مارا – ساد و پیتەر ڤایس و شانۆیەكی بەرهەڵستكار

,

پیتەر ڤایس هونەرمەند و نووسەرێكی فرە بەرهەم بووە و لە زوربەی بوارە هونەری و ئەدەبییەكاندا پرۆژە و بەرهەمی دانسقە و باڵای هەیە. لەوانەیە ئەمەیش بگەڕێتەوە بۆ ئەو فرە زمان و فرە كولتوورەی، كە هەر لە منداڵییەوە لەگەڵیا گەورە بووە.

وێنەكێشان، ڕۆمان، پرۆسە، شانۆنامە، دروستكردنی فیلم و چالاكییەكی بەهێزی سیاسی، ڕەوتی ژیان و بەرهەمەكانی ئەم نووسەرە پێكدەهێنێت‌.

پیتەر ڤایس لە ساڵی  ١٩١٦دا لە بەرلین لەدایك بووە، دایكی یەكێك بووە لە ئەكتەرەكانی ڕیژیسۆری بەناوبانگی ئەڵمانی ماكس ڕاینهارت، باوكی لە بنەماڵەیەكی جولەكە بووە، بەڵام هەر لەدێر زەمانەوە دەبێتە مەسیحی و پشت دەكاتە ئایین و دابونەریتی خۆیان. پیتەر ڤایس بەهیچ شێوەیەك ئەم ڕاستییە نازانێت‌، تا نازییەكان دەسەڵات دەگرنە دەست و بنەماڵەكەیان، وەك هەزارەها خێزان و بنەماڵەی جولەكەی تر تووشی ڕاوەدوونان و لێپێچانەوە دەبێت. سەرلەنوێ‌ مۆركی جولەكەیی بە تەوێڵی باوكی و بنەماڵەكەیانەوە دەنرێتەوە و پیتەر ڤایسیش لەگەڵ خێزانەكەیدا پەرتەوازە دەبن.

ئەم خێزانە ماوەیەك لە بەریتانیا و ماوەیەكیش لە چیكۆسلۆڤاكیای جاران ژیاون و پیتەر ڤایس لە سەرەتاكانی ژیانی لاوێتیدا لە شارەكەی كافكا، لە پراگ لە ئەكادیمیای هونەر خوێندوویەتی.

پیتەر ڤایس لە ساڵی ١٩٣٩ و لە تەمەنی بیست و سێ‌ ساڵیدا وەك پەنابەر لە ستۆكهۆڵم دەگیرسێتەوە و تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی لە ستۆکهۆڵم دەژی. پیتەر ڤایس لە سەرەتادا وەك هونەرمەندێكی وێنەكێش دەردەكەوێت، دواتر لە سوێد و بە زمانی سوێدیی دەست دەكات بە نووسین، ڕۆمانێك و هەندێک‌ كتێبی تری پرۆسە و لیریك بڵاو دەكاتەوە. نووسینەكانی نابێتە جێگای هیچ سەرنج و تێڕامانێك، هیچ ڕەخنەگر و ڕۆژنامەیەكیش ئاوڕیان لێناداتەوە. لەبەرئەوە پیتەر ڤایس لە سەرەتای پەنجاكانەوە ڕوودەكاتە بواری سینەما و هەندێک‌ فیلمی ئەزموونگەری و جیاواز، كە هەناسە و مۆركێكی سوریالیانە لەخۆدەگرن، لەگەڵ هەندێک‌ فیلمی دیكۆمینتاری دروست دەكات. فیلمەكانیشی، هەروەك نووسینەكانی ئەو سەركەوتنە بەدەست ناهێنن، كە خۆی چاوەڕوانی دەكرد. پیتەر ڤایس لە شەستەكاندا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە سەر زمانی دایكی، لەم قۆناخەدا بەرهەمەكانی ڕاستەوخۆ بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت، ژیانی خۆی دەكاتە سەرچاوەیەكی ڕاستەوخۆی ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەكانی تری. پیتەر ڤایس لە ئەڵمانیا هەر لە سەرەتاوە دەبێتە جێگای سەرنج و تێڕامانی ڕەخنەگر و خوێنەرەكانی.

لە ناوەڕاستی شەستەكاندا پیتەر ڤایس بەشێوەیەكی چاوەڕوانكراو بە شانۆنامەی مارا- ساد سەركەوتنێكی گەورە و ناوبانگێكی نێونەتەوەیی بەدەست دەهێنێت‌. شانۆنامەكەیش باسی ئەوە دەكات، كە چۆن ماركیز دی ساد لە ساڵی ١٨٠٩دا لەگەڵ نەخۆشەكانی بیمارستانی چارنتن نەمایشێك سەبارەت بەكوشتنی شۆڕشگێڕی فەڕەنسی (ژان پۆل مارا) لە ساڵی ١٧٩٣دا پێشكەش دەكەن.

41p22yt1jfl  ئەم شانۆنامەیە بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٦٤دا لەسەر شانۆی شیلەر لە شاری بەرلین پێشكەشدەكرێت، بەڵام ناوبانگی مارا- ساد، دوای ئەوەی، كە پیتەر بروک لە ساڵی ١٩٦٦دا، لەسەر شانۆی ئالدویك لە لەندەن پێشكەشی دەكات. نەمایشەکەی بروک هەموو سنوورەكان دەبڕێت و وەك یەكێك لە شانۆنامە زۆر گرینگەكانی سەدەی ڕابردوو ئاماژەی بۆ دەكرێت.

