هەرچەندە شانۆی توندوتیژی (ئەنتۆنان ئارتۆ) ١٨٩٦-١٩٤٨ و شانۆی داستانی برێشت دوو ڕێبازی جیاواز و دژ بە یەکن، بەڵام هیچ تیۆر و ڕێبازێکی تری شانۆیی هێندەی ئارتۆ و برێشت هەژموونییان بەسەر ڕەوتی شانۆ و تیۆری شانۆی جیهانییەوە نەبووە. ئیدیال و دیما و دیدی  ئەم دوو شانۆکارە، لە ڕووی تیۆری و پراکتیکەوە، تەواو جیاوازن؛ لەگەڵ ئەوەیشدا هەردووکیان بەهەمان شێوە دژ بە وەهمی شانۆی بۆرژوازی و شانۆی ترادیشونی ڕیالیزمی ئەوروپی و چێژوەرگرتن و کات بەسەربردن، کاریان کردووە. ئەگەر شانۆ لەلای برێشت لە ڕێگای چێژەوە، دیدێکی ڕەخنەئامێزی فێرکاری هەبێت، ئەوە لەلای ئارتۆ کاری شانۆ ئەوەیە، کە لە ڕێگای هێرش و خورپە و زمانی جەستەوە هەژموونی بەسەر بینەرەکانییەوە بەجێ بهێڵێت.

دەستەواژەی (توندوتیژ) دوو چەمک لەخۆدەگرێت، کە هەردوو چەمکی “شانۆ” و”توندوتیژی” یە و ئارتۆ بە تێگەیشتنێکی جودا لەوانەی پێش خۆیەوە سەیری دەکردن و هەوڵی بەکارهێنانی دەدا. چەمکی “شانۆ” بۆ ئارتۆ هەر ئەوە نییە لەسەر تەختەی شانۆ، لەبەردەم بینەرێکی سست و ناچالاک و کەمتەرخەم و بیرنەکەرەوە، بەڕێوە دەچێت، بەڵکو ئەو نەمایشەیە، کە بینەر بەئاگا دەهێنێتەوە و کاریگەرێتییەکی ڕۆحی لە دڵ و دەروونیدا بەجێ دەهێڵێت، کە هەرگیز بیر ناچێتەوە. بە هەمان شێوە، چەمکی “توندوتیژی” ئاماژە نییە بۆ توندوتیژی جەستەیی یان دەروونی، بەڵکو بریتییە لە ورووژاندنێکی سەختی گیان و ناوکرۆکی بینەر و خرۆشاندنێکی بێبەزەییانەی دەروونی ئەو بینەرەی بەر ئەم جۆرە شانۆیە دەکەوێت. ئەو دەروونەی، کە سست و خاو و ملکەچ و قایل بووە. مەبەستی ئارتۆ لە چەمکی “توندوتیژی” نە سادیزمە و نە ئازاردانە، بەڵکو سووربوونێکی (بێبەزەییانەی) جەستەییە بۆ تێکشکانی واقیعێکی ساختە و پێشاندانی دیوە ڕاستەقینەکەی.

ئەنتۆنان ئارتۆ پێی وابوو، دەق مانای شانۆنامەی قۆرخ کردووە، نەک هەر ئەوە بەڵکو شێواندوویەتی. بۆیە پێویستە زمانێکی تایبەتی بۆ دروست بکرێت؛ زمانێکی شانۆیی، کە نیوەی لە چوارچێوەی بیرکردنەوەدا بێت و نیوەکەی تریشی بریتی بێت لە جووڵەی ئەندامەکانی جەستە و سیستێمێکی ئاماژەیی. ڕاستی، مرۆڤ پێویستە تێگەیشتنێکی تەواوی بۆ دەستەواژەی “توندوتیژی” هەبێت، کە ئارتۆ زۆر بە چڕی بەکاری هێناوە. نووسەری ئینگلیزی (لی جەیمسن) پێی وایە، بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە لەلای ئارتۆ بەکارهێنانێکی میتافۆرییە و دەشێت ئارتۆ لە ڕوانگەی فەلسەفەی نیهیلزمییەوە بەکاری هێنا بێت، بەو پێیەی پێویستە شانۆ ڕوانینێکی ڕووخێنەری تێدا بەرجەستە بێت و بینینێکی تازە بنیاد بنێت.

ئارتۆ مەبەستی تێوەگلاندنی بینەرە لە چەقی ڕووداوە شانۆییەکانەوە، واتە بینەر ناچار دەکات لەسەر ئاستی سەلیقەوە بە نەمایشە شانۆییەکەوە سەرقاڵ بێت. ئەم کارە، بە دیدی ئارتۆ، کردەوەیەکی دڵرەقانەیە بەرامبەر بە بینەر؛ چونکە شانۆ دەکاتە شوێنێک بینەر تیایدا، لەبری ئەوەی پارێزگاری لێ بکرێت، دەخرێتە ژێر مەترسییەوە، بەو پێیەی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دڵەڕاوکێ و ترس و ترش و تاڵییەکانی ژیانەوە دەکات، بەڵام ئارتۆ ئەم کارە بۆ شانۆ بە پێویست دەزانێت. بەپێی ئەم دیما و بۆچوونەی ئارتۆ، ریژیسۆر، ڕۆڵی خولقێنەر دەبینێت نەک وەرگێڕی دەقە شانۆییەکە بۆ کردارێکی شانۆیی. بێگومان ئەمەیش ئەرکی ریژیسۆر قورس تر دەکات. دواتر لەم بەشەدا، بەوردی دەگەڕێنەوە بۆ سەر ئەم مەسەلانە.

ئەنتۆنان ئارتۆ لە شاری (مارسیلیا) لە دایک و باوکێکی بە نەژاد یۆنانی لە باشووری فەرەنسا، لە خێزانێکی کاتۆلیکی توندڕەو لە دایک بووە، بەڵام لەم ژینگە داخراوە توندڕەوە ڕا دەکات و هەر زوو دێتە پاریس. لە ساڵی ١٩١٠دا لە قوتابخانە گۆڤارێکی ئەدەبی دەردەکات و یەکەم شیعرەکانی خۆی تیا بڵاو دەکاتەوە، هەر لەم ساڵەدا بە (بۆدلێر) و (ئەدگار ئالان پۆ) ئاشنا دەبێت و بەرهەمەکانیان بە وردی دەخوێندێتەوە و دەکەوێتە ژێر کاریگەرییانەوە. لە ساڵی ١٩١٥دا تووشی دڵەڕاوکێیەکی بەهێز و ڕەشبینییەکی کوشندە دەبێت، هەموو ئەو دەقانەی نووسیبوونی دەدڕێنێت و کتێبەکانی فرێ دەدات و بۆ ماوەیەکیش لە ژێر چاودێری پزیشکدا، لە یەکێک لە نەخۆشخانە تایبەتییەکانی شاری (مارسیلیا)دا دەمێنێتەوە. هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە زمانی دەگیرێت، ئاڵودەی ئەو دەرمانانە دەبێت، کە بێهۆشی دەکەن و لە هەمان کاتدا خەریکی وێنەکێشان دەبێت. دواتر دەردەکەوێت، کە ئارتۆ تووشی جۆرە نەخۆشییەکی دەمارگرژی و هەوکردنی دەمارەکانی مێشک بووە و تا مردن پێوەی دەتلێتەوە، کە تەمەنیش هەڵدەکشێت زیاتر ئاڵودەی مادە هۆشبەرەکان دەبێت و لە هەموو ژیاندا دەبێتە مودمین. باری تەندروستیی و دەروونیی دەشێوێت و هەمیشە لە ژێر چاودێری و چارەسەرکردنی پزیشکیدا دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا ڕەوشی دەروونی هەر باش نابێت و زیاتر بەرەو خراپی و خراپتر دەروات.

لە ساڵی ١٩٠٥یشدا خوشکێکی شەش مانگی کۆچی دوایی دەکات، ئەم ڕووداوە زۆر کاری تێ دەکات و هێندەی تر باری دەروونی ناهەموار و ناجێگیر و ئاڵۆز و خراپ دەبێت. لە ساڵی ١٩١٦ بۆ یەکەمجار دوو پارچە شیعر: (یەکەم بەفربارین) و (درەختەکانی دەریا ئازاری جوانی خۆیان دەدەن) بڵاو دەکاتەوە، لە ساڵی ١٩٢٣یشدا یەکەم کۆمەڵە شیعری ئارتۆ بە ناونیشانی (گەمەی تریک تراکتی ئاسمان) Tric-Trac du Ciel بڵاو دەکرێتەوە. لە ساڵی ١٩٢٥دا دووەم کۆمەڵە شیعری خۆی بڵاو دەکاتەوە، هەر لەم دیوانەدا کورتە شانۆنامەیەک بە ناوی (تەوژمی خوێن) یان (فیچقەی خوێن) بڵاو دەکاتەوە، کە گوزارشتێکی بەهێز لە دیما و دیدە شانۆکەیی و چەمکەکانی ئەو شانۆیە دەکات، کە دواتر بەوپەڕی تواناوە بانگەشەی بۆ دەکات. بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەوشە خراپەکەی ئارتۆ و بارە ئاڵۆزە دەروونییەکەی، دەبێتە فاکتەرێکی گرینگ بۆ پێناسە هونەرییەکەی، کە بەشێوەیەکی تەواو لەسەر بنەما ڕادیکاڵە سەختە دژوارەکان دادەرێژرێت.

ئارتۆ هەرچەندە بەشێکی زۆری ژیانی (لە مانگی هەشتی ساڵی ١٩٣٧ەوە تا مانگی پێنجی ساڵی ١٩٤٦) لە نەخۆشخانە دەروونییەکان و شێتخانەکاندا دەباتە سەر، بەڵام بە بەردەوامییەوە پێ داگری لەوە دەکرد، کە ئەو نەخۆش نییە، هەر لەبەر ئەوەی، کە نەخۆشە؛ نەخۆشی بۆ ئەو بووبوو بە پێناسێکی خودگەرا و کولتووری، نەخۆشی تاراوگەیەک بووە بۆ ئەو تا لەوێوە بە دوای پێناس و شووناس و خودی خۆیدا بگەڕێت. ئەو کێشە دەروونییە ئاڵۆزەی ئارتۆی تیا ژیاوە پێویستی بە تێگەیشتنی دونیا بووە، بەڵام ئەو تێگەیشتنەی ئەو ویستوویەتی، پێویستی بە ڕێگا و شێوازە ئاکاری و موڕاڵی و ڕامیاریە باوەکان نەبووە، بەڵکو پێویستی بەو ڕێگایە بووە، کە (وەک سوریالیزمەکان ئاماژەیەیان بۆ کردووە) پێش مێژوو کەوتووە. ئارتۆ لە چەندین نامەدا، کە بۆ هاوڕێکانی ناردووە، باسی ئەوەی کردووە، کە ئەو دەمێکە مردووە و خوا سەرلەنوێ رۆحیی کردۆتەوە بە جەستەکەیدا و بە شێوەیەکی پڕ لە ڕاز و نهێنی پەیوەندی بە لایەنە پیرۆز و ڕۆحییەکانی مرۆڤەوە هەیە. لەم ڕەوشەیشدا ئارتۆ ناچار بووە بگەڕێتەوە بۆ دونیا پڕ لە نهێنییەکەی پێش لە دایکبوون و دوای مردن. کەواتە ئەو شێتیەی ئارتۆ تووشی هاتبوو، هۆی بێدەسەڵاتی و بێتوانایی بووە بەرامبەر بەو جیهانە فراوانە پڕ لە هێما و کارەساتە خەفەکراوانەی ناوەوەی خۆی. هەر لەم روانگەیەیشەوە، ژیانی دەبێت بە شانۆیەکی توندوتیژ، خاپووربوونێکی بەهێز، کە دەروازە بۆ زەمەنێکی نوێ و لە دایکبوونێکی نەشتەرگەرییانە دەکاتەوە.

