دەرهێنانی شانۆیی لە شاری سلێیمانیدا

شانۆ لە کوردستان هونەرێکی هێندە دێرین نییە، هەرچەندە چەندان داب و نەریتمان هەن، کە هەناسەیەکی قووڵی درامی و توخمی دراماتیکی لەخۆ دەگرن و دەکرێن ببنە سەرچاوەیەکی گەلێک گرینگ و بەپێز بۆ سەرهەڵدان و دروست بوونی شانۆیەکی نەتەوایەتی و خولقاندنی بنەما دراماتیکییەکان. سەرەتا بەراییەکانی شانۆ، بە تایبەتیش لە شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای بیستەکانی سەدەی ڕابردوو، شانۆ لە دیدێکی ساکار و بنەمایەکی هونەری ئەماتۆرئاسا و هەستێکی نەتەوایەتییەوە، نەک پیشەییەوە لە شاری سلێمانی لە دایک دەبێت. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەو سەرەتا ساکارە، ستراکتورێکی هونەری، ئێستاتیکی، سیاسیی دەبەخشێت بەو شانۆیەی، کە لەم شارەدا، دوای پەنجا ساڵێک دروست دەبێت.

سەرەتای حەفتاکان، کۆمەڵێک گەنج لە پەیمانگا و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغدا خوێندنی شانۆ تەواو دەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ سلێمانی و ئیتر ئه‌م هونه‌ره‌ فۆرمێکی تر وەردەگرێت و هەنگاوێک لە بنەما زانستییەکانی هونەری شانۆ بە گشتی و هونەری دەرهێنان بە تایبەتی نزیک دەبێتەوە. هونەری دەرهێنان وەک توخمێکی گرینگی شانۆ و پێکهاتەی نەخشە و دیدی هونەری بۆ هزر و دیدی ریژیسۆر، لە نەمایشەکانی شانۆی کوردیدا تا حەفتاکان نە بوونی هەبووە و نە ئەو بەهایەیشی هەبووە. ئەوەی کراوە، وەک چالاکییەکی کولتووری و نەمایشی شانۆیی، تەنها بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و ئەماتۆرئاسا بووە، کە لە جەژن و بۆنە نەتەوایەتییەکاندا، لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکاندا پێشکەشکراون.

قوتابخانەکان، بەڕێوبەر و مامۆستا و هەندێک لە شاعیرە نەتەوەییەکانی ئەو دەمە ڕۆڵێکی پڕ لە بەهایان لە نەمایش کردن و کۆکردنەوەی خەڵک و ئامادەکردنی دەقی شانۆیی و ڕێکخستنی ئەم نەمایشانەدا بینیوە. بینەرێکی زۆریان هەبووە، هەوڵی ئەوەیان داوە جل و بەرگی شیاوی کارەکتەرەکان بپۆشن و ئەتمۆسفێرێکی سەرەتایی بۆ هونەری شانۆ بخوڵقێنن و بینەران بەم هونەرە ئاشنا بکەن. هەموو ئەو نووسین و بیرەوەرییانەی لەم بوارەدا نووسراون و باسی ئەو چالاکییەی ئەو ڕۆژەمان بۆ دەکەن، ئەوە دوو پات دەکەنەوە، کە ئەو شانۆیە ڕۆڵێکی بێهاوتای لە هوشیارکردنەوەی هەستی نەتەوایەتی کوردیدا بینیوە، کە تا ئێستا هەژموون و کاریگەرییەکانی بەسەر ئەم شارەوە دیارە. ئەو نووسەر و شاعیرانەیشی لەم بوارەدا ڕۆڵێکی گرینگیان هەبووە: پیرەمێرد، عەبدولواحید نووری، ا. ب هەوری، هاوکات مامۆستا فوئاد ڕەشید بەکر.

لە کۆتایی شەست و سەرەتای حەفتاکاندا، هەندێک تیپی شانۆیی لەم شارەدا دادەمەزرێن، هەر بۆ نموونە کۆمەلەی هونەر و وێژەی کوردی، تیپی شانۆی سلیمانی و شانۆی پێشڕەو و دواتریش شانۆی سالار و لە هەشتاکانیشدا تیپی شانۆی ئەزموونگەری، کە بۆ یەکەمجار مۆرکێکی هونەری دەبەخشن بە شانۆ و هونەری ریژیش فۆرمێکی تر لەخۆ دەگرێت و کەسی ریژیسۆر، کە مەشق بە ئەکتەرەکان بکات و لە دیدێکی هونەری و ئێستاتیکییەوە بەرجەستەی نەمایشەکان بکات، دەردەکەوێت.