پیتەر بروک مارا- ساد دوای تاقیگە ئەرتۆییەكەی خۆی، وەك بەرئەنجامێكی ئەو پرۆژە یەك ساڵییە، پێشكەش دەكات. پیتەر بروک لە نەمایشەكەیدا، زۆر زیرەكانە مێتود و بۆچوونە ڕامیارییەكانی شانۆی برتۆڵد برێشت و شانۆ توندوتیژە فیزیكییەكەی ئارتۆ تێكەڵاو دەكات. بەڵام ڕەخنەگرەكان ئاماژەی ئەوەش دەكەن، كە مارا- ساد جگە لە برێشت و ئارتۆ كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆی تەكنیك و ستایلی نووسەری ئیتالی لویجی بیراندیللۆ ١٨٦٧ – ١٩٣٦ ی بەسەرەوەیە.

پیتەر ڤایس بەشێوازێكی تایبەت بەخۆی برێشت، ئارتۆ و بیراندیلۆ-یش تێكەڵاو دەكات، بەم تێكەڵاوكردنەیش ستایلێكی تر و شانۆیەكی سەراپاگیر و مۆدێرنی ڕامیاری لە مەودایەكی فراوانی مرۆڤایەتییەوە دەخولقێنێت‌. بۆ نموونە پیتەر ڤایس بۆ ئەم گەمە شانۆییە سێ‌ ڕۆڵی جیاوازی بەخشیوە بە ساد: ساد وەك ساد، سادی ڕیژیسۆر، سادی ئەكتەر و لە هەمان كاتدا هەر سادیش قسە لەسەر ڕووداوەكان دەكات. زمان و فۆرمی شانۆنامەكەیش زمانێكی جیاوازە: شیعر، پەخشان، گۆرانی، هونەری پانتۆمایم و زمانێكی تری ساكاری ژیانی ڕۆژانە تێكەڵاو دەكات.

پیتەر ڤایس لە زۆر بۆنە و نووسیندا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە ویستوویەتی هێزی دژ و جیاوازی برێشت و ئارتۆ، شانۆی داستانیی یان شانۆیەكی فێرگەیی و ڕامیاریی لەگەڵا شانۆیەكی فیزیكی و میتافیزیكی لە شانۆییەكەیدا كۆبكاتەوە، تا بەم پێكداچوونە زەمینەیەكی تری شانۆیی بخوڵقێنێت‌؛ جیاواز و لە هەمان كاتدا لێكچوو، لە هەردوو بنەما شانۆییەكانی برێشت و ئارتۆدا.

پیتەر ڤایس دوای مارا- ساد كۆمەڵێک‌ شانۆنامەی تری گرینگ دەنووسێت‌، بۆ نموونە لێپێچانەوە ١٩٦٤، مۆكینپۆرت ١٩٦٨، ترۆتسكی لە تاراوگە ١٩٧٠، پرۆسەیەكی نوێ‌١٩٨٢، هەروەها جگە لە شانۆنامەكانی كۆمەڵێک‌ ڕۆمان، لیریك و یاداشتامەی نووسیوە. یەكێك لە گرینگترین بەرهەمەكانی تری ئەم نووسەرە ڕۆمانی (بەربەرەكانیكردنی ئیستاتیكا) یە، ئەم بەرهەمەی لە قەوارەیەكی زیاد لە هەزار لاپەڕەدایە و بە سێ‌ بەش، وەك سێ‌ بەرگی جیاواز بڵاوی كردۆتەوە. ڕۆمانەكە بیۆگرافیای ژیانی خۆیەتی، تەكنیكی گێڕانەوە، گوتار، ڕیپۆرتاژی تێكەڵاو كردووە و بەشی یەكەمی بە زمانی ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٧٦دا و بەشی دووەم لە ساڵی ١٩٧٩دا و دوا بەشیشی لە ساڵی ١٩٨١دا هەر بە ئەڵمانی بڵاو كراوەتەوە. ئەم ڕۆمانە باسی كرێكارێكی گەنج دەكات، كە لە بەرلین لەگەڵ هاوڕێكانیدا دژی فاشییەت دەجەنگن، هاوکات ئەم گەنجە شۆڕشگێڕانە زۆر بە وردی دەخوێننەوە، مامەڵە لەگەڵ هونەر دەكەن و لە هەمان كاتدا وەك ئامرازێكی گرینگ بەكاری دەهێنن. سەرچاوە هونەرییەكان چاوگێكی گرنگی زانیاری و هێزێكی گەورەی ڕزگاركەریش دەبێت بۆ ئەم گەنجانە.

 

قۆناخی شەستەكان و شانۆیەكی ڕامیاری

شانۆی ئەوروپی لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا، لەژێر كاریگەری و لە ڕوانگەی دیدی (ئەنتۆنین ئارتۆ) و (برتۆڵد برێشت)ەوە بنیاتنراوە. لەسەر ئاستێكی گەورە و بەربڵاو هەموو گروپە شانۆییەكانی دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ كەوتوونەتە ژێر كاریگەری تیۆرە شانۆییەكانی ئەو دوو شانۆكارە داهێنەر و مەزنەوە. لە هەمان كاتدا، شانۆی ئەوروپی لە شەستەكاندا بە قۆناخێكی گرینگی هەوڵ و پرۆژە ئەزموونگەرییەكان دادەنرێت.

مارا- ساد لە هەردوو ڕووە سیاسی/ئەزموونگەرییەكەوە زۆر گونجاو بووە لەگەڵ ئەو تەوژمە سیاسی/ئەزموونگەرییەی قۆناخی شەستەكاندا. زوربەی هونەرمەند، نووسەر، ڕیژیسۆر، ڕۆژنامەنووس و تەنانەت ئەكتەرەكانیش چەپڕەو بوون و تەوژمێكی چەپ و سۆسیالیزم هەموو نەخشە و چالاكییە هونەری و ئەدەبییەكانی ئەو قۆناخە دەگرێتەوە.

ڕابوون و هەڵچوونی نەخۆشە شێتەكانی بیمارستانی چارنتنی شانۆنامەی مارا- ساد لە خۆپیشاندانی شۆڕشی قوتابیان و شەڕی سەر شەقامەكاندا ڕەنگ دەداتەوە. ساد دەبێتە نوێنەری نووسەرێكی مۆدێرن و ڕوویەكی ئاشكرای كەسی تاك و فەلسەفەی خودێتی. مارایش بانگەشەی كردارێكی توندوتیژ و بەزەبر دەكات: تەنها شۆڕشە، كە دەتوانێت جیهان بگۆڕێت.

