سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی و کارکردنی ئەکتەر لەسەر ڕۆڵ

شانۆکاری گەورەی ڕووسی (کۆنستانتین ستانیسلاڤسکی) ١٨٦٣-١٩٣٨ لەسەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، بنەما تیۆری و پراکتیکییەکانی بۆ هونەری نواندنێکی مۆدێرن ڕۆنا و مێتودی کارکردنی ئەکتەری، بەشێوەیەک بەرەوپێشەوە برد، کە لەگەڵ هەموو جیهاندا بگونجێت.

ستانیسلاڤسکی تا دوا ڕۆژەکانی ژیانی خەریکی ڕاڤە و شیکردنەوە و بەرەوپێشەوە بردنی سیستێم و مێتودەکانی کاری ئەکتەر دەبێت، لەدوای مردنیشی سامانێکی گەورەی بەجێ هێشتووە. ئەم هونەرمەندە هەر لەسەرەتای ژیانی هونەرییەوە، بە بەردەوامی یاداشت و تێبینی و بۆچوون و بەرئەنجامەکانی سەبارەت بە کارەکەی تۆمار کردووە؛ لەو یاداشتانەیدا هەنگاوە بەراییەکانی خۆئامادەکردن، تاقیکردنەوە، بەرجەستەکردن و تێرامانی ئامادەکردنی رۆڵی ئەکتەری خستۆتە ڕوو. کتێبی (کارکردنی ئەکتەر لەسەر ڕۆڵ) لەسەر بەشێک لەو سامان و یاداشت و نامە و یادەوەرییانەوە ئامادە کراوە، کە ستانیسلاڤسکی نوسیوونی.

کتێبەکە ناونیشانێکی لاوەکیشی هەیە (چەند بابەتی کتێبێک) بۆ ئەوەی دوو پاتی ئەوە بکاتەوە، کە ئەمە تەنها هەڵبژاردەیەکە لەو باسانەی نووسەر بە درێژایی ژیانی هونەریی خۆی نوسیوونی. هەموو ئەو کتێبانەی، کە ستانیسلاڤسکی نوسیوونی و ئەوانەیشی لەسەر ئەو نووسراون، گوزارشت لە ژیانێکی چڕ و دەوڵەمەندی هونەری مرۆڤێک لە نیو سەدەدا دەکەن؛ کە باسی ستانیسلاڤسکییش دەکەین، دەبێت بزانین قسە لەسەر چ ستانیسلاڤسکییەک دەکەین: دەرهێنەر، ئەکتەر، پێداگۆگ، ستانیسلاڤسکی سەرەتا یان کۆتایی. زۆربەی لێکۆلەرەوەکانی ئەم بوارە، سەرەتاکانی کار و چالاکی و بەرهەمەکانی ستانیسلاڤسکی دەگەڕێننەوە بۆ ساڵانی ١٩٠٩-١٩٢٥، لەم قۆناخەدا زیاتر کاری لەسەر مەسەلەکانی ڕاستگۆیی لە هەست و هۆشدا کردووە، قۆناخەکانی دواتریش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٢٩-١٩٣٨، لەم قۆناخەیشدا توانیویەتی مێتودەکانی، بەتایبەتیش سەبارەت بە کردارە فیزیکییەکان (جووڵە جەستەییەکان) بەرەوپێشەوە بەرێت.

مێتودە فیزیکییەکانیش بریتی بوون لەوەی، کە پێویستە ئەکتەر دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ لەسەر تەختەی شانۆ (بە یارمەتی کردارە فیزیکییەکان) بە جەستە و بیرکردنەوە، لەشانۆنامە و ڕۆڵەکەی بکۆڵێتەوە.

کۆنستانتین ستانیسلاڤسکی لە خانەوادەیەکی دەوڵەمەنددا گەورە بووە و باوکی بازرگانێکی ناسراوی خاوەن سامان و موڵک و ماڵێکی زۆر بووە. ئەم پاشخانە داراییە بەهێزەی بنەماڵەکەیان ڕۆڵێکی گەورەی لە ژیانی هونەری ستانیسلاڤسکیدا گێڕاوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکوو بنەماڵە دەوڵەمەند و ئەرستۆکراتەکانی ئەو دەمە ڕۆڵێکی لەبەرچاویان هەبووە لە دەوڵەمەندکردن و بەرەوپێشەوەچوونی ژیانی ڕۆشنبیری و کولتووری ئەو دەمەی مۆسکۆدا. ئەم بنەماڵانە یارمەتی و پاڵپشتی ساندیکا و ڕێخراوە هونەرییە پیشەیی و ئەماتۆرەکانیان داوە و بە گرینگییەوە مامەڵەیان لەگەڵ کردوون.

ستانیسلاڤسکی بەرلەوەی ببێتە ناوێکی دیاری ڕەوتی شانۆی ڕووسی، بۆ چەندین ساڵ گروپێکی ئەماتۆری هەبووە و لەو گروپەدا چ وەک ئەکتەر و چ وەک دەرهێنەر کاری کردووە، بەڵام، کە لە هاوینی ساڵی ١٨٩٨دا (فلادیمیر نمیرۆڤیچ دانچنکۆ) ١٨٥٩-١٩٤٣ پەیوەندی پێوە دەکات و دیدارە مێژووییەکەیان لە چێشتخانەی سلاڤیانسکی، کە شەو و ڕۆژێک دەخایەنێت ساز دەکەن، دەشبێتە دەستپێکی دامەزراندنی (شانۆی هونەری مۆسکۆ).

