نووسەر و شانۆکار دانا رەئووف: ئەوەی لای من گرینگە مرۆڤە نەک جوگرافیا و کات

(دیداری: لیزا محەمەد)

دانا ڕەئووف ناوێکی دیاری ناو دنیای شانۆیە چ لە کوردستان، کە ساڵانێکی زۆریشە بەجێی هێشتووە و چ لە وڵاتی دووەمی، کە سوێدە. ئەو لەپاڵ بەشداریی بەردەوامی لە کاری شانۆیی چ وەکو ئەکتەر و چ وەک دەرهێنەر، یان وتنەوەی وانە لە بواری شانۆ، بەم دواییە ڕووی کردۆتە نووسینی دەقی شانۆیی و (من و تۆ لەگەڵ با دا) یەکەم بەرهەمی ئەوە لەو بوارەدا، کە لەم هەڤپەیڤینەدا باسی ناوەڕۆکەکەی دەکات. 

کەسایەتی ناو دەقی شانۆیی (من و تۆ لەگەل با) ئەم دەقە  دەنگدانەوەی زۆری هەبووە لەناو نووسەر و شانۆکاران. ئەو دوو کەسایەتیە کەسایەتی راستەقینەن، یاخود تەنها چیرۆکیکی خەیاڵییە و دوورە لە واقیعی دەورووبەری خۆت؟

هەموو نووسەرێک سوود لە ئەزموونی ژیانی خۆی وەردەگرێت، نووسەریش وەک هەر کەسێکی تر بەر خۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان دەکەوێت و پێوەندی جۆراوجۆری بە دەوروبەر و کۆمەڵگە و خەڵکانێکەوە هەیە و هەبووە، بێگومان هەموو ئه‌مانه‌ کەم تا زۆر و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری و ڕەنگدانەوەیان لە نووسینەکانیدا دەبێت. گەر سەیری ئەدەبی جیهانی بکەین، نموونەی زۆر دەبینین، کە نووسەرەکان بەرهەمەکانییان لەسەر ژیان و بێوگرافیای خۆیانەوە داڕشتوە. هەندێک نووسەرن هەن، هەر بۆ نموونە نووسەری سوێدی (ستریندبێرگ) هەر هەموو بەرهەمەکانی بێوگرافیای خۆیەتی. بێگومان منیش بەدەرنیم لەم ڕەوشە و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ پریشکی ئەزموون و ژیانی خۆمی تیایە.

حەزدەکەم لێرەدا ئەم پرسیارە تەقلیدییەتان لێ بکەم، ئایا نووسینی دەقەکە کاتێکی زۆری ویست؟

نووسین پرۆسەیەکی چڕ و سەخت و دوور و درێژە. جاری وا هەیە تا ئەو نووسینە چاپیش دەکرێت، نووسەرەکەی گۆرانکاری تیا دەکات؛ بۆ من وا بوو، تا ئەو ڕۆژەی دەقەکەم نارد بۆ دەزگای سەردەم، من هەر کارم تیا دەکرد. هەندێک جار نووسەرێک کارێکی گەورە بە ماوەیەکی کورت دەنووسێت و هەندێک بەرهەمی تریش ساڵانێکی زۆری ویستوە تا بە تەواوی فۆرمی خۆی وەرگرتوە و تەواو بووە، لەوانەیە هەندێک نووسین هەرگیز تەواو نەبن. من لەوەوبەر دەقی شانۆیم نەنووسیوە و ئەمە یەکەم جارە بەم شێوەیە دەق بنووسم، هەرچەندە لە هەشتاکاندا یەک دوو ئەزموونی زۆر ساکارم هەن، بەڵام ئاوا دەقم نەنووسیوە. دەتوانم بڵێم دەقەکە لە دایک بووی ڕەوش و بارودۆخێکی تایبەتی خۆم و کوردستانیشە. من هیچ پلانێکم نەبوو دەقێکی سێ بەشی یان چوار بەشی بنووسم، ئەوەی من نووسیم تەنها بەشی دووەمی دەقەکە بوو، ئەویش بە تەنیا چەند کاتژمیرێک نووسیم. دوای ئەوە، ئەو بیرەم بۆ هات، کە ژیانی ئەو ژن و پیاوە لە ماوەی چل ساڵدا و لە سێ بەشی جیاوازدا بنووسم. هەر سێ بەشەکەم بە هەفتەیەک نووسیوە، بێگومان دوای ئەوە بە بەردەوامی کارم تیا کردوە.

