کاتێک لاش نۆرێن من لەسەر عەرەبانەی کەمئەندامان دەبینێت، بۆ تەنها ساتێکیش بەو شێوە پڕ لە هەست و سۆزو بەزەییەی کە من لەسەری راهاتووم، سەیرم ناکات، هەروەکو من بەو شێوەیە نەبینێت، یان نەوێرێت رووبەڕووی ئەم کەمئەندامییەم ببێتەوە.
لاش نۆرێن دەیەوێت هەموو شتێک بزانێت و بەبێ شەرم پرسیار دەکات. من هاتووم بۆ گۆتلاند ٢ تا هەوڵبدەم و تۆزێک لە ژیانی لاش نۆرێن تێبگەم، بەڵام ئەو دەست بەسەر بارودۆخەکەدا دەگرێت و دەکەوێتە پرسیارکردن:
– ئەسپەکە چی کرد؟
– بەپشتدا کەوتیتە خوارەوە؟
– دەتەوێت سەرلەنوێ دەست پێبکەیتەوە ٣؟
دەستبەجێ ئەو وێنەیەی لەلای خۆم سەبارەت بەلاش نۆرێن بۆ خۆمم دروستکردبوو، ئاشکرا دەبێت: کە ئەم نووسەرە، مرۆڤەکان، ئەزموونەکان و تراژیدیاکان کۆدەکاتەوە، چونکه‌ ژیان و چارەنووسی خەڵکی پێویستە، بۆ ئەوەی شانۆنامەکانی بنوسێت.
دوای ئەوە لاش نۆرێن ددان بەوەدا دەنێت، کە زیندە خەونێکی ناخۆش و دێوزمە ئاسای هەیە و هەمیشەش دووبارە دەبێتەوە، کە لەپڕ لەخەو خەبەری دەبێتەوە، هەستدەکات ناتوانێت جەستەی بجوڵێنێت. هەروەکو من دەبێتە کەمئەندام و بەکورسی عەرەبانە ئاسای کەمئەندامان دەڕوات.
کاتێک دەگەم، لاش نۆرێن بە پایسکیلێکی بچکۆلەوە چاوەڕوانیم دەکات و بەرەو ناو هەر سێ خانووە بەردینە جوان و رووناکەکانیم دەبات. تیشکی رۆژەکە بڵاوبۆتەوە. ئێمەش لەدەرەوە، لەپاڵ تاشەبەردە وشک و رووتەڵەکاندا دادەنیشین و لەکوپی گەورەدا قاوە دەخۆینەوە. تیشکی رۆژەکە بەناو لەوەڕگای مەڕ و مانگا و کێڵگە فراوان و پێدەشتەکاندا بڵاوبۆتەوە. (ئانیکا) کێکی بەدارچینیەوە بۆ کردووین و بەقاوەکەوە دەیخۆین. (ئانیکا) ئەکتەرە. له‌ پایزدا، لەکاتی نمایشکردنی شانۆنامەی (ئاوی وەستاو)ی لاش نۆرێن خۆیدا، کە بۆ شانۆی جولەکە لەستۆکهۆڵم کاریان تێداکرد، یەکترییان دیوە. کێکە دارچینییەکە زۆر خۆشە، لاش نۆرێن و ژنە تازەکەشی، (ئانیکا)ی ئەکتەر، لەوەدەچێت لەم شوێنەدا پێکەوە بەختیاربن.
دواتر من بواری ئەوەم بۆ دەڕەخسێت پرسیاری لێبکەم و گفتوگۆکەمان دەستپێبکەین. سەرەتا لێیدەپرسم ئاخۆ نیازی ئەوەی نییە بەیەکجارەکی بگوێزێتەوە و لەم دوورگەیە بژی؟
– هیوادارم. من زۆر حەزدەکەم، کە لێرەبم.
لەپڕ لایەنێکی تری خۆیم بۆ ئاشکرا دەکات، کە تەواو بە من نامۆیە. ئەم نووسەرە گەورەیەی سوێد، کە لەدوای “ئینگمار بیرگمان”ەوە لە هەموو کەسێک زیاتر لەسەری نووسراوە، فرە بەرهەمەو بەردەوام خاوەنی پڕۆژەی تازەیە. ئەم نووسەرە کە بەدیدێکی رەش ناوزەد کراوەو بەرهەمەکانی مۆرکێکی پڕ لە نائومێدی و شەڕی نەوەکان لەخۆ دەگرێت. خەون بەوەوە دەبینێت کە بەتەواوەتی و بۆ یەکجارەکی لەدنیای ئەدەب و شانۆ دووربکەوێتەوە، لەبری ئەوە باخێکی گێلاسی ژاپۆنیی تایبەت بەخۆی بڕوێنێت و باخچەکانی بژارو پاک بکاتەوە.
