حەز و ئیرادە لە شانۆنامەی چیرۆکەکانی بادا
توێژینەوەیەک لەسەر شانۆنامەی چیرۆکەکانی با، نووسینی دانا ڕەئووف
نووسینی: کوورش زارع ڕەمشتی
خوێندکاری ماستەر لە ئەدەبی دراماتیک، زانکۆی تاران
شانۆنامەی (چیرۆکەکانی با) یەکەم دەقی کۆی بەرهەمەکانی شانۆنامەنووسی کورد دانا ڕەووفە. دانا ڕەئووف لە دایکبووی شاری سلێمانییە و زیاتر لە سی ساڵە لە وڵاتی سوێد ژیان بەسەر دەبات. لە سوێدیش بە نووسین و کاری شانۆییەوە خەریکە، لە شانۆ گرنگەکانی وڵاتی سوێد، وەک شانۆی پادشایەتی و شانۆی گەل و شانۆی دەوڵەت کاری کردووە.
کەسایەتی یان کارەکتەر لهلای هەموو نووسەر و توێژەرێک گرنگی خۆی ههیه، دهربارهی گرینگیدان بی کەسایەتی (ئابرامز) لە زاری هێنری جەیمسەوە، که دەڵێت؛ کەسایەتی هیچ نییە، جگە لە شرۆڤەی ڕووداوەکان نهبێت، هەروەها دەڵێت ڕووداوەکان هیچ نین، تهنها نواندنی کەسایەتییهکان نهبێت. (بڕوانە: Abrams، ٢٠٠٩)
لەم توێژینەوەدا دەمانەوێت بە یارمەتی چەند چەمکێکی دیکە، کە پەیوەندی قووڵیان لەگەڵ کەسایەتی هەیە، لایەنەکانی تری دەقەکەی دانا ڕەئووف ئاشکرا بکەین. ئەم چەمکانە بریتین لە: ویست (حەز)، بەرگر (بەربەست)، ئیرادە. دەمانەوێت بزانین چۆن ئەم سێ چەمکە خۆیان لە کەسایەتییەکانی ناو دەقەکەی دانادا دەنوێنن. مەبەستیشمان لەم کارە ئەوەیە، بەڵکوو بتوانین وەڵامی پرسیاری: (چۆن کەسایەتییەکان وەکوو کەسانێکی خاوەن ویست و ئیرادە، بە ڕوو بە ڕوو بوونەوەیان لەگەڵ بەربەستەکاندا پێکهاتەی شانۆنامەکە پێک دەهێنن؟) بدەینەوە.
بەر لە هەر شتێک دەبێت ئەم چەمکانە بناسێنین
ویست یان حەز داواکاری ناوخۆیی بکەرە لەمەڕ هەر شتێک، بۆ نموونە ویستی سێکسی یان هەمان حەز بە پەیوەندی گرتنی سێکسی، کە لە ناخی مرۆڤدایە و فرۆید بە وردەکاری باسی دەکات. هیگڵ لە مەڕ ویست دەڵێت؛ پهیوهندی مرۆڤ دروست نابێت، واتا بهبێ هەبوونی ئارەزوو یان حەزێک پێک نایەت، کە بابەتەکەی حەزێکی دیکەیە. (سیبایر: ١٣٨٨، ٥٥) گوتمان فرۆید نموونەیەک بۆ حەزی سێکسی دەهێنێتەوە، ئەو ئەم حەزە بە خووی زگماکی یان سرووشتی دادەنێت و دەڵێت؛ وەکوو خواردن و خەوتن بۆ مرۆڤ پێویستە. (فرۆید، ١٣٤٣: ٩) ئێستا لە مانای حەز یان مەیل تێ گەیشتین، دەڕۆینە سەر چەمکی بەربەست یان هەمان بەرگر، هەر شتێک ڕێگای گەیشتن بە حەز و ویست لە بکەر بگرێت هەمان بەربەستە، کە لە درامادا هەمان ئانتاگۆنیستە، ئانتاگۆنیست «ئەو هێزەیە، کە وەکوو بەنداوێکی پتەو لە بەرامبەر کردەوە و ویستی کەسایەتی سەرەکی یان هەمان پرۆتاگۆنیست، ڕادەوەستێت. (مکی ١٣٨٨: ٨١) لە مانای بەربەستیش تێگەیشتن. ئێستا گەیشتین بە ئیرادە، ئیرادە ئەو پلان و ستراتیژییەیه، کە “بکەر” دوای ئەوەی بەربەستەکان دەناسێت دایان دەڕێژێت، بۆ نموونە کاتێک بکەر برسی دەبێت، ئیرادە دەکات، کە لە جیاتی چێشت لێنان لە دەرەوە شتێک بۆ خواردن بکڕێت. لە مەڕ ئەم چەمکە شۆپنهاوەر دەڵێت: «من ئیرادە دەناسم، بەڵام نە وەکوو شتێکی گشتی، نە وەکوو یەکینەیەکیش، هەروەها نە بە تەواوەتی بە یارمەتی زاتی شتەکە، بەڵکوو تەنیا لە کردەوەی بکەردا و لە چوارچێوەی کاتدا، کە جەستەی من و هەر جەستەیەکی دی خۆی دەنووێنێت. (شوپنهاوەر ١٣٩٣: ١٢٠) نامەوێت لەمە زیاتر لە سەر ئهو چهمکانه بدوێم، چونکە دواتر لە دەقەکەدا نموونەیەکی زۆرم لەم چەمکانە دەست نیشان کردووه و لە سەریان دەدوێین.