گرۆتۆفسکی لە کتێبەکەیدا (بەرەو شانۆیەکی هەژار) زۆرجار دەگەڕێتەوە سەر ئارتۆ و باسی دەکات، تیشکی سەرنجی دەخاتە سەر و پێناسەیەکی وردی ئارتۆ و ئارتۆیەکی نەخۆشمان بۆ دەکات و دەڵێت (ئارتۆ وانەیەکی گەورەمان فێر دەکات، کە هیچ کەسێک ناتوانێت ئەو وانەیەمان فێر بکات. ئەو وانەیەیش نەخۆشییەکەی ئارتۆیە. ئەوەی جێگای نیگەرانییە، نەخۆشییەکەی ئەو جیاوازە لە نەخۆشی سەردەمەکەیەوە. نەخۆشییەکەی ئەو شێتی دەستی چەوسانەوە بوو. شارستانییەتی ئەمرۆیش بەدەست نەخۆشی لەتبوونی کەسایەتییەوە دەتلێتەوە. ئەم لەتبوونەیش لەنێوان هۆش و هەست، جەستە و گیاندایە. لەم رووەیشەوە کۆمەڵ بە هیچ شێوەیەک ڕێگا بە ئارتۆ نادات تووشی نەخۆشییەک بێت، جیاواز لە نەخۆشییەکانی خۆی. هەر لەبەر ئەوە خستیانە ژێر ئەشکەنجەی چارەسەرکردنی تەوژمی کارەباییەوە، تا ناچاری بکەن ددان بەوەدا بنێت، کە دووچاری نەخۆشییەکانی کۆمەڵ بووە.) هەروەها گرۆتۆفسکی سەبارەت بە ئارتۆی شانۆکاریش دەڵێت (ئارتۆ شێوازێکی دیاریکراوی لەدوای خۆیەوە بۆ بەجێنەهێشتووین، هەروەها وێنەی ڕێبازێکیشی نەکێشاوە، ئەوەی ئەو لەدوای خۆیەوە بەجێهێشتووە، ئەندێشە و وێنەیە. بێگومان ئەمەیش گوزارشتێکە لە کەسایەتی ئارتۆ خۆی، هاوکات تا ئاستێکیش ئەنجامی بێ کاتی و هۆکارگەلێکی پێویستی ترن، کە ئەو ڕێگایەیان لە ئارتۆ گرت تا ئەوەی بیری لێ دەکردەوە بخاتە بواری جێبەجێکردن و پراکتیکییەوە.)

ئارتۆ بە شانۆ دەژیا، شانۆ زمانی ژیان و بوونگەرایی و مانێفێستی سەر زەمین بووە بۆ ئەو و زمانی کتێبێکی نوێشە، کە مینیاترییەکان (پارچە بچووکەکان) لە پارچە گەورەکاندا کۆدەکاتەوە. شانۆ ململانێیە، ئارتۆیش مرۆڤێکی شانۆییە، کە لە لەگەڵ ناوەوەی خۆیدا لە ململانییەکی بێ کۆتاییدا بووە. هەر لەبەر ئەوە تا دوا ساتەکانی ژیانی، شانۆی بەو شوێنە ئەفسوونییە دەزانی، کە مرۆڤی تازەی بۆ جیهان تیا لە دایک دەبێت. هەر لەم ڕووەوە گوتویەتی: (کاتێک دەژیم هەست بەخۆم ناکەم، کە زیندووم، بەڵام کاتێک گەمەی شانۆ دەکەم هەست بە بوونی خۆم دەکەم.)

ئارتۆ هەر وەک فریدریش نیچە  ١٨٤٤-١٩٠٠ لە تێڕوانینێکی قوتاربوون و سەرفرازییەوە تەماشای بوونی کردووە، لەم ڕووەیشەوە مەبەستی سەرلەنوێ دۆزینەوەی مرۆڤ بووە، کە بە هەزاران ساڵ لەژێر داب و نەریتی ئاینی مەسیحیەتدا تلاوەتەوە، ئەو داب و نەریتەی ستراکتوری کولتووری ئەوروپی پێک هێناوە. لەم ڕووەوە ئەگەر نیچە بانگەوازی گەڕانەوەی بۆ ئاهەنگە دیونیزمییە کۆنەکانی گرێک کردبێت، بە تایبەتیش بەر لە سەرهەڵدان و گەشەکردنی فەلسەفەی (سوکرات)ەوە، ئەوا ئارتۆ هەوڵی گەڕانەوەی کۆمەڵگە بەراییەکانی بەر لە مێژووی داوە تا لەو ڕێگایەوە بگاتە نهێنییە قووڵ و شاراوەکانی مرۆڤ.

ئەنتۆنان ئارتۆ لە ساڵی ١٩٣٨دا چاپی یەکەمی کتێبی (شانۆ و هەمبەرەکەی) بڵاو دەکاتەوە، کە لەوەوبەر هەندێک لە بەشەکانی لە چەند گۆڤارێکی ئەو دەمەدا بڵاوی کردبوونەوە. کتێبەکەیش، کە نووسەر لە چەند کاتێکی جیاوازدا نوسیوویەتی، تەقەلایەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانۆی باو و نەریتگەرا، لە هەمان کاتدا ڕۆنانی شانۆیەکی تری جودا. بەشەکانی کتێبەکە بریتین لە: شانۆ و تاعوون، شانۆ و ڕۆشنبیری، ریژی و میتافیزیک، شانۆی ڕۆژهەڵات و شانۆی ڕۆژئاوا، شانۆ و کیمیا، دەربارەی شانۆ لە بالی، شانۆ و توندوتیژی، مانێفێستەکانی شانۆی توندوتیژ و نامەکانی زمان… هتد. ئارتۆ بە ناونیشانی کتێبەکەیشی (شانۆ و هەمبەرەکەی) مەبەستی ئەوە بووە، کە دەبێت شانۆ وەکوو هاوتاکەی ببینین، بەڵام وەک واقیعێکی ڕاستەوخۆی ڕۆژانە نا، کە هێدی هێدی بووە بە وێنەیەکی بێ جووڵە و وەستاوی واقیع، بەڵکو هاوتایەک بۆ واقیعێکی تر؛ دژوار، پڕ لە مەترسیی، نموونەیی و پرنسیپەکانیشی وەک ئەو نەهەنگە وان هەر ئەوەندەی سەری دەرهێنا، پەلەیەتی بگەڕێتەوە بۆ ناو تاریکی قووڵایی دەریا. کتێبەکە، لە ناونیشانەکەیەوە پەیوەندی نێوان شانۆ و واقیعی ژیان دەچەسپێنێت. بە بۆچوونی ئارتۆیش، شانۆ و واقیع بریتین لە دوو کیان، کە لە دوو مەودای جودا دان، بە واتایەکی تر، یەکتر دووبارە دەکەنەوە یان هاوتای یەکترین، هەر لێرەویش ناونیشانی کتێبەکەیش دەردەکەوێت. (هاوتا) وێنە یان سێبەر نییە، هەروەها تەنها جۆرە پەیوەندییەکی زمانەوانی یان پەیڤ ئاسا نییە لەنێوان شانۆ و هاوتاکەیدا، بەڵکو پەیوەندییەکی سەرانسەری و پێکەوە بەستراو کۆیان دەکاتەوە. ئەگەر ڕوونکردنەوەیەکی پراکتیکیش بۆ ناونیشان و وشەی (هاوتا) یان (هەمبەر) بەپێی تێگەیشتنی ئارتۆ بۆ ئەم هەمبەرە بکەین، دەتوانین بڵێن: ئەگەر بمانەوێت یەکێک لە شانۆنامەکانی ئێسخیلۆس، کە باس لە بابەتێکی مێژوویی زۆر پێش سەردەمەکەی خۆی دەکات، بەپێی مێتودەکەی ئارتۆ نەمایش بکرێت، پێویستە بە هیچ شێوەیەک ڕەهەندە مێژووییەکانی دەقەکە لەسەر تەختەی شانۆ بۆ قووڵکردنەوەی ڕاستییە مێژووییەکان بەکار نەهێنرێت، بەڵکو پێویستە ریژیسۆر لە ڕێگای دامەزراندنی پەیوەندییەکی ڕۆحیی لەنێوان بینەر و پرۆسێسی نواندن (نەک دەقە شانۆییەکە) دیوە شاراوەکانی واقیعی ڕۆژانە بە سوودوەرگرتن لە ڕەهەندە مێژووییەکانی دەقە نەمایشکراوەکە بگەیەنێتە بینەر. بۆیە، ئەگەر هەمان دەقی ئێسخیلۆس دوای چل ساڵی تر نەمایش بکرێت، پێویستە لەگەڵ ئەو واقیعە هاوتا بێت، کە ئەو دەمە ریژیسۆرەکە دیوە نادیارەکانی پێشانی بینەران دەدات. بەمەیش شانۆ بەردەوام لە پرۆسێسی ڕووخان و دامەزراندنەوە دایە. بێگومان ئەمەیش کرۆکی شانۆ توندوتیژەکەی ئارتۆیە.

هەرچەندە ئەم کتێبە لە کاتی بڵاو کردنەوەیدا دەبێتە جێگای سەرنج، بەڵام لە شەستەکاندا وەک کیشوەرێکی تازە، سەرلەنوێ دەدۆزرێتەوە و تا ئێستایش کاریگەرییەکانی بەسەر ڕەوت و تەوژمەکانی شانۆی ئەزموونگەری و ئەڤانگارتیی جیهانییەوە دیارە. ئەکتەر و شانۆکاری فەرەنسی (ژان لوی بارۆ)، کە لەگەڵ ئارتۆ کاری کردووە و خۆی بە قوتابی ئەو زانیوە، سەبارەت بە کتێبەکەی ئارتۆ گوتویەتی: (بەبێ هیچ دوو دڵییەک “شانۆ و هەمبەرەکەی” گرینگترین کتێبە، کە لە سەدەی بیستەمدا دەربارەی شانۆ نووسرابێت.)

کە ئارتۆ دەربارەی شانۆ دەنووسێت، بە چڕی پێ لەسەر ڕووداوە شانۆییەکە دادەگرێت، ڕووداوەکانیش تەنها ئەوە نین، کە لەسەر شانۆ ڕوودەدەن، بەڵکو ئەو شتەیە لە هۆشیی بینەراندا ڕوودەدات، ئەو هۆشمەندییەیە، کە دەچێتە سەر شانۆ و لەگەڵ هۆشمەندی ئەکتەردا بەریەک دەکەوێت و تێکەڵاو دەبێت. ئەکتەری ئارتۆ لە پەیوەندییەکانی خۆیدا بە ڕاز و نادیارەوە دەتوانێت ڕووبەرووی ترس ببێتەوە و پردێکی پەیوەندی لەنێوان دژەکان و ئاستە جیاوازەکاندا دروست بکات. بەم شێوەیەیش وشە و دەق ڕۆڵێکی پەراوێزئاسایان پێ دەبەخشرێت یان بە واتایەکی تر، پێویستە وشە، کە گوزارشت لە مەسەلە سیکۆلۆژی و شانۆی ڕووداو و کێشەکان دەکات، لە دەقەکان ڕزگار بکرێت. وشە دەبێت مانایەکی تر لەخۆ بگرێت، کە مەودایەکی رۆحی قووڵ و چەمکێکی چڕی وێنەیی بکاتە بنەمایەکی تر بۆ گوزارشتکردن.

