دیداری: ئاراس عەبدوڵڵا

دانا رەئوف لەگەڵ پیتەر بروک
دانا ڕەئوف: کتێبخانەی شانۆی کوردی زۆر هەژارە، بە بەراوردیش لەگەڵ بوارەکانی تردا هەر هیچی تێدا نییە و تەنها لەم چەند ساڵەدا هەندێک گوڕی داوەتە خۆی.
لەم چەند ساڵەی دواییدا وەرگێرانی شانۆنامە بۆ زمانی کوردی بەشێوەیەکی بەرچاو و بە زنجیرە کاری تێدا دەکرا، ئەم پرۆژەیەش بریتییە لە “زنجیرەی شانۆی بیانی” کە دەزگای ئاراس؛ چاپ و بڵاویدەکردەوە، وەک خوێنەرانی شانۆ ئاماژەی پێ دەدەن، ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی گرینگ و بەرچاو بوو بۆ کتێبخانەی شانۆی کوردی و شوێنێکی باشی بۆ شانۆکار و خوێنەرانی شانۆ پرکردووەتەوە، شانۆکار (دانا ڕەئوف) وەک سەرپەرشتیاری ئەم پرۆژەیە کاری دەکرد، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ “دانا ڕەئوف” هەوڵدەدەین لە گرینگی وەرگێران و پرۆژەی “زنجیرەی شانۆی بیانی” بدوێین و داهاتووی ئەو پرۆژەیە باس بکەین، هەروەها تیشک دەخەینە سەر چۆنییەتی کارکردن و مامەڵە کردنی ئەوان لەگەڵ وەرگێرەکاندا و تایبەتمەندی کارکردنیان لەو پرۆژەیەدا.
سەرەتا دەمەوێت بزانم چۆن لە وەرگێڕان دەڕوانن، گرینگی و بایەخی وەرگێڕان بەشێوەیەکی گشتی لەچیدا دەبینن؟ بەتایبەتیش وەڕگێڕانی شانۆنامە.
_ ئەگەر سەیرێکی دونیای ئەمڕۆمان بکەین، هەر زوو دەبینین کە وەک داوی جاڵجاڵۆکە بە وەرگێڕان چنراوە؛ هەموو جیهان، بێگومان وڵاتە پێشکەوتووەکان لە پرۆسەیەکی بەردەوامی هونەری وەرگێڕاندان. ئێمە لە نێوان دوو زماندا خەریکی کاری وەرگێڕانین، لەنێوان وێنە و وشەدا، لەنێوان هەموو جۆرە ئاماژە و هێماکاندا، لەنێوان کولتوورە جیاوازەکاندا، لەنێوان بیرۆکە و کرداردا، لەنێوان شوێن و مەودا جوگرافییەکاندا. مرۆڤ و شارستانییەتەکان مێژووی خۆیان لە وەرگێڕاندا دەنووسنەوە و لە دەرگاکانی وەرگێڕانەوە دەچنە جیهان و کتێبەکانی مێژووەوە و هەر لەڕێگای وەرگێڕانەوە داهێنانە گەورەکانی خۆیان دەکەن. ئەگەر وەرگێڕان نەبوایە، دەمێک بوو ئەدەب، شانۆ، فەلسەفە و هەموو بوارەکانی تری نووسین، تەنانەت شارستانییەتیش مردبوون. یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی بەرەوپێشەوەچوون و گەشانەوەی سەردەمی (ڕێنسانس) لە سەدەی پازدەی ئەورپادا، گەڕانەوە و وەرگێڕانی ئەدەب و فەلسەفەی گرێکییەکان بوو.
