چاخی سەهۆڵین

ده‌قێکی شانۆییه‌ له‌ یه‌ک په‌رده‌دا.

دانا ڕەئووف

 

کارەکتەرەکان

کچێکی سەماکار

پیاوێکی دەمامک پۆش

کۆمەڵێک کەسی دەمامک پۆش

کۆمەڵێک خەڵکی شپرزەی جانتا بە دەست

 

شوێن

بیابانێک، لە شوێنی دوای جەنگێک دەچێت.

 

(ڕووناکی)

 

(کچێکی سەماکار، لەسەر ڕیتمی مۆسیقایەکی گونجا و بە کراسێکی سپی درێژه‌وه‌ سەما دەکات.)

 

(لای پشته‌وه‌ی سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆوە، چەندان کەس بە دەمامکی سپییەوە دەردەکەن و دێنە پێشەوە؛ بە هێواشی دەڕۆن. کچە سەماکارەکە لەسەر سەماکەی بەردەوامە. یەکێک لەو کەسە دەمامک پۆشانە، کە دەمامکەکەی سپی نییە و لەوانی تر جیاوازە، لە کچە سەماکارەکە دێتە پێشەوە)

(مۆسیقا)

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

مه‌رگ به‌سه‌ر بێده‌نگیدا زاڵ بوو، زه‌وییه‌کی ساردوسڕ، تێکڕووخاو له‌ خه‌مدا. ئه‌مڕۆ خوداکان ئێوەیان به‌ جێ هێشتووه‌.

 

کچە سەماکارەکە

(بەدەم سەماوە، وەک ئەوەی گۆرانی بڵێت)

ئه‌مڕۆ خوداکان ئێمه‌یان به‌ جێ هێشتووه‌. ئێمە کەسانێکی بێ خودا و بێ نیشتیمانین و بێ دایکین.

(وچانێکی کورت)

ئێوە بۆ لێرەن؟

(بێدەنگی)

(لە پڕ لەسەماکردن دەوەستێت)

ئێوە بۆچی هاتوون بۆ ئێرە؟

دەتانەوێت ئازاری ئێمە بدەن، بمانکوژن؟

(دەیەوێت بڕوات، دەوەستێت و سەیرێکی پیاوە دەمامک پۆشەکە دەکات و دەیەوێت شتێک بڵێت، بەڵام هیچ ناڵێت)

(وچانێکی کورت)

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

چاخی سه‌هۆڵین و ته‌نیایییه‌، ئێمه‌ هه‌موومان ئاڵوگۆڕمان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و بووینه‌ته‌ پارچه‌ سه‌هۆڵی بچووک، له‌ زه‌مان و مه‌ودادا ون بووین.

 

کچە سەماکارەکە

له‌ زه‌مان و مه‌ودادا ون بووین.

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

به‌ ڕوخساری پووچه‌وه‌ ده‌ڕۆین و له‌ هه‌وادا و له‌گه‌ڵ بادا ده‌توێینه‌وه‌، با تۆڵاشه ئاگر له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرێ‌، که‌ له‌گه‌ڵ بوونه‌وه‌ری گرگنئاسادا ڕووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌. ئاگر و با و پووچی ده‌چنه‌ ناخ و جه‌سته‌وه‌، جه‌سته‌ بیابانێکه‌ له‌ هیچ شتێک و هه‌موو شتێکیش بیابانێکه‌ له‌ ته‌نیایی، که‌ له‌ دنیایه‌کی داخراودا دێت و ده‌چێ. ئێوە لە بیاباندا دەمرن، ئێمەیش لە بیاباندا دەبین بە سەهۆڵ.

کچە سەماکارەکە

هه‌موو شتێک له‌م چاخی سه‌هۆڵبه‌ندانەدا بێتامه‌، هه‌موو شتێک بێبایه‌خ و وشک و بێڕه‌نگه‌. دڵه‌کان له‌ سه‌هۆڵ، جه‌سته‌کان له‌ سه‌هۆڵ، هه‌وا له‌ سه‌هۆڵ و سه‌هۆڵبه‌ندان.

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

مرۆڤه‌کان له‌ سه‌هۆڵ، سه‌هۆڵ، سه‌هۆڵ و هه‌ر سه‌هۆڵ.

(پیاوە دەمامک پۆشەکە لەگەڵ کچەکە سەما دەکات)

جیهانێک له‌ سه‌هۆڵ له‌ تاریکیدا له‌ چه‌قی بیاباندا. پیاوان، ژنان و منداڵان به‌سه‌ر ڕووباری به‌ستوودا ڕاده‌که‌ن و ماسکی سه‌یروسه‌مه‌ره‌یان هه‌ڵگرتووه‌.

