من ئەو شاعیرەی ناوەوەتم خۆش دەوێت
هەندێک لە گفتوگۆکانی نێوان ئەنتۆنان ئارتۆ و ئەناییس نین
ئامادهکردن و وەرگێڕانی لە سویدییەوە: دانا رەئووف
(ئەناییس نین) ١٩٠٣-١٩٧٧ خانمێکی کۆسمۆپۆلیتیک، نووسەر و ڕۆژنامەنووس بووه، لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا لە پاریس ژیاوە و پەیوەندییەکی چڕ و کراوە و زۆری بە نووسەرانی سەردەمەکەی خۆیەوە هەبووە، بۆ نموونە لەوانە هێنری میللەر و ئەنتۆنان ئارتۆ. ئەم خانمە بە یاداشت و یادەوەرییەکانی، کە لە حەوت بەرگدا بڵاو کراونەتەوە و وەرگێڕاونەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دونیا، ناوبانگی له ههموو جیهاندا دهرکردووه. لەم یاداشتانەیدا بەوردی پەردەی لەسەر هەموو پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ نووسەر و هونەرمەندەکاندا هەڵداوەتەوە و چی لەنێوانیاندا ڕوویداوە، تۆماری کردوون. لێرەدا هەندێک لەو پەیڤ و گفتوگۆیانەی نێوان ئەناییس نین و ئارتۆ دەخەمە ڕوو، کە ئەناییس نین، لە یاداشتەکانیدا دەیانگێڕێتەوە. ئەناییس نین و ئارتۆ هاوڕێ بوون و ئارتۆ هەستێکی بەهێزی خۆشەویستی بۆ ئەناییس نین هەبووە.
ئارتۆ
مرۆڤ بۆ من وەک تارمایی دهردهکهون و من گومانم لە ژیان هەیە و لێی دەترسم، هیچ شتێک بۆ من لە واقیع ناچێت؛ من هەوڵ دەدەم بچمە ناوییەوە، بەشێک بم لەو. من لەو بڕوایەدا بووم، کە تۆ زۆر لە من لەگەڵ دونیا و واقیعدا گونجاویت، ئەو شێوازەت کە لەگەڵ دونیادا دەیگوزەرێنی و دەگونجێیت، درەوشاندنەوەکەت. من لە هەموو ژیانمدا هیچ ئافرەتێکم نەدیووە، کە ئاوا ڕۆحانی دهرکهوێ، لەگەڵ ئەوەیشدا تۆ مرۆڤێکی گەرمی. هەموو شتێک، لە تۆدا، من دەترسێنێت، چاوە گەورەکانت، چاوە زێدە گەورەکانت، چاوە تیژ و سهرنجڕاکێشهکانت، کە هەر دەڵێی پەشمەکن، چاوە ڕوونەکانت؛ لەوە ناچێت هیچ نهێنی و ڕاز و نیازێکیان تیادا بێت، مرۆڤ لەو بڕوایە دایە، کە هەموو شتێکی لێوە دەبینێت، تۆی لە چاوتروکانێکدا تیا دەبینریت، لەگەڵ ئەوەیشدا، لە ژێر ئەو ڕوونییەی چاوەکانتدا، ڕاز و نیازێکی بێ سنوور هەیە، لە پشت چاوە ڕووتە ئەفسانەییەکانتەوە.