– یەک دوو ساڵی تر بەکاری ده‌رهێنانی شانۆییه‌وه‌ خەریک دەبم و دوای ئەوە دەکشێمەوەو خۆم بڕیار لەسەر کاتی خۆم ئەدەم. من هەر زۆر بە پەرۆشی ئەوەوەم بەتەواوەتی لە هەموو شتێک دووربکەومەوەو تەنها هەر لێرە، لەم شوێنەبم. پێمخۆشە ئەو قۆناغە ئەکتیڤ و پڕ لەکارەم تەواوبکەم.
● واز لەنووسین دەهێنیت؟
– نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەوکات دەتوانم بەتەواوەتی خۆم بۆ نووسین تەرخان بکەم.
● دایک و باوکت سەبارەت بە پیشەکەت، وەکو نووسەر دەیانووت چی؟
– هەرزۆر دوودڵ و نائارام بوون. ئەوان دەیانویست نووسین وەکو کارێکی لاوەکی وەربگرم، لەبری ئەوە پیشەیەکی تەواوەتیم هەبێت. دایکم دەیوسیت من ببم بە قەشە، خۆی لەبنەماڵەیەکی قەشەدا گەورەبووە.
● چۆن باسی گەورەبوونی خۆت لە هوتێلی خێزانەکەتان، لەناوچەی گێنارپ دەکەیت ٤؟
– کاتێکی خۆش بوو. لەزۆر رووەوە کاریگەریی هەبووە لەسەر من، هەموو جۆرە مرۆڤێکی لێ کۆدەبووەوە. لە ژووری نان خواردن، شوێنی دانیشتن بەپێی ئاستی چینایەتی دیاری کرابوون: باشترین شوێنەکان، مامناوەندی…هتد. ژووری قاوە و چا خواردنەوە و هەروەها شوێنە خراپەکان. تێکەڵەیەکی سەیر و سەمەرە بوو. ریتواڵەکانی بەخاک سپاردن، ژن و ژنخوازی و ئاهەنگێڕان و کەسانێکی زۆری سەرخۆش و بەدمەستەکان. هەموو لەم هۆتێلەدا کۆدەبوونەوە. ئەو جوتیارانەی کە کێڵگەکانیان بەهۆی بەدمەستی و مەی خواردنەوەوە لەدەست ئەداو چەندین تراژیدیای تر، بەڵام ژیانێکی ئێجگار قەرەباڵغ بوو، ژیانی رۆژانە زریانێکی گەورە بوو لەهاتووچۆی بونیامەکان.
● شتێکمان دەربارەی منداڵی خۆت بۆ بگێڕەرەوە؟
– تەمەنم شەش ساڵ بوو کە هاتم بۆ گێنارپ. له‌ یەکەم رۆژەکانی قوتابخانە کە دەستم پێکرد، چەند کوڕێک منیان بە عەمودێکی کارەباوە بەستەوە و بەوایەرێک کەوتنە لێدانم، هەر لەبەرئەوەی من بەشێوەیەکی سەیر قسەم دەکرد. ئەمە راچڵەکین و شۆکێکی گەورەبوو بۆ من، کاریگەرییەکی قوڵی تێکردم. لێرەوە ناچاربووم بەرگری لەخۆم بکەم، زیاتر ببمە کەسێکی بێباک و کەللەڕەق. زۆر گرانە لەپڕ بکەویتە ناو گوندێکی ناوچەی (سکۆنە)وە ٥ . خانەوادەکەشم خاوەنی پیشەگەلێکی تایبەتمەند بوون، هۆتێلیان هەبوو، باوکم بەدمەست بوو. ئائەمە بەشێوەیەکی بەهێز کاری تێکردووم و بۆتە بەشێک لە من.
●چۆن؟
