ئەم خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات

دەقێکی شانۆیی لە سێ دیمەندا

کارەکتەرەکان

ژن

پیاو

کچێکی گەنج

 

دیمەنی یەکەم

 

ژن

نامەوێت کتێبەکەت بخوێنمەوە.

 

پیاو

(سەیری ژنەکە دەکات)

ناتەوێت؟

 

ژن

نا، نامەوێت!

 

پیاو

بۆ ناتەوێت؟

 

ژن

نامەوێت.

(وچانێکی کورت)

ئەو کتێبەیان ناخوێنمەوە. ئەو کتێبەت بە من نامۆیە و نامەوێت بیخوێنمەوە.

 

پیاو

من حەز دەکەم بیخوێنیته‌وه.

 

ژن

نا، بەڵێنم بە خۆم داوە، کە ئەو کتێبەت نەخوێنمەوە.

 

پیاو

(پێدەکەنێت)

تۆ بەهەڵە حاڵی بوویت.

 

ژن

نامەوێت لە دەرەوەی خۆم تۆ بناسم.

 

پیاو

لە دەرەوەی خۆت، مەبەستت چییە؟

 

ژن

(بێدەنگی)

 

پیاو

لە دەرەوەی خۆت؟

 

ژن

بۆ لەوێدا وەستاویت؟

 

پیاو

لە کوێدا؟

 

ژن

لەوێدا. ئەوەتەی هاتویت لەوێدا وەستاویت.

 

پیاو

نازانم، خۆ دەبێت لە شوێنێکدا هەر بوەستم.

(وچانێکی کورت)

یان دانیشم.

 

ژن

چاوەڕێی شتێکیت؟

 

پیاو

نەخێر.

 

ژن

(پێدەکەنێت)

 

پیاو

نازانم.

(سەیری ژنەکە دەکات)

بە چی پێدەکەنیت؟

 

ژن

(دەیەوێت بڕوات)

من دەڕۆم.

 

پیاو

مەڕۆ، تکات لێ دەکەم، مەڕۆ. هەندێک جار هەست دەکەم دەترسم. زۆر تەنیاشم.

 

ژن

لە چی دەترسیت؟

 

پیاو

کە باوکم مرد هێشتا تەمەنی نەبووبووە پەنجا ساڵ. ئێستا من بیست ساڵ لەو بەتەمەنترم، کەچی هێشتا لەسەر ئەوە ڕانەهاتووم.

 

ژن

لەسەر چی ڕانەهاتوویت؟

 

پیاو

کە باوکم زۆر لە من گەنجترە!

 

ژن

دەزانی هەندێک جار بەپێی پەتی دەچمە دەرەوە بۆ باخچەکە، تەنها بۆ ئەوەی هەست بە خاک و خۆڵەکەی ژێر پێم بکەم. زۆرجار بە شەو ڕادەپەڕم، یان لە نیوەشەودا خەبەرم دەبێتەوە و وا دەزانم گوێم لە دەنگی مۆسیقایە، کە پەنجەرەکەیش دەکەمەوە، تەنها دەنگی بایه‌.

 

پیاو

با؟

 

ژن

بەڵێ، با. نەرمەبایەک.

(وچانێکی کورت)

لە بادا بۆنی تۆم بۆ دێت.

 

پیاو

با؟ دیسانەوە با!

ژن

تۆ لە بادا هەیت.

(بێدەنگی)

لەگەڵ بادا دێیت.

 

پیاو

هەست بە تەنیاییەکی کوشنده‌ دەکەم.

 

ژن

ئەوە نییە من لێرەم. لای تۆ.

(سەیری پیاوەکە دەکات)

لەگەڵ تۆم.

 

پیاو

هیچ کەسێک شایەنی ئەم تەنیاییە نییە.

 

ژن

ئەمڕۆ بارانێکی زۆر باری.

 

پیاو

لەبیرتە دیمەنی بارانەکەت بۆ گرتبووم، بە تەنیا لە شەقامێکی پڕ لە خەڵکدا ڕاتدەکرد. تۆ چەترت پێ نەبوو، ئەوانەیشی بە شەقامەکەوە بوون، لەو گرتە ڕاگوزارەی بۆ منت ناردبوو، حاڵی نەدەبوون. هەموو کەس بۆی هەبوو بەو شەقامەدا بڕوات.

(وچان)

من نەبێت.

 

ژن

دەبوو لەو ساتەدا لەگەڵ من بوویتایە.

 

پیاو

کام سات؟

 

ژن

کە بارانەکە ده‌باری.

 

پیاو

لە ژێر بارانەکەدا؟

 

ژن

(غەمگین دیارە)

دەبوو، تۆ شاهێدی ئەو بارانبارینه‌ بوویتایە.

 

پیاو

دڵۆپەکانی لەسەر ڕووخسارت دەخزان. لە وێنەکەدا دیار بوون.

 

ژن

(بێدەنگی)

 

پیاو

دڵۆپەکان لەسەر ڕووخسارت دەخزان.

 

ژن

چی لە مندا دەبینیت؟

(نائارام دیارە)

چیت لە من دەوێت، بۆ وازم لێ ناهێنیت؟

 

پیاو

لە تۆدا؟

 

ژن

بەڵێ لە مندا!

 

پیاو

(بێدەنگی)

 

ژن

بۆ وازم لێ ناهێنیت؟

 

پیاو

تەنها تۆم دەوێت. لە تۆدا بۆ تۆ دەگەڕێم.

 

ژن

گوتت چی؟

 

پیاو

لە تۆدا بۆ تۆ دەگەڕێم.

