ژووری سپی
چارلس مارویتز لە دیداری گاستۆن فێردیێرێ
وەرگێڕانی لە سویدییەوە: دانا ڕەئووف
چارلس مارویتز (شانۆنامەنووس و دەرهێنەر) لە ساڵی ١٩٦٦دا بهرنامهیهکی تایبهت به ئارتۆ بۆ ڕادیۆ ئاماده دهکا. لە کاتی ئامادهکردنی بەرنامەکەدا، زنجیرە دیدارێک ساز دەکات، ئەمەیش یەکێکە لەو دیدارانە لەگەڵ گاستۆن فێردیێرێ کردوویەتی.
گاستۆن فێردیێرێ دکتۆری سەرەکی و سەرپەرشتیاری نەخۆشخانەی عەقڵی بووە لە ڕۆدێز، کە ئارتۆ لەنێوان ساڵانی ١٩٤٣ – ١٩٤٦ دا لەوێ چارەسەر کراوە. ئارتۆ لە ساڵی ١٩٣٧دا دەچێت بۆ ئیرلاند، دوای ئەم سەفەرەی له چهندان نهخۆشخانهی دەروونیدا دەرگای لەسەر دادەخرێت و دهخرێتە ژێر چاوهدێرییهکی توندهوه.۱
مارویتز دیدی ئەو دەقەی لەسەر ئارتۆ دەینووسێت، لە کاتی کۆکردنەوەی زانیارییەکانیدا دەبێت، کە بۆ بهرنامهی ڕادیۆکەی ئامادەی دەکات.
مارویتز
دەکرێت باسی یەکەم چاوپێکەتنی خۆتمان لەگەڵ ئارتۆ بۆ بکەن؟
فێردیێرێ
من دەمەوێ پێش هەموو شتێک باسی یەکەم چاوپێکەوتنی خۆم لەگەڵ ئارتۆ لە ڕۆدێز بکەم. بەڵام من کەسایەتی ئارتۆ-م زۆر لە پێشترەوە دەناسی، لەبەر ئەوەی منیش وەک ئارتۆ لە هەمان بازنەی ئەو ناوچانەدا بووم، کە ئارتۆی تیا دەبینرا، ئەوانەی دوای – سوریالیزمەکان، تەنها – بازنەی سوریالیزمەکان، ئەگەر ئێوە واتان دەوێت. لەو سەردەمەدا، هاوڕێکانم زۆربەی کات داوایان لە من دەکرد، ئاگام لە ئارتۆ بێت. ئەوان دەیانگوت، کە ئارتۆ تەواو توندوتیژ بووە، زوو زوو شێتگیر دەبێت و بە شێوەیەکی ناشرین و نابهجێ هەڵسوکەوت دەکات و هەندێک جار هێندە سەیر ڕەفتار دەکات، چاوەڕێی خراپتری لێ دەکرێت. لەوانەیە ئێوە بزانن، کە مەسەلەکە بە تایبەتی سەبارەت بە گۆچانێکی پیاسەکردن بوو، کە ئارتۆ هەی بوو، ئەم گۆچانە هەرگیز لە ئارتۆ جیا نەدەبووەوە و هەمیشە بە دەستییەوە بوو. گۆچانەکەی سانت پاتریک. ئارتۆ بەم گۆچانە هەڕەشەی لە خەڵکی بێتاوان دەکرد، بە تایبەتیش بۆ میوانەکانی سەر شۆستەی قاوەخانەی La Coupole، قاوەخانە کولتوورییەکەی پاریس. من بە هیچ شێوەیەک بەوە قایل نەبووم ئاگام لە ئارتۆ بێت، بە تایبەتی باش دهمناسی و دڵسۆزی ئەو سەربەستییەیش بووم، کە بە ئازادی شیعر ناو دەبرێت، سەرباری ئەوەیش من لەو بڕوایەدا بووم هەر دەستتێوەردانێک لە منەوە بێ سوود دەبوو. بەڵام ئەو دەستتێوەردانە ساڵی ١٩٤٢ پێویست بوو، ئەمە بۆچی؟ چ شتێک لەو کاتەدا ڕوویدا؟ بەڵێ، نەخۆشەکانی نەخۆشخانە دهروونییهکانی فەڕەنسا هەڕەشەی مردنیان لەسەر بوو، ئەمە لە ناوەڕاستی داگیرکردنی فەڕەنسا دابوو، خواردن هەر زۆر کەم بوو، ئەوەی دەدرایش بەشە ئازووخهیهکی زۆر کەم بوو، بە شێوەیەک برسێتی بەری پێ نەدەگیرا، کە ئەمەیش بە شێوەیەکی گشتی بووە هۆی جۆرە تێکچوونێکی دەروونی و لە هەندێک ڕەوشیشدا دەبووە هۆی مردن. ئارتۆ یەکێک بوو لەم نەخۆشانە و لەو کاتەدا لە نەخۆشخانەی دەروونی Ville Evrard جێگیر کرابوو. ئەو، وەک دەڵێن نەخۆشی دەروونی هەبوو، شێتێک، کە بە تەواوی لە کۆمەڵگە دابڕابوو – تەنانەت توانای نانخواردنیشی نەبووە، وەک لە دواتردا بۆم دەرکەوت. تەواو لاواز بووبوو، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی گۆشهگیر بوو. من ئەمانە دووپات دەکەمەوە، لەبەر ئەوەی من ئێستا دەیبەستمەوە بەو گیروگرفتانەی لەگەڵ ئارتۆ هەمان بوو، بە تایبەتیش چالاکی و شێوەی هەڵسوکەوتی. بە هەر حاڵ، من ئاگاداری ئەوە کرامەوە، کە مەسەلەکە چییە و گرفتەکە لە چیدایە، کاتێک یەکێک لە هاوڕێ خۆشەویستەکانی، هاوکات هاوڕێی منیش بوو، ڕۆبێرت دێسنۆ-ی شاعیر، هات بۆ لام و گوتی: “به پێداگرییهوه داوات لێ دەکەم، ئێمە چی تر ناتوانین، کە ئاوا دانیشین و هیچ نەکەین، ئێمە پێویستە فریای ئارتۆ بکەوین.” ئێمە هەموومان