دانا ره‌ئووف: له‌گه‌ڵ باربا له شانۆ زیاتر ناکرێت باسی هیچیتر بکه‌یت
دیداری: شۆڕش محه‌مه‌د حسێن
شانۆكاری كورد (دانا ره‌ئووف) یه‌كێكه له‌و شانۆكاره جدییانه‌ی، كه له‌نێو ره‌وتی هونه‌ری شانۆی كوردیدا خاوه‌ن پێگه و ئاماده‌بوونێكی هه‌میشه‌یی هه‌یه، ئه‌م شانۆكاره تاكه شانۆكارێكی كورده، كه توانیویه‌تی له شانۆیه‌كی گرنگیی وه‌ك (شانۆی پادشایه‌تیی) له سوید، له‌گه‌ڵ شانۆكاره گه‌وره‌كانی ئەو وڵاتە، كار و چالاكیی شانۆیی ئه‌نجام بدات. هه‌ڵبه‌ت كاركردن له‌نێو ئه‌م شانۆیه‌دا به‌هۆی دێرینیی و گرنگیی شانۆكه‌وه هه‌روا كارێكی ساده و ساكار نییه، دانای شانۆكار جگه له بواری پراكتیكیی شانۆیی، یه‌كێكیشه له قه‌ڵه‌مه بهبڕشتهكانی نێو نووسینی شانۆیی و له‌و بواره‌دا جگه له چه‌ند كتێبێكی شانۆیی، خاوه‌ن چه‌نده‌ها وتار و لێكۆڵینه‌وه‌یه، كه له رۆژنامه و گۆڤاره كوردییه‌كانی له‌مه‌ڕ خۆمان بڵاوكراوه‌ته‌وه.
ئه‌م شانۆكاره ته‌نها بۆ شانۆ ده‌ژی و هه‌ر ئه‌و عهشقهشی بۆ شانۆ وای كردووه به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ شانۆكارانی گه‌وره‌ی جیهانیی(ئه‌وانه‌ی له‌نێو ره‌وتی شانۆی جیهانیدا ناوبانگییان هه‌یه) په‌یدا بكات و گفتوگۆ و دانشتن له‌گه‌ڵیاندا سازبكات. له‌و بواره‌شدا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌وره ریژیسۆری جیهانیی (پیته‌ر برۆك) په‌یداكرد و له‌و په‌یوه‌ندییه‌شه‌وه كتێبێكی دانسقه به‌رهه‌مهات به‌ناوی (پیته‌ر برۆك له شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیی) و به‌م دواییانه‌ش و له میانه‌ی كۆنگره‌یه‌كی فراوانی باكوری ئه‌وروپا ئاشنایه‌تی له‌گه‌ڵ گه‌وره ریژیسۆری ئیتاڵی (یۆجینیۆ باربا) په‌یدا ده‌كات و له ئاڵوگۆڕی قسه و بیروبۆچوونه‌كانیان له‌سه‌ر شانۆ، دانا باسی شانۆی كوردی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌م شانۆیه بۆ (باربا) ده‌كات و له‌وێوه بیرۆكه‌ی هاتنی ئه‌م شانۆكاره مه‌زنه بۆ كوردستان و به‌مه‌به‌ستی سازكردنی ۆرك شۆپ بۆ شانۆكارانی كورد سه‌رهه‌ڵده‌دات. له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا (دانا ره‌ئووف) سه‌باره‌ت به پێگه‌ی گرنگیی ئه‌م شانۆكاره له‌نێو شانۆی جیهانیی و هاتنی (یۆجینیۆ باربا) بۆ كوردستان ده‌دوێت.
