دیداری شۆرش خەفووری بۆ ڕۆژنامەی (هیچ)

لەگەڵ ئەوەیشدا، کە ڕاگەیاندنی کوردی زۆربەی کارەکانی خۆی بە هاوکاری هونەرمەندان ڕایی دەکات، بەڵام وەک دەزانی ئەم ڕاگەیاندنە، کەمترین بایەخ بە هونەرەکان دەدات، بە شێوەیەکی گشتی گرینگیدانی ڕاگەیاندنەکان بە هونەر، شێوازی تەفریحی تێنەپەڕاندووە. ئێوە وەک هونەرمەندێک و ڕەخنەگرێکی هونەری ئەم پشتگوێخستنەی هونەر و کولتوور لە ڕاگەیاندنەکان بۆچی دەگەڕێننەوە؟

ئەم کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پێکەوە بە ستراونەتەوە و پرۆسەیەکی ئاڵۆزیشە؛ پێش هەموو شتێک، ئێمە ڕاگەیاندنێکی پێشەیی و بڕواپێکراو و سەربەخۆمان نییە. هەندێک ڕاگەیاندنی سەربەخۆ هەن، بەڵام ئەوانیش سەربەخۆ نین و لەژێر کاریگەری و هەژموونی داوێکی جاڵجاڵۆکەییدان. بەشێکی زۆری ئەوانەی لەو بوارانەدا کار دەکەن، لە ڕۆڵ و بەهای هونەر ناگەن و هونەر بۆ ئەوان تەنها مەسەلەیەکی (تەفریجی)یە. هونەر بە هەموو لایەنەکانییەوە، چ لە لایەنە کۆمەڵایەتییەکەیەوە بێت یان لایەنە سیاسییەکە، ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕێت لە ستراکتوری کۆمەڵدا و ئامادەییەکی گرینگی هەیە. بەداخەوە لای ئێمە ئەم ڕۆڵەی نییە و ئەو هێزەیشی نەبووە ببێتە فاکتەرێکی جدی و کاریگەری خۆی هەبێت. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەربەخۆیی لە کاری هونەریدا. ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌ نه‌بوونی سه‌ربه‌ستی له‌ ئه‌ده‌ب و هونه‌ردا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سروشتی کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری، که‌ هه‌موو شتێك قبووڵ ناکات، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕوانگه‌ی ئاینییه‌وه‌، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتیش نه‌ك هه‌ر نه‌بووه‌ته‌ پاڵپشت بۆ گۆڕینی ئه‌م سرووشته‌، به‌ڵکوو ڕێگریشی کردووه‌، چونکه‌ ئه‌و له‌ چه‌قبه‌ستوویی هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا ده‌توانێ درێژه‌ به‌ ئاڕسته‌ حیزبییه‌که‌ی خۆی بدات. بۆیه‌، زۆربەی پرۆژە و کارە هونەرییەکان بە پارەی حزبەکان دەکرێن، که‌ له‌ ناوه‌ڕۆکه‌ هونه‌رییه‌که‌یان داشۆراون. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕاگەیاندنەکانیش هەر بە پارەی حیزبه‌کان ئیش ده‌که‌ن بۆیه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندانیش له‌خۆ بگرن، به‌ڵام، سه‌باره‌ت به‌ ئاڕاسته‌ حیزبییه‌که‌یان، ناتوانن په‌ره‌ به‌ هونه‌ر بده‌ن. لێره‌دا ده‌توانین بڵێین، دەسەڵات توانیویەتی دەستەمۆی هونەر و ئەدەبی کوردی بکات، بێگومان دەسەڵات گێل نییە و دەزانێت هونەر دەتوانێت چ ڕۆڵێک بگێڕێت، بەڵام ئەو خستویەتیە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئەمەیش تەنها لەبەر هۆکارێکی زۆر ساکار، چونکە لە هونەر و ئەدەب دەترسێت. تەنها هونەر و ئەدەبێکی ڕاستەقینە دەتوانێت بەڕەنگاری که‌موکووڕییه‌کانی دەسەڵات ببێتەوە. حزب و حکومەت چەندان کەناڵی تەلەفزیۆنییان دامەزراندووە، کە پارەیەکی بێشوماری تێدەچێت و پڕیان کردووە لە کارمەندی نەزان، هەر بۆ نموونە سەیری ئاستی زمانی کوردی نێو ڕاگەیاندنی کوردی بکە، بە ڕاستی کارەساتە. هاوکات هەر ئەم ڕاگەیاندنە کوردییە، کۆمەڵێک هونەرمەندی کڕیوە و کارەکان بەوان جێبەجێ دەکات و ئەوانیش بۆ بڕێک پارە، سەربەستی خۆیان و رۆحیی کارە هونەریەکانیشیان لە دەست داوە. هەر بۆ نموونە سەیرکە، ئەوە چەندان ساڵە کۆمەڵێ کەسی شارەزا و باش بە پارەیەکی باش ڕاوێژکاری وەزارەتی ڕۆشنبری بوون، بەڵام وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەموو وەزارەتەکان کۆڵەوارتر و نەخوێندەوارترە. هەر بۆ دووپاتکردنه‌وه‌ی ئەو قسانەی سەرەوەم، دەتوانین ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، کە چ دەسەڵات، وەکوو حوکمەت و چ حیزبەکان وەک حیزبی سیاسی، گەر بۆ چاوبەستیش بووبێت، هیچ پڕۆژەیەکی کولتووری یان سیاسەتێکی کولتوورییان نییە و نەشیان بووە، ئەمەیش کاریسەیەکی گەورەیە. هەموو کولتوور و سیاسەتی کولتووری ئێمە لە کردنەوەی زۆرترین کەناڵی تەلەفیزیۆن و سەتەلایتەکاندا، کە پارەیەکی زۆری تێ دەچێت، کۆبۆتەوە.

