ئەفسانەی ڕێگای هات و نەهات

ڕوونکردنەوەیەکی پێویست

ئه‌م ده‌قه‌ ناچێته‌ خانه‌ی تێکستێکی شانۆیی به‌ مانا فراوانه‌که‌یدا، به‌ڵکوو سه‌ره‌تای هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌که‌ به‌ ئاڕاسته‌ی بونیاتنانی پرۆژه‌ی سیناریۆیه‌کی ته‌واونه‌کراو. ده‌شێ ده‌رهێنه‌ر له‌ ڕێگه‌ی نه‌مایشێکه‌وه‌ ڕه‌هه‌نده‌کانی ئه‌م ده‌قه‌ له‌ ڕوانگه‌ی جیهانبینی خۆیی و بە سودوەرگرتن لە ته‌وژمه‌ نوێکانی شانۆی جیهانییه‌وه‌ به‌رجه‌سته‌ بکات.

 

کارەکتەرەکان

ئافرەت

پیرەمێردێکی ڕدێنسپی

تارمایی منداڵێک

تارمایی ئازاد

تارمایی یەکەم

تارمایی دووەم

تارمایی سێیەم

کەمانچەژەنێک

چەند تارماییەکی تر

 

تابلۆی تەکەم

شوێن:

شوێنێکی دیاریکراو نییە، سەر شانۆ پەشۆکاوە، لە گۆڕەپانێکی گەورەی دوای جەنگێکی درێژخایەن دەچێت، چەند درەختێکی پەل و پۆشکاو و سوتاو، له‌ملا و له‌ولای شانۆ کەوتوون.

تروسکە ڕووناکیەکی سپی، هێدی هێدی سەر شانۆ زۆر بە کزی ڕووناک دەکاتەوە، گوێمان لە کوروزانەوەی ئافرەتێک دەبێت، کوروزانەوەکە لە هەڵکشاندایە. هەندێک وشە دەبیسترێت، وشەکان تێکەڵ و پێکه‌ڵن و نازانرێت چی دەگوترێت. لەم بارودۆخەدا ئافرەتێک لە قووڵاوی ناوەڕاستی شانۆوە، لە ژێر پارچە قووماشێکی ڕەشی گەورەدا لە گینگل دایە؛ بوونی ئافرەتەکە، لەو ڕەوشەدا و لە ڕوانگەی هەندێک جووڵەی جەستە و دەنگ و مۆسیقاوە، لەوە دەچێت مردوو بێت و لە هەوڵی زیندوو بوونەوە و گەڕانەوەی دا بێت.

ئافرەت

ئەم تاریکییە چییە؟ هیچ نابینم، چاوم لە هیچ نییە، ئاخ، هێز و هەناوم لێ بڕاوە.

(دەست به‌ملا و به‌ولای خۆیدا دەگێڕێت و وەک کوێر هەنگاو دەنێت)

کوێر نەبووبم، ئێستە ڕۆژ بوو؟ چ کارەساتێکە، تیشکی خۆر وەک ئاوێنەیەکی بریقەدار ڕووناکی خۆی بەسەر زه‌ویدا بڵاو کردبووەوە، کەچی ئێستا لە تاریکستانێکی ترسناکدا دەژیم، هیچم لێ دیار نییە.

(لە شوێنی خۆیەوە هاوار دەکات)

کەس لێرەیە؟ کەسێک نییە دەستم بگرێت و لەم تاریکییە ڕزگارم بکات.

(گوێی لە دەنگدانەوەی دەنگی خۆی دەبێت، لە پڕ ڕادەچڵەکێت، وەک ئەوەی شتێکی وەبیرهاتبێتەوە)

ئازاد، ئازاد، ئەی ئازاد کوا؟

(بانگ دەکات)

ئازاد، ئازاد، کوڕەکەم.

(ده‌نگدانه‌وه‌ی دەنگی خۆی دەبیسترێت)

(لەگەڵ خۆی دەدوێت)

ئێستا ئازادم لەگەڵ بوو، ئازاد بۆ کوێ چووە؟

(سەرلەنوێ هاوار دەکات)

ئازاد، ئازاد، ئازاد.

