په‌یڤێك بۆ ڕۆمانی “هێرشه‌که‌ی سه‌ر ته‌رواده‌”

داستانی (ئەلیازە)ی هۆمیرۆس یەکێکە لە سەرچاوە کلاسیکییە دێرین و گەورەکانی کولتوور و ئەدەب و شانۆی گرێکی، هاوکات بنەمایەکی گرینگی ستراکتوری هەموو ئەدەب و شانۆی ئەوروپییە. بەپێی سەرچاوەکانی مێژووی ئەدەب، ئەلیازە لە ساڵەکانی ٧٠٠ ب. ز دا نووسراوە، بەڵام لە چاخی ناوەڕاست دا (ئەلیازە) و هەروەها (ئۆدیسە)یش ون بوون و دواتر لە فۆرم و دەستنووسی تردا دەرکەوتونەتەوە. مێژووی وەرگێڕانی ئەلیازە و هەموو کولتووری یۆنانی کۆن، بۆ زمانە ئەوروپییەکان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٤٠٠، بەڵام لە ١٨٠٠ەکاندا هۆمیرۆس و داستانی ئەلیازە، وەک شاکارێکی کلاسیکی بە هەموو ئەوروپادا بڵاو دەبێتەوە. ئەلیازە، بۆ گرێکییەکانیش سەرچاوەی سروش بووە و لە دەقە تراجیدیاکانی شانۆی گرێکی کۆندا ڕەنگی داوەتەوە، بۆ نموونە (ئۆرێستێیا)ی ئێسخیلۆس، کە باسی گەڕانەوەی ئاگامێمنون دوای دە ساڵ لە شەڕی تەروادە دەکات، هاوکات (ژنانی تەروادە)ی یوربیدیس، کە باسی ژنەکانی تەروادە دەکات، کە چۆن لە دوای شەڕەکە، وەک کۆیلە دەیانگوێزنەوە بۆ یۆنان. ئەم داستانانە، لە ئەدەبی مۆدێرنی ئەوروپادا، بۆ نموونە (یولیسیس)ی جێمس جۆیس، (ئۆدیسەێی) کازانتزاکیس و چەندانی تر تا دەگاتە ئەم دوا ڕۆمانەی تیۆدۆر کالیفاتیدێس (هێرشەکەی سەر تەروادە) ڕەنگی داوەتەوە.

ئەلیازە، لە شانزە هەزار بڕگە شیعر و بیست و چوار گۆرانی پێکهاتووە و لەم ستراکتورە میتۆلۆژییەدا، داستانێکی خوێناویی و شەڕێکی درێژ خایەنی دە ساڵەی نێوان گرێکییەکان و تەڕوادەییەکان دەگێڕێتەوە، شەڕی پاڵەوانە گەورەکان، ئەو پاڵەوانانەی تەنها لەنێو داستانە گەورەکاندا هەن: ئاگامێمنون، هێکتۆر، ئەکیلیس، پاریس، نێستۆر، ئۆدیسیۆس، هەروەها پادشا، شازادە و خواوەندەکان، هاوکات هێلێنا-ی جوان و قەشەنگ، کە هەموو شەڕەکە لە پێناوی ئەودا و لەسەر ئەو دەکرێت. یەکێک لە خاڵە نەمر و گرینگەکانی ئەم داستانەیش ئەوەیە، لە کۆنەوە و تا ئێستایش، خوێنەر و گوێگر، هەندێک لایەنگری بەشێک لە پاڵەوانەکان و هاوکات هەندێکی تر دژی هەمان ئەو پاڵەوانانە بوون. هیچ لایەکێان، نە گرێکەکان و نە تەروادەییەکان لەم شەڕە خوێناوییە دە ساڵییەدا بێتاوان و بێگوناه نەبوون. چارەنووسی کارەکتەرەکان و هەروەها ئەو ڕووداوانەیشی تیا دەژین و کاریگەرییان بەسەر ڕەوتی مێژوو و ژیانەوە هەیە، پێشوەخت لە لایان خواوەندەکانەوە دیاریکراوە.

ئەلیازەی هۆمیرۆس وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەکانی دنیا، کراوەتە فیلم و شانۆ و لە قوتابخانە و کۆلیژەکانی دنیادا خوێنراوە و دەخوێنرێت، لەگەڵ ئەوەیشدا تێگەیشتنی ئەم داستانە بۆ زۆرێک ئاسان نەبووە، لەوانەیە هەندێک لە هۆکارەکان درێژی داستانەکە، چڕ و پڕی ڕووداوەکان، ئەو زمانە شیعرییەی ئەلیازەی پێنووسراوە، زۆری پاڵەوان و ئەو هەموو کارەکتەرەی لەنێو ئەم داستانەدا، لە دایک دەبن، دەژین و هەندێکیان پیر دەبن و هەندێکیشیان لەم جەنگەدا بە گەنجی دەکوژرێن.