 

کچە سەماکارەکە

(کچە سەماکارەکە لە پیاوەکە دوور دەکەوێتە، بێ جووڵە دەوەستێت و سەیری دوور دەکات)

هه‌موو شتێک له‌م چاخی سه‌هۆڵه‌دا بێتامه‌، هه‌موو شتێک بێبایه‌خ و وشک و بێڕه‌نگه‌. دڵه‌کان له‌ سه‌هۆڵ، جه‌سته‌کان له‌ سه‌هۆڵ، هه‌وا له‌ سه‌هۆڵ، مرۆڤه‌کان له‌ سه‌هۆڵ، سه‌هۆڵ، سه‌هۆڵ و هه‌ر سه‌هۆڵ و سەهۆڵبەندان.

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

ئەمە چاخی سەهۆڵینە. ئێوە دەمرن و ئێمەیش دەبین بە سەهۆڵ!

 

(مۆسیقا)

(کچە سەماکارەکە دەست دەکاتەوە بە سەما)

 

(لە هەموو لایەکەوە خەڵکی جۆراوجۆر، ژن و پیاو و منداڵ بە جانتای سەفەری هەمەچەشنە و کۆڵەپشتەوە بەسەر شانۆکەدا دەڕۆن، شپرزە دیارن و بە ئاڕاستەی جیاواز لەسەر شانۆ دەچنە دەرەوە.)

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

کۆڕەوە، مرۆڤی بیابان زەوی پڕ دەکەن و بیابان و ڕووبارەکان گەنیون، دڵ تێک دەچێ و بۆنی مەرگ دێت. جەستەی مرۆڤە مردوکان بە بیابانەکەدا بڵاو بوونه‌ته‌وه‌.

 

کچە سەماکارەکە

مه‌رگ به‌ شێوه‌یه‌کی نادیار له‌ ناخی مندایه‌، له‌ هه‌وادایه‌ و هه‌وایش له‌گه‌ڵ مه‌رگ خۆی به‌ گه‌رووی مرۆڤه‌کاندا ده‌کا، که‌س بیری که‌س ناکا، هه‌موو شتێک کڕوکپه‌، هه‌موو شتێک مه‌رگه و مه‌رگ له‌ هه‌ناوی هه‌موو شتێک دایه‌. ئه‌وه‌ مه‌رگه‌ قسه‌ ده‌کا. مه‌رگ له‌ چاخی سه‌هۆڵدا ده‌بێته‌ پێوه‌ندیمان، ساردوسڕ، مه‌رگی سارد له‌ مه‌رگدا.

 

پیاوە دەمامک پۆشەکە

من له‌ به‌له‌مه‌که‌مدا، به‌ له‌قه‌له‌ق، به‌نێو بیاباندا که‌ له‌ ته‌مومژدا ون ده‌بوو، سه‌وڵم لێدا، له‌وێ وێڕای گه‌رده‌لوول‌ و ده‌نگی قیژه‌ و هاواری ژن و منداڵ، که‌ ده‌تکێنه‌ هه‌واوه‌، هه‌وا ده‌تکێته‌ ناخی منه‌وه‌. من له‌گه‌ڵ زۆر که‌سی تردا ئاڵوگۆڕم به‌سه‌ردا هاتووه‌ و بوومه‌ته‌ مرۆڤێکی له‌رزۆک و گرینۆک و هاتوهاوارکه‌ر. ئێمه‌ له‌ ئامێزی ته‌مومژدا ڕۆیشتین، من نه‌مده‌وێرا ڕوو وه‌رگێڕم، چاوه‌ڕێ بکه‌م و ڕابوه‌ستم، من به‌ ئاسمانێکی ڕووتوقووتدا له‌سه‌ر مانگ هه‌ر سه‌وڵم لێدا.

 

کچە سەماکارەکە

ئه‌وه‌ ئاسمان بوو که‌ له‌ زه‌ویدا ده‌سووتا و ئێمه‌یش به‌ ده‌وری ئه‌و زه‌وییه‌ سووتاوه‌دا هه‌ڵده‌په‌ڕیین، هه‌موو شتێک کۆتاییی هاتووه‌.

