دانا رەوف لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و پەراوێزی بۆ نووسیوە:

ئەریستۆ لە یەکێک لە نووسینەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە مرۆڤ (تاکە بوونەوەرێکی زیندووە پێ دەکەنێت) ئەم وتەیەی ئەریستۆ بۆ جۆرە هاوبەشییەک لە گاڵتەوگەپ و نوکتە و قسەی ڕەخنەئامێزی کۆمیدی ڕاماندەکێشێت، کە بە درێژایی مێژوو لە هەموو کولتورەکاندا هەبووە و هەیە. بۆ نموونە ئێستا ئێمە بەهەمان شت پێ دەکەنین، کە خەڵکی لە سەردەمی گرێکەکان، ساڵانی سەدەی ١٧٠٠-ەکان، یان لە چاخەکانی ناوەڕاستدا پێی پێکەنیون.

(ماری بێرد) پسپۆرێکی ئینگللیزییە لە بوارەکانی لێکۆڵینەوەی سەردەمی گرێک و ئەنتیک، دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە کە گرێکیەکان لە ساڵەکانی ٣٠٠ ی بەر لە زاییندا، ئەنتۆلۆژیایەکی گاڵتەوگەپیان بڵاوکردۆتەوە زیاتر لە ٢٦٠ نوکتە و ڕەخنەی کۆمیدیئامێز و قسەی نەستەقی لەخۆگرتووە، ئەم نوکتەوگاڵتەوگەپانە هەر هەموویان بۆ رۆژگاری ئەمرۆمان دەگونجێن و هەندێک لە هونەرمەندە (ستانداپ) کۆمیدییەکانی ئەمرۆ لە نەمایشەکانیاندا بەکاری دەهێنن.

ئەگەر خودی ئەم ئەنتۆلۆژیایە لەلای زۆربەمان نەناسراو بێت، ئەوە شانۆنامە کۆمیدیا پڕ لە ڕەخنەو گاڵتەو گەپەکانی ئەرستۆفانیس لای زۆربەمان ناسراون.<١> ئەرستۆفانیس لە کۆتایی ساڵەکانی ٤٠٠ و سەرەتاکانی ٣٠٠ی بەر لە زاییندا، شانۆنامەکانی نووسیوە، لە کۆی بەرهەمەکانی تەنها یانزەیان بە تەواوەتی بەدەستمان گەیشتوون.<٢>

شانۆنامە کۆمیدیاکان، بە شێوەیەکی گشتی هەمان سترکتوری شانۆنامە تراژیدییەکانیان هەیە، مەبەست لە هەمان سترکتور ئەوەیە کە شانۆنامەکە یان نەمایشەکە، بەهاوبەشی کۆرس؛ سەرەتا ئەکتەرەکان لە دیالۆژەکایناندا لەگەڵ یەکتری و دواتریش کۆرس گۆرانی دەڵێن و سەما دەکەن. ئەوەی کۆمیدیاش لە تراژیدی جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ناوەڕۆکی شانۆنامە تراژیدیاکان چیرۆکەکانیان لە میتۆلۆژیا دێرینەکانەوە وەرگرتووەو بابەتەکانیان گوزارشت لە کەسایەتی پاڵەوان، پادشا و خواوەندەکان… هتد دەکەن و زیاتر بەرجەستەی جیهانی گرێکییەکان لە دەرەوەی سنورەکانی ئەسیناوە دەکەن، بەڵام کۆمیدیا باسی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئاسایی، لە خۆشی، ناخۆشی و گیروگرفتەکانیان، بە تایبەتی لەو ڕۆژگارەی ئەسینادا، کردووە. لەبەر ئەوەی کۆمیدیا باسی خەڵکی ئاسایی و گیروگرفتی ژیانی ڕۆژانەو هەندێک جار ڕووداوی ڕاستەقینەی خەڵکی ئەو ڕۆژگارەی کردووە،بۆیە دەبێتە دۆکیومێنتێکی چرو دەوڵەمەند و گرینگ بۆ تێگەیشتن و زانینی چۆنیەتی گوزەران و ژیانی خەڵکی و جۆری بیرکردنەوەیان، لەو ڕۆژگارەی گرێکییەکان بەگشتی و شاری ئەسینا بەتایبەتی. هاوتەریب لەگەڵ بەشێک لە دیالۆژەکانی ئەفلاتوندا، ئەو پرسیارە خۆی قوت دەکاتەوە، کە ئێمە لە نێو تێکستەکانی ئەنتیک- دا، دەتوانین بەم شێوەیە لە ژیانی گرێکییەکان نزیک ببینەوە. لەبەر ئەوەی کۆمیدیاکانی ئەرستۆفانیس، بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆژگارەن و پابەندن بە کەسایەتی و ڕووداوەکانەوە، لەوانەیە بۆ بینەرێکی ئەمرۆ شانۆنامە کۆمیدیاییەکان، بە بەراورد لەگەڵ شانۆنامە تراژیدیاییەکان، کە باسی کەسانێک دەکەن کە لەو ڕۆژگارەدا ژیاون، یان ڕووداوێک کە زۆر تایبەتمەند بووە بەو ڕۆژگارە، گران بێت، چ بۆ خوێندنەوە و چ بۆ بینین.

