پریشکی خوێن

دەقێکی کورتی شانۆیی

نووسینی: ئەنتۆنان ئارتۆ

وەرگێڕانی لە سوێدییەوە: دانا رەئووف

بەراوردکردنی لەگەڵ دەقە فەڕەنسییەکە: حەمەشوان جافەر

 

پیاوە گەنجەکە

تۆم خۆش دەوێت و هەموو شتێک جوان و دڵگیرە.

کچە گەنجەکە

(بە دەنگێکی به‌گوڕ و له‌رزۆکه‌وه‌)

تۆ منت خۆش دەوێت و هەموو شتێک جوان و دڵگیرە.

پیاوە گەنجەکە

(بە تۆنێکی دەنگیی نزمتر)

تۆم خۆش دەوێت و هەموو شتێک جوان و دڵگیرە.

کچە گەنجەکە

(بە تۆنێکی دەنگی نزمتر لە دەنگی پیاوە گەنجەکە)

تۆ منت خۆش دەوێت و هەموو شتێک جوان و دڵگیرە.

پیاوە گەنجەکە

(لە پڕ کچە گەنجەکە بەجێ دەهێڵێت)

تۆم خۆش دەوێت.

(بێدەنگی)

بەرامبەرم ڕاوەستە.

کچە گەنجەکە

(وەک ئەو دەکات)

(بەرامبەر پیاوە گەنجەکە دەوەستێت)

ئاوا.

پیاوە گەنجەکە

(بە هەستێکی ناسکەوە، بەڵام به‌ ده‌نگێکی نه‌ختێك به‌رزه‌وه‌)

من تۆم خۆش دەوێت، من گەورەم، من ئاشکرام، من پڕم، من چڕم.

کچە گەنجەکە

(به‌ هه‌مان ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه‌که‌ی ئه‌و)

ئێمە یەکتریمان خۆش دەوێت.

پیاوە گەنجەکە

ئێمە چڕ و پڕین، که‌ دونیا به‌ شێوه‌یه‌کی باش دامەزراوه‌.

(بێدەنگی)

(دەنگێک، کە لە سوڕانەوەی چه‌رخه‌یه‌کی گەورەوە دەچێت و ڕەشەبایەکی بەهێز دروست دەکات. باوبۆرانێکی بەهێز هەردووکیان لەیەک جیا دەکاتەوە. لەم چرکەساتەدا دوو ئەستێرە دەبینرێت، کە بەر یەکتری دەکەون، هەروا ریزێک لاقی مرۆڤی زیندوو گلۆر ده‌بنه‌وه‌، پێکەوە لەگەڵ پێ، دەست، تۆپەڵە قژ، ماسک، کۆڵەگەگەلێک، هەیوانگەل، پەرستگە، کەمۆڵە، کە دەکەونە خوارێ‌، بەڵام بەکاوەخۆ و بەکاوەخۆتر، وەک ئەوەی هەڵدێرێنە ناو بۆشاییەوە، ئەوسا سێ دووپشک لە دوای یەکەوە، لە کۆتایدا بۆقێک و قالۆنچەیەکی فیرعەونیش، کە ئەوەندە بەکاوەخۆ دەنیشنەوە مرۆڤ بێ ئاوات دەبێت، ئەوەندە بەکاوەخۆ، کە مرۆڤ دەخاتە رشانەوە.)

پیاوە گەنجەکە

(بە هەموو هێزی خۆیەوە هاوار دەکات)

ئاسمان شێت بووە.

(لە ئاسمان دەڕوانێت)

با بە ڕاکردن لێرە دەرچین.

(لەبەردەم خۆیەوە پاڵ بە کچە گەنجەکەوە دەنێت)

(سوارچاکێکی چاخەکانی ناوەڕاست، بە جل و بەرگ و کەرەسەیەکی چەکەمەنی جەنگی ئێجگار قوورسەوە دێتە ژوورەوە، بە دوای ئەودا دایەنێک، کە مەمکەکانی بە هەردوو دەستی هەڵگرتوون دێتە ژوورەوە، هەناسەبڕکێیەتی، چونکە مەمکەکانی زۆر ئاوساون.)

سوارچاکەکە

گوانەکانت لەوێدا دابنێ. ئەوراقەکانم بەرێ.

(دایەنەکە، ناڵە و هاوارێکی زێدەرۆییانەی تیژی لێوە دێت.)

ئۆ! ئۆ! ئۆ!

سوارچاکەکە

گوی سەگ، ئەوە چیتە؟

دایەنەکە

کچەکەمان لەوێیە، لەگەڵ ئەوە.

سوارچاکەکە

ئۆهۆو، هیچ کچێک لێرە نییە! بێ دەنگ بە.

دایەن

من پێت دەڵێم ئەوان یەکتر دەگێن.

سوارچاکەکە

جا ئەوە چ پێوەندییەکی بە منەوە هەیە، کە ئەوان یەکتری بگێن؟

دایەنەکە

گانکردن لەنێوان خوشک و برا.

سوارچاکەکە

قەیرە.

