دیداری: شەهێن سابیر له‌گه‌ڵ دانا ڕه‌ئووف
• ده‌مانه‌وێت سه‌ره‌تای گفتوگۆکه‌مان له‌سه‌ر ( تیپی شانۆی ئه‌زمونگه‌ری) له کوردستان ده‌ستپێبکه‌ین، ئێوه وه‌ک ئه‌ندامێکی کارای ئه‌و تیپه، له‌سه‌ر چۆنییه‌تی دروستبوونی، شێوازی کارکردنی، هه‌روه‌ها ئه‌و جیاوازییه‌ی که له‌و قۆناغه‌ی بزوتنه‌وه‌ی شانۆی کوردی‌دا دروستیکرد، بۆمان بدوێ؟
_ ئێمه کۆمه‌ڵێک گه‌نج بووین له سه‌رده‌مێکدا خه‌ونمان ده‌دی که هیچ تروسکه‌یه‌کی خۆشی له‌هیچ کونێکه‌وه به‌دی نه‌ده‌کرا، ئێمه له سه‌رده‌مێکدا هیوامان به دواڕۆژ هه‌بوو که هه‌موو هیوابڕاوبووین. شانۆ یه‌کێک بوو له‌و گۆڕه‌پانانه‌ی ئه‌و هیوایه‌ی به ئێمه و به بینه‌ره‌کانی ده‌به‌خشی، خه‌ونه‌کانمان تیا ده‌هاته دی و به‌سه‌ر سنوره‌کاندا بازمان ده‌دا و له زه‌مه‌نی کولێرادا یاریمان به چاره‌نووسی خۆمان ده‌کرد.
ئێمه له زه‌مه‌نی جه‌نگدا ده‌ژیاین، به‌ڵام (مارا_ ساد) مان نه‌مایش ده‌کرد، له سه‌ربازی و جه‌نگ هه‌ڵهاتبووین و (باخچه‌ی ئاژه‌ڵان) مان پێشکه‌ش ده‌کرد و باسی دامه‌زراندنی شانۆیه‌کی کوردی و ڕه‌سه‌نمان ده‌کرد. ئه‌و ته‌قه‌لایانه ته‌نها بۆ شانۆ نه‌بوون، به‌ڵکو به‌رده‌وامی ژیان و پێداگرتن بوو له خودی خۆمان و له پێناسی نه‌ته‌وه‌یی و ڕۆشنبیریمان.
من و که‌ریمی جوانه‌مه‌رگ و شه‌ماڵ ئه‌ندامی تیپی نواندنی سلێمانی بووین، ئه‌و تیپه و له‌و ڕۆژگاره‌دا خه‌ونه‌کانی ئێمه‌ی نه‌ده‌هێنایه‌دی، ئێمه ده‌مانویست خۆمان بڕیار بده‌ین و شانۆ هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو بچینه سه‌ر شانۆی چالاکی قوتابخانه‌کان یان ئاماده‌یی سلێمانی و نه‌مایشێکی شانۆیی پێشکه‌ش بکه‌ین، شانۆ چاره‌نووس بوو، چ له ڕووه فیکری و چ له ڕووه هونه‌رییه‌که‌یه‌وه، چیتر ئه‌و شێوازه‌ی شانۆی پێده‌کرا خواست و دیدی ئێمه‌ی به‌رجه‌سته نه‌ده‌کرد. له‌بیرمه، شه‌ماڵ له به‌غدا بوو، وا بزانم من به ته‌نها و به خواستی خۆم نامه‌یه‌کی ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ی ئه‌ندامێتی هه‌رسێکمانم، مه‌به‌ستم (من و که‌ریم و شه‌ماڵ) ه، پێشکه‌ش به تیپی نواندنی سلێمانی کرد. کاک جیهاد دڵپاک وه‌ک هاوڕێیه‌کی ئێمه کاردانه‌وه‌یه‌کی پۆزه‌تیفی هه‌بوو، ده‌یویست بگه‌ڕێینه‌وه بۆ تیپ و ئه‌ویش هه‌وڵی جێبه‌جێکردنی خواسته‌کانمان بدات. به‌ڵام خواسته‌کانی ئێمه ته‌نها ڕێپورتوار و پێشکه‌شکردنی نه‌مایشی شانۆیی و لابردنی (تاوڵه‌که‌ی) تیپ نه‌بوو، ئێمه ستروکتورێکی ترمان بۆ بیرۆکه‌ی شانۆ، بۆ فۆرم و هه‌موو پێکهێنه‌ره‌کانی تری شانۆ هه‌بوو، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش چ له ڕووی تیۆری و چ له ڕووی پراکتیکییه‌وه کارمان ده‌کرد و چالاک بووین، ئه‌و خه‌ون و دیده مه‌سه‌له‌یه‌کی مه‌بده‌ئی، فیکری و هونه‌ری بوون.
ئێمه شه‌و و ڕۆژ کارمان ده‌کرد، مه‌شقی هونه‌ری، نووسینی شانۆیی، وتاری ڕه‌خنه‌یی و تیۆره‌کردنی بیر و بۆچوونه‌کانمان و له‌هه‌مانکاتدا نه‌مایشی شانۆییمان پێشکه‌ش ده‌کرد. به‌ر له دامه‌زراندنی تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری، زه‌مینه‌خۆشکردنێکی پته‌ومان کرد، غۆرێلامان پێشکه‌شکرد، دوای ئه‌وه تیپمان دامه‌زراند و به‌خچه‌ی ئاژه‌ڵانمان پێشکه‌ش کرد.
ئه‌وه‌ی جووڵانه‌وه هونه‌رییه‌که‌ی ئێمه‌ی له ڕه‌وتی شانۆی کوردی، به‌تایبه‌تی به‌ر له ئێمه‌ی جیاده‌کرده‌وه ئه‌وه بوو که ئێمه ته‌نها شانۆمان نه‌ده‌کرد، به‌ڵکو نه‌مایشه‌کانمان گفتوگۆی چڕ، قووڵ و هه‌مه‌لایه‌نی دروست ده‌کرد، نه‌ک تیه‌نها له سلێمانی، به‌ڵکو به‌غداشی گرتبۆ‌وه و هه‌ر ئێمه‌ش بۆ یه‌که‌مجار نه‌مایشه‌کانمان له ده‌ره‌وه‌ی سلێمانیش پێشکه‌ش ده‌کرد، غۆرێلا له هه‌ولێر، سێیه‌م ڕۆژی چاوه‌ڕوانی گۆدۆ له که‌رکوک و به‌غدا …. هتد.
له‌و سه‌رده‌مه‌دا تیپه شانۆییه‌کان پێگه‌ی تایبه‌تییان هه‌بوو، هه‌روه‌ها زۆر چالاک بوون، که ئێمه له تیپی نواندی سلێمانی جیابووینه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌بوو ئه‌و تیپه چالاکییان نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه تیپی نواندی سلێمانی یه‌کێک بوو له تیپه چالاکه‌کانی کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانویست، ئه‌وه‌ی ئێمه کارمان تیاده‌کرد و ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌وڵمان بۆ ئه‌دا له‌لای تیپی نواندی سلێمانی ده‌ست نه‌ده‌که‌وت.
تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری به‌رگه‌ی دژایه‌تی و به‌رهه‌ڵستییه‌کانی گرت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌زموونێکی جدی و هه‌مه‌لایه‌ن و سه‌راپاگیر بوو. یه‌که‌م پروپاگه‌نده‌کان که دژی ئه‌م تیپه ده‌کرا ئه‌وه بوو که ئێمه کۆپی مامۆستاکانی ئامۆژگا و ئه‌کادیمیای هونه‌ره جوانه‌کانی به‌غدا ئه‌که‌ین، له‌دوای کاری دووه‌م و سێیه‌مه‌وه چیتر که‌س به‌و ئاوازه گۆرانی نه‌ده‌وت، به‌رده‌وامی و پێداگرتن ئه‌فسونی سه‌رکه‌وتنی ئيمه بوو، نه‌فه‌س درێژی و له‌هه‌مانکاتدا یه‌ک ڕیزی گروپه‌که‌مان و ئه‌و بینه‌ره زۆره‌شی که له کاره‌کانمان کۆده‌بوونه‌وه زیاتر متمانه‌ی پێبه‌خشین.
جیاوازی فۆرم و شێوازه‌کانی کاره‌کانمان دووپاتی ئه‌وه‌ی کرده‌وه که شانۆیه‌کی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن دید به لاساییکردنه‌وه دروست نابێت. شانۆی (ژوور) له چیرۆکی باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا ئه‌زموونێکی نوێ بوو بۆ شانۆی کوردی، باخچه‌ی ئاژه‌ڵان له ژوورێکی بچووکی نهۆمی سێی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد که باره‌گای تیپه‌که‌شمان بوو پێشکه‌شکرا، به‌کارهێنانی ئه‌و پانتاییه ئێجگار فراوانه‌ی هۆڵی خواره‌وه‌ی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد و به‌رته‌سککردنه‌وه‌ی جوگرافیای بینه‌ران له مارا_ ساد دا که‌رنه‌ڤاڵێکی شانۆیی تر بوو بۆ ئه‌وکاته‌ی ڕه‌وت و بزووتنه‌وه‌ی شانۆی کوردی.