(هەڵدەچێت و وەک شێت لەوسەری شانۆکەوە ڕادەکات بۆ ئەوسەری شانۆکە و بانگی ئازاد دەکات)

ئەی خودایە ئازاد چی لێ هاتووە؟

(هاوار دەکات)

ئازاد، ئازاد.

(لە دەنگدانەوەی دەنگی خۆی ڕادەچڵەکێت و دەسڵەمێتەوە، دەچێتە پەنایەکەوە دادەنیشێت و خۆی گرمۆڵە دەکات، هەر وەک ئەوەی ترسێکی گەورە دایگرتبێت)

(دەست دەکات بە گریان)

لە دونیادا تەنها ئازاد شک دەبەم، ئازاد بۆ کوێ چوویت؟

(بە گریانەوە)

ئازادم لەم چۆڵەوانییە تاریکەدا لێ وون بووە، ئێستا له‌کوێ به‌دوایدا بگه‌ڕێم، چۆن بەم بێکه‌سییه‌ بیدۆزمەوە. ئاه، بیرم کەوتەوە، پێش تۆزێک لەمەوبەر ئازاد پێی گوتم دەچم بۆ چیلکە کۆکردنەوە!

(بە دەم گریانەوە)

بەڵام ئەوە دوێنێ بوو، دوێنێ چوو بۆ چیلکە کۆکردنەوە.

(لە قووڵایی لای چەپی شانۆکەوە سێ تارمایی بەجلی سپییەوە دەردەکەون، بە شێوەیەکی ناتەبا و ناشرین پێ دەکەنن، پێکەنینەکەیان لە پانتاییە فراوانەکەی شانۆدا دەنگ دەداتەوە، بەرەو ناوەڕاستی شانۆکە دەچن، بە زمانێکی جیاواز لەگەڵ یەکتر دەدوێن. دەموو چاو و شێوە و سیمایان ترسناکە، ئافرەتەکەیش بە سڵەمینەوە و ترس و واقوڕمانەوە سەیریان دەکات.)

ئافرەت

ئەمە چ کارەساتێکە، ئاخر زەمانە؟! ئا، ئاخر زەمانە، دونیا خاپوور و سەرەولێژ بووە. نا، نا، ئەم شوێنە و ئەم تارماییانە لە گۆڕستان دەچێت، منیش کەوتومەتە ناو مردووەکانەوە.

(دەترسێت)

ئێستا مردووەکان هێرشم بۆ دەهێنن و دەمکوژن، منیش ناچارم لێیان بپارێمەوە.

(شێوەیەکی تر وەردەگرێت، گوزارشت لەوە دەکات قسە لەگەڵ تارماییەکان بکات)

من نەبووم، من ئێوەم نەکوشتوە، هه‌ر ناشتانناسم، لەسەر زەویش نه‌مدیون، ناتانناسم، ناتانناسم، هاتووم بۆ ئازادی کوڕم دەگەڕێم.

(بە پاڕانەوە و گریانەوە)

کوڕەکەم، من له‌م دونیایه‌ ته‌نیا ئه‌و کوڕه‌م هه‌بوو، ئەویشم لە کیس چوو.

(لەگەڵ ئەم قسانه‌یدا دەکەوێتە سەرچۆک، بە دەنگێکی بە سۆز بۆ “ئازاد”ی کوڕی دەلاوێنێتەوە)

(کابرایەکی پیری ڕدێنسپی، لە ناوەڕستی قووڵاوی شانۆکەوە دەردەکەوێت، دارێکی درێژی بە دەستەوەیە، زۆر بە هێمنی بەڕێوە دەڕوات، لە پشتەوە لە ئافرەتەکە نزیک دەبێتەوە.)

ڕدێنسپی

هەستە مەگری، ئازاد ڕۆیشتوە، توێشه‌به‌ره‌یه‌کی گرانیشی هەڵگرتووە، لەوانەیە بگەڕێتەوە بۆ لات، لەوانیشە نەتوانێ هەتا چەند ساڵێکی تریش بگەڕێتەوە. ئازاد بەرەو چارەنووسێکی نادیار هەنگاو دەنێت، چارەنووسێکی وەها، کە ئازاره‌کانی هەموومانی تیا کۆبۆتەوە. هەموومان چاوەڕوانی گەشتە پڕ مەترسییەکەی ئازادین.