دانا رەئووف لە دەقی شانۆیی (من و تۆ لەگەڵ با)  باس لە سێ قۆناغی تەمەن دەکات. ئەم جیاکردنەوەی قۆناغانە چی دەگەیەنێت؟ 

کارکردنە لەسەر چەمکی کات و ڕۆڵی کات له‌ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ. بێگومان مامەڵەکردن لەگەڵ کات سەختە و هەمیشەیش جێگای سەرنجی نووسەر و هونەرمەندان بووە. هه‌ڵبه‌ت هۆکاره‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌، که‌ ده‌قی شانۆیی چیرۆکێك له‌خۆ ده‌گرێت و سێکوچکه‌ی چیرۆکیش بریتین له‌ کاره‌کته‌ر و ڕوودا و زه‌مه‌ن. لێره‌دا، ئه‌وه‌ زه‌مه‌نه‌که‌یه‌ شووناسی کاره‌کته‌ر و  ڕووداو و په‌یوه‌ندیی نێوانیانمان بۆ ده‌رده‌خات. بۆیه‌ کاریگه‌ری زه‌مه‌ن له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕووداو و به‌ره‌وپێشچوونی کاره‌کته‌ر چ له‌ دیوی ده‌ره‌وه‌ و چ له‌ دیوی ناوه‌وه‌، ڕاسته‌وخۆ و  گرنگه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م ده‌قه‌دا گرنگه‌، ئه‌وه‌یه‌، که‌ زه‌مه‌ن، سه‌ره‌ڕای به‌سه‌رچوونی، کاریگه‌رێتیی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر ئه‌و هه‌سته‌وه‌ نییه‌، که‌ له‌ ده‌روونه‌وه‌ جێگیر بووه‌. بۆیه‌ ده‌بینین، ئافرەتێکی جوان پیر دەبێت؛ ئەو خۆی تەنها ئەوە دەبینێت، کە بەسەرچووە، ئەوانیتر تەنها ئەوە دەبینن، کە ماوە، واتە ڕوخسارە پیرەکە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا زۆر شت هەن، بۆ نموونە لە هەست و هۆش و مەسەلە دەروونییەکان و پێوەندییەکانماندا وەک خۆیان دەمێننەوە و کات ناتوانێت هیچ کاریگەرییەکیان لێ بکات. ئەگەر نموونەیەکی پراکتیکی بهێنمەوە، دەتوانم بڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌کێک بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر کچێکی زۆر خۆشویستبێت، ئه‌وا ئه‌م خۆشه‌ویستییه‌، سه‌ره‌ڕای تێپه‌ڕبوونی کات، وه‌کوو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌. ئا لێره‌دا، کات هیچ کاریگەرییەکی بەسەر ئەو هەست و هۆشەمانەوە نەبووە بۆ ئەو کەسە و ئێستایش بە هەمان شێوە خۆشمان دەوێت. لای من کە لە پیرییەوە دەست پێ دەکەم، سەیری ئێستا دەکەم، کات تێپەڕیوە و زۆر شت گۆڕاوە و زۆر شت ڕوویان داوە، کارەکتەرەکان پیر بوونه‌ و لە دوا وێستگەکانی ژیان دان، بەڵام لە زۆر ڕووەوە، کە قۆناخ بە قۆناخ دەگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی ژیانیان، بۆ ئەو کاتانەی گەنجن و تازە یەکتر دەبینن، لە ڕووی هەست و هۆش و پێوەندییەکانیانەوە هەر وەک یەکن و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە.

لەهەمان دەق دووکەسایەتی  بە بینەر دەناسێنرێت، کە بریتین لە ژن و  پیاوێک، هاوکات (با) ڕۆڵی تایبەتی خۆی دەبینیت، دەتوانرێت بوترێت (با) کەسێکە  یاخود بارودۆخێکە، یانیش  مەبەست لە خودی (با) یە؟ 

با دیاردەیەکی سروشتە، کە هەمیشە لە جووڵه‌ دایه‌ و سمبۆلێکە بۆ هێزی سروشت. با ڕیتم و مۆسیقایە و دەنگی تیایە. من نامەوێت لێرەدا هیچ شیکارییەک بۆ سمبۆل و کۆدەکانی دەقەکە بکەم، ئەمە بۆ کەسانی تر بەجێ دەهێڵم، بەڵام (با) پێوەندی بە زەمەنەوە هەیە، زەمەنی پێوەندییەکانی ژن و پیاوەکە، کە بۆ چل ساڵ درێژ دەبێتەوە و لەگەڵ هەڵکشان و داکشانی ژیانی ئەم دوو کەسەدا دێت و دەچێت، ده‌یانهێنێت و ده‌یانبات. زۆر جار ڕێکەوتوە ڕەشەبایەکی توند، درەختێکی گەورەی لەبن دەرهێناوە، بەڵام ئەم دوو کارەکتەرە، لەگەڵ هەموو کێشەکان و هێزی سروشت و گڤەی بادا، پێکەوە ماونەتەوە. من نەدەتوانم و نە دەشمەوێت لەمە زیاتر لەسەر ئەم مەسەلەیە بدوێم، با ئەو کەسانەی کاری تیا دەکەن، نهێنی و سمبۆلەکانی خۆیانی تیا بدۆزنەوە.