ئه‌وه‌ی گرنگه که لێره‌دا دووپاتی بکه‌مه‌وه، ئه‌وه‌یه که ئه‌کته‌ر بۆ یه‌که‌مجار له کاره‌کانی ئێمه‌دا، له غۆرێلادا، له مارا_ ساد و له چیرۆکی باخچه‌ی ئاژه‌ڵاندا جه‌سته‌ی خۆی به شێوه‌یه‌کی زیندوو به‌کارهێناوه، جه‌سته بووه زه‌مه‌نێکی فیزیکی و ئاراسته واقیعییه‌کانی شانۆی تێکشکاند، جه‌سته ته‌نها سمبوڵ نه‌بوو، به‌ڵکو جه‌سته بووه وێنه، بووه میتافۆرێکی ئێستاتیکی و توانی کۆده‌کانی شانۆ به شێوه‌یه‌کی تر و جیاواز به‌کاربهێنێت.
(که‌ریم عوسمان) که وزه‌یه‌کی گه‌وره‌ی (ده‌نگی) هه‌بوو، ئه‌و ده‌نگه قووڵه زوڵاله‌ی بووه به‌شێک له جه‌سته‌یه‌کی بزۆز که سه‌رله‌نوێ، یان ڕاستتر ئه‌وه‌یه بڵێم که بۆ یه‌که‌مجار وه‌ک کیشوه‌رێکی تازه دۆزییه‌وه. که‌ریم عوسمان له سه‌ره‌تادا له غۆرێلا و دواتریش له چیرۆکی باخچه‌ی ئاژه‌ڵان و مارا_ ساد دا جه‌سته‌ی خۆی کردبووه بوکه‌ڵه‌یه‌کی زیندوو، له یانکه‌وه بۆ مارا ڕووبه‌ڕووبوو‌نه‌وه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی خودی خۆی بوو له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یدا.
ئه‌مه‌ش دۆزینه‌وه‌یه‌کی گه‌وره بوو، په‌رده‌هه‌ڵماڵینێکی به‌هێز بوو که هه‌موو شانۆی کوردی ناچاری هه‌ڵوێسته و تێڕامان کرد له‌و شانۆیه‌ی که چه‌ندین ساڵ بوو کارمان تیا ده‌کرد.
• دانا ڕه‌ووف سه‌ره‌تا وه‌ک ئه‌کته‌ر له شانۆی کوردی‌دا ده‌رکه‌وت، به‌ڵام دواتر هه‌وڵه‌کانت به‌رفراوانتر ده‌که‌یت و وه‌ک ” ئه‌کته‌ر، ده‌رهێنه‌ر، ڕه‌خنه‌گر ” کارده‌که‌یت، ئه‌و کاریگه‌رییانه چی بوون که له‌دوای سه‌فه‌رکردنت بۆ ده‌ره‌وه هه‌وڵه‌کانتی به‌م ئاراسته‌یه‌دا برد و وایکرد به‌م شێوه فراوانه کاربکه‌یت؟
_ له قۆناخه‌کانی سه‌ره‌تای خوێندن له په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌کان، به تێروته‌سه‌لی کتێبی (هونه‌ری شیعر) ه‌که‌ی ئه‌ریستۆمان خوێند، ئه‌و کتێبه چه‌ندین پرسیاری گرنگی له‌لای من وروژاند، بۆ نموونه پێداویستی زه‌مینه‌یه‌کی تیۆری بۆ شانۆ، بنه‌ماکانی نووسینی شانۆنامه و دیدیکی ڕه‌خنه‌گرانه‌شی له‌لا دروستکردم. هه‌ر ئه‌و کتێبه دراماتۆرگییه ستر‌کتوری هه‌موو شانۆی ئه‌وروپی داڕشتووه و شانۆی ئه‌وروپی له‌سه‌ر ئه‌و کتێبه ڕۆنراوه، ئه‌مه‌ش هێزێکی فیکری ده‌به‌خشێته چه‌مکی شانۆ، فه‌لسه‌فه‌ی تراژیدیا، له ڕووی مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووس و پاکژبوونه‌وه و په‌یوه‌ندی ده‌سه‌ڵات، خواوه‌ند و مرۆڤی تاک و میلله‌ته‌وه. بێگومان ڕۆڵی شانۆ و پێگه‌ی شانۆش چ له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تی و چ له ڕووی سیاسییه‌وه. ئه‌م پرسانه و (هونه‌ری شێعر) وایان له من کرد شانۆ له ده‌روازه‌یه‌کی زیاتر سه‌راپاگیر و له مه‌ودایه‌کی فراوانتره‌وه ببینم.
خوێندنه‌وه‌یه‌کی به‌رده‌وام و ئه‌زموونێکی زیاتر له بیست ساڵه‌ی شانۆش ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی بۆ خوڵقاندم که زیاتر په‌ل بهاوم و له تاراوگه‌ش زمانێکی تر فێربووم، له چاوگه‌کانی شانۆ نزیک بوومه‌وه و مامه‌ڵه‌م له‌گه‌ڵ شانۆش چووه بوارێکی تره‌وه.
لێکنزیکبوونه‌وه و به‌رکه‌وتنی کلتوره‌کانی تر و کارکردن له‌سه‌ر ئاسته جیاوازه‌کان، چ له‌گه‌ڵ گروپه سه‌ربه‌سته‌کان یان له‌سه‌ر شانۆ گه‌وره‌کانی ده‌وڵه‌تدا، وه‌ک شانۆی پادشایه‌تی و شانۆی گه‌ل ڕووبه‌ڕووی حه‌قیقه‌تێکی تریان کردمه‌وه.
له سوێدیش هه‌روه‌ک ئه‌کته‌ر ده‌ستم پێ‌کرد، به‌ڵام خێرا که‌وتمه ده‌رهێنانی شانۆیی و ئه‌و تیپه‌شی که خۆم ده‌ستپێشکه‌ریم کردبوو له دامه‌زراندنیدا، وه‌ک ریژیسۆر کارم بۆ ده‌کرد.
ئه‌زموونه کاره‌کانی کوردستان ئه‌و هۆشمه‌ندییه‌یان له‌لا دروستکردبووم که له تاراوگه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌وه به جۆرێکی تر کاربکه‌م، بۆ نموونه که شانۆنامه‌ی (به‌ره‌و دیمه‌شق) ی ستریندبێریم له ڤارگۆنی شه‌مه‌نده‌فه‌رێکدا پێشکه‌ش کرد، بۆ شانۆی سوێدیش نوێ بوو.
من هه‌ر له کوردستان ڕه‌خنه‌ی شانۆییم ده‌نووسی و زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌کانی خۆشمان هه‌ر من وتاری ڕه‌خنه‌ییم له‌سه‌ر ده‌نووسین. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بۆ زه‌مینه خۆشکردنی تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری کۆمه‌ڵێ وتاری ڕه‌خنه‌یی، تیۆری و ئاوڕدانه‌وه له ته‌کنیکی کاری ریژیسۆره‌کانی شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیم نووسی بوو، هه‌ندێک له‌و نووسینانه دواتر له کاره‌کانماندا، ڕه‌نگیان دابووه‌وه. بۆ من شانۆ یه‌که‌یه‌کی کرده‌یی، ئێستاتیکی، تیۆری، فیکرییه و ده‌مه‌وێت به‌ناو ئه‌م ژانرانه‌دا بگه‌ڕێم و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌م ده‌ست بکه‌وێت که هه‌میشه به‌دوایاندا ده‌گه‌ڕێم. گه‌ر وه‌ک ئه‌کته‌ر کاربکه‌م، ئه‌وه منی ریژیسۆر و ڕه‌خنه‌گر له‌پشت خۆئاماده‌کردنه‌کانمه‌وه‌یه، له‌سه‌ر شانۆ له‌گه‌ڵمدایه و به هه‌ستکردنێکی زیاتره‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ رۆڵه‌که‌م ده‌که‌م، به‌هه‌مان شێوه که وه‌ک ریژیسۆر له‌گه‌ڵ شانۆنامه‌یه‌کدا کار ده‌که‌م، منی ئه‌کته‌ر و ڕه‌خنه‌گر ڕێپیشانده‌رمه و که وتاری ڕه‌خنه‌یی و تیۆریش ده‌نووسم، بێگومان منی ئه‌کته‌ر و منی ریژیسۆر، له ڕووه کرده‌یی و پراکتیکییه‌که‌وه زیاتر نزیکم ده‌خاته‌وه له پرۆسێسی کرده‌ی شانۆوه.
نووسینی ئه‌و که‌سانه‌ی خۆیان له‌بواری شانۆدا کاریان کردووه، چ وه‌ک ئه‌کته‌ر یان ریژیسۆر، له که‌سێکی ئه‌کادیمی زیاتر نزیکه له رۆحی شانۆوه، زیاتر په‌ی به پرۆسێسه‌که ده‌به‌ن و ئاسانتر ده‌توانن کۆده‌کان شیبکه‌نه‌وه، ساکارتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شانۆ ده‌که‌ن و نووسینه‌کانیان ته‌نها وشه ڕیزکردن نابێت، یان شیکردنه‌وه‌ی فیکری و فه‌لسه‌فی قووڵ و گران. من هه‌وڵمداوه ئه‌و پارسه‌نگه له نووسینه‌کانمدا بدۆزمه‌وه، لایه‌نه کرده‌ییه‌که، ئه‌کته‌ر و دیدی ریژی له‌گه‌ڵ تیۆر و بنه‌ما فیکری و ئه‌کادیمییه‌کاندا یه‌کانگیر بکه‌م و هیچ لایه‌کیان فه‌رامۆش نه‌که‌م.