یه‌کێک له ناوه دیاره‌کانی نێو هونه‌ری شانۆی جیهانیی له‌مڕۆدا، که پێگه‌یه‌کی به‌هێزی هه‌یه، شانۆکاری ئیتالی ( یۆجین باربا )یه، گرنگی و بایه‌خی ئه‌م شانۆکاره له‌نێو ڕه‌وتی شانۆی جیهانیدا له چییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی ڕابردووه‌وه چه‌ندین ئه‌زموون و شانۆی گرنگ له ئه‌وروپا ده‌رکه‌وتوون، که توانیویانه کاریگه‌رییه‌کی بنه‌ڕه‌تی و ڕاسته‌وخۆیان له گۆڕینی چه‌مک و پێودانگه‌کانی کار و پرۆسه‌ی شانۆییدا، هەبێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه، که ئه‌م ئه‌زموونانه ته‌نها به نه‌مایشه شانۆییه‌کانیان ئه‌و دابڕان و گۆڕانکارییانه‌یان دروست نه‌کردووه، به‌ڵکو مامه‌ڵه‌کردنیان له‌گه‌ڵ شانۆ، کاره کرده‌ییه‌کانیان، مه‌شق و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی جیاوازی کارکردن و خۆئاماده‌کردن و بۆچوون و دیده تیۆرییه‌کانیان، ئه‌و ڕێگایه‌ی بۆ کردوونه‌ته‌وه و تیۆر و پراکتیک به‌شێکی گرنگی ئه‌و پرۆسێسانه بوون. ئه‌م جۆره کارکردنه، گه‌ڕانێکی وورد، یان هه‌ڵکۆڵینێکی ههمهلایهنییانه و سه‌راپاگیر بووه بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌کی بابه‌تییانه، هونه‌ری و ڕۆشنبیری له خودی ناواخن و لایه‌نه نادیار و شاراوه‌کانی کرده‌ی شانۆدا.
ئه‌م ئه‌زموونه ده‌وڵه‌مه‌ندانه، ته‌نها له سنورێکی دیاریکراودا یان پانتاییه‌کی به‌رجه‌سته‌کراودا نهسوڕاونهتهوه، به‌ڵکو گرنگییان داوه به خودی بوون و فه‌لسه‌فه و دیارده‌ی شانۆ له کولتووره جیاوازه‌کاندا، گرنگی و به‌های شانۆ له ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی، پێوه‌ندییه‌کانی به مه‌سه‌له ڕۆشنبیریهکانیشهوه، شیکردنه‌وه‌ی بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی ئه‌کته‌ر و پیشه‌که‌ی، پێوه‌ندییه‌کانی ڕیژیسۆر به ئه‌کته‌ر، نه‌مایش به بینه‌رانه‌وه. ئه‌م شانۆکارانه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ گه‌وهه‌ره‌کانی، بۆ بنه‌ما سه‌ره‌کی و سه‌ره‌تاییه‌کانی شانۆ و له‌وێوه ده‌ستیان پێکردۆته‌وه.
گه‌ر ئاوڕێکی خێرایش له په‌نجا، شه‌ست ساڵی ڕابردوو بده‌ینه‌وه، چه‌ندین ئه‌زموون و ناوی گرنگی شانۆکاری ئه‌وروپی ده‌بینین، که له‌م بواره‌دا ڕۆڵی له‌به‌رچاوی خۆیان هه‌بووه و درێژکراوه‌یه‌کی، یان ته‌واوکه‌رێکی لۆژیکی ڕیژیسۆر و تیۆریسته گه‌وره‌کانی به‌ر له خۆیان بوون: گرۆتۆفسکی و شانۆی هه‌ژار، پیته‌ر بروک و پرۆژه گه‌وره ئه‌زموونگه‌ری و پانتاییه بۆشه‌کان، جۆلیان بێک و شانۆی زیندوو، ئاریانا موشکین، گیۆرگیۆ شترێلهری ئیتالی و بێگومان یۆجینیۆ باربا-یش به‌شێکی گرنگی ئه‌و زنجیره پێکه‌وه به‌ستراوه‌ی ڕه‌وتی ئه‌و شانۆ جیهانییه‌یه. دید و بۆچوونه شانۆییه‌کانی ئه‌م شانۆکاره گه‌ورانه له‌سه‌ر بنه‌ما و تیۆره شانۆییه‌کانی ستانیسلاڤسکی، مایرهۆڵد، فاختانکۆف، ئه‌دۆلف ئه‌پیا، گوردن گریک و ئه‌نتۆنین ئارتۆ دامه‌زراوه.
یۆجینیۆ باربا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕه‌گ و ڕیشه‌کانی شانۆ، تایبه‌تمه‌ندی خۆی ده‌دۆزێته‌وه، دیالۆژێکی قووڵ، هه‌مه‌لایه‌ن و فراوان له‌گه‌ڵ کولتووری جیاواز و چه‌مکی ڕۆشنبیری هاوچه‌رخدا ده‌کات. یۆجینیۆ باربا ده‌روازه‌کانی شانۆ، له ڕوانگه‌ی شانۆی ئۆدنهوه به ڕووی قوتابخانه‌ی جیهانی بۆ شانۆیه‌کی ئه‌نترۆپۆلۆژی ده‌کاته‌وه.