ئاتۆ ریژیسۆر دەکاتە کەسی یەکەمی نەمایشە شانۆییەکە و نووسەری شانۆنامەکانیش دەخاتە پەراوێزەوە. هونەری ریژیش بەهۆی جووڵە و دەربڕینی دەم و چاو، بەهۆی باری جەستەیی جووڵەئامێزەوە، بەهۆی بەکارهێنانێکی کۆنکرێتی مۆسیقاوە، هەموو ئەو شتانە لەخۆ دەگرێت، کە پەیڤ و گوتن دەیانگرێتەخۆ. سەرباری ئەمانەیش بەکارهێنان و ڕێکخستنی پەیڤەکانیش لەخۆ دەگرێت. ئارتۆ لەم ڕووەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە دەبێت لەم دیدەوە لە ریژی بڕوانیین، دیدی بەکارهێنانێکی ئەفسوونی، نەک لە ڕووی ڕەنگدانەوەی ئەو شتانەوە، کە لە دەقە نووسراوەکانەوە سەرچاوە وەردەگرن، بەڵکو وەک ڕەنگدانەوەیەکی هەموو ئەو شتانەی دەکرێت لە ئەنجامە بابەتییەکان لە جووڵە، وشە، دەنگ، مۆسیقا، کە پێکەوە بەستراونەتەوە و وەک یەکەیەک کار دەکەن. ئەم پێکەوە بەستنەیش تەنها هەر لەسەر شانۆ بەرجەستە دەبێت، هەروەها هەموو ئەنجامەکانیشی هەر لەبەردەم شانۆ و لەسەر شانۆ دەبێت، ئەو نووسەرەیشی وشەی نووسراو بەکاردەهێنێت، لە دیدی ئارتۆوە لەم شانۆیەدا جێگای نابێتەوە؛ لەسەریشیان پێویستە شوێنی خۆیان بۆ ئەو کەسانەی پسپۆری ئەم ئەفسوونە بابەتییە زیندووەن، چۆڵ بکەن. (بە هەرحاڵ دەڵێم شانۆیەک، کە ریژی، واتا هەموو ئەو بنەمایانەی بە شێوەیەکی تایبەتیی تێیدا شانۆیین، ملکەچی دەق بکات، ئەوە شانۆی کەسی دەبەنگ و شێت و لە ڕێ لادەر و دژە شیعر و بەرژەوەندخوازە، واتا کەسێکی ڕۆژئاواییە.)

ئارتۆ لەم کتێبەیدا بە زمانێکی ساکار گوزارشت لە کۆمەڵێک تێز و دیدی هەمەچەشنەی ناتەبا، بۆ شانۆ دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ سەرچاوە سەرەکیی و بەراییەکانی هونەری شانۆ؛ لەوانەیش تراجیدیا کۆنەکان، شانۆ پڕ لە ڕاز و نیازەکانی چاخەکانی ناوەڕاست و هەموو جۆرەکانی سەما و شانۆی ڕۆژهەڵاتی. هەروەها دووپاتی ئەوەیش دەکاتەوە، کە دەبێت شانۆ بگەڕێتەوە بۆ سەر بنەما سەرەتاییەکانی، گرینگی بە مەسەلەکانی هونەری ریژی بدات بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی بەهێزی بە سەر بینەرەکانییەوە هەبێت، نەک لە ڕێگای دیالۆگ و مەسەلە فیکرییەکانەوە، بەڵکو بە جووڵە و دەنگ و ڕووناکی و هەموو ئەو تەکنیکانەی، کە شانۆی نوێ دەیانخاتە بەردەستی شانۆکارانەوە. دووپاتی ئەوەیشی کردۆتەوە، کە شانۆنامەی نووسراو نەمایش ناکەن، بەڵکو هەوڵی ئەوە دەدەن ڕاستەوخۆ سەبارەت بابەتگەلێک، بۆ نموونە ڕاستەوخۆ کاری ریژی لەسەر بەڵگەنامە و شاکاری ناسراو بکەن و نەمایشەکانیان بوونیاد بنێن. ئارتۆ لە یەکێک لە مانێفێستەکانی شانۆی ئەلفرێد گاری-دا دەڵێت: (ئەگەر ئێمە شانۆیەک دابمەزرێنین بۆ ئەوە نییە دەقە شانۆییەکان بخەینە سەر شانۆ، بەڵکو بۆ ئەوەیە بگەینە ڕەوشێک، کە لەوێدا هەموو شتە تاریکەکان، شاراوەکان و ئەوانەی پەردەیان لەسەر هەست و نەستمان هەڵنەدراوەتەوە، لە جۆرێک لە مادە و بەرجەستەیەکی واقیعیدا دەربکەون. ئێمە بە دوای ئەو شتەدا ناگەڕێین، کە بەشێوەیەکی بەردەوام دەردەکەوێت، وەک هەمیشە لە شانۆدا وابووە، کە وەهم ببەخشین بەو شتەی ، کە بەو جۆرە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەی ئەوەوە، ئێمە مەبەستمان ئەوە بووە، کە چەندان تابلۆ بە هەستمان ببینین، ئەو وێنانەی، کە شایەنی شکان و شێواندن نیین و ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەستماندا دەدوێن.)

سەرچاوەکانی شانۆیەکی میتافیزیک بۆ ئەو لە ریتواڵە سەرەتاییەکانەوە، لە بنەما پڕ لە ڕاز و نهێنییەکانەوە هاتوون، کە بنیادێکی دینی و کولتووریان هەیە و ڕەگ و ڕیشەکانییان دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی بەر لە مێژوو، هاوکات بۆ سەدەی ناوەڕاستی ئەوروپا و بۆ کولتوورە دێرینەکانی ڕۆژهەڵات و ئاسیا و ئاسیای ناوەڕاست. ئارتۆ دەیویست چەمکی پاکژبوونەوە (کاتارسیس)ی ئەریستۆ ٣٢٢-٣٨٤ سەرلەنوێ بدۆزێتەوە، دەیویست سەرلەنوێ شانۆ بەو مەترسییانەی ژیانەوە، کە لە چاوتروکانێکدا ڕووبەرووی مرۆڤ دەبێتەوە و ڕوودەدەن، ببەستێتەوە. ئەوەی زیاتر ئارتۆی بە گەوهەری سەرەتای بوون و دونیا و مرۆڤی کۆنەوە دەبەستەوە، ئەوەیە، کە مرۆڤ لە کۆمەڵگا دێرینەکان خۆی بە تەواوی لەگەڵ سرووشت و دیاردەکانی ئەو کۆمەڵگایانە گونجاندوە، لەبەر ئەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان نەڕەخساون و ناکۆکییە چینایەتییەکانیش لەو کات و سەردەمانەدا هێشتا دروست نەبووبوون. ئەوەی زیاتر سەرنجی ئارتۆیشی ڕاکێشاوە، ئەو یەکێتییە نەپچڕاوەی نێوان مرۆڤ و سرووشت، مرۆڤ و گەردوون، مرۆڤ و کۆمەڵ بووە لە کۆمەڵگا دێرینە بەراییەکانی مرۆڤایەتیدا.

ئەنتۆنان ئارتۆ کەوتبووە ژێر هەژموونێکی بەهێزی شانۆی ڕۆژهەڵاتییەوە و بەچاوی ئەفسوونەوە لە فۆرمەکانی شانۆی ڕۆژهەڵاتی دەڕوانی، بە تایبەتیش سەمای دوورگەی (بالی) لە ئەندۆنیسیا، کە لە ساڵی ١٩٣١دا، بە گەشتێکی هونەری دێنە پاریس و یەکێک لە نەمایشە سەمائامێزەکانیان پێشکەش دەکەن. لەم نەمایشەدا، ئەوەی ئەو باسی دەکرد، بەتایبەتی فۆرمێکی ڕەهای وا، کە بە تەواوی لە دەسەڵاتی نووسەر و دەق و وشە پاک کرابێتەوە، دەبینێت. لە شانۆی بالیدا هەموو شتێک لەسەر شانۆ دەخوڵقێت و ڕێگای خۆی لە ڕوانگەی وەرگێڕان و ڕەفتارێکی تایبەتییەوە دەکاتەوە و ریتواڵێکی نموونەیی پێش وشەکان بۆ وشەکان دەگونجێنێت. لەم شانۆیەدا هێزەکانی خێر و شەڕ لە جەنگێکی ئەبەدیدان، بینەرانیش تەنها هەر بینەرێکی ئاسایی نین، بەڵکو دەکەونە ژێر کاریگەری هێزە بێزارکەرەکەی شانۆوە و توانای گۆڕینییان هەیە. ئارتۆ لە لاپەڕە ٩٦ی (شانۆ و هەمبەرەکەی)دا سەبارەت بە شانۆی بالی دەڵێت: (ئەو شانۆیە، لە بەرژەوەندیی ئەو کەسەی لە زمانی شانۆیی ڕۆژئاواییدا پێی دەڵێن دەرهێنەر، نووسەر دەسڕێتەوە، بەڵام ئەو دەرهێنەرە لە شانۆی بالیدا جۆرێکە لە ڕێکخەرێکی ئەفسوونکار، وەستای ئاهەنگە پیرۆزەکانە، ئەو بابەتەی کاریان لەسەر دەکات، ئەو بیرۆکانەی گیانیان بە بەردا دەکات، هیی خۆی نین، بەڵکو هیی خواوەندکانن. پێ دەچێت لە یەکگرتنەوە بەراییەکانی سروشتەوە سەرچاوەیان وەرگرتبێت، کە هزرێکی دوانەیی پاڵپشتیی کردوون.)

شانۆی بالی شانۆی سەرفرازی و قوتاربوونە، بە شێوەیەک هەموو شتەکان خێرا، بەر لەوەی بگەڕێتەوە بۆ شێوازە تەجریدییەکان، گۆرانکارییەکی نامۆیان بەسەردا دێت. نەمایشەکانی شانۆی بالی لە سەما، گۆرانی، پانتۆمیم و مۆسیقا و تەکنیکێکی بەرز پێک دێت و سەر بەو شانۆ دەروونییە نەریتگەراییە نییە، کە شانۆکارەکانی ئەوروپا تێگەیشتوون. هەروەها شانۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ ئاستە بەرایی و خوڵقاندنە تەواوەکەی خۆی، بە تایبەتی لە ڕووی ئەندێشە و ترس و وڕێنەوە. ئارتۆ بەم شێوەیە باسی شانۆی بالی دەکات و دەڵێت: (دەکرێت داوای وانەیەکی بەرزی گیانی-سەبارەت بەو شتانەی ناپێورێن-لە شانۆی (بالی) بکرێت، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو توانا وێنائامێز و سرووش بەخشەی لە هزردا هەیە. ئەم شانۆ میللییە، بیرۆکە و تێڕامانێکی نائاساییمان دەربارەی ئاستی ڕۆشنبیریی ئەو گەلە دەداتێ، کە جەژنە نیشتمانییەکان لە ئەتمۆسفێر و ستراکتوری کێشەیەکی ڕیتواڵییەوە نەمایش دەکات.) ئارتۆ دوای بینینی نەمایشە سەمائامێزەکەی دوورگەی بالی باسی ئەوەی دەکرد، کە شانۆ پێویستە لە هەموو جۆرەکانی وەهم دووربکەوێتەوە و هونەری شانۆیش دەبێت لە دەسەڵاتی دەق و دیالۆگ ڕزگار بکرێت و لە بری ئەوە پێویستە واقیعیەتێکی تایبەت بەخۆی دەستەبەر بکات، کە تەنها گوزارشت لە خودی خۆی و بونیادی خۆی بکات، کە زمانێکی میتافیزیکی تایبەت بە خۆی هەبێت. لە شانۆی ڕۆژهەڵاتیدا زمانی پەیڤ و ئاخاوتن بوونی نییە، بەڵام زمانی جەستە، ڕەوش و ئاماژەکان هێندەی بەهای دەربڕینی زمانەکەی دیکە بوونێکی بەهێز و ڕاستەوخۆیان هەیە. لە شانۆی ڕۆژهەڵاتدا زمانی ئاماژەکان بەهایان لە زمانە ئاساییەکە زیاترە و دەسەڵاتێکی ئەفسووناوی پڕ لە هێما و بەهێزیان پێ دەبەخشرێت.