ئەم دەقە دوو کەسایەتی تێدایە، کە هەردووکیان کەسایەتیی سەرەکیین، پیاوێک و ژنێک کە لە دە وێنەدا پێکەوە دەدوێن و ئاشکرا دەبن. بێ هیچ هۆکارێک وەکوو خودی دەقەکە لە ژنەکەوە دەست پێ دەکەین و بزانین ویست و حەزی ئەو چییە و کامە بەربەست ناهێڵێت پێی بگات و لە کۆتایدا ئەو چۆن ئیرادەیەکی هەیە. ئەم کارە لە هەر دیمهنێکدا یان بە گوتەی دەقەکە خۆی لە هەر دە چیرۆکەکەدا بۆ هەر دوو کەسایەتییەکە دەیکەین.
لە چیرۆکی یەکەمدا تەنیا ویستی ژنەکە ئەوەیە، کە پیاوەکە چیرۆکی بای بۆ بگێڕیتەوە، بەڵام پیاو ئەم کارەی بۆ ناکات و لە کۆتایدا دەڕۆنە دەرەوە، وا دیارە ژنەکەش هیچ ئیرادەیەک نیشان نادات. ئەگەرچی هەر ئەو داواکاری و قرتاندنی وتووێژەکە بۆ خۆی ئەو مهبهسته دهگهیهنێت، کە ژنهکه دای ڕشتووە بۆ ئەوەی بگات بە ویستی خۆی، بەڵام بەربەست چییە؟ بە ئاسانی دەتوانین بڵێن هۆکار پیاوەکەیە، بەڵام ئەو شتەی هونەری دانا دەخاتە ڕوو ئەوەیە، کە حەزی پیاوەکە هەمان بەربەستە بۆ ژنەکە. ئەمە بەو مانا نییە، کە پیاو نەیەوێت چیرۆکی با بگێڕیتەوە، بەڵکوو ئەوەیە، کە لە لای پیاو چیرۆکەکە شتێکی دیکەیە و لای ژن شتێکی تر.
سان: چیرۆکی با؟
ساندرا: بەڵێ. ئەو ژنەی لەگەڵ با-دا ڕۆیشت.
سان: ژنی چی؟
(بێدەنگی)
(ساندرا بە وردی سەری سان دەکات)
سان: ئەو ژنەی پیاوەکەی بە با سپارد.
ساندرا: ئەو ژنەی با بردی!
(بێدەنگی)
(سان و ساندرا بە سەرسووڕمانەوە سەیری یەکتر دەکەن)
(مۆسیقا)
ساندرا: با بردی!
سان: (بۆ خۆی دەدوێت و بۆ شوێنێکی دوور دەڕوانێت)
ئەو ژنەی پشتی کردە باو لەگەڵ پیاوێکی تر ڕۆیشت.