لەگەڵ دێسنۆ هاوڕا بووین، کە دەبێت ئارتۆ لە سنووری مەرگ و ژیاندا بپەڕێنرێتەوە. من دەمتوانی بەڵێنی ئەوە بدەم، کە ئەو لەو نەخۆشخانە دەروونییەی ڕۆدێز، کە من لەوێ سەردەستەی دکتۆرەکان بووم، ئەو چارەسەرە باشەی ئەو پێویستی بوو، وەربگرێت. دێسنۆ، تەنها هاوڕێیەکی باش و دڵسۆز نەبوو، بەڵکو ئەو خەڵکێکی زۆری دەناسی و پەیوەندی زۆری هەبوو. ئەو چوو بۆ بنکەی پۆلیسی ناوچەی سەینە، لێرە و لەوێ دەگەڕا و پرسیاری دەکرد و هەوڵی دەدا، تا لە کۆتایدا توانی، ئارتۆ لە سنوورە دەستکردەکانەوە بپەڕێنێتەوە بۆ ناوچە ئازادکراوەکان. سەرەتا بردمان بۆ نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە سەینە، شوێنک، کە هەمیشە دەبووایە نەخۆشی زیاتریان وەربگرتایە، زیاد لەوەی ئەوان توانای پێڕاگەیشتنیان هەبووایە، هەر لەبەر ئەوەیش دهیانویست پاڵ بەو کەسانەیشەوە بنێن، کە لەوێ زیادە بوون. (لەبەر ئەوەی لە پاریس، وەک دەزانن ژمارەیەکی ئێجگار زۆر نەخۆشیی دەروونیمان هەیە و ناشکرێت چاوەڕوان بین پاڵییان پێوە بنێین و ڕزگارمان بێت لێیان.) من لەوەوبەر لەوێ سەردەستەی دکتۆرەکان بووم. من لەگەڵ هاوپیشەکەم لەسەر ئەوە ڕێک کەوتبووین، کە ئەو ئارتۆ بۆ چەند ڕۆژێک لەوێ لای خۆیان بهێڵنەوە، تا دواتر بینێرن بۆ ڕۆدێز. بەم شێوەیە ئارتۆ پاریسی بەجێ هێشت. بۆ ماوەیەکی کورت لە نهخۆشخانهی دهروونی لە شێزاڵ-بێنۆیت خستمان و دواتر، بەیانییەک بە یاوەری سیستەرێک هێنایان بۆ ڕۆدێز. سەعات شەش یان حەوت بوو، لەوانەیە پێنجی بەیانیش بووبێت – بە تەواوی کاتەکەم نایەتەوە یاد. من خۆم لە وێستگەی شەمەندەفەر وەرمگرت. من ئارتۆم دی، کە بە هەنگاوی گەورە و وزە و هێزێکی تەواوەوە لە فارگۆنەکە دابەزی و بەرەو ڕووی من هات و سوپاسگوزاری خۆی بۆ دەربریم. ئەو وەک هاوڕێیەکی دێرین سڵاوی لێ کردم، هاوڕێیەک بەردەوام بینیوویەتی. (یارمەتیم بدە با لەم خاڵەدا، تەواو ورد و بەسەرنج بم)، من زۆر جار ئەوم لە دوورەوە بینیبوو، بەڵام هەرگیز لە نزیکەوە نەمناسیوە. من نەمتوانی پێی بڵێم، کە ئەو لێی تێک چووه و ئێمە یەکتری ناناسین. من هەستم بەوە کرد، کە سهری لێ شێواوه و تێک چووه، هەروەها ئەوەیشم دەبینی، کە ئەو لە سنووری نەخۆشییەکی دەروونی قووڵ و گراندایە. هەر لەبەر ئەوە، ڕاستەوخۆ و دەست بەجێ هەر شتێک ئەو گوتی من بە بەڵێ و بە دڵی ئەو وەڵامیم دایەوە. “دێتەوە یادتان، کە ئێمە لەو قاوەخانەیە – یان لە فڵان قاوەخانە بووین؟ کە ئێمە لە مۆنتپەرنەسێ ئەو ڕۆژە – یان ئەو ڕۆژەیان؟” من گوتم: “بەڵێ، دێنەوە یادم. چهنده مایهی خۆشحاڵییە ئێوە هاتوون بۆ ئێرە.” هێندەی پێ نەچوو، من وەک هاوڕێیەکی نزیک مامەڵەم لەگەڵ دەکرد، نەک وەک نەخۆشێکی دەروونی، کە تەواو لە هەموو دونیا دابڕا بوو. هەر لەو ساتەوەختەیشەوە، من هەوڵی ئەوەم دەدا، کە ئەو بەها مرۆڤایەتییانەی بۆ بگێڕمەوە ئەو لە دەستی دابوون. خێزانەکەم یارمەتی دەدام، کە ئەم گەمە بچووکەم بە باشی بکەم، کە هەموو شتێک لە دەوری ئەم مەسەلەیە هەوڵێکی ئەزموونگەری بوو، هەر کە گەیشتینە نەخۆشخانەکەیش لە ڕۆدێز خێزانەکەم، هەر خێرا ژەمە خواردنی نیوەڕۆی بۆ ئامادە کرد. ئەگەر بڵێم خواردنی نیوەڕۆکە قاوەڵتییەکی چەور بوو، درۆ دەکەم – شتێک بوو، کە پیاو ناچار بوو بیکات، لە خۆشەویستییەوە بوو بۆ ئارتۆ و هەروەها بۆ شیعر، بەڵێ به کورتی، له خۆشهویستی ئارتۆ و شیعر بوو. لێرەدا، لەم بارودۆخ و دەوروبەرەدا، خێزانەکەم سەبرێکی ئێجگار زۆر و گەورەی هەبوو، هاوکات تێڕامانی خۆی پیشان دا. ئەو خۆی وەک پیشە پزیشکی نهخۆشییه دهروونییهکان بوو. سوپاسی ئارتۆی کرد، کە هاتووە بۆ خواردنی نانی نیوەڕۆ. ئەو خۆی لەگەڵ هەموو ڕەفتارە سەیر و ناشایستەکانیدا گونجان – ئەو