(دەڕوات)

ئافرەت

تۆ کێیت؟ ئازادیت، وانییە؟ ئا، ئا دەنگت هەر لە دەنگی ئازاد دەچێت، مەڕۆ بەجێم مەهێڵە، بۆ لەم تاریکستانەدا بە تەنها بەجێم دەهێڵی، دەزانی چەند ستەمە مرۆڤ بە تەنها بژی؟ بەجێم مەهێڵە. چەند گرانە مرۆڤ لە چاوەڕوانییەکی بەردەوامدا بژی، ناتوانم لەمە زیاتر بڕ بکەم، هێزم تیا نەماوە.

(بە تەواوی ماندوێتی پێوە دیارە)

(دەنگی منداڵێک دەبیسترێت)

دەنگی منداڵ

دایە، بچم چیلکە کۆبکەمەوە، ئاسمان هەورە، لەوە دەچێت باران ببارێت، ئێمەیش هیچ دار و چیلکەیەکمان نییە بۆ سوتاندن، دەچم چیلکەیەکی زۆر کۆدەکەمەوە تا، کە باران باری بیسوتێنین بۆ ئەوەی سەرمامان نەبێت. باشە، بچم، بەشی شێو لێنانیش دەهێنم.

ئافرەت

نا کوڕم مەڕۆ، ڕۆژەکەی تەڕ و توشە، نەوەک ڕێگات لێ ون بێت، دونیایش بەرەو تاریکی دەچێت، بەشی ئەم هەفتەیەش دارمان ماوە.

(دەنگی ئافرەتەکە لەگەڵ چەندان دەنگی تر و دەنگدانەوەی قسەکانی خۆی تێکەڵ دەبێت، هەر تارماییە و بە بەرگی سپییەوە لەم لاو ئەولای شانۆکەوە دەردەکەوێت و بە خێرایی تێ دەپەڕن، هەندێکیش لە جێگای خۆیانەوە بەرز دەبنەوە. قاقای پێکەنین لەگەڵ قوڵپی گریان تێکەڵ دەبێت، ئافرەتەکە هاوار دەکات.)

ئافرەت

ئەی هاوار مردووەکان زیندوو دەبنەوە، ئەمە ڕۆژی حەشرە و کەوتوومەتە ناو گۆڕستانێکی گەورەوە، من هیچ گوناهم نییە، هیچم نەکردووە، بە شوێن ئازادی کوڕما وێڵم، گیانله‌به‌رێك نییە قسەی لەگەڵ بکەم، لەوە دەچێت ئەم مردووانە لە جەنگی ئەم دواییه‌دا کوژرابن، ئەهریمەنێکی کوشندە کۆتایی بە ژیانیان هێناوە، تەواو خۆیەتی. گۆڕستانە، نا گۆڕستان نییە، ناو گۆڕەکانە، گۆڕەکان بوونەتە یەک و هەموو مردووەکان زیندوو بوونەتەوە، دەیانەوێت بمکوژن، لەگەڵ خۆیانم بەرن. من نایانناسم، تەنها بۆ ئازادی کوڕم دەگەڕێم، دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە، خانووە بچووکەکەمان، ئەو خانوەی ئازادم تیا پەروەردە کردووە، ئا، دەبێ لەگەڵ ئازاد پێکەوە بگەڕێنەوە. ئەم مردوانەیش وازمان لێ دەهێنن، هیچمان لێ ناکەن، کە چووشینەوە بۆ ماڵەوە لای کەس باسی ناکەین، نا چۆن باسی دەکەین. دەزانین مردووەکان پێیان ناخۆشە، لێمان زویر دەبن.

(وەک شێت پێ دەکەنێت، پێکەنینەکەی لە گریانێکی کپکراو دەچێت، لەم کاتەدا کابرای ردێنسپی دەردەکەوێت)

ردێنسپی

گریان و پێکەنین هیچ سوودی نییە، دادت نادات. ماڵە بچووکەکەیشت زریان و گێژەڵووکەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەڵی لوشیوە. ئازاد، کە گەڕایەوە، بە قەدی درەختە ئەستورەکان ماڵێکی ترت بۆ دروست دەکات. پێم گوتی بگەڕێرەوە.

ئافرەت

تۆ ئازادیت؟ وانییە! تۆ ئازادی کوڕمیت!