 

(پیاوە دەمامک پۆشەکان دێنە پێشەوە، هەموویان دەمامکی سپییان پۆشیەوە و هیچ پەیوەندییەک لەنێوانیاندا نییە. پێکەوە وەک کۆرس قسە دەکەن)

پیاوە دەمامک پۆشەکان/کۆرس

هه‌موو شوێنێک ته‌رم بوو، ته‌رم که‌ له‌ ئاژه‌ڵ ده‌چوون و ئاژه‌ڵیش له‌ مرۆڤ، له‌نێوان ئاسمان و زه‌ویدا ته‌نیا ته‌رم ڕاوه‌ستاوه‌، هاوشێوه‌ی مرۆڤگه‌لێک که‌ ئاڵوگۆڕیان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و بوونه‌ته‌ جڕوجانه‌وه‌ر‌، مرۆڤی گرگنئاسا دەبینن ڕیزیان به‌ستبوو و به‌ بیاباندا ده‌ڕۆیشتن، ئێمه‌ هه‌موومان له‌گه‌ڵ بیاباندا، له‌ ته‌مومژدا که‌ به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵده‌کشا، له‌ هاتوچۆدا بووین. ئاسمانێک بێ ئه‌ستێره‌، بێ هه‌ور، بێ باران، بێ خۆر، بێ هه‌وا، بێ هیچ شتێک. ئاسمانێک که‌ به‌ ته‌نیا کونێکی گه‌وره‌ بوو له‌ پووچی، لە تەنیایی، له‌وێ ڕێگه‌مان لێ ون بوو و له‌ ڕێوڕه‌سمێکی هاوبه‌شدا نوێژمان کرد و گۆرانیمان گوت. گۆرانی.

 

پیاوە دەمامک پۆشەکان گۆرانی دەڵێن

لە کازیوەدا

لەگەڵ تەرم سەمامان کرد

ئێمە پێکەنین

ئەوان گریان

گەردەلوول و جەستەی مرۆڤ و

زێری بەجێماو…

ئه‌مڕۆ خوداکان

ئێوەیان به‌ جێ هێشتووه‌.

 

کچە سەماکارەکە

ڕێوڕه‌سمه‌که‌ دنیایه‌کی تازه‌ی له‌ هه‌ور ساز کرد، هه‌وری ڕه‌ش و سوور. ئه‌مه‌‌ چاخێکه‌ له‌ سه‌هۆڵ و ته‌نیایی، ئێمه‌ هه‌موومان بووینه‌ته‌ پارچه‌ سه‌هۆڵی بچووک و له‌ هه‌وادا ده‌توێینه‌وه‌. ده‌توێینه‌وه‌ له‌ هه‌وادا و له‌ عه‌ده‌مدا ون ده‌بین.

(کچە سەماکارەکە دەست دەکاتەوە بەسەما)

 

(مۆسیقایەکی بەهێز)

 

(ڕووناکی گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بۆ ساتێکی کورت سەر شانۆ تاریک دەبێت و سەرلەنوێ ڕووناک دەبێتەوە)

 

(جگە لە کچە سەماکارەکە، کەس لەسەر شانۆ نەماوە)

(کچە سەماکارەکە دەمامکی پیاوەکەی بە دەم و چاوەوەیە)

 

کچە سەماکارەکە

هه‌موو شتێک له‌م چاخی سه‌هۆڵه‌دا بێتامه‌، هه‌موو شتێک بێبایه‌خ و وشک و بێڕه‌نگه‌. دڵه‌کان له‌ سه‌هۆڵ، جه‌سته‌کان له‌ سه‌هۆڵ، هه‌وا له‌ سه‌هۆڵ، مرۆڤه‌کان له‌ سه‌هۆڵ، سه‌هۆڵ، سه‌هۆڵ و هه‌ر سه‌هۆڵ و سەهۆڵبەندان.

(بێدەنگی)

(کچەکە دەست دەکاتەوە بە سەما)

(لەپڕ لە سەما دەوەستێت، سەیری چواردەوری خۆی دەکات، دەیەوێت گۆڕانی بڵێت، ناتوانێت. ده‌مامکه‌که‌ لەسەر دەم و چاوی لادەبات. ڕووەوە بینەران)

 

کچە سەماکارەکە

هه‌ر بۆیه‌ مه‌رگ گۆرانی ده‌چڕێ و خۆر ڕه‌شه‌. خۆرێکی ڕه‌شی به‌ستوو له‌ مه‌مله‌که‌تی مه‌رگدا.

(ده‌مامکه‌که‌ لەسەر زەوییەکە دادەنێت و دەست دەکاتەوە بە سەما)

(باران بەخوڕ دەبارێت)

 

(خەڵکە جانتا بەدەستەکان دەردەکەونەوە، ئەمجارە شپرزەتر دیارن و بەریەک دەکەون و دەستی منداڵەکانییان ڕادەکێشن و بە پەلە لە هەموو شوێنێکەوە دەچنە دەرەوە.)

 

(ڕووناکی هێدی هێدی دەکوژێتەوە و کچە سەماکارەکە لەنێو تاریکییەکەدا ون دەبێت)

(بۆ ساتێک دەنگی بارینی باران لە تاریکییەکەدا دەبیسترێت)

 

(مۆسیقا)

 

٤/٨/٢٠١٩