(بۆ ساندرا)
بەڵێ، لە بیرمە. چیرۆکی با و ئەو ژنەی لەگەڵ با-دا ڕۆیشت. (دانا ڕەئووف، ٢٠٢٠: ١٦و١٧)
ئەم دیالۆگانە لووتکەی ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو حەزە، حەزی ژن، کە گێرانەوەیە و حەزی پیاو، کە گیرانەوەیەکی دیکەی چیرۆکەکەیە، لە کۆتاییشدا کەس بە حەزی خۆی ناگات. واتا ئێمە تەنیا یەک شت دەزانین ئەوەش ئەوەیە، کە پیاو واز لە حەزی خۆی دەهێنێت، واتا ئەگەرچی لە تەنیاییدا بەو باوەڕەش بگات، کە ژن پشتی تێ کردووە و لەگەڵ پیاوێکی تر ڕۆیشتووە، بەڵام کە ڕوو لە ژن دەکات بە درۆ دەڵێت: بەڵێ وایە چیرۆکی با و ئەو ژنەی لەگەڵ بادا ڕۆیشت، بەڵام گێڕانەوەیەک ڕوو نادات و ئێمە دەڕۆینە نێو چیرۆکەکانی ترەوە، بەڵکوو زیاتر لەم دوو بۆچوونە جیاوازە تێ بگەین.
لە چیرۆکی دووەمدا ساندرا یان ژن لە یەکەم دیالۆگدا حەزی خۆی دەڵێت و داوای عەشق دەکات، کە بە باوەڕی خۆی بوونی نییە و لە کۆتایی دا دەڵێت تۆش هیچم بۆ باس ناکەیت. ئەمە شتێکی زۆر گرنگی تێدایە:
ساندرا: زۆر بێزارم. ئەم بێزارییە دەمترسێنێت، هەستی مردنم لا دروست دەکات، لە مردنم نزیک دەکاتەوە، لە خۆمم دوور دەخاتەوە، تەنانەت لە خوداشم دوور دەخاتەوە. ئەم بێزارییە چ ترسناکە. تەنیا عەشق لەم ترسەم ڕزگار دەکات. ئەویش نییە.
(گڤەگڤی با دێت)
(بۆ سان)
تۆش هیچم بۆ باس ناکەیت (هەمان: ١٨)
لێرەشدا دانا دیسان بە وردی و لەناو دیالۆگدا شتەکان باس دەکات و وەکوو نواندنی باوی شانۆ شتەکە ئاشکرا ناکات، ئەگەر ورد بڕوانین دەزانین، کە ویستی ژن عەشقە و ئەم ویستەش دانا بە گوتنی تۆش هیچم بۆ باس ناکەیت، بە ویستی یەکەمهوه گرێی دەداتهوه، کە گێڕانەوەی چیرۆکی بایە. ئینجا پرسیار ئەوەیە ویستی بنەڕەتی گێڕانەوەکەیە یان عەشق؟ وا دیارە عەشقەکە لە گێڕانەوەدا خۆ پیشان دەدات، لەوەش گرنگتر ئەوەیە پیاویش عاشقە و گێڕانەوەی خۆی هەیە، واتا هەتا ئێستا دەتوانین بڵێین ئەم دەقە، ڕووبەڕوو بوونەوەی دوو بۆچوونی جیاوازە لە عەشق. لە هەمووی گرنگ تر ئەوەیە، کە شێوازی نواندنی دانا-مان لا ڕوون دەبێتەوە، بە یارمەتی ئەم چەمکانە و بەم میتۆدەی بەکاری دەهێنین. لە واقیعدا وردەکاری هونەری دانا-یە، کە خۆی دەنووێنێت. ئەم وردەکارییە لە چیرۆکی دووەمدا زۆر بە جوانی دیسان خۆی پیشان دەدات، کاتێک پیاو دەڵێت لە دارستان دەترسێت و ژن ئەگەرچی هەتا ئێستا تەنیا دارستانی لە وێنەکاندا بینیوە، بەڵام دەڵێت من ناترسم و ترس لای کەسێک ساز دەبێت، کە هیوایەکی هەبێت، واتا پیاو بە هیوادار دەزانێت و خۆی نا، ئەوە لە کاتێکدایە، کە خۆی بە هیوای گێڕانەوە یان هەمان عەشقە و دواتر دەڵێت:
ساندرا: هەمیشە مردوو باشترین هاوڕێن، هەرگیز بەرپەرچی هیچ شتێکمان نادەنەوە. مردووەکان ناتوانن قسە بکەن، ناتوانن هیچ شتێک بۆ ئێمە بگێڕنەوە، ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن. ناتوانن چیرۆکەکانی خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە.