– زۆر ئاسانە بۆ من خۆم لەو کەسانەدا ببینمەوە کە لەدەرەوەی سیستمە کۆمەڵایەتییەکاندان، من لەمە دەگەم و دەیانناسمەوە.
● بۆچی لەتەمەنی پانزە ساڵیدا لە گێنارپەوە گەڕایتەوە بۆ ستۆکهۆڵم؟
– لەلایەکەوە لەبەرئەوەی ژیانی ماڵەوە زەحمەت و دژواربوو، لەلایەکی تریشەوە دەمویست بێم بۆ ستۆکهۆڵم تا ببم بە نووسەر.
● بیری ماڵەوەتان نەدەکرد؟
– کچێکم ناسی و بۆ ماوەی سێ ساڵ لە شەقامی ریدەرگاتان ٦ لەلای ئەو دەژیام، بۆیه‌ هێندە بیری ماڵەوەم نەدەکرد. ئەو کچە دە ساڵ لە من گەورەتر بوو، من تەنها تەمەنم شانزە ساڵان بوو، ئەویش بیست و شەش ساڵ بوو.
● برایەکتان لە گێنارپ دەژیا، چ جۆرە پەیوەندییەکتان بەیەکەوە هەبوو؟
– زۆر نا. ئەو ئەندازیاری خانووبەرە بوو. ئێستا خانەنشینە و دە ساڵ لە من گەورەترە. ژیانێکی تایبەتمەندی خۆی هەیە، جیهانێکی تایبەتمەند. شتێکی ناخۆش و گرانیش نییە، کە ئێمە هیچ پەیوەندییەکمان نییە. ئەوە واقیعێکە و پێی رازی بە.
● چی وای لەتۆ کردووە کە بەردەوام بیت لە نووسیندا؟
– من وزەیەکی بەهێزم هەیە. چەندین شانۆنامەی نووسراوم هەن، بەلای خۆمەوە لە ئاستێکی باش و بەرزدان، بەڵام تاکو ئێستا نە بڵاومکردوونەتەوە، نە ناردووشمن بۆ شانۆکان. من هیچ پێویستییەکم بە کاردانەوە و ستایشێک نییە بەرانبەر ئەم شانۆنامانە. تەنها لەوکاتانەدا دەریاندەهێنم کە پێویستم بە پارەیە. ئەم شانۆنامانە تا لەچەکمەجە و سەر رەفەکاندا بمێننەوە، من خاوەنیانم و موڵکی خۆمە. ئەوانەشی کە بڵاودەکرێنەوە یان لەسەر شانۆکان نمایش دەکرێن، زۆر لەمێژە نووسیوومن.
● بۆچی لەتەمەنی چل و نۆ ساڵیدا بوویتە ریژیسۆر؟
– (یان مالمشوێی)و (ماریا یۆرانزۆن) ٧ بیریان لە شانۆنامەی (سەمای مەرگ)ی ستریندبیری کردبووەو پرسیاریان لە من کرد کە کاری ریژیان بۆ بکەم. من لەوەوبەر بەهیچ شێوەیەک بیرم لەکاری ریژی نەکردبوەوە، بەڵام بیرم کردەوە بونیام دەتوانێت هەوڵێکی لەگەڵدا بدات. بەهەرحاڵ دەتوانین هیچ نەبێت دەست بکەین بە خوێندنەوەی.
● وەکو بەڕێوبەر چۆنیت؟
– باشم، زۆر باش.
● چۆن؟
– نا، تەنها گاڵتەم کرد. من حەزم بەوەیە کە سەرپەرشتیاربم و بڕیاربدەم. هەر زۆر حەزم لەوەیە.
● بۆچی رێگا بۆ ئەکتەرەکانت خۆش دەکەیت، سەما بکەن؟
– ئەوە شتێکی لەخۆوە بوو، جارێکیان کارم لەگەڵ گروپێکی گەورەی ئەکتەرەکاندا دەکردو بیرم لەوە دەکردەوە چی بکەم. سەما هات بەخەیاڵمدا. رێگام بۆ کردنەوە سەمابکەن. سەماکردن چەندین، یاخود هەموو دژایەتییەکان تێک و پێک دەشکێنێت و رێگایەکی زۆر باشە بۆ نزیک بوونەوە و لەیەکتر گەیشتن.
● بۆچی تۆ هەرگیز دوای یەکەم رۆژی نمایشەکان ناگەڕێیتەوە بۆ لای ئەکتەرەکان و نمایشەکە ٨؟