نووسەری سوێدی/یۆنانی تیۆدۆر کالیفاتیدێس گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەم داستانە گەورەیە و لەنێو ڕۆمانێکدا کاری لەسەر کردووە، ڕووداوەکانی داستانەکە، ئەو هەست و سۆزە گەورەیەی کارەکتەر و ڕووداوەکان دروست دەکەن، خۆشەویستی، سێکس، کۆیلە بوون، ئەو توندوتیژییە نامرۆڤانه‌یه‌ی جەنگ دەیخوڵقێنێت، ئەو توڕەییەی رقێکی گەورە لەنێو هەردوو بەرەی جەنگەکەدا دروست دەکات و لافاوی خوێن هەڵدەستێنێت، دەگێڕێتەوە.

ئەم ڕۆمانە تازەیەی کالیفاتیدێس (هێرشەکەی سەر تەروادە) چەندە ڕۆمانێکی جوانە و لەنێو داستانەکەی هۆمیرۆس دا هەناسە دەدات و سەرلەنوێ داستانێکی گەورەی وەک (ئەلیازە)مان بە زمانێکی ئاسان و شیعرئامێز بۆ دەگێڕێتەوە، هێندەیش چەمکێکی پێداگۆگی هەیە و هەموو ڕووداوەکانی داستانەکە، پاڵەوانەکان و ڕێچکەی شەڕەکە و هۆکارەکانی دەخاتە بەردەستی خوێنەران. کالیفاتیدێس لە کۆتایی ڕۆمانەکەیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە یەکێک لە هۆکارەکانی نووسینی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە ئەم سەردەمەی ئێستامان، ئەو توانایەی نییە ئەم داستانە بکاتە دەروازەیەکی نوێ بۆ نزیکبوونەوە لە کولتوور و داستانە کلاسیکییە کۆنەکانی ئەوروپا، ئەمە جگە لەوەی ئەو وەرگێرانانەی تا ئێستا لەبەر دەست دان ناتوانن ئەو ڕۆڵە بگێڕن. نووسەر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە بە هیچ شێوەیەک نە مەبەستی ئەوە و نە دەشتوانێت، جێگای هۆمیرۆس بگرێتەوە، بەڵکو هەوڵی ئەو بۆ ئەوەیە دەروازەیەک بۆ ئەو داستانە شیعرییە گەورەیە بکاتەوە. کالیفاتیدێس لە پەیڤێکی کورتی دوای ڕۆمانەکەیدا، دەڵێت: (من هەمیشە ئەلیازە-م وەک شیعرێکی دژە جەنگ بینیوە.) ئەمەیش ڕاستییەکی ڕەهای ئەو داستانە خوێناوییەیە، هیچ کەسێک لە کارەکتەرەکانی ئەلیازە شەڕیان ناوێت، بەشێکی زۆری داستانەکە، گفتوگۆیە بۆ ئاشتی، ڕێزێکی زۆر بۆ کوژران و ریتواڵی بە خاک سپاردنی پاڵەوانەکان و شەڕ ڕاگرتن، تا بە تەواوی لە ناشتنی پاڵەوانەکان دەبنەوە. بەڵام خواوەندەکان شتێکی تریان ویستوە و ڕێچکەی ڕووداو و شەڕەکانیان بە ئاڕاستەیەکی تردا بردووە.