بۆچی (با) لەدەقە شانۆییەکدا دەبێتە کارەکتەر؟ بۆچی خۆر نا، بۆچی باران نا؟  بۆچی با؟

وەک لەوەڵامی پرسیاری پێشودا ئاماژەم بۆ کرد، با دیاردەییەکی سروشتییە، کە هەمیشە لە جووڵەدایە. ئەو دوو کارەکتەرەیش ناسرەون و لە جووڵەیەکی بەردەوامدان، سووری ژیان و پێوەندییەکی چڕ و زەمەنیش ئاوێزانی ئەو جووڵە بەهێزە بووە. دەکرێت من بۆ خۆیشم پێوەندییەکی تایبەتم لەگەڵ با دا هەبێت. من لە سلێمانی گەورە بووم و سلێمانیش شارێکە، هەمیشە با و ڕەشەبا ئامادەییەکی بەهێزیان هەبووە، لەوە دەچێت ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسێک منی دابێتە دەست با و ئێستا خۆی لەگەڵ (با) رۆیشتبێت و منی جێهێشتبێت؟ هه‌ڵبه‌ت بارانیش، وه‌کوو با، دیارده‌یه‌کی سروشتییه‌ و ده‌شێت له‌ ده‌قێکی شانۆییدا، به‌پێی شوێن و هه‌ڵکه‌وته‌که‌یه‌وه‌ ڕۆڵی پۆزه‌تیڤ یا نه‌گه‌تیڤی هه‌بێت. به‌ڵام، سه‌باره‌ت به‌ خۆر، پێم وایه‌، ئه‌ویش هه‌ر په‌یوه‌ندیی به‌ زه‌مه‌نه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ده‌شێ ئه‌و حاڵه‌ته‌نانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ خۆره‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌کوو حاڵه‌تی خۆرئاوابوون، خۆرهه‌ڵاتن، خۆرگیران . . . تاد، به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌کان کاریگه‌رێتیی خۆیانیان هه‌بێت.

پێنەدانی ناوێکی دیاریکراو، دیارینەکردنی کات، ئەمانە خەسڵەتی دەقە شانۆییەکانتن. بێگومان ئەمە ئازادییەکی زۆر دەدات بە خوێنەر بۆ خەیالکردن لەگەل خوێندنەوەی دەق، هەروەها بۆ دەرهێنەرێک بیه‌وێت ئەم دەقانە نمایش بکات، هیچ هۆکاریک بۆ ئەمە هەیە؟  

هەر خۆت وەڵامی پرسیارەکەت داوەتەوە، بێگومان ئازادییەکی تەواو دەدات بە خوێنەر و بەو دەرهێنەرەی دەیەوێت کاری تیابکات. پرسیارەکەت گەلێک باشە و خۆ نەبەستنەوە بە کات و شوێنەوە گرفتی زۆرت بۆ چارەسەر دەکات، ئەمە جگە لەوەی دەکرێت ئەو کارە لە هەر کات و شوێنێکدا بێت، بەبێ کێشە نەمایش بکرێت. کات و شوێن بۆ من هەمیشە کراوە بووە و لێرەیشدا ویستوومە زیاتر ڕەوشە مرۆیی و دیدە جیهانییەکەی پێببەخشم. ئەوەی لای من گرینگە مرۆڤەکانە، نەک جوگرافیا و کات. هەمیشە پێوەندی نێوان مرۆڤەکان ڕەوش و بارودۆخەکان دروست دەکەن، نەک شوێن و کات.