– من زۆر بە چڕی کاردەکام و تامەزرۆی ئەوەم بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە تا بنووسم. ئەمە بۆ من ژیان و مەرگە. بەهەمان شێوە کاری ریژی بەلامەوە هێندە گرینگ نییە، بۆ من تەنها کارێکی خۆشە و هیچیتر. بەڵام لەو بڕوایەدام، کە ئەکتەرەکان ئەمەیان پێخۆش نییە و پێی دڵگران ده‌بن.
● دوو شانۆنامەت لە چەکمەجەکانتدا حەشارداوە، بۆچی ئەمانە نمایش ناکرێن؟
– ئەو شانۆنامانە زۆر تایبەتن بەخۆم، باسی خۆم دەکەن، ژیانم، سه‌رده‌می منداڵیم. ئەمانە دەبێت چاوەڕێ بکەن تا من دەمرم.
● بۆچی شانۆنامەی (حەوت/سێ)تان نووسی ٩؟
– نامەیەکم لە یەکێک لەبەندییەکانی بەندیخانەی (تیدەهۆڵم)ەوە بەدەست گەیشت ١٠. بەندییەکانی ئەو بەندیخانەیە گروپێکی شانۆییان دروستکردبوو، داوایان لە من کرد، ئەگەر تێکستێکم هەبێت بەکەڵکی ئەوان بێت. منیش لەگەڵیان کەوتمە گفتوگۆ کردن. هەر زوو یەکێک گوتی من (ناشوناڵ سۆسیالیستم)، بەمە من بەتەواوەتی تووشی شۆک و راچڵەکین بووم ١١. ئەمانە لەناوجەرگەی کۆمەڵگای سوێدیدا بوون و منیش دەمویست بزانم چین. بارودۆخێکی داخراو و ترسناک بوو. پەیوەندی و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەش هەرزۆر مەحاڵ بوو.
● لەکاتی ئەو پرۆژەیەدا، پەیوەندییەکانت بە (تۆنی ئۆڵسۆن)و (ماتس نیلسۆن)ەوە چۆن بوو ١٢؟
– هەمان پەیوەندی، کە من بە هەموو ئەکتەرێکی ترەوە هەمبوو. خۆشم بوێن، کاربکەم لەگەڵیاندا، بەڵام ئەوانم وەک (کەس) خۆش نەوێت، ئەوەم خۆش بوێت کە دەیکەن.
● چۆن زانیت کە ئەوان لە هێرشەکەی مالێکساندرادا بەشداربوون و خەڵکیان کوشتووە ١٣؟
– بەهۆی وێنەیەکەوە کە لە رۆژنامەکاندا بڵاوکرابوه‌وە. من دەستی تۆنیم ناسییەوە کە بەچەکێکی AK4 ەوە، لەبەردەمی دەرگای (بانک) لە “کیسە” وەستابوو. تووشی شۆکێکی بەهێز هاتم، بووم بە بەرد و نەمدەتوانی لەجێگای خۆم بجوڵێمەوە، لە هەمانکاتدا بەو هیوایە بووم ئەوەی، کە لە رۆژنامەکاندا بڵاوکراونەتەوە راست نه‌بن و هه‌ڵه‌ بن. هەروەها من زۆر بەو ڕووداوە سه‌رم سوڕ نه‌ما. هێندە نەفام و سادە نەبووم، کە لەو بڕوایەدا بم ئەوەی ئێمە پێکەوە کردوومانە، کاریگەرییەکی بەهێزی وەها لەوان بکات، کە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییان تێدا دروست بکات و بیانکاتە هاوڵاتییەکی باش و بەسوود.
● ئەی چیت کرد؟
– لە مۆتیڤەکانی خۆم ورد بوومەوە، لەخۆمم پێچایەوە. دەبوایە چیمان بکردایە؟ من گەیشتمە ئەو باوەڕەی، کە ئێمە مۆتیڤەکانمان زۆر راست و پاک بوون.
● ئەم مەسەلەیە بە چ شێوەیەک تۆی گۆڕیوە؟