ڕەفتارە سەیرانەیش لە کاتی ئەو نانخواردنی نیوەڕۆیەدا ئیجگار زۆر بوون – لەوە دەچوو کە نانی لەگەڵ خەڵک نەخواردبێت یان سفرەی ڕازاوەی بۆ چەندان ساڵ نەبینیبێت. خێزانەکەم چاوی لەو پیس و پهڵۆخی و بهبێزخواردنهی ئارتۆ پۆشی و گوێی پێ نەدا. ئارتۆ لە کاتی نانخواردنەکەدا، لە پڕ گۆرانی بۆ دەگوت و لەسەر ئەژنۆ لەبەر دەمیدا دەکەوت، خێزانەکەم بهرگهی هەموو ئەم شتانەی کرد… دوای چەند ڕۆژێک بڕیارماندا، کە ئارتۆ بخەینە ژوورێکی تایبەت بە خۆیەوە. ئامادەکردنی ژوورێکی تایبەت لە نەخۆشخانەی دەروونی و لە ناوچە و هەرێمە دوورەکانی فەڕەنسادا شتێکی هەروا ساکار و ئاسان نەبوو. دوای تەنها چەند هەفتەیەک لە تاراوگە (“تاراوگە” لەبەر ئەوەی ئەم نەخۆشخانەی هەرێمە فەرەنسییەکان، هەموو تایبهتمهندێتییهکانی سیستێمە کۆنەکەی گۆشەگیرکردنییان مابوو)، بەم شێوەیە ئارتۆ لە تاراوگە ژوورێکی تایبەت بە خۆی وەرگرت، لەوێدا دەیتوانی ئەوەی دەیەوێت بیکات، بێ ئەوەی کەس بتوانێت ڕێگای لێ بگرێت – دەبێت لێرەدا ئەوە بڵێم – کە ئارتۆ بە شێوەیەکی مەترسیدا پیس و پۆخڵ بوو. دەبوایە ئێمە بەردەوام بە شێوەیەکی تەواو پاکمان بکردایەتەوە، پاشماوەی خواردنی کۆن لابەین، هەروەها قنە جگەرە، کە لە هەموو شوێنێکی ژوورەکەدا فرێیدەدا. هەموو هەفتەیەکیش بە شێوەیەکی دراماتیکی ناچار دەبووین بە زۆر بیبەین و بیشۆین. (وەک دەزانن، تەنانەت ساڵەکانی بەرایش ئەو ئەکتەرانەی کاریان لەگەڵ دەکرد لە بۆنە ناخۆشەکەی تۆقیبوون.) هەندێک کات بە هیچ شێوەیەک قایل نەدەبوو خۆی بشوات، من ناچار دەبووم بە شێوەیەکی فەرمی داوای ئەوە بکەم و ناچاری بکەم (من داوای لێبووردن دەکەم، کە وشەی داواکردن و ناچارکردن بەکاردەهێنم) کە لەگەڵ سیستەرەکاندا بڕوات بۆ حەمامەکە و خۆی بشوات. بەڵێ، وەک خۆتان دەزانن ئا لەم ساتەوەختەدا بوو، کە من بە دەنگ ئارتۆ-وە چووم. بەر لەوەی من یارمەتی بدەم و بۆ ماوەیەکی زۆر هاوڕێکانی تکایان لێ دەکردم و داوایان لە من دەکرد، کە ئاگام لە ئارتۆ بێت. ئەمەیش پێویستی بە کۆنترۆڵێکی تەواو بوو، بۆ ئەوەی هەوڵی ڕزگارکردنی ژیانی بدەین، هەر بەم مەرجانەیش من قایل بووم، کە بە دەنگ ئارتۆ-وە بچم و ژیانی رزگار بکەم.
مارویتز
دەتوانن پێناسەی جۆر و فۆرمی شێتییەکەی بکەن؟
فێردیێرێ
خودی چەمکی شێتێتی، شتێکە ئێمە بەرەو بەدحاڵیبوون دەبات. لە دەستووری ساڵی ١٨٣٨ دا نووسراوە، مەبەستم ئەو دەستوورەیە، کە دەستنیشانی چەمکی شێتێتی کردووە لە فەڕەنسا، لەوێدا نووسراوە و بە ناوی گەلەوە بڕیاردراوە، کە ئەو کەسانەی جێگای مەترسی گشتیی و ئاسایشی مرۆڤ دهبن، وەک شێت لە قەڵەم دهدرێن. ئێستا ئارتۆ بە هەموو مانایەکی ئەو وشەیە، مرۆڤێکی ترسناکه و کۆمەڵگە ناچارە خۆی لە دەستی بپارێزێت و دوور بخرێتەوە. ئێوە لەوانەیە ئەوەتان لەیاد بێت، ئارتۆ خرایه نهخۆشخانهیهکی دهروونییهوه، دوای ڕووداوێک لە پاپۆرێک دا، کە لە ئیرلەندەوە دەگەڕایەوە، ڕوویدا بوو. ئەو چوو بوو بۆ ئێرلەندە تا شوێن پێی (سانکت پاتریک)ی پیرۆز بکەوێت، بە هەمان شێوەی، وەک چەند ساڵێک لەوەوبەر چوو بوو بۆ مەکسیک تا بە دوای ڕیتواڵه کۆنەکاندا بگەڕێت. لە پاپۆرەکەدا، لە دبلن-ەوە، تووشی ڕەوشێکی لەپڕی شێتانەی توندوتیژ دەبێت، کە کاپتنی پاپۆڕەکە ناچار دەبێت لە مەخزەنی پاپۆرەکەدا دەرگای لەسەر دابخات تا نەفەرەکانی تر بریندار نەکات. کە دەشگەنەوە Le Havre ئارتۆ بە فانیلەی قۆلبەستراوی – لەو بڕوایەدام- دەیبەن بۆ شێتخانەی ڕیۆیۆن. بە داخەوە هەموو تۆمارهکانی Le Havre و ڕیۆیۆن لە کاتی ڕزگارکردنی فەڕەنسا دا سووتێنراوە و لەگەڵ بە گەڕخستنی هەموو هەوڵەکانیشمدا، تەنها دۆکیومێنتێک چییە، هی ئەو قۆناخە دەستم نەکەوت، جگە لە کاتی تۆمارکردنەکەی نەبێت.