وابزانم ئەمە یەکەم دەقی شانۆییە بینووسن، ئایە بەردەوام دەبیت دوای ئەم ئەزموونە؟

بەڵی، وەک لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشودا ئاماژەم بۆ کرد، ئەمە یەکەم دەقی شانۆیمە و لەوەوبەر زیاتر بە نووسینی لێکۆڵینەوەوە خەریک بووم. نازانم چەندە بەردەوام دەبم، خۆم حەزدەکەم دەقی تر بنووسم و دوای (من و تۆ لەگەڵ با دا) دوو دەقی ترم نووسیوە، کە دەبنە تەواوکەری (من و تۆ لەگەڵ با دا) و پێکەوە سێینەیەک پێک دەهێنن، کە لەوانەیە ساڵی ئایندە بڵاو بکرێنەوە.

دەکرێت ئەم دەقە لەناو لاپەرەکانی کتێبەکە بێتە دەرەوە و لەسەر شانۆکان نەمایش بکرێن؟

بێگومان دەکرێت. من لە پێشەکییەکی زۆر کورت دا، کە بۆ دەقەکەم نووسیوە، ئەو سەربەستییەم داوە بەو کەسەی لە ئایندە دا دەیەوێت کار لەم دەقەدا بکات، بۆ نموونە یەک بەشیان بکات، یان هەرسێکیان پێکەوە. ئەوەی گرینگە ئەوەیە، ئەو کەسەی کار لەم دەقەدا دەکات، چ ئەکتەر و چ ریژیسۆریش، دەبێت لە دەقەکە بگات؛ لە بێدەنگی نێوان کارەکتەرەکان و لە ماناکانی ئەودیوی وشەکان و لەو ستراکتورە سایکۆلۆژییەی کارەکتەرەکانی لەسەر ڕۆنراوە، تێبگات. دەبێت لە وشەی (با) بگات و بزانێت چۆنی بەرجەستە دەکات و کۆد و ماناکانی با بدۆزێتەوە.

وەرگرتنی  خەلاتی دیداری فیلمی کوردی لە سوید چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ناساندنی  کارەکانت!؟  وەرگرتنی خەڵاتیکی لەو جۆرە بۆ هەر نوسەریک گرنگی چییە؟ ئەوەی نووسەر و شانۆکاری کورد بەدوایدا وێڵن خەڵاتە؟ یان ناساندنی سینەمای کوردە بە جیهان؟  

لەو بڕوایەدا نیم، کە ئەو خەڵاتە هیچ کاریگەرییەکی بەسەر کارەکانمەوە هەبێت. ئەوان ئەو ڕێزەیان لەبەر کارەکانم لە من ناوە. من سوپاسێکی زۆری کۆمەڵەی هونەری کوردی و دیداری پێنجەمی فیلمی کوردی دەکەم، کە بەو شێوەیە منیان بەسەر کردەوە. بێگومان خۆشحاڵی کردم. ئەوان لەوەبەر ئاگاداریان نەکردبوومەوە و بۆ من چاوەڕوانەکراو بوو. من نەچووبووم بۆ وەرگرتنی ئەو خه‌ڵاته‌، بەڵام ئەوان ئەو ڕێزەیان لە من نا، منیش لەناخی دڵەوە سوپاسییان دەکەم. من هەرگیز بە دوای خەڵاتدا نه‌گه‌ڕاوم و تا توانیبێتیشم لەو جۆرە بۆنانە دوورکەوتومەتەوە. خەڵات بۆ من هیچ ناگەیەنێت. ئەوەی ئەو برادەرانەیش کردیان، پێزانینیان بووە بەو هەموو کارەی من لە بوارەکەی خۆمدا کردووە. سوپاسییان دەکەم.

نووسەر و شانۆکارەکان کاریان گەیاندنی پەیامیکە، کە لەناو خەلک هەڵدەقوڵێت، بۆ نموونە کێشە کۆمەڵایەتییەکان، بارودۆخە سەختەکانی کۆمەڵگەکانیان. ساڵانێکی زۆرە دانا ڕەئووف لە کوردستان ناژی، ئایا نوسینەکانت ئاوێنەی کۆمەڵگەی کوردین، یاخود ئەم کارانەی تۆ لەئاستێکی بەرزترن، تەنها پەیوەست نین بە وڵاتیک و بە شاریک، بەڵکوو جیهانین ! 