 

ژن

من لە خۆمدا بۆ تۆ دەگەڕێم.

(وچانێکی کورت)

دەزانی لای من خۆشترین شت چییە؟

 

پیاو

(بێدەنگە)

 

ژن

هەنجیرە.

 

پیاو

هەنار؟

 

ژن

نا، هەنجیر. ئاخر زۆر خۆشە. حەز دەکەم ئێوەیش حەزی لێ بکەن.

 

پیاو

(سەیری ژنەکە دەکات)

 

ژن

لانیکه‌م ڕقتان لێی نەبێت.

(بێدەنگی)

دەزانی کە منداڵ بووم، دارهەنجیرێک لە حه‌وشه‌که‌ماندا بوو. لە سووچێکی حەوشەکەدا. زۆر گەورە بوو.

(پێدەکەنێت)

هەمیشە پێیدا هەڵدەگەرام و تێرم دەخوارد. هەندێکیشم لێ دەکردەوە و دەمهێنایە خوارەوە. دوایی هەموو لەشم دەهاتە خورو. دایکم دەیگوت دارهەنجیر موبارەکە. من پێدەکەنیم و شێتانە خەریکی خوراندنی دەست و سک و پشتم ده‌بووم.

 

پیاو

چی موبارەکە؟

 

ژن

دارهەنجیرەکە.

 

پیاو

دارهەنجیر، بۆ دەبێت موبارەک بێت؟

 

ژن

(پێدەکەنێت)

نازانم. کەچی دوایی بڕییانەوە.

(وچانێکی کورت)

گوتیان گەورە بووە و حەوشەکە پیس دەکات.

 

پیاو

کەس نه‌یده‌ویست گوێ لە من بگرێت.

 

ژن

گوتت چی؟

 

پیاو

کەس نه‌یده‌ویست گوێ لە من بگرێت.

 

ژن

من گوێم لێ دەگرتیت.

(وچانێکی کورت)

من هەمیشە گوێت لێ دەگرم.

 

پیاو

تەنانەت که‌ڕ و لاڵه‌کانیش دەیانەوێت کەسێک گوێیان لێ بگرێت.

(وچان)

کەسانێک گوێیان لە دەنگیان بێت.

(بە تووڕەییەوە)

مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بووە دەنگی ببیسترێت.

 

ژن

تۆ…

 

پیاو

من چی؟

 

ژن

تۆ نه‌تویستووه‌ قسە بۆ من بکەیت!

 

پیاو

(ڕوو وەردەگێڕێت)

 

ژن

هەمیشە پشتت کردۆتە من و ڕاتکردووە.

 

پیاو

ئەو دەنگانەی لە ناوەوەمدا دەلەرزین و دەجووڵانەوە، ئەو دەنگانەی دەگەڕان بە دوای شوێن و کەسەکاندا، بەرەو شوێنە دیار و نادیاره‌کانیان دەبردم و ئەشکەنجەیان دەدام. لەگەڵ خۆم و هه‌سته‌ ناخۆشەکانی خۆم بە جێیان دەهێشتم.

(بێدەنگی)

هەست بە تەنیاییەکی ناخۆش دەکەم.

 

ژن

ئەوە نییە من لێرەم. لای تۆ. لەگەڵ تۆم.

 

پیاو

هیچ کەسێک شایەنی ئەم تەنیاییە نییە.

 

ژن

با برۆین.

 

پیاو

بابڕۆین

(هیچیان ناجووڵێن)

 

پیاو

ئەو ترسەی خۆمان لەگەڵ خۆمان و ئەوانی تردا…

(لەپڕ دەوەستێت و پشت دەکاتە ژنەکە)

 

ژن

ترسی چی؟

 

پیاو

(ڕوو دەکاتەوە ژنەکە)

له‌وه‌ی خۆمان بە نامۆیی ببینینەوە. هەرچەندە ئەو دەنگانە ڕەق و توندیش بن و بێزار و غەمبارمان بکەن، نابێت پشتیان تێ بکەین؛ چونکە ئەوانە دەنگە ڕاستەقینەکانی ناوەوەی خۆمانن. نابێت هەوڵی گۆڕینی ئەو دەنگە قووڵانە بدەین، کە وەک مۆسیقایەکی تراجیدی لە ناوەوەماندا ڕیتمی ژیانمان ڕادەگرن.

 

ژن

ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنها ئەو هیوایەیە، کە ڕۆژێک دادێت، هەموو شتێک بگۆڕێت، ئه‌وسا خۆت لە بەردەم دنیایەکی باشتردا ده‌بینیته‌وه‌.

 

پیاو

من پشتم کردە تۆ.

(وچانێکی کورت)

چەندان جار پشتم تێکردیت، بەڵام هەر تۆ ئامێزت بۆ کردمەوە.

(بێدەنگی)

تۆ نه‌ خه‌ون بوویت، نه ڕاستی، تەنها گوڵێک بوویت بە دیوارەکانەوە.

 

ژن

(پێدەکەنێت)

گوڵ. گوڵی چی؟

 

پیاو

وەک قارچک بە دەروونی منەوە هەڵتۆقی بوویت، کە به‌ندیخانه‌ئاسا چوونه‌ده‌ره‌وه‌یان لێ قەدەغە کردبووم. ئەو دنیا بێدەنگ و ساردەی تێیدا دەژیام، تەنها شتێکی ڕێگاپێدراو بوو، تەنها خیانەتێکی درێژخایەن بوو لە خۆم، لە تۆ و لەوانی تریش.