(بە سەرسامییەوە)

چۆن وا زوو پیر بوویت؟ کەی تۆ ڕدێنت هەبوو تا ئەئاوها سپی بێت.

(دەست بۆ ڕدێنە سپییەکەی کابرا درێژ دەکات)

دوێنێ تەمەنت پانزە ساڵان بوو، چۆن وا زوو پیر بوویت، چیلکەکانت کۆکردەوە، زستانەکەی سەختە و پێویستمان بە چیلکە و دار و دەوەن زۆر دەبێت.

ڕدێنسپی

چیلکەی چی! ئازاد ئێستا لە نیوەی ڕێگایە و ئاوڕی دواوە ناداتەوە، مردووەکانیش ناتوانن ڕێگای پێ بگرن، ئەگەر ڕێگایشی لێ بگرن دەتوانێت لێیان دەرباز بێت، گرینگ زیندووەکانە، مرۆڤە چەتەوڵ و ڕێگرەکان، بایە‌‌قوشەکانی ڕێگای هات و نەهات، دەبێت زریانی چیاکان بەستەڵەکی شەختە و سەهۆڵبەندان بکاتە بارانی قین و بایەقوشەکانی ڕێگای هات و نەهاتی پێ ڕاونێت و یارمەتی ئازاد بدات. ئەم چۆڵەوانی و تاریکستانەیش تروسکاییەکی زۆر کزە لە بیابانێکی تاریک و ترسناکدا، بە چرای دەستی ئازاد نەبێت ڕووناک نابێتەوە. بگەڕێرەوە. بگەڕێرەوە.

ئافرەت

ئێرە چۆڵەوانی نییە؟ ئەمە گۆڕستانە، گۆڕستان.

(لە ڕدێنسپی نزیک دەبێتەوە و بە گوێیدا دەچرپێنێت)

لەم شوێنەدا مردووەکان زیندوو دەبنەوە، ڕۆژی حەشرە و یەزدان لەسەر چیا بڵندەکانەوە سەیرمان دەکات و بارانمان بەسەردا دەبارێنێت. مردووەکان لەم شوێنانەدا خۆیان مەڵاس داوە، بۆ ئێمە دەگەڕێن، پەلاماری جەستە زیندووەکان دەدەن، دەیانەوێت تۆڵەی خۆیان لە ئێمە بکەنەوە. زیندووەکان دەگرن و دەیانخەنە نێو گۆڕە تاریک و تەنگەکانەوە. هەر ئێستا خۆم چاوم لێ بوو، سێ مردوو لە دوورەوە پێ دەکەنین و لێم نزیک دەبوونەوە.

ڕدێنسپی

(قسەکەی پێ دەبڕێت)

مردوو زیندوو نابێتەوە، ئەمەیش گۆڕستان نییە، ئەمە زریانێکی وەیشومەی ڕێگای هات و نەهاتە، تارمایی گیانە پیرۆزەکان سەمای شێتانە بۆ ئازاری جەستە زیندووەکان دەکەن. مردوو زیندوو نابێتەوە، ئەمەیش گۆڕستان نییە.

(لە چاو ون دەبێت)

ئافرەت

ئازاد، ئازاد.

(بە دوای ڕدێنسپییەکەدا)

بۆ کوێ ڕۆیشتیت؟ بۆ بەجێم دەهێڵیت؟ ئازاد بووەتە پیاوێکی پیر، چۆن ئاوها پیر و ڕدێن سپی بووە، کەچی من هیچ نەگۆڕاوم.

(ده‌ست به‌ ده‌موچاو و قژی خۆیدا ده‌هێنێت)

نا، ئازاد پیر نەبووە، ئەوەیش ئازاد نەبوو، ئا، ئازاد نەبوو. لەوانەیە ئەو پیاوە پیرە خۆی ئازادی لە من شاردبێتەوە، ئا، ئەو شاردوویه‌تییه‌وه‌. ئەم جارە، کە گەڕایەوە نایەڵم بڕوات هەتا ئازادم بۆ نەهێنێتەوە، نایەڵم بستێک لەم شوێنە دوور بکەوێتەوە هەتا ئازادم بۆ نەهێنێتەوە.