من لەو دەقانەی تاکو ئێستا نووسیومن پابەند نەبووم بە هیچ کات و شوێنێکی دیاریکراوەوە. ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەوەی من نووسیومە دوورە لە هەموو کێشە و گرفتەکانی کومەڵگەی خۆمانەوە. کەسانێکی زۆر پێوەندییان بە منەوە کردووە، کە خۆیان لەو دەقانەی مندا بینیوەتەوە. ئەوەی من نووسیومە و ئەوەی من مەبەستم بووە، گوزارشتکردن بووە لە هەست و سۆزی مرۆڤ و ڕەوشە مرۆڤایەتییەکان. ئێمە هەموو مرۆڤین و لە زۆر ڕەوشدا بەشدارین و هەمان هەست و سۆزمان هەیە، بە تایبەتیش لەو مەسەلانەدا، کە پێوەندییان بە پێوەندییە سۆزدارییەکانی نێوان مرۆڤ و هەست و هۆشمانەوە هەیە. ژیانی تاراوگە و تێکەڵ بوونم بە کۆمەڵگەی ئەوروپی و شانۆی جیهانی و کارکردنم لە شانۆکانی سوێد، کاریگەری و ڕەنگدانەوەی خۆی هەبووە.

لەماوەی رابردوودا کتیبیکی بەرێزتان لە زمانی سویدییەوە  وەرگێردراوەتە سەر زمانی کوردی. سەرەتا باشترە بپرسین بۆچی  بەزمانی سویدی نوسراوە؟ لەوەیش گرنگ تر بۆچی خۆت وەرتنەگێراوەتە سەر زمانی کوردی! ئایا  لە وەرگێرانی بەرێز (کەریم تاقانە) ڕازیت؟ بەرای تۆ کەس دەتوانیت وەک خودی نوسەر دەق دروستبکاتەوە؟ بەتایبەتیش لەکردەی وەرگێراندا ! 

ئەو کتێبە دیوانێکی شیعرە و پێش زیاتر لە پانزە ساڵ نووسراوە و دەزگایەکی سوێدی چاپ و بڵاوی کردۆتەوە. دیوانەکە ڕاستەوخۆ بە سوێدی نووسراوە، ئەوەی ڕاستی بێت بە پلان بە سوێدی نەنووسراوە و خۆی لەخۆوە بە سوێدی لە دایک بوون. لەوانەیە پێوەندییەکی بەهێزی بەو قۆناخەی ژیانمەوە هەبێت. لەو ساتانەدا لە هەڵكشان و داکشانێکی دەروونی سەیردا دەژیام، هاوکات پێوەندییەکانم بە دنیای ئافرەتەوە ڕۆڵی خۆیان هەبوو لە نووسینی ئەو تێکستانەدا. دەتوانم بڵێم تێکستەکان ئەزموونی ژیانی خۆمن، ئەو ستانە، لەوێ و هەروەها ڕابردوویشم. تێکستەکان تێکەڵەیەکی سەیرن لە پێوەندی خۆشەویستی، تەنهایی، ژیانێکی سەختی ژێر دەستەیی، بە تایبەتی گەڕانەوەیەکە بۆ ئەو ڕۆژانەی لە بەغدا بەند بووم و چارەنووسێکی نادیارم هەبوو. کاک کەریم تاقانە، کە خۆی هەم شاعیرە و هەموو زمانزان و وەرگێرێکی بەسەلیقەیشە شیعرەکانی کردووە بە کوردی. من هەرگیز نەمدەتوانی بەو شێوەیە بیانکەم بە کوردی، ئەو زمانە پاراو و پڕ لە شیعرەی تاقانە، بەرگێکی جوانییان بە تێکستەکان بەخشیوە. بێگومان مەسەلەی وەرگێڕان پرۆسەیەکی چڕ و سەختە و بە هەموو کەس ناکرێت، هاوکات هیچ کەسێکیش هەر لەبەر ئەوەی دوو زمان دەزانێت نابێتە وەرگێڕێکی باش.

لە بەرنامەتاندا هەیە بە تەواوی بگەڕێنەوە خاکی خۆتان و لێرە درێژە بە خزمەتەکانتان بدەن، بە تایبەتی قوتابیان و گەنجەکان پێویستیان بە ئەزموون و توانای ئێوە هەیە؟

 ئەوەی ڕاستی بێت هیچ بەرنامەیەکی وەهام نییە، بەڵام بۆ هاوکاری و یارمەتی هەموو ئەو کەسانەیشی پێویستییان بە ئەزموون و یارمەتی من هەبووە، قسوریم نەکردوە. هەمیشە بە دەنگییانەوە چووم، خۆشحاڵم بەردەوام قوتابییانی پەیمانگا و کۆلێژی هونەرە جوانەکان پێوەندیم پێوە دەکەن و چی لە توانای مندا هەبووبێت بۆم کردوون. پێوەندییەکی پتەو و باشیشم بە زۆربەی مامۆستاکانییانەوە هەیە و دەتوانم لەم ڕێگایەوە یارمەتی هەموو ئەو کەسانە بدەم، کە پێویستتیان بە یارمەتی منە.