 

ژن

قارچک؟

(پێدەکەنێت)

 

پیاو

تەنها خیانەتێکی درێژخایەن بوو لە خۆم، لە تۆ و لەوانی تریش.

 

ژن

تۆ ئەمڕۆ شپرزە دیاریت؟

 

پیاو

چیی تر نەمدەتوانی بنووسم. گۆشه‌گیریم هەڵبژارد بوو. ڕۆژ بە ڕۆژ لە بێدەنگی و یاریکردن بە ئاگر نزیک دەبوومەوە. خۆم نەبووم.

 

ژن

(سەیری پیاوەکە دەکات)

ئەی کێ بوویت؟

 

پیاو                           

(وەک ئەوەی قسە بۆ خۆی بکات)

بێ ئارام‌ به‌دوای چاره‌سه‌رێکدا ده‌گه‌ڕام، چارەسەرێک نەبوو، ئەوەی ڕووبەڕووی دەبوومەوە، هەنگاوێکی تر بوو بۆ…

(قسەکەی تەواو ناکات)

(بێدەنگی)

 

ژن

بۆ چی؟

 

پیاو

بۆ…

(وچان)

 

ژن

(بە تێڕامانەوە سەیری پیاوەکە دەکات)

بۆ چی؟

 

پیاو

بۆ دوورکەوتنەوە لە تۆ و نزیکبوونه‌وه‌ لە خیانەتەکانم.

(ڕووناکی گۆڕانکاری بەسەردا دێت)

(دەنگێک لە دوورەوە دێت، دەنگێکی بەهێزی نادیار)

(بێدەنگی)

ئەوە چی بوو؟

 

ژن

چی؟

 

پیاو

(سەیری چواردەوری خۆی دەکات)

(بێدەنگی)

گوێم لە دەنگێک بوو!

(وچانێکی کورت)

لە دەنگی کەسێک دەچوو بگری.

(وچان)

 

ژن

(دوور دەڕوانێت، وەک ئەوەی گوێ بۆ دەنگەکە ڕادێرێت)

دەترسم.

 

پیاو

با بڕۆین.

(بێدەنگی)

هەست بە تەنیاییەکی کوشندە دەکەم.

 

پیاو

(بە سۆزەوە سەیری ژنەکە دەکات)

ئەوە نییە من لێرەم. لای تۆ. لەگەڵ تۆم.

 

ژن

هیچ کەسێک شایەنی ئەم تەنیاییە نییە.

 

تاریکی

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دیمەنی دووەم

 

پیاو

ئەوەتەی هاتووم، لێرەدا وەستاوم.

(بێدەنگی)

 

ژن

چ خەونێکی سەیرم بینی.

 

پیاو

لەگەڵ منت بوو؟

 

ژن

بۆ لەوێدا وەستاویت؟

 

پیاو

گوتت چی؟

 

ژن

خەونێکی سەیرم بینی.

 

پیاو

خەون؟

 

ژن

(سەیری پیاوەکە دەکات)

(وچانێکی کورت)

 

پیاو

بە منەوە؟

 

ژن

کچێکی گەنج لە تەنیشت پیاوێکەوە نووستبوو. پیاوەکە لە تۆ دەچوو، بەڵام تۆ نەبوویت.

(وچان)

 

پیاو

دڵنیای من نەبووم؟

ژن

کچەکە لە پڕ چاوەکانی کردەوە، گوێی لە کەسێک بوو، دەنگێک دێت، نه‌یزانی دەنگی کێیە‌؟ کچەکە لە جێگەی خۆی هەستا، سەیرێکی پیاوەکەی کرد، کە لە تەنیشتییەوە نووستبوو، بە هێواشی بە ژوورەکەدا ڕۆیشت و نائارام بوو. دوای دەنگەکە که‌وت.

(وچانێکی کورت)

بە دوای دەنگەکەدا گه‌ڕا. لە ژووری نووستنەکە چووه‌ دەرەوە بۆ نهۆمی سەرەوەی ماڵەکە، له‌وێشه‌وه‌ چووه‌ ژوورێکی گەورە، ژوورێکی نیمچە تاریک، سەیری چواردەوری خۆی کرد و لە دیوارەکان نزیک بووه‌وە. دیوارەکان شەقیان بردبوو و درزی درێژ، لە ساپیتەکەوە بەرەوخوار بە دیوارەکەدا هاتبوو. کچەکە دەستی خستە سەر درزەکانی دیوارەکە، هەستی کرد، دەنگەکە لەو درزانەوە دێنە ماڵەکەوە. ترس دایگرت و جووڵه‌ی نه‌کرد. لە دیوارەکە چووە پێشەوە و خۆی پێوه‌ نووساند، ویستی ڕێگا لە دەنگەکان بگرێت. بە هەستێکی نائارامەوە ڕۆح و جەستەی بە درزەکانی دیوارەکەوە نووساند. کچەکە ویستی درزەکان بە جەستە ساردەکەی، بە رۆحە نائارامەکەی و بە یادەوەرییەکانی بگرێت. لەپڕ دەستی کرد بە گریان. بەدەم هەنسکەوە گوتی “پڕ پڕ بووم لە برین.”

(بێدەنگی)

 

پیاو

وا باشترە من بڕۆم.

(سەیری ژنەکە دەکات)

 

ژن

ئەو کچە دەیویست ماڵێک لە بێدەنگیدا بۆ خۆی بدۆزێتەوە، دنیایەک لە بێدەنگی تا حەزەکانی خۆی تیا بشارێتەوە، ڕێگا لە دەنگەکان بگرێت، کە دەیانویست لە درزی دیوارەکانەوە بخزێنە ژوورەوە.