لە دوایی ڕاپەڕین ڕۆژنامەگەری پەرە دەسێنێت و تا ڕادەیەک فراوان دەبێت، ئەدەب و هونەر و بە گشتی کولتوور دەکرێنە پاشکۆ، لەنێو ئەم پاشکۆیەتەیشدا هونەری شانۆ، ڕەخنەی شانۆیی و کەمترین پێگەی دەبێت، هەڵبەت ئەمە تەنیا لە نەبوونی وتار و ڕەخنەی شانۆییدا نییە، بەڵکوو لە نەبوونی ڕاپۆرت و ڕیپۆرتاژ و هەواڵ و وەرگێڕانی چالاکییە جیهانییەکانیشدایە. پشتگوێ خستنی هونەر و کولتوور لە ڕۆژنامەگەری کوردی، لە ئەستۆی کێیە و کێن ئەوانەی لێی بەرپرسن؟

شانۆ هونەرێکی گشتگر و چڕە، ئەو ڕۆژنامەنووسەی لەسەر شانۆ دەنووسێت، دەبێت شتێک لە شانۆ، دەقی شانۆیی، ریژی و هونەری نواندن و مێژووی شانۆ بزانێت، ناڵێم پسپۆر بێت، بەڵام دەبێت شتێکی لێ بزانێت تا بزانێت چی دەنووسێت و بۆ کێی دەنووسێت.  ڕۆژنامەگەریش وەک هەموو بوارەکانی تر تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەموو ڕۆژنامەنووسێت نا توانێت و ناکرێت لە هەموو بوارەکاندا بنووسێت و راپۆرت بنێرێت و رێپۆرتاژ ئامادەکات. ڕۆژنامەگەریش دەبێت خانەکان دابەش بکات و کەسی پسپۆر لەم خانانەدا کار بکەن، بۆ نموونە ئەوەی لە بواری سیاسەت دەنووسێت ناکرێت بە هەمان شێوە لەسەر کاروباری کۆمەڵایەتی بنووسێت، ئەوەی لەسەر مەسەلەی ئافرەت دەنووسێت ناکرێت بێت و باسی بازاڕ بکات. بوارەکانی هونەریش بە هەمان شێوە، ئەوەی شارەزای بواری وێنەکێشانە ناکرێت بەهەمان شێوە لەسەر مۆسیک یان شانۆ بنووسێت، ناکرێت ئەمرۆ لەسەر وەرزش بنووسیت و سبەی رێپۆرتاژێکم لەسەر ئەدەب بۆ بنووسیت! ئەمەیش پرنسیپێکی ساکاری کاری رۆژنامەگەرییە و لە هەموو دونیادا پەیڕەوی دەکرێت. بەداخەوە ئەم تایبەتمەندێتییە لە بواری ڕۆژنامەگەری کوردیدا نییە و هیچ پرنسیپ و یاسا و موراڵێکی ڕۆژنامەگەری پەیڕەوی ناکرێت، ئەمەیش پشێوییەکی گەورەی دروست کردووە و رەوشێکی نەخوازیشی بۆ پیشەی ڕۆژنامەگەری کوردی هێناوەتە ئاراوە. ڕۆژنامەگەری پیشەیەکی هەستیار و سەختە و لێزانی و پرۆفیشنالیتێتی دەوێت. کەسانی هۆشیار و خاوەن ڕۆشنبیرییەکی گشتی و بەربڵاوی دەوێت، کە هەمیشە بزانێت چی ڕوودەدات و چی جێگای سەرنج و گرینگی پێدانە. زمانی ڕۆژنامە زمانێکی پاراو و ساکارە، کە ڕاستەوخۆ پەیامەکەی بە خوێنەرەکانی دەگەیەنێت، بەداخەوە زمانی ڕۆژنامە و گۆڤارەکانیشمان کۆڵەوارە و خەریکە زمانێکی پڕ لە هەڵە و ناخۆش دەبێتە زمانی فەرمی هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و کەسێکیش نییە بڵی، بۆ وا لەو زمانە دەکەن! لە سەرەتاوە حزبەکان ئەم ئاوەیان ڕشت و دواتریش حوکومەت هیچ گرینگییەکی بەم بوارە نەداوە، لە بری ئەوە هەموو بەربوونەتە گیانی هەلاهەلای ئەم وڵاتە، ئەمەیش ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە ئێمە میللەتێکین هیچ گیانێکی وڵاتپه‌روه‌ریمان تیا نییە و هیچ کەسێک دڵسۆز نییە بۆ ئەم وڵاتە. بەداخەوە!؟ کە ڕۆژنامەکان و دەستگاکانی ڕاگەیاندن پڕبن لە خەڵکی نەخوێندەوار، ئیتر تۆ داوای چی لێدەکەیت و چ گرینگییەک بدەن بە کولتوور و هونەر، سەرەتا دەبێت ئەوان فێری بنەما سەرەتاییەکانی ڕۆژنامەگەری بکرێن و زمانی کوردی فێربن.