کۆتایی شەست و سەرەتای حەفتاکان کارەکتەری ریژیسۆر وەک بەرپرسیاری نەمایش و دابینکردنی پێداویستیە هونەرییەکان و ڕابەر و سەرکردەیەک بۆ ئەو گروپەی نەمایشی شانۆییان پێشکەش کردووە، دروست دەبێت، بەمەیش نەمایشە شانۆییەکان، لە ڕووی هونەری، جوانکاری، ئامادەکاری و هونەری نواندنەوە گەشەیەکی تەواو دەکات. هەر ئەم ریژیسۆرانە، هەرچەندە لە سنوورێکی دیارکراودا، چ لە ڕووی توانا هونەرییەکان و چ لە ڕووی پێداویستییە هونەرییەکانیشەوە، سوڕاونەتەوە و کاریان کردووە، بەڵام ڕۆڵێکی گەورەیان لە دروستکردنی ستراکتورە هونەرییەکانی ئەو تیپانە و خوڵقاندنی ڕێپۆرتوارێکی سانادا بینیوە. بۆ نموونە هونەرمەند (غازی بامەڕنی) لە نەمایشی (نرخی ئازادی) و (شاخەوانی مەزن) و (مانگرتن)دا، دوای ئەویش هونەرمەند (ئەحمەد سالار) لە (ڕەجەب و پیاوخۆران) و (پێنج کەس لە ئوتێلێکدا) و (مۆڵەت) و (چەخماخە) و (جەنابی موفەتیش) و (پیسکەی تەڕپیر) و (تەنەکە) و (لالۆ ڤانیا) هاوکات هونەرمەند نەوزاد مەجید لە (شایی خوێناوی) و (کاوەی ئاسنگەر)… هتد ئەم هونەرمەندانە گوڕێکی گەورەیان بە هونەری دەرهێنان و شانۆی کوردی لە شاری سلیمانی داوە.

هونەرمەند (ئەحمەد سالار) وەک ریژیسۆر ستایلێکی تری نوێی لە هونەری دەرهێنان بە ناوی (شانۆی ئاهەنگئامێز)ەوە خوڵقاند، کە گۆرانی و بەیتی کوردی تێکەڵاوی کولتوور و داب و نەریت و مێژووی کوردەوە کرد، بۆ نموونەیش لەم کارانەی (نالی و خەونێکی ئەرخەوانی)، کە تەکنیکی دەرهێنان و دیدی ریژیسۆر و پانتایی شانۆی لە فۆرمێکی تری جودادا بەکارهێنا، کە دەرگایەکی بەرینیشی بۆ ئەکتەرەکانی کردەوە، بتوانن به‌ جه‌سته‌ی خۆیان گوزارشت له‌ شته‌کان بکه‌ن و جەستەیان وەک ئامڕازێکی گرینگ بەکاربهێنن.

دوای ئەوان نەوەیەکی تر خوێندنی هونەری شانۆ لە پەیمانگا و ئەکادیمیای بەغدا تەواو دەکەن، کە ڕۆڵێکی گرینگیان لە گەشەی شانۆ و هونەری دەرهێناندا دیوە، هەر بۆ نموونە هونەرمەندان (شەماڵی عەبە ڕەش) و (فازیل قەساب). ئەم دوو هونەرمەندە، چ وەک دەرهێنان و چ وەک نواندن ڕۆڵێکی گرینگیان لە شانۆی حەفتاکانی شاری سلێمانیدا بینیوە؛ فازیل قەساب بە مێتودی شانۆی داستان و دیدی برێشت، چەمکی هونەری ریژی قووڵ کردەوە. نەمایشی (پۆنتێلا و ماتی)، کە لە نووسینی برێشت-ە و دەرهێنانی فازیل قەساب، کە لە تیپی نواندنی سلیمانی پێشکەشی کرد، بووە دەروازەیەکی گرینگی میتودی برێشت بۆ شانۆی کوردی. هەر فازیل قەساب، لە نەمایشی (جوولەکەی ماڵتا)دا پێکهاتە و بنەما سەرەکییەکانی توخمی دەرهێنانی بە شێوە هونەرییەکەی بۆ شانۆی کوردی داڕشت. (جوولەکەی ماڵتا) لە نووسینی (مارلۆ) لە پێكاتەکانی سینۆگرافیا و داڕشتەی پانتایی شانۆ، بۆ نموونە چۆنییەتی دابەشکردنی جوگرافیا و پانتایی شانۆ و بەکارهێنانی ڕووناکی بۆ جیاکردنەوەی دیمەنەکان و دروستکردنی ژینگە و بەرجەستەکردنی دیدی ریژی، ڕۆڵێکی بێهاوتای لە بەرەوپێشچوونی شانۆی کوردی لە سلێمانی و هونەری دەرهێناندا دیوە.