ئەناییس نین دەڵێت ئارتۆ بە زمانێکی نەرمی میهرەبانییەوە پێی گوتم: “لە خەڵک وایە من شێتم، تۆ لەو بڕوایەدایت، کە من شێت بم؟ ئەمە ئەو شتەیە تۆ دەترسێنێت؟”
ئەناییس نین دەڵێت: من لەو ساتەوەختەدا دەمزانی ئارتۆ شێتە، من ئەوەم لە چاوەکانیدا دەبینی، دەشمزانی کە من ئەو شێتێتییەی ئەوم خۆشدهویست، من ئەوەم لە دەمیدا دەبینی، کە لێوەکانی بە مادەی هۆشبەر ڕەش هەڵگەڕابوون، دەم و لێوێک من نەم دەویست ماچییان بکەم. ئارتۆ ماچت بکات، وەک ئەوە وایە لەگەڵ ئەو بەرەو مردن ڕاتبکێشن، بەرەو نەخۆشی شێتیی؛ دەشمزانی، کە ئەو لە ڕێگای خۆشەویستی ئافرەتێکەوە دەیویست بگەڕێتەوە بۆ ژیان، سەرلەنوێ هەڵستێتەوە، لە دایک ببێتەوە، گهرم بێتەوە، سهبارهت بهو گومڕابوونهی ئهو لهبهرامبهر ژیاندا، سهخت بوو بچێته ژێر باری خۆشهویستییهکی ئاسایی مرۆڤانهوه. من بە ئارتۆم گوت، ئەو شاعیرەی ناوەوەتم خۆش دەوێت.
ئەناییس نین لە شوێنێکی تردا دەڵێت: نزیک بوونەوە لە ئارتۆ تووشی ئەو ژەهرەت دەکات، کە خەریکە ئەو دەشێوێنێت و تێکی دەدات، بە دەستەکانی خەونەکانمی گرتووە، لەبەر ئەوەی وەک خەونەکانی ئەو وا بوون. من لە ناوەوەمدا جێگا بۆ ئەو شیعرە دەکەمەوە، کە لە خەونەکانمدا دێن و دەچن، لەبەر ئەو ژان و ئاگرەی لەودایە، بەڵام بۆ مرۆڤ نا. من ناتوانم لە ڕووی جەستەییەوە خۆم بەوەوە ببەستمەوە.
ئارتۆ
/…/ من بۆم دەرکەوتووە، کە تەنییاییە هەتاهەتاییەکەم پڕ بووە، بە هەموو شێوەیەک. بە شێوەیەک پڕ بووە، کە دەمترسێنێت؛ چارەنووس ئەوەی بۆ ڕەخساندووم، زۆر زیاتر لەوەی خەونم پێوە دەبینی./…/
ئارتۆ
/…/ شتێکی تر ئێمە پێکەوە دەبەستێتەوە: بێدەنگییەکانت. بێدەنگییەکانت لەوانەی من دەچن. تۆ تەنها کەسێکیت، کە لە بێدەنگییەکەمدا لەبەرامبەریدا هەست بە شەرم ناکەم. تۆ بێدەنگییەکی گشتگر و تەواوت هەیە: مرۆڤ هەست دەکات، کە بێدەنگییەکەت هەڵگری بەهایەکی گرینگە، پڕ لە ژیانە، وەک سەرقاپێک لەسەر شوێنێکی قووڵ لابەریت، کە مرۆڤ دەتوانێت لە قووڵایی زەوییەوە گوێی لە چرپەکان بێت. هیچ شیعرێکی درۆ لەم قسانەی مندا نییە، کە ئێستا من بە تۆی دەڵێم، خۆت ئەمە باش دەزانیت. من دەمەوێت بەم شێوە بەهێزە گوزارشت لە خۆم بکەم، ئەو کاریگەرییە ڕاستەقینانەی لە تۆوە وەرمگرتوون. کە لە وێستگەکە پێکەوە وەستابووین پێم گوتی: “ئێمە وەک دوو ڕۆحی لە دەستچوو واین لە فەزایەکی ئێجگار بێ سنووردا”، من هەستم بەم بێدەنگییەت کردبوو، ئەم بێدەنگییە پڕە لە جووڵە، کە قسەی بۆ من دەکرد وای لە من کرد، بمەوێت لە خۆشیدا بگریم./…/
ئارتۆ
من نامەوێت تۆ لە دەست بدەم.
ئەناییس نین
تۆ من لە دەست نادەیت.
ئارتۆ
نارکۆتیکا خەریکە دەمکوژێت. من هەرگیز ناتوانم وا لە تۆ بکەم منت خۆش بووێت… تۆ لای خۆم بهێڵمەوە. تۆ مرۆڤیت. تۆ خۆشەویستییەکی تەواوت دەوێت.