(دایەنەکە، دەستەکانی بە قووڵی دەخاتە نێو گیرفانەکانییەوە، کە هێندەی مەمکەکانی گەورەن)

گەواد!

(لەپڕ دایەنەکە کاخەزەکانی بۆ فڕێ دەدات)

سوارچاکەکە

پوو، ئێستا وازم لێ بهێنە با نانەکەم بخۆم.

(دایەنەکە ڕادەکاتە دەرەوە)

(هەڵدەستێتەوە سەرپێ، لەناو پارچە کاخه‌زێکدا پارچە پەنیرێکی سوێسرایی دەردەهێنێت. لەپڕ دەکەوێتە کۆکەکۆک و قورگی ده‌گیرێت).

سوارچاکەکە

(بە دەمی پڕەوە)

ئاه، ئۆهۆ. مەمکەکانتم پیشان بدە. مەمکەکانتم پیشان بدە. ئەوە بۆ کوێ چوو؟

(ڕادەکاتە دەرەوە.)

(پیاوە گەنجەکە دەگەڕێتەوە)

پیاوە گەنجەکە

دیم، زانیم، تێگەیشتم. ئێرە شوێنێکی گشتییە، قەشەکە، پینەدۆزەکە، بازرگانی سەوزەواتەکە، قادرمەی کڵێساکە، چرای قەحبەخانەکە، تەرازووی دادوەری، لەوە زیاتر ناتوانم!

(قەشەیەک، پینەدۆزێک، چاودێری کڵێسایەک، ژنە گەوادێک، دادوەرێک، ئافرەتێکی سه‌وزه‌فرۆش، وەک سێبەر دێنە سەر شانۆ.)

پیاوە گەنجەکە

من ئەوم لێ ون بووە، ئەو کچە گەنجەم بدەنەوە.

هەموویان

(بە تۆنی دەنگی جیاوازەوە)

کێ، کێ، کێ، کێ.

پیاوە گەنجەکە

ژنەکەم.

مجەوری کڵێساکە

(پیاوێکی ورگ زلە)

ژنەکەت، ها تۆ وا دەڵێیت، قەشمەرەکەت!

پیاوە گەنجەکە

قەشمەر! لەوانەیە ئەوەی تۆ!

مجەوری کڵێساکە

(دەکێشێت بە ناوچەوان خۆیدا)

لەوانەیە ڕاست بێت.

(ڕادەکاتە دەرەوە)

(قەشەکە، خۆی لە گروپەکە جیا دەکاتەوە و قۆڵی دەخاتە سەر ملی پیاوە گەنجەکە.)

قەشەکە

(وەک لەسەر کورسی پاکانه‌کردن دانیشتبێت.)

زۆر جار، کە باسی دەکەیت، مەبەستت لە چ بەشێکی جەستەیەتی؟

پیاوە گەنجەکە

خودا حافیز.

(قەشەکە، کە بە وەڵامەکەی چی تر خۆی پێ ناگیرێت، یەکسەر بە دیالێکتی سوێسرایی دەست بە قسە کردن دەکات.)

قەشەکە

(بە دیالێکتی سوێسرایی)

بەڵام چی تر ئەمە وا ناکرێت. ئێمە بەو گوێیە گوێ ناگرین. دەبێت داوا لە بورکانەکان بکات، داوا لە بوومەلەرزەکان بکات. ئێمە بۆمان هەیە لەسەر کورسی پاکانه‌کردنه‌وه‌، لە کردارە بچووکە پڕ لە شەرمەزارییە مرۆییەکان خۆش بین. ئەوەیش هەموو شتێکە، ژیان ئاوایە.

پیاوە گەنجەکە

(بە شێوەیەکی بەهێز هەڵچووە)

ئا، ئاوایە، ژیان ئاوایە. ئا، هەمووی بە فیرۆ دەچێت.

قەشەکە

(بە هەمان دیالێکتی سوێسرایی)

بەڵی ئاوا.

(لەم چاوتروکانەدا، شەو تاریکی خۆی بە شێوەیەکی کتوپڕی بەسەر تەختەی شانۆکەدا بڵاو دەکاتەوە. زەوی دەلەرێت. هەورەبرووسکە بە شێوەیەکی زیکزاك لە هەموو لایەکەوە دەبینرێت، لەنێو ئەمەیشدا هەموو کارەکتەرەکان دەبینرێن، کە ئێستا دەکەونە ڕاکردن، بەناو یه‌‌کتریدا دێن و دەچن، دەکەون، سەرلەنوێ هەڵدەستنەوە و وەک شێت ڕادەکەن.

لە چرکەساتێکدا دەستێکی ئێجگار گەورە، قژی ژنە گەوادەکە دەگرێت، کە گڕی تێبەر دەبێت و بە به‌به‌رچاوی بینه‌رانه‌وه‌ گڕ دەگرێت.)

دەنگێکی زەبەلاح

دەڵەسەگ، سەیری جەستەی خۆت بکە!