(تارماییەکان دەردەکەونەوە، ئەم جارە ژمارەیان زۆرترە و بەسەر پانتایی شانۆکەدا بڵاو بوونەتەوە، وه‌کوو خێو بن، ئاوا ده‌جووڵێنەوە و سیمای مردوویان لێ نیشتووە)

تارمایی یەکەم

ئافرەت، تۆ ئافرەت. بۆ جیهانی پڕ لە بێ دەنگی ئەم پانتاییە گەورەیەت شێواندووە؟

(ئافرەتەکە دەسڵەمێتەوە)

تارمایی دووەم

هەموومانت بە ئاگا هێناوەتەوە، بێزارت کردووین، کێ تۆی گەیاندۆتە ئەم جێگایە؟

تارمایی سێیەم

ئێرە جەنگەڵستان و گۆرەپانی جەنگێکی دێرین و درێژخایەنە. هەموومان لە پشت دیوارێکی ئاسنینەوە لە بێ دەنگییەکی ترسناکدا دەجەنگین.

تارمایی یەکەم

بە دوای تاوانبارەکاندا دەگەڕێن، قەڵا گەورەکان دەڕمێنین، بۆ وازمان لێ ناهێنی، بۆ دیواری ئاسنینمان دەکوتیتەوە؟

تارمایی دووه‌م

ئازادی کوڕت بە سواری ئەسپێکی سپی باڵدار فڕی.

تارمایی سێیەم

ئەو ئەسپانەی لە چیرۆکە ئەفسانەییەکاندا باسی دەکەن، ئازادی کوڕت جارێکی تر ناگەڕێتەوە، ئێمەیش ئازاری تۆ نادەین. بڕۆ، لێرە مەمێنە.

تارمایی یەکەم

بڕۆ، لێرە مە مێنە.

تارمایی دووەم

بڕۆ لێرە مەمێنە.

تارمایی سێیەم

بڕۆ لێرە مەمێنە.

هەرسێ تارماییەکە

دەڵێن بڕۆ و لێرە مەمێنە؟

ئافرەت

(بە ترس و سڵەمینەوە)

ئاخر من تەنها ئازادم هەیە، چۆن دەبێت بەبێ ئازاد بگەڕێمەوە، چۆن ئازاد بەجێ دەهێڵم! نا، ناڕۆم، ئێرە بەبێ ئازاد بەجێ ناهێڵم.

(بە کزی و هێمنییەوە)

ڕێگایش شارەزانیم و نازانم بە تەنها بگەڕێمەوە.

تارمایی دووەم

منیش کوڕه‌ تاقانه‌که‌ی دایکم بووم، بەڵام بەجێم هێشت، دایکیشم وەک تۆ ئێستایش چاوەڕوانمە.

ئافرەت

تۆیش بۆ چیلکە کۆکردنەوە ڕۆیشتوویت؟

تارمایی دووەم

من، ئا. نە، من بۆ چیلکە کۆکردنەوە نەڕۆیشتم، بەڵام نەمتوانی جارێکی تر بگەڕێمەوە. دایکم ئێستایش چاوەڕوانمە.

تارمایی سێیەم

بگەڕێرەوە، بێدەنگی ئەم جیهانە لەمە زیاتر مەشێوێنە و تارماییەکان بێزار مەکە، بگەڕێرەوە بۆ ماڵی خۆت.

تارمایی دووەم

بگەڕێرەوە، دایکم دڵنیا بکە، خەم و ئازاری دووری منی لەلا بڕەوێنەوە و با دڵنیابێت، کە دەگەڕێنەوە.

ئافرەت

چۆن بتوانم بە تەنها بژیم و چاوەڕوانی ئازادیش بم. نا نا، ناگەڕێمەوە تا ئازاد نەگەڕێتەوە، کە ئازاد هاتەوە، ئەوکاتە پێکەوە ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌. لێرە دادەنیشم و چاوەڕوانی ئازاد دەکەم.

(تارماییەکان ووردە ووردە لە چاو ون ده‌بن، ئافرەتەکە وەک شێت بۆیان دەگەڕێت)

بۆ کوێ چوون؟ ئێوە دەزانن ئازاد لە کۆێیە، ئێوە ئازادتان لە من شاردۆتەوە، ناگەڕێمەوە و دەمەوێت لەگەڵ ئازاد بڕۆم.