یۆجینیۆ باربا کاریگه‌رییه‌کی زۆر به‌سه‌ر شانۆی هاوچه‌رخی جیهانییه‌وه به‌جێده‌هێڵێ، چه‌ندین پرس ده‌وروژێنێ و شانۆیش ڕووبه‌ڕووی چه‌مکێکی نوێ، له ڕوانگه‌ی زانستی ئه‌نترۆپۆلۆژیاوه ده‌کاته‌وه. ئه‌مانه و گه‌لێ پرسیاری تر، که لێره‌دا جێگای باسکردنیان نابێته‌وه، وا ده‌کات یۆجینیۆ باربا، دامه‌زرێنه‌ری شانۆی ئۆدن پێگه و گرنگییه‌کی بێهاوتای له ڕه‌وتی شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیدا هه‌بێت.
یۆجینیۆ باربا به‌جیا له زۆربه‌ی تیۆردانهر و شانۆکاره پڕ جووڵه و هه‌میشه چالاکه‌کان به‌رده‌وام خه‌ریکی سازکردنی ۆرک شۆپی تایبه‌ته به هونه‌ری شانۆ، له شوێن و جوگرافیای ههمهجۆر و هه‌مه چه‌شن، ئه‌م ۆرک شۆپانه تا چه‌ند بۆ بره‌ودان به ڕۆشنبیری شانۆیی سوودی هه‌یه؟
یۆجینیۆ باربا ڕێگایه‌کی درێژی بڕیوه، له چاوگه‌کانی شانۆ نزیک بۆته‌وه، به‌شێک بووه له ته‌وژمێکی ئه‌زموونگه‌ری و جیاوازی کولتووری شانۆ. له سه‌ره‌تادا له ڕێگای ئۆرگانی یۆنسکۆوه هه‌لی خوێندنی شانۆی له پۆڵۆنیا بۆ هه‌ڵده‌که‌وێ، پۆڵۆنیا ده‌رگایه‌کی گرنگی بۆ ده‌کاته‌وه، هه‌ر دوای ساڵێک له ڕاره‌وه‌کانی کۆلیژ و قوتابخانه شانۆییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌وه په‌یوه‌ندی ده‌کات به گرۆتۆفسکی-یه‌وه، بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ له نزیکه‌وه مه‌شق و پرۆڤه گران و به‌رده‌وامه‌کانی گرۆتۆفسکی و کاره‌کانی سه‌ره‌تای ده‌بینێ، تێبینییه‌کانی تۆمار ده‌کات و ده‌بێته یاریده‌ده‌ری یه‌که‌می گرۆتۆفسکی. دوای ئه‌م ساڵانه ده‌ڕوات بۆ وڵاتی هند و له‌وێ به شێوه‌یه‌کی گشتگر و فراوان، قووڵ و هه‌مه‌لایه‌ن له بنه‌ماکانی شانۆی هیندی ده‌کۆڵێته‌وه. شانۆی هه‌ژاری گرۆتۆفسکی و شانۆی هیندی وه‌رچه‌رخانێکی گه‌وره و بنه‌ڕه‌تی له دید و بۆچوونه‌کانی یۆجینیۆ باربادا دروست ده‌کات و به شێوه‌یه‌کی تر ده‌ڕوانێته شانۆ و ئه‌رکه‌کانی شانۆ. دوای ئه‌م ئه‌زموونانه له نه‌رویژ ده‌گیرسێته‌وه، کۆمه‌ڵێ گه‌نج له‌خۆی کۆ ده‌کاته‌وه و له ڕێگای مه‌شقه‌کانی گرۆتۆفسکییهوه ده‌که‌وێته گه‌ڕان به‌دوای شێوازێکی تردا، کارێکی گرانی به‌رده‌وام، به‌بی پاره و به‌بێ شانۆ و به‌بێ پێداویستییه‌کانی تر، به‌ڵام کۆڵ ناده‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن. له‌م ساڵانه‌دا، له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌کاندا و دوای کارێکی گران و به‌رده‌وام یه‌که‌م نه‌مایشه‌کانیان پێشکه‌ش ده‌که‌ن. هه‌ر له‌م ساڵانەیشدا په‌یوه‌ندی به وڵاتانی تر و ڕێکخستنی ۆرک شۆپ و سێمینار و بڵاو کردنه‌وه‌ی چۆنییه‌تی مه‌شقه‌کانیان ده‌که‌ن. له‌م ڕووه‌وه باربا و هاوڕێکانی ده‌که‌ونه چالاکی ڕێخراوه‌یی و ڕۆشنبیری. ئه‌م گروپه بچووکه و له ساڵی ١٩٦٥ دا یه‌که‌م نه‌مایشه‌کانی شانۆی هه‌ژار و مه‌شقه‌کانی گرۆتۆفسکی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی پۆڵۆنیا، له ستۆکهۆڵم، کۆپنهاگن و ئۆسلۆ پێشکه‌ش ده‌که‌ن.
