پیتەر هانکە، کە خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبی بۆ سالێ ٢٠١٩، دوای قەیرانێکی قووڵی ئەکادیمییای سویدی وەردەگرێت، دەزانێت پەرچەکردارێکی بەهێزی نەرێنی بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بۆیە خێرا دەڵێت: (ئەکادیمیای سویدی لە ستۆکهۆڵم دەنگی بە ئەدەب داوە، نەک سیاسەت.) بێگومان هەر وایش بوو، چ لە سوید و چ لەسەر ئاستی دونیا، ئەم خەڵاتە بۆ پیتەر هانکە بووە جێگای ڕەخنە و پەرچەکردارێکی بەهێز. ئەم ڕەخنە توندەیش لە ئەکادیمیای سویدی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ، کە هانکە لە کاتی شەڕی بەڵکاندا لاینگیری سەرۆکی سربیا سلۆبۆدان میلیسۆڤیچ-ی دەکرد و تەنانەت لە بەندیخانە سەردانی کردووە و لە کاتی بەخاک سپاردنیشیدا گوتاری خوێندۆتەوە. یەکێک لە ڕەخنەکان لەم نووسەرە ئەوەیە، کە ئەو پێگەی خۆی وەک نووسەرێکی گەورە و دیار بەکار هێناوە و دەنگی بەخشیوە بە جۆرێک لە فاشیزم و ئەو دیکتاتۆرەی دەیویست قەلاچۆی گەلێک بکات. ئەکادیمیای سویدی پشت دەکاتە ئەم ڕاستییە تاڵە و هانکە-ی نووسەر خەڵات دەکات، نەک ئەو هانکە-یەی بە هەموو توانای خۆیەوە لاینگیری خۆی بۆ کەسێک دەردەبڕی، کە تاوانی گەورە دژ بە مرۆڤایەتی دەکات. لەگەڵ ئەوەیشدا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکرێت، کە پیتەر هانکە یەکێکە لە گرینگترین نووسەرەکانی ئەم سەردەمە و شایانی خەڵاتی نوبێلە.

پیتەر هانکە، لە دایک بووی ساڵی ١٩٤٢ نووسەرێکە لەسەر ئاستی دونیا ئاماژەی بۆ بکرێت، ئێجگار فرە بەرهەمە: ڕۆمان، شیعر، ڕەخنە و گوتاری تیۆری، شانۆنامە و سیناریۆی فیلم، هاوکات فیلمسازێکی بەسەلیقە و داهێنەرە، ئەمە جگە لەو هەموو بەرهەمەی وەریگێراونەتە سەر ئەڵمانی، یان بە پێچەوانەوە لە ئەڵمانییەوە بۆ فەڕەنسی و ئیتاڵی. هانکە لە ئەتمۆسفێرێکی ریتواڵەکانی واقیعەوە بۆ سنوورەکانی خەون و فەنتازیا، لە ستایلێکی تەواو سەربەست و لە دەرەوەی هەموو سنوور و ڕێسا ئەدەبییەکاندا کار دەکات، نووسەرێکە دیدێکی جیهانگیری هەیە و بە قووڵی لە سەفەرێکی بەردەوامدایە بە ناوەوە و هەوەها بۆ دواوە بەرەو ڕەوشێک لە خودی کێشە خودگەراییەکانی مرۆڤدا، کە لەوێدا زمان و جیهان یەکەیەکی ئێستاتیکی پێک دەهێنێت. دیدی هانکە جۆرە موتیڤێکی پڕ لە ڕاز و نیازێک دەخوڵقێنێت، کە زمان دەبێتە “زمانێکی ڕاز و نیازئامێز”، کە هزرێکی ڕوون و ئاشکرا بۆ دونیا دەستەبەر دەکات.