هونەری وەرگێڕان یەکێکە لە گرینگترین و دژوارترین هونەرەکانی دونیای نووسین، هەر لەبەر ئەوەیشە لە دێر زەمانەوە پێگەیەکی پڕ لەبەهای لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و دەوڵەمەندکردنی دیدی مرۆڤایەتیدا هەبووە. هونەری وەرگێڕان زۆر گرانە و مرۆڤ تەنها بەزانینی زمانی دایک و زمانێکی تر نابێتە وەرگێڕ. وەرگێڕان هونەرە، هونەری ئاشنابوون بە کولتوورێکی تر، بەشێوازەکانی بیرکردنەوە، بە چۆنیەتیی بەکارهێنانی دیالێکت و هەڵبژاردنی وشەکان، بەچۆنیەتیی گوزارشت و خوێندنەوەی پشتەوەی وشەکان، بەماناکان و هەستکردن و گوێزانەوەی ئەتمۆسفێری نەژادی بەرهەمەکە. وەرگێڕان زمانزانینە و توانەوەیە لە زماندا. وەرگێڕی باش، دەبێت زمانی خۆی، بۆن و بەرامەی خۆی، گۆرانیی خۆی، ڕیتم و ئاوازی خۆی لەبەرهەمە وەرگێڕدراوەکەدا بدۆزێتەوە و بەئاسانی بەنێو ڕووداوەکاندا بڕوات و تێیان بگات. وەرگێڕی باش، کارەکەی داهێنانە و دەبێت بزانێت بەهۆی وەرگێڕانەوە چی لە نێوان کولتوورەکاندا، لەنێوان زمانەکاندا و لەنێوان ئەندێشە و واقیعدا ڕوو دەدات و چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم هەموو مۆتیڤانەدا دەکات، دەبێت سنوورەکانی زمان بزانێت و دیاری بکات. وەرگێڕان هەر وەرگێڕانی وشە نییە و زمان هەمیشە لە ناوەنددا نابێت؛ وەرگێڕی باش ئەو کەسەیە، کە بێدەنگی لە زماندا دەنووسێتەوە، کە وێنەکان دەکات بە زمانێکی بینراو و هەستپێکراو. شانۆیش لایەنێکی گرینگی ئەم پرۆسەیەیە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە. دەقی شانۆنامەیش یەکێکە لە گرینگترین توخمە سەرەکییەکانی هەموو پرۆسەی شانۆ و نواندنێکی شانۆیی، مێژووی شانۆی جیهانیش هەر لە گرێکەوە تا ئەمڕۆمان لەسەر بنەماکانی ئەو شانۆنامانە ڕۆنراوە، کە بە درێژایی مێژوو نووسراون. هونەری شانۆنامەنووسین دێرینترین شێوازەکانی دەربڕینە و زۆر لەپێش بوارەکانی ترەوە دەرکەوتووە. ئەگەر ئیسخیلۆس و سۆفۆکلیس و یوربیدس شانۆنامەکانیان نەنووسیایە، ئەریستۆیش نەیدەتوانی هونەری شیعرەکەی بنووسێت و شانۆیش دروست نەدەبوو یان بەم شێوە و فۆرمەی ئێستا نەدەخوڵقا . یەکێک لەقەیرانەکانی شانۆی کوردیش نەبوونی دەقی شانۆی خۆماڵی و شانۆی جیهانییە؛ شانۆی خۆماڵی نەک نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی بتوانێت پێداویستییەکانی ڕەوتی شانۆی کوردی دابین بکات، بەڵکو ئامادەبوونێکی ئەوتۆیشی نییە و وایش چاوەڕوان ناکرێت لە داهاتوویەکی دیاردا بتوانرێت ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە. تائێستا شانۆی کوردی پشتی بەو شانۆنامانە بەستووە، کە لە زمانی دووەم یا سێیەمەوە بە کۆمەڵێ هەڵەوپەڵە و سانسۆرکارییەوە وەرگێڕدراون بۆ زمانی کوردی، نەک ڕاستەوخۆ لە زمانی یەکەمەوە. بۆیە خوێنەر و شانۆکارانی کورد لە ڕێگەی وەرگێڕانەکان لە زمانی عەرەبی و فارسییەوە شانۆنامە ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئەڵمانی و… تاد خوێندۆتەوە. دیارە هەڵە و کەموکووڕییەکان لەم جۆرە وەرگێرانانەدا، هێندەی بۆ شانۆ هەستیارە، ڕەنگە بۆ ژانرەکانی تر وا نەبێت، سەبارەت بەوەی شانۆنامەکان، دواجار، نەمایش دەکرێن. ئەمە جگە لەوەی وەرگێڕانی شانۆی جیهانی زۆر گرینگە بۆ ئەوەی ئێمەیش بزانین مێژوو و ڕەوتی شانۆی جیهانی چۆن ڕۆیشتووە و چۆن گەیشتۆتە ئەم ئاستە. هەروەها بۆ ئەوەی ئێمەیش بتوانین لە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەکانماندا بگەڕێینەوە سەریان و سوودیان لێوەربگرین و بشبنە سەرچاوەیەک بۆ قووتابیانی پەیمانگا و کۆلێژەکانی هونەر و خوێندنی شانۆ.