ئه‌م رۆحییه‌تی نووسینه له کتێبی (پیته‌ر بروک له شانۆی هاوچه‌رخی جیهانیدا) و (شانۆی سوێدی) دا زیاتر ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش ئاسان نییه و هیوادارم بتوانم له ئاینده‌دا زیاتر له لایه‌نه پراکتیکییه‌کان و لایه‌نه ئه‌کادیمییه‌که‌ش نزیک ببمه‌وه.
بێگومان هه‌موو کارێکیش، چ نووسین یان پرۆژه‌ی هونه‌ری، ده‌بێته ئه‌زموونێک و زیاتر دید و بۆچوونه‌کانت بۆ ئاینده و پرۆژه‌ی داهاتوو ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌کات.
• چه‌ندان وتار و لێکۆڵینه‌وه و کتێبتان به زمانه‌کانی سوێدی و کوردی له‌سه‌ر شانۆی کوردی به‌تایبه‌تی و شانۆی جیهانی به گشتی نووسیوه، ئایا لایه‌نی تیۆری و ڕه‌خنه‌سازی، تا چ ئاستێک خزمه‌تی بزووتنه‌وه‌ی شانۆی کوردی ده‌کات؟
_ به‌بڕوای من خزمه‌تێکی زۆر ده‌کات. ده‌توانم بڵێم به شێوه‌یه‌ک له‌شێوه‌کان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م له‌گه‌ڵ پرسیاری دووه‌مدا داوه‌ته‌وه. گه‌ر زیاتریش له‌سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بڕۆین، ئه‌وه به کورتی ده‌توانم بڵیم لایه‌نه تیۆرییه‌که، ڕه‌خنه‌ی شانۆیی و شیکردنه‌وه و شرۆڤه‌کردنی شانۆ و شانۆنامه، ته‌نها هه‌ر کاریگه‌رییان نابێت بۆ سه‌ر ئاستی ڕۆشنبیری هونه‌رمه‌ندان، قه‌تابیانی هونه‌ر و له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه بینه‌ران، به‌ڵکو له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا تیۆر و وتاری ڕه‌خنه‌یی به‌هایه‌کی گرنگیان له دامه‌زراندن و دروستکردنی شانۆی کوردیش‌دا هه‌یه.
شانۆی کوردی به‌بێ وتاری ڕه‌خنه‌یی، به‌بێ ئاوڕدانه‌وه بۆ ئه‌زموونه‌کانی خۆمان، به‌بێ تیۆریزه‌کردنی پرۆسێسه‌که‌مان دروست نابێت. ئه‌م لایه‌نانه هێنده‌ی خودی نواندن، ریژی و هه‌موو ڕه‌وته‌که گرنگه.
له هه‌شتاکاندا ته‌نها چه‌ند که‌سێک، که له په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێپه‌ڕی نه‌ده‌کرد، له بواری شانۆدا ده‌یاننوسی، به‌ڵام ئێستا گرنگییه‌کی به‌رچاو هه‌یه، گۆڤار و رۆژنامه‌کان، ڕه‌خنه‌گری گه‌نج، کتێب بڵاوکردنه‌وه و گۆڤارێکی تایبه‌تمه‌ندی شانۆش که ئێمه پێکه‌وه ده‌ریده‌که‌ین، ئاماژه‌یه بۆ هۆشمه‌ندی نه‌وه‌یه‌کی نوێی شانۆکار و بۆ گرنگی و پێویستیی ئه‌م بواره و بۆ پێداگرتن و دروستکردنی شانۆیه‌کی کوردی، بۆ به‌رده‌وامی.
• پێکهێنه‌ره‌کانی نووسینی ده‌قێکی شانۆیی سه‌رکه‌وتوو چین؟ به‌پێی ئه‌زموون و خوێندنه‌وه‌ی به‌ڕێزتان بۆ تێکستی شانۆیی، ده‌توانن بڵێین به مانا زانستی و هونه‌رییه‌که‌ی کورد خاوه‌نی تێکستی شانۆیی خۆیه‌تی؟
_ ئه‌م پرسیاره به‌لامه‌وه گرنگه. زوربه‌ی شانۆ گه‌وره‌کانی جیهان، سه‌رکه‌وتنیان، داهێنانی تازه‌ی شانۆکانیان …. هتد به نووسه‌رێکی به سه‌لیقه و گه‌وره‌وه به‌نده. بڕوانه شانۆی هونه‌ری مۆسکۆ، ئه‌و شانۆ مه‌زنه بێگومان، به‌بێ هیچ شێوه‌یه‌ک به‌بێ (چێخه‌ف) نه‌ده‌بووه ئه‌و شانۆیه. راسته ستانیسلاڤسکی ڕابه‌رێکی گه‌وره و ریژیسۆرێکی پێداگۆگ بوو، به‌ڵام وزه‌ی شانۆنامه‌کانی چێخه‌ف، دیدی هونه‌ری ئه‌م نووسه‌ره، هه‌ستکردنی به واقیعییه‌تێکی جیاواز له‌وه‌ی ستانیسلاڤسکی ده‌یویست، شانۆی هونه‌ری مۆسکۆیان دروستکرد. چێخه‌ف توانی وێنه‌ی مرۆڤی زیندوو بکێشێت، هه‌ست و سۆزمان له ڕووداوه‌کانه‌وه نزیک بکاته‌وه، به‌رجه‌سته‌ی کاته ناخۆشه‌کانی ژیانمان بکات، کاره‌کته‌ره‌کانی به زمانی خۆیان قسه بکه‌ن و ئێمه‌ش هه‌موومان خۆمان له شانۆنامه‌کانیدا بناسینه‌وه. له‌م جۆره ئه‌زموونه له مێژووی شانۆی جیهانیدا زۆره.
گرێکه‌کان، کۆمیدیای دیلارتی، شه‌کسپیر، مۆلییر، ئیپسن، ستریندبیری و … هتد. بێگومان شانۆی ئه‌مڕۆش له‌م ئه‌زموونه بێبه‌ری نییه و چه‌ندین نووسه‌ری مۆدێرنی جیهانی له شانۆکاندا کارده‌که‌ن و ڕاسته‌وخۆ بۆ ئه‌و شانۆیانه ده‌نووسن که کاری تیاده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش دووپاتکردنه‌وه‌یه‌کی گرنگی ده‌قی شانۆییه. شانۆنامه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووش ده‌بێت چه‌ندین توخم و بنه‌ما له‌خۆبگرێت، بۆ نموونه: شوێن، ئه‌م شوێنه‌ش ڕاستتر وایه له ڕێگای دیالۆگه‌وه ده‌ربکه‌وێت نه‌ک سینۆگرافیا. کردار و کاره‌کته‌ر بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی هه‌موو ده‌قێکی شانۆیین، نووسه‌رێکی باش ده‌توانێت کاره‌کته‌ره‌کانی له دووتوێی، له ڕێگای کرداره‌وه، ڕووداوێکه‌وه پیشان بدات و ده‌بێت نووسه‌ر له‌ڕێگای ڕووداوه‌کانه‌وه قسه بکات، له ڕێگای فیگوری که‌سایه‌تییه‌کانه‌وه، نه‌ک له‌سه‌ر زمانی خویه‌وه وه‌ک نووسه‌ر. په‌یوه‌ندی نێوان کاره‌کته‌ره‌کانیش خاڵێکی گرنگه، ئێمه ناتوانین ده‌ستنیشانی هیچ مرۆڤێک له ده‌ره‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانه‌وه، به که‌سانی تره‌وه بکه‌ین. شانۆنامه‌نووسێکی باشیش ده‌توانێت به کاره‌کته‌ره‌کانی، خودی ڕووداوه‌کانی بگێڕێته‌وه، ده‌توانێت وا وێنه‌ی که‌سایه‌تییه‌کانی بکێشێت که یه‌کتری ته‌واو بکه‌ن و یه‌کتری ده‌وڵه‌مه‌ند بکه‌ن. هه‌موو کاره‌کته‌رێکیش، له‌هه‌ر بارودۆخ و هه‌ڵوێستێکیشدا بێت له ده‌روازه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کانییه‌وه، به ئه‌وانیتره‌وه ده‌رده‌که‌وێت.
کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی خاڵیکی تری گرنگه له ده‌قێکی شانۆییدا، ده‌بێت نووسه‌ری شانۆیی بتوانێت ئه‌و کاره‌کته‌ره بخاته چه‌قی ڕووداوه‌کانه‌وه و کاریگه‌ریشی به‌سه‌ر بارودۆخه‌که‌وه، به‌سه‌ر چوار ده‌وره‌که و به‌سه‌ر کاره‌کته‌ره‌کانی تریشه‌وه هه‌بێت. هه‌ندیک جار نووسه‌ری به‌سه‌لیقه کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی له بارودۆخێکی په‌راوێزکراوه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه گه‌وره ده‌کات و ورده ورده ده‌ست به‌سه‌ر ڕووداوه‌کاندا ده‌گرێت.