هەموو ئەو شانۆنامانەی ئەرستۆفانیس کە بەدەستمان گەیشتوون، جگە لە دوو شانۆنامە کە لە کۆتایی تەمەنیدا نووسیوونی؛ لەکاتی شەڕی سی ساڵەی نێوان ئەسینا و سپارتا، ئەو شەڕە خوێناوییەی لە ساڵی ٤٠٤ی بەر لە زاییندا بەکەوتنی ئەسینا کۆتایی هاتووە، نووسیوونی. هەر لەبەر ئەوەشە، ئەرستۆفانیس لە زۆربەی شانۆنامەکانیدا،باسی شەڕ و ئاشتی دەکات و خەونی ئاشتی و کۆتایی هاتنی شەڕ بابەتێکی سەرەکی و لەبەرچاوی شانۆنامەکانییەتی. بۆ نموونە لە شانۆنامەی Acharnerna  کە یەکێکە لە دێرینترین کۆمیدیاکانی شارستانیەتی ئەوروپا بە تەواوەتی بە دەست ئێمە گەیشتبێت، لەم کۆمیدیایەدا جووتیارێکی گوندنشین بەناوی (دیکیە ئێوپۆلیس) دەتوانێت خۆی بەتەنها لەگەڵ سپارتەدا پەیمانێکی ئاشتی مۆربکات. لە شانۆنامەی (ئاشتی) یشدا، کارەکتەری سەرەکی ئەم کۆمیدیایە دەچێتە سەر (ئۆلیمپن) تا خواوەندی ئاشتی، کە لەو شوێنەدا بەندکراوە ڕزگار بکات. <٣> بەڵام دیارترین شانۆنامەکانی ئەرستۆفانیس، لەم بوارەدا شانۆنامەی (لیسیستراتا)  Lysistrate یە، لەم دەقەدا ئەرستۆفانیس سێکس و جووتبوون لە نێوان ژن و پیاودا، دەکاتە چەکێکی گرینگی وەستانی شەڕ؛ ژنان مانگرتنێکی تەواوەتی ڕادەگەیەنن و پیاوەکانیش ناچار دەکەن، لە ڕێگای ئەوەوەی کە تا شەڕ بە تەواوەتی نەوەستێت و ئاشتی بڵاونەبێتەوە، بە هیچ شێوەیەک نەچنە لای مێرد و پیاوەکانیان و جووت نەبن لەگەڵیاندا.

لەناو بەرهەمەکانیشیدا تەنها شانۆنامەی (بۆقەکان)ە  کە باسی شەڕ ناکات، ئەم شانۆنامەیە ساڵێک بەر لە چەک دانانن و کەوتنی تەواوەتی ئەسینا نووسراوە.<٤> (بۆقەکان) بەراوردکارییەکی ورد، شایستە و بە بەهای نێوان ئێسخیلوس و یۆربیدس-ە ، تراژیدیاکانیان دەخاتە ژێر تیشکی ڕەخنە و شاکارەکانیان بەراورد دەکات.  هەرچەندە شانۆنامەکە بە زمانێکی ساکار و ڕاستەوخۆ نووسراوە و چەندین دیمەنی کۆمیدی و گاڵتەو گەپ لەخۆدەگرێت، دونیایەکی فەنتازی ئامێزیش دەخوڵقێنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر سەختە ئەم شانۆنامەیە لەم ڕۆژگارەی ئێمەدا نەمایش بکرێت، هۆکاری سەرەکی و گرینگی نەمایشنەکردنی (بۆقەکان) دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە شانۆنامەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە زانیاری و قووڵبوونەوەیەکی تەواوەتی دەبەستێت سەبارەت بە بەرهەمە تراژیدیەکانی ئەم دوو نووسەرە و ستایلی کارەکانیان، ئەمە جگە لە ڕەوتی ژیانیان کە تووخمێکی سەرەکییە.<٥> لەوانەیە ئەم هۆکارانەش لەگەڵ ئاستی هۆشیاری و زانیارییەکانی بینەری ئەمرۆ نەگونجێت و هەموو کەسێک ئەو تێگەیشتن و لێکۆڵینەوە قووڵەیان سەبارەت بەو سەردەمە دێرینەو نووسەرەکانیان نەبێت. بەڵام لە هەندێک نەمایشی (بۆقەکان)دا بە تایبەتی ئەو نەمایشانەی کە لەم سەردەمەو لە لەندەن پێشکەش کراون، ئامادەکردنێکی وردییان لە شانۆنامەکەدا کردووە و هەوڵیان داوە لەم ڕۆژگارەی نێزیک بخەنەوە؛ بۆ نموونە ئێسخیلۆس و یوربیدس-یان گۆڕیوە و لەبری ئەوان بەراوردکارییەکە لە نێوان شەکسپیر و بەرناردشۆدا بووە، بەم چەشنەش لە بینەری ئەمرۆی ئینگلیزیی و رۆحی ئەم چەرخە نزیک بوونەتەوە.

