نەخۆشی ددان

نووسینی: ئۆزڤاڵدۆ دراگۆن (١)
ئامادەکردنی: سامی عبدالحمید

وەرگێڕانی: دانا ڕەئووف

 


پەردە لەسەر دوو کوڕ و کچێک لادەدرێت



هەرسێکیان


چیرۆکێکتان دەربارەی نەخۆشی ددان بۆ دەگێڕینەوە… ئەم چیرۆکەیش بە ڕاستی
ڕوویداوە…ئەگەر لە ڕاستی ڕوودانی ئەم چیرۆکەیش دڵنیانین، لەوانەیە بەم زووانە
رووبدات.



کوڕی یەکەم


لەم چیرۆکەدا، کە بۆتانی دەگێرینەوە، من وەک فرۆشیارێکی گەڕۆک دەردەکەوم. یەکێک لەو
فرۆشیارانەی، کە بۆ فرۆشتنی شمەکەکانی خۆی هاوار دەکات (هاوار دەکات) چکلێت،
شیرینی، جگەرە… هەروەها من ناچمە شەقامە سەرەکیەکانی پایتەختەوە، بەڵکو شمەکەکانم
لە شەقامە گشتییەکاندا دەفرۆشم… جوان تەماشاکەن، کە ئەم دەستەسڕە لەسەرمەوە
دەپێچم (سەری بە دەستەسڕێک دەپێچێت، هەروەک ددانی ئازاری بدات) ئەمەیش مانای وایە،
کە ددانم ئازارم دەدات… ئەمەتان لە بیر نەچێت.



کچەکە


(دەستەسڕەکە لادەبات) لەم چیرۆکەدا ڕۆڵی ئافرەتێک دەبینم، بەڵام چۆن ئافرەتێک…
بەهێز، کارامە لە کاروبارەکانمدا. ئەمەیش لەبەر ئەوەی هاوسەری ئەوم، کە ئەم
بەرکۆشەیش بەسەر جلەکانمدا دەکەم، مانای وایە لە موبەق کار دەکەم… لەوانەیش بوو
شووم بە ئەندازیارێک بکردایە، نەک ئەو (بە دەست ئاماژە بۆ کەسی یەکەم دەکات) دایکم
زۆر حەزی دەکرد شوو بە ئەندازیارێک بکەم!



کوڕی دووەم


من چەند ڕۆڵێک دەبینم، لەو ڕۆڵانەیش، هەمیشە ڕۆڵی دکتۆری ددان دەبینم… باش
تەماشاکەن… هەر کە بینیتان ئەم چاوێلکەیە لە چاودەکەم (چاوێلکەکەی دەکاتە چاوی)
مانای وایە من دکتۆری ددانم… ئەمەتان بیر نەچێت، بێجگە لەمەیش من ناوم (کوتیر
ناهیرا)یە. کچەکەیش شاعیرێکی ئەرجەنتینییە، قەلەمەکەی دژی گەل و ئاواتەکانییەتی.



کوڕی یەکەم


ئەم چیرۆکە لە دووەم ڕۆژی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥٦دا، ئەو کاتەی لە یەکێک لە
شەقامەکاندا سەرقاڵی ئیشکردن بووم، دەست پێ دەکات (دەست دەکات بە کارکردن و
دەکەوێتە هاواری شت و مەکەکانی)



کچەکە


بەڵام من لە موبەق بووم (لەم کاتەدا لە موبەقەکەدایە)



کوڕی دووەم


(چاوێلکەکەی دەکاتە چاوی) من لە عیادەکەم بووم و هیچ کامێکیانم نەدەناسی.



کوڕی یەکەم


(هاواری شت و مەکەکانی دەکات)



کچەکە


مێردەکەم لە شەقامەکانی پشتەوە کار دەکات، لە ژێر ئەو شەقامانەی ئەو کاریان لەسەر
دەکات، مێترۆ دەڕوات… پەیکەرێکیشیان لەسەر شەقامەکە داناوە.



کوڕی یەکەم


(سەرلەنوێ هاوار دەکات) چکلێت… شیرینی… جگەرە.