نووسه‌ری شانۆنامه ده‌بێت به‌هه‌مان شێوه و به‌هه‌مان نه‌فه‌س گرنگی به که‌سایه‌تییه‌کانی تر، بۆ نموونه که‌سی سێیه‌م بدات. زۆرجار نووسه‌ری شانۆنامه ده‌توانێت له‌رێگای که‌سی سێیه‌مه‌وه بارودۆخێکی له‌بار ببه‌خشێته ستر‌کتوری گه‌مه شانۆییه‌که و ڕووداو و کاره‌کته‌ره‌کانی تری پێ ده‌وڵه‌مه‌ند بکات. که‌سی سێیه‌م، یان کاره‌کته‌رێکی لاوه‌کی ده‌توانێت په‌یوه‌ندی نێوان کاره‌کته‌ره‌کان ئاڵۆز بکات، مه‌ودای که‌سایه‌تییه‌کان فراوان و قووڵ بکاته‌وه و دڵه‌ڕاوکێ و گرژییه‌کان زیاد بکات.
لایه‌نێکی گرنگی تری ده‌قێکی سه‌رکه‌وتوو هێز و وزه‌ی دیالۆژ و دیالۆژی کاره‌کته‌ره‌کانه: چۆن بتوانین له‌نێو دیالۆژه‌کانه‌وه بارودۆخه‌که بخوڵقێنین، کاره‌کته‌ره‌کان به‌رجه‌سته بکه‌ین و خودی ڕووداوه‌کان بکه‌ینه واقیعێکی هه‌ستپێکراو. نووسه‌ری شانۆنامه ده‌بێت بزانێت چۆن مرۆڤ زمانی جۆراوجۆر و هه‌ر که‌سه زمانی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، دیالۆژه‌کانیش ده‌بێت ئه‌و توانایه‌ی هه‌بێت که ڕووداوه‌کان به‌ره‌و پێشه‌وه به‌رێت. به‌ڕای تایبه‌تی خۆشم دیالۆژه شانۆییه‌کان ته‌نها باسی مرۆڤ یان که‌سایه‌تییه‌کان، له‌نێو ڕووداوه دژوار و ناکۆکه‌کاندا ناکات، به‌ڵکو شێوه گوزارشتێکه له دینامیکییه‌تی په‌یوه‌ندییه‌کانی مرۆڤ.
ده‌قی باش ده‌بێت ئه‌و شتانه‌شی که نانووسرێت به‌رجه‌سته بکات، دیالۆژ ته‌نها بریتی نییه له‌و وشانه‌ی که له‌نێوان کاره‌کته‌ره‌کاندا ده‌وترێت، به‌ڵکو ته‌کنیکی زمانی ئاماژه و جوڵانه‌وه‌کان ڕۆڵێکی گرنگیان هه‌یه. هه‌ڵسوکه‌وت، وچان و بێده‌نگی، زمانی جه‌سته و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی په‌یوه‌ندییان به کۆد و ئاماژه‌کانه‌وه هه‌یه، ده‌بێته زمانی دووه‌می یان دیالۆژی دووه‌می هه‌موو ده‌قێکی شانۆیی. ئه‌مانه هه‌موویان بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی، بنه‌ما ته‌قلیدییه‌کانی هونه‌ری نووسینی شانۆنامه‌یه و له ۆرکشۆپه‌که‌شمدام هه‌وڵمدا ئه‌مانه له‌ڕووی تیۆری و پراکتیکه‌وه بۆ قوتابییه‌کانی په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌کان ڕوونبکه‌مه‌وه و ڕێگاکه‌یان پیشان بده‌م.
بۆ وه‌ڵامی به‌شی دووه‌می پرسیاره‌که‌شت، بێگومان کورد خاوه‌نی تێکستی شانۆیی خۆیه‌تی، به‌ڵام گرفتی ئێمه به‌رده‌وام نه‌بوونه، ئێمه ناتوانین به چه‌ند تێکستێکی شانۆیی سه‌رکه‌وتوو بڵێین شانۆنامه‌مان هه‌یه. ئێمه خاوه‌نی کلتورێکی شانۆنامه‌نووسین نین. پیره‌مێردی نه‌مر شانۆنامه‌یه‌کی نووسیوه، به‌ڵام وه‌ک شیعر، نووسینی شانۆنامه له‌لای پیره‌مێرد نه‌بووه خه‌م و پێویستییه‌کی گرنگ و شان به‌شانی به‌رهه‌مه شیعرییه‌کانی نه‌ڕۆیشت. ا. ب. هه‌وری، سمکۆ ناکام، ڕه‌ووف حه‌سه‌ن، حه‌مه‌که‌ریم عارف، فواد مه‌جید میسری، ئه‌حمه‌د سالار، عومه‌ر عه‌لی ئه‌مین، له نه‌وه نوێیه‌که‌ش به‌رزان فه‌ره‌ج، گه‌زیزه، دڵشاد مسته‌فا ….. هتد شانۆنامه‌یان نووسیوه، باس له باشی و خراپی ئه‌و ده‌قانه‌ی که نووسراوه ناکه‌م، باس له‌وه ده‌که‌م که پێکه‌وه نه‌یانتوانیوه سیسته‌مێکی، کلتورێکی ده‌وڵه‌مه‌ند دروست بکه‌ن و به‌رده‌وامی پێببه‌خشن. ئێمه ناتوانین له‌نێو سه‌د شانۆنامه‌ی باش‌دا یه‌کێک یان دووان هه‌ڵبژێرین، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی سه‌د شانۆنامه نین..
• بۆچی زنجیره‌یه‌ک بۆ شانۆی جیهانی؟ چۆن توانیوتانه تا ئێستا به‌رده‌وامبن، ئایا ئێمه ئه‌و هه‌موو وه‌رگێڕه‌مان هه‌یه که بتوانێت له زمانی یه‌که‌مه‌وه ئه‌و کارانه بکاته کوردی؟
_ زوربه‌ی میلله‌تان زنجیره‌یه‌کیان بۆ شانۆی وه‌رگێڕدراوی جیهانی هه‌یه یان هه‌بووه، وڵاتیکی بچووکی وه‌ک کوێت، له هه‌موو شتێک زیاتر به زنجیره‌ی شانۆی جیهانییه‌که‌ی ناسراوه.
ئه‌مه بۆ ئێمه‌ش زۆر گرنگه، ئه‌و کلتوره‌مان بۆ دروست ده‌کات که من له وه‌ڵامی پرسیاری پێشوودا وتم نیمانه، خه‌ڵکی له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی شانۆنامه ڕاده‌هێنێت و هانی خۆشمان ئه‌دات، به سوود وه‌رگرتن له شانۆی جیهانی، ده‌قی شانۆیی بنووسین، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌یه‌کی پته‌وی هونه‌ری وه‌رگێڕانیشه. به‌رده‌وامی ئه‌م زنجیره‌یه‌ش په‌یوه‌سته به کۆمه‌ڵێک فاکته‌ره‌وه، له هه‌موویان گرنگتر ئه‌وه‌یه که ده‌زگای ئاراس پشتگیری لێده‌کات، گه‌نده‌ڵی تیا ناکرێت و شه‌ونخونی بۆ ده‌کرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که که‌سانێکی زۆر هه‌ر له ده‌زگای ئاراسه‌وه بیگره تا ئه‌و که‌سانه‌ی شانۆنامه‌کان وه‌رده‌گێڕن، متمانه‌یه‌کی گه‌وره‌یان به من به‌خشیوه، له ڕووی هه‌ڵبژاردنی شانۆنامه‌کانه‌وه، له‌ڕووی وه‌رگێڕان و پیاچوونه‌وه‌یانه‌وه، له‌ڕووی پێداگرتن و به‌رده‌وامییه‌وه بۆ ئه‌و زنجیره‌یه. ئه‌م ساڵ زنجیره‌که پێیناوه‌ته ساڵی چواره‌مه‌وه و تا ئێستا چل و چوار ژماره‌مان لێ بڵاوکردۆته‌وه و ئه‌م ساڵیش له په‌نجا ژماره تێده‌په‌ڕینین. بێگومان ئێمه وه‌رگێڕی نه‌فه‌س درێژ و باشیشمان هه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌م وه‌رگێڕانه، ئه‌م قه‌ڵه‌مانه به‌کارده‌هێنیت و سوودیان بۆ پرۆژه‌ی باش و جدی لێوه‌رده‌گریت. ئێمه چه‌ندین نووسه‌ری باشمان به هه‌موو جیهاندا بڵاوبوونه‌ته‌وه، کورد له ئه‌مه‌ریکا، له ئه‌وروپا، له ئاسیا، له ئوسترالیا و ته‌نانه‌ت له چین و یابانیش هه‌ن. با ئه‌م هێز و وزه‌یه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کلتوره‌که‌مان به‌کاربهێنین، هانیان بده‌ین، به ده‌میانه‌وه بچین و ده‌ستگیرۆییان بکه‌ین. به داخه‌وه تا ئێستا کوردستان به شێوه‌یه‌کی باش سوودی له‌م سامانه گه‌وره‌یه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات وه‌رنه‌گرتووه.