 

پیاو

کام کچ؟

 

ژن

(سەیری پیاوەکە دەکات)

ئەم خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات.

(وچان)

 

پیاو

کێ وای گوت؟ خۆشەویستی چی؟

 

ژن

کچی ناو خەونەکەم وایگوت.

(سەیرێکی پیاوەکە دەکات، پێدەکەنێت)

ئەم خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات.

(وچانێکی کورت)

خەوێکی سەیر بوو!

 

پیاو

ئەمڕۆ زۆر بیرم کردیت، دوو بەیانییە هەر کە خەبەرم دەبێتەوە، یەکەم شت بە خەیاڵمدا دێت، تۆیت.

 

ژن

هەرگیز باڵندەیەکی زیندووت گرتووە بە دەستەوە؟

 

پیاو

باڵندە؟

 

ژن

بەڵێ باڵندە.

 

پیاو

(بە بزەیەکی پڕ لە نهێنیئامێزەوە سەیری ژنەکە دەکات)

بەڵێ، گرتوومە بە دەستمەوە. کە منداڵ بووم زۆر هاروهاج و عەجول بووم، چۆلەکەم بە گوێسوانەی ماڵەکانەوە نەهێشتبوو.

 

ژن

ئەرێ، وەلێ لەناو خوێنەکەتدا…

(وچان)

لەناو جەرگ و دڵتدا.

 

پیاو

هەستێکی سەیرم هەیە، هه‌ست ده‌که‌م، ته‌نانه‌ت له‌ خه‌ویشدا له‌گه‌ڵ منن.

ژن

(دوور دەڕوانێت)

کچەکە وایگوت.

 

پیاو

کچ، کچ کێیە؟

ژن

ئەو کچە گەنجەی خەونم پێوە بینی. لەوە دەچوو دووگیان بێت. باڵندەیەکی زیندوو لەناو سکیدا بێت و لە شتێک بترسێت. دەنگێک لە دەرەوە، درزی دیوارەکان، پیاوە نووستوەکەی تەنیشتی…

(وچانێکی زۆر کورت)

هەموو شتێک ئەویان دەترساند.

(بێدەنگی)

سەیرە، ئەو کچە وەک کەسێکی نامۆ هاتە بەرچاوم، بەڵام لە کەسێک دەچوو، زۆر نزیکی من بێت.

 

پیاو

کچ کێیە؟

 

ژن

(پێدەکەنێت)

 

پیاو

ئەمڕۆ هەموو شتێکم بیر دەچێتەوە، هیچم لە بیر نییە و نازانم چی بکەم. تێناگەم و نازانم بە تەواوی من لە کوێم.

(وچان)

شەو درێژە و هەر تەواو نابێت.

 

ژن

دەزانی منیش وەک کچی خەونەکەم، ترسێک دایگرتووم. دەترسم. هەست دەکەم سەرمامە.

 

پیاو

(سەیری ژنەکە دەکات، وەک ئەوەی بیر بکاتەوە)

لە چی دەترسیت؟

 

ژن

(سەیری پیاوەکە دەکات، بە دوودڵی و نائارامییەوە)

لەوە دەترسم، بەیانییەک خەبەرم بێتەوە و هیچ لە مێشکمدا نەمابێت. هیچم بیر نەمابێت. هەست بە جێگاکەم، بە ژوورەکەم، بە پەنجەکانم نەکەم. زۆر دەترسم سەرم هیچی تیادا نەمابێت، گوێم لە دەنگی خۆم نەبێت، هەست بە جەستەی خۆم نەکەم. تاریکی شەو و تیشکی ڕۆژ نەبینم، هەست بە لێدانی دڵم نەکەم، هەموو شتێک لە جەستەمدا گۆڕابێت.

(وچان)

دەترسم گوێم لە بێدەنگیی خۆم نەبێت.

(بێدەنگی)

زۆر دەترسم هەست بە مەرگی خۆم نەکەم.

(وچانێکی کورت)

لەو کەسانە دەترسم، کە دەیانەوێت بێنە نێوانمانەوە.

 

پیاو

کە مرۆڤ دەمرێت، جەستەی زۆر قورس دەبێت. ژیان خۆی ئاسانە، نابێت ڕێگا بە هیچ کەسێک بدەین بۆمان قورس بکات.

 

ژن

ئێمە پێویستە فێری ئەوە بین بمرین، بۆ ئەوەی بتوانین بژین.

 

پیاو

(سەیری ژنەکە دەکات)

بۆ وا دەڵێیت؟

 

ژن

من وا ناڵێم، فەیلەسووفێک وایگوتووە!

(پێدەکەنێت)

 

پیاو

فەیلەسووف؟

 

ژن

بەڵێ فەیلەسووف.

 

پیاو

دەبێت خۆت لەسەر ئازاری ژن ڕابهێنیت، تا بتوانیت لەگەڵی بژیت.

(بێدەنگی)

 

ژن

(گۆرانی دەڵێت)

دەست دەخاتە بەر تریفەی مانگەشەو

بۆ ئەوەی بزانێت

هەر خۆی شاژنی شەوە

کەچی لە خەونیشدا

خیانەتی لێ دەکرێت!

پیاو

ژیان لەگەڵ تۆ چه‌نده‌ خۆشە.

 

ژن

(بە گومانەوە سەیری پیاوەکە دەکات)

لەگەڵ من؟

 

پیاو

چی لەگەڵ تۆ؟

 

ژن

ئازارەکانی من و چێژه‌کانی تۆ.