ئارتۆ بەم کتێبەی هەموو بنەما تەقلیدییەکانی شانۆی ڕۆژئاوای هەڵگێراوەتەوە و کاریگەری بەسەر چەندین نەوەی شانۆکار و نووسەرانی شانۆ و ڕەخنەگرانەوە هەبووە، هەر بۆ نموونە ئەو نەوەیەی، کە لە دوای دووەم جەنگی جیهانییەوە، لەگەڵ تەوژمەکانی شانۆی پوچگەرایی دەرکەوتن: ساموێل بێکێت، یۆژین یونێسکۆ، ئارتور ئەدامۆڤ، فێرناردۆ ئارەباڵ و ژان ژینییە، بەتایبەتیش لە ڕووی بەکارهێنانی چەمکەکانی پەیڤ و مامەڵەکردن لەگەڵ دیالۆگ و تێکست و پانتایی و ئەتمۆسفێر و تەکنیک و ستراکتوری دەقەکانیاندا، کەوتوونەتە ژێر ڕکێف و کاریگەرییە بێ سنوورەکانی ئارتۆوە. ئەمە جگە لەوەی، کە هەموو تەوژمە هاوچەرخ و مۆدێرنەکانی تری شانۆ، بەشێوەیەک لە شێوەکان، لەژێر کاریگەرییەکانی ئارتۆدا لەدایک بوون. ئارتۆ کار بە بنەما تقلیدییەکانی پڕۆسەی شانۆ و ڕاڤەی دەق ناکات، ڕۆنانی درامی لەسەر بنەما ئاکارییە نەگۆڕەکان و بنەما سایکۆلۆژییەکانی کارەکتەر بە تەواوی پشتگوێ دەخات. لەلای ئارتۆ پێویستە ڕۆنانە درامییەکان لەسەر شێوازێکی میتافیزیکی ڕۆبنرێت و هیما و ئاماژە و زمانی جەستە و مەجاز، سیما سەرەکییەکانی پێک بهێنێت. لەسەر نووسەرە شانۆییەکانیش پێویستە مامەڵە لەگەڵ ڕەگ و ریشە دەروونییە قووڵ و داستانییەکانی مرۆڤدا بکەن تا لەو ڕێگایەوە بتوانن ڕووخسار و سیماکانی کارەکتەرەکان بدۆزنەوە و دیاری بکەن.

(ئەو نەمایشانەی شەو لە دوای شەو خۆیان دووبارە دەکەنەوە و بەردەوام ڕەچاوی هەمان ڕۆتین دەکەنەوە، هەمیشە هەمان شتن و وەک خۆیان وان، چیتر جێگای گرینگی پێدانی ئێمە نییە. ئێمە پێویستمان بە نەمایشێکە، کە دانسقە بێت، کە کاریگەرێتییەکی چاوەڕواننەکراومان پێ ببەخشێت، هاوکات دووبارەکردنەوەی رووداوەکانی ژیانی ڕۆژانە نەبێت) نەمایش و جووڵانەوەی ئەکتەریش لەم شانۆیەدا، تەنها وەک کۆمەڵێک ئاماژەی بینراو بۆ زمانێکی نەبینراو و نهێنیئامێز وان. ئارتۆ وا لە شانۆ گەیشتووە، کە کردارێکی واقیعی ئەفسوونییە و تەنها مامەڵە لەگەڵ شتە بینراو و مادییەکانی سەر تەختەی شانۆ ناکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ کار لەسەر هەست و ڕۆحیشمان دەکات (ئەوەی ئێمە بە دوایدا دەگەڕێن جۆرە هەستێکی سیکۆلۆژییە، کە زیاتر لەگەڵ هێزە شاراوەکانی دڵماندا لە کێشەدایە.) ئارتۆ دەڵێت: (ئەو شانۆیەی ئێستا هەیە، ژیانمان بۆ بەرجەستە دەکات و بە دوای دیکۆرێکی ڕیالیزمی و ڕووناکیدا دەگەڕێت تا دووبارە واقیعی ژیانی ڕۆژانەمان بۆ بەرجەستە بکات یان جۆرە وەهمێکمان بۆ بەرهەم بهێنێت، کە ئەمەیش لە هەموو شتێک خراپترە.)

شانۆ بۆ ئارتۆ ئەو ئامڕازەیە، کە هەموو زمانەکان: جووڵانەوە، دەنگ، وشە، ئاگر، هەوار، ریتم… هتد بەکاردەهێنێت و سەرلەنوێ خۆی لەو خاڵەدا دەبینێتەوە، کە هزر پێویستی بە زمانێکی ترە بۆ درکپێکردن و گوزارشتکردن لە دیاردەکان. ئارتۆ هەر لەم ڕووەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە دەبێت بڕوامان بەوە هەبێت، کە شانۆ ژیان نوێ دەکاتەوە؛ ژیانێک مرۆڤ دەکاتە ئاغایەکی وا، کە تا ئێستا نەبووە. مرۆڤ لەم شانۆیەدا سەرلەنوێ لەدایک دەبێتەوە، بە مەرجێک قایل نەبین بەوەی، کە تەنها هەر ئامڕازێکی تۆمارکردن بین و شتەکان دووبارە بکەینەوە. (لەو شانۆیەدا، کە من چارەنووسی کەسێتی خۆم خستۆتە پێناوییەوە، ئەو شانۆیەی سەرەتا هەناسە دەبێتە خاڵی دەسپێک و دواتر پشت بە دەنگ یان هاوار دەبەستێت، بۆ ئەوەی زنجیرەی پەیوەندییەکان بونیاد بنرێتەوە، زنجیرەی ئەو کاتەی بینەران لە میانەی نەمایشەکەوە بە دوای واقیعی تایبەتی خۆیاندا دەگەڕێن؛ پێویستە ڕێگا بۆ بینەر خۆش بکرێت، کە خۆی لەگەڵ نەمایشەکەدا هاوشوناس بکات. هەناسە دوای هەناسە و سات دوای سات.)

ئارتۆ سەرەتا، وەک لەوەوبەر ئاماژەمان بۆ کردوە، بە دیوانێکی شیعری بچووک دەست پێ دەکات، دوای ئەوە پەیوەندی دەکات بە ئەندریە بریتۆن و سوریالیزمەکانەوە و لەگەڵ شارڵ دۆلان کار دەکات و هەندێک ڕۆڵی بچووک، بەڵام گرینگ لەسەر شانۆ و هەروەها لە سینەمادا دەبینێت. ئارتۆ له‌گه‌ڵ سوریالیسته‌کان هاوڕا ده‌بێ و دژی هەموو هونەرێکی تقلیدی، هەروەها ئەو ژیانە، یان کۆمەڵگە پیشەسازییە نوێیەی خۆی سەپاندبوو دەبێت، هەروەها دژی هەموو پرنسیپەکانی شارستانییەتی ڕۆژئاوا بوو.

لە پاریس یەکەم هەنگاوە شانۆییە جدییەکانی لەسەر (شانۆی ئەتێلێ)ەوە Theatre de l` Atelier دەست پێ دەکات، کە هونەرمەند (شارلس دولێن) ریژیسۆری یەکەم و بەرپرسیاری هونەری ئەم شانۆیە دەبێت. شانۆی ئەتێلێ بە شێوەیەکی جودا و نزیک لە پرنسیپەکانی شانۆیەکی ئەڤانگارد و تاقیگەئاساوە کاریان کردووە و کاریگەری شانۆی ڕۆژهەڵات و فۆرمەکانی شانۆی چاخەکانی ناوەڕاستییان بەسەرەوە بووە. لەم شانۆیەدا، ئەکتەرەکان فێری ئەوە دەبوون چۆن دەستییان، قاچەکانییان و هەموو جەستەیان بەشێوەیەکی جودا بەکاربهێنن، ئەمەیش سەرەتایەکی بەهێز دەبێت بۆ ئارتۆ، کە هەر لەسەرەتاوە بە شێوەیەکی جیاواز بیری کردۆتەوە.

ئارتۆ سوریالیزم نەبوو، بەڵکو ژیانی خۆی سوریالی بوو؛ چونکە هەموو جۆرە نەخۆشییە دەروونی و پریشکەکانی شێتێتی و بێهۆشبوون، ژیانی پڕ کردبوو لە وێنەیەکی سوریالیزم؛ هەروەها ئەکتەریش نەبوو، چونکە ئەو ڕاستگۆییەی لەگەڵ خودی خۆیدا، لەگەڵ ئەو ڕۆڵەی لە ژیاندا هەیبوو، ناچاری دەکرد هەر خۆی هونەری نواندن بێت. ئارتۆ بە زمانێکی پڕ لە ڕاز و نیاز دەینووسی، نەک هەر ئەوە، بەڵکو زمانێکی تایبەتمەندی خوڵقاندبوو، کە لەوەوبەر هیچ کەسێک بەو زمانەی نه‌نووسیبوو؛ لەبەر ئەوەی ئەو بە زمانێکی مەحاڵ مەحاڵی دەنووسی. ئارتۆ لە خەونەکانیدا دەژیا و وێنای خەونەکانی بەرجەستەی ژیانی و هزری ئەویان دەکرد و لە خەونەکانییەوە شڕۆڤەی ژیانی دەکات و هەر لە خەونەکانیشییەوە وێنە شانۆییەکان دروست دەکات. (بۆ ئەوەی بە وشە وێنەی ئەو هاوارە بکێشم، کە خەونم پێوە دیووە، بە کۆمەڵێک وشەی زیندوو ئەو وێنەیە دەکێشم، بە وشەگەلێکی لە بار و گونجاو، لە دەمەوە بۆ دەم، لە هەناسەوە بۆ هەناسە، نەک بۆ گوێیەکان، بەڵکو دەبێت بۆ نێو سینگی بینەران بیگوێزمەوە.) سەبارەت بە بەهای خەونیش دەڵێت: (خەون هۆشمەندییەکی قووڵ لە بێئاگایماندا دەستەبەر دەکات و لەوکاتەی چارەنووسێکی ڕووت بەبێ ویستی خۆمان دەمانبات بە ڕێووە، فێری ڕووداوەکانی بەئاگایمان دەکات.) هەر لەم ڕوانگەیەوە ئارتۆ باسی ئەوە دەکات، کە چۆن خەونەکانمان کارمان تێدەکەن، بەهەمان شێوەیش واقیعیش کاریگەری بەسەر خەونەکانمانەوە هەیە. بینەریش بڕوای بە خەونی شانۆ هەیە، بە مەرجێک وەک خەون بەکاربهێنرێت، نەک گوێزانەوە و گێڕانەوەی واقیع. ئەگەر مرۆڤ بڕوای بە خەونی واقیع هەبێت، هیچ شتێکیش ڕێگای لێ ناگرێت بڕوای بە خەونی شانۆ نەبێت. ئارتۆ هەر لەم بارەیەوە دەڵێت: (ڕووداوەکانی نێو خەون، کە بەهۆی ئاگایی قووڵمەوە بەڕێوە دەچن، مانای ڕووداوەکانی ژیانی ئاگاییم فێر دەکەن، کە چارەنووسی ڕووت منی تێدا بەڕێوە دەبات. کەواتە شانۆ وەکوو ئاگاییەکی مەزنە، بەڵام ئەوە منم لەوێدا چارەنووس دەبەم بە ڕێوە.)