ئەناییس نین
جووڵەکان هیچ ناگەیەنن. من ئەو جۆرە پەیوەندییەم لەگەڵ تۆ ناوێت، بەڵکو جۆرێکی تر، لەسەر ئاستێکی تر.
ئارتۆ
ڕاناکەیت لێم؟ دوورناکەویتەوە و ون نابیت؟ تۆ بۆ من هەموو شتێکی، تۆ دانسقە و جیاوازی. هەرگیز لەوەوبەر ئافرەتێکی وەک تۆم نەدیوە. باوەڕ ناکەم. من ترسی گهورهم ئهوهیه، ئهمه ههمووی خهون بێ. تۆ ون بیت.
ئەناییس نین
ئارتۆ دەستەکانی گرژ کردبوون، دەستی منی گرت، وەک کەسێک کە خەریکە دەخنکێت.
مانگی هەشتی ساڵی ١٩٣٣
دیمەنێک لەگەڵ ئارتۆ.
ئەو پێی گوتم، بەرلەوەی تۆ هیچ شتێک بڵێیت، پێویستە من ئەوە بە تۆ بڵێم، کە من لە نامەکانتەوە تێگەیشتووم، تۆ چیتر منت خۆش ناوێت، یان ڕاستر، کە تۆ هەرگیز منت خۆش نەویستووە. خۆشەویستییەکی تر تۆی داگیر کردووە. بەڵێ، من دەزانم. هەست دەکەم و لەوانەیە ئەو خۆشەویستەیش باوکت بێت. هەموو گومان و دوو دڵییەکانی من سەبارەت بە تۆ ڕاست دەرچوون. هەست و سۆزی تۆ لەقە و جێگیر نین و هەمیشە دەگۆڕدڕێن. ئەم خۆشەویستییەیش بۆ باوکت هەتانە، شتێکی قێزەوەنە، من دەبێت ئەمەتان پێ بڵێم. تۆ ئەو وەهمە دەدەیت بە هەموومان، کە هەموو خۆشەویستی خۆتت پێ داوین، من لەو بڕوایەشدام کە من تەنها کەسێک نیم تۆ ناپاکیت لێ کردبێ، من هەست دەکەم تۆ چەندان پیاوی ترت خۆش دەوێت. من هەست دەکەم ئەلێنیدی-ت بریندار کردووە، لەوانەیشە کەسانی تریش.
ئەناییس نین دەڵێت، کە ئارتۆ ئەم قسانەی پێ گوتم، من بە بێدەنگی دانیشتم. بەرگریم لە خۆم نەکرد و پێم نەگوت ئەوەی تۆی دەیڵێیت هەڵەیە و وانییە، بەڵام ئارتۆ هەڵە بوو کە شتەکانی بەو شێوەیە لێک دەدایەوە. ئەو هەموو شتێکی بە پیس دەبینی.
هۆڵی سیمینار لە سۆربۆن
ئالێندی و ئارتۆ لە پشت مێزە گەورەکەی مامۆستاوە دانیشتبوون. ئالێندی “ئارتۆ”ی به خهڵکهکه ناساند. هۆڵەکە پڕ بوو لە خەڵک. تەختە ڕەشەکە باکگراوندێکی زۆر سەیری دروست کردبوو. خەڵکی لە هەموو تەمەنێک ئامادە بوون، ئەو خەڵکەی گوێیان لە سیمینارەکەی ئالێندی، سەبارەت بە دیدە نوێیەکان گرتبوو.