هەرچەندە کالیفاتیدێس (لە هێرشەکەی سەر تەروادە) دا ڕێچکەی ڕووداوەکانی داستانەکەی هۆمیرۆس-ی هەڵگرتووە، هەمان میتۆلۆژیامان بۆ دەگێڕێتەوە و پاڵەوانەکان، بە تایبەتیش پاڵەوانە سەرەکییەکانی ئەلیازە: مێنێلاۆوس، هێلێنا، ئەگامێمنون، ئەکیلیس، پرێیاموس-ی پادشای تەروادە، هێکتۆر، ، پاریس، هێکابە، ئەندۆماکە، کەساندرا-ن، بەڵام ڕۆمانەکەی ڕۆمانێکە، کە لەسەر بنەما و چەمکەکانی ڕۆمانێکی هاوچەرخی ئەوروپی ڕۆنراوە. کالیفاتیدێس ڕووداوەکانی ئەلیازە و شەڕە خوێناوییەکەی تەروادەی بەستۆتەوە بە جەنگێکی تری خوێناوییەوە؛ ڕووداوه‌کانی ئه‌م ڕۆمانه‌، لە دوا ساڵی جەنگی جیهانی دووەم و لە گوندێکی گرێکی دا، کە لەلایەن ئەڵمانییەکانەوە داگیر کراوە و بە بەردەوامی لەلایەن فرۆکەکانی هاوپەیمانەکانەوە بۆردومان دەکرێت و پارتیزانە یۆنانییەکانیش هێرش چەکداری دەکەنە سەریان، ڕوو ده‌ده‌ن.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس بەم شێوەیە ڕۆمانەکەی دەست پێدەکات: (من تەمەنم پانزە ساڵان بوو و عاشقی مامۆستاکەم بووبووم. ساڵی ١٩٤٥ و سەرەتای مانگی چوار بوو. گوندەکەم، هەروەک هەموو یۆنان لە ساڵی ١٩٤١ەوە لەلایەن سوپای ئەڵمانییەوە داگیر کرا بوو.) نووسەر، کە خۆی ڕۆمانەکە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو ڕۆژانە دەکات، کە لەگەڵ کچە دراوسێ و هاوپۆل و هاوڕێی منداڵیدا (دیمیتریە) چوون بۆ قوتانخانە و لەناو گوندەکەدا یارییان کردوە و سەردانی کلێسا و قاوەخانە و ناوەندی گوندەکەیان کردووە. یەکەم ڕۆژی قوتابخانە، کە بۆمبابارانە و لەگەڵ مامۆستا تازەکەیاندا، کە کچێکی گەنجی قژ ڕەشی جوانە و هەر لەیەکەم ڕۆژەوە عاشقی دەبێت، دەچنە ئەشکەوتێکەوە تا خۆیان لە بۆمبای فرۆکەکان بپارێزن، کە بەسەر گوندەکەیاندا دەیبارێنێت. هەر لە ئەشکەوتەکەدا و بەدەم چاوەڕوانییەوە، ئەم مامۆستا گەنجە جوانە، پێشنیاری ئەوەیان بۆ دەکات، کە چیرۆکی هێرشە گەورەکەی سەر تەروادە-یان بۆ بگێڕێتەوە. مامۆستاکە، لەو ئەشکەوتەدا دەیەوێت بە گێڕانەوەی ئەو داستانە ترسی فرۆکە جەنگییەکان بە گێڕانەوەی شەڕێکی تر لای قوتابییەکانی بڕەوێنێتەوە. ئەو، کە عاشقی مامۆستاکەی بووە، لەوە دەگات، ئەو خۆشەویستییەی بۆ مامۆستاکەی هەیەتی ناگاتە ئەنجام، هاوکات دەشزانێت، کە مامۆستاکەیشی عاشقە، بەڵام عاشقی ئه‌و نییه‌ و عەشقەکەی ئەویش نەک هەر ناگاتە هیچ ئەنجامێک، بەڵکو یاریکردنیشە بە ئاگر. مامۆستاکەی عاشقی یەکێکە لە سەربازە داگیرکەرە ئەڵمانییەکان.

مامۆستاکە دەست دەکات بە گێڕانەوەی داستانەکە؛ ئەو داستانەی باسی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی یۆنانییەکان، کە لەو سەردەمەدا پێیان گوتراوە (ئەکاییەکان) بۆ سەر تەروادە دەکات، دە ساڵ تێپەڕیوە و خوێنێکی زۆر لەنێوان هەردوو لادا ڕژاوە، بەڵام تا ئێستا ئەکاییەکان نەیانتوانییوە شووره‌کانی تەروادە برۆخێنن و بچنە ناو شارەکەوە.

لە بەینی بەشەکانی شەڕی تەروادە و داستانەکەی هۆمیرۆس (ئەلیازە)دا، خوێنەر بە (من)ی گێڕەرەوە زیاتر ئاشنا دەبێت، ئەو عاشقی مامۆستاکەیانە، دیمیتریە-یش عاشقی ئەوە و باوکی لەلایەن ئەڵمانییە نازییەکانەوە بێسەروشوێن کراوە و شەڕەکە (جەنگی جیهانی دووەم) وەک شەڕی نێوان گرێکەکان و تەروادەییەکان، خەڵکی گوندەکەی تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە. هەڵواسین و لە سێدارەدانی پارتیزانە یۆنانییەکان، تۆڵەسەندنەوە و بردن و گولەبارانکردنی گەنجانی گوندەکە، وێنە خوێناوییەکانی جەنگی جیهانی دووەمە، کە بە شێوەیەکی تەریبی، لەخۆ دووبارەکردنەوەی مێژوودا، ڕەنگێکی بەهێز دەبەخشێت بە مێژووی شەڕ لە جیهاندا.