ئارتۆ لە ساڵی ١٩٢٦دا لەگەڵ ڕۆگەر فیتراک و ڕۆبێرت ئاڕۆن (شانۆی ئەلفرێد گاری) دادەمەزرێنێت و چەند نەمایشێکیش بۆ ئەم شانۆیەی خۆی، بۆ نموونە (خەونەنمایش)ی ستریندبێرگ  پێشکەش دەکات، هاوکات دیدی خۆی بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی هونەری شانۆ دەخاتە ڕوو. شتێکی بەڵگەنەویستە، کە ئارتۆ شانۆکەی خۆی بە شانۆی (ئەلفرێد گاری) ناوزەد بکات. ئەلفرێد گاری ١٨٧٣-١٩٠٧ وەک ئارتۆ گەرەکی بووە شانۆ لە سینۆگرافیا، هونەری ریژی و تەنانەت لە ئەکتەریش پاک بکاتەوە. ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتیانەی ئەلفرێد گاری لە خودی نووسەرەوە دەست پێ دەکات، لەم ڕووەیشەوە، ئەوەی دووپات کردۆتەوە، کە (ئەو کەسەی بۆ شانۆ دەنووسێت، دەبێت هۆشیارییەکی تەواو و گشتگری سەبارەت بە زاراوە و چەمکەکانی هونەری شانۆ هەبێت و درک بەوە بکات، کە بۆ شانۆ دەنووسێت.)

زۆربەی ڕەخنەگر و تیۆریستەکانی بواری شانۆ و ئەدەبی جیهانی، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە گاری دامەزرێنەری شانۆی پێشڕەوە. ئەو شانۆیەی لە پەنجاکانی هەزارەی ڕابردوودا، بە ناوی شانۆی پوچگەراییەوە، لەسەر دەستی بێکێت و یونێسکۆدا سەری هەڵداوە، بەردەوامییەکی ڕاستەوخۆی شانۆنامەکانی (ئوپوی پادشا)ی ئەلفرێد گارییە. هەروەها قۆناخی دووەمیش، کە لە چلەکاندا زیاتر لە فۆرمێکی فەلسەفیدا لەلای سارتەر و کامۆ دەرکەوت، بە بەردەوامییەکی تری بیر و ئێستاتیکای ئەلفرێد گاری دادەنرێت. گاری لە تەکنیکەکانی قەرەقۆز، شانۆی بووکەڵە، بنەما دێرینەکانی شانۆی ئێلیزابێسی و تەکنیکەکانی شانۆی میللییەوە کاردەکات و دەقەکانی ئوپوی پادشایش لە بنەماکانی ئەو فۆرم و تەکنیکانەوە پێشکەش دەکات. ئارتۆ بە شێوەیەکی تەواو فەلسەفەی ئەلفرێد گاری دەخوێنێتەوە، لە تەکنیک و چەمکە کردەییەکانی دەگات، لۆژیکە بەهێزەکەی ئوپو شیدەکاتەوە و دەیکاتە کۆمەڵێک زاراوەی کردەیی بۆ شانۆ توندوتیژەکەی خۆی و شانۆکەیشی بە (شانۆی ئەلفرێد گاری) ناوزەد دەکات. ئارتۆ سەبارەت بە نەمایشکردنی (خەونەنمایش)ی ئاوگوست ستریندبێرگ ١٨٤٩-١٩١٢ دەڵێت: (شانۆی ئەلفرێد گاری قەرزاریی ئەوەیە، کە ئەم جۆرە دەقانە بخاتە سەر شانۆ، بنەما و پرنسیپەکانی ئەم شانۆیەیش ئاشکرایە. شانۆی ئەلفرێد گاری دەیەوێت ماناکان بۆ شانۆ بگەڕێنێتەوە، نەک ژیان، هەروەها جۆرێک لە ڕاستییەکان، کە کەوتۆتە قووڵترین بەشەکانی هەستەوە. لەنێوان ژیانە واقیعییەکە و ژیانی خەونەکانماندا جۆرە گەمەیەکی پڕ لە رۆح دەردەکەوێت، کە دەکرێت وابەستەی کردارەکان بکرێت و بە شێوەیەکی زۆر بە دیقەت ئەو واقیعە شانۆییەی شانۆی گاری دەیەوێت سەرلەنوێ بیدۆزێتەوە، بخوڵقێنێت.) شانۆی ئەلفرێد گاری وەکوو پەرچە کردارێک دژی شانۆکانی ئەو دەمە دامەزراوە، بۆ ئەوەی ئەو سەربەستییە ڕەهایەی لە مۆسیقا، شیعر و وێنەکێشاندا هەیە ببەخشێت بە شانۆ، کە تا ئێستا شانۆی بە شێوەیەکی سه‌رنجڕاکێش لێ بێبەش کراوە.

ئەو نەمایشانەی ئارتۆ لەم شانۆیەدا پێشکەشیان دەکات بریتی بوون لە: (دایکە شێت و وێتەکە) لە نووسینی ئارتۆ، ئەم دەقە ون بووە و نەدۆزراوەتەوە، (ڕاز و نیازی خۆشەویستی) لە نووسینی رۆگەر فیتراک، (دایکێک بە کۆشێک منداڵەوە) لە نووسینی ڕۆبێرت ئاڕۆن، (سکی سووتاو) لە نووسینی ڕۆجیە فیتراک، (خەونەنمایش) لە نووسینی ستریندبێرگ، ئەم نەمایشە بە سپۆنسۆری بالێوزخانەی سوێد لە پاریس پێشکەش دەکرێت، بەڵام هەرایەکی گەورە دەنێتەوە و سوریالیزمەکانیش مانێفێستێک دژی نەمایشەکە دەردەکەن و هەوڵ دەدەن ئاژاوە بنێنەوە و یەکەم ڕۆژی نەمایشەکە تێک بدەن. دواتر شانۆنامەی (منداڵەکان دەسەڵات دەگرنە دەست) لە نووسینی ڕۆجیە فیتراک نەمایش دەکات. ئارتۆ بۆ ئەم نەمایشانە لە ڕوانگەی شیعرە پڕ لە هێما و سوریالیزمەکانییەوە سیناریۆی بۆ داناون، یان بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو شانۆییانەی نەمایش کردووە، کە ڕۆجیە فیتراک ئەینووسین، لەبەر ئەوەی فیتراک وەک هاوڕێ و قوتابییەک لە هەموو کەس زیاتر دەیتوانی دید و دیما پراکتیکی و تیۆرەکانی ئارتۆ دەستەبەر بکات، چونکە ئارتۆ ڕای وابووە، کە: (هەموو نووسەرە شانۆییە گەورەکان لە دەرەوەی شانۆدا بیرییان کردۆتەوە.) تێکڕای ئەم کارانەی ئارتۆ لەسەر شانۆی ئەلفرێد گاری پێشوازییەکی باشیان لەلایەن ڕەخنەگرەکانەوە لێ دەکرێت و ئەو گوتارە ڕەخنەییانەی لەسەر ئەم نەمایشانە نووسراون، پۆزەتیڤن.

ئارتۆ ئاماژەیش بۆ ئەوە دەکاتەوە، کە سەرلەنوێ خوڵقاندنەوەی شانۆ، بۆ ئەو، دارشتنەوەی ژیانە؛ شانۆ دەبێت وەک ئاهەنگێکی ئەفسوونی وابێت و داوای لێ بکرێت، کە لەسەر بنەماکانی پەیوەندی و چارەسەرکردن بە توندوتیژی و نوێ کردنەوەی ژیانەوە بوونیاد بنرێتەوە. (شانۆ پەیوەستە بە هەستێکی دابڕێنراوەوە، بە بزاوتێکی ڕاستەقینەی هزرەوە، کە کۆپیکراوی بزاوتی ژیان خۆیەتی، بە واتای ژیان بە شێوە میتافیزیکییەکەی، لەبەر ئەوەی ئامێز بۆ چڕبوونەوە، کێش، قوورسایی و مادە دەکاتەوە. کەواتە بەهۆی دەرئەنجامی ڕاستەوخۆوە، ڕێگا بۆ کرداری خراپ و بۆ هەموو ئەو شتانەی هاوپێچ و پەیوەستن بە بەدی و بە پانتایی، بە بەربڵاوی و بە مادەوە خۆش دەکات؛ هەموو ئەمانە لە کۆتایدا لەو ئاگاییەدا، کە لەنێو ژان و ئازارێکی گەورەدا دەبینرێتەوە دەردەکەون. ژیان ناتوانێت ئەو توندوتیژییە نەبینراوەی، کە هەموو ئەو ئەگەرانە لەگەڵ خۆیان دێنن، لە بەردەوامی خۆی بکەوێت. بەڵام ئەو توندوتیژییەی، ئەو ژیانەی سنوور دەبەزێنێت و لەنێو ئەشکەنجە و ژێرپێنانی هەموو شتەکاندا پیادە دەکرێت، ئەو هەستە حەتمییەیە، هەموو ئەمانەن، کە پێیان دەگوترێت توندوتیژی.)

ئەنتۆنان ئارتۆ لە نەمایشەکانیدا بۆ بەرجەستەکردنی ئەو جیهانە شانۆییە ئەفسوونییە توندوتیژەی لە نووسینە تیۆرییەکانیدا باسی دەکردن ناگاتە هیچ بەرئەنجامێکی ئەوتۆ. بۆیە ئەمجارە بە یارمەتی نووسینەکانی شیللی شاعیر و ستندالی ڕۆماننووس شانۆنامەیەک بە ناونیشانی (بنەماڵەی تشنشی)ەوە ئامادە دەکات و لە هۆڵێکی هەژاری دوور لە هەموو مەرجەکانی هۆڵ و شانۆوە نەمایش دەکات. ئەم نەمایشە بەسەرهاتی (کۆنت تشنشی خستۆتە ڕوو، کە لە سەدەی شانزەهەمدا لە ئیتالیا ژیاوە.) ئارتۆ لەم نەمایشەدا زەبر و زەنگی تشنشی و ئەو خۆشەویستییە سێکسیە حەرامەی بۆ بیاتریسی کچی هەیبووە، بەرجەستە کردووە. ئارتۆ بەم نەمایشە هەموو دەمامک و بەربەستە دەروونی و ساختەکانی کۆمەڵگەی ئەوروپی هەڵماڵیوە و هێرشێکی توندی کردۆتە سەر بنەما موراڵییەکانی شارستانییەتی ئەوروپا، کە دووڕوویی و ئابڕوویەکی پڕ لە درۆ و دەلەسە و دروستکراوی لە پشتەوە حەشارداوە. تشنشی بۆ ئارتۆ درامایەکی پڕ لە مەترسی و توندوتیژی و هەروەها جۆرێک لە ڕاز و نیاز بووە، کە مرۆڤەکان (کارەکتەرەکان) هەر وەک تراجیدیای گرێکی بەرجەستەی هێزێکی وێرانکار دەکەن، کە لەوەوبەر چارەنووسەکەی دیاری کراوە.