– ئەم کارەساتە بەشێکە لە ژیانم و شتێکە بە بەردەوامی و رۆژانە کاری بۆ دەکەم. بەخۆشحاڵییەوە دەمەوێت جارێکیتر کار لە بەندیخانەکاندا بکەم، بەڵام هەرگیز لەگەڵ کەسانی نازیدا نا.. هەرگیز. من هەستدەکم پیس بووم، ئەوە ئایدۆلۆژیایەکی پیسە، ترسناکە، دژی ژیان و پڕ لە هەڕەشەیە.
● چیت بە تۆنی و ماتس گوت، کە لەبەندیخانە سەردانت کردن؟
– من دەمویست بزانم ئەوان چۆن توانیان تاوانێکی وا بکەن و لەهەمانکاتدا لەگەڵ ئێمە کاربکەن. من دەمویست ئەمانە واز لە نازیزم بهێنن. سەردانەکە و رووبەڕووبوونەوەی ئەوان، ئێجگار دژوار و ترسناک بوون. بونیام هەستی بە ئامادەگی تاوانەکەیان دەکرد. ژیانی چەند کەس بەهۆی ئەوانەوە تێکشکێنراو لەناوچوون.
● چۆن دەڕوانیتە بنەماکانی خێزانێکی کامڵ و تەواو؟
– شتی وا هەیە؟ لەوانەیە تەنها لە خەونی پارتی کریستییان دیموکراسەکاندا شتی وا هەبێت. من خودی خۆم هیچ خەونێکم بۆ خێزانی کامڵ و تەواو نییە. لەوبڕوایەدام ئەوە جۆرێکە لە بەندیخانە. من خەون بە مرۆڤی سەربەستەوە دەبینم.
● ئەی تۆ وەکو باوکێک چۆنیت؟
– لەوبڕوایەدام من باوکێکی زۆر باش بم.
● کچەکانت بۆ تۆ چی دەگەیەنن؟
– من بەوانەوە دەژیم و زۆر وابەستەی ئەوانم. بەبەردەوامی بیر لەوان دەکەمەوە. پەیوەندییەکی زۆرم پێیانەوە هەیە. بۆ من زۆر گرانە ددان بەوەدا بنێم و لەوەبگەم، کە ئەوان گەورە بوون. ئێستاش دەمەوێت هەر من بڕیاربدەم. یەکێکیان تەمەنی بیست و پێنج ساڵە و ئەوه‌ی تریان سی و سێ ساڵە… ئەمە‌ هەر زۆر منداڵانەیە.
● ژیان لەگەڵ تۆدا چۆنە؟
– لەوبڕوایەدام کە گران بێت، من کەسێکی سەربەخۆم و دەتوانم لەژێرزەمینێکدا بە تەنیا بژیم. تەنگەژە و گرفتی گەورەش لە ژیانمدا ئەوەبووە هەوڵبدەم هاوسەنگییەک لەنێوان خێزان و کارەکانمدا بکەم.
● خۆشەویستی چییە؟
– شتێکە دەچێتە نێو پێست و ئێسقانەکانمانەوە، شتێکی ئێجگار پڕ لە رازو نهێنی کە دوایی دەردەکەوێت شتێکی حاشاهەڵنەگرە.
● چوونە تەمەن و پیربوون بەلای تۆوە چۆنە؟
– حەزدەکەم بچمە تەمەنەوە، تامەزرۆی ئەوەم. ئەوکاتە بەوپەڕی بەختییارییەوە دەتوانم ئەوەی کە خۆم دەمەوێت، ئەوە بکەم. داواکان گەورەتر دەبن، بەڵام من دەمەوێت زیاتر بەردەوام بم، هەوڵبدەم سەربکەوم بەسەر داخوازییەکاندا، من دەمەوێت پیربم، هەشتا ساڵ، تا بزانم ئەوکاتە چ دۆزێکم ماوە و لەسەر چی کاربکەم.
● چ شتێک بەلای تۆوە گرینگە؟
– کە بەشێوەیەکی راست رەفتاربکەم، رەفتارێکی راست لەگەڵ چ شتێکدا بکەم بۆ ئه‌وه‌ی لەگەڵ خودی خۆم راستگۆبم و ویژدانی خۆم بە زیندوویی بهێڵمەوە و  زۆر تووندبم.