هونەرمەند (شەماڵی عەبە ڕەش)یش بە نەمایشی (قایلبوون) و (شەوکەت ناگەڕێتەوە) زیاتر بنەماکانی هونەری دەرهێنانی قووڵ کردەوە و لەگەڵ (فازیل قەساب)دا چەمکە زانستییەکانی هونەری دەرهێنانیان لە دیدی کارە هونەری و نەمایشە شانۆییەکانیاندا چەسپاند. هەر لە حەفتا و سەرەتای هەشتاکاندا هونەرمەند (عوسمان چێوار) لە پاڵ نواندن و کاری نووسین و وەرگێڕاندا، وەک دەرهێنەرێکی بە سەلیقەیش دەرکەوت، کە هەمیشە ڕۆحێکی یاخی و گەنجانەی هەبوو. (چێوار) بەو ڕۆحە یاخییەی ڕەوتی شانۆی کوردی گەلێک دەوڵەمەند کرد: نەمایشەکانی فۆرمێکی گەلێک جودا، نوێخواز و مۆدێرنی لەخۆ گرت، هەر بۆ نموونە شانۆنامەی (مرۆڤ و شارەکەی)، کە لە هەشتاکاندا نەمایش کراوە، چەمکێکی ئەزموونگەری نوێی بە شانۆی کوردی بەخشی. نەمایشی (مرۆڤ و شارەکەی) بە فۆرمە ئەزموونگەرییەکەی، بە شێوازە مۆدێرنە پڕ لە جووڵە و گوزارشتئامێزەکەی، بە سینۆگرافیا ئەبستراکتەکەی، کە بوو بووە بەشێک لەنەمایشەکە و وێنەکانی مرۆڤ و شارەکەی لە کۆمەڵێک پێکهاتە و جووڵەی ئەکتەر و داڕشتەی سەر شانۆ و پلانی دەرهێنانەکەیدا بەرجەستە دەبوون، شانۆیەکی ئەڤانگاردی بۆ ئەو ڕۆژگارەی شانۆی کوردی پێشکەش کرد.

ئەم سەرەتایە دەبێتە بنەمایەک بۆ قووڵ بوونەوە و فۆرم وەرگرتنی چەمکە تەقلیدی و دواتریش مۆدێرنەکانی هونەری ریژی لەنێو تیپە شانۆییەکانی ئەوکاتەی شاری سلیمانیدا. هەر ئەم سەرەتایە دەروازەی بۆ کۆمەڵێک پرۆژە و کەسانی تر کردەوە، کە شانۆی شاری سلێمانییان بردە ریزی پێشەوەی شانۆکانی هەموو عێراق: هونەرمەند (جیهاد دڵپاک) لە نەمایشی (دکتۆر پاڵمێ) نەک هەر بنەما واقیعییەکانی دەرهێنانی شانۆیی بەرفراوان و قووڵ کردەوە، بەڵکوو لەو ڕۆژگارە سەختەدا، بوێرییەکی گەورەبوو لە مامەڵەکردن لە پرسەکانی ئازادی تاک و ئەشکەنجە و بەندیخانەی رژێمە دیکتاتۆر و سەرکوتکەرەکاندا. نەمایشی (دکتۆر پاڵمێ) بە خاڵێکی وەرچەرخان، لە ڕووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە، لە شانۆی کوردی و هونەری دەرهێناندا، لە شاری سلێمانی هەژمار دەکرێت.