کەم نین ئەو دەقە شانۆییە زیندوانەی، کە بەبێ نەمایشکردنیشیان پڕ خوێنەرترین دەق و پڕ فرۆشترین کتێبن لە رۆژئاوادا و زۆرترین خوێندنەوە و ڕەخنەییان لە بارەوە نووسراون، ئایا کە (دانا ڕەئووف) چاو بە چاپەمەنییەکاندا دەخشێنێت، هەست بە بۆشایی گەورە ناکات لە وەرگێڕانی ئەو دەقانەدا؟

وەرگێڕانی دەقی شانۆیی بۆتە کولتوور و بە بەردەوامی دەقی کلاسیکی و مۆدێرن و تازەکانیش وەردەگێردرێن، زۆربەی دەقە کلاسیکییەکان هەر بە چەند ساڵ جارێک سەرلەنوێ وەردەگێردرێنەوە، چونکە زمانی وڵاتان هەمیشە لە گەشە دایە و زمانی شانۆیش تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەمیشە دەبێت لەگەڵ زمانی سەردەمدا بگونجێت. ئەو دەقانە چاپ بکرێن و چاپ نەکرێن نەمایش دەکرێن، زۆرجار شانۆکان دەقەکە چاپ دەکەن و لە کاتی نەمایشەکەدا دەفرۆشرێت. من هەوڵێکم بەم ئاراستەیەدا داوە و تا دەزگای ئاراس هەبوو، بەسایەی سەری حزبیشەوە ئەو دەزگایەش نەما و وەک هەر دووکانێکی عەتاری حزب دایخست، شەست و حەوت ژمارەمان لە دەقی شانۆی جیهانی و لە زمانی یەکەمەوە کردووە بە کوردی و چاپ و بڵاو کراونەتەوە. دەقی شانۆیی یەکەم ژانرەکانی ئەدەبی جیهانییە و هێندەی شارستانییەتی ئەوروپا دێرینە و لە سەرەتاکانی یۆنانەوە دەقی شانۆیی هەبووە و نووسراوە، هەموو شانۆی ئەوروپیش لەسەر ئەو دەقانە ڕۆنراوە و تا ئێستایش نەمایش دەکرێن و خوێندنەوەی تازەیان بۆ دەکرێت، لەبەر ئەوە لای نەوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەوروپا گرینگی خۆی هەیە. باوەڕیش ناکەم ئەو بۆشاوییە گەورە و فەرامۆشکراوەی دەقی شانۆی جیهانی، کە لای ئێمە هەیە، وا زوو پڕ بکرێتەوە. بێگومان کۆلێژ و پەیمانگاکانی هونەریش ڕۆڵێکی ئەوتۆیان نەبووە، تەنانەت قوتابییەکانیشیان فێری گەڕان و خوێندنەوەی دەقی شانۆیی بکەن، کە دەبوایە ئەوان ڕۆڵێکی زۆریان لە وەرگێڕان و بڵاو کردنەوە و نەمایشکردنی دەقە جیهانییەکاندا هەبووایە. زۆر سەیرە، هیچ شتێک لە کوردستان ڕێچکەی خۆی نەگرتووە و هەموو شتێک بەرەو دواوە و خراپتر و خراپتر دەڕوات.

