ئه‌نتوان چێخه‌ف له‌ پلاتۆنۆڤ-ه‌وه بۆ باخی گێلاس

ئەو ئەزموونە دەوڵەمەندەی چێخەف، وەک سیستێمێکی تەواو وایە، یەکەیەکی هونەری چڕ و سەراپاگیرە، لەم ئەزموونەدا شانۆ چیرۆکەکانی تەواو دەکات و چیرۆکەکانیشی مەودا هزری و هونەری و کۆمەڵایەتییەکانی نێو شانۆنامەکانی قووڵ و هەمەلایەن دەکەن. لەگەڵ ئەوەیشدا دەتوانیین بڵێن، کە چێخەفی شانۆنامەنووس هێڵێکی جیاواز دەدۆزێتەوە و هێدی هێدی گەشەی خۆی دەکات، گەشەی پرۆسە شانۆییەکە گەشەی چێخەفە، گەشەیەکە پڕ لە بەرگری، لە نوێ بوونەوە، لە دوورکەوتنەوە لە داب و نەریتە کۆنەکانی شانۆ، لە ڕێساکانی شانۆی سەردەمەکەی، تا لە کۆتایدا بنەما نوێ و ستراکتورە جیاوازەکەی بۆ شانۆ ڕۆ دەنێت. لەم بوارەدا ستانیسلاڤسکی و نمیرۆڤیچ دانچنکۆ، کە دەقەکانی لە شانۆی هونەری مۆسکۆ نەمایش دەکەن، ڕۆڵێکی ئێجگار گەورەیان لە بەردەوامی و گەشەی پرۆسە هزری و هونەرییەکەی چێخەفدا گێڕاوە.