 

پیاو

(پێدەکەنێت)

ئەی ئەمە قسەی چ فەیلەسووفێکە؟

 

ژن

(وەک ئەوەی بۆ خۆی قسە بکات)

کە منداڵ بووم، ژنێکی دراوسێمان هەبوو. ئەم ژنە عاشقی مێردەکەی بوو، سێ منداڵیشیان هەبوو، ئەم ژنە پەروەردەی دەکردن و مێردەکەی هیچ حەقی بەسەریانەوە نه‌بوو. بە ڕۆژ کە دەهاتە دەرەوە، ئەم منداڵانە وەک بێچووە قاز بەدوایەوە بوون. کە دەگەیشتە سەری کۆڵانەکە و ئێمەی دەبینی، دەوەستا، دەستی دەکرد بە گیرفانەکانیدا و هەندێک نوقووڵ و شیرینی دەردەهێنا و دەیداینێ. هەمیشە پێدەکەنی، دڵی خۆش و زۆر کەم قسەی دەکرد.

(بێدەنگی)

لەپڕ مێردەکەی بەجێیهێشت و هەرگیز نەگەڕایەوە. ژنە ڕۆژ بە ڕۆژ لاواز دەبوو، نه‌خۆش که‌وت و کەوتە سەر جێگا و لە پێ کەوت و وایلێهات خەڵک خێریان پێدەکرد. چیی تر نەیدەتوانی ڕێ بکات و جەستەی بە تەواوی وشک بووەوە.

(وچان)

مێردەکەی هەر نەگەڕایەوە.

 

پیاو

زۆرجار کات ون دەبێت. خۆشەویستییش، بەڵام یاد و بیرەوەریی یەکەم خۆشەویستی هەر دەمێنێت.

(وچان)

ئەم شەو چ بارانێک باری!

 

ژن

بە باوە.

(بیر دەکاتەوە)

ژیان لەگەڵ کەسێکی تر و بۆ کەسێکی تر ترسناکە.

 

پیاو

گوتت چی؟

 

ژن

مرۆڤ دەبێت ئاگای لە تواناکانی خۆی بێت، کە زیاتر چوویتە تەمەنەوە لەمە دەگەیت.

(وچان)

بیر لە ژنە دراوسێکەمان دەکەمەوە.

(وچانێکی کورت)

دایکم بۆی گێڕاینەوە، کە ژنە دراوسێکەمان وایگوتووە. بە قووڵی چاوی بڕیووەتە ناو چاوی دایکمەوە و گوتوویەتی: ژیان، هەمیشە بۆ کەسێکی تر ترسناکە. دایکم گوتی هەستم دەکرد ئەو ژنە ڕاستگۆیە.

(وچان)

ڕاستگۆییەک لەوەوبەر لە سیمای هیچ کەسێکی تردا نەمبینیبوو.

(وچان)

دایکم وایگوت. ئەمەیش یەکێکە لە یاساکانی ژیان.

 

پیاو

ئەی ژنەکە؟

 

ژن

کام ژن؟

 

پیاو

ژنە دراوسێکەتان؟

 

ژن

نازانم. من منداڵ بووم. دایکم بۆی گێڕاینەوە، کە چی بەسەر هاتووە و چۆن بە تەنیا و بێکەس مردووە.

 

پیاو

دوو شەوە لە خەوندا لێم ون دەبیت و ناتدۆزمەوە.

 

ژن

ڕەنگە مرۆڤ تەنیا لەڕێی مەرگەوە بە ئازادی بگات.

(وچان)

ئەو غەمبارییەی لە ناخیدا چەکەرەی کردبوو، بە تەواوی ڕووخساری داپۆشیبوو. دوایی بەرگەی نه‌گرت و مرد. ئەو ژنە لەگەڵ مەرگ قسەی دەکرد، تا خۆی بوو بە مەرگ، ئەو خۆی لەگەڵ تەنیایی ڕاهێنا، کە مێردەکەیشی نەهاتەوە، خۆی لەگەڵ مەرگ ڕاهێنا.

 

پیاو

(سەیری ژنەکە دەکات و لێی دەچێتە پێشەوە)

بیرکەوتنەوەی شتە ناخۆشەکان خۆش نییە، بەڵام ناخۆشتر ئەوەیە، کە هیچت بیر نەکەوێتەوە.

 

ژن

(پێدەکەنێت و لە پیاوەکە دووردەکەوێتەوە)

 

پیاو

کەس لە کاتێکی زانراودا نامرێت، هەموو زوو یان درەنگ دەمرین.

 

ژن

زۆر کات دڵخۆشم دەکەیت، هەست دەکەم کەسێکی ترم. هەندێک کاتی تریش لێم تووڕە دەبیت و دنیام لێ تاریک دەکەیت.

 

پیاو

(بە سەرسووڕمانەوە)

من؟

(بێدەنگی)

تۆ بۆ من ئازارێکی خۆشیت!

 

ژن

من لە نادیارەکان ناترسم…

(وچانێکی کورت)

هێندەی لەوانە دەترسم که‌ دەیانبینم، لە شتە نادیارەکان ناترسم، تۆ بەپێچەوانەوە لە شتە نادیارەکان دەترسیت.

 

پیاو

ئێمه‌ هه‌میشه‌ لێره‌، له‌م شوێنه‌دا وه‌ستاوین.

 

ژن

لێرە؟

 

پیاو

بەڵێ.