ڕووناکییهکه هێنده به شهوق بوو، بۆیه، وای له ئارتۆ کرد، پێڵووهکانی بخاته سهریهک، تا وەک دوو خاڵی ڕەش دهرکهون، بە تایبەتیش چاوەکانی ئەو زۆر قووڵ بوون. ئهمهیش وایکردبوو چاوهکانی بهگرانی بجووڵێنێتهوه. ئەو بهئازار دیار بوو. قژی، کە تا ئاستێکی زۆر درێژ بوو، جار بەجار دەکەوتە سەر ناوچەوانی. جووڵانهوهکانی، ئهکتهرئاسا، خێرا و ئاسایی بوو. سیمای دهموچاوی لاواز بوو، وەک ئەوەی بە نهخۆشی لهرزوتا وێران بوو بێت. چاوەکانی لەوە دەچوون مرۆڤ نەبینن. لە چاوی ئەوانە دهچوون، کە خەونی ئایندە دەبینن و دیدێکیان بۆ داهاتوو هەیە. قۆڵهکانی درێژ بوون، بە پەنجەی درێژەوە. بە تەنیشت ئەوەوە، ئالێندی ئارام و واقیعی دیار بوو. قورس و جدی بوو. ئەو لە پشت مێزی مامۆستاکەوە دانیشتبوو، بەهێز و لە بیر کردنەوەیەکی قووڵدا بوو.
ئارتۆ لەم هۆڵە گەورەیەدا چووە سەر شوێنی قسەکردنەکە و دەستی کرد بە باسەکەی سەبارەت بە “شانۆ و تاعوون”. ئەو داوای لە من کرد، کە لە ریزی پێشەوە دابنیشم. لەوە دەچوو ئەوەی ئەو دەیویست چڕبوونەوە بێت، فۆرمێکی باڵاتر لە هەست و ژیانی دەویست. ئەو هەوڵی دەدا ئێمە ئەوەمان بیر بکەوێتەوە، کە لەکاتی تاعووندا زۆربەی کارە بەرز و جوانەکان لە بواری هونەر و شانۆدا خوڵقاون، لەبەر ئەوەی، کە مرۆڤ لە ژێر هەڕەشەی مەرگدا بە دوای نەمریدا دەگەڕێت، یان هەوڵ دەدات ڕا بکات، یان لە خودی خۆی بگات؟ دواتر بە شێوەیەکی نادیار و نەبینراو سەرەداوی باسەکەی، کە ئێمە گوێمان بۆ ڕاگرتبوو بەردا و کەوتە گەمەی ئەوەوە، کە ئەو خۆی بە تاعوون مردووە. هیچ کەسێک بە تەواوی نەیزانی کەی دەستی پێکرد. بۆ ئەوەی سیمینارەکەیشی بەرجەستە بکات، ئەو خۆی ڕۆڵی ترسی مەرگی بینی. وشەی La Peste بە فەڕەنسی زۆر ترسناکترە لە The Plague بە ئینگلیزی. بەڵام هیچ وشەیەک نەیدەتوانی پێناسەی ئەوە بکات، یان ئەوە بگێڕێتەوە، کە ئارتۆ لە هۆڵی سیمینارەکەی سۆربۆن دەیکرد. ئەو تەواو سیمینارەکەی خۆی، شانۆ، بیروبۆچوونەکانی، دکتۆر ئەلێندی، کە لەوێدا بەتەنیشتییەوە دانیشتبوو، بینەران، قوتابییە گەنجەکان، ژنەکەی ئەلێندی، مامۆستاکان و دەرهێنەرەکانی لەبیر چووەوە.
سیمای دەمووچاوی لە ترساندا تەواو تێک چوو، مرۆڤ دەیبینی چۆن ئارەق هەموو قژی تەڕ کردبوو. چاوەکانی زەق بووبوونەوە، دەمارەکانی گرژ بووبوون، پەنجەکانی لە هەوڵی ئەوە دابوون لە جووڵە نەکەون. ئێمە هەستمان بە گەروە وشک و سووتاوەکەی دەکرد، ئازارەکانی، تا ئەو ئاگرەی لە ریخۆڵەکانیدا بوو. ئەو لە شەڕی دەستەویەخەدا بوو لەگەڵ مەرگ. دەیقیژان. دەیبۆڵاند. ئەو بەرجەستەی مەرگی خۆی دەکرد، لە خاچدانی خۆی.