(بێدەنگییەکی کورت)
(پێ دەکەنێت)
بەڵام ئێمە، کە لە ژیانداین، دەتوانین چیمان بوێت دەربارەی ئەوان باسی بکەین، چیرۆکەکانیان بگێڕینەوە، بێ ئەوەی ئەوان بتوانن هیچ بڵێن، ڕاستە یان درۆیە. نە دەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، کە ئێمە دەیڵێین! نە دەتوانن دووپاتی ئەوە بکەنەوە (سەیرێکی سان دەکات)
(وچان)
ئێمە هیچ ناگۆڕێین. (هەمان: ٢٣)
ئەو شتانەی ژن لە مەڕ مردوو دەیڵێت ویست و حەزی ئەوە لە پیاو، هاوکات پلانی ڕووبەڕوو بوونەوەی لەگەڵ بیرۆکەی پیاوە لە مەڕ عەشق، کە لە دیالۆگی وەسفی دارستاندا لە زاری پیاو خۆی پیشان دەدات و پێشتر باسمان کرد. “با” ئەو شتەیە، کە هەر دوو قبووڵیان کردووە، هەڵبەت لەوە دەچێت نەتوانن قبووڵی نەکەن، چونکە بوونێکی هەمیشەیی و بە هێزی هەیە لە دەقەکەدا، بەڵام ئەو شتەی لە یەک دووریان دەخاتەوە ئەوەیە کە با ژنی برد یان ژن پیاوی بە با سپارد؟! کە ئێمە گوتمان ڕەنگە ئەم دوو جیاوازییە، جیاوازی دوو تێڕوانین بێت؛ دەبێت بڕۆین بزانین لە بەردەوامی دەقەکەدا چیمان پێ دەڵێت.
لە چیرۆکی سێیەمدا باسهکهیان بهردهوام دهبێت، چۆن؟ لێرەدا پیاو داوا لە ژن دەکات، کە چیرۆکی بای بۆ بگێڕیتەوە، لە وەڵامدا ژن بیرەوەری منداڵێکی بۆ دەگێڕێتەوە، کە لەو ڕووەوە هیچ پەیوەندییەکییان پێکهوه نییە، ژنهکه باس لهوه دهکات، کە چۆن با هاوڕێکانی سهردهمی منداڵی بردووە و لێرەدا ئیدی با عەشق نییە، بەڵکوو ئەو شتە بێ ڕەحمەیە، کە کچێکی لە منداڵی خۆی دابڕیوە، ئەو هیچ نییە جگە لە کات، کە عەشقیش لە خۆ دەگرێت. هەڵبەت هەرگیز نەمان گوت، کە مەبەست لە با عەشقە، بەڵکوو گوتمان، کە هەبوونی بۆچوون لە مەڕ با دەتوانێت عەشق بێت و ئەمەش ئەم گوتەیی ئێستامان ناخاتە مەترسییەوە. دواتر دیسان ژن داوا دەکات، کە پیاو چیرۆکی بای بۆ بگێڕێتەوە و ئەمەش هیچ نییە جگە لەوەی پێمان بڵێ گێڕانەوە و داواکاری لە یەکتر بۆ گێڕانەوە هێشتا بەردەوامە.
لە چیرۆکی چوارمدا گێڕانەوەیەکی ترمان هەیە، ئەوەش ئەو خەوەیە، کە پیاو دەیگێڕێتەوە و وەکوو ڕەمزێک باسی هەستی ئەو دەکات. جیا لەمەش حەزی پیاو بە ڕوونترین شێوە ئاشکرا دەبێت:
سان: بۆ نایەیت ببینە ژن و مێرد!
(پێ دەکەنێت)
خێزانێکی بچووک پێک دەهێنین. (هەمان: ٣١)
ژن دەڵێت ئەمە هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، کەچی پیاو دەڵێت لە تەنیاییمان دوور دەخاتەوە، بەڵام پیاو دەڵێت ئەگەر پێکەوە تەنیا بین کەمتر هەست بە تەنیایی دەکەین و دواتر ژنیش ئەمە دووپات دەکاتەوە. ئینجا لە پڕ هەردووکیان باس لەوە دەکەن، کە چۆن دابڕان لە یەک ئازاری داون. ئێمە لێرەدا دەزانین، کە چۆن دانا لە تەکنیکێکی گێرانەوە کەڵکی وەرگرتووە و ڕابردوو لەگەڵ داهاتوودا تێکەڵ دەکات، کە ئەمە بۆ خۆی دەتوانێت ببێت بە هەوێنی توێژینەوەیەکی تر، بەڵام لێرەدا پەیوەندی بە ئێمەوە چییە؟ ئاشکرا بوونی ئەوەی، کە ئەم حەزەی ئێستای ژن و مێرده که بهیهک گەیشتوون و وا دیارە بە هۆکارێک لە یەک دابڕابن، ئەمەش هەر هەمان هونەری دانایە لە داڕشتندا، کە چۆن داهێنەرانە حەز و بەربەست و ئیرادە، لە یەک شوێندا کۆ دەکاتەوە، هەتا بۆ چوونی خۆی یان هەمان دەق لە سەر ئەم شتانە دەرببڕێت و تێبینینێکی تازە لای خوێنەر دروست بکات.