کچەکە


بە درێژایی ڕۆژ دەربارەی ئەو پەیکەرە قسەی بۆ دەکردم، کە لەسەر شەقامەکە دایانناوە،
منیش نازانم ئەو پەیکەرە بە لای مێردەکەمەوە چ مانایەک دەبەخشێت. هەڵبەت بە لای
منەوە یان ئەوانەی بە فرۆکە گەشت دەکەن، پەیکەر مانایەکی تایبەتی دەبەخشێت، بەڵام
بە لای مێردەکەمەوە، کە لە ژێرەوە، نەک لەسەرەوە لە پەیکەرەکە دەڕوانێت… ئەوە
مەگەر هەر شەیتان بە تەنیا خۆی بزانێت چ مانایەکی پێ دەبەخشێت! من دڵنیام ئەگەر
مێردەکەم لە کارەکانیدا کەمتر بیری لەو پەیکەرە بکردایەتەوە… دەیتوانی بەشێوەیەکی
باش کارەکانی ڕاپەراندایە… ئەوکاتە دەمانتوانی خزمەتکارێکیش ڕابگرین و لە ئیش و
کاری ماڵەوەدا یارمەتی بدامایە.



کوڕی یەکەم


(سەرلەنوێ هاوار دەکات) جگەرە… شیرینی… چکلێت… ئەمڕۆ ڕۆژێکی خۆشە… منیش کار
دەکەم… ڕۆژێکی خۆش و جوانە.



کوڕی دووەم


(لاسایی دەنگی شەمەندەفەر دەکاتەوە) تکتتک تکتتک تکتتک تکتتک



کوڕی یەکەم


ئەو میترۆیە بەرەو مەیدانی پێشبڕکێی ئەسپسواری لە (بالبرموا) دەچێت…! (گۆرانی
دەڵێت) ئاه… بالبرموا، ئەی گۆڕەپانی پێشبڕکێ… من بەهۆی تۆوە نەخۆشی مەیدانم،
بەبێ خواردن، وشک هەڵاتوو، جل و بەرگ دڕاو (لە گۆرانی گوتن دەوەستێت) حەز دەکەم
خەڵک بە ڕۆیشتنیان بۆ بالبرموا دڵخۆش و بەختیاربن… مەیدانی شەمەندەفەری مێترۆ  بۆ
پێشبڕکێی ئەسپ (سەرلەنوێ هاوار دەکات) منداڵان بەرەو قوتابخانەکانیان کەوتنە ڕێ.


(ئەکتەری دووەم، کە ڕۆڵی پزیشک دەبینێت، چاوێلکەکەی دادەگرێت و ڕۆڵی قوتابیەکی
بچووکی قوتابخانە دەبینێت.)



کوڕی یەکەم


(لێی دەپرسێت) تۆ بۆ چی دەچیت بۆ قوتابخانە؟



کوڕی دووەم


چونکە لە ماڵەکەمانەوە نزیکە.



کوڕی یەکەم


نقوڵ و چکلێت ناکڕیت؟



کوڕی دووەم


نەخێر (دەڕوات و قوتابییەکی تر دێت)



کوڕی یەکەم


ئەی تۆ بۆ دەچیت بۆ قوتابخانە؟



کوڕی دووەم


لەبەر ئەوەی باوکم وای دەوێت؟



کوڕی یەکەم


ئەی تۆزێک شیرینی ناکڕیت؟



کوڕی دووەم


نەخێر (دەچێتە دەرەوە و کچەکە لە ڕۆڵی قوتابی سێهەمدا دێتە ژوورەوە)



کوڕی یەکەم


تۆ بۆ چی دەچیت بۆ قوتابخانە؟



کچەکە


لەبەر ئەوەی باوکم خوێندەواری نییە.



کوڕی یەکەم


هەندێک شیرینی ناکڕیت؟



کچەکە


بەڵێ… (دەچێتە دەرەوە)



کوڕی یەکەم


ڕۆژێکی خۆشە… لە دێر زەمانەوە، وەک فرۆشیارێک کار دەکەم، جاران بە لامەوە گرینگ
نەبوو گوێم لە وشەی نەخێر یان بەڵێ ببێت… بەلای کریاریشەوە بەڵێ بە مانای لێت
دەکڕێت و نەخێر مانای لێت ناکڕێت دێت… بەڵام ئێستا زۆر بە باشی تێگەیشتووم، کە
وشەی نەخیر یان بەڵێ بڕیار لەسەر هەموو شتێک  لە ژیاندا دەدات ( کوڕی دووەم دێتە
ژوورەوە و ڕۆڵی کچە قوتابییەک دەبینێت) شیرینی… تۆیش دەچیت بۆ قوتابخانە؟