پیتەر ڤایس خۆی لە ساڵی ١٩٦٥دا مانێڤێستێكی ئەدەبی و سیاسی بەناوی (دە خاڵی كاركردن لە جیهانێكی دابەشكراودا) بڵاو دەكاتەوە و لەم مانێڤێستەدا خۆی لە خانەی (مارا) دا دەبینێتەوە.

پیتەر ڤایس مارا- سادی وەك گفتوگۆیەكی دیالێكتیكی نووسیوە، وتووێژ سەبارەت بە شۆڕش، وەك دەروازە و ستراكتورێكی نوێی دەسەڵات، مارا بڕوای بە ڕابوون و شۆڕشێكی چەكداری، توندوتیژ و خوێناوی هەیە، بەڵام ساد بە پێچەوانەوە، كەسێكی شارستانییە و تاكڕەوانە بیردەكاتەوە. مارا- ساد هەموو كاتێك دەتوانرێت پێشكەش بكرێت و لەگەڵ هەموو كات، شوێن و سەردەمێك دەگونجێت‌: مەسەلە ئایدیۆلۆژی، دەسەڵات، مرۆڤ وەك مێگەلیزم و مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی تاك و تەنها جەمسەرە سەرەكییەكانی ئەم هاوكێشە هونەرییەن.

پیتەر ڤایس بڕوایەكی پتەوی بە سۆسیالیزم دەبێت و هەردەم وەك نووسەرێكی سۆسیالیستیش كاری كردووە. هەر لەم قۆناخەی ژیانی ئەدەبی و هونەریی خۆیدا، برەو بە چەمكی (شانۆی تۆماری) ئەدات، دەگەڕێتەوە سەر ڕاستییە مێژووییەكان، پڕۆتۆكۆڵی دادگاكان و ڕووداوە ڕاستەقینەكانی ژیان. لە ساڵی ١٩٦٨دا گوتارێكی گرینگیش بەناوی (هەندێک تێبینی سەبارەت بە شانۆی تۆماری) بڵاو دەكاتەوە. ئەم نوسەرە هەوڵیداوە بنەما تیۆریی، ڕامیاری و هونەرییەكانی سەبارەت بە ڕۆڵ و بنەما گرینگەكانی شانۆیەكی تۆماری ڕوونبكاتەوە. پیتەر ڤایس زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی بەكارهێنانی دیكۆمێنت و بەڵگەنامەكان بخاتە قاڵب و شێوازێكی دراماتیكی و پڕ لە كێشە و گیروگرفتەوە، لەم ڕووەوە دەڵێت: “من نامەوێت بۆ ئایندە یان بۆ ئەبەدییەت بنووسم. من دەمەوێت بۆ ئەم ڕۆژگارە بنووسم و لەپێناوی گۆڕانكارییەكانی ئەم ڕۆژەدا. گەر من ئەمڕۆ نەتوانم شتێك بە نووسینەكانم بەدیبهێنم، ئەوە هەموو پرۆسەی نووسین كارێكی بێهوودە و بێ‌ ئەنجامە.”

پیتەر ڤایس لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات وەك پاڵەوان ئاماژەی بۆ دەكرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لە ئەڵمانیای ڕۆژئاوا وەك شۆڕشگێڕێكی یاخی دەناسرێت. دوای نووسینی شانۆنامەی (ترۆتسكی لە تاراوگە)یش پێگە و پایەی هونەری و سیاسیشی لە ئەڵمانیای  ڕۆژهەڵات بە تەواوی دەگۆڕێت‌ و چیتر ئەو بەهایەی نامێنێت‌.

 

هونەری شانۆ لە دیدی پیتەر ڤایسەوە

پیتەر ڤایس هەمیشە بیری لە شانۆیەكی گەورە، نێونەتەوەیی و جیهانی كردۆتەوە. ئەم دید و بیرۆكەیە هەر لە سەرەتاكانی ژیانی هونەرییەوە لەگەڵیدا گەورە بووە. لە سییەكاندا تابلۆیەكی بەناوی (شانۆ گەورە جیهانییەكە)وە كێشاوە، ئەم تابلۆیە بۆ پیتەر ڤایس وەك خەونێك وابووە و هەمیشە بیری لێكردۆتەوە. مارا – سادیش هەنگاوێكی گرینگی بەدیهێنان و بەرجەستەكردنی ئەو خەونەیە. شانۆ لای پیتەر ڤایس هەمیشە پەیامێكی مرۆڤایەتی، ڕامیاری و هونەری هەبووە، شانۆ لای ئەو شتێک نەبووە باسی دەمەدەمێی ژیانی ڕۆژانەی خێزانە بۆرژوازی و مامناوەندییەكانی نێو ساڵۆنە ڕازاوەكان بکات. شانۆ ڕەنگدانەوەی ئازارەكانی مرۆڤ و ڕووداوە مێژووییەكانە، شانۆ باسی ململانێی چینایەتی و ئایدۆلۆژیا جیاوازەكان دەكات، كە لە ڕووداوی چاوەڕوانكراو و چاوەڕواننەكراودا ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