لە شانۆنامەی (باڵندەکان)دا کە زیاتر لە هەموو بەرهەمێکی تری ئەرستۆفانیس بە نەفەسێکی شیعری بەرز و زمانێکی قووڵی پڕ لە وێنە نووسراوە، دوو کەسایەتی دانیشتووی شاری ئەسینا، داوا لە باڵندەکان دەکەن کە لەگەڵ ئەوان مەملەکەتێکی تایبەتمەند بە خۆیان لە ناو هەورەکان دروست بکەن، هەروەها شانۆنامەی (پلوتۆس)  کە یەکێکە لە دوا بەرهەمەکانی، جۆرێکە لە ئامۆژگاری و بەرجەستەکردنی موراڵ و رێگا پێشاندان، بۆ نموونە ئەرستۆفانیس لەم شانۆنامەیەدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و ئەو پرسیارە دەوروژێنێت، ئەگەر دەوڵەمەدەکان کوێر نەبوونایەو چاو و ویژدانیان کراوە بوایە، ئەوا دیاری و پاداشتەکانیان دەبەخشییە ئەو کەسانەی کە پێویستیانەو شایەنی ئەوەن.

لەم چەند ساڵەی دوایدا چەندین کتێبی دانسقە لەسەر ئەرستۆفانیس و شانۆنامەکانی، بۆ نموونە، ڕۆڵی کۆمیدیایەکی سیاسی لە کۆمەڵگاو سیاسەتی ئەو ڕۆژگارە و پێگەی ئەرستۆفانیس بڵاوکراونەتەوە، لە ناو ئەو کتێبانەدا کتێبی (ئەرستۆفانیس: سێکس، گاڵتەجاڕی و سیاسەت) لە نووسینی نیکلاس هۆڵتسباری، پرۆفیسۆری فەلسەفەی کلاسیکیی لە زانکۆی میونیش جێگای ئاماژەو لەسەر وەستانە.<٦>  ئەوەی جێگای سەرنجە، لەم کتێبەدا لێکۆڵینەوەی بنەما کۆمیدییەکانی ئەرستۆفانیس دەروازەیەکە بۆ فەلسەفەی گرێکی و لە هەمانکاتدا تیشک خستنە سەر ئەو دید و ڕەخنە ساتەوەختەو هەنووکەییانەیە کە شیکردنەوەیان گرانە و پێویستی بە لێکۆڵینەوە و رۆچوونە خوارەوەیەکی قووڵ هەیە. ئەم نووسەرە دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی شانۆنامەکانی ئەرستۆفانیس، لە کۆنتێکستەکانی خۆی و زەمەن و دەوروبەرەکەیدا ڕوون دەکرێنەوە، هەر لەبەر ئەوەشە کۆمیدیاکانی ئەرستۆفانیس لە دەروازەکانی نزیک بوونەوە بەو سەردەمەوە، وامان لێ دەکەن ئاسانتر تێیان بگەین و لە هەمانکاتدا سەیرکردن و خوێندنەوەشیان، وەک کۆمیدیا خۆشتر و پڕ لە خەندەتر دەبێت.

gfeydeau

a la Georges Feydeau

لەم کتێبەی نیکلاس هۆڵتسباریدا، شیکردنەوەکە بەو ئاڕاستەیەدا دەروات کە ئەرستۆفانیس بە پلەی یەکەم مەبەستی ئەوە بووە بینەران بهێنێتە پێکەنین. ئەم بۆچوونەش چەندین کێشە و گرفت دەخوڵقێنێت، بۆ نموونە پەیام و ڕۆڵی کۆمیدیا هاوشان دەبێت لەگەڵ جۆرە (فاش) ێک کە هیچ جۆرە گرفتێک، ڕەخنەو پەیامێک لەخۆناگرێت و تەنها پێکەنین و تەهریج دیدو بنەماکانی ئەم جۆرە کۆمیدیا (فاش)ە پێک دەهێنێت. فاش بنەما سەرەکییەکانی کۆمیدیا، خستنەڕووی گرفتە کۆمەڵایەتی، سیاسی، خودییەکان و پەردە هەڵماڵینی بارودۆخە نالەبار و دژوارو چەوتەکان، بەشێوەیەکی کۆمیدی لەخۆناگرێت، بەڵکو زیاتر لە دنیایەکی گاڵتەئامێزی پێکەنیناوی، بەبێ هیچ پەیامێک دەسوڕێتەوە. هەرچەندە ئەرستۆفانیس (فاش) یشی نووسیوە و چەند دانەیەکیشی بە دەست ئێمە گەیشتوون و پاڕێزراون، لە وانە:

a la Georges Feydeau بەڵام ئەرستۆفانیس توانیوویەتی لەم (فاش) ە دا لەسەر چەندین ئاست ڕەخنە و گاڵتەی کۆمیدی لە ڕووی سیاسەت، ئیرۆتیک و دیمەنی پڕ لە جۆش و خرۆشەوە ئاوێزانی بەرهەمەکەی بکات،هەروەها بە زمانێکی لیریکی و لە هەمانکاتدا توندوتیژەوە، دیمەن بە دیمەن شانۆنامەکەی داڕشتووە و وێنەیەکی قووڵ و لە هەمانکاتدا ساکار و پڕ لە چێژی (فاش)مان پێشکەش دەکات.