کوڕی دووەم


نەخێر… ناچم بۆ قوتابخانە… ئێستا من بۆ کارێک دەگەڕێم. (دەڕوات)



کوڕی یەکەم


ئەی جگەرە ناکڕیت؟



کوڕی دووەم


(وەڵامی ناداتەوە)



کوڕی یەکەم


جگەرە… جگەرە… شیرینی (بەدەم ئازارەوە)



کچەکە


ئەم بەیانییە، لە کاتێکدا لە موبەق سەرقاڵی ئیش بووم، خواردنم بۆ مێردەکەم ئامادە
دەکرد…



کوڕی دووەم


منیش لە عەیادەکەم بووم، هیچیشم دەربارەی نەدەزانی…



کوڕی یەکەم


شتێک ڕوویدا، کە هیچ حسابێکی بۆ نەکرابوو (هاوار دەکات) شیرینی… ئای (ددانی
ئازاری دەدات) ددانم ئازارم دەدات… شیرینی… ئاخ… ئازارم زۆرە… شیرینی…
ناتوانم دەمم بکەمەوە و هاوار بکەم… ئای … ئەم ددانە ئازارم دەدات، پێویستە کار
بکەم… بەڵێ، لەوانەیە ئەگەر بێتو زیاتر دەم بکەمەوە (هاوار دەکات، دوای ئەوەی
دەمی دادەپچرێت) شی… رینی… ج… گەرە.



کچەکە


ناتوانێت دەمی دابخات… پێویستە کار بکات (هەوڵ دەدات هاوار بکات) دەمی ئاوساوە…
ئەم خۆرە نالەبارەیش دەموچاوی دەسوتێنێت و ئازارەکەی زیاد دەکات.



کوڕی یەکەم


(هاوار دەکات) چکلێت… ئای.



کچەکە


ئەم هەوا ساردەیش بۆ مێردەکەم خراپە و ئازارەکەی تاو دەسێنێت.



کوڕی یەکەم


(بە دەستەسڕێک سەری دەپێچێت، وەک ددانی ئازاری بدات)



کچەکە


مێردەکەم گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، ددانی ئازاری دەدا… دەموچاویشی بە دەستەسڕەکەی
بەستبوو. ئازیزەکەم چیتە؟



کوڕی یەکەم


(دەست بۆ ددانی ڕادەکێشێت و قسەی تێکەڵ و پێکەڵ دەکات)



کچەکە


خۆ کەس دەستدرێژی لێ نەکردوویت؟



کوڕی یەکەم


(بە ئیشارەت وەڵامی دەداتەوە)



کچەکە


برسیتە؟



کوڕی یەکەم


نەخێر… ددانم (کچەکە لە قسەکانی ناگات)



کوڕی دووەم


ئەوەندەی شیرینی خواردووە، ددانەکانی ژەهراوی بوون.



کچەکە


گوێ مەدەرێ ئازیزم، هەر ئێستا نانی شێوانت بۆ ئامادە دەکەم.



کوڕی یەکەم


نەء، نەء… نانم بۆ ناخورێت.



کوڕی دووەم


نان ناخوات، ددانی ئازاری دەدات.



کچەکە


بچۆ بۆ دەرمانخانە و حەبی ئازار بکڕە.



کوڕی یەکەم


(وەڵامی ناداتەوە)



کوڕی دووەم


پێویستە پارە پەیدا بکات تا دەرمانی پێ بکڕێت.



کچەکە


دەبێت دەرمان بەکار بهێنێت.



کوڕی یەکەم


پێویستە کار بکەم.



کوڕی دووەم


پێویستە پارە پەیدا بکات تا دەرمانی پێ بکڕێت.



کچەکە


دەبێ نان بخوات.



کوڕی یەکەم


دەبێت کار بکەم.



کوڕی دووەم


دەبێت پارە بدات.



کوڕی یەکەم


دەبێت بگەڕێمەوە بۆ سەر کارەکەم.