(هاوار دەکات)

ئازاد، ئازاد.

(ماندوو دیارە، لە شوێنی خۆی دەکەوێت، خەوی لێ دەکەوێت)

 

هەناسەی یەکەم

(شانۆ پەلکە زێڕینە ئاسا، لە ریتواڵێکی ئه‌فسوونیدا هەموو ڕەنگەکان، لە کەرنەڤاڵێکی ئاهەنگئامێزدا پێکدا دەچن. لاوێکی گەنج دەردەکەوێت، وەک ئەوەی بفڕێت، بۆ ساتێک بە بەرزاییەکەوە، لە قووڵایی لای چەپی شانۆ دەمێنێتەوە و بەرەو ئاسۆگەیەکی نادیار، بە هێواشی هەڵدێت. لەگەڵ دەنگی مۆسیقایەکی تایبەت دا تارماییەکان دەردەکەونەوە، لە جووڵە و هاتووچۆیەکی ناتەبا و زۆر خێرا دان. ئافرەتەکە هەڵۆەستەی بەرامبەر لاوەکە کردووە، تارماییەکانیش لە ئافرەتەکە نزیک دەبنەوە و لە ڕوانگەی کۆمەڵێ جووڵەی جەستە و لەشی پڕ لە هێما و گوزارشتەوە، لێی کۆدەبنەوە، ئاماژە بۆ لاوەکە دەکەن، لە لایەکی دیکەیشەوە پیرە ڕدێنسپییەکە دەردەکەوێت، لە شوێنی خۆی چاودێری دیمەنەکە دەکات، زۆر بە قووڵی دەڕوانێتە ئافرەتەکە، ئەم دیمەنە چەند ساتێک دەخایەنێت، لە پڕ ئافرەتەکە لە خەون ڕادەپەڕێت و هاوار دەکات، بە بەخەبەر هاتنەوەی ئافرەتەکەیش، پیرەمێرد و تارماییەکان ون دەبن)

ئافرەت

(وەک شێت لە هەر چوار دەوری خۆی دەڕوانێت)

چ کارەساتێکە! چ وەیشومە و ڕێگای هات و نەهاتێکە، ئازاد پاڵەوانی چ گێژاوێکە! بەرەو چ ڕێگایەک بڕۆم، کام گۆر هەڵکەنم، بچمە چ گۆڕستان و چ دارستانێکەوە، کوێی بۆ بگەڕێم؟ مردووەکان، یان کابرای ڕدێنسپی، کامیان تارمایی و فریشتەی ڕزگارین. زریان و بارانی پڕ لە ژان و قینی چیاکانیش لە جەنگی بەردەوامی تارمایی و سروشت دان، سروشتێکی دڵڕه‌ق و بێبه‌زه‌یی، بەڵام ناڕۆم. چاوەڕوانی ئازاد دەکەم، بێتەوە یان نەیەتەوە من چاوەڕوانم، چاوەڕوانی بۆتە بەشێکی ژیانم.

(پیرەمێردە ڕدێنسپییەکە، لە قووڵایی لای چەپی شانۆکەوە و لەسەر شوێنێکی بەرز دەردەکەوێت)

ڕدێنسپی

چاوەڕوانی کارێکی ترسناکە. گوتمان برۆ، چاوەڕوان مەبە، لە مێژە لە چاوەڕوانییەکی درێژخایەن داین، چاوەڕوانی لەگەڵماندا گەورە دەبێت. زەمەنی چاوەڕوانی زەمەنی ئێمەیە، زەمەنێکی تێکشکاوه‌. ئازاد ناگەڕێتەوە و مێژوویەکی درێژە ڕێگا دەبڕێت، ئازاد دەیەوێت زەمەنی چاوەڕوانی بکوژێت، دەیەوێت ڕۆژگاری پڕ لە چاوەڕوانی ئێمە ببڕێت و نەیهێڵێ. ئازاد لەم کاروانە گرانە چه‌ندان قۆناخی پڕ لە ژان و ئازاری بڕیوە و لەگەڵ گەیشتنە هەر چاوگەیەکیش، گۆرانی پڕ سۆزی ئازادی بۆ تۆ دەڵێت.