(بنەماڵەی تشنشی) بۆ یەکەمجار لە شەشی مانگی پێنجی ساڵی ١٩٣٥دا پێشکەش کراوە، بەڵام ئەم هەوڵە شانۆییەی وەک هەموو هەوڵە شانۆییە کردەییەکانی تری، هەر لە سەرەتاوە تووشی شکست دەبێت و سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست ناهێنێت. ئەمە جگە لەوەی دەکەوێتە ژێر ڕەخنەیەکی توندوتیژی ڕەخنەگر و ناوەندە شانۆییەکەی ئەو دەمەی پاریسیشەوە. ئەم نووشوستیانەیش هێندەی تر ئارتۆ گۆشەگیر و شێتگیر دەکات و باری دەروونی بەرەو هەڵدێر دەچێت، لەبەر ئەوە پاریس بەجێ دەهێڵێت و لە ساڵی ١٩٣٦ەوە دەچێت بۆ مەکسیک و ماوەیەک لە ناو هیندە سوورەکان و هۆزە بەراییەکانی ئەم وڵاتەدا، لە دەرەوەی پرنسیپە شارستانییەکان و ژیانێکی مەدەنیئاسایدا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ریتواڵەکانیان و گەڕان بە دوای کولتوورێکی بەرایی و ئەفسوونیدا، دەژی. هەروەها لە زانکۆی مەکسیکۆ سیتی چەند سیمینارێک سەبارەت، بۆ نموونە بە (شانۆ و خواوەندەکان) و (شانۆکانی دوای جەنگ لە پاریس) پێشکەش دەکات. ئارتۆ باسی ئەوەی کردووە، کە مەکسیکییەکان بە پێچەوانەی ڕۆژئاواییەکانەوە هێزە نادیارەکان لە هەموو شتەکاندا دەبینن، ئەو شتانەی ناکرێت بە ڕامانی خودی شتەکان بهێنرێتە بەرهەم، بەڵکو لە ئەنجامی بەراوردکارییەکی ئەفسوونیدا ڕوودەدات. هەروەها لە گوتارێکیشیدا بە ناونیشانی (داگیرکردنی مەکسیک)دا دەڵێت: (ئەم وێنانە، ئەم جووڵانە، ئەم سەمایە، ئەم ریتواڵانە، ئەم مۆسیقایە، ئەم ئامڕازە پچڕاوانە و ئەم دیالۆگەی لەپڕ دەوەستێت… هەموو ئەمانە بەوپەڕی چاودێرییەوە تۆمار دەکرێن، بە پێی توانایش بە وشە پێناسە دەکرێن. بەتایبەتی لەو بەشانەی نەمایشەکەدا، کە دیالۆگی تیا نییە، لەبەر ئەوەی پرنسیپەکانی ئێمەیش لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە بگەینە تۆمارکردنی ئەو شتانەی بە وشەکان پێناسە ناکرێن و ژمارەئامێزکردنی، هەروەک پارچە مۆسیقایەک.)

ئارتۆ دوای مەکسیک بەرەو ئێرلەندە دەکەوێتە ڕێ، بەڵام بەرلەوەی پاریس بەجێ بهێڵێت، لە ساڵی ١٩٢٨دا سیمینارێکی گرینگ لە زانکۆی سۆربۆن سەبارەت بە (هونەر و مەرگ) پێشکەش دەکات. ئارتۆ، کە دەشگەڕێتەوە لە ئەنجامی نەخۆشییە دەروونییەکانیدا بەرەو شێتبوون دەچێت و بەم هۆیەیشەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ لە نەخۆشخانە دەروونی و عەقلییەکاندا، بێبەزەییانە، توندی دەکەن و دەیخەنە ژێر ئەشکەنجەدانێکی سیستەماتیکییەوە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە کە ئارتۆ هەمیشە لە شانۆدا و بۆ شانۆ ژیاوە: لە کاتێکدا، کە شیعری دەنووسی، شانۆ سەرچاوەکانی دەبێت، کە دەشچێت بۆ مەکسیک بۆ گەڕان بە دوای ئەو ڕۆشنبیرییەی تا ئەوکاتە شارستانییەت نەیشێواندبوو، هەر وەک کەسێکی شانۆکار ڕەفتار دەکات. هەموو نووسینەکانیشی، شیعر، نامە، مانێفێست و گوتارە شانۆییەکانی، دەبنە چاوگە گرینگەکانی شانۆ و (وشە)یش دەبێتە دیالۆگێکی ناوەکی و تایبەت بە ئارتۆ.

شانۆ لەلای ئارتۆ ڕاکردن لە واقیع یان پەنایەک نییە، بەڵکو ئامڕازێکە دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی کاریگەری بەسەر مرۆڤ و دونیاوە هەبێت، ئەم کاریگەرییەیش تەنها نووسەر و ئەکتەر ناگرێتەوە، بەڵکو بە پلەی یەکەم ئەو بینەرانەی دێنە هۆڵی شانۆکانەوە دەگرێتەوە، چونکە شانۆ دەتوانێت چارەنووسی مرۆڤ دیاری بکات و گۆڕانکاری لە ژیانییاندا بکات. ئارتۆ دەڵێت مۆسیقا بە هزرە رۆحییەکانی کار ناکاتە سەر مار، بەڵکو لەبەر ئەوەیە کە مار ئاژەڵێکی خشۆکی و درێژە، لەبەر ئەوەی بە درێژی لەسەر زەوی لول دەبێت، لەبەر ئەوەی هەموو جەستەی بەر زەوی دەکەوێت، شەپۆلەکانی مۆسیقایش، کە دەگاتە سەر زەوی، وەک شێلانێکی ورد و نەرم و زۆر درێژ دەگاتە جەستەی مارەکەیش. (من پێشنیازی ئەوە دەکەم بینەران بەو مارە بەراورد بکەین، کە ئەفسوونی لێ دەکەین و لە ڕێگای جەستەوە بیانگەڕێنینەوە بۆ هزرە چڕ و بە دیقەتەکان. سەرەتا بە ئامڕازە زبرەکان و لەگەڵ ڕۆژگاردا زیاتر و زیاتر نەرم و بە دیقەت دەبن، ئەم ئامڕازە زبرانەیش لە سەرەتاوە ڕامان و تێبینیکردنێکی ڕاستەوخۆی بینەرانی دەوێت. لەبەر ئەوە، بینەران لە شانۆی توندوتیژیدا لە ناوەڕستدا دادەنیشن، لە کاتیکدا نەمایشەکە چواردەوری دەدات. گرینگیدانیش لەم نەمایشەدا گرینگی پێدانێکی بەردەوامە؛ سەرەتا بە دوای دەنگەکاندا لە پێناوی شەپۆلەکانیدا دەگەڕێن و دواتریش لە پێناوی وێناکردنیدا.)

ئارتۆ دەیەوێت لە ڕێگای دەنگ و مۆسیقاوە کاریگەرییەکی قووڵ و ڕاستەوخۆ لە هەست و نەستی بینەرەکانیدا دروست بکات، ئەم کاریگەرییەیش بە ئامێرە نوێیەکان دروست نابێت، لەبەر ئەوە پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی ئامێرە دێرینە لە بیرکراوەکان یان خوڵقاندنی ئامێری تازە و تایبەت. ئەمە جگە لەوەی ئارتۆ ئامێرە مۆسیقییەکانیش وەک بەشێک لە سینۆگرافیا بۆ نەمایشەکانی بەکاردەهێنێت. لەم ڕووەوە گوتویەتی، کە: (پێویستە ئامێرە مۆسیقییەکان هێندەی بارستە و جەستەی مرۆڤەکان گەورەبن.) شانۆ لەلای ئارتۆ شانۆیەکی میتافیزیکییە و دوو ڕۆڵی گرینگی هەیە: چارەسەرکردن و سەرلەنوێ بوونیادنانەوە، ئەم دوو چەمکەیش پەیوەندییەکی پتەو و میکانیزمییان بەیەکەوە هەیە. ئەو دیدەی، کە دەڵێت شانۆ بریتییە لە ئاماژە و هێما میتافیزیکییەکان، هێندەی دیدی توندوتیژی بۆ ئارتۆ گرینگە، لە چەمکەکانی میتافیزیکەوە تێڕوانینە توندوتیژەکەی ئارتۆ گوزارشتی خۆی وەردەگرێت.

ئارتۆ لە یەکێک لە نامەکانیدا دەڵێت: (ئەگەر شانۆ هاوشانی ژیان بێت، ئەوا ژیان هاوشانێکی شانۆ ڕاستەقینەکەیە) ئەو ژیانەی، کە میتافیزیک، تاعوون و توندوتیژی لەخۆ دەگرێت. مرۆڤ ناتوانێت لەو تاعوونە ڕزگاری بێت، بەڵام دەکرێت بەو تاعوونە بسووتێت و بەرەو پاکژبوونەوە و چارەسەرکردن بچێت. ئەگەر شانۆ لە ڕووی گەوهەرەوە لە تاعوون بچێت، لەبەر ئەوە نییە بڵاو دەبێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی وەک تاعوون پەردە لەسەر نهێنییەکان هەڵدەماڵێت و ئەو گەوهەرە توندوتیژەی لە ناوەوەماندایە، کە هەموو هزرە گەندەڵەکانی کەسی تاک و میللەتێکی گرتۆتەوە، دەهاوێژێتە دەرەوە. شانۆ وەک تاعوون وایە، قەیرانێک دروست دەکات، بە چاک بوونەوە یان بە مردن کۆتایی دێت، تاعوون تەنگەژەیەکی وا دروست دەکات، نەخۆشییەکی وا بڵاو دەکاتەوە، کە لە دوای خۆیەوە لە مردن زیاتر هیچ شتێکی تر نامێنێتەوە؛ یان پاکژبوونەوەیەکی تەواو یاخود مردن. شانۆ وێنەیەک نییە لە واقیع، بەڵکو لە واقیع واقیعیترە و ئەوەمان پێشان دەدات، کە چۆن ژیان شانۆیەکی توندوتیژە. شانۆی توندوتیژ بەم دیدە بارگاوی دەکەین: بینەران بە هەستییان بیربکەنەوە، ناکرێت سەرەتا لەگەڵ هزریدا بدوێن، وەک لە شانۆی ڕیالیزمی دەروونی ئاسایدا هەیە. لەبەر ئەوە ئەم شانۆیە کار لەسەر ئەوە دەکات، کە ڕووبکاتە بینەرێکی گەورە و بەربڵاو و گەڕان بە دوای جوڵانی بینەراندا لە ڕێگای ئەو شیعرەوە، کە لە هەندێک جەژن و بۆنە گەورەکاندا هەن، کە خەڵکی دەڕژێنێتە سەر شەقامەکان.

ئارتۆ وا لە هەموو پەیوەندییەکانی مرۆڤ تێگەیشتووە، کە دیالۆگ و ململانێیەکی بەردەوامن. ئەگەر سەرنجی بابەتەکانی کتێبی (شانۆ و هەمبەرەکەی)یش بدەین، جۆرە پێکداچوون و تێکەڵاوکردنی شتە جودا و دژبەیەکەکانە: شانۆ و ڕۆشنبیری، شانۆ و تاعوون، شانۆ و توندوتیژی، شانۆ و کیمیا، شانۆی ڕۆژهەڵات و شانۆی ڕۆژئاوا، دەرهێنان و میتافیزیک … هتد ئەم پێگەیشتن و بەریەککەوتنەیش چەندین فۆرم و شێواز لەخۆ دەگرێت یان چەمکەکانی شێواز و بنەما دیاریکراوەکان، لەم بەریەککەوتنەدا، فۆرمی تر لەخۆ دەگرن و دەبنە جۆرە ململانێ و کێشەی شتە دژبەیەک و جیاوازەکان. بۆ نموونە لەنێوان شانۆ و کیمیادا یەکەیەکی گەوهەری پڕ لە نهێنی هەیە؛ ئەگەر بە قووڵی له‌ شانۆ بڕوانین، دەبینین هەروەک کیمیا بەچەند بنەمایەکی هاوبەشی نێوان هونەرەکانەوە پەیوەستە، بنەمایەک، کە لە بوارەکانی رۆح و ئەندێشەدا لە پێکداچوونێکی پڕ لە بزۆز و زیندوودایە، هەر وەک چۆن ئاڵتون لە بوارە سرووشتییەکەدا دروست دەکرێت. ئارتۆ هەمیشە، بۆ دۆزینەوەی چەمکە جیاوازەکانیش گفتوگۆ و دیالۆگ لەنێوان ئەم تووخمانەدا دەکات و لە هەموو بار و ڕەوشەکانیشدا دروستبوونی ئەم جۆرە دیالۆگانە دیدە شانۆییەکان بەرەوپێش دەبەن، لەبەر ئەوەی لایەنە دژبەیەکاکان لەم دۆخەدا دەبنە تەواوکەری یەکتری و شانۆیش دەبێتە پرۆسە و تووخمێکی هاوبەش.

یەکێک لە خاڵە گرینگەکانی ئەم کتێبە و تێزە ئێستاتیکی و دید و تێڕوانینە فەلسەفییەکانی ئارتۆ، ڕووخانی شانۆ و سەرلەنوێ بوونیادنانەوەی شانۆیە: رووخانی شانۆ سیکۆلۆژییە تەقلیدییەکەی ڕۆژئاوا و بوونیادنانەوەی لە ڕوانگەیەکی سەرەتایی و لە بنەماکانی ریتواڵێکی ئەفسوونییەوە.