کە (ئەلێکساندەر بلۆک) لە ساڵی ١٩١٢دا شانۆنامەی (لاشەیەکی زیندوو) لەسەر شانۆی هونەریی مۆسکۆ دەبینێت، لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت: (هەموو ئەکتەرەکان زۆر باش و بێهاوتا بوون، بەڵام ئەوان ئەکتەر بوون، تەنها ستانیسلاڤسکی سەرلەنوێ ئەکتەر و مرۆڤیش بوو، تێکهەڵکێشکردنێکی ئەفسوونی ژیان و هونەر.) ئەو قوتابخانەیەی ستانیسلاڤسکی بۆ ڕاهێنان و دروستکردنی ئەکتەر و گەشەی سیستێمەکەی دایمەزراندبوو، تەنها هەر بۆ ئەوە نەبوو، کە خۆی گەشە بکات و لە بەرەوپێشچوونێکی بەردەوامدا بێت و شتی نوێ فێربێت، بەڵکوو بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەوەیش بوو، کە قوتابی و ئەکتەرەکانی فێری ئەوە بکات، بە چ شێوەیەک ئەو تێکهەڵکێشکردنە ئەفسونییەی نێوان ژیان و هونەر فێربن. لە ساڵی ١٨٨٩دا لە یەکێک لە یاداشتەکانیدا نووسیویەتی، دەبێت هەموو ڕێگایەک بگرین، کە لە حەقیقەت و ژیان نزیکمان دەکەنەوە. (بۆ ئەوەی بگەینە ئەو شوێنەیش دەبێت بزانین مەبەستمان لە حەقیقەت و لە ژیان چییە. ئەمەیش کاری منە، کە لەم دوو شتە بکۆڵمەوە.) هەروەها ستانیسلاڤسکی بە پێداگرییەوە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە (مرۆڤ دەبێت لە پێناوی گەیشتن بە ڕاستی سنوورەکان بترازێنێت.) ئەمە داوای ستانیسلاڤسکی نەبووە تەنها لە ئەکتەرەکانی ئەوێ ڕۆژێ، بەڵکوو پرەنسیپێکی کۆنکرێتیی هەمیشەییە بۆ ئەکتەر.

کاتێک ستانیسلاڤسکی لە پێناوی گەیشتن بە ڕاستی و حەقیقەت، داوای بەزاندن و لێکترازانی سنوورەکان دەکات، هاوکات پرسێکی زۆر گرینگی هونەری نواندن دەورووژێنێت. ئەویش ڕۆڵی ئەکتەر و بوون بە ڕۆڵە. بۆ ستانیسلاڤسکی ڕاستی و حەقیقەت لە هونەردا پەیوەست بووە بە چەمکەکانی دیمۆکراسی، بە هاوڵاتیبوونەوە، بە بڕوابوون بە هێز و وزەی شانۆوە، بڕوابوون بە کاری شانۆ لە کۆمەڵگە و لە بوونی مرۆڤدا. ستانیسلاڤسکی لە کتێبە دانسقەکەیشیدا (ژیانم لە هونەردا) باسی ڕەوتی هونەری خۆی بەم شێوەیە دەکات و دەڵێت: (دۆزینەوەی ڕێگایەک لە سرووشتگەراییەکی دەرەکی و ڕواڵەتئامێزەوە بۆ ڕیالیزمێکی قووڵ و ناوەکی.) یەکێک لەو پرسانەیشی، کە لە چەقی کارەکان و گرینگی پێدانی ستانیسلاڤسکیدا بووە، ئەوە بووە، کە نەمایشەکانی کارێکی هونەری جێگیر و پتەوبن و سیما و ستراکتورەکەی، بە هیچ شێوەیەک جار لە دوای جار گۆڕانیان بەسەردا نەیەت و وەکوو خۆیان بمێننەوە. شانۆ بۆ ستانیسلاڤسکی لە پێش هەموو شتێکدا هونەری دووبارەکردنەوە بووە.

ستانیسلاڤسکی، هەمیشە داوای لە ئەکتەرەکانی کردووە، کە لەئێستادا بژین. ئەکتەر دەبێت لەژیانی ئێستای خۆیەوە کار لەسەر ڕۆڵەکانیدا بکات، بنەما سەرەتاییەکانی کاری ئەکتەر لەگەڵ ڕۆڵەکانی ئەوەیە، کە شتە هەنووکەییەکان، ئەوانەی لە چاوتروکانێکدا ڕوودەدەن، بکاتە کردار و خۆی لە هەموو ڕۆڵێکدا، کە دەیبینێت بدۆزێتەوە. ئەم هونەرمەندە، کە لەساڵی ١٩١٢دا خەریکی ئامادەکردنی شانۆنامەی (تەرتوف)ی مۆلێیر دەبێت، گرینگترین بنەمای ڕووکارەکانی دەرەوە و ناوەوەی کارەکتەر شی دەکاتەوە و مێتودەکەی هەنگاوێکی تر بەرەوپێشەوە دەبات. لەم ڕووەوە دەڵێت: (بۆ ئامادەکردن و کارکردن لە ڕۆڵدا، لە خودی خۆتەوە دەست پێ دەکەیت، مرۆڤ تەنها ئەو شتانە بەکارناهێنێت، کە وەک ئەکتەر لە خۆیدا هەن، بەڵکوو نابێت فەنتازیا و بنەما و مانا فرەڕەهەندەکانی نەمایشەکە لەیاد بکات.)