بەپێی ئەو ئاگادارییەی، کە ئێوە هەتانە سەبارەت بە کتێبخانەی شانۆی کوردی، لەکەیەوە بابەتی وەرگێڕانی شانۆنامە دەستی پێ کردووە؟ لێرەدا دەکرێت ئاماژە بۆ ئەو ناوانە بکەن، کە دەستیان هەبووە لە دروستکردنی کتێبخانەی شانۆی کوردیدا، بەتایبەت کە لەم چەند ساڵەی دواییدا وەرگێڕانی شانۆی بیانی بە زنجیرە دەست بەکار بوو، ئێوە وەک سەرپەرشتیاری ئەو پرۆژەیە کارتان دەکرد. دەکرێت باسی دروستکردنی ئەو پرۆژەیە بکەن و هەنگاوەکانی داهاتوویشتان باس بکەن؟ بە تایبەت ئەو زنجیرەیە پێشتر لەلایەن دەزگای ئاراس چاپ و بڵاودەکرایەوە، لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت، کە دەزگای ناوبراو دادەخرێت، ئایا ئەو پرۆژەیە چی بەسەر دێت؟
کتێبخانەی شانۆی کوردی زۆر هەژارە، بە بەراوردیش لەگەڵ بوارەکانی تردا هەر هیچی تێدا نییە و تەنها لەم چەند ساڵەدا هەندێک گوڕی داوەتە خۆی و بەهۆی چەند کەسێکی دیاری کراوەوە، خەریکە کتێبخانەی شانۆی کوردیش دەبووژێتەوە. تاک و تەرایش شانۆنامە لێرە و لەوێ، کە زیاتر لە عەرەبییەوە کراوە بەکوردی هەر بڵاوکراونەتەوە، بەڵام ئەوە نەبووە کە دیاربێت یان کارێکی وابووبێت بۆشاییەکی پڕکردبێتەوە. زنجیرەی شانۆی جیهانی تاکە هەوڵێکی سیستێماتیک و جیدی وەرگێڕانی شانۆنامەیە، کە لەزمانی یەکەمەوە کراوە بەکوردی و شانۆ و کتێبخانەی شانۆی کوردییان دەوڵەمەند کردووە.