کوڕی دووەم


بەڵام ناتوانێت دەمی بکاتەوە و نان بخوات.



کچەکە


حەبێکی ئەسپرین چاکت دەکاتەوە، ئەو کاتەیش دەتوانیت بگەڕێتەوە بۆ سەر کار.



کوڕی یەکەم


دەمووچاوم ئاوسابوو، ئازاری ددانم زیاتر تاوی سەندبوو، لەگەڵ ئەوەیشدا ئێوارە لەسەر
کار بەردەوام بووم. ئەوەتانێ جارێکی تر لەبەردەم پەیکەرەکەدا وەستاوم… پێویستە
دەمم بکەمەوە، شی… رینی، بەڵام ناتوانم… ئازارم زۆرە. جگەرە… وەرنەوە…
چکلێت، ئەم پەیکەرە یەکێکە لە سەرۆکەکان، بێگومان کابرایەکی دەوڵەمەندە، بەڵێ… خۆ
وەکوو من نییە… پێویستە هاواربکەم تا ژیان مسۆگەر بکەم. شیرینی… ئاخ، ئازارم
زۆرە… بەڵام کەس نییە بە تەنگمەوە بێت، خەمم هەڵگرێت، هیچ یەکێک لە ئێوە ناتوانێت
یارمەتیم بدات، تەنها دکتۆر دەتوانێت یارمەتیم بدات، ئەویش هیچ یارمەتیەکی نەداوم،
لە بیرمە ڕۆژێکیان، بە تەنیشت یەکێک لە گۆرستانەکاندا ڕۆیشتم، مردوویەکیان دەناشت،
خەلکێکی زۆر بە لای ئەم گۆڕستانەدا رادەبوورن، بەڵام ئەو رووداوە هیچ کارێکی لێ
نەکردبوون… گۆرانیان دەگوت، منیش گۆرانیم گوت… ئەوەتانێ ئازار دەمخوا، یەکێک
نییە بێت بەلامەوە، بەڵکو پشتم تێ دەکەن (ڕوودەکاتە ڕێبوارێک) ئازارم زۆرە…
تکاتان لێ دەکەم یارمەتیم بدەن، ئازارەکەم زۆر کوشندەیە… ددانم زۆر ئازارم دەدات.



کوڕی دووەم


(لە ڕۆڵی ڕێبوارێکدا) کارەساتێکی ناخۆشە.



کوڕی یەکەم


یارمەتیم بدەن… ئازارم زۆرە.



کچەکە


(لە ڕۆڵی ڕێبوارێکدا) ئەمە کێشەیەکی گەورەیە.



کوڕی یەکەم


ددانم ئازارم دەدات.



کوڕی دووەم


(لە ڕۆڵی ڕێبوارێکدا) بڕۆ بۆ لای دکتۆر.



کوڕی یەکەم


دکتۆر یارمەتیم نادا و منیش ئازارم زۆرە.



کچەکە


بەستەزمان.



کوڕی یەکەم


تەماشاکەن، سەردەمێک پێش ئێستا… حەزم دەکرد گوێ لە گفتوگۆی خەڵک بگرم، کە
دەربارەی سیاسەت قسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا ناتوانم (هاوار دەکات) شی… رینی…
جگە…رە. جاران گوێچکەکانم سووک و سەربەست بوون، زۆر بە بەختیارییەوە گوێم بۆ ڕازی
کچە هەرزەکارەکان ڕادەگرت، کە دەربارەی مێردەکانیان قسەیان بۆ دەکردم… بەڵام
ئەمڕۆ وەک دەبینن گوێچکەکانم سەربەست نین، دەستەسڕەکە گوێچکەکانمی داپۆشیوە… ئەم
ددانەم نەخۆشە، شی… رینی… چکلێت… جگە… رە… ناتوانم هاواربکەم و
شتوومەکەکانم بفرۆشم، توانای هاوارکردنم نەماوە.



کچەکە


کە گەڕایەوە بۆ ماڵەوە، پێی گوتم.



کوڕی یەکەم


ئیشێکی بێهودە بوو، هیچم نەفرۆشتووە.



کچەکە


پێویستە سبەی بچیت بۆ لای دکتۆری ددان.



کوڕی یەکەم


کاتم نییە… من پێویستە کار بکەم.