هەموو ئەو شتانەی ئەمڕۆ بۆ ئێمە بەڵگەنەویستن، بۆ ئەوسەردەمەی ستانیسلاڤسکی تیا دەژیا جودا بوون. ئەو سەردەمە سەردەمی ناتورالیزم بوو، (ئەمیل زۆلا) لەساڵی ١٨٨١دا مانێفێستی (شانۆی ناتوارالیزم)ی بڵاو کردبووەوە، بزووتنەوەکەیش لەساڵی ١٨٨٧دا، بەکردنەوەی شانۆکەی (ئەندرییە ئەنتوان) (شانۆی سەربەست) یان لیبڕاڵ لە پاریس، دەبێت بە خاوەنی پێگە و شانۆی خۆی. لەم کاتانەدا ستانیسلاڤسکی و دانچینکۆ، لەساڵی ١٨٩٨دا شانۆی هونەریی مۆسکۆ دادەمەزرێنن، هەر لەڕێگای ئەم شانۆیەشەوە ستانیسلاڤسکی سیستێمە بەناوبانگەکەی بۆ هونەری نواندن دەخوڵقێنێت و کاری لەسەر دەکات.

شانۆنامەکانی چێخەف، کە هەر لەسەرەتاوە لەم شانۆیەدا نەمایش کراون، پێویستییان بە کارێکی قووڵتری ئەکتەر، هێزێکی تری مۆتیڤە ناوەکییەکان، ڕاستگۆییەکی گەورەتری نواندن دەکرد، کە لەوەپێش بەهیچ شێوەیەک کاری تیا نەکرابوو. هەوڵە سەرەتاییەکانی تەوژمی ناتورالیزم لەسەر شانۆ و لای ئەکتەرەکانی ستانیسلاڤسکی، بەتایبەتی لەبەرجەستەکردنی دەقەکانی چێخەفدا گەیشتبوونە ئاستێکی چەقبەستوو و نەمایشەکانیش بە وردەکارییە ڕواڵەتئامێزەکان بارگراوی کرابوون.

چێخەف ١٨٦٠-١٩٠٤ ئەو فۆرمە ناتورالیزمییەی بەدڵ نەبوو، کە ستانیسلاڤسکی شانۆنامەکانی ئەوی پێ پێشکەش دەکرد، ستانیسلاڤسکی خۆیشی لە بەرئەنجامەکان قایل نابێت، بەمەیش تووشی قەیرانێکی هونەری قووڵ دەبێتەوە. ئەم قەیرانە، کە لەساڵەکانی ١٩٠٥دا ڕوودەدات، دەبێتە هۆی کێشە و ململانێیەکی گەورە، هەر لەم قەیرانیشەوە سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی چەکەرە دەکات و هەنگاوی دروست دەنێت و مێتودێکی تر بۆ هونەری نواندن دەدۆزێتەوە. ستانیسلاڤسکی ددان بەوەدا دەنێت، کە لە ساڵی ١٩٠٩دا وەک ئەکتەر و دەرهێنەر کاری لە شانۆنامەی (مانگێک لە لادێ)ی (تۆرگنێڤ) کردووە، گەیشتۆتە بەرئەنجامێکی تر و توانیویەتی چارەسەر بۆ تەنگەژە سیکۆلۆژی و سیکۆلۆژی ڕیالیزم بدۆزێتەوە. ئەو تەنگەژانەی دەمێک بوون بەدوای چارەسەرەکانیدا دەگەڕا و بۆی نەدەدۆزرایەوە، کە خۆی لە خوڵقاندنی تەکنیکێکی ناوەکی، سیستێمێک بۆ ئەکتەر تا بتوانێت بە فەنتازیا و هەست و هۆشی خۆی لە ڕۆڵەکەی نزیک بێتەوە و بتوانێت مامەڵە لەگەڵ فۆرم بکات و ناوەڕۆکێکی رۆحیی بدۆزێتەوە.

ستانیسلاڤسکی بنەمای سیستێمەکەی بە شێوەیەکی پراکتیکی، لەکاتی پرۆڤە و کارکردن لەگەڵ ئەکتەرەکانی و ئەو دەقە شانۆیانەدا، کە لە شانۆی هونەریی مۆسکۆ کاریان تیادا دەکرد، ڕۆناوە. ئەو ڕاستگۆییەی، کە چێخەف داوای لە ئەکتەرەکان دەکرد، بووە بنەمایەکی پتەوی کارەکانی ستانیسلاڤسکی: ڕاستگۆیی تەنها بریتی نییە لە کۆپیکردنی واقیعییەتی ژیانی ڕۆژانە، بەڵکوو ڕاستگۆیی دیمەنەکان و نواندنی ئەکتەر شتێکی جیاوازە لەو ڕاستگۆییەی لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەماندا دەیبینین. ڕاستگۆیی لەسەر شانۆ، ئەوشتەیە، کە لە ڕاستی بچێت، کە تۆ بڕوات پێیەتی، بەڵام لە واقیعی ژیانی ڕۆژانەدا، ڕاستگۆیی شتگەلێکە بەڕاستی بوونی هەیە.