با قووڵتر بڕوانین، ئەویش بەوەی میللەتێک گیرۆدەی سیاسەت بێت و خۆی دوور بگرێت لە هونەر و بە تایبەتیش شانۆ، ئەشێت بەرەو کوێ بڕوات، بە تایبەتی دەبینین، کە ڕاگەیاندن و میدیا تەواو زوومەکەی خۆی لە شانۆ وەرگێڕاوە یان باشترە بڵێن هەر ڕووی تێنەکردووە؟

شانۆ هەر لەسەرەتاوە لەسەر ستراکتورێکی سیاسی رۆنراوە و هەمیشە سیاسەت ڕۆڵێکی گرینگ و فاکتەرێکی سەرەکی بووە، بۆ نموونە لای گرێکەکان، دواتر لە شارستانییەتی ڕۆما، چاخەکانی ناوەڕاست، ڕێنسانس… هتد شانۆ ئامڕازێکی بەهێز و پڕ وزە بووە و ڕۆڵێکی هەمیشە ئەکتیڤی دیوە. کە ئیمپراتۆرییەتی فارس هێرش دەکاتە سەر یۆنان، ئێسخلیۆس بە شانۆنامەی (فارسەکان) گوزارشت لەو شەڕە دەکات و شانۆنامەکەیش چەندە دەقێکی سیاسییە، هێندەیش بونیادێکی کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و دینی هەیە، دواتر سۆفۆکلیس لە (ئەنتیگۆنا)دا چەمکەکانی دەسەڵات و کێشە و ململانێکانی ئینسانی تاک و دەسەڵات دەخاتە ڕوو. بەشێکی زۆری کۆمیدیاکانی ئەریستۆڤانیس ڕەخنەی سیاسیین، ئۆدیبی سینیکا لە ڕۆما لە بنەماکانی سیاسەتێکی ڕەهاوە لە دەسەڵات دەکۆڵێتەوە، شەکسپیر شانۆیەکی سیاسیی گەیاندە ئاستێکی بەرز، ئەوە لای پیسکاتۆر و برێشت شانۆ بووە ئامڕازێکی گرینگ بۆ سیاسەت و گۆرینی مرۆڤ و کۆمەڵ. نموونەی شانۆیەکی سیاسی و پێکەی چەمکەکانی مەسەلە سیاسییەکان ئێجگار زۆرن، ئەمەیش شتێکی سەیر نییە، چونکە شانۆ هەمیشە هاوکێشە و پرۆسەیەکی سیاسی بووە. بەڵام بێگومان نە سیاسەتەکەی ئێمە سیاسەتە و نە هونەرێکی سیاسیشمان هەیە. لێرە سیاسه‌تکردن مانای بوون بە کلک و خۆهەڵواسین و پاشکۆیەتی، لە نزمترین ئاستەکانیدا دەگەیەنێت. شانۆ لەم جۆرە پشێوی و ئەتمۆسفێرە نادروسته‌دا هیچ بەهایەکی نامێنێت و دەبێت بە ئامڕازێکی هەرزان و هەموو بنەماکانی خۆی لەدەست دەدات و ئەوەی دەیکات تەنها بۆ ڕازیکردنی گەورەکانییەتی. بێگومان ئەگەر ئەم ڕایە بەسەر هەموو هەوڵەکانی ئەمرۆی شانۆی کوردیدا بسەلمێنین، ئەوە ناحەقییەکی گەورەمان بەرامبەر کۆمەڵە گەنجێکی زۆر کردووە، کە بەسکی برسی و گیرفانی بەتاڵ شەر لەگەڵ ڕۆژگار و دەسەڵات و میدیای حیزب دەکەن و بەردەوامن. میدیاکانیش ئەم هەوڵانە پشتگوێ دەخەن و هەر بەدوای بەرپرس و هەندێک لە هونەرمەندانی حیزبەوەن. ئەمەیش ئەنجامێکی باشی نابێت و هەموو کۆمەڵ و دامودەزگاکانمان بە ئاقارێکی چەوت و خراپدا دەڕۆن.