سەرەتای پڕۆژەکەیش دەگەڕێتەوە بۆ هەشت ساڵ لەمەوبەر، من وەک پێشنیاز خستمە بەردەستی کاک (بەدران ئەحمەد حەبیب)؛ بەرپرس و بەڕێوەبەری دەزگای ئاراس، کە مانگانە شانۆنامەیەکی وەرگێڕدراو بەسەرپەرشتیی من بڵاو بکرێتەوە. جێگای سوپاسە، کە کاک بەدران بەبێ هیچ چەندوچۆنێک ڕەزامەندیی لەسەر دەربڕی و لەو کاتەوە دەست بەکارین. خوا هەڵناگرێت هەندێک برادەر هەر زوو خۆیان گەیاندە دەزگای ئاراس و کاک بەدران، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە بەردەوام نەبێت، بەڵام ئەمساڵ ژمارەکانی ئەو زنجیرەیە دەگاتە ٧٤. ئێمە توانیمان بەبێ خانووبەرە و ئۆتۆمۆبیل و کورسی و مێز و فەڕاش و دەست و پێوەند و بوودجە و بە پارەیەکی کەم ئەم کارەبکەین. بەداخەوە، دەزگای ئاراس لە پارەوە داخراوە، ئەمەیش گورزێکی توندبوو، نەک تەنها لە زنجیرەکە، بەڵکو لەهەموو بزووتنەوەی ئەدەب و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی وەشێنرا. زنجیرەی شانۆی جیهانی ٦٥ ژمارەی لە دەزگای ئاراس لێ دەرچوو، ئەمەیش ژمارەیەکی زۆرە و کەس لەوبڕوایەدا نەبوو بەردەوام بێت. من و کاک بەدران، هەر لە سەرەتاوە، باسی ئەوەمان کردبوو، کە ١٠٠ ژمارە لەم زنجیرەیە بڵاو بکەینەوە، ئێستایش کە ئەو دەزگایە داخراوە، من و هاوکارەکانم لە هەوڵی ئەوەداین ئەو گفتەی خۆمان بەرینەسەر. بۆ ئەم مەبەستە زنجیرەکەمان گواستۆتەوە بۆ (خانەی وەرگێڕان) لە سلێمانی و لەوێ بەردەوام دەبێت، تا چەند ئەوەیان نازانم، بەڵام ئەمساڵ لە ٧٠ ژمارە تێدەپەڕێت و زۆر نزیک بووینەتەوە لە وێستگەی کۆتایی و ژمارە ١٠٠ەوە.
هەر لەبارەی ئەو پرۆژەیەوە، دەکرێت باسی ئەوە بکەن، چۆن شانۆنامەکان دەستنیشان دەکەن بۆ وەرگێڕان، ئایا شانۆنامەکان، کە زۆربەیان لەزمانی یەکەمەوە وەردەگێڕدرێن مافی وەرگێڕانیان وەردەگیرێت؟ لیژنەیەکی تایبەت هەیە بۆ دەستنیشانکردنی دەقەکان؟ یاخود وەرگێڕەکان خۆیان شانۆنامەکان دەستنیشان دەکەن؟
هەر کارێک لیژنەی تێکەوت، ئەوە بزانە بە هیچ ئەنجامێک ناگات، هەر بۆ نموونە سەیرکە، حووکمەتی عێراق هەربیەوێت کێشەکانی بەغدا و هەرێم چارەسەر نەکات، ئەوا چەند لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان بەغدا و هەرێمدا، بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دروست دەکات. ئێمە هیچ لیژنەیەکمان نییە و زۆربەی زۆری شانۆنامەکان من هەڵیان دەبژێرم. سەبارەت بە مافی وەرگێڕان، نازانم ئەو هەموو وەرگێڕە ئەمڕۆ لە کوردستان و دەزگاکان، کە کتێبی وەرگێڕدراو بڵاو دەکەنەوە، چەندیان مافی وەرگێڕانیان وەرگرتووە؟ ئەمە پرسیارێکی گرینگە و شەرعیەت و سومعەیش دەدات بەو دەزگایانە و بە وەرگێر و بە بەرهەمە چاپکراوەکانیش. ئەوەندەی من ئاگاداربم، لە کوردستان هیچ دەزگایەک ڕەچاوی ئەم جۆرە شتانە ناکات، لەبەر ئەوەی پارەی تێدەچێت و کاتێکی زۆریشی دەوێت. بەڵام دەزگای ئاراس لەم ڕووەیشەوە هەوڵی دابوو، دەیویست دەزگاکەی مۆرکێکی نێونەتەوەیی وەربگرێت و بچێتە نێو بازارەکانی جیهانەوە و مامەڵە لەگەڵ دەزگاکانی ئەوروپا و جیهان بکات. بۆ بەشێک لە شانۆنامەکان مافی وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەمان کڕیبوو. بێگومان شاکارە کلاسیکییەکان پێویستیان بە وەرگرتنی مافی بڵاوکردنەوە نییە. شانۆنامە سوێدییەکانیش، بۆ نموونە لاش نۆرێن و ئێرک ئودنباری، کە هەندێکیان من خۆم کردوومن بەکوردی، مافی وەرگێڕانەکەیم ڕاستەوخۆ لە نووسەرەکانیان وەرگرتبوو.