(جەستەی ژنە گەوادەکە بە شێوەیەکی تەواو ڕووت و ترسناک لەژێر ژێرکراس و تەنورەکەیەوە وەک کرمێکی لێ دێت.)

ژنە گەوادەکە

خوایە، وازم لێ بێنە.

(ژنە گەوادەکە گاز لە مەچەکی خودا دەگرێت. فیچقەیەکی زۆر گەورەی خوێن سەر شانۆکە دەگرێتەوە و به‌ خێراییه‌کی ترووسکه‌ئاسای زیاتر له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر، قەشەکە دەبینرێت، کە ئاماژەی خاچ ئاسا دەکات. کە ڕووناکی دەگەڕێتەوە، هەموو کارەکتەرەکان مردوون و لاشەکانیان لەسەر زەوییەکە بە هەموو شوێنێکدا بڵاو بۆتەوە. تەنها پیاوە گەنجەکە و ژنە گەوادەکە ماون، کە بە چاو، بە شێوەیەکی عاشقانە له‌یه‌کتر ڕاده‌مێنن).

(ژنە گەوادەکە، دەکەوێتە باوەشی پیاوە گەنجەکەکەوە.)

ژنە گەوادەکە

(بە ئاخهەڵکێشانێکەوە، وەک ئاستێکی بەرزی ڕەوشێکی عاشقانە)

بۆم بگێڕەرەوە ئەمە چۆن ڕوویدا.

(پیاوە گەنجەکە سەری خۆی لەنێو دەستەکانیدا دەشارێتەوە. دایەنەکە کچە گەنجەکەی لە شێوەی پاکەتێک دا لەژێر باڵی خۆیدا هەڵگرتووە، دەگەڕێتەوە. کچە گەنجەکە مردووە. دایەنەکە دەستی لێ بەردەدات و دەکەوێتە سەر زەوییەکە و دەشکێت و وەک شفتەیەک پان دەبێتەوە.)

دایەنەکە چی تر مەمکی نییە، سنگی تەواو ساف و ڕێکە.

لەم ساتەوەختەدا، سوارچاکەکە دێتە ژوورەوە، پەلاماری دایەنەکە دەدات و بە توندی ڕای دەوەشێنێت.)

سوارچاکەکە

(به‌ ده‌نگێکی ترسناکه‌وه‌)

لە کوێت داناون؟ پەنیرە سویسراییەکەم بدەرەوە!

دایەنەکە

(بە تۆنێکی زۆر نێرانە)

ئەوەتا.

(کراسەکانی بۆ هەڵدەماڵێت.)

(پیاوە گەنجەکە دەیەوێت لەو شوێنە ڕابکات، بەڵام لە شوێنی خۆی، وەک بووکەڵەیەکی ڕەق بوو، ووشک بووە.)

پیاوە گەنجەکە

(وەک ئەوەی بە هەواوە هەڵواسرابێت و بە دەنگی ئەکتەرانی شانۆی بووکەڵەوە، کە دیارنین و خۆیان لە پشتی بووکەڵەکانەوە دەشارنەوە، قسە دەکات)

ئازاری دایکم مەدە.

سوارچاکەکە

(بۆ دایکەکە)

نەفرەت لێ کراو.

(نایەوێت ڕاستییەکان ببینێت، چاوی خۆی دادەخات.)

(ژمارەیەکی زۆر دووپشک لەژێر تەنوورەکەی دایەنەکەوە دێنە دەرەوە و لە زێیدا مێروولە دەکەن، کە دەئاوسێن و لەت دەبن و دەبنە شووشە بە چەشنی خۆر، تیشک دەدەنەوە.)

(پیاوە گەنجەکە و ژنە گەوادەکە، وەک ئەوەی کەلەسەریان کرابێتەوە، ڕادەکەنە دەرەوە.)

پیاوە گەنجەکە

(هەڵدەستێتە سەرپێ و لەبەر ڕووناکییەکە هیچ نابینێت.)

پاکیزە! ئاه، ئەو بە دوای ئەوەدا دەگەڕا.

 

پەردە

 


تێبینی:

پیتەر بروک بۆ ئەنجامی ئەو ۆرکشوپەی لە شەستەکانی سەدەی ڕابروودا، لە شانۆی شاهانەی شەکسپیر بۆ ناساندنی ئارتۆ و شانۆی توندوتیژ کردی، ئەم دەقەی ئارتۆ لە کۆتایی ۆرکشوپەکەدا نەمایش دەکەن.

ئەنتۆنان ئارتۆ ئەم دەقەی Le jet de sang (پریشکی خوێن)ی لە ساڵی ١٩٢٥دا، لەگەڵ دووەم کۆمەڵە شیعرەکەیدا بڵاوی کردۆتەوە.


ئەم دەقەی ئارتۆ لەم کتێبەوە وەرگیراوە:

Artaud av Artaud, texter i urval, inledning och redigering av Percival, tolkningar av Roger Fjellstrom, Leif Janzon, Percival och Lasse Soderberg. Almqvist & Wiksell Forlag AB, 1981