نیکلاس ‌هۆڵتسباری لە لێکۆلینەوەکەیدا جەخت لەسەر ئەو ناو و کەسایەتیانەی لەو سەردەمەدا ژیاون دەکاتەوە، کە ئەرستۆفانیس لە کۆمیدیاکانیدا بەکاری هێناون و دەیانکات بە نوکتەو ڕەخنەی توندی گاڵتە ئامێزیان لێدەگرێت، زۆرجار وا ڕێکەوتووە کە ئەو کەسانەی بەو شێوەیە هێرشیان کراوەتە سەر، لەناو بینەراندا دانیشتون و سەیری شانۆنامەکەیان کردووە. بێگومان تیرە ژەهراوییەکانی ئەرستۆفانیس هەمیشە گیراوەتە سیاسەتمەدار، سەرکردە سەربازییەکان، شانۆنامەنووسەکان، کاربەدەستانی باڵای وڵات و کەسە دیارو ناسراوەکانی ئەو ساتەی ئەسینا، بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە ستایلی ژیان و گوزەران و کەسایەتییەکانیان جیاواز بوون و  هەوڵیان داوە لە خەڵکی ئاسایی جیاوازتر بژین.

نیکلاس هۆڵتسباری بۆ لێکۆڵینەوەکەی پەنا دەباتە بەر لێکۆڵینەوەکانی نووسەرێکی تر بە ناوی (ماڵکۆم هیس) و باسە ناوازەکەی (کۆمیدیای سیاسی لەلای ئەرستۆفانیس)

Political comedy in Aristophanes ئەم نووسەرەش پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە ئامانجی کۆمیدیای گرێکی تەنها ئەوە بووە خەڵکی بخاتە پێکەنین. ئەرستۆفانیس لە ڕەخنەکانیدا چەندە توندوتیژ بووبێت، چەندە مەسەلەی دەسەڵاتی خستبێتە ژێر پرسیارەوە و پەردەی لەڕووی سیاسەتمەدارەکان هەڵماڵیبێت، دواجار ئامانجەکانی هەر ئەوە بووە بینەران بخاتە پێکەنین. پیاوی دەوڵەت و سەرکردەیەکی سەربازی بەناوی (کلیۆن) ەوە، بەشێوەیەکی بێ بەزەیی کەوتۆتە بەر شاڵاوی شانۆنامەکانی سەرەتاو دەستپێکی بەرهەمەکانی ئەرستۆفانیس، تەنانەت دوای مردنیشی وازی لێناهێنێت، ئەم (کلیۆن) ە لە ساڵی ٤٢٢ی بەر لە زایندا، لە یەکێک لە بەرەکانی جەنگدا کوژراوە. ئەرستۆفانیس بەشێوەیەکی بەردەوام گاڵتە بەم کەسایەتییە (کلیۆن) دەکات و ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ژێر ڕەحمەتی ڕەخنەو تەنانەت جنێوەکانیشییەوە.

یەکێک لە خاڵە لاوازەکانی تێز و بۆچوونەکانی نیکلاس هۆڵتسباری و کتێبەکەی (ئەرستۆفانیس: سێکس، گاڵتەجاڕی و سیاسەت)  ئەوەیە کە ئەو هۆکارانە ڕوون ناکاتەوە بۆ چی ئەرستۆفانیس هەندێک لە سیاسەتمەدارەکان ڕیسوا دەکات و هێرشی توندیان دەکاتە سەر، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لە هەندێکی تریان نزیک نابێتەوە و ناویان ناهێنێت. هەرچەندە هەندێک لە جنێو و گاڵتەکان بێکینەیە و هیچ ڕقێکیان تێدا نییە، بەڵام لەلایەکی ترەوە ڕەخنەکانیش یەک لایەنەیەو بە شێوەیەکی تەواوەتی حسابیان بۆ کراوە، شتێکی سەیرە گەر لە پشت ئەم هێرش و ڕەخنەو جنێوانەوە، مەبەستێکی سیاسی نەبووبێت. ئەرستۆفانیس هەمیشە پەیامی سیاسی خۆی هەبووە، لە یەکێک لە کۆمیدیاکانیشیدا ڕەخنەیەکی توند لە جەماوەری ئەسینا دەگرێت، لەبەر ئەوەی دەنگیان داوە بە کلیۆن، هەرچەندە ئەو، واتە ئەرستۆفانیس لە شانۆنامەی (ئەسپ سوارەکان) دا پەردەی لەسەر هەموو کەم و کوڕی و هەڵەکانی کلیۆن هەڵماڵیوە. ئەرستۆفانیس لەم شانۆنامەیەدا، وێنەیەکی ساکارو خراپی کلیۆن-ی وەکوو (پێستە خۆشکەر) کێشاوە (کلیۆن ئەم پیشەیەی لە بنەماڵەکەیانەوە بۆ ماوەتەوە و لەم ڕوەشەوە بازرگانی پێستەی کردووە) ئەمە جگە لەوەی وێنەیەکی کاریکاتێری، لە چەشنی سەرکردەیەکی بێ کەڵک و مەترسیداری ئەسینا دروست کردووە. نیکلاس هۆڵتسباری هیچ بەهایەک بۆ ئەم پەیامە سیاسییەی ئەرستۆفانیس دانانێت و دەڵێت: کلیۆن وەک هەموو ئەو سیاسەتمەدارانەی بەر لێشاوی ڕەخنە کەوتوون، ئەو ڕەخنە و گاڵتەو گەپانەیان بە سنگێگی فراوانەوە وەرگرتووە و لەگەڵیا پێکەنیوون. بەڵام کلیۆن بەو ڕەخنانە بێزا بووە و ئاماژەی ئەوەی کردووە کە ئەرستۆفانیس هەموو سنورەکانی بەزاندووە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە دواتر ئەرستۆفانیس ڕادەکێشێتە بەردەمی دادگا، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەرستۆفانیس و لەیەکێک لە شانۆنامەکانی سەرەتای ڕەوتی نووسیندا، بەناوی (بابلییەکان) ەوە، هێرشێکی توندی کردۆتە سەر.<٧>