ئەنتۆنان ئارتۆ دژی شانۆی ئەوروپییە، دژی لێکۆڵینەوەی سایکۆلۆژی و ڕووداوە، دژی ڕێپۆرتوارە، دژی شانۆی ڕیالیزمە، دژی وشەیە. هەر لەم ڕوانگەیەوە وشە بە یەکێک لە کارەساتە ڕاستەقینەکەی سەر شانۆ دەزانێت و دەبێتە کێشەیەکی بەردەوام لەنێوان هونەرمەند و ئامڕازەکانیدا، هەر لەبەر ئەوەیشە، کە پێویستە شێوازەکانی ئەم کێشەیە بدۆزینەوە و سەیری قۆناخەکانی بەرەوپێشەوەچوونی بکەین. ئارتۆ ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە مەسەلەکە لابردنی وشەی گوتراو نییە، بەڵکو گرینگیدانە بە وشە، بەو شێوەیەی لە خەونەکانماندایە، بە بەکارهێنانێکی تری وزەی وشەیە لە پانتایدا و بەرجەستەکردنیەتی لە شیعری شانۆدا. (دیالۆگ شتێکی نووسراو و گوتراوە، بە شێوەیەکی تایبەتی سەر بە شانۆ نییە، پەیوەستە بە کتێبەوە، بەڵگەیشمان ئەوەیە، کە لە دەستنووسەکانی مێژووی ئەدەبدا ئەو جێگایەی بۆ شانۆ تەرخان دەکرێت، وەکوو لقێکی لاوەکی لە مێژووی زمانی ئاخاوتن تەماشا دەکرێت.)

ئارتۆ هەمیشە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە دەبێت بگەڕێن بە دوای ئامڕازی نوێدا بۆ نووسینی ئەم زمانە، هەروەها ئەم ئامڕازانە لەگەڵ پانتایی شانۆ و مۆسیقادا خۆی بگونجێنێت یان جۆرێک لە زمانێکی ژمارە بۆ دانان بەکاربهێنرێت: ژمارە بۆ دانانیش، وەک مۆسیقا، لە ڕێگای ژمارەوە سیستێمێک بۆ پیت و دەستەواژەکان دادەنرێت. ئاتۆ زۆر جار لەنامەکانیدا بەچڕی باسی پەیوەندییەکانی زمان و ڕۆڵی وشە لەسەر شانۆی ڕۆژئاوا و شانۆی ڕۆژهەڵاتدا دەکات و دیدی خۆیشی بۆ بەکارهێنان و داهێنانێکی تر و جیاوازی شیعرییەتی وشە لە شانۆیەکی میتافیزیکدا دەخاتە ڕوو: (بەهۆی ئەو جووڵە و هەڵوێستانەی بەهایەکی هێمائامێز لەخۆ دەگرن، وەک ئەوەی لە هەندێک لە پانتۆمیمە نەشێوێنراوەکاندا دەبینرێت، کە دەڵێم پانتۆمیمی نەشێوێنراو، مەبەست پانتۆمیمی ڕاستەوخۆیە، کە جووڵەکان لە جیاتی ئەوەی ڕستەکان نەمایش بکەن، وەک چۆن پانتۆمیمی ئەوروپی ئێمە، کە تەمەنی تەنیا پەنجا ساڵێک دەبێت و تەنیا شێواندنی هەندێک لایەنی بێدەنگی کۆمیدیای ئیتاڵییە، ئەو کارە دەکات، دەبێت بیرۆکەکان، هەڵوێستەکانی هزر، ڕوخسارەکانی سرووشت بە شێوەیەکی ڕاستی و کۆنکرێتی نەمایش بکەن، واتا بەردەوام ئاماژە بۆ شتەکان بکەن و بۆ وردەکارییە سرووشتییەکان، وەک ئەو زمانە ڕۆژهەڵاتییەی، کە بەهۆی درەختێکەوە، کە باڵندەیەکی لەسەر هەڵنیشتووە و چاوێکی داخستووە و خەریکە چاوەکەی دیکەیشی دادەخات، نەمایشی شەو بکەن. هەروەها دەتوانرێت لە ڕێی چەندین سمبۆلی جۆراوجۆری “تەوراتە”ەوە بیرۆکەیەکی ئەبستراکت یان هەڵوێستێکی هزری نەمایش بکرێت، بۆ نموونە: (حوشتر بە کونی دەرزیدا ناچێت.) سەرلەنوێ ڕۆنانەوەی شانۆیش بۆ ئەو، ڕۆنانەوەی ژیانە، بەدەستهێنانی زمانێکی تایبەتمەندی شانۆیەکی ترە، کە جەستە، دەنگ و مۆسیقا باڵا دەستن، شانۆکەی ئارتۆ ئاهەنگێکی سیحرییە و نوێکردنەوەی بوونە لە ڕێگای شانۆوە.

ئارتۆ لە مانێفێستی شانۆی توندوتیژدا دەڵێت: (جگە لە زمانی دەنگ، زمانی بینین، زمانی جووڵە و وەستان دێتە ناوەوە، بەڵام بە مەرجێک ماناکانی و فۆرمەکەی درێژ ببنەوە و بە شێوەیەک کۆبکرێنەوە، کە ببنە ئاماژە. بەمانای ئەم ئاماژانە بکەینە جۆرێک لە پیتی ئەلف و بێ. هەر لەبەر ئەوەی شانۆ پەی بەم زمان و پانتاییە بردووە، زمانی دەنگەکان، هاوار، ڕووناکی و ئەو وشانەی لاسایی دەنگ دەکەنەوە، لەبەر ئەوە دەبێت ڕێک بخرێنەوە، بە شێوەیەک کارەکتەر و شتەکان بکاتە سمبۆلی ڕاستەقیینە و لەسەر هەموو ئاستەکان بەکاربهێنرێت.) ئارتۆ بەبۆنەی دامەزراندنی (شانۆی ئەلفرێد گارییەوە) دەڵێت: “ئێمە شانۆی ئەلفرێد گاریمان دامەزراندووە تا شانۆ سەربەستییە تەواو و سەراپاگیرییەکەی خۆی بەدەست بهێنێتەوە، ئەو سەربەستییەی لە مۆسیقا، شیعر و هونەری وێنەکێشاندا هەیە، ئەو سەربەستییەی، کە تاکو ئێستا و بەشێوەیەکی سەیر و بێ مانا شانۆی لێی بێبەش کراوە.” ئەم هونەرمەندە تێڕوانینێکی دینامیکی بۆ شانۆ هەبووە؛ گەڕانەوەی چەمکی شانۆ و گەڕانەوەی ئەو هێز و وزەیەی، کە لەدەستی داوە، ئەویش لە دیدی ئەوەوە، تەنها بە ڕووخانی شانۆ و ڕۆنانی شانۆیەکی تر بەدی دێت. بۆ نموونە ئارتۆ هەر لەسەرەتاوە بیرۆکەی تەختەی شانۆ و هۆڵی بینەران بە تەواوی وەلاوە دەنێت و لەبری ئەوە دەیەوێت پانتاییەکانی شانۆ و جێگای دانیشتنی بینەران، بەبێ هیچ جۆرە بەربەستێک، بکات بەیەک شوێن، بەم شێوەیەیش دەبێتە شانۆی ڕووداوەکان و پەیوەندییە ڕاستەوخۆکەی نێوان بینەر و نەمایش، ئەکتەر و بینەران دەگەڕێنێتەوە. لە ڕووی بەرزایشەوە، هۆڵەکە بە ڕارەو چواردەور دەدرێت، هەر وەک تابلۆی هونەرمەندە بەراییەکان، بەشێوەیەک ئەم ڕارەوانە لە کاتێکدا ڕووداوەکان بخوازێت ئەکتەر بتوانیت لە خاڵێکەوە بە ئاسانی بچێت بۆ خاڵێکی تر. وەک لەوەوبەریش گوتمان، هەموو جووڵەی ئەکتەرەکان لە سەرەتاوە تا کۆتایی ژمارەئامێز دەکرێت، واتا بە ژمارە دیاری دەکرێن، هەر وەک زمان، بەم شێوەیەیش هیچ جووڵانەوەیەک ون نابێت و هەموو هەڵسوکەوت وجووڵە و وێنە شانۆییەکانیش پابەندی ریتمی خۆی دەبێت.

ئەنتۆنان ئارتۆ لەم کتێبەدا (شانۆ و هەمبەرەکەی) بە چەندان شێوە ڕاڤەی ڕەهەندەکانی چەمکی (توندوتیژی) دەکات و لەسەر چەندان ئاست دەیبەستێتەوە بە هێزی شانۆکەیەوە، لەگەڵ ئەوەیشدا خوێندنەوەی هەڵەی بۆ کراوە و هەمیشە بەستراوەتەوە بە بەرجەستەکردنی سادییەت و توندوتیژیەکی ڕاستەقینە لەسەر شانۆ. (دەکرێت پێناسەی توندوتیژییەکی تەواو، بەبێ پارچە پارچەبوونی گۆشت بکرێت، دوای ئەوە توندوتیژی، بەمانا فەلسەفییەکەی ئەم وشەیە چییە؟ لە تێڕوانینی هزرەوە، توندوتیژی مانای هێز دەگەیەنێت، پراکتیزەکردن و بڕیارێکی بێ پاشگەزبوونەوە، پێداگرییەکی ڕەها بە هەمان ئاڕاستە. هەموو فەلسەفەیەکیش وێنەیەکە لە وێنەکانی توندوتیژی، ئەمەیش لە دیدگای بوونمانەوە.) توندوتیژی مانا ڕووتەکەی، تەنها لە سادیزم و خوێن و ئەشکەنجەداندا نابینێتەوە، بەڵکو بۆ ئارتۆ توندوتیژی مانای خودگەراییەکی قووڵ دەگەیەنێت، مانای تێگەیشتنێکی ترە لە ژیان و لە ئەزموونی مرۆڤایەتی و پەیوەندی بە ڕووخانێکی بێبەزەییانەی واقیعی ژیانەوە هەیە.

چەمکەکانی توندوتیژی گوزارشت لەو کێشە کەونییە هەتاهەتاییەی نێوان مرۆڤ و جیهان و سرووشتە، کە بەرجەستەیەکی ئەو کێشە بەراییە بەردەوامەیە، مرۆڤ و جیهان تێک دەشکێنێت. هۆشیاری، ڕەنگە خوێناوییەکان دەبەخشێت بە هەموو کردە زیندووەکان، بە تایبەتی، کە بەوە قایل بووین ژیان هەمیشە مانای مردنی کەسێک دەگەیەنێت. ئەمەیش نە ئەرکی لاساییکردنه‌وه‌ی واقیعە و نە شیکردنەوەی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، بەڵکو پاشماوەی ڕووداوە بەهێز و ئەفسوونییەکانی خەونێکی ترسناکە، ئەو خەونەی ئارتۆ بەردەوام باسی دەکات و دەیبەستێتەوە بە تیۆرەکانییەوە.