مارویتز
بەڵام، ئەی نەخۆشییەکەی…
فێردیێرێ
بەڵێ باسی ئەوەیش دەکەین. من مرۆڤێکم دی، تازە لە گۆشەگیرییەکەی هاتبووە دەرەوە. لەو ساتەدا ترسناک دەرنەدەکەوت، بەڵام وەک لە کاتی هاتنی ڕەوشە لەپڕە شێتییەکانیدا، ترسناک دەبوو. ئەگەر ئێوە دەتانەوێت بە شێوەیەکی تیۆری له ڕوانگهی دهروونزانییهوه پوختەی نهخۆشییەکەیتان بۆ بخەمە ڕوو، ئا بەم شێوە قسە دەکەم: لە شێتێتییەکەی ئارتۆ-دا جۆرە ململانێیەک هەبوو، هێز تاقیکردنەوەیەکی ئێجگار گەورەی لەنێوان خوا و شەیتان دا هەبووە؛ هەندێک جار لەم ململانێیەدا خوا سەرکەوتنی بە دەست دەهێنا، بۆیه، ئارتۆ لەم کاتانەدا بڕوایهکی تهواوی به خودا دهبوو، بڕوایهکی ترسناک. له ههفتهیهکدا چهندان جار دەچوو بۆ نوێژی بە کۆمەڵی کڵێساکان و هەروەها بۆ چەندان کاتژمێر لەگەڵ قەشەی نەخۆشخانەکە دادەنیشت و قسەی دەکرد. هەندێک جاریش شهیتان فریوی دهدا و دەستی دەگرت بەسەر ڕەوشەکەدا، بەم شێوەیەش هێرشی دەکردە سەر ئەو ئافرەتانەی بە ڕێکەوت بە بەردەمیدا دەڕۆیشتن و سەرکۆنەی دەکردن و قسەی ناشرینی پێ دەگووتن و تفی دەکردە مرۆڤ، هەر تەنها لەبەر ئەوەی لەو شوێنەدا بوون و دەیبینین. لەبەر ئەوە من ناتوانم، وەک فرانسۆیس مەوریسیا، ئارتۆ وەک کەسێکی گەورەی پڕ لە ڕاز و نیاز ببینم. بە هەر حاڵ، ئهگهر وایش بێ، من ئهو ههر به کهسێکی پڕ له ڕاز و نیاز و له ههمان کاتیشدا به شێت دهزانم. ئێمە دەبێت ئەوە بزانین، کە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشێکدا دەکەین، کە تا ئەوپەڕی خەیاڵیی لە ڕەوشێکی شێتێدا دەژی، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە شێوەیەکی سەیر هەستیار و ناسک هۆشییاری خۆی پاراستووە. وشەی “شێتی” لە زانستەکانی دەروونیدا مانای “بێهێزبوونی وزە هەستیارییەکان” ناگەیەنێت. ئەمەیش ئەو شتەیە، کە مرۆڤ، بە تایبەتیش مرۆڤی ڕۆشنگەر و خوێنەوار لەم شتە ناگەن. کەسانێک هەن، کە هەمیشە لە ڕووی هەستەوە سهرلێشێواون، بەڵام هۆش و هزر و توانای ههڵسهنگاندنیان تەواوە و هیچ کێشەی نییە. ئەم ململانێیەی نێوان خودا و شەیتانیش بۆ نموونە شتێکی زۆر ئاساییە بۆ ئەو کەشیشانەی پەیڕەوی یاسا توندەکانییان دەکەن. ئەمەیش لەسەر چەندان ئاستی دەروونیی و ڕۆحیی هەن. ئەمە لەنێو ئەو خەڵکانەیشدا هەیە، کە بە تەواوی بێ فەرهەنگ و کولتوورن، بۆ نموونە ئەو شوانانەی بەسەر چیاکانمانەوەن، بە هەمان شێوە لەنێو کەسانێکدا کە لەسەر ئاستێکی بەرز خاوەن فەرهەنگ و کولتوورن، بۆ نموونە ناوەندە هۆشیارەکەی پاریس یان دونیای زانکۆکان. ئەمەیش ئاساییترین شێوازه، که مرۆڤه دهروون ناتهواوهکان گوزارشت لە خۆیانی پێ دەکەن.
ئەوەی من لێرەدا نامەوێت سهبارهت به ئارتۆ، به شێوهیهکی ڕاستهوخۆ بیکهم، دیاریکردنی باره دهروونییهکەیەتی، دهستنیشانکردنی نهخۆشی، لهم سهردهمهدا، کارێکی ئاسانه، بهڵام دهستنیشانکردنی نهخۆشی دهروونیی کهسێکی نهخۆش و پۆلێنکردنی لهژێر ههر ناوێک بێ، کارێکی تا ڕادهیهک ترسناکه، چونکە ناتوانین کەسێکی دەروون نەخۆش پۆلێن بکەین، هەروەک چۆن مێشومەگەز، پەپولە یان گوڵ پۆلێن دەکەین. زۆر پێویست و گرینگە، پێش هەموو شتێک، بەدەر لە هەموو جۆرە دهستنیشانکردنێک خودی مرۆڤەکە ببینین. سهبارهت به ئارتۆ، نهخۆشییهکهی به وردی دیار نهبوو، له شیزۆفرێنی دهچوو و نهدهچوو، لهو شێرپهنجهیهی دهکرد، که نهخۆشهکانمان ههڵدهلووشێ، به تایبهتیش ئهوانهی تووشی وڕێنه دێن. سهبارهت به ئارتۆ، من دهمهوێت بیسهلمێنم، که له ههندێک باردا جۆرێک له هۆشیاریی تیایه، بهڵام لهبهر ئهوهی ئهوانهی لهسهرهوه باسم کردن، هیچ ئاماژهیهكیان بهم ئاڕاستهیه تێدا نییه، بۆیه دهتوانم وشهیهکی کۆنی ئهڵمانی بۆ ئهم باره دهروونییهی ئهو بهکار بێنم و بڵێم: شیزۆفرێنای درهنگوهخته، واته ئهو شیزۆفرێنیایهی له تهمهنێکی درهنگ تووشی مرۆڤ دێ.