• سه‌ما به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه له ئێستادا بۆته ژانرێکی گرنگی هونه‌ری، سه‌ره‌تا مێژووییه‌کانی سه‌ما بۆ که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
_ سه‌ما دێرینترین شێوازه‌کانی هونه‌ره و هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی شارستانییه‌تی مرۆڤدا، له‌لای فیرعه‌ونییه‌کان، مینۆیسکه‌کان و گرێکه‌کان و له باوه‌شی ریتواڵ و بۆنه دینییه‌کاندا له‌دایکبووه. هه‌روه‌ها سه‌ما نه‌ژادێکی پته‌وی له‌نێو دابونه‌ریته میللییه‌کانی میلله‌تاندا هه‌بووه و هه‌یه و هه‌میشه مرۆڤ به سه‌ما گوزارشتی له خۆشی و ناخۆشییه‌کانی ژیان کردووه. به‌ڵام گه‌ر له ڕووی مێژووییه‌وه بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ما و بۆ چاخه‌کانی ناوه‌ڕاست ئه‌وه سه‌ما وه‌ک زمانی جه‌سته و گوزارشتکردن ده‌بێته جۆرێک له سه‌مای گه‌ل و به‌نێو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵگه و خه‌ڵکیدا بڵاوبۆته‌وه. سه‌ره‌تا دیاره‌کانی مێژووی سه‌ماش هه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه و جۆره سه‌مایه‌ک دروست بووه که به سه‌مای زنجیره ناسراوه و وه‌ک سه‌مای کوردی لای خۆمان ده‌ستیان گرتووه، سه‌مایان کردووه و چه‌ندین فۆرم و شێوازی ته‌کنیکییان به جه‌سته‌ی خۆیان دروستکردووه. ده‌سه‌ڵاتی که‌نیسه و پیاوه ئاینییه‌کان ئه‌م سه‌مایه قه‌ده‌غه ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه له‌نێو کۆشک و ته‌لاری پادشا و چینه به‌رزه‌که‌ی کۆمه‌ڵدا په‌ره ده‌سێنێت و ده‌بێته ئامرازێکی گرنگی کات به‌سه‌ر بردن و ئاهه‌نگ و جۆرێک له ستایلی ژیانی نێو کۆشکه‌کان.
له سه‌رده‌می بوژانه‌وه‌ی ئه‌وروپا (ڕینیسانس) دا ڕێساکان توند ده‌بن به‌رامبه‌ر به سه‌مای میللی و ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌شی که سه‌رپێچی بڕیار و سنوره دانراوه‌کانیان کردووه، به‌توندی سزا دراون. له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو سنوور و یاسایانه‌شدا، سه‌مای دوو دوو، سه‌مای به‌رامبه‌ر له کۆشکه‌کاندا ده‌بێته دیارده‌یه‌کی دیار و ئاشکرا و که‌نیسه ناتوانێت ڕێگایان پێبگرێت. هه‌ر له‌م سه‌رده‌مه‌دا و له ئیتالیا بۆ یه‌که‌مجار سه‌ما ده‌بێته پیشه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ و پادشا و میر و ده‌ست رۆیشتووه‌کان، سه‌مازانی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان ده‌بێت و لێره‌شه‌وه رێسا و بنه‌مایه‌ک بۆ چۆنییه‌تی سه‌ما و جوڵه‌ی جه‌سته داده‌نرێت. به نه‌مایشه سه‌مائامێزه‌کانی ئه‌م قۆناخه‌یان وتووه (بالۆ)، ئه‌م وشه‌یه دواتر و له‌گه‌ڵ رۆژگاردا ده‌بێته (بالێت).
له ده‌وروبه‌ری ساڵه‌کانی 1400 ه‌کاندا یه‌کێک له شێوازه به‌رزه‌کانی سه‌ما له کۆشکه‌کانی ئیتالیادا دروست بووه، سه‌مایه‌ک که ریتمێکی هێمن و ستایلێکی به‌رز و تایبه‌تی له‌خۆگرتووه، به‌ڵام له ساڵه‌کانی 1500 ه‌کاندا سه‌مایه‌کی ڕیتمئامێزی پڕ له جووڵانه‌وه‌ی خێرا و به‌هێزی جه‌سته، قاچ و ده‌سته‌کان جێگای ئه‌و سه‌ما هێمنه ده‌گرێته‌وه.
ئێلیزابێتی یه‌که‌م، له‌پاڵ شانۆدا گرنگییه‌کی گه‌وره ده‌به‌خشێته سه‌ما و سه‌ما ده‌بێته یه‌کێک له چالاکییه‌کانی کۆشک و زۆرجار خۆیشی به‌شداری تیاکردووه. له‌سه‌رده‌می باروک و به‌تایبه‌تی له فه‌ڕه‌نسا، سه‌ما پێگه‌ی به‌هێز و ڕۆڵێکی تایبه‌تمه‌ند و به‌رزی له‌ژیانی شا لودڤیکی چوارده و کۆشکی شاهانه‌ی فه‌ره‌نسادا ده‌بێت، ته‌نها بنه‌ماڵه و ده‌ستوپێوه‌نده نزیکه‌کانی شا لودڤیک توانیویانه بچنه ئه‌و هۆڵانه‌وه که سه‌مای تیاکراوه و له‌م سه‌مایانه‌دا پادشا و شاژن خۆشیان به‌شدارییان کردووه. هه‌ر له سه‌رده‌می حوکمڕانی لودڤیکی چوارده‌یه‌مدا سه‌مای شاهانه گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت و ده‌بێته ئه‌و بالێته‌ی که ئه‌مڕۆ ناسراوه. له‌م سه‌مایانه‌دا ده‌مامک به‌کارهێنراوه، نه‌مایشی پانتۆمایمی تێکه‌ڵاو کراوه و مۆسیقاش بنه‌مایه‌کی سه‌ره‌کی نه‌مایشه‌کانیش ده‌بێت.
سه‌ما و نه‌مایشه سه‌مائامێزه‌کان ورده ورده له کۆشکه‌کان دێنه ده‌ره‌وه و له‌سه‌ر شانۆکان نه‌مایش ده‌کرێن و هه‌ر لێره‌شه‌وه فۆرمێکی هونه‌ری تایبه‌تمه‌ند له‌خۆده‌گرێت.
له ناوه‌ڕاست و سه‌ره‌تاکانی 1600 و 1700 ه‌کاندا یه‌که‌م بنه‌ما کلاسیکییه‌کانی سه‌ما، به‌تایبه‌تی (بالێت) داده‌نرێت. شا لودڤیکی چوارده و له ساڵی 1661 دا قوتابخانه‌یه‌کی تایبه‌ت به خۆی بۆ فێربوونی سه‌ما به‌ناوی (ئه‌کادیمیای بالێت) وه داده‌مه‌زرێنێت.
له ساڵی 1755 دا سه‌ما ده‌بێته به‌شێک له ئۆپێرا، دواتر سه‌ما چه‌ندین لقی لێده‌بێته‌وه: سه‌مای کۆمیدی، سه‌مای میللی، سه‌مای رێز و شکۆداری …. هتد.
له ساڵی 1760 دا یه‌که‌م کتێب سه‌باره‌ت به هونه‌ری سه‌ما بڵاوده‌کرێته‌وه، له‌م کتێبه‌دا دووپاتی ئه‌وه ده‌کرێته‌وه که جووڵه‌ی سه‌ما ده‌بێت ناوه‌ڕۆکێک له‌خۆبگرێت، واتا بیروبۆچوونێک، بیرۆکه‌یه‌ک هه‌ڵبگرێت و جوڵانه‌وه جۆراوجۆره‌کان یه‌که‌یه‌کی دراماتیکی کۆیان بکاته‌وه.
له ساڵی 1800 ه‌کاندا سه‌مای میللی له‌گه‌ڵ مۆسیقای میللی په‌ره ده‌سێنێت، دواتر ئه‌م فۆرمه له به‌شێکی زۆری ته‌وژمه شانۆییه‌کاندا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه، به‌تایبه‌تی له‌لای ئه‌و ریژیسۆرانه‌ی که ده‌یانویست شانۆیه‌کی تایبه‌تمه‌ندی خۆیان دروست بکه‌ن، مۆسیقا و سه‌مای میللی له‌م ڕووه‌وه ڕۆڵێکی گه‌وره و له‌به‌رچاویان گێڕاوه.
له ساڵه‌کانی 1900 ه‌کاندا بالێت له یه‌کێتی سۆڤێتی جاران ده‌بێته هونه‌رێکی باڵا، بالێتی رووسی له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا هه‌موو ئه‌وروپا داگیرده‌کات. ئه‌م نه‌مایشانه، سینۆگرافیا، ڕووناکی، ناوه‌ڕۆکی چیرۆکه سه‌مائامێزه‌کان، واته سترکتورێکی دراماتیکی یه‌که‌یه‌کی هونه‌ری به‌رز ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن. له‌گه‌ڵ ڕۆژگار و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی هونه‌ری سه‌مادا، زوربه‌ی کۆریۆگرافه‌کان ڕووده‌که‌نه شاکاره شانۆییه‌کان، بۆ نموونه شه‌کسپیر، ئیپسن، ستریندبیری و دواتریش نووسه‌ره نوێیه‌کان و به‌رهه‌مه‌کانیان ده‌بێته سه‌مایه‌کی مۆدێرن. خه‌ونی نیوه‌شه‌وێکی هاوین، پارگێنت و خاتوو ژولیا ده‌بنه نه‌مایشی سه‌مائامێز، سه‌مایه‌ک له شانۆوه و شانۆیه‌ک له سه‌ماوه سه‌رچاوه ده‌گرێت و به‌م شێوه‌یه‌ش شانۆیه‌کی سه‌مائامێز له‌دایک ده‌بێت. له ساڵی 1980 شدا چه‌مک و شێوازه‌کانی شانۆیه‌کی سه‌مائامێز له‌دایک ده‌بێت. له ساڵی 1980 شدا چه‌مک و شێوازه‌کانی شانۆیه‌کی سه‌مائامێز ده‌رده‌که‌وێت، له ئه‌ڵمانیا (پینابۆش) چ وه‌ک سه‌مازان و چ وه‌ک کۆریۆگراف ڕۆڵێکی گه‌وره ده‌گێڕێت له به‌رجه‌سته‌کردن و به‌ره‌وپێشه‌وه بردنی چه‌مکه‌کانی شانۆیه‌کی مۆدێرنی سه‌مائامێز و کار ده‌کاته سه‌ر زوربه‌ی ریژیسۆر و کریۆگراف و سه‌مازانه‌کانی ئه‌وروپا. ئه‌م هونه‌رمه‌نده دیدێکی دراماتۆرگی و بنه‌مایه‌کی فیزیکی و وینه‌یه‌کی باڵا بۆ سه‌ما داده‌ڕێژێت و ده‌توانێت سنوره‌کانی نێوان سه‌ما و شانۆ بشکێنێت و سه‌مایه‌ک له‌ناو شانۆدا و شانۆیه‌ک له‌ناو سه‌مادا دروست بکات.