ئەم چاوپێکەوتنە ڕۆژنامەنووسی سوێدی (مارییە ترێدگۆرد)لە ساڵی ٢٠٠٣ لەگەڵ لاش نۆرێن کردوویەتی و لە ڕۆژنامەی (ئاڤتۆنبلادێت) Aftonbladet  بڵاوکراوەتەوە.


دانا رەووف
لەسوێدییەوە کردوویەتی بەکوردی و
پەراوێزی بۆ داناوە


پەراوێز:

   ١- چاوپێکەوتنی ئێجگار زۆر لە رۆژنامە، ئێزگە، تیڤی و گۆڤارەکاندا لەگەڵ لاش نۆرێن کراوەو کەم و زۆر باسی ژیانی خۆی و پرۆژە کۆن و تازەکانی کردووە. بەڵام هیچ چاوپێکەوتنێکم بەچەشنی ئەم چاوپێکەوتنە نەدیوە، کە رۆژنامەنووس (مارییا ترێگۆرد) سازیکردووەو لاش نۆرێن راشکاوانە و بەراستگۆیی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. ئەم چاوپێکەوتنە کورتە، هەرچەندە ساکارە و پرسیار و وەڵامەکان بەشێوازێکی کورت، فۆرمێکی رۆژنامەنووسی سانای لەخۆ گرتووە، بەڵام لاش نۆرێن چەندین راستی گرینگ دەدرکێنێت و وەڵامی هەندێک پرسیار دەداتەوە، کە لەوەوبەر بە هیچ شێوەیەک نەیویستووە قسەیان لەسەر بکات.

٢- گۆتلاند: دوورگەیەکە لەنێو دەریای بەلتیکداو لەگەڵ چەند دوورگەیەکی دیکەدا خاکێک لە یۆتلاندو هەرێمی خۆیدا، گۆتلاندس لێن، پێکدەهێنێت. دوورگەی گۆتلاند بەشێکە لە خاکی وڵاتی سوێد.

٣- لەوە دەچێت رۆژنامەنووسەکە بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەسەر پشتی ئەسپەوە، کەمئەندام بووبێت.

٤- گێنارپ گوندێکی بچوکی سەر بەشاری لوندەو دەکەوێتە باشوری سوێدەوە. لاش نۆرێن لەتەمەنی شەش ساڵییەوە تاکو پانزە ساڵی، لەم گوندەدا ژیاوە.

٥- سکۆنە هەرێمی هەرە باشووری وڵاتی سوێدە.

٦- ریدەرگاتان یەکێکە لە شەقامە دیارەکانی ستۆکهۆڵم و دەکەوێتە ناوەڕاستی شارەوە.

“٧- یان مالمشوێی” و “ماریا یۆرانزۆن” دوو ئەکتەری ناسراوی سوێدن و لە شانۆی پادشایەتی کاردەکەن. ئەم دوو ئەکتەرە ژن و مێردن و زۆرجار لەکار و پرۆژەی هاوبەشدا کاردەکەن.

٨- لەشانۆ گەورەکان، کاری ریژیسۆر دوای نمایشەکان تەواو دەبێت و کارەکە ئەداتە دەست ئەکتەرەکان و ئەوان بەرپرسیارن لەرەوتی پرۆژەکە. بەڵام هەندێکجار ریژیسۆرە دیارەکان بۆ ماوەیەک لەگەڵ ئەکتەرەکانی دەمێننەوە و چاودێری رۆژانی نمایشەکانی دەکه‌ن.

٩- لاش نۆرێن لەساڵی ١٩٩٨دا، لەیەکێک لە بەندیخانەکانی سوێد لەگەڵ کۆمەڵێک لە بەندییەکان، بەپێی راهێنانی راگوزاری و گفتوگۆیەکی بەردەوامەوە شانۆنامەی حەوت/سێ، دەربارەی ژیانی ئەو بەندییانە دەنووسێت. شانۆنامەکە لەسەر شانۆکانی دەوڵەت و دواتریش لەگەشتێکی هونەریدا، لە زۆربەی شارو شارۆچکەکانی سوێددا نمایشدەکرێت. ئەم پرۆژەیە لەنێوەندە رۆشنبیری و هونەرییەکاندا بووە هۆی گفتوگۆیەکی چڕو بەردەوام: گروپێک بەتوندی پشتگیرییان لەم کارە دەکرد و بەپێچەوانەشەوە گروپێکیتر بەتوندی دژی دەوەستانەوە.