هەر لە هەشتاکاندا هونەرمەندان (کەریم عوسمان) و (کامەران ڕەئووف) بە دوو ئاڕاستەی جیاواز و لە دوو دیدی ئێستاتیکای هونەرییەوە مامەڵە لەگەڵ ئامڕازە هەنەری و پێکهێنەرەکانی شانۆ و دەرهێنانی شانۆیی دەکەن. کەریم عوسمان لە دەرهێنانی شانۆنامەی (که‌لله‌سه‌ر)دا مێتودەکانی دەرهێنانی شانۆیی لە فۆرم و شێوازێکی ساکاری هونەریدا پێشکەش کرد، کە بە تەواوی توانی لەگەڵ ئامادەبوونی بینەراندا بگاتە ئاستی گەشەی هونەری. کەریم عوسمان شانۆنامەی (کەللەسەر)ی نووسەری تورکی (ناضم حیکمت)ی نەمایش کرد، دەقێکی مارکسی بۆ ئەو رۆژگارە هەروا سانا نەبوو لە فیلتەرەکانی سانسۆر ڕزگاری بێت. (کەللەسەر) نەفەسێکی قووڵی ئەزموونگەری تیا بوو، بە کەرەسەی ساکار و بە چارەسەرێکی بەسەلیقە و دیدێکی هونەری و هزری ڕوونی (کەریم عوسمان) و خۆشەویستی ئەو ئەکتەرانەی ڕۆڵیان دەبینی، نەمایشێکی سەرکەوتوو بۆ ئەو ڕۆژەی رەوتی شانۆی کوردی پێشکەش دەکەن. (کامەران ڕەئووف)یش لە (کۆشک) و (باڵندەی دەریا) و (شالیر)دا ئەو ڕۆڵەی بینی و ئامڕاز و توخمەکانی پیشەی دەرهێنانی شانۆیی کردە مێتود و دەروازەیەکی گرینگی بۆ گەشەی هونەری دەرهێنان لە شاری سلێمانیدا کردۆتەوە.

ئەو هونەرمەندانەی لەدوای حەفتاکانەوە، لەنێو تیپە شانۆییەکانی شاری سلیمانیدا دەرکەوتن، لە تەقەلایەکی ئێستاتیکی و لە شرۆڤەیەکی دەقە جیهانییەکان لەلایەک و ئەو دەقە خۆماڵییانەی لە لایەکی ترەوە کاریان تیا دەکرد، توانییان پێگەی کەسی ریژیسۆر بەهێز بکەن. ڕەوتی شانۆی کوردی لە حەفتاکان بە دواوە، لە پرۆسەیەکی بەردەوامدا، بە دوای دۆزینەوە و چارەسەرە هونەرییەکاندا، لەنێو هونەری دەرهێناندا گەڕاون.

لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا، بە دامەزراندنی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی، نەک تەنها هونەری دەرهێنان گۆڕانکاری سەراپاگیری بەسەردا هات، بەڵکوو رەوتی شانۆی شاری سلێمانی گەشەیەکی گەرورە بەخۆیەوە دەبینێت و کاریگەرییەکی زۆری بەسەر هەموو شانۆی کوردییەوە دەبێت. نەمایشەکانی ئەم تیپە، بەتایبەتیش (غۆرێلا)، (ڕۆژی سێهەم لە چاوەڕوانی گۆدۆ) و (مارا/ساد) لە دەرهێنانی (شەماڵ عومەڕ) و (چیرۆکی باخچەی ئاژەڵان) لە دەرهێنانی (دانا ڕەئووف) دابڕانێکی سەراپاگیری لەگەڵ ڕەوتی شانۆی کوردی دروست کرد و هونەری ریژی و دەرهێنان پێی نایە قۆناخێکی ترەوە. ریژیسۆرەکانی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی بە شێوەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەل تەختەی شانۆ و جەستەی ئەکتەر و سینۆگرافیا و پێکهاتە و توخمەکانی تری شانۆدا دەکرد و زمانێکی تریان بۆ بەرجەستەکردنی نەمایشەکانییان خوڵقاند. لە نەمایشی (چیرۆکی باخچەی ئاژەڵان)دا، بینەران و ئەکتەر و هەموو نەمایشەکە لە ژوورێکی بچووکدا ڕووبەرووی یەکتر دەبوونەوە و هیچ سنوورێک لەنێوان نەمایش و بینەراندا نەبوو، بە پێچەوانەوە لە (مارا/ساد)دا، بینەران لە شوێنێکی تەسک و دیاریکراوی شانۆکەدا دانیشتبوون و نەمایشەکەیش لە هۆڵێکی ئێجگار گەورەدا نەمایش دەکرا. هەر لەم قۆناخەدا (گەزیزە) یەکێک بوو لەو دەرهێنەر و ئەکتەرانەی بە ئەزموونە ناوازەکانی، لە تێگەیشتنێکی قووڵ و هەستێکی ئێستاتیکی بەرزەوە، مامەڵەی لەگەڵ دەرهێنانی شانۆیدا دەکرد، نەمایشەکانی (سروودی خۆشەویستی) و (دارتووەکە) نموونەیەکی ئەو مامەڵە هونەرییەن لەگەڵ دوو دەقی جیاوازدا؛ سروودی خۆشەویستی، مۆنۆدرامایەک لە نووسینی ژان کۆکتۆ، گەزیزە لەم مۆنۆدرامایەدا، چ وەک دەرهێنەر و چ وەک ئەکتەر کاری لەسەر دەرهێنان کردبوو. گەزیزە، رۆڵی چەند کارەکتەرێکی دەبینی، لەنێو ئەم کارەکتەرانەدا، بە سەربەستی دەجووڵایەوە و هێڵەکانی دەرهێنانی بە شێوەیەک دیاریکردبوو، کە پانتایی شانۆکەی کردبووە شوێنێکی هێندە بەرین جێگای هەموو کارەکتەرەکانی تیا دەبووەوە. (دارتوەکە) لە نووسینی گەزیزە خۆیەتی و لە ڕووی دەرهێنانەوە، هێز و وزەیەکی زۆری بە هونەری ڕووناکی بەخشیبوو؛ ڕووناکی ڕۆڵێکی بێهاوتای لە یەکاڵاکردنەوەی رەوشە درامییەکان و دابەشکردنی ئەو بارودۆخە درامییانەیش بەسەر یەکەی دیاریکراو و جیاوازدا، دەبینی.