لەم باسەدا جێگای سەرنجە بزانین ئەرستۆفانیس لە شانۆنامەی (هەور) دا چۆن باسی سوکرات دەکات. ئەرستۆفانیس لەم شانۆنامەیەدا وێنەی سوکراتێکی فەیلەسوف و قوتابیەکانی، وەکوو کۆمەڵە کەسێکی سەیر و مەخسەرە و گێل بەرجەستە دەکات: سوکرات دەبێتە ئەو پیاوە زانستە سوفوستائییەی کە زۆربڵێیەو قسە زۆر دەکات، بەبێ ئەوەی هیچ بڵێت و خۆیی و قوتابیەکانی لە کۆمەڵە دیمەنێکی کۆمیدی شپرزە ئاساو سەرلێشێواودا دروست دەکات. سوکرات لە وتاری بەرگرییەکەی خۆیدا، کە لەساڵی ٣٩٩ ی بەر لە زاییندا، لە بەردەم دادگادا (ئەو دادگایەی کە دواتر بە بڕیاری مەرگی سوکرات کۆتایی هاتووە) هەر وەکوو ئەفلاتون دواتر بڵاویکردۆتەوە، وتوویەتی: سوکرات دوو جۆر دادوەری گشتی هەبووە، یەکێکیان ئەوانە بوون ئەویان ڕاکێشاوەتە بەر دەم دادگا، ئەوانەشی کە هەر لە دەمێ ساڵەوە ئەویان تاوانبارکردووە. سوکرات لێرەدا مەبەستی لە شانۆنامەی (هەور) بووە کە لەوێدا وەکوو فیگورێک خوڵقێنراوە قسەی بێ مانا دەکات، تەنانەت خۆشی نە دەزانێت چی دەڵێت و نەئاگاداری ئەو شتانەشە کە باسیان دەکات. ئاشکرایە سوکرات و ئەفلاتون هەستیان بەو تۆنە زبر و ڕەخنە ئامێزەی هێرشی نووسەرە کۆمیدیاکان کردووە، هەروەها ئەو کەسانەشی دواتر سەیری ئەم مەسەلانەیان کردووە و لێی وردبوونەتەوە، درکیان بەهەمان شت کردووە، هەر بۆ نموونە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر و لە گۆڤاری Magazine Litteraire ئەم مەسەلەیە لە وتارێکدا بە ناوی (سوکرات بە دەستی ئەرستۆفانیس مردووە؟) وروژێنراوە.

خاڵێکی تری لاوازی لێکۆڵینەوەکەی نیکلاس هۆڵتسباری ئەوەیە کە کۆمیدیای گرێکی، بەتایبەتی لە ئەسینا بە تراژیدیا بەراورد دەکات، بێگومان ئەم بەراوردکارییە لە هەندێک لایەنەوە شتێکی ڕاستە، بەڵام تەنها لە هەندێک لایەنەوە. پێناسەکردن و دەست نیشانکردنی کۆمیدیا وەکوو (خوشکی بچوکی) تراژیدیا، کەمکردنەوەی بەهاکانی کۆمیدیایە، چونکە جیاوازییەکان لەڕووی چۆنییەتییەوە (چۆنایەتیانە) نییە، بەڵکو مەسەلەکە زیاتر لە ڕووی ستایل و شێوازەوەیە. هەڵبەتە لێک جیاکردنەوەو جیاوازییەکی توندی بەم شێوەیە، بینەرانی شانۆی ئەسینای ئەوکاتەی تووشی ناڕەزایی و سەرسووڕمان کردووە.