 

ژن

ئێرە کوێیە؟

(وچان)

شوێنێکە، ئێمە دەبێت لە شوێنێک بین، تەنانەت ئەگەر لە شوێنێکی…

(لە قسەکردن دەوەستێت و سەیری چواردەوری خۆی دەکات)

شوێنێک، ئەگەر چی بەپێی حەزی خۆشمان دیاری نەکەین، لە کاتێکی دیاریکراودا، کاتێک بەر لە ڕۆیشتن، بەر لە گەیشتن، بەر لە مردن.

(سەیری پیاوەکە دەکات)

کاتێکیش دوای ڕۆیشتن، دوای گەیشتن و لە دوای مردن.

(وچانێکی کورت)

 

پیاو

بۆ لەوێدا وەستاویت؟

 

ژن

لە کوێدا؟

 

پیاو

لەوێدا. ئەوەتەی هاتویت لەوێدا وەستاویت!

 

ژن

نازانم، دەبێت لە شوێنێکدا بوەستم.

(وچانێکی کورت)

یان دانیشم.

 

پیاو

کات چی لە مرۆڤ دەکات؟

 

ژن

نازانم!

 

پیاو

چی نازانیت؟

 

ژن

هیچ!

 

پیاو

من دەزانم، بەڵام هەموو کات ئەو شتەم لە یاد نییە.

 

ژن

چیت لە یاد نییە؟

 

پیاو

ئەوەی دەیزانم.

(وچانێکی کورت)

من زۆرجار ئەو شتانەم بیر دەچێتەوە، کە دەیانزانم.

(سەیرێکی ژنەکە دەکات)

بیرم زۆر لە تۆ کردۆتەوە، بەڵام بیرم چوو باسی بکەم.

(هەردووکیان پێدەکەنن)

 

ژن

(ژنەکە نیگایه‌کی پڕ لە خۆشەویستی هەڵدەبڕێت و سەیری پیاوەکە دەکات)

هەموو ئەو شتانەی هەن، هەموو من، هەموو ئەوەی منی لێ پێک هاتووە، هەمووی لە تۆدا هەن.

 

پیاو

لە مندا؟

 

ژن

بەڵێ لە تۆدا!

 

پیاو

چی لە مندا؟

 

ژن

(سەیری پیاوەکە دەکات)

هیچ!

پیاو

بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، تاریک داهات!

 

ژن

بێ ئەوەی تاریکی ببینم، تاریک داهات.

 

پیاو

(سەیرێکی ژنەکە دەکات، وەک ئەوەی قسەکە بەخۆی ببڕێت)

 

ژن

ئافرەتێکی جوان پیر دەبێت، ئەو تەنیا ئەوە دەبینێت، کە بەسەرچووە.

 

پیاو

چی بەسەرچووە؟

 

ژن

ئەوانی تر تەنیا ئەوە دەبینن، کە ماوە.

 

پیاو

تۆ هەندێک جار زۆر زیاتر لە خەڵک تێدەگەیت، زیاتر لەوەی ئەوان لە خۆیان ده‌گه‌ن.

 

ژن

وەک ئەوان لە خۆیان تێدەگەن.

(پێدەکەنێت)

 

پیاو

بە چی پێدەکەنیت؟

 

ژن

گوتت چی؟

 

پیاو

هیچ!

 

ژن

نەڕۆین؟

 

پیاو

بۆ کوێ؟

 

ژن

ئەی نەمانگوت دەڕۆین!

 

پیاو

با، وامانگوت.

(وچانێکی کورت)

با بڕۆین.

(لە شوێنی خۆیان ناجووڵێن)

 

تاریکی

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

دیمەنی سێیەم

 

پیاو

بە وردی سەرنجی ئەو ژنەمدا، کە لە ناخی دڵەوە خۆشم دەویست، کەچی ئێستا هیچ شتێکی تێدا نه‌ماوە خۆشم بووێت و دڵم پێی خۆش بێت. تەنانەت شتێکی بچووکیشی لەو ڕابردووەی نێوانمان نه‌ماوە، تەنها خاڵێکی ڕەش، پەڵەیەک، وەک جێگا دەستێک بە شوێنێکەوە و هیچی تر.

(وچان)

جێگا پەنجەیەک بە دەسکی دەرگاکەوە، یان دیوارەکەوە، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر پێوەی بووە و لێی نابێتەوە.

(بێدەنگی)

نەمدەویست جارێکی تر بیبینم.

(سەیرێکی ژنەکە دەکات)

 

ژن

ئەی بۆ بینیت؟

 

پیاو

کە سێبەرەکەیم دی، لەمسەری باخچەکەوە ڕۆیشت بۆ ئەوسەر و لە تاریکییەکەدا ون بوو، هەستم بە هیچ نەکرد.

 

ژن

کە ڕۆیشتن، مەگەڕێنەوە.

 

پیاو

کێ؟

 

ژن

مەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی ئێمەیش لە بیرتان نەکەین.

(وچان)

کتێبەکەم لێ ون بووە.

 

پیاو

کتێب؟

 

ژن

بەڵێ. بڕیارم دابوو نەیخوێنمەوە!

پیاو

ئەی بۆ خوێندته‌وه‌؟

 

ژن

نەمدەویست تۆ لە دەرەوەی خۆم بناسم. هەستم دەکرد ئەو کتێبەت نامۆیە بە من.

 

پیاو

چ کتێبێک؟

 

ژن

ئاخۆ دەبێت من لەگەڵ ئێوە هەستی چەندە سەیرتر دامبگرێت؟

 

پیاو

هەستی چی؟

 

ژن

هەستی سەیرتر!