له پاڵ کاره شانۆیی و خۆئاماده‌کردن و به‌هێزکردن و دروستکردنی خودی خۆ و ئه‌کته‌ر، چالاکییه‌کانی تر بۆ نموونه، بانگهێشتکردن و ئاماده‌کردنی نه‌مایشی بیانی، بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی شانۆ و لێکۆڵینه‌وه، کردنه‌وه‌ی ۆرک شۆپ، به‌رهه‌مهێنانی فیلمی په‌روه‌رده‌یی و پێداگۆگی تایبه‌ت به کاری ئه‌کته‌ر ده‌بێته لایه‌ن و بوارێکی گرنگی چالاکییه‌کانی شانۆی ئۆدن و یۆجینیۆ باربا.
هه‌ر لێره‌وه گرنگی پرسیاره‌که‌ت دووپات ده‌که‌مه‌وه، به‌م کارانه شانۆی ئۆدن له شانۆی ئه‌وروپی جیاده‌کرێته‌وه و دووپاتی چالاکییه‌کانی خۆیان به شێوازێکی تر ده‌که‌نه‌وه، بنیاتی ڕۆشنبیرییه‌کی شانۆیی تازه داده‌مه‌زرێنن، ئه‌م دیده ده‌بێته پاڵپشت و یاریده‌ده‌رێکی ڕاسته‌وخۆ و به‌هێزی چه‌ندین گه‌نج و گروپی بچووک له‌هه‌موو ئه‌وروپادا.
قۆناخی دووه‌می یۆجینیۆ باربا و کردنه‌وه‌ی به ڕووی جیهاندا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی حه‌فتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، له‌م قۆناخه‌دا به شێوه‌یه‌کی زۆر فراوان، هه‌موو مه‌رزه‌کان، رۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات، ئاسیا و ئه‌مه‌ریکا و ئه‌مه‌ریکای لاتین، ئه‌فه‌ریقا و هند ده‌گرێته‌وه. بۆ نموونه له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌فتاکاندا، کۆنفرانسێکی جیهانی بۆ پشتگیریکردنی گروپه شانۆییه بچووکه‌کانی جیهان، ئه‌و شانۆیانه‌ی له په‌راوێزی ده‌زگا فه‌رمی و شانۆ گه‌وره‌کانی ده‌وڵه‌تدا ده‌سووڕانه‌وه، ساز ده‌کات. باربا به‌و کۆنفرانسه جیهانییه هه‌موو به‌ربه‌ست و سنووره‌کان ده‌شکێنێ، ئه‌و گروپانه سه‌رله‌نوێ به‌گوڕ و شێوه‌یه‌کی تر به جیهانی شانۆ و ڕه‌وتی شانۆی ئه‌وروپی ده‌ناسێنێ و به شانۆی سێیه‌م ناوزه‌دیان ده‌کات. ۆرک شۆپه‌کانی یۆجینیۆ باربا چه‌نده مه‌شقێکی شانۆیی و یارمه‌تیدانی ئه‌کته‌ر و په‌روه‌رده‌کردنی ئه‌کته‌ره، هێنده‌یش تاقیگه‌یه‌کی شانۆییه به مانای ئه‌و وشه‌یه، رۆشنبیری شانۆییه و پێوه‌ندییه‌کانی ئه‌کته‌ر به ئه‌کته‌ر، به بینه‌ران، به ڕیژیسۆر و هه‌موو پرۆسه شانۆییه‌که ده‌خاته ژێر شیکردنه‌وه‌یه‌کی کرده‌یی گرنگه‌وه. بیگومان ئه‌و مه‌شق و کاره هه‌ره‌وه‌زی و ۆرک شۆپانه له وڵاتێکه‌وه بۆ وڵاتێکی تر و له گروپێکه‌وه بۆ گروپێکی تر گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت و هه‌موو شوێنێک که‌ش و ئه‌تمۆسفیر و هه‌لومه‌رجی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه و یۆجینیۆ بارباش زۆر به سه‌لیقه له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌لومه‌رج و جوگرافیا جیاوازانه‌دا، دید و بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌گونجێنێ.
شانۆ به‌و پێیه‌ی کار و پرۆسه‌یه‌کی ده‌سته جه‌معییه تا چه‌ند گروپه‌که‌ی باربا که به‌ناوی (گروپی شانۆی ئۆدن)ه‌وه‌یه، توانیویه‌تی له‌سه‌ر میکانیزم و به‌رنامه و میتۆدێکی تۆکمه کار بکات، به‌تایبه‌ت که ئه‌زموونی دروستکردنی گروپ زۆرجار ئاکامه‌که‌ی شکست خواردن و لێکترازانه، به‌واتایه‌کی تر چ شتێک وای کردووه ئه‌و گروپه ئه‌و پێگه گرنگه‌یان هه‌بێ؟
یۆجینیۆ باربا شانۆی ئودن له ساڵی ١٩٦٤ دا له ئۆسلۆی پایته‌ختی نه‌رویژ داده‌مه‌زرێنێت، زه‌مینه‌ی کار و هه‌لومه‌رجی ئه‌وکاته و باری دارایی، ئه‌ندامه‌کانی گروپه‌که ناچار ده‌کات هه‌ر دوای ساڵێک، واتە ١٩٦٥ له نه‌رویژه‌وه بگوێزنه‌وه بۆ دانیمارک و له‌وێ بنکه‌یه‌کی به‌هێز و قوتابخانه‌یه‌کی شانۆیی دابمه‌زرێنن. شانۆی ئودن تا ئێستا و به‌هه‌مان هێز و وزه‌وه کار ده‌که‌ن و پێگه و ناوێکی گرنگیشیان له نه‌خشه‌ی شانۆی مۆدێرنی ئه‌وروپی و جیهانیدا به‌ده‌ست هێناوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی، که لێره‌دا گرنگه ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ئه‌وه‌یه، که گروپی ئودن تیپێکی شانۆیی ته‌با و ته‌قلیدی نه‌بووه و نییه، له‌و ڕووه‌وه‌ی که چه‌ندین ئه‌کته‌ر و به‌رێوه‌به‌ری هونه‌ری و به‌رهه‌مهێنه‌ر و کۆمه‌ڵێ خه‌ڵکی پسپۆڕی هه‌ڵسورێنه‌ری تر و ڕیژیسۆرێک، به‌رهه‌مێکی شانۆیی بهێننه به‌رهه‌م و دواتر له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆیه‌ک بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک پێشکه‌شی بکه‌ن.
ئامانجی سه‌ره‌کی گروپی ئودن ته‌نها به‌رهه‌مهێنان و پێشکه‌شکردنی نه‌مایشێکی شانۆیی نییه، به‌ڵکو ئه‌م گروپه به دیدێکی هه‌ره‌وه‌زی جیاواز کارده‌کات: ئه‌کته‌ر و ڕیژیسۆر و هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م شانۆیه‌دا کار ده‌که‌ن له بۆته‌یه‌کی ژیانی _ خێزانی _ پته‌ودا کۆبوونه‌ته‌وه و تێڕوانینه‌کانیان بۆ تێگه‌یشتن و کاری شانۆ، هه‌موو بنه‌ما ته‌قلیدی، ئه‌کادیمی و فه‌رمییه‌کانی شانۆی ئه‌وروپی تێپه‌ڕاندووه. شانۆی ئودن ده‌زگایه‌کی هونه‌ری نییه و یۆجینیۆ باربا سه‌رپه‌رشتی بکات، به‌ڵکو ئودن شانه‌یه‌کی زیندووه و گوزارشت له ڕه‌وتی ژیانی کۆمه‌ڵه که‌سێک ده‌کات، که له ڕوانگه‌ی شانۆوه و له‌ناو خودی شانۆدا ده‌ژین و ژیانێکی ڕۆژانه‌ی هاوبه‌شیان پێکه‌وه هه‌یه. مێژووی ژیانی باربا و مێژووی ژیانی هه‌ر ئه‌ندامێک له ئه‌ندامه‌کانی شانۆی ئودن، مێژووی هونه‌ری و ڕه‌وتی شانۆی ئودنه، ئه‌مەیش دیارده‌یه‌کی زۆر تایبه‌تمه‌ند و دانسقه‌یه له شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیدا.