لەکاتی فیستیڤاڵەکانی دیۆنیسیۆس دا، کە لە نێوان مانگی سێ و چواری هەموو ساڵێکدا کراوە، لە پێنج شانۆنامەی کۆمیدی کەمتر نەمایش نەکراوە، هەروەها سێ ساتیریش (زیاتر نەمایشی گەمە و گاڵتەوگەپ بوون و لە میتۆلۆژیاکانەوە سەرچاوەیان وەرگرتووە) ئەمە شان بە شانی ئەو نۆ شانۆنامە تراژیدیانەی تر کە لە ماوەی سێ چوار ڕۆژی فیستیڤاڵەکەدا نەمایشکراون.<٨>  لە زۆر ڕووەوە کۆمیدیا شتێکە کە تراژیدیا ئەوە نییە، لەبەر ئەوەی تراژیدی لەلایەکەوە لە داستان و میتۆلۆژیاکانەوە وەرگیراون و بنەمایەکی پڕ لە ڕاز و نهێنی لە خۆدەگرێت و دیدێکی مێتا-فیزیکییان هەیە، لە لایەکی تریشەوە کێشەو دەستەویەخەی مرۆڤی پاڵەوان ئاسا، لەگەڵ چارەنووسی خۆیدا دەخاتەڕوو، بەڵام کۆمیدیا بە تەواوەتی پابەندە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەسیناوە. تراژیدیا کۆمیدیایە و کۆمیدیاش تراژیدیایەو بە پێچەوانەشەوە، ئەم دوو شێوازە دراماتیکییە، واتە تراژیدی و کۆمیدی تەواوکەری یەکترین و پێکەوە بەرجەستەی هەموو ژیانی واقیعی و ڕاستەقیینەی ئەسینان، لەسەر ئاستێکی بەرز و نزم،لە لایەنی رۆحی و میتۆلۆژیا و دەنگۆی بێ بناغە، تا دەگاتە سەر مەسەلە ڕاستەقیینەکان و ئەو شتانەشی کە بینەران تامەزرۆین، دەکەن.

هیچ شتێک نییە کە خەڵکی ئەسینا خۆیانیان تیا نەدۆزیبێتەوە، هەروەها هیچ شتێک لەو شانۆنامانەدا نەبوون کە لە فیستیڤاڵەکانی دیۆنیسیوس دا نەمایشکراون، لە دەرەوەی واقیع و ئەزموون و ژیان و بۆچوونەکانی بینەران و خەڵکی ئەسیناوە بووبێت. شانۆی گرێکی، بەتایبەتی لە ئەسینا، لە ساڵەکانی ٤٠٠ ی بەرلە زاییندا، تراژیدی، کۆمیدی یان گەمەی ساتیر پێکەوە، وێنەیەکی گشتگر و تەواوەتی گەردوون و کۆمەڵگای گرێکی بووە.<٩>  ئێمە ئێستا لەم زەمەنەدا، بەشێوەیەک لە شێوەکان دەتوانین دووپاتی ئەو وتەیەی فیکتۆر هیگۆ بکەینەوە کە دەڵێت (هەمان هێزی هەناسەدان کە لە هەناوی تراژیدیاکانی ئێسخیلۆس دایە، لە هەناوی کۆمیدیاکانی ئەرستۆفانیس-یشدایە)

ئەریستۆ لە کتێبی هونەری شیعرەکەیدا (پۆیەتیکا) مەبەستی ئەوە بووە (لەوانەیە ئەم کتێبە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٣٠٠ ی بەر لە زاییندا نووسرا بێت) تراژیدیا باسی ئەو کەسانە دەکات کە لە ئێمە باشترن، بەڵام لەوانەیە بەو ڕادەیە باش نەبن، چونکە بەهۆی کارێکی هەڵەوە تێک دەشکێن و بەتەواوەتی خراپ دەبن.<١٠>  بینەران لەو هاودەردیی و هەست و سۆز و ترسانەی کە لە بینینی نەمایشە تراژیدیاکانەوە، لەناوەوەیاندا سەرهەڵئەدات و دەوروژێت، پاکژدەبنەوە (کاتاریس) <١١> “کۆمیدیاکانیش خستنەڕوو و پێشاندانی ئەو مرۆڤانەیە کە خراپن، بەڵام نەک ئەوانەی کە هەر زۆر بێکەڵکن /…/ ئەو گاڵتەئامێزییە شتێکە کە بە هەڵە دەکەوێتەوە- ئەوە دزێوییە بەبێ ئازار و بە بێ وێرانکاریی.”