بنەما سەرەکییەکانی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکییش لەسەر سێ ڕەهەندی پتەو داڕێژراوە: کردار، نەست هەروەها مێتود. مەبەست لە کردار جووڵەی ئەکتەرە و نەستیش ئەو عەقڵە شاراوەیەیە، کە چەندین زانیاری تیدا هەڵگیراوە و ئەکتەر وەکوو بەشێک لە دروستکردنی ڕۆڵەکەیدا پەنای بۆ دەبات. مێتودەکەیش لەسەر بنەماکانی کردار ڕۆ دەنرێت. هەموو جووڵەیەکی جەستە لە دیوی دەرەوە، هاوتەریبە لەگەڵ جووڵەیەکی دیوی ناوەوەی (ناوەکی) ئەکتەرەکە. (تۆڤستۆنۆگۆڤ)، کە یەکێکە لە قوتابی و هەوادارانی ستانیسلاڤسکی و دادەنرێت بە نوێکەرەوەی سیستێمەکەی، بەم شێوەیە بنەماکانی سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت: (گرینگترین پرنسیپەکان ئەوەیە، کە لە ڕێگای پرۆسەی درکپێکردنەوە وێنەکانی ناو نەست لەلای ئەکتەر بە ئاگابێنیتەوە. ئەی درکپێکردن لە پرۆسەی ژیانی مرۆڤدا چییە؟ کردار و بیرکردنەوەیە. ئەی نەست چییە؟ هەست و سۆز و کاریگەرییەکانیەتی. ئەمەیش مانای وایە، کە هەموو پرۆسەی مەشقەکانمان بریتییە لەوەی، کە لە ڕێگای کردار و بیرکردنەوەوە هەست و سۆزەکانمان بە ئاگابێنینەوە.)

ئەکتەر، بەرلەوەی بێتە سەر تەختەی شانۆ پێویستە لە هەستی ڕاستەقینەی کارەکتەرەکە بگات، چونکە ئەمە جووڵەی ئەندامەکانی جەستە و تۆنی دەنگ و سیمای گوزارشتئامێز و ئاماژە پێویستەکانی کارەکتەرەکە دەردەخەن، کە دواتر ئەکتەر لە ڕۆڵەکەیدا بەکاریان دەهێنێت و تەنانەت دوای ئەوەی سەر شانۆکەیش چۆڵ دەکات، دەبێت بەمە بزانێت. بۆ ستانیسلاڤسکی نهێنییەکانی خوڵقاندنی فیگوری رۆڵێک لەگەڵ بەئاگاهێنانەوەی نەستدا یەک دەگرێتەوە، هەر لەبەر ئەوەیشە ئەم گرفتەی ئەکتەر و مامەڵەی رۆڵ لەم گۆشەنیگایەوە بەهایەکی ئێجگار گەورەی هەیە. ستانیسلاڤسکی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە بنەماکانی هونەر و سەرچاوە گرینگەکانی ئەفراندن لە قووڵایی رۆحیی و نەستی مرۆڤدا خۆی حەشار داوە، بەڵام بێ مەشق و پرۆڤەیەکی بەردەوام، بێ گەشە و ئاگاییەکی وردی تەکنیکی ناوەوە، بێ دیقەت و دیسپلین و ئارەزوویەکی بەهێز، هەرگیز ئەکتەر ناگاتە ئاستەکانی نەست. مەبەست لە سیستێمەکەیشی تەنها ئەوەیە، کە ئەکتەر بگەیەنێتە ئاستە قووڵ و نهێنییەکانی نەست.

ستانیسلاڤسکی لەوبڕوایەدا بووە، کە گرینگە ئەکتەر وردەکاری فاکتەکانی دەقەکە، هەروەها هەموو ڕابردوو و داهاتووی رۆڵەکەیشی بزانێت بۆ ئەوەی بەباشی لەئێستای بگات. دوای ئەوەی، کە هەموو فاکتەکانمان زانی، دەبێت ڕووداوەکانی دەقەکە تێ بگەین و بۆ هەڵسوکەوتی رۆڵەکەیش، ئاڕاستە و هێڵێک بۆ ڕەوتی کردارەکان دیاری بکرێت. هەروەها ستانیسلاڤسکی پێگەی ئەکتەر بەرز دەکاتەوە و لەگەڵ پێگەی نووسەری شانۆنامەکە بەراوردی دەکات؛ هەردووکیان، نووسەری شانۆنامەکەن و ئەکتەریش، کار لەسەر توێژە قووڵەکانی ژیان دەکەن، بەڵام هەردوو لا نهێنییەکانی ژیانی مرۆڤیان بەشێواز و فۆرمی تایبەتمەندی خۆیان بۆ دەردەکەوێت.

ستانیسلاڤسکی دەیەوێت ئەکتەر خۆی و بێ کاریگەری و ڕێنمایکردنی هیچ کەسێک بگاتە ئەو ئاستەی، کە لە چ دید و دیمایەکەوە سەیری دەقە شانۆییەکە دەکات، ئەو دید و دیمایەی، کە نووسەری شانۆنامەکە مەبەستییەتی. هەر لێرەیشەوە باسی ئەوە دەکات، کە چۆن ئەکتەر و نووسەری شانۆنامەکە لە یەکتر نیزیک بکرێنەوە؟ چۆن وا لە ئەکتەر بکات لە باری سایکۆلۆژییەوە لە ڕۆحیی ڕۆڵەکەی بگات؟ ئەمەیش بەشێکە لەو پرسیارانەی ستانیسلاڤسکی لەگەڵ ئەکتەرەکانی کاری لەسەر کردوون. هەر لەبەر ئەوە ستانیسلاڤسکی بەلایەوە گرینگە شرۆڤەی فاکتەکانی دەقەکە، بەتایبەتی ئێستا و ڕابردوو و ئایندەی ڕۆڵەکە، لە دووتوێی ڕووداوەکاند بکرێت.