پیتەر ڤایس شاكارەكانی (دانتێ‌) و بەتایبەتی (كۆمیدیای خواوەندی) زۆر كاری تێكردووە و وەك پلاتفۆرمێكی گلوبالیزم ئاوڕی لێداوەتەوە، كۆمیدیای خواوەندی بۆ ڤایس بنەمایەكی گرینگ بووە بۆ گوزارشتكردن لە قەڵاچۆكردنی ڕەگەزی جولەكە، بەتایبەتیش لە كەمپەكانی (ئاوشویز) دا. دانتێ‌ و كۆمیدای خواوەندی بنەمایەكی گرینگی دامەزراندنی ئەو شانۆ گەورە جیهانییە بووە بۆ پیتەر ڤایس، کە خەونی پێوە دیووە. ئەم نووسەرە لە ساڵی ١٩٥٦دا یەكەم شانۆنامەكانی خۆی بەناوی (دەموچاوێك لە سێبەردا) دەنووسێت و تا دوا ڕۆژەكانی ژیانی سیازدە شانۆنامەی تری نووسیون: هیچ شتێك ئاسایی نییە ١٩٥٧، بەپێی یاسا ١٩٥٧، ستۆدیۆی ١-٥ لەنێوان ساڵانی ١٩٥٢- ١٩٥٥، گەلەری، ستۆدیۆی دكتۆر ڤاوست ١٩٥٦، سەراب ١٩٥٩، مارا – ساد ١٩٦٤، لێپێچانەوە ١٩٦٥، بەڕێز مۆكینپۆت ١٩٦٨، گۆرانی بۆ دەموچاوە تۆقێنەرەكە ١٩٦٧، ترۆتسكی لە تاراوگە ١٩٧٠، هۆڵدەرلین ١٩٧٢، پرۆسێسێكی نوێ‌١٩٨٢. بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژە پێكردنە ئەوەیە، كە هیچ شانۆنامەیەكی پیتەر ڤایس لەویتری ناچێت‌، هەموو شانۆنامەیەكیش لە شانۆنامەكانی ستایل و فۆرمی تایبەت لەخۆدەگرێت. بۆ نموونە لە لێپێچانەوەدا ١٩٦٥، كە لەسەر بەڵگەنامە و پرۆتۆكۆڵی دادگای ئاوشوێز ڕۆنراوە، وتووێژی شایەت و جەللادەكان، فۆرمێكی ڕیتم ئامێزی لیریكی دەخوڵقێنێت. لێپێچانەوە باسی قەڵاچۆكردنی جولەكەكان لەلایەن دامودەزگاكانی هیتلەرەوە، لەكاتی جەنگی دووەمی جیهانییدا، دەكات. لە شانۆنامەی گۆرانی بۆ دەموچاوە تۆقێنەرەكە ١٩٦٧، گوزارشت لە دەسەڵاتی كۆڵۆنیالیزمی پورتوگال لە بەشێك لە وڵاتە ئەفەریقاییەكاندا، دەكات. لەم شانۆنامەیەدا پیتەر ڤایس چەوسانەوە و سەركوتكردنی ئەفەریقاییەكان لەلایەن دەسەڵاتێكی ڕۆژئاوایی و سپی پێستەوە دەكاتە بنەمایەكی گرینگی ناوەڕۆكە فیكری و لە هەمان كاتدا سیاسییەكەی. ئەم شانۆنامەیە سەرەتایەكە بۆ ڕابوون و ڕاپەڕینەكانی گەلانی ئەفەریقا بەڕووی دەسەڵات و هێزی كۆڵۆنیالیزمی وڵاتی پورتوگالدا. دەقەکە بەشێوازێكی فێرگەیی، بەتایبەتی سەبارەت بە ستراكتوری چەمكی ئیمپریالیزم نووسراوە. هەر لەبەر ئەوەیشە، كە پیتەر ڤایس بە زمانێكی ساكار و ڕاستەوخۆ شانۆنامەكەی نووسیوە. بۆ نموونە نووسەر لەم شانۆنامەیەدا و وەك تەكنیكێكی جیاواز و گەڕانەوە بۆ شانۆی دێرینی گرێكی، كۆرس بەكاردەهێنێت‌، گۆرانی و ووتووێژی كۆرسەكەیش ڕێگا بۆ كەسایەتی ئەفەریقاییەكان خۆش دەكات تا بدوێن و هەڵوێستە بەرامبەر و لەسەر ڕووداوەكان وەربگرن. پیتەر ڤایس لەڕێگای بەكارهێنانێكی وورد و قووڵی كۆرس و گۆرانییەوە شانۆنامەكەی بەشێوەیەكی پتەو دەبەستێتەوە بە دابونەریتی گەلانی ئەفەریقاوە و جۆرە شانۆیەكی میللی/ ترادیشونی/ سیاسی، بەرجەستە دەكات.

مارا–سادیش كەرنەڤاڵێكی شێتانەی شانۆیەكی سەراپاگیرە، شانۆیەكە هەموو تەكنیك و ڕەنگە جیاوازەكان تێكەڵاوی یەكتری دەكات و ڕێگا بۆ شانۆ گەورە جیهانییەكەی دەكاتەوە.

پیتەر ڤایس شانۆنامەكانی لە جیهانێكدا نووسراون، كە ڕۆژهەڵات دژی ڕۆژئاوایە، ڕۆژئاوایش ڕووبەڕووی ڕۆژهەڵاتە و گوزارشت لە جیهانێكی دابەشكراو و لەتوپەتكراو دەكات.

 

پیتەر ڤایس و دابڕانی كولتووری

پیتەر ڤایس لە قۆناخی منداڵی، هەرزەكاری و گەورەییدا لەنێوان بەرلین، پراگ، لەندەن و سویسرادا، بەهەموو جیاوازییەكانی زمان، كولتوور و داب و نەریتەكانیانەوە ژیاوە و بۆ دواجاریش بە تەواوی لە وڵاتی سوێد و شاری ستۆكهۆڵم دەگیرسێتەوە. هەر لە ساڵی ١٩٣٤ەوە لەگەڵ ئەتمۆسفێر و زمانی نامۆ و جۆراوجۆردا ژیاوە، كە نازییەكانیش دەسەڵات دەگرنە دەست بە تەواوی زمانی دایكی دەشێوێنن، پیتەر ڤایس تووشی دابڕان، سەرلەنوێ‌ دابڕان، نامۆبوون و سەرلێشێواوییەكی زمانەوانی و ژینگە دەبێت. ئەو ڕۆژگارە وای لێدەكات، كە هەمیشە نامۆ بێت بەو زمانە جیاوازانە، هەرچەندە توانایەكی گەورەی بۆ فێربوون و بەكارهێنانی ئەو زمانانەی هەبووە، بەڵام لەگەڵ زمانی دایكی تووشی تەڵزگە و دابڕانی جۆراوجۆر بووە. هەر لەم ڕووەوە پیتەر ڤایس لەزۆر لە بەرهەمە ئەدەبییەكانیدا باسی بێدەنگی و كەسایەتی بێ‌ دوو و مرۆڤی لاڵمان بۆ بكات.