کچەکە


من دەزانم کاتت نییە، بەڵام ئەگەر لەسەر پەیژەکەوە باز بدەیت و ڕابکەیت، وابزانم
هەمووی دەقیقەیەک دەخایەنێت، خۆ ئەگەر شەقامەکەیشت بە ڕاکردن بڕی، ئەو کاتە هیچ
ماشێنێکیش ناتوانێت ڕێگات لێ بگرێت، بەمە هەمووی سیی چرکەت لەدەست دەچێت… ئەگەر
بە ڕاکردنیش چوویتە لای دکتۆر، تەنها پێنج خولەک دەخایەنێت، ئەو سا هەر بە گەیشتنە
لای دکتۆر لە دەرگاکەی بدەیت و بچیتە ژوورەوە تەنها دە خولەک دەخایەنێت.



کوڕی دووەم


بە خێرهاتی، بێگومان ددانت ئازارت دەدات.



کوڕی یەکەم


(دەمی دەکاتەوە) ها…؟



کوڕی دووەم


(دوای پشکنین) چاکە، ئەمە هەموو شتێکە.



کوڕی یەکەم


کەی لە دەست ئەم کاکیلەیە ڕزگارم دەکەیت، پێویستە لە سەر کارەکەم بەردەوام بم.



کوڕی دووەم


بێگومان، بەڵام پێویستە لە پێشدا بڕۆیت بۆ ئەم ناونیشانە… بۆ ئەوەی ئەشیعەی
ددانەکانت بگرن.



کوڕی یەکەم


باشە ئەم کارە کاتێکی زۆری دەوێت؟ چونکە پێویستە کار بکەم.



کوڕی دووەم


نەخێر، تەنها دوو ڕۆژ! (کەسی یەکەم لە دکتۆر دوور دەکەوێتەوە، دکتۆر بانگی دەکات)
یەک بنیروس (بۆ بینەران) من ناوم کوتیرس ناهیرایە.



کوڕی یەکەم


تەنها یەک بنیروس شک دەبەم، لەبەر ئەوە پێویستە کاتژمێرەکەم بخەمە رەهنەوە. ئێستا
وا چاکە بەراکردن بچم تا ئەشیعەکەم بگرم، من ڕادەکەم… لەبەر ئەوەی کاتم نییە…
یەک، دوو، سێ، بە سیی خولەک لەسەر پەیژەکەوە باز دەدەم… یەک، دوو، شەست، لە
شەقامەکە بە چرکەیەک دەپەڕمەوە، یەک، دوو، سێ، بە پێنج چرکە دەگەمە نەخۆشخانە.



***




کوڕی یەکەم


ئەو ڕۆژەت لە یادە، کە پێکەوە سواری پاس بووین.



کچەکە


ئەو ڕۆژەی، کە ڕێیان پێ گرتم (کوڕی دووەم دێت)



کوڕی یەکەم


تۆ شەرم ناکەیت.



کوڕی دووەم


تۆ حەقت چییە؟



کوڕی یەکەم


بۆ رێ بە ژنەکەم دەگریت، کاکە گیان تۆزێک ڕەوشت.



کوڕی دووەم


بێ دەنگ بە، ئەو بەرهەڵستی نەکردووە، پێی خۆشە.



کوڕی یەکەم


بێدەنگ بە ئەی بەدڕەوشت (دەکەونە شەڕکردن)



کچەکە


ئەوە بوو دوو ڕۆژ لە ماڵەوە کەوتیت.



کوڕی یەکەم


(ئازار دەچێژێت)



کچەکە


ئەنوێت و دەگری.



کوڕی یەکەم


دایە لە بیرتە، کە لە تەمەنی پێنج ساڵیدا بووم… نەخۆش بووم، لە بیرمە ئەو کاتەیش
دەگریام، زۆر گریام…دایە گیان تکات لێ دەکەم لێم ببوورە…ناتوانم بەرگەی هەموو
شتێک بگرم.



کچەکە


باسی یەکێک لە زاناکانت بۆ کردم، کە ئەستێرەیەکی تازەی دۆزیوەتەوە، ناویشی نا
(لوچیا) وەک ناوی من (باز دەدات) ها… گوێم لێ ڕاناگریت.