کالیفاتیدێس هەر لەسەرەتاوە، هەمان ریتم و تۆن لە ستراکتوری ڕۆمانەکەیدا بەکاردەهێنێت و له‌ ڕیزبه‌ندیی ڕووداوه‌کاندا شوێن پێی هۆمیرۆس دەکەوێت، کاتێك باسی شەڕێکی دە ساڵە دەکات، که‌ هۆکاره‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئافره‌تێك به‌ناوی “هێلێنا”. “هێلێنا” ژنێکی جوان و قەشەنگه‌، ژنی پادشای سپارتا، شا مێنێلاۆوس-ە، به‌ڵام لە پڕ زۆر بە قووڵی عاشقی شازادە پاریس، شازادەی تەروادە دەبێت. هێلێنا لەگەڵ پاریس ڕادەکات و پێکەوە دەڕۆن بۆ تەروادە، ئەم ڕەدووکەوتنەی هێلێنایش ئاگری ئەو شەڕە دە ساڵییە هەڵدەگیرسێنێت، کە هەزارەها جەنگاوەر و کوری گەنج و پاڵاوانی هەردوو لای تیا دەکوژرێت.

مێنێلاۆوس لەشکرەکەی کۆدەکاتەوە و سەرکردایەتییەکەیشی دەداتە دەست ئەگامێمنون، کە ئێفگینیا-ی کچی دەکاتە قوربانی، تا باکە یارمەتییان بدات و پاڵ بە کەشتییەکانیانەوە بنێت بۆ ئەوەی بپەڕنەوە و تەروادە کاول و داگیر بکەن. ستراکتوری داستانەکەیش، وەک هەموو میتۆلۆژیایەکی دێرینی یونانی لەلایەن خواوەندەکانەوە ڕۆنراوە و خواوەندەکان لە پشت چۆنییەتی ڕەوش و گەشە و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی شه‌ڕه‌که‌ و چارەنووسی پاڵەوانەکانەوەیە.

خاڵێکی گرینگی داستانەکەی هۆمیرۆس و رۆمانەکەی کالیفاتیدێس، کارەکتەری هێلێنا-یە، ئەو شاژنەی پشت دەکاتە مێردەکەی، شا مێنێلاۆوس و لەگەڵ شازادە پاریس بەرەو تەروادە ڕادەکات: ئەنجامی شەڕەکە هەر چۆنێک بێت، هێلێنا به‌ چارەنووسی خۆی دەزانێت؛ مێردەکەی یان پاریس، کە عاشقیەتی هەر کامیان بکوژرێن، سپارتە، وڵاتی گرێکەکان، کە زێدی خۆیەتی و منداڵ و کەس و کارەکەی تیا دەژی وێران بێت، یان تەروادە، ئەو وڵاتەی لەگەڵ پاریس پەنای بۆ بردووە، ئەو دۆڕاوە و لە هەردوو بارەکەدا تۆڵەی لێدەکرێتەوە.

رۆمانەکەی کالیفاتیدێس، هەروەک ئەلیازەی هۆمیرۆس، باسی جەنگ و ئاکامه‌کانی جەنگ و کاولکاری دەکات، بەڵام باسی خۆشەویستی و عەشق و کۆمەڵگەی باوکسالاریش دەکات. نووسەر دەیەوێت ئەوە دووپات بکاتەوە، کە سیستێمی کۆمەڵگە باوکسالارییەکان بەرپرسیارن لە هەڵگیرسانی جەنگ و کوشتن و بڕین. هێلێنا-ی قەشەنگ، کە ژنی شا مێنێلاۆوس-ە عاشقی شازادە پاریس دەبێت و دوای دەکەوێت، هەموو گرێکییەکان، بۆ گەڕانەوەی نامووسی شا و تۆڵەسەندنەوە لە هێلێنا، بۆ ماوەی دە ساڵ دەکەونە جەنگەوە و خوێن دەڕێژن.

