سەرەتا، کە (من و تۆ لەگەڵ با دا)م نووسی، بە بەشی دووەمی ئەو دەقە (دەتدەمە دەست با) دەستم پێکرد و هیچ پلانێکم نەبوو، بۆ دوو بەشەکەی تری. ڕەوشی ژیان و بارودۆخێکی تایبەتی خۆم و گفتوگۆی نێوان من و هەندێک لە برادەرەکانم سەبارەت بەو ئەزموونە بچووکە، بیرۆکەی نووسینی دوو بەشەکەی تری لا دروست کردم. کە تەواویشم کرد، هەستم دەکرد، هێشتا تەواو نەبووە و لەم بیرکردنەوەیەدا، بە تایبەتی لە ژیانی ئەو دوو کارەکتەرە (ژن و پیاو)ەکە، ئافرەتەکەم بە تەنها لە ژوورەکەدا و لەبەر پەنجەرەکەدا بینی. بەم شێوەیە بەشی کۆتایی ئەو دەقە (بە تەنیا لەگەڵ با-دا)، کە تەنها لاپەرەیەکی بچووکە، لە دایک بوو.

دوای چەندان مانگ، دوو دەقی ترم نووسی (ئەو خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات) و (ژنی سەر جۆلانەکە)، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بە شێکی تری ژیانی ئەو دوو کارەکتەرەیە، بەڵام لە دەرەوەی زەمەنی ئەو چل ساڵەی لە (من و تۆ لەگەڵ با دا)یە. بەم شێوەیە (من و تۆ لەگەڵ با دا) بوو بە سێینەیەک و ئێستا لە ژێر ناوی (بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، تاریک داهات!) کۆ بوونەتەوە.

ئەم دەقانە، لە ڕووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و ڕۆنانی درامییەوە، بە شانۆی کوردی نامۆن و دەتوانم بڵێم بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن. دەقەکان بە زمانێکی شیعری و شانۆیی نووسراون و هەر چەندە بە ڕواڵەت واقیعین، بەڵام بە دیووەکەی تریدا ئەبسێردن و لە دونیای واقیع و ژیانی ڕۆژانە دوورکەوتوونەتەوە؛ کارەکتەرەکان بە پلەی یەکەم وەک مرۆڤ لە دەرەوەی هەموو جۆرە جوگرافیا و نەتەوە و شووناسێکی دیاریکراوەوە، مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، دەکرێت هەموو مرۆڤێک لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بێت، خۆی لەم دەقانەدا بدۆزێتەوە.