ئافرەت

(بەرەو ڕووی پیاوە پیرەکە دەچێت)

تۆ ئازادت لێ شاردوومەتەوە، وا نییە!؟ ئازاد دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای من، کوڕەکەم. کوڕەکەم، ئازاد مافی منە.

(لەبەر خۆیەوە قسە دەکات)

سەری دەنێم بە سنگمەوە و تێر تێر بۆنی دەکەم، لایلایەی گیانێکی پڕ لە نامۆیی بۆ بکەم، ئازارەکانی بڕەوێنمەوە و بۆی ببمە دەریای سەرفرازی. ببمە چیا بۆ شەپۆلە زریانییەکان، چیای باوک و پشت و برا. ئازاد ئێستا تۆ لە کوێیت!؟

ڕدێنسپی

ژیان دارستانێکی چڕە، مرۆڤ لە گۆڕێکی بچووک و تاریکەوە، لە نەبوونەوە دێت، لەگەڵ یەکەم نوزەی گریان زەنگی بە بوونی خۆی لەم دونیا بەرینەدا دەزرنگێتەوە و ڕێگایەکی پڕ لە مەترسی و درێژ بەرەو نەبوون، بەرەو گۆڕێکی هەندێک گەورە و تەسک و تاریک، دەبڕێت. لە ئازاد مەپرسە، لە ئازاد مەترسە، ئێستا ئازاد لە بەینی دوو نەبوون دایە، ڕێگا دەبڕێت، ڕێگایەکی سەخت و گران.

(دەچێتە دەرەوە.)

ئافرەت

لە بەینی دوو نەبوون دایە. نا، نا، وانییە. ئازاد دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لای من، پیرەی ڕدێنسپی، تۆ خۆت ئەم قسانە دروست دەکەیت، بۆ کوێ ڕۆیشتیت.

(بۆ پیرەمێردە ڕدێنسپییەکە دەگەڕێت)

بۆ خۆتم لێ دەشاریتەوە، بۆ ئازادم بۆ ناگەڕێنیتەوە.

(قسەکانی بەرەو بڕسکان دەچێت، وشەکانی تێکەڵ و پێکەڵە و لێیان تێ ناگەیت)

 

تاریکی

تابلۆی دووەم

لە تروسکە تیشکێکی ڕەنگاو ڕەنگ و ڕیتواڵێک دا (لاوەکە) دەردەکەوێت، لە ڕێگای جەستە و وێنە شانۆییەکەوە، بەرەو ڕووی بینەران دێت، لەلای چەپی شانۆوە، پیرە ڕدێنسپییەکە وەستاوە، تەماشای کوڕەکە دەکات)

گەنجەکە

ئەم شارە چ شارێکە؟ هاوڕێی خەمێکی درێژخایەنە و درەختەکانی گەڵا زەرد و هەڵپروکاوە، سێبەری گەواڵە هەورەکانی ڕەش و بارانی خەمناکییە. ئازار هاوڕێی پەژارەیە و لە ژوانێکی بەردەوامی شەقام و ئێوارە کز و چۆڵەکانیایەتی، ئازار هاوڕێی شارە، ئەم شارە چ شارێکە، خەمی باڵا بەرز سروشتی ڕەنگینی دیمەنە غەمبارەکانییەتی. دایکم ئازارێکی هەمیشەیی ئەم شارە پڕ لە تارمایی و مەرگ و کارەساتەیە. شار بۆتە دارستانێکی چڕی ترسناک، بۆتە بنکەیەکی بازنه‌ئاسای توندوتیژ و دەخولێتەوە و دەخولێتەوە. ئەم شارە چ شارێکە، ئەم شارە چ شارێکە.

(لەسەر شانۆ دەچێتە دەرەوە)

ڕدێنسپی

(بە پێچەوانەی لاوە گەنجەکەوە دەڕوات)

شار خەم و عەشق و ژان و ئازارە. ئازاد شارە و شار ئازادە. ئازاد لە شەپۆلی زریانێکی گەورەوە ڕێ دەکات، پەڕەوازەی شاڵاوەکانییەتی و هەناسە سوارە.

ئافرەت

(بە پرتاو دێتە سەر شانۆ)

ئازاد، تارماییەکان گوتیان ئازاد ئێستا لە شارە.