نووسینەکانی ئەریستۆ لەم بارەیەوە بە تەواوەتی نەگەیشتوون بە دەستمان، بەڵام لە دووتوێی هەندێک تێکست و نووسینی تری ئەریستۆوە، دەگەینە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە کۆمیدیاش. هەر لەم دەروازەیەوە، لەوانەیە بگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە ئەریستۆ مەبەستی بووە بڵێت: کۆمیدیا چێژو پێکەنین دەبەخشێت بەبینەرەکانی، لەم ڕێگایەشەوە دەمانگەیەنێتە کاتاریس، واتە پاکژبوونەوە، بە ڕەچاوکردنی گەڕانەوە بۆ هەست و سۆزەکانمان. بەلایەکی تردا ئەریستۆ ئەوەمان فێر دەکات کە تراژیدی و کۆمیدی، هەردووکیان هەست و سۆزێکی قووڵ و گەورە لە دەروونماندا، لە بێئاگایماندا بە ئاگادەهێنێتەوە و ئەو هەستە توندوتیژەی، کە لە ناوەوەماندایە و ئێمە نامانەوێت بەردەوام بە شێوەیەکی جێگیر بوونی هەبێت، لە ڕێگای کارە هونەرییەکانەوە ڕزگارمان دەبێت لێیان.  شیکارییەکانی ئەریستۆ بۆ کۆمیدیا هەمان شیکاری و لێکۆڵینەوەکانییەتی بۆ تراژیدیا و بەهەمان ئاڕاستە کاری کردووە، هەرچەندە ئەریستۆ ئەو دوو شێوازەی هونەر بە تەواوکەری یەکتری دادەنێت و هەر لەبەر ئەوەشە وەکوو دوو دیوی یەک چالاکی، چالاکییە گشتگرەکانی دراماتیک ناوزەدیان دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا کە لێکۆڵینەوەکەی نیکلاس هۆڵتسباری لە زۆر ڕووەوە بە شێوەیەکی باش نووسراوە، بەڵام کۆمیدیای گرێکی تەنها وەکوو ئامرازی چێژ وەرگرتنێکی ساکار، لە پەراوێزی کۆمەڵگادا دادەنێت،بەم شێوەیە تێزەکانی خۆیمان سەبارەت بە کۆمیدیای ئەرستۆفانیس، لە دیدو بۆچوونێکی کۆنەوە پێ دەفرۆشێتەوە. ئەم بۆچوونە ساکارەش وێنەیەکی گشتگر و ڕاست نابەخشێتە ئەو سەراپاگیری و مەودا قووڵەی کە لەو هونەرە بەرزە کۆمیدی و گاڵتەوگەپەی ئەرستۆفانیس- دا هەیە. لە کۆتایدا تەنها شتێک کە لەم بارەیەوە ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە کە زۆر زەحمەت و دژوارە لەم خوێندنەوەیە بگەیت و بزانیت نووسەر مەبەستی چییە و بۆچی؟ هەر وەکوو ئەفلاتون نووسیوویەتی “ژنە خواوەندە هەوەسبازەکان کاتێک بە دوای پەناگەیەکی نەمردا گەڕان، ڕۆحی ئەریستۆفانیس- یان دۆزیەوە.”

سەرچاوە:

SvD, Understrecket. Den antika komedin var ingen fars av Hans-Roland Johnsson, 2012

پەراوێزەکانی وەرگێر

١-ئەرستۆفانیس لە ساڵی ٤٤٥ پ.ز لە دایکبووە و لە ساڵی ٣٨٥ پ.ز یشدا کۆچی دوایی کردووە. ئەم نووسەرە بۆ یەکمجار لە ساڵی ٤٢٧ پ.ز دا یەکێک لە شانۆنامەکانی نەمایشکراوە. کۆنترین شانۆنامەشی کە دەست ئێمە کەوتووە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ٤٢٥ پ.ز، ئەم شانۆنامەیەش یەکێک لە کارەکتەرەکانی ناوی (یوربیدس) ە، وەک ئاماژەیەک بۆ نووسەری تراژیدیای گرێکی یوربیدس.

٢-ئەو شانۆنامانەی ئەرستۆفانیس کە بە دەست ئێمە گەیشتوون و پارێزراون بریتین لە: خەڵکی ئەفارینا، ئەسپ سوارەکان، هەور، زەردەواڵە، جەژنی تسمۆفۆریا، بۆقەکان، پەرلەمانی ستات، پلوتۆس، لیسیستراتا.

٣-ئۆلیمپن: ماڵی خواوەندی گرێکەکان کە بەسەر ترۆپکی چیای ئۆلیمپۆس-ەوە بووە، لە هەمانکاتدا مانای جیهانی خواوەندەکانی گرێکییە کۆنەکانیش دەگەیەنێت. ٤-شانۆنامەی (بۆقەکان) یەکێکە لەو شانۆنامانەی کە ئەرستۆفانیس توانا و سەلیقەی یوربیدس دەخاتە تەرازووی ڕەخنە و بەراوردکاری و تەنانەت دانپیانانیشەوە. ئەم شانۆنامەیە نیشانەیەکی گەورەی ڕەخنەی ئەدەبی و شانۆیی گرێکلاندە کە دوای مردنی هەر سێ شاعیری گرێکی: ئێسخیلوس، سۆفۆکلیس و یوربیدس نووسراوە. ئەرستۆفانیس شانۆنامەی “بۆقەکان” ی لە کاتێکدا نووسیوە کە گۆڕەپانی پێشبڕکێکان بەهۆی مردنی شاعیرە مەزنەکانەوە بۆشاییەکی گەورەیان دروستکردووە، ئەرستۆفانیس هەستی بەو بۆشاییە کردووە و لە دەروازەی شانۆنامەکەیەوە ڕۆڵی ئەو شاعیرانەی بەرز نرخاندووە. شانۆنامەی بۆقەکان هەڵسەنگاندنێکی شانۆیی و وردی توانای شانۆنامەنووسیی هەر سێ شاعیرە مەزنەکەی تراژیدیای گرێکە. ئەرستۆفانیس لەم شانۆنامەیەدا زیاتر بەراورد لە نێوان ئێسخیلوس و یوربیدس-دا دەکات، بەڵام یوربیدس و سۆفۆکلیس-یش بەشێکی ئەو بەراوردکارییەن. ئەرستۆفانیس بۆ یەکمجار لەم شانۆنامەیەیدا ددان بە توانای یوربیدس و ڕۆڵی شانۆنامەکانی و هێزی تراژیدیاکانیدا دەنێت، لە دەرئەنجام و کۆتایی شانۆنامەکەیدا بەم شێوەیە پلەی شاعیرەکان دەستنیشان دەکات: ئێسخیلوس پلەی یەکەم، سۆفۆکلیس دووەم و یوربیدس پلەی سێیەم.