پەناهەندەیی و ڕاكردن لەزێدی خۆ و هەمیشە ڕووبەڕووبوونەوەی زمانی نوێ‌، هێدی هێدی وا دەكات، كە زمانی دایك لاواز بێت و دواتریش بمرێت، ئەو زمانە نوێیانەی، كە لە وێستگە لەدوا نەهاتووەكانی ژیانماندا فێری دەبین و لەسەر هەموو ئاستەكان بەكاری دەهێنین، هەرگیز ناگاتە ئەو ئاستەی، كە وەك زمانی دایك دەمانەوێت گوزارشتی پێبكەین، بەتایبەتی هەست و هۆشەكانمان. ئەمەیش وا دەكات، كە تۆ هەمیشە لە دەرەوەی كۆمەڵگا، زمان و كولتوورەكاندا خۆت ببینیتەوە.

ئەم حاڵەت و لە زمان دابڕانە وا لە پیتەر ڤایس دەكات، كە لە سەرەتای ژیانی هونەریدا، لەبری نووسین ڕووبكاتە هونەری وێنەكێشان. بەڵام لەم گێژاوەدا زمانی سوێدی دەدۆزێتەوە و دواتریش دەگەڕێتەوە سەر زمانی ئەڵمانی. پیتەر ڤایس دوای گەڕانەوەی بۆ سەر زمانی ئەڵمانی، سوێد بە جێ ناهێڵێت‌ و تا مردن لە ستۆكهۆڵم دەژی: دوو زمانی جیاواز ژیان و كار و بەرهەمەكانی ئەم نووسەرە پێكدەهێنێت‌، زمانی ئەڵمانی بۆ نووسین، سوێدیش بۆ هەڵسوكەوت و مامەڵەی ژیانی ڕۆژانە. هەرچەندە پیتەر ڤایس زمانێكی باشی سوێدی دەزانی، بەڵام هەرگیز ئەو زمانە باڵادەستە نەیتوانیوە لە زمانی دایك، زمانی ئەڵمانی تێپەڕێنێت‌.

 

مارا – ساد

” چەوسانەوە و كوشتنی (مارا) لەلایەن نەخۆشەكانی بیمارستانی (چارنتن) كە لەژێر چاودێری (ماركیز دی ساد) نەمایشكراوە” درێژترین ناونیشانی دەقێکی شانۆییە و دواتر بە مارا – ساد ناسراوە.

پیتەر ڤایس بۆ نووسینی ئەم شانۆگەرییە پشتی بەكۆمەڵێک‌ ڕووداو و حەقیقەتی مێژوویی بەستووە. هەروەها ئاوڕی لە كۆمەڵێک‌ بەڵگەنامە، ڕاپۆرت و كەرەستەی مێژوویی و باوەڕپێكراو داوەتەوە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەیشدا شانۆنامەكەی بەكارێكی مێژوویی، یاخود تۆماری لە قەڵەم نادرێت. شانۆی تۆماریش، وەك چەمكێكی گرینگ و تەوژمێكی شانۆی ڕامیاری، دوای ئەرڤین بسكاتۆر ١٨٩٣-١٩٦٦ لەسەر دەستی پیتەر ڤایسدا كۆمەڵێک‌ چەمك و سیمای تایبەت لەخۆ دەگرێت.

پیتەر ڤایس نەیویستووە تەنها ڕووداو و بەسەرهاتە توندوتیژ و ڕاستەقینەكانی مێژوو تۆمار بكات و بەشێوازێكی دیكۆمینتاری نەمایشیان بكات. بەڵكو لەڕاستیدا ویستویەتی جۆرێكی تایبەتمەند لە دراما بخوڵقێنێت‌، كە لەدوای ئەو ڕاستیانەوە نەخشەیەك بۆ بیری مرۆڤایەتی بكێشێت‌، بەڵگەنامە و ڕووداوە ڕاستەقینەكان لە بۆتەی چەند كێشەیەكدا بخوڵقێنێت‌ و دەسنیشانی چۆنیەتی كاركردنیشی بكات.