ئایا وەرگێڕەکان چۆن دەستنیشان دەکەن بۆ وەرگێڕانی شانۆنامەکان؟ هیچ پێوەرێکتان هەیە، ئەگەر هەتانە، ئەو پێوەر و مەرجانە چین بۆ ئەو وەرگێڕانەی، کە دەیانەوێت شانۆنامەکان وەبگێڕن؟
من بۆ ئەم پرۆژەیە گرووپێکی بچووکم لە بەشێکی گەورەی جیهانەوە کۆکردۆتەوە و هەمووشیان خاوەنئەزموونن. ئەم گرووپە جگە لە ئەزموون و زمانزانی و جدییەتی کار و پەرۆشی، کەسانێکی لەخۆبوردوو و بەئەمەک و سنگفراوانن و خاوەنی قەڵەم و ڕۆشنبیرین. هەرهەمووشیان لە بنەڕەتدا نووسەر و شاعیرن، دەخوێندنەوە و دەنووسن و خوێندنیان لەو وڵاتانەی تیادا دەژین تەواو کردوە و لەسەر ئاستێکی بەرزیش ئاگاداری بزووتنەوەی هونەری و ڕۆشنبیری وڵاتەکانیانن. من زۆرجار لەگەڵیان دەکەومە گفتوگۆ و باسی ئەدەب و شانۆ لە سوێد، فەرەنسا، ئەڵمانیا، نەمسا، کەنەدا… هتد دەکەم. من ئاگادارییەکی وردی شانۆم چ لەسوێد و چ لەئەوروپا و جیهاندا هەیە، پەیوەندیم بە شانۆ و شانۆکارەکانەوە هەیە و دەزانم لە سوێد و لە ئەورپایش چی نەمایش دەکرێت و چۆن کار دەکەن. هەروەها ئاگام لە مێژووی شانۆیە و دەزانم چ شانۆنامەیەک گرینگە و چ شانۆنامەیەک پێویستە. هەر لەم ڕوانگەیەیشەوە شانۆنامەکان هەڵدەبژێرم و لەگەڵ ئەو بەڕێزانەی کارم لەگەڵ دەکەن گفتوگۆی لەسەر دەکەین. من خۆم شانۆکارم، سەرەتا بە نواندن دەستم پێ کردووە، تەنانەت لە سوێدیش بە زمانی سوێدی نواندنم کردووە و لە شانۆ گەورەکانی دەوڵەتدا کارم کردووە، لەبەر ئەوە دەزانم زمانی شانۆنامە دەبێت چۆن بێت. دوای وەرگێڕانی هەموو شانۆنامەیەک من دەقەکە زۆر بەوردی دەخوێندمەوە، هەر تێبینی و پرسیارێکم هەبێت ئاڕاستەی وەرگێڕەکانی دەکەم و ئەوانیش ڕەچاوی دەکەن. زۆرجار گفتوگۆی دوورودرێژمان دەبێت و چەندین جار بەسەر دەقەکاندا دەچینەوە. هەندێک جار لێرە و لەوێ گوێم لێ دەبێت، کەسانێکی نەزان دەڵێن شانۆنامە شانۆکار خۆی، ئەکتەر و ڕیژیسۆرەکان، دەبێت وەریان بگێڕنە سەر کوردی، ئەم قسەیە هەر زۆر دوورە لە واقیعەوە و تەنها شەڕفرۆشتنە؛ ئادەی ناوی چوار ئەکتەر یان ڕیژیسۆرم پێ بڵێ کە جگە لە زمانەکەی خۆیان زمانێکی تر دەزانن؟ ئەگەر قسەکەی ئەو کەسانە ڕاست بێت، دەبێت هەر شاعیر شیعر وەربگێڕیت و هەر ڕۆمانووس ڕۆمان وەربگێڕێت، لەکاتێکدا واقیع سەبارەت بەمە شتێکی ترە. زۆربەی ئەکتەرەکان زمانەکەی خۆشیان شەق و شڕە! من کەم شانۆنامە هەیە، کە لە سوێد پێشکەش دەکرێت نەم دیبێت، ئەمە جگە لەوەی من هەمیشە لەسەفەرم و بچمە هەر وڵاتێک دەچمە شانۆکانیان و نەمایشی شانۆیی دەبینم. تائێستا نەمدیووە ئەکتەرەکان خۆیان ئەو شانۆنامە وەرگێڕدراوانەی دەوری تێدا دەبینن خۆیان وەریان گێڕابن. زۆر کەم ڕێک دەکەوێت، ڕیژیسۆرێک لەسەرەتای پرۆژەکەوە لەگەڵ وەرگێڕێک ڕێک دەکەوێت، کە دەیناسێت و لەوبەر پێکەوە کاریان کردووە، دەقەکە پێکەوە وەردەگێڕن. ئەو پرۆژەیەی ئێمەیش بێ کەموکوڕی نابێت، بەڵام کەموکوڕییەکانی ئێمە زۆر لە باڵای پرۆژەکە بچووکترە. تەنها و تەنها ئەو کەسانە هەڵە ناکەن و بێ کەموکوڕین، کە هیچ ناکەن و خۆیان هیچ بەرهەمێکیان نییە و هەرخەریکی قسەی زل و ئاغایەتین. مەرجی ئێمەیش بۆ وەرگێڕەکان ئەوەیە، کە کوردییەکی باش بزانن، خاوەنی ڕۆشنبیری بن و ئەو زمانەی، کە وەرگێڕانیشی لێوە دەکەن، باش بزانن. وەرگێڕانیش وەک هەموو پیشە و کارێکی تر ئەزموونە و چەند کاربکەیت، هێندە شارەزا دەبیت و قووڵ و قاڵ دەبیت لە کارەکەتدا.
لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە: ئێوە لەو پرۆژەیەدا چۆن کارتان لەسەر بابەتی تایبەتمەند لەنووسەر یان شانۆی وڵاتێکدا کردووە، بۆ نموونە لەلای وەرگێڕەکان، کە شانۆنامەیەکی ستریندبێرگ یان بێکێت وەردەگێڕن تا چەند گرینگە ئەو وەرگێڕە ئاگاداری ژیانی نووسەر و تایبەتمەندییەکانی بێت و تا چەند ئێوە لەهەڵبژاردنی وەرگێڕێدا گرینگیتان بەم لایەنە داوە؟
بێگومان ئەمە بەشێکی گرینگ و جیانەکراوەی پرۆسەی وەرگێڕانە، ئێمە کۆمپانیای وەرگێڕانمان نییە و کاری وەرگێڕان بۆ دامودەستگاکان ناکەین تا هەرچییەک بێتە بەردەستمان وەک وەزیفەیەک دەستبەجێ بیکەینە کوردی. هەروەها بەرنامەی کۆمپیوتەریش نین، تا شتەکان بەشێوەیەکی میکانیکی و بێگیان بخەینە بەر دەستی خوێندەواران. زۆرجار ژیانی نووسەر و ئەو سەردەمانەی تیایدا ژیاون و پەیوەندییەکانیان بە شانۆکانی ئەو ڕۆژگارەوە، چەندە بۆ لێکۆڵینەوە و ساخکردنەوەی بیێوگرافیای نووسەر و بەرهەمەکانی جێگای گرینگیپێدانە، هێندەیش بۆ وەرگێر و پرۆسەی وەرگێڕان. هەر بۆ نموونە، ستریندبێرگ نووسەرێکە لە بەرهەمەکانیدا ژیاوە و کۆی بەرهەمەکانی، بێگومان بە شانۆنامەکانیشیەوە، بێوگرافیای ژیانی خۆیەتی. ئەم نووسەرە لە