 

پیاو

من ئەمڕۆ لە تۆ ناگەم!

 

ژن

گوێت لە هیچ شتێک نییە؟

 

پیاو

نەخێر، گوێم لە هیچ نییە!

(بێدەنگی)

گوێم لە هیچ نییە.

(گوێ دەگرێت و سەیری ژنەکە دەکات)

تەنیا لە بێدەنگی نەبێت.

 

ژن

تۆ هەر منداڵەکەی جارانی.

 

پیاو

لەگەڵ منت بوو؟

 

ژن

تۆ ناتوانیت یاری بکەیت.

 

پیاو

یاری، یاری چی؟

 

ژن

(سەیرێکی پیاوەکە دەکات و دوور دەڕوانێت)

لەنێوان گەورەبوون و منداڵیدا.

(وچان)

مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە هەر منداڵ بێت.

(پێدەکەنێت)

دەزانم تۆ دەتەوێت هەر منداڵ بیت.

 

پیاو

من؟

 

ژن

بەڵێ تۆ.

 

پیاو

من لە دوو شت زۆر دڵنیام، یەکەمیان زۆر شت هەن هەر لە خەون دەچن.

 

ژن

خەون؟

 

پیاو

هەندێک شت هەر لە خۆیانەوە ڕوو دەدەن، بێ ئەوەی هیچ تێیان بگەیت. من نازانم چی لە مێشکمدا ڕوو دەدات.

(وچانێکی کورت)

لە دەرەوەی مێشکیشم. دووەمیشیان…

(پیاوەکە بێدەنگ دەبێت)

 

ژن

ئەوەی دووەمیان چییە؟

(وچانێکی کورت)

کە ناتەوێت گەورە بیت!

(ژنەکە پێدەکەنێت)

تۆ ناتەوێت گەورە بیت. بۆشت لواوە.

 

پیاو

ئەوی تریان ئەوەیە، کە من باش دەزانم نامەوێت ئاوا تەنیا بم.

(بێدەنگی)

 

ژن

(گۆرانی دەڵێت)

ئەم ڕێگایانە بە خەیاڵ

خەتمی گوڵ دەکەن و

بە ڕۆح

حونجەی بیرکردن

 

پیاو

دەمەوێت بڕۆم.

 

ژن

بۆ کوێ؟

(وچان)

 

پیاو

پێکەوە بۆ شوێنێک بڕۆین؟

 

ژن

ژنێکم دەناسی زۆر تەنیا بوو.

 

پیاو

ژن؟

 

ژن

بەڵێ، ژن!

(وچانێکی کورت)

هەرچەندە زۆر جوان بوو، بەڵام هەمیشە تەنیا بوو. دەیگوت هەموو بەیانییەک بەر لە کازیوە لە خەو هەڵدەستم، بێ ئەوەی هیچ بکەم، دادەنیشم و چاو دەبڕمە دەریای ئەودیو پەنجەرەکەم، کە لەوانەیە پیاوێک بێت. هەمیشە هەستێکی ترسناک دامدەگرێت، هەستی ئەوەی کات وەستا بێت، هەموو جووڵەیەک وەستا بێت، هەموو شتێک لە جووڵە کەوتبێت. هیچ ئاسۆیەک دیار نییە، تەمێکی خەست ئاوەکەیش دادەپۆشێت، هەموو شتێک لە بێدەنگییەکی ڕەهادا وەستاوە و چاوەکانی منیش لە تەمەکەدا وه‌ستاون و گیریان خواردووە و توانای ترووکانیان نییە.

(بێدەنگی)

 

پیاو

ئەی دوایی؟

 

ژن

نازانم، لە پڕ ڕۆژێک گوتی سەفەر دەکەم، ئیتر نەمدییەوە.

 

پیاو

هەستێکی ناخۆشە.

 

ژن

بەڵێ، زۆریش.

 

پیاو

دەمەوێت شتێکت پێ بڵێم.

(وچانێکی کورت)

بەڵام نازانم ئەو شتە چییە!

 

ژن

پێویست ناکات.

 

پیاو

بیرم نایەت چۆن هاتین بۆ ئێرە.

 

ژن

دەڵێی چی؟

 

پیاو

بیرم نایەت چۆن هاتین بۆ ئێرە.

(سەیری ژنەکە دەکات)

تۆ بیرت دێت؟

 

ژن

نا، منیش بیرم نەماوە.

 

پیاو

هیچ کەسێک بەر لە من هاتووە بۆ ئێرە؟

(وچان)

 

ژن

هیچ کەسێک نایەت بۆ ئێرە!

 

پیاو

هیچ کەس؟

 

ژن

بەڵێ!

(بێدەنگی)

هیچ کەس.

 

پیاو

هەرگیز.

 

ژن

هەرگیز.

(بە دوودڵییەوە)

هەست بە تەنیایی ناکەیت؟

 

پیاو

(سەیری ژنەکە دەکات، دوودڵ و نائارامە)

نەخێر.

 

ژن

جگە لە تۆ کەسی تر نەهاتووە.

 

پیاو

جگە لە من؟

(وچانێکی کورت)

 

ژن

جگە لە تۆ.

 

پیاو

کتێبەکەت نەدۆزییەوە؟

 

ژن

دۆزیمەوە.

 

پیاو

خوێندتەوە؟

 

ژن

بەڵێنم بە خۆم داوە، کە نەیخوێنمەوە.

(وچان)

(دوور دەڕوانێت، وەک ئەوەی بۆ خۆی قسە بکات)

نامەوێت لە دەرەوەی خۆم تۆ بناسم.