مارویتز
باشە ئێوە چ سەرکەوتنێکتان لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکەتاندا بە دەست هێنا؟
فێردیێرێ
بەڵێ، ئێمە ئارتۆ-مان لە ڕۆدێز لا بوو. ئەو بە هۆی ئەو دەرفەتانەوەی ئێمە بۆمان ڕەخساندبوو، خۆی لە هاوسۆزیەکی تەواودا دەبینییەوە. ژوورێکی تایبەتی خۆی هەبوو، کە من لەوەوبەر ئاماژەم بۆ کردووە. خواردنی تەواوی پێدەدرا، تەنانەت دەتوانم بڵێم، کە زیاد لە بەشی خۆی پێدەدرا. ئەڤێیڕۆن هەرێمێکی دەوڵەمەندە و بازاڕێکی ڕەشی باشی تیایە. ئهوسا من بهڕێوهبهری نهخۆشخانه دهروونییهکه بووم. خۆراک بە یارمەتی ئەو بازاڕە ڕەشە بۆ نەخۆشەکان دابین دەکرا. بەم شێوەیە ئارتۆ زیاد لە پێویست خواردنی دراوەتێ. ئارتۆ جگهرهی زۆر دهکێشا، لەبەر ئەوە بهڕێوهبهرهکه ههمان ئهو پاکهته جگهرهیهی پێ داوه، که ئارتۆ ویستوویهتی. چەندی ویستووە پێیدراوە. ئارتۆ ئەو کەسانەی بینیووە، کە لە ژوورەکەی خۆیدا سەردانییان دەکرد، بۆ نموونە هونەرمەندێک، که ناوی فرێدریش دو لانگلەبێ بوو، هەروەها لەو کاتەدا، کەسێک کە لە بەندیخانە ڕایکردبوو و خۆی لە نهۆمەکەی مندا حەشار دابوو، هەموو ڕۆژێک سەردانی ئارتۆی دەکرد، یان پێکەوە پیاسەیەکیان بهدهوروبهری باخچەی نەخۆشخانەکەدا دەکرد. ئارتۆ ئهو کاته دهیتوانی تا ڕادهیهک له ژوورهکهی بێته دهرهوه. تەنانەت تا دەرەوەی ئەو شوێنانەیش دەڕۆیشت، کە بە ناوچەی خانووبەرە ناوزەد دەکرا و دواتر دهیوێرا، سهرهتا لهگهڵ هاوڕێیهکی، که متمانهی پێ دهکرد، پاشانیش بهتهنیا دههاته ئهو ناوه.
چ جۆرە چارەسەرێکی وەردەگرت؟ سەرەتا چارەسەرێک، کە من دەمەوێت ناوی بنێم فیزیکی؛ خواردنێکی ڕێکوپێک و فرەباش زۆر گرینگە لە هەموو چارەسەرێکدا. هەندێک دەرمانی تایبهت به ئارامبوونهوهی وهردهگرت، هیچ ماددەیەکی بێهۆشکاری (نارکۆتیکا)ی وەرنەدەگرت. (دواتر دەگەڕێمەوە سەر ئەگەری پرسی ژههراویبوونی ئەنتۆنان ئارتۆ بە ماددەی بێهۆشکەرەکان.) لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو هەر ناچالاک و بێدەربەست دەبوو، بە شێوەیەک، کە تەواو دەبووە جێگای نیگەرانییەکی قووڵ، گۆشەگیر دەبوو. لێرەدا مەسەلەکە سەبارەت بە یەکێک لە گەورەترین شاعیرەکانی سەردەمەکەی خۆیەتی، ئەو پیاوەی کە (شانۆ و هەمبەرەکەی) نووسیوە، کە شۆڕشێک بوو دژی نهریت و ڕێسا شانۆییهکانی سەردەمەکەی خۆی و ئێستا ئەو لێرەدا دانیشتووە و هیچ ناکات، بە قووڵی بیر دهکاتهوه، کە نادیارە لە هەموومانەوە. ههڵبهت ڕۆژێک ههر دێ لهم دۆخه دهربچێ و هەر لەبەر ئەم هۆیەیش من خۆم ئهو مافهم ههبوو، نههێڵم نهخۆشییه دهروونییهکان تهنگی پێ ههڵبچنن، لهبهر ئهوهی نهخۆشییه دهروونییهکهی کهم دهبووهوه. من بڕیارم دا، کە چارەسەری لەرینەوەی میکانیکی بەکاربهێنم، هاوکات ئارتۆ چەندان هێدمەی کارەبایی لێ درا، کە پێویستە ددانی پیابنرێت، کە ئەو ترسێکی زۆری لێی هەبوو، ئەگەر دەشتانەوێت دەتوانین باسی ئەوەتان بۆ بکەین، کە ئارتۆ چۆن ڕووبەرووی ئەم هێدمە کارەباییانە بۆتەوە. من ڕاستییەکان بۆ ئێوە دەگێڕمەوە.
مارویتز
چەند هێدمەی کارەبایتان لێ داوە؟
فێردیێرێ
لەو بڕوایەدام، کە نۆ جار بوو بێت – شەش تا نۆ جار. تا ئهو ئاسته شتێکی ئاسایی بوو لهو کاتهدا، ئهگهرچی نەریتە پزیشکییەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر جۆراوجۆرن و گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.