سەرەتا خەڵکەکە واقییان وڕما بوو و دەمییان داچەقاندبوو. دوای ئەوە کەوتنە پێکەنین. هەموویان پێدەکەنین! کردیانە هەرا و دەنگە دەنگ. دوای ئەوە یەک لە دوای یەک چوونە دەرەوە، بە غەڵبەغەڵب و بە دەنگی بەرز ناڕەزایی دەربڕین. ئەوان دەرگاکەیان بە توندی لە دوای خۆیانەوە دەدا بەیەکدا. تەنها کەسێک، کە هیچ جووڵەی نەکرد ئەلێندی، ژنەکەی و لالیۆ و مارگەریتە بوون. ناڕەزایی زۆرتر لەناو بینەران دروست بوو. بوو بە گاڵتەجاڕی، بەڵام ئارتۆ بەردەوام بوو، تا کەوتە هەنسکەبڕێ و لەسەر ئەرزەکە لێی کەوت. کە هۆڵەکەیش ، جگە لەو گروپە بچووکەی هاوڕێکانی خۆی، چۆڵ بوو، ڕێک هاتە بەردەمی من و دەستی ماچ کردم. داوای لێ کردم لەگەڵی برۆم بۆ قاوەخانەیەک. ئەوانی تر هەموو سەرقاڵ بوون. ئێمە لە بەردەرگای سۆربۆن-دا لە هەموویان جیا بووینەوە، من و ئارتۆ چووینە دەرەوە. تەمێکی تەنک بوو. ئێمە بە پیاسە ڕۆیشتین، بە پیاسە بە نێو شەقامە تاریکەکاندا ڕۆیشتین. ئەو هەستی دەکرد بریندار بووە، سەری لەو گاڵتەپێکردنە دەرنەدەچوو. توڕەییەکەی خۆی ههڵدهڕشت. “ئەوانە هەمیشە دەیانەوێت گوێیان لە شتێک بێت؛ دەیانەوێت گوێیان لە سیمینارێکی بێلایەنە بێت سەبارەت بە شانۆ و تاعوون، بەڵام من دەمەوێت خودی هەستپێکرنەکەیان پێ بدەم، خودی تاعوونەکە، تا تووشی ترس ببن و خەبەریان بێتەوە. من دەمەوێت لەخەو خەبەرییان بکەمەوە. ئەوان نازانن، کە مردوون. مەرگی ئەوان تەواو گشتگرە، وەک کەڕ بوون، کوێر بوون. من ترسی مەرگم بەرجەستە کرد. مەرگی خۆم، بەڵێ، هەموو ئەوانەیشی لە ژیاندان.”
تەمەکە سیمای دەم و چاوی کردبووە سیحر، قژی لەسەر ناوچەوانی لادەدا. گرژ و گرفتار دەبینرا، بەڵام ئێستا بە شێوەیەکی ئارام قسەی دەکرد. ئێمە لە قاوەخانەی La Coupole دانیشتین. سیمینارەکەی لەبیر چووەوە. “من پانزە ساڵە هۆگری نارکۆتیکام. من، کە بۆ یەکەمجار نارکۆتیکام بەکارهێنا زۆر گەنج بووم، بۆ ئەوەی ئەو ژانە سەرە گەورەیەی هەمبوو، لە بیر بچێتەوە و چاک بێت. هەندێک جار هەست دەکەم، کە من نانووسم، بەڵکو پێناسەی خەباتێک دەکەم، خەباتی لە دایک بوون، لە ڕێگای نووسینەوە.”
ئەو شیعری خوێندەوە. ئێمە باسی فۆرممان کرد. شانۆ و کارەکانی.
“ئێوە چاوەکانتان سهوزه، هەندێک جاریش وەنەوشەیی.”
ئەو ئارام بووبووەوە. ئێمە زیاتر بە ژێر بارانەکەدا پیاسەمان کرد. بۆ ئەو تاعوون خەراپتر نەبوو لەو مردنەی، کە بههۆی بێدهربهستبوون یا له ئهندازهبهدهر بهتهنگهوههاتنی قازانج، یاخود ئهو گهندهڵییهی له دهوروبهرماندا بوو، ڕووی دهدا. ئەو دەیویست مرۆڤ وا لێ بکات هۆشیاربن لەوەی، کە خەریکە دەمرن. ناچارییان بکات بچنە نێو ڕەوشێکی زیاتر شیعرییەوە.