لەکاتی نمایش و گەشتەکانی ئەم گروپەدا، ئەکتەرە بەندەکان، بەبێ پاسەوان هەموو سەربەستییەکیان دەبێت و بەوپەڕی ئازادییەوە هەڵسوکەوت دەکەن. تەنانەت لەدەرەوەی دیوارەکانی بەندیخانەکەشیاندا دەژین. لەگەڵ دوا رۆژی نمایشەکە، ئەکتەرەکان لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ بەندیخانەکەیان، لە هێرشێکی چەکداریدا، بانقێک دەبڕن. بەتوندوتیژی و بەهێزی چەک بەرەنگاریی ئەو پۆلیسانەش دەبنەوە، کە دەیانەوێت ئەم دزانە رابگرن. لەئەنجامدا بەشێوەیەکی دڕندانە و زۆر لەنزیکەوە پۆلیسەکان دەکوژن و رادەکەن.

١٠- بەندیخانەی “تیدەهۆڵم” یەکێکە لە گەورەترین بەندیخانەکانی سوێد. لەساڵی ١٩٥٩دا کراوەتەوە و جێگای ١٨٩ بەندی تیادا دەبێتەوە. ئەو بەندییانەی لەم بەندیخانەیەدا دەگیرسێنەوە، کەسانی تاوانباری گەورەن. بۆ نموونە پیاوکوژ، یان ئەوانەی کە لەسەر بازرگانیکردن بە مادەهۆشبەرەکانەوە گیراون. ئەمە جگە لە دزە گەورەكان و کەسانی سەر بە مافییا جۆراوجۆرەکان.

١١- ناشۆناڵ سۆسیالیست: نازییە تازەکانی ئەوروپان و هەمان ئایدۆلۆژیای هیتلەریان هەیە لە دژایەتیکردنی رەگەزی جولەکەو بێگانەکانی ئەوروپا و پیرۆزکردنی رەگەزی ئاری. هیتلەر نمونەی باڵایانە و تووندڕەون. هەروەها دووپاتی ئەوەش دەکەنەوە کە بەهیچ شێوەیەک قەڵاچۆکردنی جولەکەکان و لەکاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا لەلایەن هیتلەرەوە، رووینەداوە و پێیانوایه‌ ئەوە تەنها درۆیەکی مێژووییە.

(١٢- تۆنی ئۆڵسۆن) و (ماتس نیلسۆن) ئەکتەرە بەندەکانی ئەو بەندیخانەیە بوون، کە لاش نۆرێن کاری لەگەڵیان دەکرد. تۆنی ئۆڵسۆن لەسەر شانۆ بە روونی ئەوەی دووپات دەکردەوە، کە ناشوناڵ سۆسیالیستە. ئەمەش تووڕەبوون و دڵگرانیی زۆری لەلای بینەران و بەشێکی زۆری ناوەندە هونەری و رۆشنبیرییەکەی سوێد دروستکرد. تەنانەت هەندێک لە رەخنەگرەکان و کەسایەتییە کلتورییەکان باسیان لەوە دەکرد، کە نمایشەکە، لاش نۆرێن و تۆنی ئۆڵسۆن بدەن بەدادگا و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

١٣- مالێکساندرا: راوەدوونانی پۆلیس و دزەکان بە ماشێن و بەکارهێنانی چەکی قورس و هێلیکۆپتەر لەناوچەی (مالێکساندرا)دا و لە دووڕیانی رێگاو دۆڵێکدا کۆتایی پێدێت. لەم شوێنەدا دزەکان، لەناویاندا (تۆنی ئۆڵسۆن)و بەیارمەتی (ماتس نیلسۆن) و کەسانی تری نازی و تاوانبار، بۆسەیەک بۆ ماشێنی پۆلیسەکان دەنێنەوە و بەشێوەیەکی توندوتیژ و بێبەزەییانە، پۆلیسەکان لەنزیکەوە بەدەمانچەکانی خۆیان دەکوژن. تۆنی ئۆڵسۆن بەبەشێکی زۆری پارەکەوە رادەکات بۆ وڵاتی (کۆستەریکا)، بەڵام ئەوەندە نابات پۆلیسی سوێدی هەرهەموویان دەگرن و رووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە و تا ئێستاش لە بەندیخانەدان.