بەڵام مەسەلە توندوتیژەكان و بۆچوونە توندڕەوەكانی شۆڕشی میللەتان و گفتوگۆ ڕامیارییەكان نامۆ نەبووە بە بەرهەمە ئەدەبییەكانی لەوەوبەری پیتەر ڤایس. ئەم نووسەرە وەك لەمەوبەر ئاماژەمان بۆ كردووە، لەنێو ڕووداوە ڕامیاری و كێشە چینایەتییەكاندا گەورە بووە و هەمیشە لایەنگری چەوساوە و هەژارانی کردوە. مەسەلە توندوتیژەكانیش جێگای سەرنج و تێڕامانی بووە. ڕەخنەگری سوێدی سڤێن هیگۆ پارشۆن، لە كتێبەكەیدا (لە توندوتیژییەوە بۆ بەرهەڵستكارێكی ئێستاتیكی) سەبارەت بەم مەسەلەیە دەڵێت: “پیتەر ڤایس لە سەرەتای ژیانی نووسینیدا، زۆرجار چارەسەر و باسی ئەو مەسەلانەی كردووە، كە لە دەوری تەوەرەكانی توندوتیژیدا سوڕاوەتەوە، ئەمەیش خاڵێكی زۆر گرینگە، كە هەر لە سەرەتاوە نووسەری بەستۆتەوە بە مارا – سادەوە، لەوێدا مەسەلەكانی توندڕەویی مانایەكی دیاریان هەیە و ڕاستەوخۆ بەستراونەتەوە بە گفتوگۆ و بۆچوونەكانی مارا و سادەوە سەبارەت بە سروشت و مەرجەكانی مرۆڤ و مەسەلە ڕامیارییەكانەوە.” ئەم مەسەلانەیش، توندوتیژی، كێ‌ ڕاستە و كێ‌ هەڵەیە، چارەسەركردنی مێژوو و شانۆی تۆماری بەشێكن لە پرۆگرام و ڕیشاڵە گرینگەكانی تۆڕی شانۆنامەی مارا – ساد و بۆچوون و چارەسەرە ڕامیاری و هونەرییەكانی پیتەر ڤایس. پیتەر بروك سەبارەت بە شانۆنامەی مارا – ساد لە كتێبی (خاڵی گۆڕانكارییەكاندا) دەڵێت: “پیتەر ڤایس تەنها شانۆی سەراپاگیری بەكارناهێنێت‌، بەڵكوو ئەو بیرۆكەیەش بەكاردەهێنێت، كە هەموو توخمەكانی تەختە و ئەندازەی شانۆ لە خزمەتی شانۆییەكەدا بێت. هێزی شانۆنامەكەیش تەنها ناگەڕێتەوە بۆ بەكارهێنانی شێوازێكی جۆراوجۆر، بەڵكوو زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئەو قەیرانەی لە بەرەنجامی پێكداچوونی ئەو شێوازە دژانەدا ڕوودەدات. هەموو شتێك بەهۆی دژەكەیەوە لەجێگای خۆیدا دانراوە: جیددی لە ڕێگای كۆمیدییەوە، پایەبەرزەكان لە ڕێگای (میللیی) یەوە، ئەدەبی لە ڕێگای بازاڕییەوە، ڕۆشنبیری لە ڕێگای جەستەوە. ئەمانەیش بەهۆی وێنەكانی تەختەی شانۆوە ژیانیان دەكرێت بەرەدا”

 

ئاوڕدانەوەیەكی مێژوویی

 

شۆڕشی فەڕەنسی

شانۆنامەی مارا – ساد لە شۆڕشی فەڕەنسی دەدوێت و بۆ ئەم مەبەستەیش ڕووداوەكانی لە مێژووی فەڕەنسییەوە وەرگرتووە. پیتەر ڤایس، هەردوو کارەکتەری (ماركیز دی ساد) و (ژان پۆل مارا) ڕووبەڕووی یەكتری دەكاتەوە. ساد، وەك نووسەرێك و مرۆڤێكی نەخۆش بە سێكسە ناسازی (الشدود الجنسی)، خاوەن بیروڕا و فەلسەفەیەكی خودگەرای دیاریكراو و بانگەشەی فراوانبوونی دەسەڵاتی تاكەكەس دەكات، بەنیازی بەدیهێنانی سەرفرازی بۆ مرۆڤایەتی. مارایش ڕابەری شۆڕشی فەڕەنسی، بڕوای بە زەبروزەنگ و توندوتیژییە، چونكە هەر ئەو توندوتیژییە دەبێتە هۆی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و بەدەستهێنانی سەرفرازی.

ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش لای پیتەر ڤایس لە ترۆپكی ڕووداوە ڕاستەقینەكانی شۆڕشی فەڕەنسیدا بەرجەستە دەبێت، بەتایبەتی لە ساڵی ١٧٩٣دا، بە ماوەیەک بەر لە كوشتنی مارا بەدەستی (كۆردی). كۆردی لە یەكێك لە گوندە دوورەدەستەكانەوە هاتووە و خەون بە جیهانێكی درەوشاوەی ئاینییەوە دەبینێت‌ و بڕواشی وەهایە، كە بە كوشتنی مارا گەلی فەڕەنسا ڕزگار دەكات. بەڵام لەڕاستیدا مارا و ساد هەرگیز لەژیاندا ڕووبەڕووی یەكتری نەبوونەتەوە و یەكتریان نەبینیوە. بەڵكوو پیتەر ڤایس جەمسەرە واقیعییەكانی ژیانی ئەو دوو كارەكتەرە مێژووییەی لە پرۆسە و هاوكێشەیەكی هونەری بەرزدا بەیەك گەیاندووە و ڕووداوەكانیشی لەناو نەخۆشخانەی (چارنتن) دا ڕوو دەدات.

 

كەسایەتی مارا و ساد كێ‌ بوون؟

بۆ زیاتر تێگەیشتن لە بیرۆكە و هێڵە چڕ و دژوارەكانی ئەم شانۆنامەیە، زۆر بەكورتی تیشكی سەرنج دەخەینە سەر ڕەوتی ژیانی مارا و ساد و لە هەمان كاتدا كەسایەتی ڕاستەقینەی (كۆردی)یش ڕووندەكەینەوە.

