ بەهێز کردووە. ئەم ئێستاتیکای بێدەنگییە بووە بە ئامڕازێکی کارەکتەرە تەنها و کەمدووەکان و ئەوانەی زمانی پەیوەندییان لەدەست داوە، هەروەها گوزارشتکردن لە هەستە ئاڵۆزەکانی ناوەوەی مرۆڤ. ستانیسلاڤسکی یەکەم ریژیسۆر و پێداگۆگە، کە لەم بێدەنگییە گەیشتووە و بەسەلیقە و توانایەکی بەرزەوە لە پرۆژە و تیۆری و پراکتیکییەکانیدا، کاری لەسەر کردووە؛ بە تایبەتیش لە دەقەکانی چێخەف و مەتەرلینگ و ستریندبێرگدا.
گۆشهی: پریشکهکانی شانۆ (بهدهب و هونهری کوردستانی نوێ)