مارویتز
لەو سەردەمەدا، ئەو هێدمە کارەباییانە شتێکی تاقیکردنەوەئاسا نەبوو؟ شتێک نەبوو، کە مرۆڤ لە ناوەڕاستی چلەکاندا زۆر کەم شتی لەبارەوە دەزانی؟
فێردیێرێ
شتێکی زۆر باو بوو. ئەمە جۆرە چارەسەرێکە، کە وا دەکات جەستە گرژ بێت، بەرلەوەی دەست بکرێت بە بەکارهێنانی هێدمەی کارەبایی، ئێمە فۆرمێکی ترمان لە هێدمهی کارهبایی، وهکوو چارهسهر، بۆ نهخۆشهکانمان بهکار دههێنا، کە بە تەواوی دهستنیشان کرابوو و هەروەها بە شێوەیەکی گشتی بەکاردەهێنرا. لەبری ئەوەی جۆرە نۆبەیەکی فێ بە هۆی کارەباوە دروست بکەین، ئێمە دەرمانی هۆشبەرمان وەک چارەسەرێکی ناوەکی، کە دەچووە شادەمارەکانی خوێنەوە، بە نەخۆشەکانمان دەدا، دەرمانێکی هۆشبەر ناوی (کاردیسۆڵ)ە، لەبیرمە، کە منیش لە ساڵی ١٩٤٠دا کاردیسۆڵ-م داوە بە نەخۆشەکانم. کەواتە ئەمە فۆرمێکی چارەسەرکردنی کلاسیکییە و پزیشکهکانی دهروونزانی دهمێک بوو تاقیان کردبوه و تێپەڕێنرا بوو. ئێمە لە نەخۆشخانەی دهروونی ڕۆدێز ڕۆژانە نزیکەی نیو دەرزەن هێدمەی کارەبایمان بەکاردەهێنا.
مارویتز
ئارتۆ گوتویەتی، کە ئەو بە ڕاستی دوای یەکێک لەم هێدمە کارەباییانە، بۆ ماوەی نزیکەی پێنج خولەک مردووە. ئایا ئەمە ڕاستە!
فێردیێرێ
بەڵی، بێگومان، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە هێدمەی کارەبایی نۆبەی فێ دروست دەکات. دوای نۆبەیەکی فێ لێ هاتن، کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ ئاستەکانی گرژبوون گەشە دەکات، هاوکات هێدی هێدی دەچێتە قۆناخێکی بەجۆش و ئارامبهخشهوه، دوای ئەوە نەخۆشەکە دەکەوێتە بارێکی گیانهلائاساوه، کە لەوانەیە چەند چرکەیەک بخایەنێت، هەندێک جار زۆرتریشە. دوای ئەوە ماوهیهکی زۆر کورت خهوی لێ دهکهوێ، ئینجا هۆشیار دهبێتهوه. بەڵام لە بەخەبەرهاتنەوەکەدا، وەک لە هەموو فێیەکدا هەیە، نیشانهیهک هەیە، ئەوەیش ئەوەیە فێ لێ هاتووەکان نازانن چی ڕوویداوە. ئەوانەی لەسەر شەقامەکان و لەپڕ فێ-یان لێ دێت، لەو کەسانەی لەوێدا به دهوروبهرییهوه دهوهستن دەپرسێت: “من لە کوێم؟” ئارتۆ-یش لە نەخۆشەکانی دەپرسی، کە لە دەوری ئەو وەستا بوون، هەروەها سیستەرەکان و ئەو دکتۆرانەیشی بە ڕێکەوت بە وێدا تێدەپەڕین: “من لێرە چی دەکەم؟ من لە کوێم؟ من کێم؟” ئەمەیش شتێکی تەواو ئاساییە، ئەم جۆرە هەستە ترسناکانەیش لە کاتی بە ئاگاهاتنەوەدا، له ڕوانگهی دهروونزانییهوه ئاماژەیەکی تەندروستییە. ئەمە نەخۆشەکە، که له بارێکی بوورانهوهی مهرگئاسا دایه، والێدهکا جارێکی تر ببووژێتهوه و بێتهوه هۆش خۆیهوه. ئهمهیش ئهو ئاستهیه، که ئێمه دهمانهوێ پێی بگهین. بەم شێوەیە ئارتۆ لە ئەنجامی ئەم چارەسەرکردنەدا، کەمتر یان زیاتر لە مرۆڤەکانی تر تووشی نارەحەتی نەبووە. بێگومان ئەو بە هیچ شێوەیەک هەستی بە هیچ شتێک بەم هێدمە کارەباییانە نەکردووە. ئێمه لهوه دڵنیایین، که چارەسەری هێدمەی کارەبایی بە تەواوی دووره لە هەموو جۆرە ئازارێک. ئەوەی گرانە، ئەوەیە دوای هێدمە کارەباییەکە لهخۆی بهئاگا بێتهوه و باری دهروونی بگهڕێتهوه دۆخی جارانی. ڕەوشەکە وهکوو ئهو دۆخهیه، که مرۆڤ تووشی دێ، کاتێک له ژوورێک، بۆ نموونه ژووری هۆتێلێک، لهخهو بێدار دهبێتهوه و تا ماوهیهکی کهم ناتوانێ، وهکوو پێشتر به ڕووناکییهکه ڕابێت. وەک ئەمە وایە. هیچ شتێکی تر نییە. لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی ئارتۆ-یش سەبارەت بە ترسناکی چارەسەری هێدمەی کارەبایی باسی کردوون، ئەو چارەسەرە توندوتیژه هێدمە کارەباییانە، کە ئێستا بە هەمان هێدمەی کارەبایدا دەڕۆن. ئەو چارەسەرە نامرۆڤانەی هێدمەی کارەبایی، کە هەمان هێدمەی کارەباییە ئەوی هۆشیار کردەوە، کە لە کوێیە و چییەتی.