کوڕی یەکەم


ئەمڕۆ پێویستە کار بکەم، بەوپەری توانامەوە دەقیژێنم، هاوار دەکەم، ئەگەر بۆتە هۆی
تەقینەوەی ئەو بورکانە ئازارەی، کە لە ددانەکانم دایە، هاوار دەکەم (هاوار دەکات)
شیرینی. (ئەگری) جگەرە… چکلێت (لەسەر گریان هەر بەردەوامە)





کچەکە


چەند بەستەزمانە، ناتوانێت.



کوڕی دووەم


دوای گرتنی ئەشیعەکە گەڕایەوە بۆ لای من، بەڵام زۆر گۆڕابوو، بەشێوەیەک گۆڕابوو، کە
نەم ناسیەوە. تۆ کێیت؟ چیت دەوێت؟ من گوینرس ناهیرام.



کوڕی یەکەم


ئەوە ئەشیعەکەیە.



کچەکە


کوپی قاوە خواردنەوەکەیشمان فرۆشت تا پارەی ئەشیعەکە بدەین، ئەمەیش گرینگ نیە، تا
ماوەیەک قاوە ناخۆینەوە.







کوڕی یەکەم


(بۆ دکتۆر) بەڵێ، کاکیلەم نەخۆشە، کەی ڕزگارم دەبێت لەم ددان ئێشەیە؟ پێویستە کار
بکەم.



کوڕی دووەم


دەزانیت پەکووت ئاوساوە؟



کوڕی یەکەم


نەء… نەء… نازانم، پێویستە کار بکەم.



کوڕی دووەم


پێویستە نەشتەرگەرییەک بۆ ددانت بکەم، ئایا ئەمە دەزانیت؟



کوڕی یەکەم


نەء… نەء، نازانم… پێویستە کار بکەم.



کوڕی دووەم


هەموو پێویستە کار بکەین، ئەمە شتێکی ئاشکرایە، هەروەها نەشتەرگەرییەکەیش ئاسانە.
پێویستە پشوو بدەیت، بۆ ماوەیەک واز لە خواردن و قسەکردن بێنیت، دوای ئەوە بە
هەفتەیەک چاک دەبیتەوە و هەموو شتێک دەڕوات.



کوڕی یەکەم


هەفتەیەک؟




کوڕی دووەم


جارێ لە قسەکردن نەبوومەتەوە (کوڕی یەکەم دەڕوات) (کوڕی دووەم بانگی سستەرەکەی
دەکات) سستەر، پارەی پشکنینەکەی نەداوە، برۆ بە دوایا.



کچەکە


بەڕێز… بەڕێز… کرێی پشکنینەکە.



کوڕی دووەم


من ناوم گونیرس ناهیرایە.



کوڕی یەکەم


(دەچێتەوە بۆ ماڵەوە) برسیمە.




کچەکە


مەنجەڵی چێشت لێنانەکەمان فرۆشتووە، لەبەر ئەوە هیچمان نییە بیخۆیت.



کوڕی یەکەم


برسیمە.



کچەکە


نابێ قسەیش بکەیت.



کوڕی یەکەم


ناتوانم هەفتەیەک دانیشم و هیچ قسە نەکەم، ئیشەکەم پشت بە دەنگم دەبەستێت. بە دەنگم
خۆم دەژێینم.



کچەکە


مەسەلەکە هەمووی ئەوەیە ویستت بە هێز و پتەو بێت. گرینگ ئەوەیە بەتوانا و
خوراگربیت.



کوڕی یەکەم


بەڵام ناتوانم، شی… رینی… جگە… رە… ناتوانم، نا ناتوانم، ناتوانم، کاتم
نیە، پێویستە ئەم کاکیکلەیە دەربهێنم… کاتم نیە.

 

کچەکە




ئەو ڕۆژە پێم گوت، کە پێویستە وەک تاقیکردنەوەیەک نەشتەرگەرییەکەی بکات.



کوڕی یەکەم


دەتوانم، پێویستە بتوانم.



کچەکە


بێگومان دەتوانیت، چۆن دەبێت ئازار بەسەرتا زاڵ بێت؟



کوڕی یەکەم


ڕۆیشتم بۆ کار (هاوار دەکات) شیرینی… جگەرە… چکلێت. (ڕادەوەستێت)



کچەکە و کوڕی دووەم


گوێ بگرن! پێویستە ئاگاتان لێمان بێت… لە کاتێکدا لێرە نابین، ئەوکاتە بەشێکتان
بزر دەبێت.