ئەکتەر بۆ ئەوەی بە باشی لە ئێستا بگات، دەبێت ڕابردوو و ئایندەی ڕۆڵەکەی و هەل و مەرجەکانی بەباشی بزانێت. کە ڕووداوەکانی دەقەکەیش شی دەکەینەوە، گرینگە هێڵێکی گشتی بۆ هەڵسوکەوت و وردەکارییەکانی جێبەجێکردنی رۆڵەکە بکێشرێت، لەوەیش بگات کە پێویستە ئەم پرۆسەیە بە فەنتازیا و خەون و جەستە و رۆحیی ئەکتەر دەوڵەمەند بکرێت.

ستانیسلاڤسکی دەستی ئەکتەرەکانی دەگرێت و ئەو دەروازانەیان بۆ دەکاتەوە تا لەهەموو ڕوویەکەوە لە دەقە شانۆییەکە بگەن: لێکۆڵینەوە لە سەردەمەکە، واقیعی ژیانی ڕۆژانەی نووسەر و ئەو ڕۆژگارەی تێدا ژیاوە، پاشخانە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانی کارەکتەرەکان و ئەو ڕەوشەی تیا ژیاون و بارودۆخە سیکۆلۆژییەکان… هتد. هەروەها ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکات، کە هەموو بنەما ئێستاتیکی، کۆمەڵایەتی، سیکۆلۆژی و مۆتیڤەکانی تری دەقەکە، بە هیچ شێوەیەک لەیەک جیاناکرێتەوە و هەموویان پێکەوە یەکەیەکی یەکگرتوون. بەم شێوەیەیش ڕووداوەکانی شانۆنامەکە و کرداری ئەکتەرەکان پێکەوە دەبەستێتەوە. ستانیسلاڤسکی ئاگاداری ئەکتەرەکانی دەکاتەوە، کە تەنها لە ڕێگای ڕەخنەیەکی شیکاری وشکەوە هەوڵبدەن لە فاکتە و ڕووداوەکانی دەقەکە بگەن. ئەکتەر دەبێت بە دوای مانا شاراوەکاندا بگەڕێت و بنەما سیکۆلۆژی و ڕۆحییەکانی بدۆزێتەوە.

ستانیسلاڤسکی هانی ئەکتەرەکانی دەدات، کە لە ڕواڵەتە ساکارەکەی ڕووداوەکاندا قووڵ بنەوە و بە وردییەوە جومگەکانی بپشکنن، چونکە لەوێدا، لە قووڵاویی شتە ڕواڵەتییەکاندا، شتێکی گرینگتر، ڕۆحیی ڕووداوە شاراوەکە دەدۆزێتەوە، کە لەوانەیە کلیلی کردارە ڕواڵەتییەکان بێت. دیارە دۆزینەوەی نهێنییەکانی ئەم ڕووداو و فاکتانەی نێو دەقەکە بە شێوەیەکی تەواو و گشتگر، تەنها بە پشتبەستن بە ئەزموونی ئەکتەرێکی پیشەییەوە جێبەجێ نابێت، بەڵکوو دەبێت ئەکتەر لە ڕووی هۆش و ئاستی درکپێکردن و رۆشنبیری و خۆپێگەیاندنەوە گەشەی کردبێت، گەرنا بینەر هەست دەکات، ئەوەی کە نووسەری شانۆنامەکە لە ڕێگای دەقەکەوە پێشکەشی دەکات، زیاتر لە  ڕاستی دەچێت لەوەی ئەکتەرەکان بە جووڵە بەرجەستەی دەکەن. بۆیە ناکرێت دەقی نووسەر لە بیرکردنەوە و لۆژیکی کردارەکانی ئەکتەر و بەرئەنجامەکانی جیابکرێتەوە، نابێت ئەکتەر بەرلەوەی بنەما و نەخشەی ڕۆڵەکەی بەشێوەیەکی تۆکمە تەواو بووبێت و هزر و کردارەکانی بۆ ڕوون بووبێتەوە، دەیالۆگی ڕۆڵەکەی ئەزبەر بکات.

ستانیسلاڤسکی لەبەشی (چیرۆکی رۆنانی نمایشێک)ی ئەم کتێبەدا، باسی دەرهێنەر دەکات: جیاوازییەکان لەنێوان دەرهێنەرێکی دیکتاتۆر، کە هەستی پڕ لەداهێنانی ئەکتەرەکان دەکوژێت و سەربەستی جووڵە و هەڵسوکەوتەکانیان سنودار دەکات، لەگەڵ ئەو دەرهێنەرەیشی، کە هونەرمەندە، پێداگۆگە، سیکۆلۆژە و لە ڕێگای هونەر و ئەزموونەوە خزمەتی ئەکتەرەکانی دەکات و سروشتی پڕ لە داهێنانیان تیا دەبووژێنێتەوە و بەرەو ئامانجەکانیان دەبات، دەخاتە ڕوو. ئەم دەرهێنەرە، واتە دەرهێنەرە هونەرمەندەکە، پەیوەندییەکی دروست و هونەری بە ئەکتەرەکانییەوە دەبەستێتەوە و ئەم جۆرە هاوکاری و پەیوەندییەیش ژیانێکی زیندوو و ڕاستگۆیەکی قووڵ دەبەخشێت بە پرۆسە شانۆییەکە و بە کاری ئەکتەر لەگەڵ رۆڵەکەی. ستانیسلاڤسکی، بەتایبەتی لەم بەشەدا، بەتوندی پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، کە هیچ جیاوازییەک لەنێوان کاری ئەکتەر لەگەڵ خۆی و لەگەڵ رۆڵەکەیدا نییە، ئەکتەر چەندە خاوەنی بەهرە و توانایەکی سروشتی گەورە بێت، هێندە و زیاتریش پێویستی بە مەشق و کاری بەردەوام و دۆزینەوەی تەکنیکە.