سوێد پێگه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له شانۆی سه‌مائامێزدا هه‌یه و هونه‌رمه‌نده‌کانی ئه‌م بواره ناوبانگێکی جیهانییان هه‌یه، ماتس ئێک و بیرگیتا ئێگه‌ربلاد چه‌نده نه‌مایشه سه‌مائامێزه‌کانیان شانۆیه‌کی پۆستمۆدێرنه، هێنده‌ش سه‌مایه‌کی مۆدێرنی چڕ و مه‌ودا فراوانه. پرۆژه‌کانیان له شه‌کسپیر، له ستریندبێری، له کۆرنی، له چێخه‌ف، له ئیپسن …. هتد سه‌رچاوه وه‌رده‌گرێت و جه‌سته، وشه، سه‌ما و شانۆیه‌کی فیزیکی ده‌که‌نه بنه‌مای کاره‌کانیان.
• ئێوه له شانۆی سویدیدا جگه له (ریژیسۆر) وه‌ک (دراماتۆرگ) یش کارتان کردووه، ئه‌کرێت چه‌مکی (دراماتورگ) مان له شانۆدا بۆ ڕوونبکه‌یته‌وه؟
_ کار‌و پیشه‌ی داراماتۆرگ گه‌لێ به‌ربڵاوه و لێپرسراوییه‌کی گه‌وره‌ی له شانۆکاندا هه‌یه و ڕۆڵێکی ڕاسته‌وخۆی له هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ی کار و به‌رهه‌مهێنانی هه‌موو نه‌مایشێکدا هه‌یه.
چه‌مک و کاری دراماتۆرگ هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌لای گرێکییه‌کان هه‌بووه و جۆره ناوه‌رۆکێکی به وشه‌ی دراماتیک، واته نووسه‌ری شانۆنامه‌کان به‌خشیوه و کتێبه‌که‌ی ئه‌ریستۆفان (هونه‌ری شیعر) یش یه‌که‌م کتێبی تیۆری دراماتۆرگییه له مێژووی شانۆدا.
نه‌ژادی وشه‌که‌ش به لاتینی (دراماتۆرگۆس) ه و له‌گه‌ڵ رۆژگاردا ون ده‌بێت، به‌ڵام له ساڵه‌کانی 1700 ه‌کاندا، له ئه‌ڵمانیا و به شێوه‌یه‌کی ساکار و ئاسان ده‌رده‌که‌وێته‌وه، دواتر له‌سه‌ر ده‌ستی نووسه‌رێکی تری ئه‌ڵمانیدا Gotthold Ephraim Lessing که له‌نێوان ساڵه‌کانی 1728_ 1781 دا ژیاوه، دراماتۆرگی له ڕووی تیۆری و پراکتیکه‌وه چه‌مکه مۆدێرنه‌که‌ی خۆی وه‌رگرتووه.
له ده‌سپێکی ده‌رکه‌وتنی دراماتۆرگ له ئه‌ڵمانیادا کاره‌که‌یان ئه‌وه بووه که ئه‌و شانۆگه‌رییانه‌ی نه‌مایش کراون، ئه‌وان له‌سه‌ر ڕوپه‌ڕی کاغه‌ز هه‌ر له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی، به ووردی ئاماده‌یان کردووه و دواتر ریژیسۆره‌کان ئه‌و نه‌خشه و پلانه دراماتۆرگییه‌یان وه‌ک خۆی به‌رجه‌سته کردووه. له شانۆی هاوچه‌رخی ئه‌وروپیدا برێشت له هه‌موو که‌سێک زیاتر گرنگی به دراماتۆرگ و کاری دراماتۆرگ داوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که خۆیشی وه‌ک دراماتۆرگ کاری کردووه و دواتریش کرده‌ی دراماتۆرگ بنه‌مایه‌کی گرنگی کارکردنی بووه.
له سه‌رده‌می هیتله‌ر و نازی ئه‌ڵمانیادا، پێگه‌ی دراماتۆرگ له هه‌موو شانۆکانی ئه‌ڵمانیادا به‌هێز ده‌بێت، دراماتۆرگ ده‌بێته جۆرێک له سانسۆر و شانۆکانی له بیژه‌نگ داوه و ئه‌و شتانه‌ی هه‌ڵبژاردووه که بۆ ئه‌و ڕۆژه گونجاون و ئه‌وانه‌شی قه‌ده‌غه کردووه یان شاردۆته‌وه که نه‌گونجاون. کاری دراماتۆرگ له ئه‌مڕۆی شانۆکاندا ته‌نها به‌رپرسیارییه‌تی نییه سه‌باره‌ت به پرسه کرده‌ییه‌کان و شیکردنه‌وه‌ی تێکست له دید و بۆچوونه جیاوازه‌کانه‌وه و خوێندنه‌وه و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و شانۆنامانه‌شی که ده‌نێردرێن بۆ شانۆکان. دراماتۆرگ به‌هۆی ئه‌زموونی خۆیی و دانانی رێپۆرتواره‌وه شاره‌زاییه‌کی ته‌واوه‌تی به‌سه‌ر شانۆ و درامای کۆن و نوێ‌دا هه‌یه. دراماتۆرگ ئه‌و که‌سه‌شه که ده‌توانێت بنه‌ما کرده‌یی و سترکتوره شانۆییه‌کان له به‌ستنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ئه‌مڕۆمان و دید و بۆچوونه‌کانمان به مێژووه‌وه گرێبدات و هه‌ر ئه‌ویشه که په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆی به ریژیسۆر، نووسه‌ری شانۆنامه‌کان و ده‌زگاکانی بڵاوکردنه‌وه‌ی شانۆکانه‌وه هه‌یه. به‌کورتی دراماتۆرگ یاده‌وه‌ری هه‌موو مێژووی شانۆیه.
دراماتۆرگ نماینده‌ی تێکسته له شانۆکاندا، ده‌بێت به‌توانا بێت له شیکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی تێکسته‌کاندا، ناواخنی ماناکان و ئه‌ودیوی وشه و رسته‌کان و فۆرم و ناوه‌رۆکی ئه‌و تێکستانه ده‌ستنیشان بکات که له شانۆکاندا کاری تێدا ده‌که‌ن. هه‌روه‌ها توانای ده‌ستنیشانکردنی لایه‌نه باش و قووڵه‌کانی هه‌بێت و بتوانێت هه‌لومه‌رجه‌کانی ئه‌و تێکسته بۆ شانۆ ڕوون بکاته‌وه. ئه‌مه‌ش مانای وایه که دراماتۆرگ ده‌بێت له یه‌ک کاتدا تێکسته‌کان شیبکاته‌وه و هه‌روه‌ها که‌سێکی شانۆیی بێت و له بواره کرده‌ییه‌کانی شانۆ، به وردی تێبگات. دراماتۆرگ ده‌بێت توانای گفتوگۆ و قسه‌کردن و ڕوونکردنه‌وه‌ی شته‌کانی هه‌بێت، گوێی سووک و گوێ بگرێت له و دۆخ و هه‌ڵوێستانه‌ی که له پرۆسێسێکی شانۆییدا دێنه پێشه‌وه و توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت که ئه‌و شتانه له پانتاییه‌کی به‌رین و گه‌وره‌تردا ببینێت.