کچەکە


گوێ بگرن، میترۆکە بەناخیدا دەڕوات.



کوڕی دووەم


گوێم لێ ڕاگرن، لە کاتێکدا بەلامدا ڕادەبوورن گۆرانی مەڵێن، بە ڕاستی ئازار
دەچێژێت. دەم و چاوم نابینن؟! ئایا دەم و چاوم هیچتان پێ ناڵێت؟ ئایا لەناو
دەمووچاوی ئێوەدا چاوێک نییە لە دەم و چاوی من بچێت؟ یەکێک نییە ددانی ئازاری بدات؟
گوێ بگرن…





کوڕی یەکەم


پێویستە کار بکەم، بەڵام کاتم نییە ئەم پەیکەرەیش ئەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکێک، کە زۆر
دەمێکە مردووە. شی… رینی… جگە… (دەکەوێت و دەمرێت)




(١) ئۆزڤاڵدۆ دراگۆن شانۆنامەنووس و شانۆکارێکی بەنێوبانگی وڵاتانی ئەمەریکای
لاتینە و لە ساڵی ١٩٢٩دا لە سان سەلفادۆر لە دایک بووە. دراگۆن شانۆکارێکی ناو
ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بووە و بە هەموو شێوەیەک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی
وڵاتانی ئەمەریکای لاتیندا، وەکوو چاودێرێکی ئەکتیفی سیاسی و کۆمەڵایەتی کاری
کردووە و ژیاوە. شانۆ بۆ ئەم نووسەرە، ئامڕازێکی گرینگی ڕەخنەئامێز و کاری سیاسی و
بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سەرمایەداری و سەربازی و سەرکوتکەرەکانی ئەمەریکای لاتین
بووە. شانۆ کەرەسەیەکی ڕاستەوخۆی بنەماکانی کۆمەڵگا و ڕەخنەی سیاسی و کۆمەڵایەتییە
و لەم ڕووەوە دراگۆن چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی هونەری و ئێستاتیکای شانۆوە،
لەژێر کاریگەری (برتۆڵد برێشت)دا کاری کردووە.


دراگۆن لە ساڵی ١٩٤٣ەوە دەچێتە ئەرژەنتین و لە شاری بۆینس ئایرس جێگیر دەبێت و
ڕۆڵێکی گەورە لە شانۆی گەل دەبینێت. لە ساڵی ١٩٥٠دا زنجیرە دەقێکی شانۆیی دەنووسێت،
کە هەر هەموویان تۆنێکی سۆشیالیزمی لەخۆدەگرن و هەمووشیان پاخشانێکی مێژووییان
هەبووە. دراگۆن لەم دەقانەدا، تاکەکانی کۆمەڵ ڕووبەرووی قەیران و پرسە هەنووکەیی و
سیاسییەکانی ئەو ڕۆژگارە دەکاتەوە، کارەکتەر و ڕەوش و بارودۆخەکان لە ژیانی
ڕۆژانەوە وەردەگرێت و لە گەمەیەکی شانۆیی و لە تەکنیکێکی شانۆی ناو شانۆ و لە
هەڵوێستێکی سیاسیدا بەرجەستەیان دەکات. بۆ نموونە مەسەلەکانی بێکاری، چەوساندنەوەی
کرێکاران و بەکارهێنانی خەڵکی بۆ مەرامە بۆرژوازییەکان بەشێکن لەو مەسەلانە و
هەمیشە بینەرانیش لە تێکشکانی وەهمەکان و گۆڕینەوەی ڕۆڵ و کارەکتەرەکانەوە،
بەشدارییەکی ڕاستەوخۆیان هەیە. ئەوەی دەیبینین شانۆیە؛ شانۆیەکی سیاسی و واقیعێکی
ریالیزمی و تۆی بینەریش دەبێت قسە و ڕۆڵی خۆتت هەبێت، (نەخۆشی ددان)یش نموونەیەکی
ئەو شانۆ سیاسییەیە.