ستانیسلاڤسکی بەشێوەیەکی سەراپاگیری و سیستێماتیک لە یەکەم ڕووبەرووبوونەوەی ناوەوەی ڕەوشی ئەکتەر لەگەڵ ڕۆڵەکەی دەکۆڵێتەوە. بۆ ئەوەی لە دیوی ناوەوەی ئەکتەریش بکۆڵێتەوە و بیبەستێتەوە بە ڕۆڵەکەیەوە، لەسەرەتادا تەنها بەر چەند بەشێکی  بچووکی دەرەوەی مۆتیڤەکانی دەقەکە دەکەوێت و بە قووڵی لێیان دەکۆڵێتەوە. پاشان لێکۆڵینەوەکە هەموو بەشەکانی دەقەکە دەگرێتەوە و مۆتیڤەکان، وەک پریشکی ڕووناکی لە تاریکیدا گەورە دەبن و بڵاو دەبنەوە و هەموو بەشەکان پێکەوە دەبەستێتەوە، تا هەموو دەقەکە و ڕۆڵەکەیش دەگرێتەوە. ئەم قووڵ بوونەوەیەیش بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە نەستی ئەکتەرەکاندا بەدوای بنەما فراوان و هەستە قووڵەکاندا دەگەڕێت، کە چاو ناتوانێت بیانبینێت، گوێ ناتوانێت بیانبیستێت و هزریش ناتوانێت تێیان بگات، بەڵکوو زیاتر وەکوو هەستێکی کراوەی هونەریی دەردەکەوێت.

ستانیسلاڤسکی لەساڵی ١٩٣٠دا، پلانێکی وردی دەرهێنان بۆ شانۆنامەی (ئۆتێللۆ) دادەڕێژێت و لەبەر نەخۆشی خۆی، دەینێرێت بۆ شانۆی هونەریی مۆسکۆ تا کاری تیا بکەن، بەڵام ئەو پرۆژەیە هەرگیز ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. دواتر هەموو پلانە دەرهێنانییەکەی، کە بۆ وانە گوتنەوە و کاری پێداگۆگی لەگەڵ ئەکتەر و قوتابییەکانیدا بەکاری دەهێنیت، دەبێتە یەکێک لەشاکارە گەورەکانی هونەری دەرهێنان و خوێندنەوەیەکی پراکتیکی بۆ شەکسپیر. دواتریش لە دوو توێی کتێبێکی سەربەخۆدا چاپ دەکرێت. کتێبی (کارکردنی ئەکتەر لەسەر ڕۆڵ) بەشێک لەم پلانە، وەک دیدێکی دەرهێنان و تێروانینێکی کردەیی و ئەنجامەکانی هەوڵە تیۆری و پراکتیکییەکان، بڵاو کراوەتەوە. لەم بەشەدا، وەک هەموو هەوڵەکانی تری پێشووتری ستانیسلاڤسکی، گرینگییەکی زۆری داوە بە یەکەم ڕووبەرووبوونەوەکانی ئەکتەر لەگەڵ رۆڵەکەیدا. لەم ڕووەوە دەڵێت: (دەکرێت یەکەم ڕووبەرووبوونەوەی ڕۆڵ بە ژوانی دوو عاشق یان ژن و مێردێکی تازە بەراورد بکرێت. هەرگیز لەبیر ناچێتەوە. من بەهایەکی زۆر بە یەکەم تێگەیشتن و کاریگەرییەکان دەدەم، بە شێوەیەک ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان هەیە.) هەر لەم دەروازەیەوە، یەکێک لە گرینگترین خاڵەکانی بۆ قوتابییەکانی ڕوون دەکاتەوە، کە چۆن بەشێوەیەکی ڕاست و دروست دەقە شانۆییەکە بخوێننەوە؛ ستانیسلاڤسکی بڕوایەکی پتەو و تەواوی بەوە هەبووە، کە یەکەم خوێندنەوەی دەقەکە و بەشێوەیەکی ڕاست و تێگەیشتنێکی دروستەوە، یارمەتی ئەکتەر دەدات، کە “هەر لەسەرەتاوە لە رۆحیی رۆڵەکەدا، بەشێک لە خۆی و رۆحیی خۆی و ڕۆحیی ڕۆڵەکە بدۆزێتەوە.”

ستانیسلاڤسکی بەردەوام لە شیکردنەوە و تاقیکرنەوە و سەرلەنوێ خوێندنەوەی کارەکانی خۆیدا دەبێت، هەمیشە دەگاتە بەرئەنجامی نوێ و گۆڕانکاری لە مەشق و ئامادەکردنی  ئەکتەرەکانیدا دەکات. هەندێک لەو ئەنجامانەی لەوەوبەر شتێکی بەڵگەنەویست بوون، دواتر سەرلەبەری گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و لە هەندێک لە دیما و ڕاهێنان و ئەنجامەکان پەشیمان دەبێتەوە و بەمەیش سیستێمەکەی ڕێچکەیەکی تر وەردەگرێت، بۆ نموونە لە خوێندنەوە و شیکردنەوەی چەندین ڕۆژەی دەق لەسەر مێز و کورسی و لەگەڵ ئەکتەر و قوتابییەکانیدا، بەر لەدەست کردن بە پرۆڤەکردن پەشیمان دەبێتەوە.