 

پیاو

نەڕۆین؟

 

ژن

(وەک ئەوەی بیر بکاتەوە)

دەڕۆین!

 

پیاو

بۆ لەوێدا وەستاویت؟

 

ژن

نازانم!

 

پیاو

چاوەڕێی شتێکیت؟

 

ژن

تۆ تەنها ئەو کاتانە منت دەوێت، کە لێرە نیم!

 

پیاو

لەگەڵ منت بوو؟

(بێدەنگی)

 

ژن

کە پێکەوەین، شتێک لەنێوانماندا دروست دەبێت.

 

پیاو

شت! شتی چی؟

 

ژن

شتێک لە چاوەڕوانیی ئەوی تر، کە هیچ کامان لەو چاوەڕوانییە ناگەین!

 

پیاو

من ئەمڕۆ هیچ لە تۆ ناگەم!

 

ژن

کتێبەکەت ناخوێنمەوە!

 

پیاو

ئەوەی باست کرد، لە کتێبەکەمدا نووسراوە.

 

ژن

چ کتێبێک؟

 

پیاو

پاڵەوانی چیرۆکەکە، ئەو پیاوەی ئافرەتەکەی تەنها لەو کاتانەدا خۆش دەویست، کە دوور بوو… کە لەوێ نەبوو. کە پێکەوە دەبوون، شتێک لەنێوانیاندا دروست دەبوو، شتێک لە چاوەڕوانیی ئه‌و‌ی تر، کە هیچ کامێکیان لەو چاوەڕوانییە نه‌ده‌گه‌یشتن.

(وچان)

 

ژن

شەو دەڕوات و یەکە یەکە گڵۆپەکانی دەرەوە، لە پەنجەرەکەوە دەبینم، کە دەکوژێنەوە.

(وچانێکی زۆر کورت)

چ بێدەنگییەکە.

 

پیاو

(دەستێک بە قژی ژنەکەدا دەهێنێت)

تۆ وەک باڵندەیەکی بچووک وایت، هەرگیز ناگیرێیت، بەرز دەبیتەوە، دەفڕیت، ئاڕاستەکانت دەگۆڕیت و لە شوێنێک دەنیشیتەوە.

(وچانێکی کورت)

بەڵام هەرگیز ناگیرێیت.

 

ژن

(پێدەکەنێت)

فێرم بکە شتم بیر بچێتەوە.

 

پیاو

ساڵی داهاتوو، هەمیشە ساڵێکی ترە، بەڵام ساڵێک کەمتریش.

 

ژن

هەمیشە جریوەی چۆلەکە و باڵندەکان دەمهێننەوە بۆ لای تۆ.

 

پیاو

هەوڵ دەدەم، ئەو کاتانەم بێتەوە یاد، کە ئێمە بە شێوەیەکی جیاوازتر بیرمان دەکردەوە.

 

ژن

تۆ هیچ نە گۆڕاویت.

(وچانێکی کورت)

 

پیاو

من؟

 

ژن

بە چاوەکانتدا دیارە. چاو هەرگیز ناگۆڕێت.

 

پیاو

زۆرجار ڕووی داوە خەون و واقیعم تێکەڵاو کردووە. نەمزانیوە کامیان واقیعە و کامیان ئەو خەونەیە که‌ دیومه‌.

 

ژن

ئەو ژنە شتێکی سەیری بۆ گێڕامەوە.

 

پیاو

کام ژن؟

ژن

ئەو ژنەی هەردووکمان دەیناسین!

 

پیاو

من هیچ ژنێک ناناسم!

 

ژن

گوتی، منداڵ بوو، کە باوکی ناپاکیی لە دایکی کردووە. باوکی ژنێکی تری هێناوەتەوە و دایکیشی ماڵەکەی بە جێ هێشتووە. ئەوە دوو ساڵە دایکی نەدیوە و باوکی دوو منداڵی لە ژنە تازەکەی بووە.

(بێدەنگی)

کە من بینیم، دەگریا. دەیگوت بیری دایکم دەکەم.

 

پیاو

کێ بیری دایکی دەکات؟

 

ژن

ئەو ژنەی هەردووکمان دەیناسین.

 

پیاو

من هیچ ژنێک ناناسم!

 

ژن

دەیگوت وەک کەنیزەک لەماڵەوە ئیشیان پێکردووە.

(وچان)

ڕقی لە باوکی بوو. لە باوەژنەکەیشی. کەسێکی زۆر تەنیایە.

 

پیاو

کەس کەسی ناوێت. هەموو هەر تەنیاین. ئەوەی تۆی دەوێت، تۆ ناتەوێت و ئەوەی ناپاکیت لێ دەکات، تۆ ئەوت دەوێت.

 

ژن

نەڕۆین؟

 

پیاو

با، دەڕۆین.

(دەستی یەک دەگرن و دەڕۆنە دەرەوە)

(گوێمان لە دەنگی با-یە)

(کچێک دێتە سەر شانۆ، نائارامە، سەیری ئەملا و ئەولای خۆی دەکات. دوور دەڕوانێت، دوایی لەم سەری شانۆکەوە دەڕوات بۆ ئەوسەر و دەچێتە دەرەوە)

(ڕووناکی گۆڕانکاری بەسەردا دێت)

(دەنگێک لە دوورەوە دێت، دەنگێکی بەهێزی نادیار)

(هێدی هێدی ڕووناکی کز دەبێت)

 

تاریکی

 

٣١/٨/٢٠١٨