لە کۆتایی هەشتا و سەرەتای نەوەدەکانیشدا، نەوەیەکی تر لەنێو ئەم تیپە شانۆییانەی تا ئێستا ئاماژەم بۆ کردوون، دەرکەوتن: شەفیق محەمەد، سەدیق عەزیز، ئەرسەلان دەروێش، دڵشاد ئەحمەد، ئومێد حسین، نیهاد جامی… هتد بەردەوامیەک بوون بۆ فۆرمێکی شانۆ، کە هونەری دەرهێنان ڕۆڵی گەورەی هەبوو. لە گرینگترین نەمایشەکانی ئەم نەوەیش (جەنابی جانەوەر) نووسین و دەرهێنانی شەفیق محەمەد، (حەمەدۆک) دەرهێنانی سەدیق عەزیز، (سمکۆڵانی ئەسپە شێ) دەرهێنانی دڵشاد ئەحمەد و (لە مردن گەڕایەوە) دەرهێنانی ئەرسەلان دەروێش. ئەو هونەرمەندانە، چ لە ڕووی هەڵبژاردنی دەق، هەڵبژاردنی ئەکتەرەکانیان و بەڕێوەبردنی پرۆڤە و دیدی هونەرییانەوە بۆ کارەکانیان، جەختکردنەوەیەکی هونەری بووە لە ڕۆڵی دەرهێنەر لە شانۆکانی شاری سلێمانیدا.

ستایلی کارەکانی ئەم دەرهێنەرانە، لەنێوان دیدێکی ئەزموونگەری لەلایەک و ریالیزم (واقیعی) لەلایەکی ترەوە بەرجەستە بوون و بنەما ئێستاتیکییەکەی دەرهێنان، فۆرمە هونەرییەکانی خۆی وەردەگرێت. دەرهێنەرەکانی قۆناغی دوای ڕاپەڕین، چەندە ئازادی رۆژگارەکە سەرگەرمییان دەکات، هێندەیش دەیانەوێت لە چەمک و زاراوە و ئامڕازە لۆکالییەکان دوور بکەونەوە و دیدێکی گشتگری مۆدێرن بە کارەکانییان ببەخشن.

لەم بیست ساڵەی ئەم سەدەیەیشدا، کومەڵێک گروپی شانۆیی لە سلیمانی، ئەو برەوەیان بە شانۆی کوردی و چەمکەکانی هونەری دەرهێنان داوە، بۆ نموونە: هۆرێن غەریب، هیوا فایەق، دێرین حامید، بەختیار جەلال… هتد چەند نموونەیەکن.