تراجیدیا/کۆمیدیا
تێڕوانینێکی فەلسەفی
دەکرێت شانۆ لە ساکارترین پێناسەکانیدا لە وشەی درامادا کۆبکەینەوە، درامایش “تراجیدیا، یاخود کۆمیدیا” ململانێیە، قەیرانە، کێشەیە، بەرگریکردنە. دەتوانین بڵێین، کە بە شێوەیەکی گشتی، ململانێ و کێشەکان، لە تراجیدیادا بە کارەسات کۆتایی دێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کۆمیدیادا، بە خۆشی کۆتاییان دێت. تراجیدی، لە کۆتایدا دەبێتە تراجیدی؛ بە مردن، ئازار و ژان، دابڕان، خەمێکی گەورە و قووڵ، یان نەگەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو، کۆتایی دێت. شانۆنامه کۆمیدییەکان بهوه نابنە کۆمیدیا، ئهگهر تهنیا دیمهنی کۆتایی کۆمیدی بێ، بهڵکوو پێویسته له سهرهتاوه تا کۆتایی کۆمیدی بێ.
تراجیدیا بەوە پێناسە دەکرێت، کە بەرجەستەی کێشە و ئازارەکانی پادشا و میر و چینە بەرزەکەی کۆمەڵگە دەکات و وەک ژانرێکی بەرز و ئێستاتیکی ئاماژەی بۆ دەکرێت، بە پێچەوانەی کۆمیدیاوە، کە زیاتر مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و ژیانی ڕۆژانە دەکات. ئەریستۆ لە کتێبی (هونەری شیعر)دا بەم شێوەیە باسی تراجیدیا دەکات: (تراجیدیا بەتەنیا لاساییکردنهوهی کردەوەیەکی تەواو نییە، بەڵکو ترس و بەزەییش دەوروژێنێت. ئەم کارتێکرنەیش ئهو کاته سەرهەڵدەدات، کە بەسەرهاتەکان، بێئهوهی چاوهڕوان بکرێن، ڕوو بدهن و بەدوای یەکدا بێن.) هاوکات، ئەریستۆ ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە تراجیدیا کاریگەرییەکی پۆزەتیفی بەسەر بینەرانەوە هەیە، بەم شێوەیەش بەسەر تاک و کۆی کۆمەڵیش بەرەو پاکژبوونەوە – کاتارسیس – دەبات.
فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش هیگل(١٧٧٠- ١٨٣١) لە ١٨٠٠ەکاندا، لەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە ئێستاتیکا بڵاوی کردنەوە، باسی کۆمیدیای گرێکی دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە کۆمیدیای گرێکی ژانرێکی هونەری و فەلسەفی زیاترە لە تراجیدیا. هیگل ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە کۆمیدیاکانی ئەرستۆفانیس، لەو خاڵەدا دەست پێ دهکهن، کە تراجیدیاکان کۆتاییان هاتووە؛ پاڵەوانی دەقە کۆمیدیاکان نە پابەندی چارەنووسن، نە بەر نەفرەتی خواوەندەکان کەوتوون، بەڵکوو هەناسەیەکی تەواو ئازادن و لە پانتاییەکی سەربەست و ئازاددا دهسووڕێنهوه. کارەکتەر و فیگورە کۆمیدیاکانی دوای قۆناخی گرێک و رۆما و کۆمیدیای مۆدێرن، له جووڵه و کردارەکانەوە، سنووردارترن و ئەو سەربەستییە تەواوەی کۆمیدیای گرێکیان نییە، ئەمەیش لای مۆلێیر، کە لە دوای شەکسپیرەوە، لە هەموو شانۆنامەنووسێک زیاتر بەرهەمەکانی لەسەر شانۆکانی دنیا پێشکەش دەکرێت، دەبینرێت.
فەیلەسوفی دانیمارکی سۆرێن کێرکێگارد (١٨١٣ – ١٨٥٥) دەگەڕێتەوە بۆ سەر تیۆرەکانی ئەفڵاتون سەبارەت بە ترجیدیا و ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە کۆمیدیا لە ژیانماندا لە هەموو شوێنێکدایە و بەشێکی گرینگی ژیانی ڕۆژانەمانە، لەبەر ئەوەی کۆمیدیاکان شتە جیاوازەکان لە خۆ دهگرن؛ ئێمە بە شتێک پێدەکەنین، کە هەڵەیەکی تیادایە، بە شتێک لەوانەیە خۆمانی تیا بناسینەوە و پێکەنینەکەیش ئازاراوی نییە. تراجیدیایش بەهەمان شێوە، شتە جیاواز و دژبهیهکهکان لە خۆ دەگرێت، بەڵام لێرەدا کاردانەوەیەکی جیاوازی پڕ لە ژان و ئازار لە خۆ دەگرێت. لەبەر ئەوە ئەفلاتۆن هەمیشە دژی تراجیدیا بووە و وەک هێزێک بۆ تێکشانی کۆمەڵ سەیری کردووە. ئەوەیشمان لەبیر نەچێت، کە ئەفلاتۆن و ئەریستۆ، هەردووکیان هونەرییان بە لاسایی کردنەوە ناوزەد کردووە.