 

مارا و شۆڕشی فەڕەنسی

ژان پۆڵا مارا شۆڕشگێڕێكی فەڕەنسایی بووە و لە ساڵی ١٧٤٣دا لە سویسرا لەدایكبووە. پزیشك و زانا بووە و زۆر بەكاری زانیاری و لێكۆڵینەوەی زانستە جۆراوجۆرەكانەوە خەریك بووە. پاشان ڕوودەكاتە بواری ڕامیاری و بۆ ئەو مەبەستە لە ساڵی ١٧٨٩دا ڕۆژنامەی (هاوڕێی گەل)ی دامەزراندووە و دژی ڕژێمی ئەوكاتەی فەڕەنسا وەستاوە. پاش ماوەیەكی كورت ڕۆژنامەكەی دادەخەن و ئەویش لەبری ئەوە بەنهێنی ڕۆژنامەكەی بڵاو دەكاتەوە، گوتارەكانی ڕۆڵێكی گەورە دەگێڕن لە هەڵایسانی شۆڕشی چواردەی تەمموزی ساڵی ١٧٨٩دا. دواتر لە ئەنجومەنی نیشتیمانی (پارلەمان)دا بە ئەندام هەڵبژێردراوە و سەركردایەتی پارتی (كوردلییە)ی كردووە. پاش ئەوە مارا تووشی نەخۆشی پێست بووە و پاشماوەی ژیانی لەناو حەوزی گەرماوێكدا بردۆتە سەر. دواتر هەر لەو حەوزەشدا و لە ساڵی ١٧٩٣دا، (شارلوت كۆردی) بە خەنجەر كوشتوویەتی.

 

ساد و سادیزم

كۆنت دۆنتیان ئولفۆس فرانسوا دی ساد لە ساڵی ١٧٤٠دا لەدایكبووە و لە ساڵی ١٨١٤دا كۆچی كردووە، سەربازێكی فەڕەنسایی و نووسەرێكی دیار بووە. زوربەی ژیانی بەداوێن پیسیی بردۆتە سەر و ئەمەیش لە ئەدەبەكەیدا ڕەنگیداوەتەوە. نووسینەكانی بەناوی (ماركیز دی ساد)ەوە بڵاو كردۆتەوە. بەهۆی ئەو ڕەوشتە نابەجێ‌ و چیرۆكە ئێرۆتیكی و ژیانە نائاساییەی خۆیەوە، بەتایبەتی لەڕووی ژیانی سێكسییەوە، وەك مرۆڤێكی سێكسەناساز، زوربەی ژیانی لە گرتووخانەی باستیل و نەخۆشخانە دەروونییەكاندا بەسەر بردووە. زاراوەی سادیزم Sadisme یش هەر دەگەڕێتەوە بۆ ماركیز دی ساد و نەخۆشییە دەروونی و سێكسییەكانی: ساد خۆشنوود بووە بە ئازاردانی خەڵكی، بەتایبەتی لەكاتی جووتبوون و پرۆسەی سێكسدا. هەروەها سادیزم لە فەرهەنگی زانستی دەروونی و پزیشكیدا وەك نەخۆشییەك و لادانێك لە ڕەوشتی مرۆڤ پێناسە دەكرێت.

ماركیز دی ساد لە چیرۆكەكانی (كوێرەوەری داوێن پاكی) و (گوڵی داوێن پیسیی)دا، كارەكتەرەكانی زۆر بە جەربەزەییەوە خستوونەتە ڕوو، بەتایبەتی بۆ دامركاندنەوەی ئارەزووەكانیان لەڕێگای ئازاردانی خەڵكییەوە. ئەم ڕەوشتە ناتەبایەش لەڕووی لێكدانەوەی دەروونییەوە بە (پاڵپێوەنەرێكی ڕوخێنەر) ناسراوە. هەر لێرەوە (ساد) بووە بە هێمایەك بۆ هەموو لادانێكی ڕەوشتی و سێكسە ناسازی، لە زانستی دەروونناسیشدا بەناوی ڕاستەقینەی سادەوە ناسرا بە (سادی – سادیزم)

 

شارلۆت كۆردی

شارلۆت كۆردی لە ساڵی ١٧٦٨دا لەدایكبووە، یەكێك بووە لە لایەنگرانی “گیرۆندییەكان”، ئەمانەیش گروپێك بوون لە كۆمارییەكانی فەڕەنسا. ناوەكەشیان دەگەڕێتەوە بۆ هەرێمی گیرۆند، كە لەساڵی ١٧٩١دا دروستبووە. مارا لە ئەنجومەنی نیشتیمانیدا دەریاندەكات و سەركردەكەشیان لەسێدارە دەدات. ئەم گیرۆندییانە هانی كۆردی دەدەن بۆ كوشتنی مارا، دوای ئەوەی مارا دەكوژێت، خۆیشی لەسێدارە دەدرێت.

 