ئارتۆ لە یەکێک لە نامەکانیدا دەڵێت: “دەکرێت وێنای توندوتیژییەکی چڕ بکەین، کە بەدەربێت لە هەموو جۆرە توندوتیژییەکی پڕ لە خوێن و لەتوپەتکردنی جەستە.” لە نامەیەکی تریدا دەڵێت: “من وشەی توندوتیژی بە مانای خۆشەویستی ژیان بەکار دەهێنم… بە مانای… گێژاوی ژیان، کە وشەکان هەڵ دەلووشێت، بە مانای ئەو ئازارەی، کە بەبێ ئەو ژیان ڕەوتی خۆی وەرناگرێت.” توندوتیژی بۆ ئارتۆ تەقەلایەکی بەهێزە دژی چارەنووسی مرۆڤایەتی و شانۆیش وەکوو ژوورێکی نەشتەرگەری وایە، کە لە ژێر چارەسەری ئەو نەشتەرگەرییەدا ڕووبەرووی ئاستەنگ و ئاستە تاریکەکانی ناوەوەی خۆت دەبیتەوە: (ددانی پێدابنێن یان نا، بە هوشیارییەوە بێت یان لە نەزانینەوە، بینەر هەمیشە لە واقیعدا لە ڕێگای خۆشەویستی، تاوان، مادە هۆشبەرەکان، جەنگ و شۆڕشەکانەوە بە دوای ڕەوشە شاعیرییەکاندا، ئەو ڕەوشانەی پڕن لە ژیان، دەگەڕێت.)

ئارتۆ لە تێروانینێکی فیکری و فەلسەفییەوە چەمکەکانی توندوتیژی دەبەستێتەوە بەو شانۆیەوە، کە خەونی پێوە دەبینی و زیاتر مەبەستی جۆرە دیقەت و سەرنجێکی ورد و بڕوایەکی پتەوی ڕەهایە بەو ئامڕازانەی، کە دونیا و مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەگۆڕێت. هەروەها لەو بەشەیدا، کە تایبەتە بە (ریژی و میتافیزک) دەڵێت: “سەر شانۆ شوێنێکی فیزیکی و کۆنکرێتە، داوایشمان لێ دەکات پڕی بکەینەوە، بەشێوەیەک، کە بە زمانە کۆنکرێتیەکەی خۆی بدوێت. ئەو زمانە کۆنکرێتیەی، کە ئاڕاستەی هەست و سۆزمان دەکات، کە سەربەخۆیە لە بەرامبەر ئاخاوتندا و دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە خواستی هەستەکانمان بهێنێتە دی. چۆن شیعرێک بۆ زمانی ئاخاوتن هەیە، شیعرێکیش بۆ هەستەکانمان.” شانۆی توندوتیژی هەموو شتێک بەوپەڕی دیقەتەوە ئامادە دەکات و هەموو شتێک لەسەر بنەماکانی پلانێکی وردەوە دادەڕێژرێت و بە هیچ شێوەیەک مێتودەکانی ڕاگوزاری بەکارناهێنێت.

لە سەرەتای ساڵانی سییەکاندا، باسی ئارتۆ وەک هونەرمەندێکی گەنج و جوان و بە توانا دەکرا، مرۆڤێک هەڵگری دید و زمانێکی بەرز و کارەکتەرێکی بەهێز. لە ساڵەکانی کۆتایی تەمەنیشیدا، دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە دەروونییەکان دێتە دەرەوە، هەموو ددانەکانی دەکەون، بە هۆی خراپی و کەمی خواردنەوە بە تەواوی لەڕ و لاواز دەبێت و پێش وەخت پیر دەبێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک پشکۆی ئاگرەکەی ناوەوەی ناکوژێتەوە، بە تایبەتی زمانە بەرز و پڕ لە شیعرەکەی، کە لە کتێبی (ڤان گۆگ)دا دەردەکەوێت. هاوڕێکانی ئارتۆ دوای نۆ ساڵ و بەکارهێنانی زیاتر لە پەنجا هێدمەی کارەبایی، دەتوانن لەو شێتخانەیەی تیا بەند کرابوو، ڕزگار بکەن و بیهێننە دەرەوە. کە ئارتۆ لەم “نەخۆشخانەیە” دێتە دەرەوە، بە تەواوی بەهۆی برسێتی و هێدمە کارەبایی و تەنیاییە ڕەهاکەیەوە تێک شکاوە. ئەو ئارتۆ-یەی جاران وەک یەکێک لە گەنجە جوانەکانی پاریس ئاماژەی بۆ دەکرا، بە پشتێکی کۆماوە و دەموچاوێکی چرچەوە، کە زیاتر لە وێنەیەکی کاریکاتێری و پیرەمێردێکی ناشرین چووە، دێتە دەرەوە. لەم کاتەدا، ئارتۆ بە ئازاری ئەو شێرپەنجەیەشەوە دەتلایەوە، کە تا ئەو ساتەیش هەستی پێ نەکرابوو. ئارتۆ دەگوێزنەوە بۆ گوندێکی بچووک لە دەرەوەی پاریس.

ئارتۆ کۆڵ نادات، لە ساڵی ١٩٤٧دا، ساڵێک بەر لە مردنی، لە پاریس سەردانی پێشانگایەکی (ڤان گۆگ) ١٨٥٣-١٨٩٠ دەکات، کە بەشێکی زۆر لە تابلۆکانی تیا پیشان درا بوو، پێشانگاکە سەرنجی زۆر ڕادەکێشێت، بەڵام بۆ ڕۆژی دوایی لە یەکێک لە ڕۆژنامەکاندا گوتارێکی ڕەخنەیی خراپ لەسەر ئەم پێشانگایە دەخوێندێتەوە، ئەمەیش وای لێ دەکات لێکۆڵینەوەیەک لەسەر ڤان گۆگ بنووسێت و لە پایزی هەمان ساڵدا لە کتێبێکدا بەناوی (ڤان گۆگ خۆکوژ بە دەستی کۆمەڵگە) بڵاوی بکاتەوە. ئەم کتێبە دەبێتە جێگای سەرنج و پاداشتی Saint-Beuve وەردەگرێت. بێگومان ئارتۆ ژیانی خۆی وەک هونەرمەندێک، لە ژیانی هونەرمەندێکی وەک ڤان گۆگدا دەبینێتەوە و ئازار و ژانەکانی ڤان گۆگ دەبێتە ئازار و ژانەکانی خۆی؛ تابلۆ و شانۆ پێناسەیەکی هونەری دوو بلیمەت دەخاتە ڕوو، کە کۆمەڵ و داموودەزگا کۆمەڵایەتی، هونەری و سیاسییەکانی شارستانییەتی ئەوروپا تێکی شکاندوون و بە تەواوی پەراوێزی خستوون. ئارتۆ دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە ڤان گۆگ بە دەستی کۆمەڵگە کوژرا و شارستانییەت و دامودەزگاکانی دەوڵەت تاوانباری یەکەمی ئەم تاوانەن، هەرچۆن ئارتۆ خۆی لە شێتخانەکان بەند دەکرێت. نە ڤان گۆگ و نە ئارتۆ شێت بوون، بەڵکو کۆمەڵگە و دامودەزگاکانی دەوڵەت شێتی کردن و بە شێت لە قەڵەمی داون، لەبەر ئەوە ئارتۆ ژیانی خۆی لە ژیانی ڤان گۆگ-دا دبینێتەوە.

ئارتۆ لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٤٧دا، واتە بە ساڵێک بەر لە مردنی، دوا نەمایشی خۆی بۆ بینەران پێشکەش دەکات، لەم نەمایشەدا ئارتۆیەکی ماندوو، پیر، تێکشکاو، نەخۆش، بەڵام بە ئەزموون و ویستێکی بەهێز و جەستەیەکی شانۆیی و پڕ لە جووڵە قسە بۆ بینەرەکانی دەکات: (ئێمە هێشتا لە دایک نەبووین. ئێمە هێشتا نەهاتووینەتە دونیاوە. هێشتا هیچ دونیایەک نییە. هێشتا هیچ شتێک نەخوڵقاوە. هۆکارەکانی بوون و دروستبوون هێشتا نە دۆزراونەتەوە.) نووسەری بەناوبانگی فەرەنسی (ئەندریێ جید) ١٨٦٩-١٩٥١ ئامادەی ئەم نەمایشە دەبێت و کارێکی زۆری تێ دەکات و بە هەستێکی پڕ لە ژان و هەڵچوونەوە لە هۆڵەکە چۆتە دەرەوە.

ئارتۆ بەرەبەیانی ٤/٣/١٩٤٨ لە ژوورەکەی خۆیدا بە مردوویی لە بەردەم تەختی نووستنەکەیدا، لەسەر ئەرزەکە بە دانیشتنەوە، کە تاکێک لە پێڵاوەکانی بە دەستەوەیە، دەدۆزرێتەوە. بەم شێوەیەیش ئەفسانەی ئەنتۆنان ئارتۆ کۆتایی پێ دێت.

ئارتۆ کێ بوو: بلیمەتێک، شاعیر، ئەکتەرێکی شێت، ئوستادێک، کە کەس لێی تێ نەگەیشت… هتد. ئەم پارچە شیعرەی ئارتۆ خۆی لەوانەیە وەڵامێکی ئەو پرسیارە بێت، (ئارتۆ کێ بوو؟)

 

من کێم؟

من لە کوێووە هاتووم؟

من ئەنتۆنان ئارتۆم

من ئەوە دەڵێم

کە دەزانم ئەوە بڵێم:

هەر ئێستا

ئێوە ئەم جەستەیەی ئێستام دەبینن

هەپروون بە هەپروون دەفرێت

لە ژێر دە هەزار ڕوانگەی

زۆر ئاشنادا

خۆی ڕۆ دەنێتەوە

جەستەیەکی نوێ

کە ئێوە هەرگیز

جارێکی تر

منتان لە بیر ناچێتەوە

 

لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا، بنەما تیۆرییەکانی شانۆی توندوتیژ و دید و دیما ڕادیکاڵەکانی ئارتۆ لە بەریتانیا و ئەمەریکا و پۆلۆنیا جێگای خۆیان دەکەنەوە و لە تیۆرییەوە دەبنە پراکتیک و چەمکێکی بەرجەستەکراو. هەروەها پیتەر بروک، لە دایک بووی ساڵی (١٩٢٥) لە زیندووکردنەوە و بەرجەستەکردنی شانۆی توندوتیژ و سەرلەنوێ ناساندنی ئارتۆ بە شانۆی هاوچەرخ و مودێرنی جیهانی ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، بەتایبەتی بە خوێندنەوە هۆشیار و دیدە شانۆییە کردەییەکەی بۆ کتێبی (شانۆ و هەمبەرەکەی) دەرگایەکی بەرین بە ڕووی شانۆی توندوتیژ و ئارتۆدا دەکاتەوە. بروک لە سەرەتای شەستەکاندا، هەوڵی دەستەبەرکردنی شانۆیەکی میتافیزیکی دا و لە بەکارهێنانی تووخمەکانی جەستە و پانتایی شانۆ و شانۆیەکی فیزیکییەوە، لە دیدو خەونەکانی ئارتۆ نزیک دەبێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش لە ساڵی ١٩٦٣دا لەگەڵ چەند ئەکتەرێکی گەنجدا ستۆدیۆیەک بە ناوی شانۆی توندوتیژەوە دەکاتەوە و دواتریش لە کتێبەکانیشیدا (پانتایی بۆش) و (خاڵی وەرچەرخان) باسی دەکات. کە بروک نەمایشی مارا-سادیش لە ساڵی ١٩٦٤دا پێشکەش دەکات، دەبێتە ڕەنگدانەوەیەکی ئاشکرای شانۆی توندوتیژ و لە ژێر ئەو کاریگەرییەدا کار دەکات.


سەرچاوەکان

١- المسرح و قرینە، آنتونان آرتو، ترجمە، الدکتور‌‌ە سامیە أسعد، ١٩٧٣ القاهرە

٢- شانۆی توندوتیژ لەنێوان تیۆر و پراکتیکدا، دانا ڕەئووف، سلیمانی ١٩٨٨

3-Fruktan, medkensla och kritisk distans, Per Arne Tjader. 2000

4-Uppfostran, Underhallning, Uppror, En vesterlendsk teaterhistoria, Per Arne Tjader, 2008

5-Antonin Artaud, liv och verk, en kronologi av Per Verner-Carlsson.

6-Percival, Artaud, Beckett, Blake. Essaer och tolkningar. Carlssons, 1992