شانۆنامەی خاتوو ژولیا، باوک، بەرەو دیمەشق، جەژنی هەڵسانەوە… هتد لەژیانی خۆی و پەیوەندییەکانی بەدونیای دەرەوە و بەرکەوتنەکانی لەگەڵ ژنەکانی، نووسیوە. شانۆنامەکانی ڕەنگدانەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئەو ژیانەیە، کە تیایدا ژیاوە و واقیع و ئەندێشە، ئەندێشە و واقیع هەر وەک شانۆنامەکەی خۆی (خەونەنمایشێک) تێکەڵاو بووە و خەون و ئەندێشە و واقیع، لەسەر ئاستێکی بەرز، یەکتری، تەواو دەکەن. کاک خەبات عارف، کە بەشێکی زۆری شانۆنامەکانی ستریندبێرگی کردووە بە کوردی، نەک هەر ئاگای لەو ژیانەیە، بەڵکو خوێنەرێکی بەسەلیقەی بەرهەمەکانی ئەم نووسەرەیە و بەباشی دەیناسێت و من دڵنیام لە وەرگێڕانی هەر وشە و ڕستە و دەستەواژەیەکدا، دەیان هەڵوەستە دەکات و یەخەی ستریندبێرگ دەگرێت. من خۆم کتێبێکم لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ستریندبێرگ نووسیوە، کە نیازە لەم چەند مانگەدا بکەوێتە بازاڕەوە، ئەو پەیوەندییە چڕ و دینامیکییەی نێوان ستریندبێرگ و بەرهەمەکانیم، بەتایبەتیش شانۆنامەکانی، ڕوون کردۆتەوە.
وەرگێڕەکانی تریش بەهەمان شێوە؛ دلاوەر قەرەداخی، چەندین ساڵ لەسوێد ژیاوە و دەزانێت جیاوازییەکانی زمانی سوێدی لەناو کتێب و لەسەر شانۆکان لە چیدایە. ئەو نەک هەر بە خۆشەویستییەوە شانۆنامەکانی لاش نۆرینی کردووە بە کوردی، بەڵکو توانیویەتی زمانەکەی، بێدەنگی و وچانەکانیشی بدۆزێتەوە و لەتێگەیشتنێکی قووڵەوە، لە ژیان و بەرهەمەکانی لاش نۆرین بڕوانێت و هەر لەوڕێگایەیشەوە بتوانێت تێکەڵاوی ئەو پرۆسەی وەرگێڕانە ببێت. ئەم مەسەلەیە لەلای ئەوانی تریش، بەهەمان شێوە دووبارە دەبێتەوە، عەلی عوسمان، فاروق هۆمەر یان کەریم پەڕەنگ… هتد بەهەمان زەمینەی تێگەیشتن و ناسینی ڕەوتی ژیانی نووسەرەکانەوە ڕووبەرووی پرۆسەی وەرگێڕان دەبنەوە، ئەمە جگە لەوەی ئەم بەڕێزانە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندن.
وەک پێشتر گوتم وەرگێڕان تەنها وەرگێڕان و زانینی دوو زمان نییە، ئەو بەرێزانەیشی لەم زنجیرەیەدا تاکو ئێستا کاریان کردووە بەم رۆح و بەم تێگەیشتن و بەم دونیابینییەوە کاریان کردووە.
بەبڕوای ئێوە جیاوازی لەنێوان وەرگێڕانی شانۆنامە و ژانرەکانی تری ئەدەبدا هەیە؟ “ئەگەر هەیە ئەو جیاوازیانە لەچیدا دەبینیت.”