پیتەر ڤایس و مارا – ساد

پیتەر ڤایس ئەم سی كەسایەتییەی لە مێژووەوە وەرگرتوون و لە شانۆنامەكەیدا بەشێوەیەكی زیندوو، ڕووبەڕووی یەكتری كردوونەتەوە. وەك فۆرم و شێوازی نووسینیش بۆ بەرجەستە و وەدەرخستنی ڕووداوەكان تەكنیكی (شانۆی ناو شانۆ) بەكاردەهێنێت‌. ئەم شێوازەیش چیرۆكنووسی جیهانی (بیراندیللۆ) بۆ یەكەمجار، بەشێوەیەكی فراوان لە شانۆنامە بەناوبانگەكەیدا (شەش ئەكتەر بەدوای نووسەرێكدا دەگەڕێن) وەك تەكنیكێكی نوێ‌ بەكاریهێناوە. پیتەر ڤایس لە چاوپێكەوتنێكدا لە ساڵی ١٩٧٩دا بەم شێوەیە چیرۆكی نووسین و داهێنانی شانۆنامەی مارا – ساد دەگێڕێتەوە: “پاییزی ساڵی ١٩٦٢، من و كوڕە دوانزە ساڵییەكەم میكایل، فیلمێكی فەڕەنسیمان بینی بەناوی Madame Sans Ge´ne.  ئەم فیلمە هانیداین مێژووی ئەو سەردەمە بخوێنمەوە، كە باسی ڕووداوەكانی فیلمەكەی دەكرد. لە كتێبێكی زۆر كۆندا بەناوی (شۆڕشی فەڕەنسی) چاپی ستۆكهۆڵم –١٨٩٩، وێنەیەكی مارامان لە حەوزێكی خۆشتندا بەرچاوكەوت. بەر لەم قۆناغە، لەسەردەمی خوێندنمدا مارا جێگای سەرنج و سەرسوڕمانم بوو، هەروەها هەر لەو قۆناغەیشدا، ڕادیۆیەكی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات، داوای لێكردبووم، كە زنجیرە گوتارێك سەبارەت بە شۆڕشی فەڕەنسی بنووسم، لەم ڕووەوە بیرم لەوە كردەوە، كە گەمەیەكی شانۆیی ئێزگەیی سەبارەت بە مارا و كۆردی بنووسم. بەڵام تەنها ئەو كوشتنە مێژووییە ئامانجەكەی منیان نەدەپێكا. ئەوەی جێگای باسە لە پەنجاكاندا من بەرهەمەكانی سادم خوێندبۆوە. جیاوازییەكانی ژیانی ئەم دوو كەسایەتییەش جێگای سەرنج بوون، بابەتەكە ئامادە بوو، بەڵام هێشتا بیرم لەو لایەنە لۆژیكییەی، كە ئەم دوو كارەكتەرە كۆبكاتەوە، نەكردبۆوە. ئەم مەسەلەیەیش درێژەی كێشا تا زستانی ساڵی ١٩٦٢/ ١٩٦٣، دوای گەڕان و پشكنینێكی قووڵ، لەكاتی گفتوگۆیەكدا لەگەڵا نووسەر و سادناس (ئەلیكساندەر كۆڤاڵا) لە بەرلین، ئەو بیرە دراماتیكییەم بۆ هات. دەگونجا گفتوگۆی مارا و ساد لە بیمارستانی (چارنتن)دا كۆبكەمەوە، ئەمەیش لە دەقێكی ناو دەقدا، كە بە بڕیارێكی بەڕێوەبەری بیمارستانەكە لەلایەن ماركیز دی سادێكی بەتەمەنەوە پێشكەش بكرێت. بەم شێوەیە دەكرێت دراماكە بنووسم.”

ماركیز دی ساد نەخۆشێكی بەندكراوی بیمارستانی (چارنتن)ە و هەستاوە بە نووسین و كاری ڕیژی و ڕاهێنانی ئەكتەرەكانی ئەو شانۆنامەیە، هەر لەم ڕووەوە شێتە بەندكراوەكانی چارنتن دەبنە ئەكتەر و بینەری ئەو گەمەیە. ماركیز دی ساد لەڕاستیدا بۆ نەخۆشەكانی ئەو بیمارستانە زۆر شانۆنامەی نووسیون و هەر لە ڕێگای ئەوانیشەوە نەمایشی كردوون. ماركیز دی ساد وەك مرۆڤێكی زرنگ و هوشیار، بەشێتیی خۆی جیهانێكی تایبەتی بۆ هاوڕێ‌ شێتەكانی خوڵقاندووە، بەمەیش هەر یەكێك لەو كەسایەتییە شێتانە، بەهەستی شێتیی خۆیان، خۆیان لە ناوەوەی خۆیاندا بەدیهێناوە.

 

بنەمای سێینەیەكی مێژوویی

پیتەر ڤایس لە دیدی پێوەندییەكی سێكوچكەییەوە بنەماكانی شانۆنامەی مارا – ساد پێكدەهێنێت‌. لەم پێوەندییە سێكوچكەییەدا چەندین هێڵ و داڕشتەی جیاوازی مێژوویی و خەیاڵا و فەنتازی تێكەڵاو دەكات، بەم تێكەڵاو بوونە، وەك پرۆسەیەكی فیكری و هونەری زنجیرەیەكی ئاڵۆزی دژ بەیەك و لە هەمان كاتدا پێكەوە لكاوی خوڵقاندووە.

لۆژیكی مارا دژ و جیاوازە لە سیستێم و لۆژیكی ساد؛ مارا لە ڕوانگەی چركەزەمەنێكی هەڵچووی ناو شۆڕشێكی دژوارەوە دێت، كە پابەندە بە ئایدۆلۆژیا و سیستێمێكی توندڕەوی سیاسییەوە. ئەو سیستێمە خوێناویی و توندوتیژە ئەڵتەرناتیڤی ئەو جیهانبینییەیە، كە مارا گەرەكیەتی. كەواتە گۆڕانكاری شتەكان لە ڕوانگەی بۆچوونێكی توندوتیژی شۆڕشگێڕانەوە نەبێت ناگاتە هیچ ئەنجامێك و دواجاریش هەموو تەقەلاكان لە سنورێكی پەراوێزكراودا دەمێنێتەوە. بەڵام ئەم لۆژیكە لەلای ساد لۆژیكێكی نائاراستەیە و لە هیچ چركەزەمەنێكدا نابێتە ئەڵتەرناتیڤێكی گونجاو، بەڵكوو بەپێچەوانەوە، خودی تاكە كەس لای ساد بونیاد و بنەما سەرەكییەكانە و لەدیدێكی فەلسەفیانەی تاكڕەوییەوە جیهانبینی شتەكان دەكات.

هاوكێشەیەكی لاسەنگە و كێشەیەكی دژوارە. لەلایەكی دیكەشەوە كۆردی لە دیدێكی ترەوە دەیەوێت لەپێناوی ڕزگاركردنی مرۆڤایەتیدا، كودەتایەكی ڕاستەوخۆ بەرپاكات، ئەو كودەتایەش بەكوشتنی مارا نەبێت ناگاتە هیچ ئەنجامێک.

پیتەر ڤایس ئەم سێ‌ كارەكتەرە ڕاستەقینە مێژووییە دەكاتە بنەما و ڕەوشێكی گرینگی هاوچەرخ و بەرجەستەی دیدێكی مۆدێرن و نوێ‌ و هونەرییان دەكات. بەمەیش مێژوو، واقیع و شانۆ دەكاتە ستراکتور و بنەمایەكی گرینگ و ئێستاتیكایەكی جیاوازی جیهانی شانۆ.