فریدریش نیتچە (١٨٤٤ – ١٩٠٠) یەکەم کتێبی خۆی لەساڵی ١٨٧٢ بۆ تراجیدیای گرێکی (لە دایک بوونی تراجیدیا) تەرخان دەکات. نیتچە لەم کتێبەیدا، هەوڵ دەدات سەرەتاکانی سەرهەڵدان و پەیدابوونی تراجیدیا، وەک فۆرمێکی هونەری دەستنیشان بکات. نیتچە لە دایک بوونی تراجیدیا دەگەڕێنێتەوە، بۆ کێشەکانی یەکگرتنی دوو هێز: دیۆنیسۆس و ئەپۆلۆن. ئەپۆلۆن، وەک خواوەندێک بۆ نیتچە خەونێکی ئیدیالیزمە، ئەمەیش لە دید و ڕوانگەی یەکگرتنی ئێستاتیکا و هارمۆنییەوەیە. نیتچە، لە ڕێگای گفتوگۆیەکی فەلسەفی و شیکارییەکی ورد و چڕی چەمکەکانی دیۆنیسۆس و ئەپۆلۆ-وە لە چەمکەکانی کۆمیدیا دوور دەکەوێتەوە، بەڵام دەگاتە ئەنجامێکی ڕەخنەئامێزی مامەڵە و هەڵسەنگاندنی ئەوروپا بۆ هونەر و زانست. نیتچە، لەم یەکەم بەرهەمەیدا، کە تەمەنی تەنیا ٢٨ ساڵ دەبێت، دەیەوێت لە تراجیدیای گرێکییەوە بەدوای تراجیدیای کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەوروپیدا بگەڕێت.
مۆلییر بە شێوەیەکی ساکارتر فیگورە کۆمیدییەکانی، بە چەشنی کۆمیدیای دیلاتی، نزیک کردۆتەوە له ژیانی واقیعیانهی ڕۆژانهوه، کە چەندین مەودای قووڵ و هەمەچەشنە لە خۆ دهگرێ. ئەمەیش، ئەو دەروازەیەی بۆ مۆلییر کردۆتەوە، کە زیاتر لە هەموو کات و شوێنێکدا بخوێندرێتەوە و نەمایش بکرێت و پرسە هەنووکەییەکان، بۆ نموونە: مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان، باوەڕ، زانست، پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و پرسی ژن، بە تایبەتیش ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا، بوروژێنێت و گفتوگۆ و دیالۆگ بخوڵقێنێت.
هیگل، لە دیدێکی فەلسەفییەوە ئەو جیاوازییە دووپات دەکاتەوە، کە لەنێوان، کارەکتەرە سەرەکییەکەدا، لە کۆمیدیاکەی ئەرستۆفایس پێبکەنیت، یان پێیان پێبکەنیت، کە ئەمەی دووەمییان، واتە پێیان پێبکەنیت، زیاتر لای کارەکتەرەکانی مۆلییر ڕوودەدەن و بینەران بە کارەکتەر و فیگورەکان پێدەکەنن. هیگل باسی ئەوە دەکات، کە لای ئەرستۆفانیس ناکرێت بە نووشوستییەکانی خۆمان پێبکەنین، بەڵکو بەوە قایل بێت، کە کەسانی تر پێپبکەنن.
کۆمیدیای مۆلییر، لە هەندێک ڕووەوە نزیک دەبێتەوە لە ترجیدیاوە و پانتایی و بوارێکی فراوانترمان لە تراجیدیا پێدەبەخشێت، هەرچەندە کۆمیدیا بە هەمان شێوەی تراجیدیا، ناگاتە ئاستە قووڵەکان.
لە کۆتایدا، دەتوانیین ئەوە دووپات بکەینەوە، کە زۆربەی لێکۆڵینەوە هزری/فەلسەفییەکان، بەپێی تێڕوانینە مۆدێرنەکان بۆ تراجیدیا/کۆمیدیا، دەگەڕێنەوە بۆ دەروازە فەلسەفییەکانی نیتچە و دەیانەوێت، لە فۆرمەکانی تراجیدیا/کۆمیدیاوە ڕەخنە لە هزری ڕۆژئاوا و کۆمەڵگە مۆدێرن و پۆست مۆدێرنەکانی ئەوروپا بگرن و دەروازەیەکی تر بە ڕووی خوێندنەوە جوداکاندا بکەنەوە بۆ چەمکەکانی تراجیدیا و کۆمیدیا. هاوکات دۆزینەوە و خوێندنەوەی تراجیدیای مرۆڤی ئەم سەردەمە لە کۆمیدیاکاندا، دەرگایەکی تری بە ڕووی خوێندنەوە جیاوازەکانی کۆمیدیای مۆلییر-دا کردۆتەوە. کۆمیدیای سەردەم توخمە تراجیدیاکان لە خۆ دەکرێت و لە ڕێگای کۆمیدیایەکی ترەوە، بە کۆمیدیا ئازارەکانی مرۆڤ و تراجیدیاکانی ئەم سەردەمە گلوبالیزمە بەرجەستە دەکەن.