چیرۆکی پێنجەم، وێرای دەرخستنی هەندێک زانیاری ورد لە مەڕ هەستی کەسایەتییەکان، بەڵام حەزی پیاومان پیشان دەدات، کە دڵنیا ببینەوە لەم حەزە و بزانین دواتر چی بەسەر دێ:
سان: هیچ کەسێک ناتوانێت ئاوا وەک ئەو لە منەوە نزیک بێ. هەندێک جار هەست دەکەم ئەو تەنیا وێنەیەکە و لەناو مندایە، شتێک کە من خۆم دۆزیبێتمەوە.
(وچانێکی کورت)
باشترە منیش بڕۆم.
(لە جێگای خۆی ناجووڵێت)
(تاریکی)
(گڤەگڤی با دێ) (هەمان: ٣٩)
چیرۆکی شەشهم، یەکەم چیرۆکە به دهنگی پیاو دەست پێ دەکات، بهئاشکرا باس له حهزی پیاو دهکات، وا دیارە کاتی نواندنی ئەوە لە دەقەکەدا. لەم بەشەدا دیسان حەزی گێڕانەوەی با، کە سەرەکیترین حەزی دەقەکەیە، دووپات دەبێتەوە، بەڵام جیا لەمە شتێکی دیکەشمان بۆ ئاشکرا دەکات:
ساندرا: چیرۆکەکانی با-یشتان بۆ نەگێڕامەوە
سان: هیچ چیرۆکێک لە ئارادا نییە. ئێمە خۆمان چیرۆکەکانین
ساندرا: چیرۆکەکانی با-م بۆ بگێڕەرەوە!
سان: من هەمیشە بە دوای با-دا ڕادەکەم.
(پێ دەکەنێت) (هەمان: ٤٥)
شتەکەی دیکە بۆچوونی پیاوە لە مەڕ چیرۆکەکان؛ دەڵێت ئێمە خۆمان چیرۆکەکانین، واتا بیر و باوەڕ و بۆچوونی ئێمە هەمان خۆمان و کردەوەی خۆمانن. پێشتریش باسمان لەوە کردبوو، کە دانا دەیەوێت حەز و بەربەست و ئیرادە لە یەک شوێن کۆ بکاتەوە، بەڵام بۆ چی؟ هەتا بڵێت، کە ئەمانە پێکەوە خۆ دەنوێنن و لە یەک جیا نابنەوە و تێکەڵاویی دۆخەکەمان پیشان دەدا، وەک ئەم بەشە، کە لە زاری پیاوەوە دەڵێت: ئێمە خۆمان چیرۆکەکانین.
چیرۆکی حەوتیش پیاو دەست پێ دەکات و ئیدی هەشت تا دە، که دیسان به دهنگی ژنەکە دەست پێ دەکات. وا دیارە دیسان دەگەڕێینەوە بۆ دۆخی دەستپێک، لانی کەم لە ڕووی دەستپێکردنەوە، کە ئێستا دەڵێم بۆچی گرنگە. دەستپێکی هەر بەش یان چیرۆکێک لە واقیعدا حەزی ئەو بەشە دابین دەکات و کاتێک تەنیا لە دوو بەشی ناوەندیدا پیاو دەست پێ دەکات، واتا دهنگی سەرەکی حەزی ژنە و ئەو گومانەمان لا درووست دەکات، کە ژن پۆرتاگۆنیستی دەقەکەیە.
چیرۆکی هەشت لەوە دەچێت هەڵسووڕانی پێکهاتەیی بێت، چونکە من لەو باوەڕەدام گەورەترین زانیاریمان پێ دەدات، بەڵام دیسان بە شێوازێکی تایبەت بە دانا:
سان: دەزانم ڕۆژانێک هەستم بە ڕق و خەمێکی زۆر دەکرد. ئێستا من ئەو کەسەی وای لێ کردم، لە دەستم داوە. ئەو کەسەی منی خەمبار دەکرد، لێرە نەماوە. لەوانەیە ئەمەش تاکە هۆکارێک بێت، کە من دێم و دەڕۆم و هەستێکی تر دای گرتووم.