مارویتز
باشە ئارتۆ دوای ئەم هێدمە کارەباییانە زۆر گۆڕا بوو؟
فێردیێرێ
دوای ئەمانە بوو، کە ئارتۆ داوای کرد سەرلەنوێ بخوێنێتەوە. ئێمە ڕێگامان پێدا بخوێنێتەوە. چیمان دەست بکەوتایە دەماندایە، ئەوکاتە شەڕ بوو. ئارتۆ هەموو ئەو کتێبانەی خوێندەوە، کە من خۆم وەرمگرتبوون. (دونیا سەیر و سەمەرەکەی ئەڵایس)ی خوێندەوە، من لەو بڕوایەدا بووم، کە پێویستە دەست بکاتەوە بە نووسین، بۆ ئەوەی یارمەتی بدەم بگەڕێتەوە سەر نووسین، ئەو کتێبەم بەکار هێنا، کتێبەکەم وەک بەهانەیەک هێنایەوە و گوتم: “من ئینگلیزییەکەم زۆر خراپە، وەریشی بگێڕم، یەک دونیا هەڵە دەکەم و شتەکان بە هەڵە تێدەگەم. یارمەتیم بدە تا ئەڵایس وەربگێڕم.” ئەویش ئاڵایس-ی بۆ وەرگێڕام، هاوکات (کۆرپەی سووتاو)هکەی ڕۆبێرت ساوسۆێڵ-یشم دایە، کە من خۆم زۆر حەزم لێ دەکرد، ئەوەیشی بۆ وەرگێڕام. دواتر ئەو وەرگێڕانەم نارد بۆ پیار سێگش، کە لە ڕۆژنامەکەی خۆیدا (شیعر) بڵاوی کردەوە. ئەوەیش یەکەم جار بوو، شتێکی ئارتۆ دوای دەرگا لەسەر داخستنی لەم نەخۆشخانانەدا، بڵاو بکرێتەوە. هەر لەبەر ئەوە سەرلەنوێ هیوایەکی باشمان بەو هەبوو.
مارویتز
دەتانزانی، کە ئارتۆ هات بۆ ڕۆدێز نەخۆشی شێرپهنجهی هەبوو؟
فێردیێرێ
ئارتۆ به درێژایی ئهو ماوهیهی ناسیومه، ههرگیز شێرپهنجهی نهبووه. شێرپەنجەی ئارتۆ یەکێکە لەو درۆ و دهلهسانهی، کە ژیانی ئهویان بارگاوی کردووە. لەوانەیە لە ڕۆژەکانی کۆتایی ژیانیدا دووچاری جۆرێک له شێرپهنجه بوو بێت، کە کۆتایی بە ژیانی هێناوە، بەڵام بەر لەمە چەندان بەڵگەی تر هەن، کە بۆ من زۆر زەحمەتە بڕوا بەوە بکەم، کە ئارتۆ لە ڕۆدێز شێرپەنجەی هەبوو بێت. ئەو هەرگیز هیچ جۆرە ئاماژەیەکی لەو جۆرەی پیشان نەداوە، بە تایبەتیش گەدە یان شێرپەنجەی ناوسک، کە باسی لێوە دەکرێت. زۆر بە ئاسانی ئەم جۆرە نەخۆشیانە دەدۆزرێتەوە و بە خێرایش دەتکوژێت و کوشندەیە. ئارتۆ زۆر دواتر مرد، بێ ئەوەی تەنها یەک نیشانەی شێرپەنجەی لێ دیار بێت.
مارویتز
بە بۆچوونی ئێوە، سەبارەت بە ئارتۆ و ئەو چارەسەرەی ئەو وەریگرت، دوای ئەم هەموو ساڵە هیچ گۆڕانکاری بەسەردا هاتبوو؟
فێردیێرێ
هەموو ئەوانەی بەردەوام و بە شێوەیەکی ئاسایی ئارتۆ-یان دەبینی، ئەوانەی لەگەڵ ئەو دەژیان و چاویان لەو گەشەیەی ئەو بوو، بە ماوەیەکی زۆر بەر لە سەفەرەکەی بۆ ئیرلەندە، هەستییان بە نەخۆشییە دەروونییەکانی ئەو کردبوو. ئهوان زۆر باش لهوه گهیشتبوون، کە نەخۆشییەکەی لە هەر کاتێکدا بێت بە تەواوی سەرهەڵدەدات. ئەگەر لە پاپۆرەکەیشدا لە ئێرلەندەوە دهرنهکهوتایه، ئەوە لە شوێنێکی تر هەر سەری هەڵدەدا. لەپڕ ڕۆژێک، دوای شەڕێک ئارتۆ-یان هەر بەرەو بنکەیەکی پۆلیس بهکێش دهکرد و دەرگایان لە ژوورێکی بچووکی یەک کەسیدا لەسەر دادەخست لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانی پۆلیس لە پاریس. هەموو دەمانزانی، کە هەر دەبێت ئا بەم شێوەیە کۆتایی بێت.
مارویتز
ئەی چی بە هاوڕێکانی ئارتۆ دەڵێن، کە دەڵێن ئارتۆ بە هیچ شێوەیەک شێت نەبووە؟
فێردیێرێ
ئەوانەی وا دەڵێن هەرگیز ئارتۆ-یان نەدیووە و هەرگیز نەیانناسیووە. تەنها یەک کەسم پیشان بدە – جا ئەو کەسە ئەندازیار، یان مامۆستا، یان شاعیر، یان هەر شتێک بێت، کە ئێوە بتانەوێت – کە ئارتۆی ناسیووە و ئارتۆی لە پاریس، کاتێکی درێژ بەرلەوەی دەرگای لەسەر دابخرێت، بینیوە، کە بڵێت ئارتۆ بە شێوەیەکی ترسناک و ناهاوسەنگ خۆی دەرنەخستبێت. ئەوانەی دەڵێن ئەو شێت نەبووە، ئەو هاوڕێیانەی بوون، کە ئارتۆ-یان لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا بینیووە، ئەوانەی دوای مردنەکەی بوون بە هاوڕێی “ئارتۆ”. له کۆتاییدا، ژیانی ئارتۆ وهکوو ئهفسانهی لێهات، لەو ئەفسانەیەشدا دهیانگوت: ئارتۆ شاعیرێکی زۆر گەورە بووە، بە شێوەیەکی گەورە گۆشەگیر کرابوو، پشتگوێ خراوە و خەڵکی زۆر نەیار بوون بەرامبەری و تا ئاستی نامرۆڤانە مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، هاوکات دهیانگوت ئەو مرۆڤێکی ئاسایی بووە، بە هیچ شێوەیەک شێت نەبووە. هەروەها لەبەرامبەر بە ئەفسانەکردنی ژیانی ئارتۆ و بەئەفسانەییبوونی کەسایەتییەکەی، کەسانێکی تر خرانە نێو ئەم دونیا ئەفسانەیەوە، ئەویش پێویستە باس بکرێت. ئەمانیش بریتی بوون لە پزیشکه دهروونزانهکان، دزهکان، ههروهها سادیستهکان، کە هاوشێوهی دکتۆر گهلیکاری*، به دهموچاوی ترسناكهوه دەهاتنە بهرچاو و وایان لە نەخۆشەکانیان دەکرد ئازار بچێژن. منیش ڕێک ههمان ئهو ڕۆڵهم ههبوو لهبهرامبهر ئارتۆ.