لە زماندا. زمانی شانۆ جیاوازە لە زمانی ژانرەکانی تر. شانۆ هونەرێکە لە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ بینەرەکانی و ڕیتم و لۆژیک و ستراکتوری خۆی هەیە. زمانی شانۆنامە دەبێت زمانێکی ساکار و لەهەمانکاتدا قووڵ بێت و بێ تەمومژ شتەکان بگەیەنێتە بینەرەکانی و هەموو کەسێک، بەبێ جیاوازیی ئاستی ڕۆشنبیری و پلەی خوێندن تێی بگات و ڕەچاوی ئاستەکانی مرۆڤی کومەڵ بکات. ئەمەیش مانای ئەوە ناگەیەنێت، زمانی بازاڕ و سەرتەنوور بە کار بهێنرێت. ناشکرێت بەهەمان زمانی ڕۆمان، شیعر یان لێکۆڵینەوە شانۆنامە وەربگێڕدرێت. ئەمەیش یەکێکە لەگرفتەکانی ئەو دەقانەی کراون بە کوردی. ئێمە لە زنجیرەکەدا هەوڵمان داوە ئەو زمانە بدۆزینەوە، کە لە زمانی شانۆ و ئەکتەرەوە نزیکە و زمانێکی سروشتی و پاراومان بەکارهێناوە، بەبێ ئەوەی خۆمان لە بنەماکانی زمانی ستانداری کوردی بدزینەوە. ئەوەیشمان لە بیر نەچێت شانۆیش ئەدەبە و زمانی شانۆنامەنووسەکانیش جیاوازە و هەموویان بەیەک زمان نەیانوسیووە؛ زمانی شەکسپیر لەزمانی هارۆڵد پینتەر ناچێت، برێشت وەک پیتەر ڤایس زمانی بەکار نەهێناوە، زمانی بێکێت هەر زۆر جیاوازە و ستایلێکی تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئەو کەسانەیشی، کە خۆیان شانۆکار بوون، وەک پینتەر و برێشت و شانۆنامەیان نووسیوە سەرکەوتووتر بوون لە شانۆنامەنووسەکانی تر.
لەئێستادا تا ڕادەیەک کتێبخانەی کوردی خاوەنی شانۆنامە جیهانییەکانە بەزمانی کوردی. بەڵام ئەوەی، کە لە کتێبخانەکانماندا نابینرێت یان زۆر کەمە، بابەتی تیۆرییە لەبواری هونەر بەگشتی و شانۆ بەتایبەتی، بەبڕوای ئێوە چۆن دەکرێت بۆ بواری تیۆری شانۆ کاربکرێت و بەئەرکی کێی دەزانن؟ ئایا ئێوە، کە کارتان لەسەر وەرگێڕانی زنجیرەی شانۆی جیهانی کردووە، هیچ پرۆژەیەکتان بۆ وەرگێڕانی بابەتە تیۆرییە شانۆییەکان نییە؟
با، من پرۆژەیەکی هاوشێوەم بۆ کتێبی تیۆریش هەبوو، بڕیار وابوو لە دەزگای ئاراس بڵاو بکرێتەوە و هەندێک هەنگاویشمان بۆ نا، لەوانە (ئەکتەری نەبینراو) کە فاروق هۆمەر لە ئینگلیزییەوە کردویەتی بە کوردی و ساڵی پار، فریاکەوتین چاپی دووەمی لە دەزگای ئاراس بڵاوبکەینەوە. چەند برادەرێکی تریش خەریکی وەرگێڕانی هەندێک کتێبی ترن، لەوانە کتێبە دەگمەنەکەی ئەنتۆنین ئارتۆ (شانۆ و هاوشانۆ) کە مستەفا قەسیمی هاوڕێم لە فەرەنسییەوە کردوویەتی بە کوردی. بەڵام کە ئێستا دەزگای ئاراس نەماوە، کێ ئەم کتێبانە بڵاو بکاتەوە، دەزگاکانی کوردستان خۆیان لە چاپکردنی کتێبی شانۆ دەدزنەوە و پێیان وایە، کە کتێبی شانۆ کەس نایکڕێت و هیچ قازانجێکی تێدا نییە و هەروا دەمێنتەوە؟