(پێ دەکەنێت)
لەوانەیە ئەو هەستە خۆشەویستی بێت، تا ئێستاش کەسێک هەیە خۆشم دەوێت، خۆشم ویستووە، بەڵام زۆر لەوەش دڵنیا نیم. هیچ ناوێکم بیر ناکەوێتەوە. تەنیا چەند وشەیەک دێنە بەرچاوم، بەڵام ئەو وشانە نین کە من دەمەوێن، مەبەستم ناوە. هیچ ناوێکم نایەتەوە یاد! ئەگەر بمتوانیایە ناوێکم بهێنایە، ناوێکم بیر بکەوتایەتەوە، ئەوە دەمزانی چ کەسێکم خۆش دەویست، تا بمتوانیایە بیدۆزمەوە، یان لەوە بگەم چۆن بتوانم جارێکی تر بیبینمەوە.
ساندرا: درەنگ گەڕایتەوە.
سان: ئەو ژنەی من دەمناسی، کەسێکی بەهێز بوو، دەتگوت هێزێکی خوداوەندی لە ناخیدایە، جەستەیەکی لاواز و بێهێز و ویستێکی بەهێز. (هەمان: ٥٣ و ٥٤)
من وا دەزانم لێرە ئەو شوێنەیە ئێمە وەکوو خوێنەر دەبێت بزانین، کە نەبوونی ژن واتا ڕۆیشتنی وەکوو مەرگ وایە، ئەم دەقە دیالۆگی حەزێکی مردووە لەگەڵ خاوەن حەزێک، کە حەزەکەی مردووە. هەر بوویە ئیرادەیەک نابینین جگە لە قووڵبوونەوە لە حەزەکاندا، ئەو حەزانەی دەرفەتی ئەویان پێنەدراوە بە شوێن ئیرادە بکەون یان دەتوانین بڵێین بەربەستەکە ناهێڵێت هیچ ئیرادەیەک خۆ بنووێنێت، ئەو بەربەستەش هیچ نییە جگە لە با:
ساندرا: دەڵێیت ئێمە دوای با- کەوتووین!
سان: خودا مرۆڤی لە با دروست کردووە.
هەمان شت لە چیرۆکی نۆیەمدا بۆ ژن ڕوو دەدات، واتا نەبوونی پیاو وەکوو مەرگ وایە و هەمان شت دووپات دەبێتەوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کام لەم نەبوونانە مەرگە؟ بۆچی دەبێت مەرگ بێت؟ چیرۆکی کۆتایی ئەمەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە.
چیرۆکی دە و کۆتایی. لەم بەشەدا پیاو باسی ئەوە دەکات، کە لە تەمەنی شەست ساڵیدا عاشقی کچێکی بیست و پێنج ساڵە بووە و کاتێک کچ لە ئامێز دەگرێت، لەوە دەچێت کچ لە ئامێزی مەرگدا خەوتبێت. کەواتە ساندرا یان کچەکە خاوەنی حەزێکە، کهواته ئهو عاشقە، بەڵام حەزەکەی دەست ناکەوێت، چونکه با وهکوو بهربهستێک ناهێڵێت، ئەو بایەی پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد، کاتێک کاتی ڕۆیشتنی هەتاهەتایی دێت و با هەڵ دەکات هیچ ئیرادەیەک ناتوانێت بەرگری لێ بکات. بۆیە ئەم دەقە سەرانسەر حەز و ویستێکی بێ ئیرادەیە یان باشتر وایە بڵێین دانا ڕەئووف بە شێوەیەکی داهێنەرانە خەریکە باس لە ئامادەبوونی با دەکات، وەکوو بەربەستێک، کە هەموو حەز و ئیرادەیەک پووچەڵ دەکاتەوە.
کۆتایی.
هاوینی ٢٠٢٢
سەرچاوەکان:
- دانا ڕەئووف، (٢٠٢٠) چیرۆکەکانی با، ناوهندی کەپر: سلێمانی.
- سیاسی، علی اکبر (١٣٩٤) نظریەهای شخصیت یان مکاتب ڕوانشناسی، تهران: انتشارات دانشگاە تهران.
- شوپنهاور، آرتور (١٣٩٣) جهان همچون ارادە و تصور ،تهران: نشر مرکز.
- سیبایر، فردریک (١٣٨٨) هگل، تهران: ڕخداد نو.
- مکی، ابراهیم (1388)، شناخت عوامل نماش، چاپ ششم، سروش: تهران.
- M.H. Abrams(2009), A Glossaray of Literary Terms, National Humanities Center, 2009.