خاڵی گرینگ و بەهێزی ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس، زمانەکەیەتی. نووسەر هەوڵی نەداوە ڕۆمانەکە بە جۆرێکی تر بخوێنێتەوە و چەمکێکی مۆدێرن و کارەکتارێکی تری پێببەخشێت، بەڵکو تازەکردنەوەی ئەو بۆ ئەو داستانە ئەو زمانە شیعرییە لیریکییە جوانەیە، کە دەوڵەمەندە بە هەموو شتێک؛ شیعر، خوڵقاندنی داستانێکی نوێ، بەکارهێنانی چەندان وشە بۆ دیمەنێک، کارەکتەرەکان زیندوون و بە هەوای ئەمرٶ هەناسە دەدەن. هەندێک لە ڕەخنەگرە سوێدییەکان، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، کە قووڵی و جوانی زمانەکەی کالیفاتیدێس وا ده‌کات بچێته‌ ئاستی ئه‌و زمانە لیریکییە ئەفسانەییەی هۆمیرۆس پێی نووسیوە.

ئەم ڕۆمانەی کالیفاتیدێس قووڵییەکی ساکار لەخۆ دەگرێت، لەم قووڵییەدا هەست بە تێپەڕبوونی کات ناکرێت، داستانێکی دێرێن دەبێتە چیرۆکێکی واقیعی و بەرجەستەی ئەو هەموو شەڕەمان بۆ دەکات، کە لەم زەمەنە مۆدێرنەدا مرۆڤی خەڵتانی خوێن کردووە، هاوکات لەنێو دێڕ و ڕووداوە شەڕانگیزەکەی ئەم داستانە (مۆدێرنە)دا، جۆرە خەندە و هەستێکی تەژی بە کۆمیدیایەکی ڕەش دەکرێت، کە تەرازوی تراجیدیا/کۆمیدیای چارەنووسی مرۆڤایەتی ڕاگرتووە.

تیۆدۆر کالیفاتیدێس نووسەرێکی بە ئەزموونە و نزیکەی سی ڕۆمانی نووسیوە، جێگای خۆی بەباشی لەنێو ئەدەبی سوێدیدا کردۆتەوە و بەشێکی زۆر لە نووسین و ڕۆمانەکانیشی کارکردنە لەسەر ژیانی یۆنانییەکان، جەنگ و ژیانی گوندەکان، میتۆلۆژیا و ژیانی ڕۆژانە، بێگومان ژیانی ئەمرۆی سوێد و پێوەندییەکانی نێوان مرۆڤ، بە تایبەتیش پێوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو. کالیفاتیدێس نامۆ نییە بە خوێنەری کورد، تاکو ئێستا دلاوەر قەرەداغی بەشێک لە ڕۆمانەکانی کردووە بە کوردی و بڵاو کراونەتەوە. ئەوەی لەم ڕۆمانەیدا (هێرشەکەی سەر تەروادە) گرینگە، کە یەکێکە لە سیما و تەکنیک و ستایلەکانی نووسەریش، ئەو ساکارییە قووڵەیە لە نووسین دا، ئەو دەتوانێت مەسەلە چر و پڕ لە کێشە و گرانەکان، بە زمانێکی ساکار و تەکنیک و ستایلێکی شەفاف بخاتە ڕوو. هەر بۆ نموونە، داستانێکی گەورە و گرانی وەک ئەلیازە، دەبێتە ڕۆمانێکی چێژبەخش و لە هەمان کات کورت و ساکار و ئاسان. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئاماژەی بۆ بکەین، ئەوەیە پاڵەوانەکانی نێو ئەم داستانە لای کالیفاتیدێس، تەنها پاڵەوان و جه‌نگاوه‌ری ناو دونیای چیرۆك نین، بەڵکو دەبنە مرۆڤ و هەست بە بوونیان وەک مرۆڤ، لەنێو ڕووداوەکاندا دەکەیت.

هۆمیرۆس، هەروەها کالیفاتیدێس دەیانەوێت بڵێن، شەڕ سەرچاوەی فرمێسکە و هیچ براوە و سەکەوتنێکیش لە هیچ کام لەبەرەی شەڕەکاندا نییە و هەموو لایەک دۆڕاون، لەگەڵ ئەوەیشدا جەنگەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت، ئەوەتا دوای جەنگی جیهانی دووەم و کشانەوە و نەمانی هێزە ئەڵمانییە داگیرکەرەکان، شەڕی ناوخۆیی لە یۆنان هەڵدەگیرسێت و براکان یەکتری دەکوژن.


سەرچاوە:

Theodor Kallifatides, Slaget om Troja, Albert Bonniers förlag, 2018