دراماتۆرگ ده‌بێت تێکسته شانۆییه‌کان له پێکه‌وه‌گرێدان و پێوه‌ندییه‌کی گه‌وره‌تردا بدۆزێته‌وه، گرنگه که که‌سی دراماتۆرگ زمانزانێکی باش بێت، بتوانێت شانۆنامه‌کان به قووڵی و به زمانی یه‌که‌می خۆیان بخوێنێته‌وه. دراماتۆرگ ده‌بێت ئه‌و هه‌سته ئاساییه‌ی تێدابێت که بتوانێت تێکسته‌کان له چه‌ندین ڕووه‌وه شیبکاته‌وه و زانیاری و ئه‌زموونێکی به‌ربڵاویشی له ئه‌ده‌ب، شانۆ، مێژووی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و تێگه‌یشتنی بۆ گۆڕانکارییه‌کانی کۆمه‌ڵگا هه‌بێت و ڕاسته‌وخۆ هه‌ڵوێسته و بارودۆخه‌کان له خودی گۆڕانکارییه‌کاندا بدۆزێته‌وه. بێگومان پێویسته دراماتۆرگ هۆشیارییه‌کی ڕاسته‌وخۆی له پرسه هه‌نوکه‌ییه‌کاندا هه‌بێت له‌ڕووی ڕامیاری، له ڕووی نه‌ته‌وایه‌تی و له‌ڕووی نێونه‌ته‌وایه‌تیشه‌وه، به کورتییه‌که‌ی دراماتۆرگ که‌سێکی هونه‌رمه‌ندی خاوه‌ن ئه‌زموونه له هه‌ردوو ڕووی تیۆری و پراکتیکه‌وه. دراماتۆرگ سامانێکی هۆشیار و زرنگی شانۆکانه، له‌کاتی پێویستدا و ده‌ستوبرد ئه‌وه‌ی پێویسته له ئه‌ده‌ب، فیلم و هه‌موو شت و که‌ره‌سته‌کانی تر بخاته به‌رده‌ستی ریژیسۆر و ئه‌کته‌ره‌کانه‌وه. به‌شێوه‌یه‌کی گشتی دراماتۆرگ ده‌بێت دیدێکی گشتی و توانای دانانی رێپۆرتواری هه‌بێت که ببێته ستروکتوری نه‌خشه و پلانی ئه‌و شانۆیه‌ی که کاری تێداده‌کات و هه‌موو ئه‌و پلانانه‌ی تریش که پێگه‌ی شانۆکه له ئێستا و ئاینده‌دا پته‌و ده‌کات، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه که دراماتۆرگ پێگه و جێگایه‌کی تایبه‌تمه‌ندی له سیاسه‌ت و چالاکییه هونه‌رییه‌کان و پرۆسه شانۆییه‌کانی هه‌موو شانۆکاندا هه‌یه، هه‌روه‌ها دراماتۆرگ تاکه که‌سێکه که دیدێکی ڕه‌خنه‌ئامێزی له‌کاتی پرۆڤه‌کردندا هه‌یه و له‌م ڕووه‌وه دراماتۆرگ چاوێکی کراوه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه و سه‌ربه‌خۆی شانۆکانه، نه‌ک ته‌نها هاوپشت و جێمتمانه‌ی کار و پرۆژه‌کان بێت.
دراماتۆرگ ده‌ستی ریژیسۆره‌کان ده‌گرێت و به‌نێو تێکسته شانۆییه‌کاندا ده‌یانبات، باشترین ئامراز و که‌ره‌سته‌ی دراماتۆرگێکی باشیش بۆ ئه‌م کاره زمانزانی، پسپۆڕی له هونه‌ر و مێژووی هونه‌ردا، بێگومان جگه له شاره‌زاییه‌کی قووڵ له‌ڕووی تیۆری و پراکتیکه‌وه سه‌باره‌ت به هونه‌ری شانۆ خۆی.
ئه‌و زمانه دراماتیکییه‌ی که له شانۆنامه‌کاندا به‌کارده‌هێنرێت، له‌هه‌موو ڕوویه‌که‌وه لێکده‌درێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌یته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره دیار و نادیارانه‌ی که نووسه‌ری شانۆنامه‌که هه‌یه‌تی، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی هه‌ڵبژاردنی وشه و رسته‌کانییه‌وه، ئه‌مانه چ به‌هایه‌کیان هه‌یه، یان هه‌بووه بۆ بینه‌ران، چ به‌هایه‌کیان بۆ ئێمه و له‌م ساته‌دا هه‌یه که له‌گه‌ڵ ئه‌م تێکسته‌دا کارده‌که‌ین، هه‌روه‌ها چ به‌هایه‌کیان بۆ بینه‌ره‌کانی ئێمه هه‌یه؟
یه‌کێک له ئه‌رکه‌کانی تری دراماتۆرگ ئه‌وه‌یه که له‌کاتی پرۆسه‌ی کار و پرۆژه شانۆییه‌کاندا، به‌شێوه‌یه‌کی ڕوون ئه‌و پرسیارانه بوروژێنێت که له روانگه‌ی نه‌مایشه‌که‌وه ده‌مانه‌وێت بیگه‌یه‌نین به بینه‌ران. دراماتۆرگ گفتوگۆیه‌کی قووڵ له‌گه‌ڵ سینۆگراف، کۆمپۆسیتۆر و به‌رپرسیاری جێبه‌جێکردنی ڕووناکیشدا ده‌کات و کاره‌کانیان هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ و به‌راوردیان ده‌کات له‌گه‌ڵ دیدی ریژیسۆر و پلانی گشتی نه‌مایشه‌که‌دا.
• ئێوه له سوێد له شانۆی (پادشایه‌تی) کارتان کردووه، وه‌ک ئاگادارن له زوربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا شانۆی پادشایه‌تی هه‌یه، سروشتی ئه‌م کارکردنه چۆنه؟
_ سیسته‌می زوربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا پادشایه‌تی بووه و هه‌ندێک له‌و وڵاتانه تا ئێستاش هه‌ر پادشایه‌تییه، شانۆی پادشایه‌تیش له وڵاتانی ئه‌وروپا، بێگومان له سوێدیش (شانۆی نه‌ته‌وایه‌تی) ئه‌م وڵاتانه‌یه. شانۆی پادشایه‌تی سوێد گه‌وره‌ترین و باڵاده‌ستترین ده‌زگا شانۆییه‌کانی ئه‌م وڵاته‌یه و هه‌موو توانا هونه‌رییه‌کانی ئه‌م شانۆیه: ئه‌کته‌ره‌کان، ریژیسۆر، سینۆگراف و ته‌نانه‌ت ته‌کنیککاران … هتد له ئاستێکی به‌رزی ئه‌م وڵاته‌دان. زیاد له هه‌زار که‌س له‌م شانۆیه‌دا کار ده‌که‌ن و حه‌وت شانۆی جۆراوجۆر له‌خۆده‌گرێت و پله‌ی وه‌زیفی به‌ڕێوه‌به‌ری هونه‌ری ئه‌م شانۆیه‌ش له ئاستی وه‌زیردایه.
شانۆی پادشایه‌تی له سوێد له‌سه‌ر ده‌ستی شا گوستافی سێیه‌م به‌ر له دوو سه‌د ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دامه‌زراوه و ترادیشونێکی ده‌وڵه‌مه‌ند و دێرینی شانۆیی هه‌یه.
هه‌موو کارمه‌ندێکی شانۆی پادشایه‌تی به تایبه‌تی ئه‌کته‌ر و ریژیسۆره‌کانی له ئاستێکی باڵای پرۆفیشوناڵیدان و پرۆژه و کاره هونه‌رییه‌کان له ئاستێکی به‌رز و به دیقه‌تدا به‌رجه‌سته ده‌کرێن. شانۆی پادشایه‌تی له سوێد به شانۆکه‌ی (ئینگمار بێرگمان) یش ئاماژه‌ی بۆ ده‌کرێت. له‌و ڕووه‌وه‌ی ئه‌م هونه‌رمه‌نده گه‌وره‌یه زوربه‌ی ژیانی له‌م شانۆیه‌دا کاری کردووه و خۆیشی ئه‌م شانۆیه‌ی به ماڵی دووه‌می خۆی ناوزه‌د کردووه.
ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت من له ده‌رگایه‌کی گه‌وره‌وه چوومه ئه‌م شانۆیه و سه‌ره‌تا وه‌ک به‌رپرسیار و دراماتۆرگی پرۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی پێشبڕکێیه‌کی نووسینی ده‌قی شانۆیی، له به‌شێکی ئه‌م شانۆیه‌دا دامه‌زرام. دوای ته‌واوبوونی پرۆژه‌که بوومه ریژیسۆری یاریده‌ده‌ری (ستێڤان لارشۆن) که یه‌کێکه له ریژیسۆره گه‌نجه‌کانی ئه‌م شانۆیه، فره به‌رهه‌مه و به‌رپرسی شانۆ ئه‌زموونگه‌رییه‌که‌ی ئه‌م ده‌زگا گه‌وره‌یه‌شه. له‌گه‌ڵ ئه‌م ریژیسۆره له نزیکه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌وره ئه‌کته‌ره‌کانی ئه‌م وڵاته کارم کردووه، گفتوگۆم له‌گه‌ڵ کردوون و هاریکاری خۆئاماده‌کردنی رۆڵه‌کانیشیانم کردووه.
ئه‌م ئه‌کته‌رانه به شێوه‌یه‌کی ته‌واوه‌تی هاوکار و هاوڕێم بوون و له نزیکه‌وه په‌رده‌یان له‌سه‌ر نهێنی چۆنییه‌تی کارکردنیان بۆ هه‌ڵماڵیوم و ئه‌م کرانه‌وه پۆزه‌تیفه‌ش وای له من کرد که هه‌ر بۆ نموونه کتێبێکی سوێدی له‌سه‌ر چۆنییه‌تی کارکردن و دروستکردن و رۆنانی کاره‌کته‌ر و شانۆنامه‌یه‌کی گه‌وره بکه‌م. به‌کورتی کارکردن له شانۆی پادشایه‌تی ئه‌زموونێکی ده‌وڵه‌مه‌نده و زه‌مینه‌یه‌کی پته‌و بۆ هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی له‌م شانۆیه‌دا کارده‌که‌ن دروست ده‌کات.