“دوژمنکاری تەنها ئەوەمان بۆ دەردەخات، کە تۆ ئەوانت تووڕە کردووە”، من گوتم. بەڵام چ هێدمەیەک بوو، کە شاعیرێکی ههستناسک ببینی، رووبەرووی بینەرێکی دوژمنکارانە و بێبهزهیی بێتهوه، چ بینەرێکی بوودەڵە بوون!
ئارتۆ نامەم بۆ دەنووسێت:
من زۆر بیرم لە هەموو ئەو شتانە کردەوە، کە ئێوە سەبارەت بە سیمینارەکەی من باستان کرد. من دوای ئهوهی ههستم به نوشووستی و دۆڕان کرد، ڕۆیشتم، بەڵام ئێستا هەست بە هەمان شت ناکەم. لەو کاتەوە، من گوێم لە زۆر کاردانەوە بووە و لەو بڕوایەدام کاریگەرییەکی تەواو و بەهێزی هەبووە. هەر چەندە منیش دەمزانی، چ مەبەستێکم هەبووە و دەمویست بە تێگەیشتنێکی چهنده سهرنجڕاکێش بگەم، کە پلانەکەم بۆ دانا بوو. بەڵام، کە هەموو شتەکان بەو شێوەیە دەرکەوتن، جۆرێک له نائارامی و ههست و سۆزی ورووژاند، که جێگهی ڕهزامهندی خهڵکهکه و قایلکهر نهبوو بهو شێوهیهی، کە من مەبەستم بوو. ئێوە تێگەیشتن، بەڵام نەک لە ڕوانگەی قسەکانی منەوە، قسەکانی من نەبوون بە بنەما بۆ تێگەیشتنی ئێوە.
شتێک لەو دهستنووسەی House of Incest، که به منتان دا، زۆر پێیهوه سهرسامم، ئهوهیه، که لهوه دهچێ ئێوه ئاگاداری ههموو ئهو بار و دۆخه ئاڵۆز و تا ڕادهیهک نهێنییه بن، که من، سهبارهت به شڵهژان و تێکچوونی باری دهروونیمهوه، بهسهرمدا هاتوون، بێئهوهی خوازیاریان بووبم.
داوای لێبوردن دەکەم، کە هێندە کاتی خایان تا نامەتان بۆ بنووسم، بەڵام من کارم بۆ دەزگایەکی بڵاوکردنهوه دەکرد، تا کتێبێکیان سەبارەت بە هالیۆگابەلاس١ بۆ ئامادە بکەم، کە بڕیارم داوە بینووسم. هەموو ڕۆژەکان کارم لەم کتێبەدا کردووە و کارێکی زۆری لێکۆڵینەوە و پشکنینیشم لە کتێبخانە هەیە. هەر لەبەر ئەوەیشە، کە تا ئێستا تەلەفۆنم بۆ ئێوە نەکردووە. بۆ ئامادەکردنی کیێبی هالیۆگابەلاس هەوڵمداوە زانیاری ڕێک و ڕاستەقینە دەربارەی ئەستێرەناسی کلدانییەکان کۆبکەمەوە. من زۆر خۆشحاڵ دەبم، کە بتوانم دەربارەی هەموو ئەم شتانە قسە لەگەڵ ئێوە بکەم٢. پێڵاوهکانم کوون بوونه. قەرزەکانم نادهمهوه. من دەمەوێت House of Incest تەواو بکەم.
سەرچاوە:
Anais Nin, dagbok, 1931 – 1934, översättning, Britt Arenander, bokförlaget Trevi, 1977
١ . هالیۆگابەلاس ئیمپراتۆڕێکی ڕۆمانی بوو، کە لەنێوان ساڵانی ٢١٨-٢٢٢ فەرمانڕەوایی کردووە.
٢ . ئارتۆ مەبەستی کلدانییە دێرینەکانی ناوچەکانی بابل-ی کۆن و ئەو کلێسانەیە، کە هەیان بووە. ئەم کلدانییانە بە ئەستێرەناسی و هونەری سیحر بەناوبانگ بوون