لە کۆتایی سییەکانی سەدەی ڕابردوودا، کە خەریکی پرۆڤەی شانۆنامەی پشکنەر (جەنابی موفەتیش)ی گۆگۆل دەبن، دەڵێت: (ئێمە وەک جاران ناکەین، کە لەسەر مێزەکان بەکتێبەکەی دەستمانەوە دادەنیشتین تا بەقەڵەم شانۆنامەکە پارچە پارچە بکەین و دابەشی بکەین بەسەر چەندین بەشدا، بەڵکوو لەبری ئەوە دەچینە سەر شانۆ و بەجەستە و بەشێوەیەکی پراکتیکی دەکەوینە لێکۆڵینەوەکانمان.) لەسەرەتای ساڵانی ١٩٠٠ەکانیشدا، دوای ئەوەی سیستێمەکەی بە چەندین گۆڕانکاریدا دەڕوات، دەڵێت: (دەبێت دەرهێنەر هەموو ڕۆڵەکان و تێکڕای نەمایشەکە بە هاوکاری و لەگەڵ ئەکتەرەکانیدا ڕۆبنێت.) هەر لەم قۆناخەدا ستانیسلاڤسکی زیاتر ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە ئەکتەر دەبێت لە خودی خۆیەوە، لە رۆح و جەستە و تێروانینی خۆیەوە کار لەگەڵ رۆڵەکەی بکات. (ئەگەر لەخۆتەوە دەست پێ بکەیت و خۆت بکەیتە دەروازە، ئەوە تۆ لە رۆڵەکەتدا دەژیت، ئەگەر لە کەسێکی تر و لە شوێنێکی ترەوە کار لە رۆڵەکەتدا بکەیت، ئەوا لەگەڵیدا دەبێت بە گەمەیەکی دەرەکی.)

ستانیسلاڤسکی بۆ ئامادەییەکی بەردەوام و ڕاستەقینە لەسەر شانۆ، داوای پەیوەندییەکی بەهێز لەنێوان ئەکتەرەکانیدا دەکات، لەدوا رۆژەکانی تەمەنیشیدا ئەم چەمکی پەیوەندیکردنە، کە بەناوی (کردارە فیزیکییەکان)ەوە ئاماژەی بۆ دەکات، گۆرانکاری و پێشکەوتنێکی بەرفراون لەخۆ دەگرێت و پێگەیەکی پتەوی لە سیستێمەکەیدا دەبێت. ئەو پەیوەندییە تەنها ئەکتەرەکانی ناگرێتەوە، بەڵکوو خوڵقاندنی پەیوەندییەکی بەهێزیشە لەگەڵ ستراکتور و ژینگەی دیمەن و ئەتمۆسفێری شانۆنامەکەیشدا. پەیوەندییەکی ڕاستەقینە هەموو بەش و مۆتیڤەکانی سیستێمەکە، لە پرۆسە چڕەکەی کاری ئەکتەر لەگەڵ رۆڵەکەیدا دەبەستێتەوە بەیەکەوە و ئەکتەرەکان لە رۆڵەکانیاندا دەبن بە بەشێکی ڕاستەقینە و جیانەکراوەی نەمایشەکە. ئەوەی لە کردارە فیزیکییەکاندا (جەستەییەکان) مانایەکی زۆری هەیە و میتود و کاری ئەکتەر لە پڕۆسە هونەرییەکەدا قووڵ دەکاتەوە، پەیوەندی کردنە؛ پەیوەندیی ئەکتەرەکان بە یەکتر و بە ژینگەی هەموو دیمەن و پانتایی شانۆکەوە. پەیوەندییەکی ڕاستەقینە هەموو بەشەکانی سیستێمەکە لەنێو کارەکەدا دەبەستێتەوە بە یەکترییەوە و دەبێتە پەرژینێکی بەهێز بۆ گروپەکە و بۆ بنەما گشتگرەکانی یەک لەدوای یەکی نەمایشەکە. تەنها پەیوەندیش دەستەبەری ئەو پێگەیشتنە ناکات، بەڵکوو دەبێت شتێک لەو پەیوەندییەوە وەربگیرێت: “پێویستە مرۆڤ شتەکان لەنێو چاودا ببینێت، تێروانیینەکانی ئەو تێکهڵکێشی رۆحی خۆی بکات و بزانێت هەست بەچی دەکات.”