دراگۆن پێگەیەکی بەهێز و ڕۆڵێکی گرینگی لە (شانۆی کراوە)دا هەبووە، کە بە شانۆیەکی
کلتووری و بەرگری دژی دیکتاتۆرە سەربازییەکانی ئەو دەمەی ئەمەریکای لاتین ئاماژەیان
بۆ کراوە. لەم شانۆیەوە سیاسەتی کردووە و دژی نایەکسانییەکانی کۆمەڵ و سەرمایەداری
و پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی سەربازی کاری کردووە و بە بەردەوامیش گەشتی
هونەری بە شار و وڵاتەکانی ئەمەریکای لاتیندا کردووە و پەیامە هونەری و سیاسییەکانی
خۆی بڵاو کردۆتەوە. هەرچەندە بەرهەمە شانۆیی و تەنانەت ڕۆمانەکانیشی ئەتمۆسفێر و
ستراکتورێکی سیاسی و ڕیالیزمی سۆشیالیزمییان لەخۆگرتووە، بەڵام هەمیشە زمانێکی
شیعری و فۆرمێکی هونەری بەهێز و تەکنیکێکی مۆدێرن ئاوێزانی دید و هەڵوێستە سیاسی و
ناوەڕۆکە ڕەخنەئامێزەکانی بووە.


دراگۆن لەنێوان ساڵانی ١٩٨٩ و ١٩٩٥دا بەڕیوەبەر و بەرپرسی پەیمانگای نێونەتەوەیی
شانۆی ئەمەریکای لاتین بووە، لە ساڵی ١٩٩٦ەوە بەڕێوەبەری کەرنەڤاڵی شانۆی نەتەوەیی
لە بۆینس ئایرس بووە. لە ساڵی ١٩٩٩یشدا هەر لە بۆینس ئایرس کۆچی دوایی کردووە.




چەند تێبینیەک:


١- ئەم شانۆنامەیە، کاتی خۆی هونەرمەند مامۆستا (قاسم محەمەد) کردوویەتی بە عەرەبی
و مامۆستا سامی عبدالحمید ئامادەی کردووە و هەر خۆی کاری ریژی بۆ کردووە و لەسەر
شانۆی (فرقە الفن الحدیث) لە بەغدا نەمایش کراوە.


٢- ئەم شانۆنامەیە لەگەڵ چەند شانۆنامەیەکی تردا، کە بە هەمان ستایل و فۆرم لەلایەن
(ئۆزڤاڵدۆ دراگۆن)ەوە نووسراوە، چەند چیرۆکێک پێک دەهێنن و بەشێوەیەک لە شێوەکان
یەکتر تەواو دەکەن، بەڵام هەریەکەیشیان بەجیا دەقێکی تەواو و سەربەخۆیە. (نەخۆشی
ددان) بەشی یەکەمە و (چیرۆکی ئەو پیاوەی بوو بەسەگ) کە کاک ڕەئووف حەسەن کردوویەتی
بە کوردی و لە ڕامانی ژمارە ٢٠٤دا بڵاو کراوەتەوە، بەشی دووەمە، بەشی سێەمیش
(چیرۆکەکان لە بەندیخانەوە)یە.


٣- من لە هەشتاکاندا ئەم شانۆنامەیەم لە عەرەبییەوە کردووە بە کوردی و هەر لە
ئەرشیڤەکەمدا ماوەتەوە. دوای ئەوەی (چیرۆکی ئەو پیاوەی بوو بەسەگ)م لە گۆڤاری
ڕاماندا، بە بڵاو کراوەیی بینی، گەڕامەوە سەر ئەو وەڕگێرانەی خۆم و هەوڵێکی زۆرمدا
دەقە ئەسڵییەکە، کە بە ئیسپانی نووسراوە بدۆزمەوە، بەڵام بێ سوود بوو.


٤- خۆشبەختانە ئەم دەقەم بە سوێدی دۆزییەوە و بەرواردێکم لەگەڵ سوێدییەکەدا کرد و
لە هەندێک شوێندا سووکە دەستکارییەکی ترم کرد.


٥- ئەم دەقە تا ئێستا بە عەرەبی بڵاو نەکراوەتەوە و من کاتی خۆی لەڕێگای مامۆستا
سامی عبدالحمیدەوە دەستم کەوتووە.