٥-شانۆنامەی بۆقەکان لە ساڵی ٤٠٥ پ.ز دا پێشکەشکراوەو پاداشتی یەکەمی بەدەست هێناوە، دواتر بەهۆی سەرکەوتنی نەمایشەکەوە بۆ چەندین جار لە ئەسینا پێشکەشکراوەتەوە.

٦-ئەم کتێبە ٢٤٠ لاپەرەیەو لە ساڵی ٢٠١٠ دا لە دەزگای C H Beck  بەئەڵمانی بڵاوکراوەتەوە.

٧-ئەم شانۆنامەیە فەوتاوە و نەگەیشتووە بە دەستمان.

٨-(بیترستراتۆس) یەکەم فەرمانڕەوا بووە کە بڕیاری دامەزراندن و سازدانی فیستیڤاڵ و پێشبڕکێ هونەرییەکانی نێوان شاعیرە تراژیدیکانی داوە، بۆ ئەم مەبەستە هەموو ساڵێک لە ئەسینا ڕۆژەکانی جەژنی دیۆنیسیۆس، خواوەندی شانۆ و بەروبووم تەرخانکراوە بۆ ئەو دیاردە گرینگە، دوای دەرکردنی ئەم بڕیارە و پەسەندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی شاری ئەسیناوە، یەکەم شانۆگەری لە ساڵی ٥٣٤ پ. ز دا نمایشکراوە. ئەم ریتواڵ و فیستیڤاڵە شانۆییە لە وەرزی بەهاردا سازکراوە و دە ڕۆژی خایاندووە، شانۆنامەکانیش لە سێ ڕۆژی کۆتایدا پێشکەشکراون. لە سەرەتادا تەنها تراژیدیاکان بەشدارییان کردووە، بەڵام لە ساڵی ٤٨٦ پ. ز ەوە ڕێگا بە شانۆنامەنووسە کۆمیدییەکانیش دراوە بەشداری بکەن. بەهۆی بەشداری شاعیرە کۆمیدیاکانەوە، هەندێک رێسا و بنەمای تر بۆ تێکڕای نووسەرەکان دادەنرێت تا پەیڕەوی بکەن.  بۆ نموونە شانۆنامەنووسە کۆمیدییەکان بوارێکی زیاتریان هەبووە بۆ گوزارشتکردن و جۆری دەربڕینەکانیان، بەڵام شانۆنامەنووسە تراژیدییەکان ئەو بوارەیان نەبووە. کۆرسی ناو شانۆنامە کۆمیدییەکان توانیویانە و بۆیان هەبووە ڕاستەوخۆ ڕووبکەنە بینەران، ڕەوتی شانۆنامەکە ڕابگرن و ڕای تایبەتی خۆیان سەبارەت بە مەسەلەیەکی هەنوکەیی، لە ڕووی ڕامیاری، ئابوری، هونەری، ڕۆشنبیری ٠٠٠ هتد دەرببڕن و دواتر بگەڕێنەوە ناو ڕووداوەکانی شانۆنامەکە.

٩-ئەریستۆ لە کتێبەکەیدا هونەری شیعر (پۆیەتیکا) ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە شانۆگەری بە هەردوو جۆرەکەیەوە؛ تراژیدیاو کۆمیدی، لە هونەری شیعرەوە سەریهەڵداوە.

١٠-بە پێی هەندێک سەرچاوە بەشی دووەمی کتێبی هونەری شیعر دەربارەی کۆمیدیا بووە، بەڵام ئەو کتێبە فەوتاوەو نە گەیشتۆتە دەستمان.

١١-کاتاریس، پاکژبوونەوە یان قوتاربوون، وشەیەکی یان چەمکێکی گرانە و چەندین شیکردنەوەی بۆ کراوە، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی هەموو پسپۆرو لێکۆلەرەوان لەسەر ئەوە ڕێکن کە مەبەست لە پاکژبوونەوەی دەروونە لە ترس و بەزەیی، ئەمەش بە هۆی پێشاندانی بەرهەمە تراژیدیاکانەوە. بۆ گەیشتن بەم مەبەستەش پێویستە تراژیدیا خورپە یان ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراو، گۆڕانکاری و جۆرە کارەساتێک لە خۆبگرێت.

دانا رەوف

لە سوێدییەوە کردوویەتی بە کوردی و پەراوێزی بۆ نووسیوە