له کۆنگره‌یه‌کی تایبه‌ت به شانۆ (یۆجینیۆ باربا)تان بینیوه و پێکه‌وه گفتوگۆیه‌کی تێروته‌سه‌لتان کردووه، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ شانۆکارانی کورد ده‌سکه‌وتێکی مه‌زنه و خاوه‌ن گرنگی و جیگه‌ی شانازییه، ده‌نگۆیه‌کی وا له ئارادایه، که داوات له (باربا) کردووه بۆ سازکردنی ۆرک شۆپێک بێته کوردستان و ئه‌ویش ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌و داوایه‌ی تۆ ده‌ربڕیوه، ئه‌کرێ به هێڵه گشتییه‌کانی ئه‌و یه‌کتربینینه‌ی تۆ و باربا ئاشنامان بکه‌یت؟
له حه‌وت و هه‌شتی مانگی مارتی ئه‌مساڵدا له کۆپنهاگن و له کۆنگره‌یه‌کی فراوانی باکوری ئه‌وروپا، سوێد، دانمارک و نه‌رویژدا به‌شداریم کرد، ئه‌وه یه‌که‌مجاره له کۆنفرانسێکی وا گه‌وره‌دا به‌شداربم و ڕاسته‌وخۆ بۆ بینه‌رێکی زۆری هونه‌رمه‌ندانی ئه‌و سێ وڵاته بدوێم.
یۆجینیۆ باربا به‌شداربوو، ڕۆژی دووه‌می کۆنگره‌که به وتارێکی ئه‌و ده‌ستیپێکرد، ئه‌و خۆی له شارێکی بچووک له ده‌ره‌وه‌ی کۆپنهاگن و له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی گروپه‌که‌ی ده‌ژی. دوای نیوه‌ڕۆی ڕۆژی دووه‌م به‌تایبه‌تی یه‌کترمان بینی، له خانووبه‌ره‌ی کۆنگره‌که چووینه ده‌ره‌وه. باسی چیمان کرد؟ شانۆ! له‌گه‌ڵ باربا له شانۆ زیاتر ناکرێت باسی هیچیتر بکه‌یت. ژیان شانۆیه و شانۆیش مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگی ژیان و مه‌رگه و ئه‌م مرۆڤه گه‌وره‌یه ته‌نها بۆ شانۆ ده‌ژی. ئه‌وه‌ی زۆر سه‌رنجی ڕاکێشام ئه‌و ساکاری و ڕێز و ده‌روونه قووڵه بێ گرێیه‌ی ئه‌و مرۆڤه بوو. مرۆڤی گه‌وره و بلیمه‌ت هه‌میشه قووڵ و ساکاره و زۆر به ڕوونی گفتوگۆت له‌گه‌ڵ ده‌کات، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که لافوگهزافی گه‌وره لێده‌ده‌ن و وا ده‌زانن هه‌موو مرۆڤایه‌تی قه‌رزاری ئه‌وانه. ئه‌و ساکارییه گه‌وره‌یه‌م، لەوەبەر به‌هه‌مان شێوه لای پیته‌ر بروک-یش به‌دیکرد.
زیاتر باسی شانۆمان کرد، گرۆتۆفسکی و دوای گرۆتۆفسکی، پیته‌ر بروک و ئاریانا موشکین، بێگومان باسی ئه‌زموونی شانۆی ئودن و گرفته‌کانی شانۆی ئه‌مڕۆمان کرد، به تایبه‌تی ئه‌و ته‌نگه‌ژه و به‌ربه‌ستانه‌ی، که له‌به‌رده‌می هونه‌رمه‌ندانی وڵاتی تر و په‌نابه‌ر و تاراوگهدایه له ئه‌وروپا، چۆن بتوانین نزیک ببینه‌وه و چۆن بتوانین به‌ڕاستی سنووره‌کان بشکێنین و کۆمه‌ڵگەیه‌کی فره کولتووری ده‌وڵه‌مه‌ند دروست بکه‌ین. دواتر باسی شانۆی کوردی و هونه‌رمه‌ندانی کورد و شانۆی ئهزموونگهریشمان کرد. به خۆشحاڵییه‌وه ئاماده‌یی ده‌ربڕی تا بێته کوردستان و هه‌ر له‌وێدا کاته‌که‌شمان ده‌ستنیشان کرد و ئێستا خه‌ریکی ئاماده‌کردنی ئه‌و سه‌ردانه‌ی یۆجینیۆ بارباین.
تێبینییەک: دوای ئەم دیدارە و ئەو کاتەی بەسەر ئەم دیدارەدا تێپەڕیوە: بە داخەوە، لە کوردستان هیچ ئامادەییەک نەبوو، بۆ ئەوەی باربا بێتە کوردستان و کێشەی زۆریان بۆ دروستکردین.