مارویتز
ئێوە لە دوا ڕۆژەکانی ژیانی ئارتۆ-دا لە پاریس بوون؟
فێردیێرێ
نەخێر، من لەو کاتانەدا لە پاریس نەبووم. من لەو بڕوایەدام، کە ئێوە مەبەستان لەو سیمینارە بێت، کە ئارتۆ لە هۆڵی Vieux Colombier گێڕا بووی.
مارویتز
ئێ.
فێردیێرێ
من بۆ خۆم لەو سیمینارە نەبووم، بەڵام هاوڕێکانم لەوێ بوون و بە تەواوی نیگهران بوون، کە بە ڕاستی ئارتۆ لە ڕەوشێکی زۆر خراپدا ببینن، کە خۆی پیشان دەدات – قوربانییەک وڕێنە دەکات، هەموو دەمارەکانی ههڵئاوسابوون، دەست و سەر ڕاوەشاندن، هاوارهاوارکردن، تف و گاڵتەجاڕیی، تاوانبارکردن – قسهکردن به ڕستهی ناڕێکوپێک، یان نەتوانینی خوێندنەوەی ئەو سیمینارەی، کە خۆی بۆ ئامادە کردبوو. بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر ئەوانی دڵگران کردبوو، بینەرەکان بوون، ئەو خەڵکەی تەنها بۆ ئەوە هاتبوون تا چاو ببڕنە ئەو، بۆ ئەوەی سەیری سیمینارەکە بکەن، بەڵام بە هەستێکی شاراوەی لەخۆڕازی و لوت بەرزییەوە. هەروەها من ئەوەیش دەزانم، کە کەسانێکی زۆر لەبەر خۆشەویستییان بۆ ئارتۆ چووبن بۆ ئەوێ و گوتویانە: “ئەم شەو ئارتۆ قسە دەکات، ئێمە پێویستە بچین بۆ ئەوێ.” بەڵام هۆڵەکەیان لە ئەنجامی مامەڵەی بینەرەکانی تردا، بە هەستێکی بەهێزی ناخۆشەوە بەجێهێشتووە.
مارویتز
کەواتە مەبەستی ئێوە ئەوەیە، کە ئەو دوای هاتنەدەرەوەی لە ڕۆدێز چاک نەبووبووەوە؟
فێردیێرێ
ئارتۆ هەرگیز چاک نەدەبووەوە. ئەو بە دەست نەخۆشییەکی دەروونی وەهاوە دەتلایەوە، کە چارەسەری نەبوو. مانای چییە، چارەسەری شێتێکی وەک ئارتۆ بکەی؟ زۆر بە ئاسانی: ڕەوشێکی وەهای بۆ بڕەخسێنیت، کە بتوانێت لەناو خەڵک و لە کۆمەڵگەدا بژی. کە ئارتۆ ڕۆدێز-ی بەجێ هێشت، مێرخاسێکی وەها بوو، کە فێری ئەوە بووبوو بە شێوەیەکی ڕاست مامەڵە بکات، مەبەستم ئەوەیە، کە دەست نەنێتە بینی هەر کەسێک بە ڕێکەوت دەیبینی، یان سووکایەتی بە ئافرەتێک بکات، کە بە بەردەمیدا دەڕوات، هەر لەبەر ئەوەی بلوزێکی لەبەردایە بە دڵی ئەو نییە. ئەمە هەموو ئەو چارەسەرە بوو، کە لە توانادا بوو بۆ ئەو.
سەرچاوە:
ئەم دیدارە لە گۆڤاری دراماتن، ژمارە ٧٢، ساڵی ١٩٧٨ وەرگیراوە. بەڵام بە داخەوە، لە گۆڤارەکەدا هیچ زانیارییەک نەنووسراوە، بۆ نموونە ئەم دیدارە بە چ زمانێک کراوە و کێ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی سویدی.
Vita rum. Charles Marowitz intervjuar Gaston Ferdiére, Dramatens tidskrift, nr, 72 Stockholm 1978
۱ . تا ئێستا، بە شێوەیەکی گشتی لە نێوەندە ڕۆشنبیری و هونەرییەکەی فەرەنسادا، دهنگۆیهکی وا ههیه، کە ئارتۆ لە نەخۆشخانە دەروونییەکاندا، بە تایبەتیش لە (ڕۆدێز) برسی کراوە و مامەڵەیەکی نامرۆڤانەی لەگەڵ کراوە. ئارتۆ خۆی ڕۆڵێکی زۆری لەم مەسەلەیەدا بینییوە، چەندان جار شتی دهربارهیان نووسیوه و هێرشی کردوونەتە سەر، بە تایبەتیش لە یادەوەرییەکانی ئەو ماوهیهدا و لە کتێبی (ڕۆژمێرێک لە دۆزەخەوە). ئەم دیدارەیش لەگەڵ ئەو دکتۆرەی ئەو ماوەیە لە نەخۆشخانەی ڕۆدێز ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی چارەسەرکردنی ئارتۆ-ی کردووە، زۆر شتمان لەم بارەیەوە بۆ ڕوون دەکاتەوە.
* . دکتۆر کەلیگاری، فیلمێکی ترسناکی ئەڵمانییە و لە ساڵی ١٩٢٠ بەرهەمهێنراوە؛ ئەم فیلمە کاریگەرییەکی گەورەی بەسەر فیلمە دەربڕینخوازەکاندا هەبووە. وەرگێڕ.