(بە چوار دەوری خۆیدا دەڕوانێت)

شار باران و زریانە و هەورێکی ڕەش ڕەشماڵی حەزەکانییەتی. ئەم شارە چ شارێکە، ئەم شارە چ شارێکە. مردووەکان لە سەمایەکی بەردەوامی ئاهەنگی خەم و ئازار و ژان دان، تارماییەکان سەوداسەری ڕووناکین و شێت و سەرخۆشەکان سەردار و فەرمانڕەوان. فەرمانڕەواکان مێردمنداڵن و نەخۆشیەکی کوشندە لە جەستە نەسرەوتە پڕ لە تروسکە شەڕانییەکانیاندا جێگیر بووە.

 

هەناسەی دووەم

ئافرەتەکە دەکەوێتە سەمایەکی گوزارشتئامێزی جەستەیی غەمناکەوە، ڕەنگەکان پێکدا دەچن، ترپەی دڵی و نوزەی هەناسەی ڕەزمێکی ڕەنگین لەگەڵ مۆسیقا گشتییەکەی دیمەنەکە دەخوڵقێنێت. لە پانتایی شانۆکەوە پارچە قوماشێکی گەرەی ڕەش دێتە خوارەوە و هەموو جەستەی ئافرەتەکە دادەپۆشێت، کونێکی گەورە لە ناوەڕاستی دایە، لەو کونەوە سەری دەهێنێتە دەرەوە، شێتانە سەما دەکات، لە قووڵایی پانتایی شانۆکەوە چەندان تابووت، کە بە پێەوە و بە باری بەرزییەوە دانراون، دەردەکەوێت. لە هەر تابووتێکدا تارماییەکی تیادا وەستاوە، لە یەکێک لە تابووتەکاندا، کەمانچە ژەنێک بە تەواوی جلوبەرگی ئاهەنگی ئۆرکێستراوە وەستاوە و ئاوازێکی غەمناک دەژەنێت، ئافرەتەکە لەگەڵ سه‌ما ئاماژه‌هه‌ڵگره‌که‌ی دەچێتە پشت تابووتی کەمانچەژەنەکەوە و هێدی هێدی پاڵی پێوە دەنێت و گەشتێکی سەر شانۆکەی پێ دەکات. تابووتەکانی تر دەجوڵێنەوە، هەندێکیان دێنە پێشەوە و هەندێکێان دەچنە ناوەوە، کورە گەنجەکە و پیاوە ڕدێن سپییەکە، جلوبەرگی لێبوک ئاسایان پۆشیوە و لەم لاو ئەولای شانۆکەوە دێنە پێشەوە، ئافرەتەکەیش دەکشێتەوە و دەچێتە یەکێک لە تابووتەکاندا دادەنیشێت. پیرە و گەنجەکەیش لە نێوەندی شانۆکەدا دەکەونە گەمەی شەڕە شیر؛ یەکتر دێنن و دەبەن، لە ڕوانگەی گەمەیەکی ڕەنگینی جەستە و هێما و گوزارشتئامێزەوە شەڕە شیر دەکەن.

دوو تارمایی یەکێکیان لە بەردەمی لای ڕاست و ئەوی تریان لە بەردەمی لای چەپەوە سوچەکانی پارچە خامێکی گەورە دەگرن و پشت لە بینەران، بە هێمنی بەرەو ناوەوە دەڕۆن، پیرە و گەنجە بەردەوامن لە شەرە شیر و کێشەکەیان دا، کەمانچە ژەنەکە بەردەوامە لە پێشکه‌شکردنی ئاوازەکەی خۆی دا، تا بە تەواوی پارچە خامە گەورەکە هەموو پانتایی سەر شانۆکە دەگرێتەوە و تێکڕا ئەکتەرەکان و چی لەسەر شانۆیە دادەپۆشێت.

ڕووناکییەکی کز، مۆسیقا.

تاریکی

 

ئەم دەق/پرۆژەیە لە ٢٤/٢/١٩٩١ بەر لە ڕاپەڕین و کۆڕەوەکەی کوردستان لە بەندیخانەکانی ڕژێمی بەغداوە نووسراوە، دوایی نووسراوەتەوە و هەندێک دەستکاری و گۆڕانکاری کەمی بەسەردا هاتوە.

٣/٤/١٩٩٣