• شانۆنامه‌ی (هاملێت) بۆته بنه‌مایه‌کی گرنگ بۆ شانۆ، هه‌ندێک به شانۆنامه‌ی شانۆنامه‌کان ئاماژه‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئایا هاملێت وه‌ک شانۆ یان وه‌ک ناوه‌ڕۆک ئه‌و ئه‌فسونه گرنگه‌ی له مێژووی شانۆی جیهانیدا هه‌یه؟
_ هاملێت بۆته کلیلی هه‌موو سه‌رده‌مێک و ئاوێنه‌ی ڕۆژگاره‌کان و له هه‌موو ئانوساتێکدا ده‌کرێت هاملێت بکرێته ته‌نگه‌ژه و له‌هه‌مانکاتدا چاره‌سه‌رکردن. سه‌رچاوه‌کانی هاملێت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌فسانه دێرینه‌کان و بۆ سه‌ره‌تاکانی شانۆی گرێکی، بۆ (ئۆرستێس) ی ئه‌سخیلۆس و بۆ (ئۆدیبی پادشا) ی سۆفۆکلیس و به‌هه‌مان شێوه‌ش کاریگه‌رییه‌کی به‌هێزی به‌سه‌ر هه‌موو ڕه‌وت و شانۆی هاوچه‌رخ و مۆدێرنی جیهانیشه‌وه به‌جیهێشتووه.
قه‌یرانه قووڵه خوێناوییه‌کانی خێزان، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و په‌یوه‌ندییه‌کانی فه‌رزه‌ند و باوان، ئه‌م گرفتانه ئه‌زه‌لین و هه‌موو کلتوری جیهانی، به‌تایبه‌تی ئه‌وروپی له‌سه‌ر ئه‌م کێشانه ڕۆنراوه. هاملێت یه‌کێکه له‌و شاکارانه‌ی که هه‌موو ئه‌م مه‌سه‌لانه‌ی کۆکردۆته‌وه، جگه له مه‌سه‌له هه‌نووکه‌ییه‌کانی تری وه‌ک گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵات، په‌یوه‌ندی تاکه که‌س به رژێم، مه‌سه‌له ده‌روونییه‌کان، خۆشه‌ویستی و سترکتوره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان.
هاملێت شانۆنامه‌یه‌کی خوێناوییه و باسی ئه‌وه ده‌کات که چۆن مه‌سه‌له خودییه‌کان، رامیارییه‌کان و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان مرۆڤ ناچار ده‌کات که ده‌ست بووه‌شێنێت، تۆڵه بکاته‌وه و ببێته پیاوکوژ. له‌سه‌ر ئاسته هێماگه‌لییه‌کانیش باسی ته‌نگه‌ژه‌ی گه‌وره‌بوون ده‌کات، واته تێپه‌ڕاندنی قۆناخی هه‌رزه‌کاریی و بوون به (پیاو). ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش ئاستی تری ده‌روونی له‌خۆده‌گرێت که له چه‌ندین خاڵی تردا ڕه‌نگ ئه‌داته‌وه، هه‌ر بۆ نموونه هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر به منی _ خۆم، خێزان، سیکسوالیتێت و یه‌که‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌کانیش به‌رامبه‌ر خود و چه‌مکی مه‌رگ. هاملێت نموونه‌یه‌کی چڕی دروستکردنی کاره‌کته‌ره و هه‌موو ئه‌کته‌رێک و له هه‌موو سه‌ده‌مێکدا خه‌ونی به‌وه‌وه بینیوه ئه‌و کاره‌کته‌ره له‌سه‌ر شانۆ به‌رجه‌سته بکات.
زۆر جار شانۆنامه‌ی هاملێت بۆ ریژیسۆره‌کان ده‌بێته ئامرازێکی شانۆیی و له‌هه‌مانکاتدا هونه‌ری نواندن بۆ گۆڕینی واقیعیه‌تێک، بۆ گۆڕینی شێوازێک، له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی هونه‌ری و سیاسیشه‌وه، هاملێت ئه‌م بواره و ئه‌م ده‌روازه‌یه‌ی کردۆته‌وه.
شانۆی ناو شانۆ شێوازێکی هونه‌ریی و فیکری شانۆنامه‌که‌یه، گرنگی ئه‌م دیمه‌نه ته‌نها له په‌رده‌هه‌ڵماڵینی پادشا، وه‌ک تاوانبارێکدا نییه، به‌ڵکو گرنگی ئه‌م دیمه‌نه دووپاتکردنه‌وه‌یه‌کی راسته‌وخۆی هێز و ئه‌فسونی هونه‌ری شانۆیه که ده‌توانێت (ئێستا و لێره‌دا) په‌رده له‌ڕووی واقیع هه‌ڵبماڵێت و شته‌کان ئاوه‌ژوو بکاته‌وه.
که‌سایه‌تی هاملێت شانۆ به ئاوێنه‌ی واقیع ده‌زانێت، بۆیه په‌نا ده‌باته به‌ر شانۆ، وه‌ک گه‌مه‌یه‌کی هونه‌ری که واقیع خۆی له‌پشت ده‌مامکه‌کانییه‌وه شاردۆته‌وه. هاملێت کارێکی کۆنکرێتی به شانۆ به‌خشیوه، ئه‌و کاره‌ش ئه‌وه‌یه که په‌رده له‌ڕووی پادشا، وه‌ک بکوژی باوکی هه‌ڵبماڵێت. بێگومان هاملێت ئه‌و بڕوا به‌هێزه‌ی به شانۆ هه‌یه که کاریگه‌رییه‌کی ڕاسته‌وخۆ و به‌هێزی به‌سه‌ر واقیعی ژیانمانه‌وه هه‌بێت. هاملێت له ته‌قه‌لای ئه‌وه‌دایه، بێگومان به ئاماده‌کردنی شانۆنامه‌که بۆ پادشا و شاژنی دایکی، که شانۆ وه‌ک هێزێکی کاریگه‌ر کار بکاته سه‌ر واقیعی ژیانی رۆژانه‌مان. دید و تێڕوانین و بڕوای هاملێت بۆ شانۆ به‌رئه‌نجامێکی واقیعی و گرژ و تاڵی ده‌بێت و پادشای پیاوکوژ و تاوانه‌کانی ئاشکرا ده‌کات. گرنگی ئه‌م شانۆنامه‌یه له‌وه‌دایه که شانۆ وه‌ک چه‌مکێکی هونه‌ری و وه‌ک ئامرازێکی کاریگه‌ر له چه‌قی ڕووداوه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندایه و ڕۆڵێکی گرنگ ده‌گێڕێت.
گه‌ر شه‌کسپیر به هاملێت ویستبێتی شانۆ کار بکاته سه‌ر ژیان و راستییه‌کان ئاشکرا بکات، ئه‌وا برێشت دوای چه‌ندین هه‌زار ساڵ، ده‌یویست شانۆ جیهان بگۆڕێت. شه‌کسپیر و برێشت له چه‌مکی وزه و هێزی شانۆ گه‌یشتوون و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته کاریان کردووه و شانۆیان به‌کارهێناوه.
• به‌ده‌ر له کاری شانۆیی دیوانێکی شیعریتان به زمانی سوێدی بڵاوکردۆته‌وه، ئایا په‌یوه‌ندییه‌ک له‌نێوان شیعر و شانۆدا هه‌یه؟ یان هونه‌رمه‌ند خۆی خاوه‌نی ئه‌و هه‌سته شیعرییانه‌یه؟
_ شیعر به‌شێکی گرنگی شانۆیه و شانۆکارانیش شاعیرن و به جه‌سته و وێنه‌ی شانۆیی شیعره‌کانیان ده‌نووسن. سه‌ره‌تاکانی شانۆ له ئامێزی شیعردا له‌دایکبووه و نووسه‌رانی شانۆی کۆنی گرێکی شانۆنامه‌کانیان به شیعر نووسیوه، هۆمیرۆس و دوای ئه‌وانیش سێ کوچکه‌که‌ی تراژیدیای یۆنانی، به شیعرێکی به‌رز گوزارشتیان له چاره‌نووسی مرۆڤ، خواوه‌ند و پادشاکان و گه‌ردوون کردووه.
ئه‌و دیوانه شیعرییه‌ی من که راسته‌وخۆ به سوێدی نووسیومه، به‌شێکن له یاده‌وه‌رییه‌کانم. ماوه‌یه‌ک تای عه‌شقم لێهاتبوو، هه‌رده‌م عاشق بووم و له‌گه‌ڵ هه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کی نوێشمدا ئه‌و عه‌شقه‌م تازه ده‌بۆوه، له‌هه‌مانکاتدا ژیانی رابردووم، یاده‌وه‌رییه‌کی ئاماده بوون. له‌هیج کاتێکدا له ژیانمدا هێنده‌ی ئه‌و قۆناخه‌ش بیرم له مه‌رگ نه‌کردۆته‌وه، مه‌رگ و عه‌شق و ژیان به‌شێکی گرنگی بیرکردنه‌وه‌کانم بوون. ئه‌و دیوانه یاداشته‌کانی ئه‌و رۆژانه‌ی منن و شیعره‌کان باسی خۆشه‌ویستی، ئیرۆتیک و مه‌رگ ده‌که‌ن و به‌بێ زۆر له‌خۆکردن و له‌خۆڕا له‌دایکبوون. بۆ من ئه‌و شیعرانه به‌شێکی گرنگن له ژیانم و له خۆم و له‌پشتی هه‌موو دێڕ و وێنه شیعرییه‌که‌وه سه‌ره‌تاتکێ ده‌که‌م.
ئەم دیدارە لەلایەن (شەهێن سابیر)ەوە کراوە و لە ژمارە (٢٠)ی گۆڤاری شانۆی تیپی سالارەوە لە ساڵی ٢٠١٠ بڵاو کراوەتەوە.