هانکە لەساڵی ١٩٦٦دا بە دەقێکی شانۆیی ژیانی ئەدەبی خۆی دەست پێدەکات و ڕەخنەگرەکان بە زمانێکی ڕەخنەیی تایبەت، کە لە هەوڵی هەڵکۆڵین و شیکردنەوەی کڵێشە، دەستەواژە بەکارهێنراوەکان، ستراکتورە داب و نەریتخوازەکان و هەموو فۆرمە زمانەوانییەکانی ئەدەب و دراما ئاماژەی بۆ دەکەن. هانکە هەر لە دەستپێکی ژیانی ئەدەبییەوە، هەموو داب و نەریتە ئەدەبی و ڕێساکان دەخاتە ژێر پرسیارەوە. شیعر بۆ پیتەر هانکە وەک دونیا و دونیایش وەک شیعر دەبینێت. ئەو شیعرەی هانکەیش دونیای لێوە دەبینێت، بە زمانێکی ئەدەبی فەلسەفی بەرجەستە دەبێت و لە فۆرم و ستایلێک دا گوزارشت لەو دیدە جیهانگیرییەی پیتەر هانکە ناکات، بەڵکو هانکە بەردەوام لە فۆرم و ستایلی جیاوازدا کاری کردوە؛ بۆ نموونە لە سەرەتای ژیانی ئەدەبیدا، پابەندی داب و نەریتەکانی سیاسەت و ئەدەبی نەمساویی و فۆرمەکانی زمانی ئەڵمانی بووە، دواتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەدەبی نوێی فەرەنسی، بەتایبەتیش شەپۆلە نوێیەکانی ڕۆمانی فەڕەنسی، تا دەگاتە چەمکە سیاسیی و شۆڕشگێرییە هاوچەرخەکان. لەم ڕووەوە هانکە لە دیدێکی ئەزموونگەرییەوە کاری کردووە و هەوڵی داوە هەمیشە فۆرم و ستایلی جیاواز تاقیبکاتەوە، تەنانەت وەک دەرهێنەری سینەمایش دیدێکی ڕادیکاڵ و ئەڤانتگاردیزمی هەیە.

دوا بەرهەمەکانی هانکە دوو دەقی شانۆیین، کە لە ئەزموون و بەرکەوتنە جیاواز و هەمەچەشنە دەوڵەمەندەکانی مرۆڤایەتییەوە، لە سەفەرێکی تەنیایی و تاراوگەیەکی ناوەوە و دەرەوەی مرۆڤی ئەم سەردەمەوە دەڕوانێتە ئاسۆیەکی لێڵ و تاریکی مرۆڤایەتی.

لە کۆتایدا دەتوانین، پیتەر هانکە لە پێنج خاڵدا کۆبکەینەوە؛ ڕەشبینی، کە لەم ڕەوەوە کاریگەری کافکا، دیستۆیڤسکی بەسەرەوەیە، بێگومان تۆماس بێرنهارد-یش. لەم لایەنەوە یەکێک لە ڕۆمانە دیارەکانی هانکەیش “چیرۆکەکانی ژیانێک”، ١٩٧٢ باس لە خۆکوشتنی دایکی دەکات، ئەم ڕۆمانەی نموونەی ئەدەبێکی قووڵی پڕ لە ڕەشبینییە. کەسێکی براوەیە، هانکە یەکێکە لەو نووسەرانەی تا ئێستا چەندان خەڵاتی گرینگی ئەدەبی وەرگرتووە، بۆ نموونە ساڵی ١٩٧٨ خەڵاتی ئاڵتونی فیستیڤاڵی کان، وەک دەرهێنەر وەردەگرێت، ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی ئیبسن و ئێستایش خەڵاتی نۆبێل. خاڵی سێیەم ئەوەیە، کە هانکە کەسێکی ورووژێنەرە و هەمیشە بە قسەکانی ناوەندە ئەکادیمی و ئەدەبییەکانی دونیای توڕە کردووە، بۆ نموونە هێرش دەکاتە سەر نووسەرێکی گەورەی وەک “تۆماس مان” و بە نووسەرێکی زۆر خراپ ئاماژەی بۆ دەکات، لاینگیری جەلادێکی وەک میلیسۆڤیچ دەکات و هێرش دەکاتە سەر خەڵاتی نۆبێل و ئەکادیمیای سویدی و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە ئەم خەڵاتە نەمێنێ. چوارەم هانکەی ئەڤانگارد، کە هەمیشە هەوڵی داوە فۆرم و ستایلی جیاواز لە ڕۆمان و دەقە شانۆییەکانیدا تاقیبکاتەوە. لە کۆتایدا و دوا خاڵ هانکەی فیلمسازی سەربەست و داهێنەرە. هانکە لە شەستەکانەوە لەگەڵ دەرهێنەرە سینەماییەکانی ئەڵمانیا کاری کردووە، دەقە شانۆیی و ڕۆمانەکانی کراون بە فیلم و سیناریۆی بۆ هەندێک لە فیلمە گەورەکانی سینەما نووسیوە، ئەمە جگە لەوەی خۆیشی وەک دەرهێنەری سینەما کاری کردووە و خەڵاتی جیهانیی بردۆتەوە.