هەموو ڕۆژێکی نوێ، شتێکی تازە لەگەڵ خۆی بۆ مرۆڤ دەهێنێت، ئەم شتە تازەیە، دەبێت لە هەموو وانەیەکی نواندن و پرۆڤەکردنێکدا بەرجەستە بێت و لە کۆتایشدا لە هەموو نەمایشێکدا فۆرمی گوزارشتئاسا لەخۆ بگرێت. ستانیسلاڤسکی ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە ئەکتەر دەبێت لە رۆڵەکەیدا، ڕەوشی ئەو ڕۆژەی ئەکتەرەکەی هاوڕێی بەکاربهێنێت و هەرگیز خۆی دووبارە نەکاتەوە. ژیان هەمیشە لە جووڵانێکی بەردەوام دایە و هەموو ڕۆژێک شتێکی نوێ لە مرۆڤدا دەدۆزێتەوە، هەر لەبەر ئەوە گرینگە ئەو شتە نوێیە ڕۆژانەیەی ژیانیش بخرێتە سەر شانۆ و لە کاری ئەکتەر لەگەڵ رۆڵەکەیدا بەکاربهێنرێت و لە هەموو ڕۆژێکی نەمایشەکەدا بەرجەستە بکرێت. لە ژیانی واقیعی ڕۆژانەی ژیانماندا، شتە ڕاستەقینەییەکان لە واقیعدا بوونیان هەیە، بەڵام لەسەر شانۆ شتە ڕاستەقینەکان ئەوانەن، کە تۆ بەیارمەتی (ئەگەری ئەفسووناوی) بڕوات پێیەتی.

ستانیسلاڤسکی لە ساڵەکانی ١٩٠٠ەکانیشەوە دەگاتە دوا بەرئەنجامی بەشێکی زۆر لە بیروبۆچوونە تیۆری و پراکتیکییەکانییەوە، هاوکات ڕووبەرووی جۆرێکی تر لە هونەری نواندن و دەرهێنان دەبێتەوە، بەتایبەتی لای مایرهۆڵد، کە هەموو سیستێمەکەی ستانیسلاڤسکی دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ستانیسلاڤسکی لەیەک کاتدا بە هزرێکی قووڵی هونەری و هەست و سۆزێکی پتەوەوە درکی بەوە کردووە، کە چارەسەرە ئێستاتیکییە سرووشتگەراییەکان هەموو گرفتەکانی ئەو چارەسەر ناکەن، بە تایبەتی لەو ڕووەوە، کە ئەو بە چەقی پرۆسە شانۆییەکەی خۆی دەزانی: ژیانێکی ڕووکەشی دەرەکی ببەخشێت بە بنەما ناوەکی و خودگەراییەکانی مرۆڤ. لەوەوبەر ئەو هەموو ڕەوش و بارودۆخەکانی لە ڕووکاری دەرەوە بۆ کارەکتەرەکانی دەرەخساندن تا لەو ڕێگایەوە ڕۆڵەکە هەست و سۆزی خۆی بدۆزێتەوە. هەر لەبەر ئەم هۆکارانەیش لە ساڵی ١٩٠٥دا پەنا دەباتە بەر مایرهۆڵد و شانۆ-ستودیۆکەی لە ناو شانۆی هونەری مۆسکۆدا بۆ دەکاتەوە.

ستانیسلاڤسکی وەک هونەرمەندێکی گەورە، مامۆستایەکی بەپەرۆش و کراوە، بەوپەری ڕاستگۆییەوە بەپیر هەوڵە نوێیەکانی مایرهۆڵدەوە دەچێت، کە شانۆکەیشی دادەخرێت و ناوی دەچێتە لیستی ڕەشەوە، ستانیسلاڤسکی دەرگای شانۆکەی خۆی بۆ دەکاتەوە تا بتوانێت لەسەر ئەزموونەکانی بەردەوام بێت. ئەمە بۆ ستانیسلاڤسکی تەنها هەڵوێستێکی موراڵی و ڕووبەرووبوونەوەیەکی ئازایانەی دەسەڵات نابێت، بەڵکوو تێروانینێکی قووڵی سیاسەتی شانۆیی و هەڵوێستی هونەری ئەو دەبێت.

پرسە بنەڕەتییەکانی ستانیسلاڤسکی هەر وەکوو خۆیان مانەوە و بە درێژایی ژیانی کاری لەسەر دەکردن، کە لەم چەند دێڕەدا چڕ دەبنەوە: بتوانی شێوازێکی گوزارشتئامێزی ڕەسەن و ڕاستەقینە بۆ بەرجەستەکردنی ڕاستییەکانی ناوەوە بدۆزیتەوە، کە تەنها وەک فۆرمێکی دەرەکی سەیر نەکرێت، بەڵکوو بێ هیچ دوو دڵییەک، وەک ژیان خۆی دەربکەوێت. ستانیسلاڤسکی زیاتر باسی لە فۆرمێکی ناوەکی دەکرد.

ستانیسلاڤسکی هەرگیز کۆتایی بەلێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بەهونەری نواندن و شانۆ نەهێنا و بەردەوام لەو پرسانەی دەکۆڵییەوە، کە پەیوەست بوون بە بنەما سەرەکییەکانی خوڵقاندنی هونەری نواندنەوە. ئەزموونە پراکتیکی و بیرکردنەوە قووڵ و خوڵقاندنە بەردەوامەکەیشی زۆر لەوە خێراتر دەڕۆیشت تا ئەو بتوانێت و فریای ئەوە بکەوێت تۆماریان بکات.

ئەم هونەرمەندە لەنێو شانۆدا بە دوای مرۆڤدا دەگەڕا، بەو هیوایە بوو ئەکتەرەکانی لەسەر شانۆ و لەکاتی کارەکانیاندا، لە فۆرمەکانی شانۆدا مرۆڤبوونی خۆیان بپارێزن.

سەرچاوە

K.S. Stanislavskij. Arbetet med rollen, oversettning fron ryskan: Martin Kurten, Sahlgrens Forlag Ab 1997